ژنان و شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی ناوین

ڕۆژهەڵاتی ناوین شوێنگەی هەندێ لە گرنگترین شۆڕشە دیمۆکراتیکەکانی سەرەتاکانی سەدەی بیستەمە.
PM:08:46:07/03/2022
دۆسیە: کلتوور و مرۆڤسازی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


ڕۆژهەڵاتی ناوین شوێنگەی هەندێ لە گرنگترین شۆڕشە دیمۆکراتیکەکانی سەرەتاکانی سەدەی بیستەمە. چەندین شۆڕشی وەک "مەشرووتەی ئیمپراتووریای عوسمانی" لە ساڵی ١٩٠٨ و "شۆڕشی مەشرووتەی ئێران" لە ساڵانێ نێوان ١٩١١- ١٩٠٦. ڕۆژهەڵاتی ناوین شانازیی بە پێشینەی دوور و درێژی خۆی لە بواری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکات؛ لەوانە بزووتنەوەکانی جووتیاران، ژنان، خوێندکاران، کرێکاران و لەم ساڵانەی دواییدا بزووتنەوەکانی ژینگەپارێزی، ئاشتی و گرووپەکانی سەر بە LGBT+[١].

ئەم بزووتنەوانە لە بڕگە مێژووییە جیاجیاکاندا پێکهاتوو و کارتێکراوی هێزی سیاسی و ئایدۆلۆژیکی دژواز لە دژایەتیی کۆلۆنیالیزمەوە[٢] بگرە تاوەکوو ناسیۆنالیزم، لیبڕاڵیزم، سوسیالیزم و کۆمۆنیزم بووە؛ و هەڵبەت ئیسلام کە بەردەوام وەک هێزێكی سیاسی و ئایدۆلۆژیک لە ڕەوت و ڕێبازی ئەم بزووتنەوانەدا ئامادەیی هەبووە. ئەم وتارە باس لەو راستییە دەکات کە ژنان وەک هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی چۆناوچۆن مێژووی تایبەتیی خۆیان لەم ناوچەدا دیاریی کردووە.  

لە سەردەمی سەرهەڵدانە جەماوەرییەکانی ساڵی ٢٠٠٩وە لە ئێران، ساڵی ٢٠١١ لە جیهانی عەرەب، ساڵی ٢٠١٤ لە ڕۆژئاوا (ناوچەی کوردنشینی سووریا)[٣] و هەروەها سەرهەڵدانەکانی ئەم دواییانەی سەرتاسەری ناوچەکە (Schwedler and Harris2016)، وێناکان، هۆگری و توێژینەوەی زۆرێک لە توێژەران بەرەو ئایدیای "ژنان و شۆڕش" بۆتەوە. پرسیارێک کە دیتە ئاراوە ئەمەیە: ژنان بە یارمەتیی چ ڕێگە و ڕێبازگەلێک بۆ چارەسەرکردنی دژوازی و پاڕادۆکسە مێژوویی، کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئابوورییە بونیادییەکانی دەسەڵاتی پیاوسالارانە تێکۆشاون؟ گەر شۆڕشەکان ستراتیژیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی وشیارانە و جڤاتیی بن کە ئامانجی خۆیان وەک ڕسکاندن و بەدیهێنانی ئاڵترناتیڤی پیاوسالاری، نایەکسانی، ستەم و چەوساندنەوە دیاریی کردبێت، ژنان چۆناوچۆن بەڕێوەبردنی ئەم گەڵاڵەیان گرتۆتە ئەستۆ؟ ناوەرۆکی باسی تیۆریکی ئەم وتارە لە چوارچێوەی دوو خولی مێژووییدا بیچم دەگرێت: یەکەم، ژنان لە ماوەی خەباتە دژەکۆلۆنیالییەکان، ناسیۆنالیستی و سوسیالیستیی سەرەتاکانی سەدەی بیستەم،  دووهەم؛ بەشداریی ژنان لە خەباتی چەکدارانەی دژەئەمپریالیستیی ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەم.

لە ڕوانگەی میتۆدۆلۆژیکییەوە، ئەم قۆناغبەندییە دەپەرژێتە سەر کێشانەوەی مۆدێلەکانی خۆڕاگری، ڕێکخستن، سەرکەوتنەکان و پاشکەکشێکانی ژنان و یارمەتیی ڕوونکردنەوەی ئەو ڕێگایە دەدات کە گرتوویانەتە بەر. لێردەدا دەمانهەوێ تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی خەباتی ژنان، خۆڕاگری و شەڕی بەردەوامیان دژ بە کۆلۆنیالیزم، نەتەوەگەرایی، ئەمپریالیزم و تێئۆکراسی[٤] یان ئایین‌سالاریی پیاوسالار وێنە بکێشێن. بۆ لە بەر گرتنەوەی هەموو ئەم قۆناغە مێژووییە فراوان و فرەچەشنانە، سوودمان لە گەلێک بەرهەمی زانستی و نووسراوی بەربڵاو وەرگرتووە.[٥]

تێبینییە تیۆریکەکان بریتین لە:

یەکەم؛
ساڵانی دوایی زانستێکی نوێ سەبارەت بە ڕوژهەڵاتی ناوین و جیهانی عەرەب سەریهەڵداوە کە ڕاڤەی مارکسیستی بۆ شیکردنەوە و لێکدانەوەی مێژووی خەباتی چینایەتی و توندوتیژیی کۆلۆنیالیزم، سەرمایەداریی نیولیبڕاڵ و ئەمپریالیزم لە ناوچەکەدا بەکار دێنێت. سەرهەڵدان و کەوتنی شۆڕشی عەرەبەکان لە ساڵی ٢٠١١ لە تونس و میسر و جەنگی درێژخایەن و وێرانکەر لە سووریا و یەمەن، بە هێزێکی مۆتیڤ بۆ ئەم کۆمەڵە زانستە نوێباوە دێنە ئەژمار. (Sukarieh and Tannock 2014 and  Hanieh 2013, 2018;Kadri2015)  ئەم زانستە نوێیە، ڕاڤەیەکی ماتریالیستی – مێژوویی لە مەڕ چۆنێتیی بیچم‌گرتنی چین و توێژەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە هەناوی هەموو خەباتە کۆلۆنیالییەکان، داگیرکردنی نیشتمان، کۆمەڵکوژی و سەرکوتی وەحشیانەی کەمیینە ئەتنی و ئایینییەکان بەدەستەوە دەدات. ئەم توێژینەوە بە  ناوکۆی چوارچێوەی فێمینیستی – مارکسیستیی کە لێرەدا کەڵکی لێوەرگیراوە، بەرەو بونیادەکانی پیاوسالارانەی دەسەڵات و شێوازەکانی ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشدا پەرەی سەندووە. ئەم بۆچوونە ڕاڤەییە، یەکخستن و گونجانی   Conformationکۆمەڵایەتی- ئابوریی کە بە هۆی گەشە یان بڕشتی کۆلۆنیالیزم و سەرمایەدارییەوە بەدیهاتووە، ڕەچاو دەکات.

دووهەم، تێبینیی تتۆریک تایبەتە بە چەمکی "شۆڕش"، چەمکێک کە هەمیشە دەبێتە خاڵی مشتومڕی جیددیی تیۆریک، سیاسی و ئایدۆلۆژیک. "شۆڕش" بەرزیان نرخاندووە، سووکایەتییان پێکردووە، جنێویان پێداوە، سەرکوتیان کردووە، شۆڕش شتێک زیاتر لە جێگیربوون یاخود جێنشینیی شێوازێکی دیکەی دەوڵەت، بۆ نموونە هاتنە سەرکاری دیکتاتۆرییەکی نەتەوەگەرایانە (سیکۆلار بێت یاخود ئایینخواز) لە باتیی دیکتاتۆرییەکی پاڕلەمانی دێتە ڕوودان. گەرچی ئەو چینە زاڵەی دەست بە سەر دەوڵەتدا دەگرێت، بێگومان تووشی گۆڕانکاریی ئایدۆلۆژیک – سیاسیی دەبێت، بەڵام گۆڕانێکی ڕادیکاڵ لە بونیادی چینایەتی و ڕێکخراوی کۆمەڵایەتیی پێوەندییە ڕەگەزییەکان نایەتە ئاراوە. 

ئەم بۆچوونە پرسیاری دوایی لێدەکەوێتەوە: ئایا گەر سەرهەڵدانەکان، یان هەڵچوونەکان بە شۆڕش ناو بنێین، لە ڕوانگەی تیۆریکەوە پەسەندکراو دەبێت؟ بۆ نموونە گۆڕانکارییەکانی ساڵی ٢٠١١ی میسر و تونس و  ساڵی ٢٠١٣ بەدواوە لە سووریا، سەرهەڵدان بوو یان هەڵچوون و ڕاپەڕینێکی جەماوەری دژ بە ڕژیمێکی ستەمکار؟ ئەم جیاوازییانە، هەڵگری  کۆمەڵێک مانای شاراوەی تایبەتن بۆ ڕێکخستن و تیۆڕداڕشتنی شۆڕشگێڕانە، بە تایبەت گەر مەبەستمان دەرکی دەور و خەباتی ژنان بۆ بەرەنگار بوونەوەی پیاوسالاری، ستەم و چەوساندنەوە بێت. کەوابوو لەم وتارەدا چەمکەکانی سەرهەڵدان، ڕاپەڕین و هەڵچوون بە شێوەی هاوواتا بەکار دەهێنرێت؛ هەڵبەت نەک وەک ئاڵترناتیڤێت بۆ "شۆڕش" بەڵکوو بە مەبەستی ڕەخساندنی جیاکاریی پێویست. 

تێگەیشتن لە جیاوازیی "شۆڕش" و "دۆخی شۆڕشگێڕانە"ش گرنگە. دۆخی شۆڕشگێڕانە کاتێکە کە دەوڵەت نەتوانێ لە ڕێگەی بەکارهێنانی شێوە و شێوازی باو حوکمڕانی بکات و خەڵکەکەش قایل نەبن بەوەی کە لە ژێر ڕکێفی ئەو حکوومەتەدا بن. ئەم دۆخە شۆڕشگێڕانە لە ڕاپەڕینی عەرەبیی ساڵی ٢٠١١ یان لە ئێرانی ساڵی ١٩٧٩ هاتە ئاراوە. و هێزێکی سیاسیی نوێ بە ناوکۆی خۆڕاگریی جەماوەریی خەڵک دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت کە گەرچی دەستی بە سەر دامەزراوە هەبووەکانی دەوڵەت و بونیادی ئابووری کۆمەڵایەتیدا گرت، بەڵام پێوەندییە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان هیچ گۆڕانێکیان بە خۆوە نەبینی. باسەکە ئەوە نییە کە هیچ شتێک نەگۆڕا، شێوە و سیمای حکوومەتەکە گۆڕا، بەڵام ناوەرۆک نا. ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران، شێوە و سیمای حکوومەت لە سەڵتەنەتی یان پاشایەتییەوە بوو بە ئایین سالاری و لە میسری ٢٠١١ لە سەرۆککۆماریی ناسەربازییەوە گۆرا بۆ سەربازی. هەندێ لە پێوەندییە کۆمەڵایەتی – ئابوورییەکان بیچمێکی تازەیان لە خۆ گرت، لەوانە پیاوسالاری کە لە چاو پێشتر تۆختر و دیارتر خۆی نواند. ئەم باسەی خوارەوە لە چوارچێوە و لە ڕۆچنی ئەم تێبینییە مێژوویی و تیۆریکانەوە قۆناغە جیاجیاکان لێکدەداتەوە. 
ژنان و بزووتنەوە دژە کۆلۆنیالییەکان و بزووتنەوە ئازادیخوازانە نەتەوەییەکان.

ساڵانی نێوان جەنگی یەکەمی جیهانی (١٩١٨-١٩١٤) و جەنگی دووهەمی جیهانی (١٩٤٥-١٩٣٩) چەندین شەڕی نەتەوەیی و دیمۆکراتیک لە ناوچەکەدا هەڵگیرسا کە ژنان دەورێکی چالاک و دیاریکەریان تێیدا لە ئەستۆ گرتووە. هاوکات لەگەڵ شکستی ئیمپراتووریای عوسمانی لە دەست هێزەکانی ئەمپریالیستی ڕۆژئاوایی لە ساڵی ١٩١٨، کۆمەڵێک دەوڵەتی نوێ هاتنە سەر کار. "کۆمەڵەی نەتەوەکان"[٦] کە ساڵی ١٩٢٠ دامەزرا، سەرپەرشتیی بریتانیا و فەڕەنسای بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دەوڵەتە تازانە بە فەرمی وەرگرت. بەیاننامەی "بالفۆری بریتانیا" [٧] ساڵی ١٩١٧ کە پشتیوانیی دامەزراندنی نیشتمانی یەهوودی لە فەلەستین کردبوو، لە کۆمەڵەی نەتەوەکانیشدا پەسەند کرابوو. سی ساڵ دواتر، واتا ساڵی ١٩٤٨، بە کۆلۆنیال بردنی فەلەستین (نەکبەت[٨]) لەگەڵ درووست بوونی دەوڵەتی ئیسڕائیل بە فەرمی وەرگیرا.

پاش دوو جەنگی جیهانی، زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە لە ژێر ڕکێف و کۆنتڕۆڵی بریتانیا و فەڕەنسادا بوون، بەڵام لەگەڵ کۆتایی‌هاتنی جەنگەکان، ئەیالەتە یەکگرتووەکان وەک هێزێکی نوێ هاتە مەیدانەوە. هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەم قۆناغەدا، هێزە ڕۆژئاواییەکان ئیسلامیان دژ بە بزووتنەوە ساوا نەتەوەگەرا، دژە کۆلۆنیال و دیمۆکراتیکەکان بەکار هێنا. بیچم گرتنی دەوڵەتی سوسیالیستیی یەکیەتیی سۆڤییەت ساڵی ١٩١٧ وەکیتر کاریگەرییەکی گرنگی لە سەر خەباتی یەکسانی‌خوازانەی ژنان دانا. ئافاری [٩] بەڵگاندن دەکات کە "دەهەی ١٩٢٠ کەشفی حیجاب و چاکسازییە ڕەگەزییەکان لە ئاسیای ناوەندی سۆڤییەت و قەفقاز لە ئێرانیشدا ببوو بە ڕۆژەڤ و تەوەری باسی ڕۆژانە." (Afary 2009, 143) لەگەڵ پەرەگرتنی بڕشت و کاریگەریی سوسیالیزم، هێزە ڕۆژئاواییەکان ناسیۆنالیزم و ئیسلامیان بۆ  دژایەتی کردنی بزووتنەوە کۆمۆنیستییەکان بەکار هێنا کە کاریگەرییەکی بەردەوامی لە سەر داخوازییەکانی ژنان بۆ یەکسانیی ڕەگەزیی هەبوو. بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەریی بزووتنەوە دژە کۆلۆنیالی و ناسیۆنالیستەکان لە سەر ژنان، دەبێ یەکگرتوویی نێوان ئەم ‌هێزە پیاوسالارانە و هاوکارییان پێکەوە لە بەرچاو بگیرێت. سێکسواڵیتە بوو بە هێمای مۆدێڕنێتی یان ترادیسیۆن؛ لەم ڕووەوە سێکسواڵیتە هەندێجار بە ڕۆژئاوایی دەکرا و هەندێجار دەبووە ڕۆژهەڵاتی و هەندێجاریش ئیسلامی و جارجارەش دەبووە سیکۆلار کە لە هەر یەک لەم حاڵەتانەدا دەبوو لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە ڕێک‌خرابا و یاسامەند کرابا. بۆ دەرکی باشتری ئەم بانگەشە تیۆریکانە، شیکردنەوەی دۆخی وڵاتانی ناوچەکە بەسوود دەبێت.

جەزائیر

فانون [١٠] بۆ ڕاڤە و شیکردنەوەی ئایدۆلۆژیا و ستراتیژی پیاوسالاریی کۆلۆنیالی فەڕەنسا لە ماوەی دەهەکانی بە کۆلۆنیال کردنی جەزائیر (١٩٦٢-١٨٣٠) دەنووسێ: "وەرن پشتیوانیی ژنان ڕابکێشێن و ئەوانی دی بە دوای ئەواندا دێن." (Fanon 1965,37) لەگەڵ زۆربوونی توندوتیژیی حکومەتی کۆلۆنیالیست، بزووتنەوەی برخۆدان بەهێزتر بوو. ژنانێک بە پێشینەی کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆرەوە هێدی هێدی بەو ناڕەزایەتییانەوە پەیوەست دەبوون کە دەهەی ١٩٤٠ دەستی پێ‌کردبوو. لێرەوە "ڕاکێشانی پشتیوانیی ژنان" گۆڕا بۆ پرۆژەیەکی کۆلۆنیالیستی، ناسیۆنالیستی، سوسیالیستی و ئیسامگەرا کە هەریەکیان ئامانجی سیاسیی تایبەت بە خۆیان هەبوو. "حیزبی کۆمۆنیستی جەزائیر"[١١]، "یەکیەتیی ژنانی جەزائیر"ی [١٢] دامەزراند. بەڵام ئەوەی هەزاران ژنی بەرەو ئەندامێتی لە بزووتنەوەی بەرخۆدان هاندا، کوشتاری ١٩٤٥ بوو. هەزاران جەزائیری کە بۆ بەشداری کردن لە ڕێپێوانی ساڵیادی شکستی ئەڵمانیای نازی لە هەشتەمی مانگی مەی ١٩٤٥ لە شارەکانی سەتیف و قالمە هاتبوونە سەر شەقامەکان، بەرەو ڕووی توندوتیژیی هێزەکانی ئەرتەشی کۆلۆنیالیستی فەڕەنسا بوونەوە کە دەیویست لافیتە دژە کۆلۆنیاکییەکانی ئەو خەڵکە ناڕازییە بهێنێتە خوارەوە. کوشت و کوشتار، دەستگیرکردن و ئەشکەنجە بوو بە نەسیبی هەزاران کەس. ئەم سەرکوتە توندوتیژانە، ئاگری بزووتنەوەیەکی دژە کۆلۆنیالیی جەماوەریی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا گەشاندەوە.(١) ئامادەیی ژنان وەک هێزێکی دژە کۆلۆنیالیی چالاک، لایەن و گرووپە سیاسییەکانی ناچار کرد "تەوەر" و "پرسی ژنان" بخەنە ئەجیندای کاریی خۆیانەوە. 

"حیزبی جەماوەری جەزائیر"[١٤] ساڵی ١٩٤٥ "یەکەم لقی ژنانی لە جەزائیر دامەزراند تاوەکو چەندین ژنی ناودار و بەناوبانگی وەک نەفیسە حەموود[١٥] و فاتمە بنسوسامە[١٦] لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە." (Salhi 2010,115) دوو ساڵ دواتر، ساڵی ١٩٤٧، "ئەنجومەنی ژنانی موسوڵمانی جەزائیر" [١٧] دامەزرا. ئەم ئەنجومەنە بەزۆریی خزمەتگوزاریی دەگەیاندە قوربانییەکانی کوشتاری مەی ١٩٤٥، بەڵام لەگەڵ ناوچە لادێیەکانیشدا پێوەندیی درووست کردبوو و بۆ "پەرەی وشیاریی سیاسیی لە نێوان خەڵکی ئاساییدا تێدەکۆشا و سەبارەت بە خوێندن و پەروەردەی کچان و کوڕانیان هانی دەدان."(هەمان)

لەگەڵ دەستپێکی جەنگی سەربەخۆیی‌خوازی[١٨] کە بە ناوی شۆڕشی جەزائیر"[١٩]ەوە (١٩٦٢-١٩٤٥) ناوی دەرکردووە، ژنانیش بەو بزووتنەوە چەکدارانەوە پەیوەست بوون. لە ماوەی ئەم هەشت ساڵە خوێناوییەدا، ژنان لە دوو بەرەدا شەڕیان دەکرد: دژ بە کۆلۆنیالیزم و دژ بە پێوەندیی پیاوسالاری. ژنانی جەزائیری بە خەباتی چەکدارانەوە پەیوەست بوون و بوون بە هێمای ژنانی شۆڕشگێڕ لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوین و دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش. جەمیلە بوپاشا[٢٠] کە ساڵی ١٩٦١ بە دانانی بۆمب لە کافەتێریایەک لە نزیکی زانکۆی جەزائیر تاوانبار کرا، بۆ ژنان لە هەموو ناوچەکە، لە عەممانەوە بگرە تاوەکوو فەلەستین و ئێران و کوردستان، بوو بە سیمبۆلی خۆڕاگری و بەرخۆدان. ژنانی وەک بوپاشا لەو هەموو شێوازە توندوتیژانەکانی ئەشکەنجەی پیاوسالارانەی داگیرکەران ڕزگاریان بوو؛ کۆلۆنیالسیتی داگیرکەر ژنانی بە شێوە و شێوازی جۆراوجۆر ژنانی ئەشکەنجە و سزا دەدا: یەکەم جار، بە لە نێو بردنی خەون و ئاواتی سەربەخۆیی نەتەوەیی لە ڕێگەی دەستدرێژیی کردنە سەر جەستەی ژنان، کە پێناسە و ناسێنەری نەتەوەیە؛ دووهەم، بە لاقە بردن بۆ سەر جەستەی ژنان، لەکەدار کردن و شەرمسار کردنی جەستەی ژنان کە هێمای کولتووریی کولتوورێکی خۆجێییە؛ و سێهەم، لە ڕێگەی سزادانی ژنان وەک کەسانێک کە لە نۆڕمەکانی پیاوسالاریی کۆلۆنیالیست و بەکۆلۆنیال‌کراو یان داگیرکراو لایان داوە. 

بڕگە و قۆناغەکانی شۆڕش نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان دەشێوێنێ، ڕكێف و زاڵێتیی جێندەریی  پیاوسالار تووشی لێک‌دابڕان ئەکات و ئەو دەرفەتە بۆ ژنان دەڕەخسێنێت کە لە دووانەیی ئاقارە گشتی و تاکەکەسییەکان لا بدەن. سەقامی دەسەڵات لە نێوخۆی حکوومەت، زۆربەی جار لەگەڵ هەندێ وەرچەرخان لە بواری ڕۆڵ و مافەکانی ژنان دەکەوێت. لازرگ[٢١] بەڵگاندن دەکات کە لە "مەنشووری جەزائیر"، [٢٢] واتا دەقی "بنەرەتیی" قۆناغی پاش کۆلۆنیال کە ساڵی ١٩٤٦ لە لایەن دەوڵەتی سوسیالیستیی "بەرەی ئازادی نەتەوەیی"[٢٣] (FLN) ڕێکخرابوو، چەمکی "جەماوەری هاووڵاتییان" بە مانای "پیاو" بوو. (Lazreg 2000, 62) هەروەها دەڵێ: "ئەم خوێندنەوە لە مەڕ هاووڵاتی، لەڕاستیدا لە سەر ئایدیای کاریگەر لە زۆربەی دەقە یاسایی/ سیاسییە فەرمییەکاندا سەرپۆش دادەنێت کە بە پێی ئەوانە ژنان لە بنەڕەتدا سووژەگەلێکن کە بکەرێتییان  نییە و دەبێ لە ژێر سەرپەرشتیی پیاوانێکدا بن کە بە ناوی خوداوە کار دەکەن." (هەمان،٦٠)

لە سەردەمی سەربەخۆیی جەزائیرەوە لە ساڵی ١٩٦٢، ماف و دەوری ژنان لە ژێر کۆنتڕۆڵ و ڕکێفی دوو ئایدۆلۆژیای زاڵ و زۆربەی جاران ڕکابەری یەکدیدایە: ئایدۆلۆژیاکانی پیاوسالارانەی لیبڕاڵیزمی سێکۆلار و موحافیزکاریی ئیسلامگەرایانە. لە هەر دووی ئەم هەڵوێستە ئایدۆلۆژیکانەدا، ناسیۆنالیزم بەرامبەر بە لە نێوچوونی نایەسانیی ڕەگەزی وەک بەربەستی سەرەکیی کاری کردووە. شەعبان[٢٤] سەبارەت بە کاریگەری‌دانانی ژنی جەزائیری لە سەر شۆڕش کە بە شیوەیەکی قووڵ لەگەڵ ئەزموونی ژنان لە شوێنانی دیکەی ناوچەکە تۆختر دەبێت، دەنووسێت: " تەنها داخی ئێمە بۆ لە دەستدانی ئەو یەکسانییە ڕەهایە کە لە ماوەی شۆڕشدا بەدی هاتبوو. تا ئەو ئاستەی کە پێوەندیی بە یەکسانیی جێندەرییەوە هەیە، پێدەچێت لە باتیی ئەوەی بەرەو پێش بچین، دوا کەوتووین." (Salhi, 2010,119) 

ئەم دەستەوشە لە ڕاستیدا ڕێک گۆڕا بۆ دروشمی بمێنی بزووتنەوەی ژنان لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران تاکوو ئەمڕۆ: "ئێمە شۆڕشمان نەکرد بۆ ئەوەی دوا بکەوین!" سەرەڕای ئەمە، ناکۆکیی بونیادیی لە جەزائیری پاش سەربەخۆیی کەوتە ژێر کاریگەریی هەلومەرجێکی کۆمەلایەتی، ئابووریی و کولتووریی تایبەتەوە کە بێ لەبەرچاو گرتنی هەڵوێست و لایەنگرییە ئایدۆلۆژیکەکانی حیزبی سیاسیی دەسەڵاتدار، گەڕانەوەی ژنانی بۆ پێوەندییە ڕەگەزی و جێندەرییەکانی پێش سەربەخۆیی نامومکین دەکرد. گێڕانەوەی تەواوی ئەنجامگیرییەکەی لازرێگ سەبارەت بە مافەکانی هاووڵاتیبوونی ژنان لە قۆناغی پاش سەربەخۆیی، لێرەدا گرنگە:

وانەیک کە دەتوانین لە جەزائیر وەریبگرین ئەوە نییە کە حکوومەتی تاک‌حیزبی و سوسیالیزمی دەوڵەتی لە بەردەم ئەو ئازادییە سیاسییانەدا کە دەیتوانی بۆ داواکران و وەرگرتنی مافەکانیان یارمەتیی ژنان بدات، ببوو بە لەمپەر، گەرچی ئەم بابەتە ڕاستییەکی گرنگە کە لە هەندێ وڵاتی وەک یەکیەتیی سۆڤییەت ڕەچاو کرابوو. لە ڕاسیتیدا، لە هەلومەرجی حوکمڕانیی سیستەمێکی دووانەدا، کە نیوەی سێکۆلار و نیوەی بریتییە لە ئامۆژە ئایینییەکان، هاووڵاتیبوون جگە لە هاووڵاتیبوونێکی ڕواڵەتی (کە تەنها بۆ کردەوەی دەنگدان دابەزیوە) نابێت. نەبوونی کەسایەتی‌مەندی و سووژەبوونی ژنان کە لە دوای ئەوە دێت، لەوانەیە ببێتە هۆی توندوتیژیی لە دژی ئەوان. دەستڕاگەیشتنی ژنان بەو هاووڵاتیبوونە بنچینەییەی مەجالی پەرە و گەشەی مافە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانیان دەستەبەر دەکات، جگە لە بەشداریی چالاک و سەربەخۆی ژنان لە حەیاتی کۆیی، پێویستی بە ئازادییە سیاسییەکان هەیە. (Lazreg 2000,69)

باسەکەی لازرگ سەرباری لێکدانەوەی ناتەواوی سەبارەت بەو ئاڵۆزییە سیاسییانەی دەکەونە سەر ڕێگای ژنانی جەزائیری لە سەردەمی سەربەخۆیی وڵاتەکەوە، لە مەڕ ئاستەنگییەکانی "مافە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان" لە نەبوونی "ئازادییە سیاسییە بنەڕەتییەکان" بە بایەخە. بۆ دەرکی باشتری یەکگرتوویی مافی "مەدەنی" و "سیاسی"، ڕاڤەی چینایەتی و ئایدۆلۆژیکی دەوڵەت لە هەر دوو قۆناغی پێش و پاش شۆڕش گرنگیی زۆری هەیە. لە لێکدانەوەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، دامەزراوەی دەوڵەت زۆربەی جار بە شێوەی حکوومەت دادەبەزێت؛ دامەزراوەیەک کە مێژووی لێ سڕدراوەتەوە و پێوەندیشی لەگەڵ بونیادی چینایەتی پچڕاوە. 

لە تیۆریی فێمینیستی مارکسیستیدا، دەوڵەت خاوەنی شوناسی سەربەخۆیە و لە دامەزراوەکانی دیکەی وەک ئایین، خێزان، پەروەردە یان ئابووریی جیاوازە. هەروەکچۆن ئەم دامەزراوانە لە سەر دەستی دەوڵەت بیچـمیان گرتووە، دەوڵەت هەم سەربەخۆیە و هەم گرێدراوی ئەو دامەزراوانەیە کە خۆی بیچمی داون و ئەم دامەزراوانەش بە هەمان شێوە هەم گرێدراوی دەوڵەتن و هەم سەربەخۆن. دەوڵەت ڕێکخراوی سیاسیی چینی حاکم و دەسەڵاتدارە، پارێزگاریی لە نەزمی هەبوو دەکات و وەفاداریی سەرجەم نەتەوە، چین و توێژەکان، ژنان و هەموو گرووپە زوڵم‌لێکراوەکان بۆ دەوڵەت گەرەنتیی دەکات. دەوڵەت نەک هەر هەلومەرجی حوکمڕانیی چینی دەسەڵاتدا دەڕەخسێنێت، بەڵكوو هاوکات هەلومەرجی دووبارە بەرهەم‌هێنانەوەی خۆشی دەستەبەر دەکاتەوە. پێوەندییە چینایەتی و جێندەرییەکانی سەرمایەداریی پیاوسالارانە، لە هێز و دەسەڵاتی دەوڵەتیدا دەڕسکێت. (Carpenter and Mojab 2017)

لە جەزائیر وەکیتر هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە لە درێژەدا گەلاڵە دەکرێن، بەرەو ڕوو بوونەوەی ژنان لەگەڵ دەوڵەت نەک بۆ لابردنی وەک (دووبارە) بەرهەم‌هێنەرەوەی پیایوسالاریی سەرمایەداری، بەڵکوو بە مەبەستی داخڵ‌بوون بە ڕەوتی دانوستانەکان بە ئامانجی "چاکساریی دەوڵەت لە ناوەوە" بوو. لە سەردەمی دەوڵەتی پاش سەربەخۆیی ئەحمەد بن بەلا[٢٥]  (١٩٦٥-١٩٦٢) تا دەوڵەتەکانی هوورای بومدین [٢٦] (١٩٦٨-١٩٦٥، قۆۆناغێک کە بزووتنەوەی ئیسامگەرایانە دەستی کردبوو بە گوشار خستنە سەر دەوڵەت لە مەڕ پرس و بابەتی پێوەندیدار بە مافەکانی ژنان، ڕێخستنی ماڵباتی، ڕووبەندە و لەبار بردنی کۆرپەڵە)، شازلی بن جەدید [٢٧] (١٩٩٢-١٩٧٩، کاتێک کە یاسای بنەماڵەی ١٩٨٤ لە سەر بنەمای مەرجەکانی یاسای شەریعەتی ئیسلامی پەسەند کرا) و ڕژیمی میانڕەوی عەبدولعەزیز بوتفلیقە [٢٨] (٢٠١٩-١٩٩٩)، ژنان هەندێ لە مافەکانی خۆیان بەدەست هێناوە و هەندێکیشیان لە دەست داوە. ئەوان سەرکەوتوو بەڵام تۆقاو بوون، یەکیان‌گرتووە بەڵام کەوتوونەتە زیندانەوە. هەرچەندە ژنان بە شێوەیەکی زۆر چالاک بەشدارییان لە نەهێشتنی ڕەگەزپەرەستیی پیاوسالارانەی حکوومەتی کۆلۆنیالیدا کردبوو، بەڵام بۆ لە کارخستنی هەلومەرجی دووبارە بەرهەم‌هێنانەوەی دەوڵەتی سەرمایەداریی پیاوسالارانەی پاش شۆڕش، جۆری سێکۆلار بێت یان جۆری ئیسلامیی ئەو حکوومەتە، ناکارامە بوون. ئەم ناکارامەییە ناکارامەییەکی تیۆریک، سیاسی، ڕێکخراوەیی بووە و بە ناوکۆی کاریگەریی دوو لایەنەی فاکتەرە گەورەترە جیهانییەکان و هەلومەرجی نەتەوەیی پاش کۆلۆنیالیی جەزائیر بیچمی گرتووە؛ ئەمە خاڵێکە دەبێ لە درێژەی بابەتەکەدا زیاتر تاوتوێی بکەین، چون لە مەڕ خەباتی ژنان لە میسریش ڕاست دێتەوە. 

میسر

شۆڕشی ساڵی ٢٠١١ لە میسر، بیرهێنەرەوەی مێژووی درەوشاوەی بزووتنەوەی ژنان لە خەباتیان بۆ ئازادی و یەکسانی لەم وڵاتەدا بوو. مێژوو و پێشینەی دوور و درێژی بزووتنەوەی ژنان لە میسر تایبەتمەندی سەیر و سەمەرەی ئەم بزووتنەوەیە. ئامادەیی ئەکتیڤ و چالاکانەی ژنان لە پانتایی حەیاتی سیاسیی میسر لە سەردەمی شۆڕشی ١٩١٩ بۆ کۆتایی‌هێنان بە پاشایەتی و دەستپێکی بونیادی دەوڵەتیی کۆماریخوازانە بەردەوام بووە. میسر ساڵی ١٩٢٢ سەربەخۆیی بە دەست هێنا و ساڵی ١٩٢٣ یەکەم یاسای بنەڕەتی (دەستوور)ی کۆماری داڕێژرا. حاتەم [٢٩] ئاماژە دەدات کە سەرەڕای دەوری گرنگی ژنان لە شۆڕشی ١٩١٩، دەستوور لە بارەیانەوە بێدەگیی کردە پیشە. ئەو دەنووسێ یاسای بنەڕەتی "تەنها هاووڵاتییانی پیاوی گەورە ساڵ یان وەک دەگوترێ باڵغی وەک ئەندامی نەتەوە یان میللەت بە فەرمی داناوە، و بەم چەشنە پێرسناڵیتییەکی پیاوانەی بۆ نەتەوە کێشاوەتەوە." (Hatem 2000, 35) ژماەیەک لە ژنانی میسریی خوێندەوار کە سەر بە چین و توێژەکانی سەرەوە و سێکۆلار بوون، ساڵی ١٩٢٣ "یەکیەتیی فێمینیستیی میسر"یان [٣٠] (EFU) دامەزراند بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ پرسی نەبوونی مافی سیاسیی ژنان لە یاسای بنەڕەتیدا بکەن. یەکیەتیی فێمینیستیی میسر کۆمەڵێک "پێگە و پێوەندیی نێونەتەوەیی" بەدەست هێنا و یەکەم ڕاگەیەندراوی گشتیی لە مانگی مەی ١٩٢٣ لە "کۆنگرێسی یەکیەتیی مافی دەنگدان" [٣١] لە ڕۆم بڵاو کردەوە. (Keddie 2007, 90& 92)

ڕیبەرانی ئەم بزووتنەوە هۆدا شەعراوی [٣٢] و سیزا ئەلنبراوی [٣٣] هەر کە لەم کۆبوونەوە گەڕانەوە "لە وێستگەی شەمەندەفەڕی قاهیرە وەک ئەکتێکی سیاسی ڕووبەندەکانی خۆیان لە سەر دەموچاویان لادا و ژمارەیەک لەوانەی لە نێو حەشیمەتەکەدا بوون ،هەمان کارەیان کرد." (Ibid,92) یەکیەتیی فێمینستیی میسر لایەنگری چاکسازیی لە پەروەردە، خزمەتگوزاریی تەندرووستی، یەکسانیی ئابووریی، کەشفی حیجاب و مافی دەنگدان بوون. ئەم یەکیەتییە بە هۆی ڕووکردی ڕیفۆڕمخوازانە و کولتووریی خۆی بەرامبەر بە فێمینیزم درایە بەر ڕەخنە. ئامانجی گشتی و هەمەگیری ئەوان "تواناکردنی ژنانی چینی کرێکار بۆ بوونیان بە هاوسەر و دایکی باشتر" و "گۆڕانی شێوازی نوێی ژیانی خێزانی و ماڵەکی لە ئارمانجێکی تایبەتییەوە بۆ ئارمانجێکی نەتەوەیی و گشتی" بوو. (Hatem 2000, 43,44)

فێمینیستە ڕادیکاڵەکان و هەروەها ژنانی ئەندامی بەرەی "ئیخوانولموسلمین" کە ساڵی ١٩٢٨ دامەزرابوو، یاسای بنەڕەتیی پەسەندکراوی ساڵی ١٩٢٣ دەخستە ژێر پرسیارەوە. پڕۆژەی گرووپەکانی ژنانی موسوڵمان ئەوە بوو کە هەلومەرجی ژیانکردی ژنان بە پێی ئەحکامی شەرعیی یەکسانیی دوو ڕەگەزەکە بەرەو باشتربوون ببەن. دەوڵەتی ناسیۆنالیستی جەمال عەبدولناسر [٣٤] (١٩٧٠-١٩٥٢) ساڵی ١٩٥٣ کۆتایی بە پاشایەتی و سەڵتەنەت هێنا. ناسر کۆمەڵێک ئاستەنگیی خستە سەر دامەزراوە فێمینیستییەکان و ڕۆژنامە و گۆڤارە سەربەخۆ فێنمینیستییەکانی یاساخ کرد و بۆ ئەندامێتیی ژنان لە کۆمیتەی نووسینەوەی دەستوور کۆمەڵێک ئاستەنگیی دیاریی کرد. مانگی مارسی ١٩٥٤ دوڕییە شەفیق [٣٥] یەک لە ئەندامانی ژنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەم بڕیارەی دەوڵەتی ناسر مانی لە خواردن گرت. لە یاسای بنەرەتیی پەسەندکراوی ساڵی ١٩٥٦ مافی دەنگدانی ژنان و کاندیداتۆریی بۆ پلە و پایە دەوڵەتییەکان گەرەنتیی کرابوو. بەڵام دایکایەتی و هاوسەرێتیی وەک دەروی سەرەکیی ژنان مایەوە. کێدی دەنووسێت: "ناسر ساڵی ١٩٥٧ گۆڤاری بنت ئەلنەبیل [٣٦]ی دوڕییە شەفیقی داخست و ساڵی ١٩٦٠ بۆ ماوەی چەندین ساڵ خستیە زیندانی ماڵەوە. ماوەیەک دواتر و ساڵی ١٩٧٥ لە حاڵەتێکی تاک و تەراییدا خۆی لە بەرزاییەکەوە هەڵدایە خوارەوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ئینجی ئەفلاتوون [٣٧] ساڵی ١٩٥٩ هاوڕێ لەگەڵ سەدان کۆمۆنیستی دیکە دەخرێنە زیندانەوە، وەکچۆن زەینەب ئەلغەزالی [٣٨] ڕێبەری ژنانی ئیسلامگەرا ساڵی ١٩٦٥ زیندانیی کرابوو. (هەمان: ١٢٣)

ناسر ساڵی ١٩٦٢ مەنشوورێکی "سوسیالیستی" بۆ کردەوەیەکی نەتەوەیی ئاراستە کرد کە جەختی لە یەکسانیی جێندەریی دەکردەوە. بەم حاڵەشەوە، ژنان لە هەموو ڕەهەندەکانی بەپراکتیک‌کردنی ئەم مەنشوورە تووشی ئالنگاریی هاتن. بۆ سەقامی نەتەوەگەرایی عەرەبیی سەرمایەدارانەی پیاوسالاری، چاو لە مافەکانی ژنان داخرا. یاسای بنەرەتیی ساڵی ١٩٧١ بۆ باسکردنی ڕوون و ڕاشکاوی پێوەندیی نزیکی نێوان یەکسانیی جێندەری و شەرع پێداچوونەوەی بە سەردا کرا. ساڵی ١٩٧٦ دەستوور دیسانەوە گۆڕدرا بۆ ئەوەی کە ئیسلام بکرێتە بنەمای یاساکان. ژنانی میسری لە دەوڵەتی پاش کۆلۆنیالی و ناسیۆنالیستی بێ‌هیوا بوون. دوای مەرگی ناسر لە ساڵی ١٩٧٠ و دەستپێکی دەسەڵاتداریی ئەنوەر سادات [٣٩] (١٩٨١-١٩٧٠)، دەوڵەت جگە لە بزووتنەوەی ژنان، بە شێوەیەکی زۆر گرژ تووشی چەپەکان، خوێندکاران و کرێکارەکان هات.  گرووپ‌گەلی سەربەخۆی ژنان بە نایاسایی ڕاگەیەندرا. دەوڵەت کار و چالاکییەکانی ژنانی ئاوێتەی دەوڵەت – نەتەوە کرد و بزووتنەوەی ژنانی گۆڕی بۆ "فێمینیزمی دەوڵەتی" بۆ ئەوە دەزگای بۆرۆکراتیکی پیاوسالاری سەرمایەدارانەی نیولیبڕاڵ ژنانە بکات. 

تا دەهەی ١٩٧٠ و لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی نەوت و سەرهەڵدانی سەرمایەداریی نیولیبڕاڵ، جەزائیر و میسر هاوشێوەی چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە، ناچار بوون پێڕەوی "بەرنامەکانی تەعدیل بونیادیی" [٤٠] (SAPs) بکەن کە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی لە لایەن "بانکی جیهانی"[٤١] و "سەندووقی نێونەتەوەیی دراو"[٤٢]ەوە سەپێنرابوو. ئەم نەتەوە سەربەخۆ تازانە، لە لایەکەوە بەرەو ڕووی پاڕادۆکسی "مۆدێڕنیزاسیۆن"، "پەرەگرتن" و گەشە و پەرەی خزمەتگوزرییە گشتییەکان لەوانە کەرتەکانی پەروەردە، تەندرووستی و کار و بەشداریی لە کاروباری گشتیی وڵات پێویست بوو، بەڵام جەستە و سێکسواڵیتەیان هەروەک هەمیشە بە نۆڕمەکانی نەتەوەگەرا -  ئیسلامگەرا – پیاوسالاری و ئەخلاقییاتی سوننەتییەوە گرێ درابوو. گەرچی دەوڵەت پشتیوانیی لە ئامادەبوونی ژنان لە پانتایی گشتیدا دەکرد، بەڵام ئەم ئامادەبوونە بە وردی کنتڕۆڵ دەکرا.

دەوڵەت بۆ چاوەدێری‌کردن و کۆنتڕۆڵی ناڕەزایەتییەکانی ژنان سێ ڕێکاری گرتە بەر: یەکەم، ئەوەی کە لە زۆربەی زۆری حاڵەتەکاندا ڕێگەی بە ڕێکخراوی ژنان دا تاوەکوو لە چوارچێوەیەکی ڕێگەپێدراودا، کە لە لایەن دەوڵەتەوە دیاریی کرابوو، بەرگریی لە مافەکانی ژنان بکەن؛ دووهەم، ئەکتیڤیزمی ژنان لە ڕێگەی پڕۆسسی
[٤٣] (کە بە دەربڕینێکی باشتر ئەکتیڤیزمی کۆمەڵگای مەدەنییە لە چوارچێوەی یاسا) بە تایبەتی کرد؛ و سێهەم، لەگەڵ یەکگرتنی ژنانی ئیسلامگەرا سازا تاکوو قڵەشی گەورەی ئابووریی – سیاسیی بەجێماو لە گەشەی خێرای ئابووریی بازاڕ پڕ بکاتەوە. بابەتەکە ئەوەیە کە تێکەڵ‌بوونی وڵاتانی پاش کۆلۆنیالیی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە نەزمی جیهانی سەرمایەداری/ئەمپریالیستی، نەک هەر پێوەندیی نێوان دەوڵەت و ئابووریی بازاڕی بەهێز کرد، بەڵکوو مافەکانی لیبڕاڵ دیمۆکراتیکی هاووڵاتییان، بە تایبەت ژنان، خوێندکاران، سیاسەتەکانی چەپ/سیکۆلار و بزووتنەوەکانی ئازادیی نەتەوەیی ئاستەنگ کردەوە.

لەم سەروبەندەدا (کۆتاییەکانی دەهەی ٧٠) دوو ڕووداوی دیکەش لە سەرکوتی خێرای ناڕەزایەتییەکان نەک هەر لە ناوچەکە بەڵکوو لە سەر ئاستی جیهاندا دەوریان هەبوو: یەکەم، دەستپێکی کەوتنی ئەزموونی کورت‌ماوەی بەڕێوەبردنی سوسیالیزم لە یەکیەتیی سۆڤییەت، چین و ئەورووپای ڕۆژهەڵات؛ دووهەم، ڕکابەرێتییە ئەمپریالیستییەکان بۆ دووبارە دابەشبوونەوەی جیهان بۆ ئاقاری دژبەری دزەکردن و بڕشت، بەتایبەت توندتر بوونی پەرەی هێزی ئەمپریالیستیی ئەیالەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکە، (٢) شکستی شۆڕشی ١٩٧٩ لە ئێران بە هۆی دەسەڵاتی هیزە ئیسلامگەراکان، لە مەشرووعییەت و تۆکمەبوونی ئەم پڕۆسسانەدا دەوری بنچینەیی هەبوو. 
ژنان و خەباتی دژە ئەمپریالیستی.

تایبەتمەندیی ناوازەی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران بەراورد بە بزووتنەوە دژە کۆلۆنیالی و ئازادیخوازانەکانی سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لە ناوچەکە، هەڵوێستی دژە ئەمپریالیستیی ئایینی، پۆپۆلیستی و سیکۆلاربوونی بوو. بە هەر چەشنە پێوەندیی کۆمەڵایەتیی سەرمایەداریی قۆناغی کۆلۆنیالیی ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەهەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، ماوەیەکی زۆر بوو گۆڕانی بەسەردا هاتبوو و لە قاڵبی بازرگانی و ڕکابەرێتیی ئازادانەوە گۆڕابوو بۆ پاوان‌کردن و سەرمایەی ماددی لە ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەمدا. لەگەڵ کۆتایی‌هاتنی جەنگی جیهانیی دووهەم، دەسەڵاتە ئەمپریالیستەکان بۆ دابین کردنی ئاسایشی هەرێمەکان و "ئاقارەکانی بڕشت"ی خۆیان چوونە نێو خولێکی نوێی ڕکابەرێتیی نێونەتەوەییەوە. ئەوە فرەخوازییەکانی ئەمپریالیستی ئەیالەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو کە کوودەتای ساڵی ١٩٥٣ی ڕێکخراوی سیا (CIA)ی لە ئێران دژ بە دەوڵەتی ناسیۆنالیستی دێمۆکراتیکی موسەدیق (سەرۆک‌وەزیارانی ئەو کات) ڕێبەریی کردبوو. ئەم کوودەتا هێز و دەسەڵاتی دەوڵەتیی حکوومەتی دیکتاتۆری استبدادی پاشایەتیی موحەمەد ڕەزا شا [٤٤] (پاشای دووهەمی پەهلەوی) پتەو کردەوە و ئێران تا کاتی لابردنی لە پاشایەتی، واتا ساڵی ١٩٧٩، هاوپەیمانێکی بەهێزی ئەمپریالیزمی ئەیالەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو لە ناوچەکەدا. سەردەمی حکوومەتی "شا" ئێران پڕۆسسی بەرینی "مۆدێڕنیزاسیۆن" و "سێکۆلاریزاسیۆن"ی هاوڕێ لەگەڵ ژنانی چینی مامناوەندی شاری، وەک گەورەترین بەرەی سوودمەند لەم ڕیفۆڕمە بەربڵاوانە، ئەزموون کرد. ئەم چاکسازییانە کە پێکهاتبوو لە زەوی و زاری کشتوکاڵی، پەروەردە، تەندرووستی، دامەزران و مافەکانی ژنان، بە سەرکوتی سیاسیی بەربڵاوی ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، خوێندکاران، ژنان، کرێکاران و ڕۆژنامەکان بەهێز و تۆکمە کرا. 

ڕژیمی "شا" ببوو بە "ژاندارم" ی بەرژەوەندییە ئەمپریالیستییە سیاسی، ئابووری و کولتورییەکانی ئەیالەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. یەک لە دوایین هەدیەکانی "شا" بە ئەیالەتە یەکگرتووەکان ناردن و جووڵانی تیپێک هێز بە پشتیوانیی هێزی هەوایی لە ساڵی ١٩٧٤ بوو بۆ سەرکوتی "شۆڕشی زەففار" [٤٥] لە عەممان. (Takriti 2013; and Hallidary, 1979) عەممان لە ساڵی ١٩٣٢ەوە تاکوو ١٩٧٠ لە ژێر ڕکێفی کۆلۆنیالیستی بریتانیادا بوو. "بەرەی ئازادیخوازی زەففار" [٤٦] ساڵی ١٩٦٨ بە پێی پڕەنسیپەکانی "سوسیالیزمی زانستی" و بە ئامانجی لە نێو بردنی زاڵێتیی کۆلۆنیال، دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆ کە بە پێی پڕەنسیپەکانی یەکسانی بەڕێوە ببرێت، و ڕێشەکێش کردنی هەژاری و نەخوێندەواری پێک‌هات. ژنانی عەممانی بە بزووتنەوەی ئازادیخوازییەوە پەیوەست بوون و بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی گونجاو بۆ تێکەڵ بوون بە بزووتنەوەی بەرخۆدان، کۆمەڵێک هەرەوەزی تایبەتی وەک چاوەدێری‌کردنی منداڵان‌یان دامەزراند. ساڵی ١٩٧٤ "ڕێکخراوی ژنانی عەممانی" [٤٧] بە شێوەی فەرمی بیچمی گرت و چەند کۆمیتەیەکی پاڵەکیی بۆ پۆلی فێری خوێندەواری  کردن و پەروەردەی سیاسیی کرانەوە. خوێندەواری "لە ڕێگەی فێرکردنی ئەلف و بێی شۆڕشەوە" دەوترایەوە کە بەم شێوە بوو: "چ وەک چین، ج وەک جووتیار، ش وەک شۆڕش، ک وەکوو کۆمەڵگا و ..." (The Gulf Committee 1975,12) و هالیدی (378-377,1979) دەنووسێ:

"بە وتەی یەک لە شرۆڤەکاران "بەرەی جەماوەر بۆ ئازادیی عەممان" [٤٨] لە دەستپێکدا ژنان خەباتکارتر لە پیاوان دەرکەوتن و لە دەوری یەک کۆ بوونەوە. ئەم بابەتە زۆر زوو دژ بە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان وەستایەوە. ژنان دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی زەخیرەی خۆراک بۆ ئەو شەڕڤانانەی ڕەنگ بوو بگەنە جێ: هاوسەرەکانیان بە زۆریی دژایەتیی ئەم کارەیان دەکرد و ژنان ناچار بوون بە نهێنیی خۆراکەکان زەخیرە بکەن. زۆرێک لە ژنان بە نیاز بوون دایک و باوک یان هاوسەرەکانیان بەجێ بێڵن بۆ ئەوەی لە بەرەی شەڕدا چالاکییان هەبێت. 

شۆڕش ساڵی ١٩٧٥ سەرکوت کرا و ژنان لە خزمەت لابران و بە وازهێنان لە خەباتی چەکدارانە و قوتابخانەی شۆڕش، هاوسەرگیرییان کرد و ئەو دەورانەیان گرتەوە ئەستۆ کە بە سوننەتیی لە قەڵەم دەدران. ژنان ژیانی خۆیان پێش شۆڕش بەم شێوە پێناسە دەکرد "ئێمە لە ژێر ڕکێف و زاڵێتیی چوار سوڵتان ڕەنجمان کێشا: سوڵتان مەسقەت [٤٩]؛ سوڵتانی عەشیرە واتە شێخ؛ سوڵتانی ئایینی واتا ئیمام؛ و سوڵتانی بنەماڵەیی واتە باوک، برا و هاوسەر." (The Gulf Committee 1975, 8) لەو چەند وتووێژە کەم ئەژمارەی لەگەڵ ئەم شەڕڤانانەی پێشوو ئەنجام دراوە، ژنان باسی هیوا، وشیاری و ئاواتی بونیادنانی کۆمەڵگایەکی یەکسانیخوازانە دەکەن. (هەمان:٢٦-١٦).

یەک لە هاوکارییەکانی "شا" لەگەڵ ئەیالەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەرکوتی شۆڕشی زەففار کە تا ئێستا کەمتر بە بەڵگەیی کراوە، گەڵاڵەی بە خزمەت گرتنی پەرەستار لە ئێرانەوە و ناردنیان بۆ ناوچەی شەڕ لە عەممان بوو. پەرەستارەکان لە باتیی خزمەتەکانیان لەوێ، گرین کارتی ئەمریکایان وەردەگرت. خەباتێکی نوێ بە مەبەستی کاردانەوە بەرامبەر بە سەڵتەنەتی لایەنگری ئەمپریالیزم و پیاوسالارانەی "شا" لە خواستەکانی چەپی دەهەی ١٩٦٠ و ١٩٧٠ سەریهەڵدا.

ژنان بەم بزووتنەوانەوە پەیوەست بوون، هەرچەند بەداخەوە ئەزموونەکانیان نە بە ڕادەی پێویست شیکردنەوە و لێکدانەوەی بۆ کرا و نە کەوتە ڕیزی ئەو کۆمەڵە بەرهەمەی بزووتنەوەکانی بەرخۆدانی فێمینیستییان دەخستە بەر باس. ساڵی ٢٠١٥ کتێبێک بە فارسی بە ناوی هاوڕێ لەگەڵ شۆڕشگێڕانی عەممانی: یادداشتەکانی جەنگی زەففار[٥٠] بڵاو کرایەوە کە کۆمەڵێک لە نامەکانی دوو خوشکی ئێرانی بە ناوی مەحبوبە ئەفزار و ڕەفعەت ئەفرازی لە خۆ گرتبوو. ئەم دوو خوشکە ساڵی ١٩٧٣ بە گرووپێکی ڕادیکاڵی مارکسیست لێنینیست بە ناوی موجاهیدینی میم لام ەوە پەیوەست بوون. ئەم خوشکانە لە بنەماڵەیەکی سەر بە چینی کرێکار بوون کە کە لە شارێکی بچووک بە ناوی جەهرۆم لە باشووری پارێزگای فارسەوە، سەرەتا چبوونە شیراز و دواتر بۆ کار و خوێندن لە تاران نیشتەجێ ببوون. ڕەفعەت بوو بە مامۆستا و مەحبووبە پزیشکیی تەواو کردبوو. ڕەفعەت بۆ پەروەردەی سەربازی گەیشتە دەمیشق و فەلەستین. پاش ماوەیەکی کورت هەر دوو خوشکەکە چوون بۆ عەممان و لە ماوەی شۆڕشی زەففاردا لە نەخۆشخانەیەک لە شاری ئەلغەیزیی [٥١] هەڵکەوتوو لە سنووری نێوان یەمەن و عەممان دەستیان بە کار کرد. لەو ڕووەوە کە نەخۆشخانەکە زیاتر لە لایەن پزیشکانی کووباییەوە بەڕیوە دەبرا، نامەکانیان هەستێکی قووڵ لە هاوڕێیەتییەکی جیهانی وەسف دەکات. ئەوان لەم نامانەدا تێر و تەسەل ئاماژە بە کەم و کوڕی و ئالنگارییەکانی ناو نەخۆشخانەکە دەدەن و باسی جیاوازیی ئایدۆلۆژیکی نێوان کارمەندانی نێونەتەوەیی ئەو نەخۆشخانەیە دەکەن. هەر لەو کاتەدا کە نامە بۆ ڕێبەری گرووپی موجاهیدینی میم لام دەنووسن، سەرقاڵی ئامادەکردنی ستراتیژییەکی تایبەتن سەبارەت بە چۆنێتیی پێکهێنانی بەرەیەکی دژە ئەمپریالیستی بۆ خەبات دژ بە ڕژیمی "شا". ئەوان خەون و ئاواتیان بە داهاتوویەکەوە دەدی کە تێیدا خەڵکی ناوچەکە  لە ڕکێفی فیئۆدالیزم، ئایین، سەرمایەداری و ئەمپریالیزم ئازادن.

ڕەفعەت ساڵی ١٩٧٣ لە تەمەنی ٤٠ ساڵان بە نەخۆشی مالاڕیا کۆچی دوایی کرد. ڕێوەڕەسی بەخاک سپارنی سەربازیی بۆ بەڕێوە برا و لە لایەن شۆڕشگێڕانی نێونەتەوەییەوە ستایش کرا. پاش شکستی شۆڕشی زەففار لە ساڵی ١٩٧٥، مەحبووبە چوو بۆ عەدەن [٥٢]  لە یەەمەن و لە بەرنامەیەکی ڕادیۆیی شۆڕشگێڕانە بە زمانی فارسی دەستی بەکار کرد. ئەم بەرنامە ڕادیۆییە گەلێک پەیامی دژە ئەمپریالیستی و دژە شای بۆ ڕاپەڕینی جەماوەریی تازە سەرهەڵداوی ئێران پەخش دەکردەوە. کاتێک کە هەواڵی ڕاپەڕین لە ئێران بە شێوەی بەربڵاو بڵاو بوویەوە، ئەو عەدەنی بە نیازی چوون بۆ پاریس بەجێهێشت. بەداخەوە کە لە تاراوگە تووشی نەخۆشیی ڕۆحی بوو و ساڵی ١٩٧٨لە پاریش کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. لە بەرهەمە چەپە ئێرانییەکاندا، مەحبووبە و ڕەفعەت وەک "ژنانی شۆڕشگێڕ و ئەنترناسیۆنالیست" وێنە کێشراون. لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناویندا ژنانی وەک ئەوان زۆربەی جاران لە مێژووی بەرخۆدان و بزووتنەوە چەپەکان سڕدراونەتەوە.سۆهرابی ٢٠٢٠ دەڵێ: "بزربوونیان لە دەقە مێژووییەکاندا بێ‌گومان بۆگرنگی نەدان بە ژیانیان دەگەڕێتەوە، ژیانێک کە بە هۆی گێڕانەوەی بەسەرهاتی پاشا و هێزە سەربازییە مەزنەکانەوە شاردراوەتەوە." نەغمە سۆهرابی لە وتارێکی کورتدا سەبارەت بە "هاوڕی لەگەڵ شۆڕشگێرانی عەممانی؛ یادداشتەکانی جەنگی زەففار" کۆمەڵێک پرسیاری درووست گەڵاڵە دەکات: "ئایا پێویستە چیرۆکەکانیان بگێڕینەوە" و "ئایا باسکردن لە بەسەرهاتی "ناگرنگ"ی ئەوان بۆ دەرکی شۆڕشەکان لە سەر ئاستی نەتەوەیی، ناوچەیی و جیهانی گرنگە؟ (هەمان)

دەکرێ لە نامەکانیاندا پەی بە شوناسی پەڕگیری ئایدۆلۆژیای پیاوانە و پیاوسالارانەی چەپ و نەبوونی چەشنێ وشیاریی فێمینیستی – کە هەر بەو ڕادەش پەڕگیر بێت، لە نێو ژنان خۆشیاندا، ببەین. مۆغیسی لە تاقە کتێبێک کە سەبارەت بە ئەزموونی ژنان لە بزووتنەوەی چەپ کە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی ١٩٧٩ نووسیویەتی، بەڵگاندن دەکات کە پیاوسالاری و پۆپۆلیزمی سوسیالیستیی چەپ "لە بەر دەم وشیاریی جێندەری و خەبات بۆ مافەکانی ژنان لە دوای شۆڕش بەربەست بوو." (Moghissi 1994, 159)

لە ئێران ژنانی شۆڕشگێری خوێندەواری شاری و چینی مامناوەند، چالاکییەکانی خۆیان بە پەیوەست‌بوون بە بزووتنەوە خوێندکارییەکان و مانگرتنی کرێکاریی کۆتاییەکانی دەهەی ١٩٦٠ و بە تایبەت پاش دامەزراندنی "ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران" [٥٣] لە ساڵی ١٩٦٥ و "ڕێکخراوی چریک فەداییانی خەلقی ئێران" [٥٤] لە ساڵی ١٩٧١ دەست پێکرد. ئەم دوو ڕێکخراوە گرووپی شاراوە و چریکیی بوون، بەڵام جیاوازییان ئەوە بوو کە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران ئایدۆلۆژیای ئیسلامیی لەگەڵ ئابووریی سیاسیی مارکسیستیی گرتبووە بەر و بنەڕەتی ئایدۆلۆژیکی سیکولاری ڕێکخراوی چریک فەداییەکانی خەلقی ئێران بە پێی پرەنسیپە مارکسیستی – لێنینیستییەکان بوو. ئەم گرووپانە "شا"یان بە "پیاوی"ی ئەمپریالیزمی ئەیالەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەزانی و ڕێبازی سیاسیی دژە ئەمریالیستیی بەهێزی بەدیهێناوە. 

ساڵانی پڕ ڕۆحییاتی شۆڕشی ناوەڕاستەکانی دەهەی ١٩٧٠، ژنان زیاتر لە هەمیشە بەم گرووپە ڕادیکاڵانەوە پەیوەست دەبوون. بە وتەی شەهیدیان (٢٠٠٢،١٠٧) "دیاری کردنی ژمارەی وردی ئەو ژنانەی ببوونە ئەندامی ڕێکخراوە نهێنییە چریکییەکان، بە هۆی کەش و هەوای شاراوەی ئەم جۆرە لە ئەکتیڤیزمی سیاسی نامومکین بوو." ئەو وتەیەکی ئابراهامیان دێنێتەوە کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە "لە نێو ٣٤١ چریکی کوژراوی دژبەری حکوومەتی پەهلەوی، ٣٩ کەسیان ژن بوون، ژنانی کابان (١٤) و خوێندکارانی زانکۆ (١٣) کەس لە سەری سەرەوەی لیستی گیان بەخت کردووەکاندا بوون و مامۆستای قوتابخانە، ٢ پزیشک، ١ کارمەندی بەڕیوەبەرایەتی." بەڵام ئەمانەت (٢٠١٧) دەنووسێ ساڵانی نێوان ١٩٧٠ بۆ ١٩٧٨، فەداییانی خەلق  ١٩٨ ئەندامی خۆیان لە دەست دا کە ٢٩ کەسیان ژن بوون. ئەو بانگەشە دەکات کە "لە بەرامبەردا، ژمارەی گیان‌بەخت کردوووانی موجاهیدین لە ساڵانی نیوان ١٩٧١ بۆ ١٩٧٦ زیاتر لە ١٥ کەس نەبوو کە لە نێویاندا تەنها یەک کەسیان ژن بوو. دەکرێ ئەم جیاوازییە بەرچاو و زەقە لە دەسەڵاتی ئایدۆلۆژیکی مارکسیستی بەراورد بە مارکسیزمی ئیسلامیدا ببینین." (Amanat 2017, 662)
ماوەیەکی کەم لە دوای شۆڕش، چەندین جیابوونەوە و دابڕانی زۆر لەم گرووپانەدا ڕوویدا کە بوون بە هۆی درووست بوونی گرووپ‌گەلی ڕادیکاڵتری مارکسیست – لێنینیست یان مارکسیست – لێنینیست – مائۆئیست و هاوتەریبیشی بەرجەستە بوونەوەی ئامادەیی بەهێزی ژنان. (Afary 2009) بەڵام لە بەر بەهێز و جێگیر بوونی  دینسالاری لە ئێران، ئەم ژنانە لەو یەکەم بەرە و گرووپانە بوون بەوپەڕی توندوتیژییەوە سزا دران، دەستگیر و ئەشکەنجە و ئێعدام کران... مەزندە دەکرێت کە ٢٠٠٠ بۆ ٣٠٠٠ ژن لە دەهەی یەکەمی جێگیربوونی حکوومەتی نوێدا ئێعدام کراون. (ناوەندی بەڵگەکانی مافی مرۆڤی ئێران [٥٥] ٢٠١١ و ٢٠١٥؛ و دادگای ئێران[٥٦] ٢٠١٢) ئەزموونی ژنانی ئێران لە زیندان هەرگیز لە توێژینەوە فێمینیستییەکاندا وەک نموونەی پرسیار کردن سەبارەت بە "سووژەبوون" یان "هۆکارێتی" ئەو ژنانەی بەرامبەر بە حکوومەت و یاساکانی ڕۆنەری "ژنانەیی ئیسلامی" وەستاون، نەکەوتۆتە ڕوو.

لە کۆتاییدا دەوڵەتی ئیسلامی جێگەی ڕژیمی لایەنگری ئەمپریالیزم و ڕۆژئاوا، سێکولار و تۆتالیتێری پەهلەویی گرتەوە. شوناسی سیاسی و یاسایی ئەم دوەڵەتە لە ڕێگەی بە ئیسلامی‌کردنی بەربڵاوی پێوەندییە ڕەگەزییەکانەوە پتەو کرا. ئەم کارە لە زۆر ڕووەوە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گۆڕانکارییە خۆڕسک و بەرنامە بۆ داڕێژراوانە بوو کە لە کەم تا زۆر هەشتا ساڵی دواییدا (لە دەستپێکی شۆڕشی مەشرووتەوە لە ساڵەکانی ١٩٠٦ بۆ ١٩١١) لە پێوەندییە ڕەگەزی و جێندەرییەکاندا هاتبووە ڕوودان. لە حاڵێکدا کە ڕەزا شا وەک یەکەم پاشای خێزانی پەهلەوی (١٩٤١-١٩٢٥) بۆ کەشفی حیجابی ژنان توندوتیژیی دەوڵەتیی بەکار دەهێنا، کۆماری ئیسلامی بۆ دووبارە لە سەر کردنەوەی حیجاب سەرکوت و زەبر و زەنگێکی زۆری خستە ڕێ. بەم حاڵەشەوە ئیسلامی‌سازیی پێوەندییە ڕەگەزییەکان هەر لە سەرتاوە لەگەڵ خۆڕاگریی توندی ژنان بەرەو ڕوو بۆوە و تا هەنووکەش ژنان وەک هێزیکی سەرسەختی دژایەتیی ماونەتەوە. (٣) گەلێک بابەت لە سەر ژنانی ئیرانی هاتوونەتە نووسین بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان لە سەر ئەزموونەکانی ژنانی شاری و چینی مامناوەند چڕ بوونەتەوە و ئەزموونی ژنانی کەمیینەی نەتەوەکانی دیکەی وەک کورد، عەرەب، تورک یان بەلووچ باس نەکراوە. گرنگتر لە هەمووشی ئەوەیە کە خەباتی ژنانی چەپی سیکولار کە لە دەهەی ١٩٤٠ەوە بە خەباتی سوسیالیستی، دژە ئەمپریالیستی و چەکدارانەوە پەیوەست بوون، لە بەرچاو نەگیراوە. 

ژنانی کورد لە خەباتە چەکدارییەکان

هاتنە سەر حوکمی دەوڵەتی نوێ لە ساڵی ١٩٧٩، وەکیتر کاریگەریی لە سەر سیاسەتەکانی ناسیۆنالیزم و فێمینیزمی کوردەکان دانا. بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی کورد یەک لە پایەدارترین بزووتنەوەکانی مێژووی سەردەمی نوێیە. خەباتی کوردەکان بۆ سەربەخۆیی بە پلەی یەکەم لە چوار دەوڵەت – نەتەوەی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریادا لە ئارادایە. بەڵام ئەم خەباتە دەسەڵاتە گرنگە ڕۆژئاواییەکان بە تایبەت ئەیالەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بریتانیا و فەڕەنسا، کۆمەڵێک ئەکتەری لۆکاڵیی جۆراوجۆری وەک ڕێکخراوە سیاسییە جیاجیاکان و چین و توێژە جۆراوجۆرەکان لەوانە موڵکداران، جووتیاران، کرێکاران و بوورژوازیی شارییشی کردۆتە ئامانجی خۆی.

ناسیۆنالیزمی کوردیش هاوشێوەی بزوونتەوە ناسیۆنالیستییەکانی دیکە بەزۆریی خاوەنی خسڵەتێکی پیاوانەیە، گەرچی ژنانیش بە دەور و رۆڵی جۆراوجۆر و بگۆڕ بەشدارییان تێدا کردووە. ناسیۆنالیزمی کوردی وەک دیکەی پڕۆژە ناسیۆنالیستییەکان ژنان وەک قارەمانانی وڵات، بەرهەم‌هێنەرانی نەتەوە، پارێزەرانی "نیشتمانی دایک"، "شانازیی" نەتەوە و چاوەدێرانی کولتوور، میرات و زمانی کوردی وێنە دەکێشێت. (Mojab2001; Hassanpour2001) 

ڕێکخراوە سیاسییە ناسیۆنالیستەکانی کوردەکان لە دەهەی ١٩٥٠وە "گرووپ‌گەلی ژنان"ی تایبەت بە خۆیان هەبووە کە بە زۆریی لە ڕۆڵی پشتیوانی پیاوانێکدا خزمەتیان کردووە کە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکانیان لە ئەستۆ بووە. بەڵام لە دەهەی ١٩٨٠وە، دوو ڕێکخراوی سیاسی، ژنانیان لە زنجیرە پلەییەکانی سیاسی و سەربازیی خۆیاندا بەکارهێنا. یەک لەم ڕێکخراوانە "پارتی کرێکارانی کوردستان" [٥٧] بوو کە زیاتر بە ناوی پە.کە.کەوە[٥٨] دەناسرێت و ئەویدی "ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران"[٥٩] یان کۆمەڵە [٦٠] بوو.

لە سەردەمی سەرهەڵدانی "شۆڕشی ڕۆژئاوا" [٦١] ەوە، کە ساڵی ٢٠١٢ دەستی پێکرد و دواتر ساڵی ٢٠١٦ گۆڕا بۆ "فێدراسیۆنی دیمۆکراتیکی باکووری سووریا" [٦٢]، مشتومڕکاان لە سەر دەوری ژنانی کورد لە خەباتی چەکدارانەدا هەڵگیرساوەتەوە. کردەوەی ئەم دوو ڕێکخراوە کۆمەڵێک پێوەندیی ئاڵۆز ئاشکرا دەکات کە فێمینیزم بە ناسیۆنالیزم و هەروەها بە پێکهێنانی دەوڵەت و پیاوسالارییەوە پەیوەست دەکات. بەم حاڵەشەوە، شیکردنەوەی ورد تەنها لە ڕێگەی توێژینەوەی ئەتنیسیتیی فێمینیستیی چەند ئەتنۆگرافی فرە پانتایی، بان نەتەوەیی و بان ناوچەییەوە مومکینە. بەداخەوە ئەنجامدانی ئەم جۆرە توێژینەوانە بە هۆی سەرکوتی سیاسی و ئەو جەنگە وێرانکەرەی لە هەر چوار دەوڵەت – نەتەوەی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا سێبەری خستۆتە سەر کوردەکان، زۆر ئەستەمە. بەڵام ساڵانی دوایی چەند فیلمێکی دۆکۆمێنتاریی گرنگ لە دەرکی دینامیکی پێوەندییە ڕەگەزییەکان نزیکترمان دەکاتەوە؛ چەندین فیلمی وەک: ژنانی کێوی ئارارات [٦٣] (٢٠٠٤)، سەما بۆ گۆڕان [٦٤] (٢٠١٥)، گوڵستان، وڵاتی گوڵی سوور [٦٥] (٢٠١٦) و فەرماندە ئارین: چیرۆکێک لە سەر ژنان، جەنگ و ئازادی [٦٦] (٢٠١٨). 

جگە لە فیلمەکان، ژیاننامەی ژنانی خەباتکاری ڕێگای ئازادی ژانێرێکی تازە سەرهەڵدراوە کە مەعریفەیەکی ئاوەڵاتر لە مەڕ پێوەندیی ئاڵۆز و ڕێگرە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان سەبارەت بە چۆنێتیی بوون بە "خەباتکاری ئازادی" مومکین دەکات؛ ژیاننامەی وەک سارا: ژیانی من بۆ خۆی خەباتێک بوو[٦٧]، ئەمینە: لە کڵاشینکۆفێک گەورەتر نییە [٦٨] و هەڵاڵەکانی سەر بەردەڵان :ژیان و ڕۆژگاری ژنی کورد لە کوردستانی ئێران [٦٩] (بە فارسی). لە درێژەدا، ئەزموونی ژنانی ئەندامی کۆمەڵە لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨١ لە ئێران لێکدەدەینەوە. 

ژنانی شاری و خوێندەواری کورد، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی ئێران بە شێوەی خۆبزێو بە شەپۆلی شۆڕشی ناڕەزایەتییەکان دژ بە شا لە شارە گەورەکانی کوردستاندا پەیوەست بوون. کۆمەڵە ١٦ی مارسی ١٩٧٩ چالاکیی ئاشکرای خۆی دەست پێکرد و زۆر زوو بوو بە یەک لە هێزە دیاریکەرەکانی ناوچە کوردنشینەکان. داخوازییە سیاسییەکانی کۆمەڵە بریتی بوو لە پەسەندکردنی شوناسی کولتووری و زمانیی جیاوازی کوردەکان، مافی ئابووری و مافی خودموختاری. ناوچەی کوردستان هەر لە سەرەتاوە سەنگەری هێزەکانی دژی دەوڵەتی ئیسلامی بوو و هەر بەم بۆنەشەوە بە ناوی "ناوچەی ئازاد"ەوە ناو نرابوو. ناوچەیەک کە لە کۆت و بەندی هەر چەشنە یاسای فەرمیی دەوڵەتی ئیسلامی ئازاد بوو و لە باتیی ئەوە لە لایەن حیزبە سیاسییە بە زۆریی چەپەکانەوە، بەڕێوە دەبرا. چاند مانگێک دوای ڕاگەیاندنی فەرمیی چالاکییەکانی کۆمەڵە، شوورا و ئەنجومەنی ژنان لە شارە گەورەکاندا دامەزرا؛ بۆ نموونە "شوورای ژنانی سنە"، "ئەنجومەنی ژنانی خەباتکاری سەقز"، "ئەنجومەنی ژنانی شنۆ" و "شوورای ژنانی نەغەدە".

گەڵاڵەی گشتیی ئەم گرووپانە کە لە سەر بنەمای ڕێبازی سیاسیی گرووپە چەپە پیاوسالارەکان بیچمی گرتبوو، دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری، یەکگرتنی ژنان و بەرگریی لە مافی نەتەوەیی کوردەکان بوو. ئەوان بەڕێوەچوونی پۆلی فێرکردنی خوێنەواری، بەرنامەی فێرکاریی پیشەیی لەوانە بەرگ‌دووریی و هەروەها فێرکاریی سیاسی و سەربازییان بۆ ژنان دەست پێکردبوو. باس و مشتومر لە سەر دۆخی کۆمەڵایەتیی ژنان، هەژاری، توندوتیژیی دژ بە ژنان، فرەژنی و جوغڕافیای سیاسیی ناوچەکە، بوو بە چالاکیی زاڵی سیاسی و ڕۆشنبیریی ئەم گرووپانە. ژنان بە شێوەی بەرین و پەڕگیر لە دوو ڕووداوی گرنگی سیاسیدا بەشدرییان هەبوو: یەک لەم ڕووداوانە کۆچ یان ڕێپێوانی جێ ستایشی مەریوان بوو کە زیاتر لە ٨٠٪ی حەشیمەتی شارەکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییان بە دەستگیر کردنی ژمارەیک لە چالاکان و چالاکیی سەربازیی لە ناو ئەم شارە سنوورییەدا، وەک ڕێپێوانێک شارەکەیان بەجێهێشت؛ و ڕووداوی دووهەم مانگرتنی یەک مانگەی شاری سنە لە بەر دەم بینای پارێزگاردا بوو. 

چالاکییەکانی ژنان زۆربەی جاران دووبارە بەرهەم‌هێنانەوەی کاری ماڵ بۆ نموونە چێشت لێنان، تەدوای و یارمەتییە سەرەتاییەکان، و پشتیوانیی پشتەوەی هێڵەکان لەوانە دابەش‌کردنی مەلزەمە سیاسییەکان، ڕاگەیەندراوەکان و ڕۆژنامەکاندا ئاستەنگ ببۆوە. لەگەڵ گرژتر بوونی سەرکوتی سیاسی، بە تایبەت دوای دەستپێکی "شەڕی پیرۆز:

دژ بە کوردەکان لە ئاگۆستی ١٩٧٩، شوناسی بەشداریی ژنان لە بزووتنەوەی خۆڕاگری لە حاڵەتی ئاشکراوە گۆڕا بۆ حاڵەتی نهێنی و شاراوە. ژنان بوون بە پەیام گەیەنەری گرووپە سیاسییەکان و زانیاریی هەستیار و لۆجێستیکییان لە نێوان شارەکاندا دەگواستەوە. ئەوان بەڵگە و زانیارییەکانیان لە جەستەیاندا دەشاردەوە و حاڵەتی جلوبەرگی کوردیش ڕێگەی گواستنەوەی چەک و فیشەکی بۆ ئاسان کردبوونەوە. جەستەی ژنانی کوردیش هاوشێوەی جەستەی ژنانی جەزائیری و فەلەستینی، بوو بە شوێنێکی "ئەمن" و "دڵنیا" بۆ چالاکیە سیاسییە شاراوەکان. جەستەی ژنان لە بەر ئەوەی کە هێزی سەربازیی حکومیی ژنی کوردی وەک سووژەگەلی ناسیاسی و دەست بۆ نەبراو و پارێزراو دەهێنایە ئەژمار، "ئەمن" بوو.  پشتی گرووپە سیاسیە پیاوسالارە کوردەکانیش بەم دەمارگرژییە گەرم بوو و لە ڕاستیدا پشتیوانییان لێ دەکرد. 
ئەو ژنانەی لەم ئەزموونەدا بەشدارییان کردبوو، بە یەک لە بوێرانەترین کردەوە سیاسییەکانی خۆیانی دادەنێن. ئەوان شاراوەترین پەیامەکان، بۆ نموونە نامەی فەرماندەکانیان دەخستە نێو مەمکەنیانەوە لە بەر ئەوەی کە دەیانزانی گەر شەویش لە سەر شەقام یان لە سەیتەرەکان ڕۆژ بکەنەوە، دەستی هیچ پیاوێک ناگاتە نێو مەمکەکانی ئەوان. ئەم ژنانە باسی ترس و دڵەڕاوکێی خۆیان، ڕێکاری داهێنەرانەیان بۆ فریودانی خاڵەکانی پشکنین، ئەوەی کە چۆن بە بردنی منداڵێک لەگەڵ خۆیان وایان دەنواند کە دایکن و یاخود بە خۆ ڕازاندنەوەیەکی زۆر خۆیان وەها دەردەخست کە گوایە بۆ زەماوەند دەچنە گوندی ئەوبەر.

لە هاوینی ساڵی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨١، شەڕێکی قورس لە ناوچە کوردنشینەکان لە ئارادا بوو و دەوڵەت هەموو هێزێکی سەربازیی خۆی خستبووە گەڕ. لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورە سەربازییە، شارە گەورەکان داگیر کرانەوە و زۆرێک لە لادێکان و چەندین ناوچەی شاری کە گەمارۆ درابوون، کاول کران. ئایەتوڵڵا خەڵخاڵی (ئاخوندێکی شیعە و سەرۆکی دادگای شۆڕش) بۆ سەرکوتی دژبەران بۆ کوردستان نێردرا. ژنان بە هۆی ڕەگەز، ئەتنیستی، زمان و ئایینیانەوە (وەک ئەندامانی ئایینزای سووننە) سزا دران. بە سەدان کەس دەستگیر و زیندانی و ... کران، و دواتر حوکمی باڵاترین سزادانیان بە سەردا جێبەجێ کرا. ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە ژنان لە ژێر هەڕەشەدا بوون؛ ماڵەکان، قوتابخانە و شەقامەکانیان بەردەام چاوەدێریی دەکرا و هەرکە پێشمەرگەکان لە شارەکانەوە بەرەو چیاکان پاشەکشێیان دەکرد، لێپێچینەوە لە ژنان دەکرا بۆ ئەوەی زانیاریی لە سەر کەس و کارە پیاوەکانیان و شوێنەکەیان بدرکێنن. 

لەگەڵ داگیرکردنەوەی شارە کوردنشینەکان و چوونە دەرەوەی پێشمەرگە، چالاکیی هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان یاساخ کرا. چالاکانی سیاسیی ژن بەرە بەرە شارەکانیان بەجێ هێشت و بە حیزبە سیاسیەکانی جێگیر لە ناوچە کوێستانییە سنوورییەکان و باکووری عێراق [هەرێمی کوردستان] پەیوەست بوون. ساڵانی نێوان دەهەی ١٩٨٠ بۆ ١٩٩٠، پێشمەرگە کوردەکان ناچار بوون ناوچەکە بەجێبێلن و زیاتر داوای پەنابەریی لە ئەورووپا بکەن. ئەم کۆچبەرییە یەکەم بە هۆی شەڕی نێوان ئێران و عێراق (١٩٨٨-١٩٨٠) و پاشان لە بەر جەنگی یەکەمی کەنداو بە ڕیبەرایەتیی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩١ بوو.

زانیارییەکی ورد لە سەر ژمارەی ژنانی کوژراو بوونی نییە. بەم حاڵەشەوە کەریمی باس لەوە دەکات کە بە گشتی کەم تا زۆر ١٠٤ ژن لە ماوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەدا کوژران یان ئێعدام کران (مکاتبات شخصی، ژانویەی ٢٠١٩). ئەو بەڵگاندن دەکات کە ژنان، کۆمەڵەیان بۆ قایل‌بوون بە پەیوەستبوونی ژنان بە خەباتی چەدارانە خستە ژێر گوشارەوە: "سەرەڕای وەرگرتنی بەرە بەرەی ژنان و پەرەگرتنی چالاکییە جۆراوجۆرەکانیان، ژنان لە ناوخۆی ڕێکخراوەکەدا تووشی چەندین بەربەست دەبوونەوە." (کریمی، ارتباگات شخصی، ژانویەی ٢٠١٩). ئەم لێکدانەوە کورتە سەبارەت بە خەباتی ژنانی کورد لە بەرامبەر پیاوسالاری لە ماڵەوە، وڵات و ناوخۆی ڕێکخراوە سیاسییەکان، هێمای ئاستەنگیی وشیاریی فێمینیستی لە نێو کوردە چەپەکانە.

ژنانی ڕۆژئاوا (ڕۆژاوا واتا بەشی ڕۆژئاوایی کورستانی گەورە) لە شکست‌هێنان بە پیاوسالاریی ئایینیی داعش [٧٠] بەهێزییەکی سەیریان نواند. کاتێک کە ڕژیمی سووریا سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٤ هێزەکانی خۆی لە ڕۆژئاوا بردە دەرەوە، یەک لە حیزبە کوردییەکان بە ناوی "حیزبی یەکیەتیی دیمۆکراتیک" [٧١] (لە زمانی کوریددا PYD)، لە سێ بەش یان کانتۆنی نا هاوکەوشەن ڕۆژئاوا سەربەخۆیی ڕاگەیاند. حیزبی یەکیەتیی دیمۆکراتیک ڕێکخراوێکی ناسیۆنالیستی چەپە کە لە ڕوانگەی سیاسی و ئایدۆلۆژیکییەوە وابەستەی پارتی کرێکارانی کوردستان یان پەکەکە لە تورکیایە. پێکهێنانی ئەم کانتۆنە خۆسەرانە لەگەڵ دژایەتیی بەرە یان گرووپەکانی خۆڕاگریی سووریا (لەوانە ئەرتەشی ئازادی سووریا) [٧٢]، تورکیا، ئەیالەتە یەکگرتووەکان بەرەو ڕوو بۆوە. هێزە بناژۆخوازە ئیسلامییەکان دوژمنی سەرسەختی کوردەکانن و داعش بۆ لەنێو بردنی ئەو کانتۆنە خۆسەرانە هێرشێکی گەورەی ڕێکخست.

ئەم شەڕە سێپتەمبەری ٢٠١٥ و بە میحوەرییەتی شاری کۆبانی [٧٣] دەستی پێکرد و سەرنجی میدیاکان و خەڵکی سەرتاسەری جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. پارێزەران و بەرگریکارانی کۆبانی هەموو ئەو ژنە چریکە ئیلهام‌بەخشانە بوون کە شکستیان بە داعش هێنا. زۆرێک لە چاودێران، کۆنیانییان لەگەڵ ستالینگراد [٧٤] و مادرید [٧٥] لە ڕەوتی خەباتی دژە ئەمپریالیستیی سەدەی ڕابردوودا بەراورد کردووە. وێنەکانی شەڕ و گۆڕەپانی خەبات، بەرامبەركێیەکی توند و گرژیان نمایش دەکرد. ژنانی گەنجی ئۆنیفۆڕم لە بەری بی کەی سی لە شان کە خەریکی شەڕ لەگەڵ ئەرتەشێکی دینیی هۆڤ و دژە ژن بوون. (Knapp, Flach and Ayboga 2016; Dirik etal. 2016; and Basch Harod 2017)

ژنانی ڕۆژئاوا ڕێکخراوی سەربازیی خۆیان هەیە کە بە ناوی "یەکەی پاراستنی ژنان" (YPJ[٧٦] ناو نراوە. ئەم یەکە هاوڕێ لەگەڵ یەکەی پاراستی گەل" (YPG) [٧٧]، یەکیەنەکانی پاراستنی گەل لقی سەربازیی حیزبی یەکیەتیی دیمۆکراتیک پێک دێنن. ئەم حیزبە پشتیوانی سوسیالیزم یان تەنانەت شۆڕش نییە و ئامانجی بونیادنانی "کۆنفدراڵیزمی دیمۆکراتیک"ە. ڕێبەری پەکەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان کاتێک کە لە تورکیا زیندان بوو، ئایدیای ڕۆنانی کۆنفیدڕاڵیزمی دیمۆکراتیکی بێ پەرژانە سەر دەوڵەت‌سازی داڕشت. (Casier and Jongerden 2012; and Jongerden and  Hamid Akkaya2011) پەکەکە هیوادارە بتوانێ لە تورکیا و لە ناوچەی کوردنشینی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا "خۆسەرییەکی دیمۆکراتیک" دابمەزرێنێت. ئەم خۆسەرییە لە کۆی کۆمەڵێک شوورا و جڤاتی پەیوەست بە یەکدیی لە گەڕەک، لادێ، ناحیە، شار و شارەوانی و پارێزگاکان پێک دێت. گەرچی بە هۆی ئامادەیی تۆخی دەوڵەتە پیاوسالار، سەرمایەدار و ڕەگەزپەرەستەکانی  ئێران، عێراق، تورکیا و  سووریا (سەرباری دەستوەردانی دەوڵەتەکانی ئەیالەتە یەکگرتووەکان، سووریا، ئیسڕائیل و سعوودیا)، پەکەکە پڕۆژەی بونیادنانی خۆسەریی دیمۆکراتیکی پێ جێبەجێ نەکراوە، بەڵام کوردەکانی ڕۆژاوا بەشێک لە نەخشە ڕێگاکەی ئۆجەلانیان بە کردەوەیی کردووە.

ڕوانینێکی سەرپێی بۆ یاساکانیان سەبارەت بە مافەکانی ژنان پێمان دەڵێ ئەم یاسا پێشکەوتووتر لە یاسای ئایینیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە و وەک هەوڵێکی سەرەتایی بۆ بە دیمۆکرات‌کردنی ڕەهەندە جیاجیاکانی ڕژیمە سێکسیتییەکان، یاسایەک لە ئارادایە. ئایدیای ئۆجەلان سەبارەت بە "ژنۆلۆژی"[٧٨] کە چەمکێکە بە مانای "زانستی ژنان" [٧٩]، وەک ئاڵترناتیڤێک بۆ فێمینیزمی ڕۆژئاوایی / مۆدێڕن باس دەکرێت. (Duzgun 2016; and Ocalan 2013)  بێ پەرژانە سەر هەندێ لە بانگەوازە مێژوویی و فەلسەفییە هەڵە و ناڕاستەکانی ئۆجەلان، هەر ئەوەندە بەسە کە بڵێین لە ڕاستیدا ئایدیای ژنۆلۆژی، فێمینیزم بۆ فێمینیزمی ئەتنی – نەتەوەیی دەگەڕێنێتەوە. ژنانی کورد هاوشێوەی ژنانی سەرتاسەری جیهان، گەرچی بۆ گەل، چین و توێژ یان زمانی جۆراوجۆر دابەش بوون، سەرقاڵی خەباتێکی قورسن کە ڕەگی هەم لە کۆمەڵگای پیاوسالاریاندا و هەم لە ڕژیمێکی پیاوسالاری نێونەتەوەییدایە؛ ڕژیمێکی هاوپێوەند لەگەڵ سەرمایەداری، ئەمپریالیزم و بناژۆخوازی. ژنانی کورد دەتوانن هاوکارییەکی بەسوودیان هەبێت، بەڵام نەک وەک ژنانی نەتەوەگەرا یان ئەتنۆگراف و نەک بە پێی ئەفسانەیەکی بەرهەم‌هاتوو لە کامڵ بوونی مێژووی کورد. 
کۆتایی

زیاتر لە سەدەیەک خەباتی ژنان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین چ بەرهەمێکی هەبووە؟ ئەم ڕاپۆرتە مێژووییە کورتەی لێرەدا هاتە باسکردن، بە ئاشکرا باسی ئامادەیی ڕاشکاوی ژنان لە بزووتنەوە دژەکۆلۆنیالی، دژە ئەمریالیستی و شۆڕشگێڕانەکان دەکات. ئەم ڕاپۆرتە هەروەها  ئاماژە بە ناپەیوەستبوون، پێشکەوتنەکان و وەکیتر شکستەکان دەدات. لە هەموو ئەم هەوراز و نشیوانەدا، ژنان لەگەڵ هێزی پیاوسالاریی نێو هەناوی ناسیۆنالیزم، کۆلۆنیالیزم، سوسیالیزم، ئەمپریالیزم و فێندەمێنتالیزم بەرەو ڕوو بوون. ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم هێزانە لە یەکە بە یەکەی ئەو قۆناغە مێژووییانەی لەم وتارەدا لێکدراونەتەوە، لە سەر وشیاریی جێندەری و خەبات بۆ یەکسانیی ڕەگەزی و ئازادیی ژناندا کاریگەریی هەبووە. ژنان و شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پڕۆژەیەکی ناتەواو و خەون و ئاواتێکی بەرز و باڵایە. لێکدانەوەی ئەم بابەتە پێویستی بە ئەنجامدانی چالاکیی ئارشیڤی، ئەتنۆگرافی و کۆمەڵناسانەیە. توێژینەوەی ژیاننامەکان و یادمانی شۆڕشەکان، ڕاپەڕین و شۆڕشەکان لە قاڵبی شێوە و شێوازی فرەڕەنگی میدیای ئاڵترناتیڤ، سەرچاوەی پڕبەها بۆ پێشوێن‌کردنی دەور و خەباتی ژنان لەم بزووتنەوانەدا لە قەڵەم دەدرێن. 

لەم چەند دەهەی دواییدا ژنان چالاکانە و بە شێوەی کۆیی لە ڕاپەڕینی وڵاتە عەرەبییەکاندا بەشدارییان کردووە؛ ئەو ڕاپەڕینانەی کە لە دیسەمبەری ٢٠١٠وە لە تونس دەستی پێکرد  و بە سەرتاسەری ناوچەکەدا پەرەی گرت. ژنان وەک ڕێکخەر، ڕێبەر و چالاکی فەزای مەجازی دەرکەوتن. زۆربەی ژنان لە پێگەی ئەندامانی بزووتنەوەکانی ڕێکخراوەیی ژنان کە داواکاری نەمانی پێوەندیی ڕەگەزی و جێندەریی پیاوسالارانە بوون، لەم بزووتنەوانەدا بەشدارییان نەکرد. ئەوان هاوڕێی پیاوان و "شانبەشانی"ئەوان داوای ئەوەیان دەکرد کە دیمۆکراسیی پاڕلەمانی جێگەی دیکتاتۆریی بگرێتەوە؛ کەوابوو گرنگیی ئەوتۆ بە سیستەمی کۆمەڵایەتی – ئابووریی و بونیادی چینایەتیی نەدرا و ئەنجام وەک خۆی مایەوە. گەرچی زۆرینەی هەژاری کۆمەڵگاکان دەستکەوتێکیان بەدەست نەهێنا، بەڵام ئەو ژنانەی لە سەر شەقام و مەیدانەکان دەکەوتنە بەر پەلاماری پۆلیسی پیاو و توندوتیژیی ئەمنی، زیاتر لە هەمووان زەرەرمەند بوون. 

ئەوەندەی نەخایاند کە دیکتاتۆرەکانی تونس، یەمەن و لیبیا ڕووخان و ئەو گرووپە پڕاوپڕ ڕێکخراوانەی لایەنگری فۆڕمێکی دیکەی دیکتاتۆری لە قاڵبی دینسالاریدا بوون، جێگەی ئەوانیان گرتەوە. ئەوەندەی پێنەچوو کە لە لە میسر، کە بە یەک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بزوونتەوەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەهاتە ئەژمار، ئەرتەش داخوازیی گشتی بۆ سیستەمی پاڕلەمانی ڕەچاو نەکرد و دیکتاتۆرێکی سەربازیی کردە سەرۆکی دەوڵەت. لە سووریا گرووپە جیاجیاکانی نەیار و دژبەری ڕژیمی دیکتاتۆری ئەسەد، پشتیان بە پشتگیریی سەربازی و سیاسیی دەسەڵاتە ناوچەیی و ڕۆژئاواییەکان بەست. لە ماوەی یەک ساڵدا، وڵاتەکە بوو بە گۆڕەپانی شەڕی ڕژیمی ئەسەد، هێزە کوردەکان، بناژۆخوازە ئیسلامییەکان، دەسەڵاتە ڕۆژئاواییەکان، چین، ڕووسیا، سعوودیا، ئیسڕائیل و ئێران. 

لە نەبوونی سیاسەتی شۆڕشگێڕانەدا، ئەم ڕاپەڕینانە بوون بە هۆی حوکمڕانییەکی ئایینیتر کە بە توندیی  هەڕەشە بوون بۆ سەر ژنان، جەماوەرە کرێکارییەکان، کەمیینە ئەتنی و دینییەکان، و ئازادیی ئەندێشە و ئەنجومەنەکان. پێدەچوو ئەو خەڵکەی لە وڵاتە عەرەبییەکاندا ڕژانە سەر شەقامەکان، سەرقاڵی دووبارە ئافراندنەوەی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران بوون. لە هەر دوو نموونەی شۆڕشی ئێران و وەک دەگوترێ "بەهاری عەرەبی"دا، نەبوونی وشیاریی فێمینیستی، و هەروەها نەبوونی تیۆری و سیاسەت وڕێكخراوبوون، ئەو دەرفەتە بۆ  پێوەندییەکانی ئەمپریالیزمی سەرمایە، بناژۆخوازی و ئۆتۆریتیی دەستەبەر دەکات کە هەر فۆڕم و شێوازێکی خەبات بۆ گۆڕانێکی شۆڕشگێڕانە لە ناوچەکەدا سەرکوت بکات.  

پی‌نوشت‌ها

[1]   ازاراوەیەکە بۆ ئاماژە بە کەسانێک بە خواست و مەیلی سێکسیی بەدەر لە ناهاوڕەگەزخوازی؛ بۆ نموونە هاوڕەگەزخوازیی پیاوانە، هاوڕەگەزخوازیی ژنانە، دووڕەگەزگەرایی، ترانس، کووییر و.. 
[2] anticolonialism
[3] Rojava
[4] theocracy
[5] Molyneaux 1985; Milani 1992; Tétreault 1994; Badran 1995; Paidar 1995; Hale 1997; Joseph 2000; Graham-Brown 2001; and Keddie 2007
[6]  League of Nations ڕێکخراوێکی نێوان دەوڵەتی بوو کە دەهەمی ژانڤییەی ١٩٢٠دوای کۆنفڕانسی ئاشتیی پاریس (کە بە فەرمیی کۆتایی بە جەنگی یەکەمی جیهانیی هێنا) دامەزرا: 
[7] British Balfour Declaration
[8]   کۆچی بە کۆمەڵی فەلەستینییەکان کە ساڵی ١٩٤٨ نزیکی ٧٢٥ هەزار عەرەبی فەلەستینی لە ماوەی شەڕی ١٩٤٨ی نێوان عەرەب و فەلەستینییەکان و شەڕی ناوخۆی پێشووتر، ماڵەکانی خۆیان بەجێهێشت، هەڵهاتن یان دەرکران.   
[9] Afary
[10] Fanon
[11] Algerian Communist Party (Parti Communiste Algérien, PCA)
[12] Union of Algerian Women (Union des Femmes d‌Algérie, UFA)
[13] Women of Algeria
[14] Party of the Algerian People (Parti du Peuple Algérien, PPA)
[15] Nafissa Hamoud
[16] Fatima Bensoname
[17] Association of Muslim Algerian Women (Association des Femmes Musulmanes Algériennes, AFMA)
[18] War of Independence
[19] Algerian Revolution
[20] Djamila Boupacha
[21] Lazreg
[22] La Charter d‌Alger
[23] Front of National Liberation
[24] Shaaban
[25]  Ahmed Ben Bella (2012-1916) 
ڕێبەری سیاسیی شەڕی سەربەخۆیی جەزائیر، یەکەم سەرۆک وەزیران و یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی جەزائیر بوو کە وڵاتەکەی بەرەو ئابوورییەکی سوسیالیستی پاڵ دەنا. 
[26]  Houari Boumédiènne (1978-1932) سەرۆکی جازائیر (1978-1965) و یەک لە کەسایەتییەکانی بزووتنەوەی وڵاتانی سەربەخۆ.
[27]  Chadli Bendjedid (2012-1929) چوارەم سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە لە دوای سەربەخۆیی. ساڵانی نێوان ۱۹۷۹ بۆ۱۹۹۲..
[28]   Abdelaziz Bouteflika(لە دایک بووی ١٩٣٧) سەرۆک کۆماری جەزائیر  لە ساڵی ۱۹۹۹ بۆ ۲۰۱۹.
 
[29] Hatem
[30] Egyptian Feminist Union
[31] International Suffrage Alliance Congress
[32]  Huda Sha‌rawi (1947-1879) یەک لە پێشەنگەکانی مافەکانی ژنان لە میسر و دامەزرێنەری یەکیەتیی فێمینیستیی ئەو وڵاتە بوو 
[33]  Saiza Nabarawi (1985-1897).
[34] Gamal Abdel Nasser
[35]   Duriya Shafiq (1975-1908) فێمینیست، شاعیر، سەرنووسەر و یەک لە ڕیبەرانی سەرەکیی بزووتنەوەی ئازادیی ژنان لە میسر و لە ناوەڕاستەکانی دەهەی ١٩٤٠ بوو.
[36] Bint al-Nil
[37] Inji Aflatun
[38] Zeinab al-Ghazzali
[39] Anwar Sadat
[40] Structural AdjustmentPrograms
[41] World Bank
[42] International Monetary Fund
[43] NGOization
[44] Mohammad Reza Shah
[45] Dhofar Rebellion
[46] Dhofar Liberation Front
[47] Omani Women‌s Organization
[48] Popular Front for the Liberation of Oman (P.F.L.O.)
[49] Muscat
[50] With the Omani Revolutionaries: The Dhofar War Diary
[51] Al Ghaydeh
[52] Aden
[53] People‌s Mojahedin Organization of Iran
[54] Organization of Iranian People‌s Fada‌yan-e Guerrilas
[55] Iran Human Rights Documentation Center
[56] Iran Tribunal
[57] Kurdistan Workers Party
[58] PKK
[59] Society of the Revolutionary Toilers of Iranian Kurdistan
[60] Komala
[61] Rojava Revolution
[62] Democratic Federation of Northern Syria
[63] Women of Mount Ararat
[64] Dancing for Change
[65] Gulistan, Land of Roses
[66] Commander Arian: A Story of Women, War and Freedom
[67] Sara: My Life Was a Struggle
[68] Amineh: No Bigger than a Kalashnikov (ناوی بە زمانی سویدی سوئدی: Inte Större Än En Kalasjnikove)
[69] Poppies on the Rock: Life and Time of Kurdish Woman from Iran‌s Kurdistan
[70] ISIS
[71] Democratic Union Party
[72] Free Syrian Army
[73] Kobanê
[74] Stalingrad
[75] Madrid
[76] Women‌s Defense Unit
[77] People‌s Defense Units
[78] Jineoloji
[79] Science of Women
[80] Outside the Law
[81] Rachid Bouchareb
 ڕەشید بوشارب (لە دایکبووی ۱۹۵۳) دەرهێنەری فەڕەنسیی بە ڕەچەڵەک جەزائیرییە.
[82] Paula Allman  (1944-2011)
[83] Zachary Lockman
زاکاری لاکمان (لە دایکبووی 1952) مامۆستای توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئیسلام و مێژوو لە زانکۆی نیۆیۆرکە. 
[84] Fatemeh Karimi
[85] School of Advanced Studies in the Social Sciences
________________________________________
منابع
Afary, Janet. 2009. Sexual Politics in Modern Iran. Cambridge:
Cambridge University Press.
 
Afraz, Mahboobeh, and Rafaat Afraz. 2015 همراه با انقلابیون عمانی: .
یاداشت های جنگ ڤفار (With the Omani Revolutionaries: The Dhofar
War Diary). Frankfurt, Germany: Andeeseh va Peykar Publications.
Akyol, Zaynê. 2016. Gulîstan, Land of Roses. Canada: National Film
Board. DVD.
 
Allman, Paula. 2010. Critical Education against Global Capitalism:
Karl Marx and Revolutionary Critical Education. Rotterdam, The
Netherlands: Sense Publishers.
 
Amanat, Abbas. 2017. Iran: A Modern History. Connecticut: Yale
University Press.
 
Arshadi, Shahrzad. 2016. Dancing for Change. Canada.
 
Badran, Margot. 1995. Feminists, Islam and Nation: Gender and the
Making of Modern Egypt. Princeton, N.J.: Princeton University
Press.
 
Basch-Harod, Heidi. 2017. The Kurdish Women of Turkey: Building a Nation,
Struggling for Gender Parity. Tel Aviv: Tel Aviv University Press.
 
Bouchareb, Rachid. 2010. Outside of the Law. France: StudioCanal. DVD.
 
Briand, Erwann. 2004. The Women of Mount Ararat. France: Novocine.
DVD.
 
Cansiz, Sakine. 2018. Sara: My Whole Life Was a Struggle, translated
by Janet Biehl. London: Pluto Press.
 
Casier, Marlies, and Joost Jongerden. 2012. "Understanding today‌s
Kurdish movement: Leftist heritage, martyrdom, democracy and
gender” European Journal of Turkish Studies 14.
 
Davies, Miranda, ed. 1983. Third World Second Sex: Women‌s Struggles and National Liberation.
 
Dirik, Dillar, David Levi Staruss, Michael Taussing, and Peter Lamborn
Wilson, eds. 2016. To Dare Imagining: Rojava Revolution. New York:
Autonomedia.
 
Duzgun, Meral. 2016. "Jienology: The Kurdish Women‌s Movement.” Journal
of Middle East Women‌s Studies 12:2.
Fleischmann, Ellen L. 2003. The Nation and Its "New” Women: the
Palestinian Women‌s Movement, 1920-1948.
 
Ghobadi, Golrokh. 2015. شقایق‌ها بر سنگلاخ: زندگی و زمانه‌ی یک زن کرد از کردستان ایران )Poppies on the Rock: Life and Time of a Kurdish
Woman from Iran‌s Kurdistan.( 689 pages, n.p.
 
Graham-Brown, Sarah. 2001. "Women‌s Activism in the Middle East: A
Historical Perspective.” Suad Joseph, and Susan Slyomovics eds.
Women and Power in the Middle East. Philadelphia: University of
Pennsylvania Press.
 
Hale, Sandra. 1997. Gender Politics in Sudan: Islamism, Socialism, and
the State. Boulder: Westview Press.
 
Halliday, Fred. 1979. Arabia Without Sultans. Harmondsworth: Penguin.
 
Hanieh, Adam. 2013. Lineages of Revolt: Issues of Contemporary
Capitalism in the Middle East. Chicago: Haymarket Books.
 
—. 2018. Money, Markets, and Monarchies: The Gulf Cooperation
Council and the Political Economy of the Middle East. Cambridge:
Cambridge University Press.
 
Hassanpour, Amir. 2001. "The (Re)production of patriarchy in the
Kurdish language” in Shahrzad, Mojab, ed. Women of a Non-State
Nation: The Kurds. Costa Mesa, California: Mazda Publishers.
 
Hatem, Mervat F. 2000. "The Pitfalls of the Nationalist Discourses on
Citizenship in Egypt” in Suad Joseph, Gender and Citizenship in
the Middle East. Syracuse, New York: Syracuse University Press.
 
Iran Human Rights Documentation Center. 2011. Surviving Rape in Iran‌s
Prisons. New Haven Connecticut: Iran Human Rights Documentation
Center.
 
Iran Human Rights Documentation Center. 2015. "Rights Disregarded:
Prisons in the Islamic Republic of Iran.” Accessed March 11, 2019.
https://iranhrdc.org/rights-disregarded-prisons-in-the-islamicrepublic-
of-iran/
 
Johnson-Odim, Cheryl, and Margaret Strobel, eds. 1992. Expanding
Boundaries of Women‌s History: Essays on Women in the Third
World. Bloomington and Indianapolis: Indiana University Press.
 
Jongerden, Joost, and Ahmet Hamdi Akkaya. 2011. "Born from the Left. The
making of the PKK” in Casier, Marlies and Jongerden, Joost, eds.
Nationalisms and Politics in Turkey: Political Islam, Kemalism and
the Kurdish Issue. New York: Routledge.
 
Joseph, Suad, ed. 2000. Gender and Citizenship in the Middle East. New
York: Syracuse University Press.
 
Kadri, Ali. 2015. Arab Development Denied: Dynamics of Accumulation by
Wars of Encroachment. London and New York: Anthem Press.
 
Kakabaveh, Amineh, and Johan Ohlson. 2016. Amineh – inte större än en
kalasjnikov: från peshmerga till riksdagsledamot. Stockholm:
Ordfront.
 
Kandiyoti, Deniz, ed. 1991. Women, Islam, and the State. London:
Macmillan Academic and Professional.
 
Keddie, Nikki R. 2007. Women in the Middle East: Past and Present.
Princeton and Oxford: Princeton University Press.
 
Khalidi, Anbara Salam. 2013. Memoirs of an Early Arab Feminist: The
Life and Activism of Anbara Salam Khalidi, translated by Tarif
Khalidi. London: Pluto Press.
 
Knapp, Micahel, Anja, Flatch, and Ercan Ayboga. 2016. Revolution in
Rojava: Democratic Autonomy and Women‌s Liberation in Syrian
Kurdistan, translated by Janet Biehl. London: Pluto Press.
 
Lazreg, Marnia. 2000. "Citizenship and Gender in Algeria” in Suad Joseph,
Gender and Citizenship in the Middle East. Syracuse, New York:
Syracuse University Press.
 
Lockman, Zachary. 2004. Contending Visions of the Middle East: The
History and Politics of Orientalism. Cambridge: Cambridge
University Press.
 
Milani, Farzaneh. 1992. Veils and Words: The Emerging Voices of Iranian
Women Writers. New York: Syracuse University Press.
 
Moghissi, Haideh. 1994. Populism and Feminism. New York: St. Martin‌s
Press.
 
Mojab, Shahrzad, ed. 2001. Women of a Non-State Nation: The Kurds.
Costa Mesa, California: Mazda Publishers.
 
Molyneux, Maxine. 1985. "Legal Reform and Socialist Revolution in
Democratic Yemen: Women and the Family.” International Journal of
the Sociology of Law 13:147-172.
 
Frantz Fanon. 1965. "Algeria Unveiled,” in A Dying
Colonialism [translated from French by Haakon Chevalier with an
Introduction by Adolfo Gilly]. New York: Cover Press: 35-67.
 
Ocalan, Abdullah. 2013. Liberating Life: A Woman‌s Revolution.
International Initiative Edition, Mesopotamian Publishers.
 
Paidar, Parvin. 1995. Women and the Political Process in Twentieth-
Century Iran. Cambridge: Cambridge University Press.
 
Salhi, Zahia Smail. 2010. "The Algerian feminist movement between
nationalism, patriarchy and Islamism.” Women‌s Studies
International Forum 33:113-124
 
Salhi, Zahia Smail. 2010. "The Algerian feminist movement between
nationalism, patriarchy and Islamism.” Women‌s Studies
International Forum 33:113-124
 
Schwedler, Jilian, and Kevan Harris. 2016. "What is Activism?” Middle
East Report 281.
 
Shahidian, Hamed. 2002. Women in Iran: Emerging Voices in the Women‌s
Movement. Connecticut and London: Greenwood Press.
 
Shahidian, Hamed. 2002. Women in Iran: Gender Politics in the Islamic
Republic. Connecticut and London: Greenwood Press.
 
Sohrabi, Naghmeh. 2020. "Where the Small Things are: Thoughts on
Writing Revolutions and their Histories,” Jadaliyya, May 21.
 
Sotorra, Alba. 2018. Commander Arian: A Story of Women, War and Freedom.
Koln, Germany: Real Fiction. Festival Screening.
 
Sukarieh, Mayssoun, and Stuart Tannock. 2014. Youth Rising: The
Politics of Youth in the Global Economy. New York and London: Routledge.
 
Takriti, Abdel Razzaq. 2013. Monsoon Revolution: Republicans, Sultans,
and Empires in Oman, 1965-76. Oxford and New York: Oxford
University Press (Oxford Historical Monographs series).
 
Tétreault, Mary Ann, ed. 1994. Women and Revolution in Africa, Asia,
and the New World. South Carolina: University of South Carolina
Press.
 
The Gulf Committee. 1975. Women and Revolution in Oman. Leeds: Leeds:
London and Oman Solidarity Campaign.
 
The Iran Tribunal. 2012. On the Abuse and Mass Killings of Political
Prisoners in Iran, 1981-1988. Farsta, Sweden: Iran Tribunal Press.
 

نووسین: شەهرزاد موجاب

وەرگێڕان: یەکەی وەرگێڕانی چاوی کورد



ئه‌م بابه‌ته 274 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر