پۆستەرەکان و وشیارکردنەوەی ژنان

زیاتر لە دوو سەدەیە کە بەکارهێنانی پۆستەر بۆ وشیارکردنەوە، گواستنەوە و بڵاوکردنەوەی پەیام و زانیاری و ڕاکێشانی پشتیوانی و کاریگەری‌ دانان لە سەر ڕای گشتی بۆتە باو.
PM:09:11:14/03/2022
دۆسیە: کلتوور و مرۆڤسازی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


زیاتر لە دوو سەدەیە کە بەکارهێنانی پۆستەر بۆ وشیارکردنەوە، گواستنەوە و بڵاوکردنەوەی پەیام و زانیاری و ڕاکێشانی پشتیوانی و کاریگەری‌ دانان لە سەر ڕای گشتی بۆتە باو. پۆستەرەکان کە بە زۆری لە قەبارەی گەورە و بە شێوەی پێکهاتەیەک لە وێنە و نووسراوەی کەلامی چاپ دەکرێن، فۆڕمێکی تژی لە هونەری وێنەیین کە کەڵکەڵە جیهانییەکان، زەوقی گشتی و پێشکەوتنە هونەری و تەکنیکییەکان نمایش دەکەن. 

بۆ بەرهەم‌هێنانی پۆستەرێک، دیزاینەر دەتوانێ توخمی بینراو (بصری)ی جۆراوجۆری وەک سمبۆلەکان، وێنەسازی، شێم (Scheme) و فۆتۆ بەکار بێنێت. بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەی لە دیزاین‌کردنی پۆستەرێکدا گرنگە، گەیاندنی پەیامە بە شێوەیەکی ڕوون و خێرا. بە وتەی پۆل مارتین لێستەر، "ئەوڕۆکە ڕووداوێک لە ڕووداندایە. وا خەریکە دەگۆڕین بۆ کۆمەڵگایەکی بینراو. زۆرکەس جیهان نەک لە ڕێگەی وشەکان بەڵکوو بە هۆی تەفسیری فۆتۆ و وێنەکانەوە خەلق و دەرک دەکەن. ئێمە هەموومان کە لە شارەکاندا دەژین، ڕۆژانە بەرەو ڕووی سەدان ڕیکلام دەبینەوە. وێنەکان ٦٠ هەزار جار خێراتر لە تێکستە نووسراوەکان دەرک دەبن و تەفسیر دەکرێن. 

بزووتنەوە فێمینیستییەکان لە سەدەی نۆزدەهەمەوە بۆ گواستنەوەی پەیامە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی خۆیان کەڵکیان لە پۆستەرەکان وەرگرتووە. دیزاین‌کردنی گرافیکی، دروشمەکان، تەوەر و بابەتەکان و شێوازەکانی ئامادەکردنیان و کێشانەوەی نیگار و وێنەی جیاواز لە ژنان، لە نەهێشتن و داڕووخانی ئەو کڵێشە باوانەی سەبارەت بە ژنان بوونیان هەیە، ڕۆڵی زۆی گرنگیان هەبووە. ژنانی یەکسانی‌خواز بەرامبەر بە گەلێک کڵێشەی ژنانەی وەک دایک، ژنی ماڵ یان کابان و ئۆبژەی سێکسی خەباتیان دەکرد. 

ڕەوتی گۆڕانی ئەم پۆستەرانە، لە لایەکەوە سیمبۆلێکە بە نیسبەت شەپۆلەکانی بزووتنەوە فێمینیستیەکانەوە و لە لایەکی دیکەشەوە دەرگایەک لە بەر چاوی بەردەنگ ئاوەڵا دەکات تاوەکوو ڕەوتە سیاسی و جوانیناسانەکان سەرووتر لە سنوورە نەتەوەییەکان ببینێت.

بزووتنەوەی "مافی دەنگدانی ژنان" لە بریتانیا، "ڕۆژی جیهانیی ژنان"، بزووتنەوەی "دەستڕاگەیشتنی ئەمن و یاسایی بە لەباربردنی کۆرپەڵە" و "جیهان بکە بە پرتەقاڵی"ی (کەمپینی  بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان) چەند نموومەیەکی دیار لەو بزووتنەوە و چالاکییانن کە بە مەبەستی پێشخستنی ئامانجەکانی خۆیان سوودیان لە پۆستەرەکان وەرگرتووە.

بزووتنەوەی مافی دەنگدانی ژنان لە بریتانیا

نیوزیلاند یەکەم وڵات بوو کە ساڵی ١٨٩٣ مافی دەنگدانی ژنانی بە فەرمی ڕاگەیاند. بەڵام بەشداری و ئامادەبوونی ژنان لە پانتایی کۆلتووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی جەنگی یەکەمی جیهانی و دواهاتەکانی کاریگەریی زۆری لە سەر ئامادەیی ژن لە کۆمەڵگادا داناوە. تا پێش ئەو سەردەمە زۆربەی نەیاران بە هەندێ بەڵگاندنی وەک بێ‌ئەزموونیی ژنان لە کاروباری کۆمەڵایەتی و ناجێگیریی ڕەفتارییان، دژایەتیی دانی مافی دەنگدان بە ژنانیان دەکرد. پۆستەر بوو بە میدیایەکی گرنگ کە هەر دوو بەرەی یار و نەیاری مافی دەنگدانی ژنان بۆ پێشخستنی مەبەستەکانیان کەڵیان لێ وەردەگرت.

دەوڵەت بۆ بێ‌دەنگ کردنی دەنگدەران بە کێشانی وێنەیەک لە ماڵی شپرز و شێواوی ئەو ژنانەی داوای مافی دەنگدانیان دەکرد و نیشاندانیان وەک شێت و ساحیرە، بە نیاز بوو بڵێ گەر مافی دەنگدان بە ژنان بدرێت، بونیادی کۆمەڵگا دەکەوێتە مەترسییەوە و بەشداریی ژنان دەبێتە هەڕەشەەیەکی جیددیی بۆ سەر سەقامی کۆمەڵایەتی و نەزمی سیاسیی هەبوو. 

بەڵام ئەکتیڤیستەکانی لایەنگری مافی دەنگدانی ژنان بۆ کێشانەوەی وێنەی بندەستیی ژنان وەک هاووڵاتیی پلە دوو و ئاشکراکردن و لە قاودانی ڕەفتاری ناشایستی دەوڵەت لەگەڵ لایەنگرانی ئەم بزووتنەوە، کەڵکیان لە پۆستەرەکان وەردەگرت. لە کاتێکدا کە ژنان مانیان لە خواردن دەگرت، ئەم پۆستەرانە ڕێگایەک بوون بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک بۆ سەر ئەو بابەتەی کە دەوڵەت هەوڵی دەدا ژنان ناچار بکات واز لە مانگرتنەکەیان بێنن. لووسی دیلۆپ، مێژوونووس و مامۆستای مێژووی مۆدێڕنی بریتانیا و مێژووی جێندەر دەڵێ: "ئەم پۆستەرانە وێنەیەکی هەژێنەریان لە مەڕ توندوتیژیی دەخستە ڕوو، هەندێکیان زۆر بوێرانە بوون." ئەم پۆستەرانە بە سەرتاسەری بریتانیادا بڵاو بوونەوە و نیشاندانی دەسەڵات و زاڵێتیی پیاوان بە سەر جەستە و زەینی ژناندا، هەم بۆ ئاقاری تایبەتی و تاکەکەسی و هەم بە نیسبەت فەزای گشتییەوە، بوون بە هۆی وشیارکردنەوە و ئاشکراکردنی نەبوونی ئاسایش و ئەمنییەت بۆ ژنان لە بریتانیا. ئەنجام، ساڵی ١٩١٨ ژنانی بریتانیایی مافی دەنگدانیان بە دەست هێنا و دەبێ بڵێین بێ پۆستەر، زۆرێک لە کار و چالاکییەکانی لایەنگرانی مافی دەنگدانی ژنان نەبینراو دەمایەوە. 

ڕۆژی جیهانیی ژن

٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنانە. پێشینەی ئەم ناونانە دەگەڕیتەوە بۆ فێڤریڤێریی ساڵی ١٩٠٨ی زایینی لە نیۆیۆرک، کاتێک کە هەزاران کرێکاری پیشەسازیی پۆشاک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی سەبارەت بە هەلومەرجی کارکردنیان مانگرتن و ڕێپێوانی پرۆتستۆییان ساز کرد. ٢٨ی فێڤریڤێریی ساڵی ١٩٠٩، و لە یەکەم ساڵیادی ئەم ناڕەزایەتییانەدا، کە خۆی ساڵێکی خایاندبوو، حیزبی سوسیالیستی ئەمریکا ئەم ڕۆژەی وەک "ڕۆژی نەتەوەیی ژن" ناوزەد کرد. ساڵی ١٩١٠ کلارا زەتکین، چالاکڤان و سوسیالیستی ئەڵمانی، لە لێدوانێکی پڕ جۆش و خرۆش کە لە "کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی ژنانی کرێکار" پێشکەشی کرد، دوای کرد ڕۆژێک وەک ڕۆژی جیهانیی ژنان ناو بنرێت. بەڵام سەرەڕای هاودەنگیی ئەندامان، هیچ رۆژێکی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە دیاریی نەکرا. ڕێک لە کاتێکدا کە ئایدیای زەتکین لە ئەورووپا لە حاڵی پەرەسەندندا بوو، ڕووسیا، کە ساڵی ١٩١٣ ڕۆژی جیهانیی ژنانی ڕاگەیاندبوو، تووشی بشێوی و نائارامیی ببوو. لە پێترۆگراد، پایتەختی ڕووسیا، ناڕەزایەتی و ڕێپێوانێکی بەرین بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە کەمیی ماددە خۆراکییەکان ڕێک خرا کە ژنان لە ڕیزی پێشەوە بەدی دەکران. ئەم ڕێپێوانە کە لە ڕۆژی جیهانیی ژن، ٢٨ی فێڤریڤێریی ١٩١٧، بەرامبەر بە ٨ی مارس لە ڕۆژژمێری ڕووسیا، دەستی پێکردبوو، لە کۆتاییدا بوو بە هۆی مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکاری و کەوتنی سیستەمی تێزاری. 

ئەنجام ساڵی ١٩٥٧ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٨ی مارسی وەک "ڕۆژی جیهانیی ژنان" بە فەرمی ناساند. پێچەوانەی وێنە پڕوپاگانداییەکانی ئەو سەردەمە، کە ژنانی بە پلەی یەکەم وەک ئۆبژەی سێکسیی وێنا دەکرد، بزووتنەوە فێمینیستییەکان بە کەڵک‌ وەرگرتن کە کۆمەڵێک نموونەی وەک دادپەروەری و ئازادی، هاوڕێ لەگەڵ وێنەی ژنانی خەباتکار، بۆ تێدابردن و نەهێشتنی کڵێشە جیهانییەکان تێدەکۆشان. پۆستەرەکانی "ڕۆژی جیهانیی ژنان" لە ڕێگەی بەکارهێنانی بینراوی سەرنجڕاکێش و بە ڕەنگی گەرم و بەرچاو و بە کەڵک وەرگرتن لە نیشانە لۆکاڵییەکان، پەیامێکی ڕوونیان دەگواستەوە: یەکسانی، یەکگرتوویی و سەرکەوتن. 
بزووتنەوەی دەستڕاگەیشتن بە لەباربردنی ئەمن و یاسایی کۆرپەڵە.

لەبار بردنی ئەمن و یاسایی کۆرپەڵە، مافی ژنانە. بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەوڵەتەکان لە ڕێگەی پەسەندکردنی هەندێ یاساوە، ژنان لەم مافەی خۆیان بێبەری دەکەن. ئەم یاساخ‌کردنە نابێتە هۆی نەمانی لەبار بردنی کۆرپەڵە و تەنها درفەت و ئیمکانی لەبار بردنی ئەمن لە نێو دەبات. 

هاوشێوەی بزووتنەوەکانی دیکە، لەم بزووتنەوەشدا، پۆستەر وەک جۆرێک لە ڕێکاگانی وشیارکردنەوە و بەخشینی زانیاری بە کۆمەڵگا کاریگەریی داناوە. لە لایەکی دیکەوە، دەوڵەتەکان، ڕێکخراوەکان و گرووپەکانی دژبەری لەبار بردنی کۆرپەڵە وەکیتر لە گرنگیی پۆستەرەکان ئاگادارن. 

بۆ نموونە، ساڵی ٢٠١٧ و پێش یاسایی بوونی لەباربردنی کۆرپەڵە لە ئیرلەندا، سێ گرووپ و بەرەی دژبەری لەباربردنی کۆرپەڵە هەوڵیان دا لە شەقامەکانی دوبلین و فرۆکەخانەکانی بلفاست و مەنچستێر چەندین وێنەی گەورە و زەبەندی منداڵی ساوای پارچە پارچەکراو بڵاو بکەنەوە. ئەوان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە دەیانهەوێ "مرۆڤ‌بوونی منداڵانی لە دایک نەبوو و واقیعی تۆقێنەری لە باربردنی کۆرپەڵە بۆ ژنانی ئیرلەندیی کە بۆ ئەم کارە دەچنە بریتانیا، بخەنە ڕوو"، ئەو ژنانەی کە بە پێێ بانگەوازی ئەم گرووپانە پیشەسازیی لە باربردنی کۆرپەڵە ڕاستییەکانیان لێ دادەشارێت. بەڵام سەرەڕای هەوڵەکانی ئەم گرووپانە، ڕێگەی بڵاوکردنەوە و هەڵواسینی ئەم جۆرە پۆستەرانەیان پێ نەدرا. 

هەڵبەت ئەو ژنانەی ناچار دەبن بە هۆی لەبار بردنی کۆرپەڵەیان بۆ ئەو شوێنانە سەفەر بکەن کە مافی ئەنجامدانی ئەم کارەیان پێ دەدات، زیاتر لە هەر کەسێکی دی ئاگاداری واقیع و ڕاستییەکانی لەبار بردنی کۆرپەڵەن.

گرووپە فێمینیستییەکان لە ڕێگەی پۆستەرەکانەوە بە کۆمەڵگا دەڵێن نەیارانی مافی لەبار بردنی کۆرپەڵە بەشێکن لە سیستەمی گەورەتری سەرکوت‌کردنی ژنان، و کۆمەڵگا دەبێ یارمەتیی سڕینەوەی تاوان لە مافی هەڵبژاردنی ژنان بدات.

جیهان پرتەقاڵی بکە (کەمپینی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان) ئامانجی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەڕێوەبردنی کەمپینی "جیهان پرتەقاڵی بکە" وشیارکردنەوەی خەڵکە سەبارەت بە توندوتیژیی دژ بە ژنان و بەدەست‌هێنانی پشتیوانییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم جۆرە توندوتیژییانە. ئەم کەمپینە ١٦ ڕۆژە لە ٢٥ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنانەوە دەست پێدەکات و تاکوو ١٠ی دیسەمبەر، ڕۆژی مافی مرۆڤ، بەردەوام دەبێت.

ئەم کەمپینە لە ڕێگەی پۆستەرەکان و نیشاندانی شێوازەکانی توندوتیژیی دژ بە ژنان، لە ڕێگەی هەشتاگی "#جیهان – پرتەقاڵی – بکە" بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ باسکردنی ڕەوایەتەکانی خۆیان و گێڕانەوەی لەو فەزادا هان دەدات. ڕەنگی پرتەقاڵی هێمای داهاتوویەکی گەشتر و بەتاڵ لە توندوتیژییە. ئەم ڕەنگە نیشانەی یەکگرتوویی بۆ لە نێو بردنی شێوازە جیاجیاکانی توندوتیژییە، و وەک ڕەنگی ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژیی دژ بە ژنان کەڵکی لێوەردەگیرێت. 

لە دوای پاندێمیی کۆڤیدی ١٩ و قەرەنتینە و خانەنشین بوونی زۆربەی هەرە زۆری خەڵک، ئاماری توندوتیژیی دژ بە ژنان و کچان، بەتایبەت توندوتیژیی دۆمستیک یان ناوماڵ، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە. بە هۆی داخستنی قوتابخانەکان و گرژتر بوونی گوشارە ئابوورییەکانەوە کە بە هۆی ئەم ئەم پاندێمییەوە ڕوویان داوە، زۆرێک لە ژنان و کچانی چین و توێژە هەژارەکان ناچار بوون واز لە خوێندن بێنن و کەڵك‌ئاوەژۆیی سێکسی، هاوسەرگیریی زۆرەملی و ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی زیاتر لە جاران تووشی خەسار و کێشەی کردوون. جگە لەمانە، بە هۆی کارا نەبوونی دامەزراوەکانی پشتیوانی ژنان، دەستڕاگەیشتنی قوربانییەکانی توندوتیژیی بە دەرفەت و ئیمکانی پشتگیری بە ڕادەیەکی بەرچاو کەم بۆتەوە. پۆستەرەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە بەکارهێنانی وێنەی سادە و جەخت‌کردنەوە لە تێکست، یارمەتیی وشیارکردنەوەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و یەکخستنیان بۆ لەنێوبردنی شێوازە جۆراوجۆرکانی توندوتیژیی دەدات. لەم پۆستەرانەدا ڕوون و ڕاشکار بە تندوتیژیی پارتنەر (لێدان، ئازاردانی دەروونی، دەستدرێژیی هاوسەرێتی، کوشتنی ژن) توندوتیژی و ئازار و هەراسانکردنی سێکسی (لاقە و دەستدرێژیی سێکسی، کردەوەی سێکسیی زۆرەملی، کەڵک‌ئاوەژۆیی سێکسیی بەرامبەر بە منداڵان، هاسەرگیریی زۆرەملی و ناچاری، ێ‌زار و اژیت خیابانی، ئازار و هەراسانکردنی سایبێری)، قاچاخی مرۆڤ (کۆیلەیی، بەهرەکێشی سێکسی)، پارچە پارچەکردنی سێکسیی کچان [خەتەنە]، هاوسەرگیریی منداڵان و چەندین بابەتی دیکەی لەم چەشنە ئاماژە کراوە. 

پۆستەر ئامرازێکی کاریگەرە بۆ گەیاندنی دەنگی ژنان و هەموو ئەو کەسانەی بە هۆی شوناسی سێکسی، نیژادی و یاخود چین و توێژی کۆمەڵایەتیی خۆیانەوە بەرەو پەڕاوێزەکان پاڵ نراون. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، پێکەوە دانانی وێنە و تێکست چیرۆکی ئەم تاکانە بە باشترین شێوەی مومکین دەخاتە ڕوو.   

مێهدی شەبانی، نەهال تابش
وەرگێڕانی؛ چنوور فەتحی
 

 


ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر