بۆچی خەڵک لایان وایە فیمینیزم بە مانای ڕق لە پیاوانە

فیمینستەکان ڕقیان لە پیاوان نییە، ئەی بۆچی زۆربەی هەرە زۆری خەڵک لە سەر ئەو باوەڕەن فێمیننیزم یەکسانە بە ڕق بوون لە پیاوان؟
PM:06:08:31/01/2022
دۆسیە: کلتوور و مرۆڤسازی


چنور فەتحی
نووسەر


"ئایا فێمینیستەکان ڕقیان لە پیاوەکانە؟"

فیمینستەکان ڕقیان لە پیاوان نییە، ئەی بۆچی زۆربەی هەرە زۆری خەڵک لە سەر ئەو باوەڕەن فێمیننیزم یەکسانە بە ڕق بوون لە پیاوان؟ پێت ڕۆبێرتسۆن، سیمای بەناوبانگی میدیایی و یەک لە ڕێبەرە بەهێزەکانی ئیڤانجلیستەکان لە ئەمریکا و خاوەنی کەناڵی تەلەفزیۆنیی ئایینی تۆڕی لێدوانی مەسیحییەکان، لە دەهەی ٩٠ی زایینیدا وتبووی "فێمینیزم تایبەت نییە بە مافی یەکسانی ژنان، بەڵکوو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسەتێکی دژە خێزانە کە ژنان هاندەدات واز لە منداڵ و هاوسەرەکانیان بێنن. ئەوان دەیانهەوێ جادوو بکەن، سیستەمی سەرمایەداریی لە نێو ببەن، ببن بە لێزبییەن."ئەم وتە ئێستاکەش وەک ئەڵقەیەک لە گوێی زۆرێک لە ژنان و پیاوانی سەدەی بیست و یەکە و نیشانی دەدات کە فێمینیزم نەیتوانیوە وێنەیەکی درووست لە خۆی پێشکەش بە خەڵکی هەموو جیهان بکات. جیاوازییەکی زۆر لە نێوان فێمینیزم و دژایەتیکردنی پیاواندا هەیە. ئایا تا ئێستا وشەی میزانداری یان دژەپیاوبوون ‌تان بیستووە؟ دژەپیاو بوون خۆی دەستەوشەیەکی جیاوازە، بەڵام بە مانا و هاوکێشی فێمینیزم نییە. 

فێمینیست کەسێکە کە سەرباری ڕەگەز بڕوای بە پلە و پێگەی یەکسانی مرۆڤەکان هەیە. لەوانەیە فێمینیستێکی دژەپیاویش هەبێت. بەڵام نابێ بەشێکی بچووکی جڤاتێک وەک ناسێنەری سەرجەم جڤاتەکە گریمان بکرێت. تەنانەت ئەگەر ئەم بەشە بچووکە خاوەنی دەنگی بەرزتر و دەسەڵاتێکی زیاتریش بن. دژەپیاوەکان لەوانەیە تەنانەت خاوەنی دەنگێکی بەرزیش نەبن، بەڵام کەسانی نەیار و دژبەری بزووتنەوەی فێمینیزم بۆ پێکانی مەبەستەی خۆیان کە داڕووخانی سەرپاکی بزووتنەوەکە، ڕستە و دەربڕینی بەرەی کەمین دەستچن و بڵاو دەکەنەوە و چاویان لە ئاست هەوڵ و خەبتینی گرنگ و کاریگەری فێمینیستە میانڕەوەکان دادەخەن. دەبێ فێمینیزم بە ناوکی سەرەکیی ئامانجەکەیەوە کە یەکسانیی ڕەگەزییەوە، بێتە ناسین. ئامانجی گشتیی فێمینیزم بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکە کە تێیدا سەرکەوتوویی و کامەرانی بە هۆی ڕەگەزەوە ئاستەنگ نەکرێتەوە. زۆرێک لە چالاکانی بواری فێمینیزم، لەگەڵ ئەوەدا نین کە ژنان لە بەرتر لە پیاوان دابنرێن و دژەپیاوەکان بە بەربەستێک لە بەرامبەر بەها فێمینیستییەکاندا دەبینن. چونکە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو سەدە بە خەڵک وتراوە فێمینیستەکان دژەپیاون.

ئەم ئایدیا کۆن و لە مێژینەیە و هەر لە سەرەتای درووستبوونی بزووتنەوەی فێمینیزمەوە بۆ بەرامبەرکێکردن لەگەڵی بە خەڵک وتراوە. دەیانگوت فێمینیستەکان شێت و دژبەری پیاوانن. بەڵام لاتان وایە ئەم ئەکتیڤیستانەی بزووتنەوەی ژنان بە ڕاستی چییان دەویست؟ مافی خاوەندارێتیی دارایی، خوێندن و دەنگدان هەوڵی فێمینیستە سەرەتاییەکان بوو. بەڵام بەرامبەر بەم خواستە سادانە مۆرکی دژەخێزان، دژەخودا و دژەپیاو لەم ژنە چالاکانە دەدرا. سەیر ئەوەیە ئەم مۆرکانە هەنووکەش بە ناچەوانی فێمینیستەکانەوەیە. خەباتی نایەکسان بۆ هەر بزووتنەوەیەکی یەکسانی‌خوازی ئەتنی-لە ئیرلەندییەکانەوە تاوەکوو ئەفریقییەکان و، ئایینی لە کاتۆلیکەکانەوە تاوەکوو موسوڵمانەکان بوونی هەیە و لەم سەدەی دوایدا ئەم خەباتە نایەکسانە بۆ بزووتنەوەی یەکسانی‌خوازیی فێمینیستیش هاتۆتە ئاراوە. بەڵام بۆچی خەڵک زیاتر باوەڕیان بە قسە و ڕادەربڕینی دژبەرانی فێمینیزم هەیە وەک لە هەوڵ و چالاکیی فێمینیستەکان خۆیان؟ لە بەر ئەوەی کە زۆربەی خەڵک بە لۆژیکی خۆیانەوە ناجووڵێنەوە.

دەروونناسەکان دەڵێن؛ وێنای خەڵک سەبارەت بە تاکێک پێوەندیی بە ناساندن و وەسفێکەوە هەیە کە لێێ دەکرێت. گەر بڵێن خاتوو فڵان زۆر باشە خەڵک وێنایەکی تایبەتییان لێی دەبێت، بەڵام گەر بگوترێ ئەو کەسێکی "باشە" وێنایان بە شێوەیەکی گشتی جیاواز دەبێت. گۆڕانێکی بچووک لە وەسفی کەسێک یان گرووپێکدا دەتوانێ وێنای خەڵک بە نیسبەت ئەو کەس یان گرووپە بە تەواویی بگۆڕێت. گەر لە وەسفکردنی خاتوو فڵانیدا بگوترێ ئەوکەمێکیش ڕقی لە پیاوانە، وێنای جەماوەری خەڵک بەرامبەر بەو خاتوونە گۆڕانێکی گەورەی بەسەردا دێت. چون پیاوانی باش و شەریف، فێمینیزم بە بەرهەڵستی خۆیان دەبینن. 

بۆ ئەوەی کە فێمینیست بن پێویست ناکات هەمو پیاوەکان بە لاقەبەر و دەستدرێژیکەر بزانن. بەڵام دژبەران بۆ دژایەتیکردنی فێمینیزم دەڵێن؛ ئەم بزووتنەوە هەموو پیاوێک بە لاقەبەر دەزانێت، بەڵام وا نییە. فێمینیستەکان پیاوان بە شەیتان نابینن و بە شێوەی تاکەکەسی بە بەرپرسی سەدان ساڵ پیاوسالارییان نازانن. بۆ نموونە هیچکەس پیاوێکی سپی‌ پێستی ئیستا، بە هۆی کۆیکلەدارییەوە تاوانبار ناکات. بەم چەشنە ناکرێ پیاوێک بە هۆی مێژووی دوور و درێژی پیاوسالارییەوە تاوانبار بکرێت. خەڵک بە گشتی بەتایبەت پیاوان کاتێک کە بیر لە خۆیان یان کەسانی دەور و پشتیان دەکەنەوە و لێیان ورد دەبنەوە، ڕەفتاری پیاوسالارانە لە خۆیان و دیتراندا نابینن و لە قەزاوەتی فێمینیزم کە وەک شەیتان و لاقەبەر بە مافەکانی ژنان دەیانناسێنێت، ئێجگار دەڕەنجێن و لە دژی دەوەستنەوە و بەرهەڵستیی دەکەن.

ئەوەی فێمینیزم بە خراپی دەزانێت لە بەر ئەو سەدان ساڵ سێکسیزمەیە کە لە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکدا، بە ژن و پیاوەوە، لە ڕێگەی پەروەردە و بارهێنانی هەڵەوە، دەروونیی بۆتەوە. پیاوان و ژنان لەگەڵ فێمینیزم کێشەیان هەیە. چون لە ڕێگەی سێکسیزمەوە بۆ دژایەتی و دوژمنی کردن لەگەڵ فێمینیزم بار هێنراون. چون هەندێ لە چالاکانی فێمینیزم هۆگرییەکی ئەوتۆیان بۆ پەرژانە سەر پرس و کێشەکانی پیاوان نییە. باسکردن لە یەکسانیی ڕەگەزی بە مانای باسکردنی هەموو ڕەگەزەکانە. ژنان، پیاوان و ترەنسەکان بە یەک ڕادە مافیان هەیە. زۆرێک لە پیاوان لایان وایە بە ڕووکردی فێمینیستییەوە گرنگیی بە پرس و بابەت و کێشەکانی ئەوان نادرێت. بە گشتی فێمینیستەکان یان نایانهەوێ یان ناتوانن پبەرژێنە سەر پرس و بابەتەکانی پیاوان. پێویستە بگوترێ سەبارەت بە یەکسانیی ڕەگەزیی، پیاوانیش گەلێک گیر و گرفتیان هەیە.

ئەم پرسیارانە لە ئارادایە؛ بۆچی پیاوانی هەنووکەیی لە کۆمەڵگا مۆدێڕنەکاندا زیاتر لە ژنان تووشی بێ خانە و لانەیی و هەژاریی دەبن و لە سیستەمی دادپەروەریدا تووشی  کێشە دەبن؟ بۆچی کەمتر دەچنە زانکۆ؟ ئەمانە کێشە و گرفتی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا مۆدێڕنەکانە کە دەبێ وەڵام بدرێنەوە. بەڵام ئایا فێمینیزم لە بەر ئەوەی کە ڕقی لە پیاوانە ناپەڕژێتە سەر ئەم بابەتانە؟ دیارە وا نییە. بە بڕوای فێمینیستەکان ڕەگ و ڕیشەی کێشەی پیاوانی مۆدێڕن هەمان نایەکسانییە ڕەگەزییەکانە. چونکوو جیهان لە بنەڕەتدا لە سەر بنەمای پیاوان بوونیاد نراوە. هەوڵی فێمینیستەکان چڕبوونەوە لە سەر ژنانێکە کە بە مافی یەکسان نەگەیشتوون. زۆربەیان لە سەر ئەو باوەڕەن کە پەرژانە سەر کێشە و بابەتەکانی پیاوان دەبێتە هۆی ئەوەی کە گرنگیی تەوەری زۆر ئاڵۆزی ژنان کاڵ ببێتەوە. ئەمە ئەرکی پیاوانی فێمینیستە کە لە پرس و کێشەکانی پیاوان بدوێن. چون هەستەکان بە هەند وەردەگیرێن بۆ ئەوەی لە واقیع هەڵبێن.

زۆر خەماوییە لە پلە و پێگەیەکدا لە دایک بووبێتین کە بەختێکی کەمترمان بۆ بەدەستهێنانی پارە، سەرکەوتوویی و ڕێز و حورمەت هەبێت. بەڵام پیاوان لە باتیی ئەوەی بە دوای هەڵگرتن و نەهێشتنی نایەکسانییەکانەوە بن، بە باشی دەزانن ئەو گرووپە زوڵم ‌ڵێکراوانەی ئامانجیان وەرگرتنەوەی مافەکانیانە، بخەنە پێگەی بەرگرییەوە.ڕەشپێستەکان زیاتر زیندانیی دەکرێن و چما تاوانباربوون بەشێک لە شووناسی ڕەشپێستەکانە. هاوڕەگەزخوازان، بەدەر لە چەند شوێنێک، لە سەرتاسەری جیهاندا، مافی ئەوەیان نییە خێزان پێک بێنن، چونکە وێناکان لە سەر ئەوە دامەزراوە کە ئەوان دەستدرێژیی دەکەنە سەر منداڵانیش و لە ڕەوتێکی هاوشێوەدا بە ژنان بە قەدەر پیاوان ماف نادرێت لە بەر ئەوەی کە بەهەرەمەندنەبوون لە مافی یەکسان بە پیاوان لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا بەشێک لە شوناسی ژنانەیە. ئەوەی ڕاستیی بێت گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان زۆر هێواشن چون ئەو کەسانەی لە دەسەڵاتدان، بە زۆریی ڕەوت و ڕووگەی گۆڕانەکان دیاریی دەکەن. ئایا دەزانن تا سەرەتاکانی سەدەی بیستەم هەلومەرجێکی پزیشکیی قورس بە ناوی هیستریای ژنانە بوونی بووە کە نیشانەکانیشی بریتی بوون لە ئارەزوی کەم بۆ خواردن، هەستیاریی زۆر، خواستی زۆر بۆ سێکس، گیرانی میز، ورووژانی سۆزدارانە و سەرهەڵدان بوووە. بە دەربڕینی دی،  گەر ژنێک ئارەزووی خواردنی کەم بوایە یان زۆری بخواردایە، تووڕە یان زۆر خۆشحاڵ بوایە و حەزی لە سێکسی زۆر بوایە لە ڕوانگەی دەروونییەوە بە نەخۆش لە قەڵەم دەدرا. کێ ئەم نەخۆشینەی دیاریی کردبوو و پێی زانیبوو؟ پیاوانی سپی ‌پێست (هەڵبەت ئاماژەمان بەم نەخۆشینە بەو مانا نییە کە پێویستە دەکات پیاوانی سپی‌پێست بە خراپ بزانین). ئەوەی کە پیاوان بیانهەوێ بەرامبەر بە فێمینیزم هەڵوێستی بەگریکارانە بگرن، فامهەڵگرە. چون زۆرێک لە کێشە مێژووییەکان لە سەر دەستی پیاوان بەدیهاتووە. بەڵام هاوکات ئەم هەڵوێستە بەرگریکارانە دەتوانێ بە توخمێکی پۆزەتیڤ بێتە ئەژمار. چونکە بەو مانایە کە پیاوێک کە هەوڵ دەدات بەرگریی لە خۆی بکات لە واقیعدا ئەم ڕەفتار و هەڵس‌وکەوتە دژ بە ژنان پەسەند ناکات و لەگەڵیان هاودەردە.

پێتان خۆش نییە مرۆڤ یان کەسێکی خراپ بن؟ ڕقتان لە ژنان نییە؟ هەرگیز هیچ ژنێکتان سەرکوت نەکردووە؟ بەڵێ، لەوانەیە ئەمە شێوازی ڕەفتاریی ئێوە نەبێت. سەرکوتەکان هەرگیز لە  لایەن یەک کەسەوە ئەنجام نادرێن. بەڵام خۆ ئەم شتانە ڕوو دەدەن. پیاوان خاوەنی کۆمەڵێک جیاوەک و ئیمتیازن کە ڕەگی لە سەدان ساڵ سەرکوتکردنی ژناندایە. پیاوان لەم جیاوەکانە سوود دەبینن بێ ئەوەی مافی هەڵبژاردنیان بۆ ئەوانە بووبێت. بەڵام پیاوان ناتوانن خۆ لە خاوەندارێتیی ئەم جیاوەکانە ببوێرن و بێگومان باشتر وایە لە داهاتوودا ئەم جیاوەکانە بۆ مافی یەکسانی سەرجەم ڕەگەزەکان بەکار بێنن. ئاخۆ ئەم ڕێگەچارە باشتر نییە لەوەی کە پیاوان خۆیان بە یاریی هەستەوەرانەوە سەرقاڵ بکەن و بڵێن فێمینیستەکان ڕقیان لە پیاوانە تاوەکوو لەم ڕێگەوە زەینەکان لە چڕبوونەوە لە سەر نایەکسانییە حاشاهەڵنەگرەکان بەلاڕێدا بەرن؟


ئه‌م بابه‌ته 363 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر