کاریگەری‌ بەرزبوونەوەی‌ نرخی نەوت لەسەر بوودجە ئێراق

حکومەتی ئیراق لە ساڵانی رابردوودا، چەند گورزیکی ئابوری بەرکەوت، کە دیارترینیان دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش و زیادبوونی مووچەخۆرو چەکداری میلیشیا بوو لەسەر بوودجەی دەوڵەت.
PM:03:27:16/02/2022
دۆسیە: ئابوری


دابان عبدالواحید حسن
ئابوریناس


سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی ئێراق، لە ساڵی 2022، بە بۆچوونی من جیاوازییەکی بنچینەیی نییە لە رووی داڕشتنی ئەو بودجەیەوە، بەبەراورد بەساڵی‌ ڕابردوو، بە تایبەت لە بنمیچی خەرجکردندا، کە رەنگە 10٪ زیاد بکرێت، چونکە لە پرۆژە یاسای بوودجەی ساڵی (2022) حكومەتی ئێراق نرخی بەرمیلێك نەوت لە نێوان (55) بۆ (60) دۆلاردا جێگیر کراوە. لە کاتێکدا هەناردەمان رۆژانە 3.4 ملیۆن بەرمیلە. 

سەبارەت بە کورتهێنانیش بە دڵنیاییەوە کورتهێنانێکی خەمڵێندراوی دەبێت، رەنگە ئەو کورتهێنانەش کەمتربێت لەو کورتهێنانەی کە لە ساڵی‌ ڕابردووداهەبوو، بە بڕی ئەو 5 دۆلارەی کە لە خەمڵاندنی نرخی نەوتدا زیادکراوە بەراورد بە نرخی خەمڵێندراوی نەوت لە ساڵی 2021دا، کە نرخی نەوت بە 45 دۆلار خەمڵێندرا، ئەوە جیا لەوەی کە بڕی نەوتی هەناردەکراو لە ساڵی 2022 بەراورد بە بڕی نەوتی هەناردەکراو لە ساڵی 2021 زیاتر بووە.
 
"سوودەکانی‌ بەرزبونەوەی‌ نرخی‌ نەوت" 

یەدەگی ئێراق لەماوەی کەمتر لەیەک ساڵدا بە بڕی ١٦ ملیار دۆلار بەرزبۆتەوە، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت و هەروەها دابەزاندنی نرخی دیناری ئێراقی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە. پیشبینیش دەکرێت لە ٢٠٢٢دا یەدەگی ئێراق زیاتربێت. ئەو پارەیەی کە ئێراق لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوێت مانگانە نزیکەی حەوت ملیار دۆلارە بەپێی نرخی ئێستا، لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە دەکرێتەوە بەدینارو حکومەت مووچەو خەجییەکانی خۆی پێ بەڕێوەدەبات ئەمە جگە لەوەی بەشێکی لە رێگەی بانکەکانەوە دەخاتە بازاڕەوە.

تەنیا لەماوەی کەمتر لەساڵێک یەدەگی ئێراق لە ٤٨ ملیار دۆلارەوە گەیشتە ٦٤ ملیار دۆلار، ئەوەش بەهۆی ئەو دوو هۆکارەوە بوو کە یەکێکیان بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە کە نرخەکەی بازاڕ دیاریدەکات، ئەوەی دیکەی دینارە کە بانکی ناوەندی ئێراق نرخەکەی دیاری دەکات. لەگەڵ بەرزبوونەوەی یەدەگی ئێراق دەنگۆی جێگیرکردنەوەی نرخی دینار بۆ نرخی پێشووی کە ١٢٠ هەزار دینار بوو بەرامبەر هەر ١٠٠ دۆلارێک لە بانکی ناوەندی، بەڵام هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەو کارە، ئەوەش بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوەیە کە ئێراق ناتوانێت بەهۆیانەوە نرخی دینار بگەڕێنێتەوە بۆ هەمان نرخی ساڵی رابردوو.

خاڵی باشی ئەم بوودجەیە ئەوەیە پشت بە بەرنامەی پڕۆژەکان دەبەستێت، واتا کۆمەڵێک پڕۆژە دەخرێنە بەردەم پەرلەمان، ئەو پڕۆژانە پەسند دەکرێن و بوودجەکانیان بۆ ساڵانی داهاتوو پەسند دەکرێن و ساڵانە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخەکە هەموار دەکرێن، لە جیاتی پێدانی بڕێک پارە کە دابەش دەکرێتە سەر کۆمەڵێک پڕۆژەی وەستاو، بە بڕوای من ئەوە گۆڕانە ریشەییەکەیە کە روودەدات، بەڵام لە ئاستی بودجەی کارپێکردن، ئەوا ئەو بودجە نەگۆڕە و پێموانییە زۆر بگۆڕێت.
 
"سەبارەت بەگەڕاندنەوەی‌ نرخی‌ دۆلاربۆنرخی‌ پێشوو"

چەند رۆژێکە بەرزکردنەوەی بەهای دیناری ئێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمهریکی بووەتە باسی گەرمی میدیاکان، بەتایبەتی دوای ئەوەی نووسینگەی موقتەدا سهدر، رێبەڕی رەوتی سەدرییەکان رایگەیاند؛ مەرجی پێکهێنانی حکومەتیان ئەوەیە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بۆ سەردەمی زێڕینی خۆی دەگەڕێننەوە. بەرپرسانی دارایی ئێراق دەڵین سەرەڕای لێدوانە جیاوازەکان، بەڵام دۆخی ئێستای ئێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لەبار نییە، چونکە بەرپرسانی ئێراق دەڵێن؛ ئەو دابەزاندنە هۆکاری سەرەکی بووە تاوەکو ئابووری ئێراق لەداڕمان رزگار بکات.

لەگەڵ ئەوەی یەدەگی دراوی قورسی ئێراق بۆ 64 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەته ناوچەی ئارام، کە بە 82 ملیار دینار خەمڵێندراوە، واتە هەر قەیرانێکی کتوپڕ رووبدات، دۆخی دارایی ئێراق بەرگەی ناگرێت، بۆیە پێویستە لەدۆخی ئێستا لەسەر سیاسەتی خۆی بەردەوام بێت. بەرپرسانی دارایی ئێراق دەڵێن لە ئەگەری دەستکاریکردنی بەهای دینار متمانە بە ئابووری ئێراق لاواز دەبێت، ئیدی وایلێدێت داواکاری زیاتر بکرێت تاوەکو زیاتر دەستکاری بەهای دینار بکەن. هەوڵێک هەیە بۆ دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراوو بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لەپڕۆژەیاسای بوودجەی 2022، بەڵام ئەوەی ڕون بۆتەوە ئەگەرێکی‌ لاوازە کەدەستکاری نرخەکەی بکرێت.

گەڕاندەوەی بەهای دینار لەئاستی پێشووی دروست نییە، ئەو ئاستە بووە بەشێک لەمێژوو، بەتایبەت کە ئێستا ئەو ئاستە قازانجی بۆ پێگەی دارایی ئێراق هەبووە. ئەمە لەکاتێکدایە، وەزیری دارایی ئێراق رایگەیاندبوو، پەڕاوی چاکسازی پڕۆژەیەکی سەدا سەدی ئێراقییە و ئامانج لێی بەهێزکردنی تواناکانی دەوڵەتە، بۆ ئەمەش دەستیان بە جێبەجێکردنی کردووە ،سەرەتای چاکسازییەکان لەکارگێڕی گشتی دەوڵەت دەستیپێکردووەو ئینجا چاکسازی لەدارایی دەوڵەت.

هەرزانبوونی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار تەنیا وەکو قسەیەکی میدیای ماوەتەوە، چونکە هەرزانبوونی دۆلار پێویستی بە ڕەزامەندی سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە هەیە کە کۆمەڵێک مەرجی لەسەر ئێراق داناوە. ئەگەرچی بەپێی یاسا دیاریکردنی نرخی دینار لەدەسەڵاتی بانکی ناوەندیدایە، بەڵام ساڵی رابردوو حکومەتیش دەستوەردانی کرد لەدابەزاندنی نرخەکەی، لەئێستاشدا دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار بەتەنها لەدەسەڵاتی حکومەتی ئێراقی و بانکی ناوەندی ئێراقیدا نییە، بەڵکو سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش مەرجی بەسەر ئێراقەوە داناوە کە دەبێت نرخی دۆلار بەرزبکاتەوە. ئەگەربێت و نرخی دینار بەبێ رەزامەندی بانکی نێودەوڵەتی بەرزبکرێتەوە، ئەوا ئەو سندوقە هاوکارییەکانی خۆی لەپێدانی قەرز بۆ ئێراق رادەگرێت، بۆیە هەر دەستکاریکردنێکی نرخی دینار دەبێت ڕەزامەندی سندوقی دراوی نیودەوڵەتیشی لەسەر بێت. سەرەڕای ئەوەی نرخی نەوت جێگیر نییەو لەگەڵ ئەوەشدا لە بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار حکومەت قازانجێکی زۆری کردووەو زۆر قەیرانی بەهۆیەوە تێپەڕاندووە ئامادەنییە جارێکی دیکە زیان بەخۆی بگەیەنێتەوە.

یەکێکی تر لە سوودەکانی دابەزاندنی نرخی دینار بۆ حکومەت ئەوە بوو کە ئەمساڵ ئێراق هیچ جۆرە کورتهێنانێکی لە بوودجەدا نەبوو، لەکاتیکدا لەساڵانی رابردوودا دەیان ترلیۆن دینار کورتهێنانی هەبووەو بەقەرز پڕی کردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەی ئێراق کورتهێنانیشی نەبووە، بەڵکو یەدەگی نەختینەی زیادیکردووە، لەئێستادا نەختینەی دۆلار لەبانکی ناوەندیئ گەیشتووەتە 64 ملیار دۆلار لەکاتێکدا پێشتر ئێراق تەنها خاوەنی نزیکەی ٤٨ ملیار دۆلاری نەختینە بوو. ئەگەربیت حکومەت دەستکاری نرخی دینار بکاتەوە ئەگەر هەیە دیسانەوە یەدەگی ئێراق دابەزێتەوە، لەکاتیکدا پلانی هەیە بیگەیەنێتە ٨٢ ملیار دۆلار.


"دەرئەنجام"

حکومەتی ئیراق لە ساڵانی رابردوودا، چەند گورزیکی ئابوری بەرکەوت، کە دیارترینیان دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش و زیادبوونی مووچەخۆرو چەکداری  میلیشیا بوو لەسەر بوودجەی دەوڵەت، ئەوەش وایکرد ئێراق دووجاری قەرزو کورتهێنانێکی زۆر ببێتەوەو قەرزێکی زۆر بکات. هەرچەندە بەرپرسانی دارایی ئێراق لەماوەی رابردودا ڕایانگەیاندبوو، قەبارەی قەرزە دەرەکییەکانی ئێراق بۆ 20 ملیار دۆلار دابەزیوە، بەڵام پسپۆڕێکی بواری ئابووری ئاشکرایکرد، قەبارەی قەرزە دەرەکییەکانی ئێراق دەگاتە 60 ملیار دۆلار. پێچەوانەی ئەوەی حکومەت بانگەشەی بۆ دەکات، قەبارەی قەرزە دەرەکییەکانی ئێراق دەگاتە 60 ملیار دۆلار، ئەوە جگە لەحەوت ترلیۆن دینار قەرزی ناوخۆیی، کە ئەستەمە حکومەت توانای ئەوەی هەبێت تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو ئەو قەرزە بداتەوە.

سەبارەت بە دەرکردنی ئێراق لە لیستی وڵاتە مەترسیدارەکان لە رووی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر، کە لە 08-01-2022 راگەیێندرا، ئەو بڕیارە و بڕیارەکانی هاوشێوەی ئەو بڕیارە سێ کاریگەری ئەرێنییان هەیە، یەکەمیان ئاماژەی ئەرێنی دەدات بۆ هاتنی سەرمایەی بیانیی بۆ کارکردن لە ئێراق، دووەمیان ئاسانکاری دەکات بۆ جووڵەی پارە لە ئێراقەوە بۆ دەرەوە و لە دەرەوە بۆ ئێراق لە رێگەی سیستمی بانکیی و بەبێ کۆت و بەند، سێیەمیان توانا دەبەخشێتە بانکە ئێراقییەکان بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ بانکە ئەوروپی و جیهانییەکاندا بکەن.

ئێراق خاوەن داهاتێکی‌ زۆرە کە لە رێگەی‌ سامانی‌ سرووشتییەوە دەستی‌ دەکەوێت و زیاتر لەسه‌دا نه‌وه‌دی سەرچاوەی‌ داهاتی‌ ئێراق پشت بە نەوت دەبەستێ، بەمەش ساڵانە داهاتێکی‌ باش دەگەڕێتەوە خەزێنەی‌ دەوڵەت، بەڵام بەهۆی‌ نەشارەزایی‌ لە بەڕێوەبردن و ململانێی‌ ناوخۆییەوە، ناتواندرێت وەک پێویست سوودی‌ لێوەرگیرێت.



ئه‌م بابه‌ته 501 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر