سەرهەڵدان و کەوتنی میرنشینە کوردییەکان (3) کوتایی

کوردستانی عوسمانی، کە لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ دامەزرا، لە مەڵاتیەوە درێژ دەبێتەوە تا هەکاری هەروەها لەگەڵ قەراخ و بیجاخی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێراقدا یەکدەگرێتەوە.
PM:09:47:08/01/2022
دۆسیە: نەتەوەسازی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


بۆریس جەیمس

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

"کوردستانی عوسمانی؛ پێکهاتە سیاسییەکان و پەرەسەندنی زیاتر"

کوردستانی عوسمانی، کە لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ دامەزرا، لە مەڵاتیەوە درێژ دەبێتەوە تا هەکاری (جۆڵەمێرگ/ کە پێشتر جووڵەمەرک بووە). هەروەها لەگەڵ قەراخ و بیجاخی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێراقدا یەکدەگرێتەوە. هەرچەندە کوردستانی عوسمانی لە سەرەتاوە ئەرکێکی بەرگریی بنەڕەتیی لەئەستۆ بوو بۆ بەرگرتن لە هەر هێرش و پەلامارێکی فراوانخوازیی ئێرانی سەفەوی بەرەو ڕۆژاوا، بەڵام ئەمە ڕێگر نەبوو لە بەردەم بوونیاتنان و سەرلەنوێ بە وردی داڕشتنەوەی لە بەرژەوەندیی سەڵتەنەتی عوسمانیدا. بۆ جارێكی تر بەدلیسی بووەوە بە ئەندازیاری بوونیاتی سیاسیی ناوەوە و دەرەوەی. کوردستانی عوسمانی بەتەواوی وەک قەوارەیەکی یەکگرتوو کاری نەدەڕۆیشت و لە گەلێ ئاستی کارگێڕی و دەسەڵاتی سیاسی پێکدەهات.

بەهەرحاڵ، دەوڵەتی عوسمانیی ناوەندی بەنیاز بوو سیاسەتێکی یەکگرتوو پەرە پێبدات سەبارەت بەم خاک و ناوچانە. زۆرترین هەلومەرجی سوودبەخشانەی خۆڕادەستکردنی ئاغا و سەرۆکە کوردەکان بە سوڵتانی خەلیفە لە پێش و پاش شەڕی چاڵدیراندا لە سترۆکتووری کوردستاندا تۆمار کراوە و عوسمانییەکان بەگلەربەگییەکیان (گەورەی گەورەکان) بە سەرەوە داناوە و ئەم کەسەش هیچ کاتێ بە سەرکردە و ڕابەڕێکی بێ ڕکابەر دانەنراوە بۆ میرە کوردەکان بەڵکوو وا ڕەفتاری کردووە کە جۆرێک لە ڕواڵەتی کورد بێت و یارمەتیدەر بێت لە ڕێکخستن و هەماهەنگی کردنی سیاسەتی ناوچە سنوورییەکانی عوسمانیدا. شیاوی وتنە کە وا هەموو میرێکی کورد سوودی لە هەمان ئیمتیاز وەرنەدەگرت سەبارەت بەو میراتەی لەوانی پێش خۆیانەوە بەجێدەما، هەروەها سوود و ئیمتیازەکانیان بەگوێرەی پابەندییان بوو بە بەشداری کردنەوە لە هێرشە سەربازییەکانی عوسمانی و ئەو ماڵ و سامانەدا کە دەستیان بەسەردا دەگرت لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا.

ئەوان لە پێدان یان بەخشینی فەرمانی باڵادا (بەرات)، هەندێک ناونیشانی میری، ئەوانیتر ناونیشانی شکۆداری بەگ یان حاکمی دەدرایە. میرنشینەکانیشیان دابەشکرابوو بە سەر چەند جۆرێکدا؛ کە بریتی بوو لە سەنجەق کە دۆخی کارگێڕیی جیاجیای هەبوو لە یورتولوک ئۆجاکلکەوە (ماڵ، خانە) تا حکوومەت یان بەگلک، کە ئەمەی دواییان دەبەخشرایە دە میرنشین، زیاتر یان کەمتر، لەوانەی بەرزترین ئاستی سەربەخۆییان هەبوو لە بواری دارایی و زەویوزار و دادوەری و سیاسەتدا. ئەو داواکارییەی کە ئەملا و ئەولای تێدا نەبوو ملکەچی و دڵسۆزیی هەتاهەتایی بوو بەرانبەر بە ماڵ و خانەوادەی عوسمان. لە ناوخۆی ویلایەتی کوردستاندا کە لە واقیعدا دەکەوتە ڕۆژاوای کوردستانەوە و زۆربەی ئەم ئیمارەتە ئۆتۆنۆمییانەی لەخۆ گرتبوو، گەلێ کێشەی نێوان سەردارە کوردەکان بە شێوەیەکی ناوخۆیی مامەڵەی لەگەڵ دەکرا بە بێ دەستێوەردانی بابی عالی (ئەتەش، ٢٠١٣: ٣٧ - ٤٢؛ ڤان بروونەسن، ١٩٩٩: ١٥١ - ١٦١؛ ئوێزئۆغڵوو، ١٩٩٦: ١٦ - ٢٠). زۆربەی ئەو بنەماڵانەی پیرۆزیی پێکهاتەی نوێی پێکهاتەی سیاسیی - کارگێڕییان لەخۆ ئاڵاندبوو و ئیددیعای دەسەڵاتێکی لەمێژینە و درێژخایەنیان دەکرد بە سەر نوچە و زەویوزارەکانیاندا. بێجگە لە زنجیرەی ئەفسانەیی ڕەچەڵەک هەندێ لەم ئیددیعایانە دەکرێ تەئکیدی لەسەر بکرێت بە بەراورد کردنی سەرچاوەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و ئەوانی عوسمانییش کە دەتوانیت بە شوێن ناوی خێزان و هۆز و خێڵەکاندا بڕۆیت.

ئاوێتە کردن و ڕێکخستنی میرنشینە کوردەکان لە ناو پەیکەر و پێکهاتەی عوسمانیدا ئەنجامی جێگیربوون و بەهێزبوونی میرایەتی و ئاغایەتی کوردی لێ کەوتەوە تا ئەو ئاستەی کە هەندێک لە حکوومەت وەک حوکمڕانی تەواو لۆکاڵی هەڵسوکەوتی دەکرد. دەربار و کارگێڕییەکانی میرەکان زیاتر و زیاتر وەک بچووککراوەی سەڵتەنەتی ناوەندی دەهاتنە بەرچاو، چون زۆر ئاسوودە بوون بەوە و بەو ئاسایش و ئارامییەش کە دابینی کردبوو. لە بەدلیسی شاری بنەچەی ئیدریسی بەدلیسی، کە زۆر دوور نەبوو لە دەریاچەی وانەوە، میرایەتییەکی بەهێز گەشەی کردبوو لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی بنەماڵەی شەرەف خاندا کە بە بنەچە لە عەشیرەتی ڕۆژەکییەوە هاتبوونە خوارەوە و پێشتر لە سەردەمی مەملووکەکاندا ناویان هاتبوو. لە ساڵانی دوایی حوکم کردنیدا و لە کۆتایی سەدەی شانزەهەمدا، هەمان ئەو شەرەف خانە خۆی خانەنشین کرد بۆ نووسینی کتێبی شەرەفنامە Sharafnama کە مێژوویەکی کورد و میرنشینەکانێتی لە سەردەمەکانی کۆنەوە و بە ئامانجی شکۆ دانان بۆ میر و سەردارانی کورد، لە نێویاندا بنەماڵەکەی خۆی و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیش. ئەم کتێبە، کە بە فارسی نووسراوە، یەکەم کارە "مێژووی کورد" لە ڕوانگەی کەسایەتییەکی ناوداری کوردەوە دەگێڕێتەوە و پاشان بە نەوە لە دوای نەوەی خێزان و بنەماڵە گەورەکاندا دێتەخوارەوە (بەدلیسی، ٢٠٠٥). وەک نموونەیەک لە ناو چەندینی تردا، سەبارەت بە دەرکەوتنی ئەدەبێکی کوردیی دەرکەوتووی گشتی (لیزەنبێرگ، ٢٠١٤)، لە دەرباری میرەکاندا و لە سەرانسەری کوردستاندا بایەخێکی باشی پێدەدرا. میرە کوردەکان کۆپیی ئەم ئەدەبەیان دەكڕی و فەرمانیان دەدا کۆپیی لەبەر بگرنەوە و بەرفراوان بکرێن لەگەڵ هەندێ لێ زیاد کردن و خستنەسەر کە ستایشی خێزانە لۆکاڵییەکانی تێدایە یان تێکستە بنەڕەتییەکان وەردەگێڕدرانە سەر زمانی پەسەندی خۆیان (وەک تورکیی عوسمانی). بەم پێیە، بۆ نموونە، چەند سەد میلێک لە باشووری بەدلیسەوە بنەماڵەی بابانە، کە لە سەرەتای سەدەی حەڤدەهەمدا لە شارۆچکەی قەڵاچوالان نیشتەجێ بوون و باس وخواسیان بەشێکی شەرەفنامەی گرتووەتەوە (ئەلسەنجەقلی، ٢٠١٨؛ باجەڵان، ٢٠١٢). بە سوود وەرگرتن لە ڕکابەریی نێوان سەفەوییەکان (دواتریش قاجارەکانی) ئێران و عوسمانییەکان، ئەم بنەماڵەیە توانییان بە شێوەیەکی تاڕادەیەک سەربەخۆ حوکم بکەن تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم، بەسەر ناوچەیەکدا کە بە چواردەوری سلێمانیی پایتەختیاندا، بڵاوبووبووەوە کە لە کۆتایی سەدەی هەژدەدا درووستکرابوو.

ژمارەیەکی زۆر لە میرنشینە کوردەکان کەم تا زۆر هەمان چارەنووسیان هەبوو. بەهەرحاڵ، پەرەسەندنی پێکهاتەی هێز لە هەردوو دەوڵەتە سێنترالەکەی (ئێران و ئەنادۆڵ) و بە هەمان شێوەش گۆڕانی پەیوەندییەکانیان کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو بە سەر پەیکەری بوونیاتی هەردوو کوردستانی عوسمانی و ئێرانەوە. لە ماوەی زۆربەی سەدەی شانزەهەمدا و لە دەسپێکی پەیماننامەی ١٥٣٥وە، میرنشینە کوردەکان لە ئاشتی و ئابوورییەکی گەشەکردوودا بوون، سەرەڕای دینامیکییەتی کولتوورییش.

بەڵام هەر کە جارێکی تر گەڕی جەنگ لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا دەستی پێکردەوە لە سەرەتای سەدەی حەڤدەدا، ئەوە ئۆتۆنۆمیی کوردستان وردە وردە کەوتە حاڵەتی ناجێگیری و مەترسییەوە. لەشکرکێشی و هێرشە سەربازییەکان زیانی زۆریان گەیاندە سەربەخۆیی میرنشینە کوردییەکان و ئەمەش وای دەگەیاند کە وا بەرەوڕووی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بوونەتەوە لە دەرەوە، چونکە کەوتبوونە ناوچە سنوورییەکانەوە یان سەنتەرەکانی ناوەوە بۆ دەستەبەر کردنی  مۆرک و سرووشتی عوسمانی یان ئێرانی بۆ خاک و ناوچەکەیان. لەگەڵ ئەوەشدا، ماوە دوورودرێژەکانی ئاشتی حوکمی ئۆتۆنۆمیی سەردارە کوردەکانیان خستبووە مەترسییەوە. دەوڵەتە ئیمپراتۆرییەکان هەل و دەرفەتیان لەم سەردەمە ئارام و بێ کێشانە وەرگرت بۆ جەخت کردنەوە لەسەر دەسەڵاتی ناوەندی بەسەر   خاک و ناوچەکانی قەراخ و سەرپەڕی ئیمپراتۆرییەتدا. ئەمە ڕێک و ڕەوان هۆکاری لاواز بوون و هەڵوەشانەوەی گەلێ لە میرنشینەکان و شێوازی ژیانی ناوخۆیی کوردستان بوو کە وا حوکمی کاروباری هاوبەشی کوردیان دەکرد. 

بە هاتنی ناوەڕاستی سەدەی حەڤدە، ڕێککەوتننامەکانی ئاشتی کەوتنە زیاد بوون لە نێوان شاکانی ئێران و سوڵتانەکانی عوسمانیدا. ئایدیای داڕشتن و نەخشەکێشانی سنوورێکی چەسپاو لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا ڕێگەی خۆی کردەوە بۆ دەستەبژێرە ناوەندییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، چەک داماڵینی تەواوی ئیمارەتە کوردییە ئۆتۆنۆمیدارەکان تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم بە ئەنجام نەگەیشت. تا ئێرە ئێمە پێداگرین لەسەر ڕۆڵی ئیمپراتۆییەتی عوسمانی لە "پاڵپشتی کردنی" حوکمی خۆکردنی کورددا وەک هۆکارێکی ئیحتیوا کردنی کاریگەریی ئێران. لە لایەنی ئێرانەوە، بنەماڵەی ئەردەڵان حوکمی   سنە و سەقز و بانەیان دەکرد تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم، هەمان جۆری حوکمی سەربەخۆ بێجگە لە پێدانی باجێک بۆ تەخت و تاجی ئێران (ئەردەڵان، ٢٠٠٤). لەم کاتەدا ڕووبەری مانۆڕ کردنی میرنشینە کوردییەکان بە شێوەیەکی ترسناک بەرتەسک بووەوە و لە کۆتایی سەدەدا بەتەواوی نەما و لەناوچوون. بێگومان گەلێ فاکتەر بوون بە هۆی ئەم ڕووخانە:

ڕکابەریی نێوان کوردەکان خۆیان، کە بەزۆری لە ناو یەک بنەماڵەدا  ڕوویدەدا و بە تووندیی هێز و توانای لاواز دەکردن بۆ ئەوەی بە سەربەخۆیی حوکم بکەن. بەڵام پێش هەموو شتێک، هەندێ جار سیاسەتە بەناوەندی کردنە توندەکان لەلایەن هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەوە ئامانجیان پیادە کردنی دەسەڵاتی راستەوخۆ بوو بە سەر خاک و ناوچەکانی کورددا. ئەمەش بە زیمنی ئاڵوگۆڕی پلە بە پلەی دەگەیاند بۆ حوکمی ناوخۆیی کورد لەلایەن ئەو فەرمانبەرانەی عوسمانییەوە کە بە فەرمی دادەمەزان و دەوڵەتی ناوەندی جاودێری و سەرپەرشتیی دەکردن. ئەو هێزە سەربازییە بەرچاوانەی کە لە خزمەتی والییەکانی شار و ویلایەتە دەراوسێکانی کوردستانی عوسمانیدا بوون وەک (بەغدا، مووسڵ، دیاربەکر، تەرابزۆن) ئەرکی لێ سەندنەوەی ناونیشان و نازناوی میرەکانیان پێ سپێردرابوو. ئەوان هەندێ جار پەنایان دەبردە بەر هێرش کردن و لەشکرکێشی بە پاساوی ئەوەی کە وا هەندێ لە میرە کوردەکان ملکەچی بابی عالی نابن، کە ئەمەش تا ڕادەیەک ڕاست بووە. دەوڵەتی ناوەندی تا دەهات زیاتر دەستێوەردانی دەکردە پرۆسەی سیاسی و کارگێڕیی میرنشینەکانەوە و باجی نوێی بەسەردا دەسەپاندن و سیستەمی ناوخۆیی خاوەندارێتیی زەویی دەسکاریی دەکرد و بەسەربازگرتنی ڕاستەوخۆی بەسەردا دەسەپاندن. هەروەها کەوتە ئەوەی دەستباڵایی خۆی بەکاربێنێت لە دەسنیشان کردن و دامەزراندنی میرەکاندا. پاشانیش دەسەڵاتە ناوەندییەکان دەستیان دایە دامەزراندنی ئەو ناونیشانانەی کە پێشتر وەک میرات بۆ کەس و بنەماڵەکان دەمانەوە، چەشنی موتەسەللیم و موتەسەڕیف یان مودیر، کە وا کەم تا زۆر پەیوەندیدار بوون بە چالاکیی کۆکردنەوەی باجەوە (ئەتەش، ٢٠١٣: ٦٦ - ٨٥).

هەڵبەت جەختکردنەوە لە پرۆسەی سەنتراڵیزە کردن بریتی بوو لەو چاکسازییانەی ئامانجیان نوێکردنەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگە بوو، بێجگە لە ڕێکخستنەوەی و باش ئاڕاستە کردنی ئابووری و سووپا و دارایی ئیمپراتۆرییەت (ئەپەڵ، ٢٠٠٨). پرۆسەی بەناوەندی کردنی کوردستان کە لە ساڵانی ١٨٣٠کانەوە کوردستانی گرتبووەوە لە دووبارە داگیرکردنەوەی عوسمانی دەچوو بۆ ناوچەکە. هەروەها گێڕانەوەی ویلایەتە کوردییە ئۆتۆنۆمیدارەکان بۆ ژێر ڕکێفی ناوەندیی عوسمانی ئامانجی دابینکردنی سەلامەتیی سنوورەکان و بەرەوڕوو بوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر ئیمپراتۆرییەت بوو، بەتایبەتیش کاریگەریی ڕووسیا. هەڵبەت بە هەمان ئەندازەش مەبەست لە ڕێگەیەک بوو بۆ بێبەش کردنی کۆمەڵگە ناوخۆییەکان بوو (کورد یان ئەرمەن) لە هۆکار و ئامرازی جیابوونەوە، چونکە هەندێکیان تەماحی ئەوە خرابووە بەردەمیان بۆ پەیڕەوی کردنی ئەو ئاڕاستەیەی بەڵکان گرتیەبەر لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا.

هەڕەشەی ڕووسیا لە زنجیرەیەک جەنگدا بەرجەستە بووبوو لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی و قاجارەکانی ئێراندا. ئەم ڕووداوانە لەکۆتاییدا بوون بە هۆی نزیکبوونەوەی هەردوو هێزە هەرێمییەکە. دوا جەنگی ئێران و عوسمانی لە ١٨٢١ - ١٨٢٢دا بوو. لێرەوە چیتر پاشماوەی سەدەکە خاسییەتی زنجیرەیەک هەوڵدانی پێوە دیارە بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی. هەردوک ئەستەمبووڵ و تاران مکووڕ بوون لە کۆششیاندا بۆ داڕشتنی سنوورێکی هەمیشەیی و چەسپاو لەنێوانیاندا. میرنشینە کوردییەکان کە پێشتر هەر یەکە و وەک مەملەکەتێک دژی ئەویتر وەستابووەوە زۆر خراپ نیگەرانی ئەم پەیوەندییە دۆستانەی هەردوو لا بوونەوە. بێلایەن کردنی ناوچە سنوورییەکان وایکرد لە میرنشینە کوردییەکان کە ڕۆڵی یەکگرتن و پارێزگارییان هیچ کەڵکێکی نەمێنێت. بەو پێیە، ئێمە لەو ماوەیەدا دەتوانین پرۆسەیەکی تۆڵەکردنەوە ببینین و لە هەمان کاتیشدا دەرکەوتنی ئەکتەری نوێی کاریزمای کوردی و بەتایبەتی ڕابەر یان (شێخەکانی) ڕێبازی سۆفیگەری کە وا شکۆی میرەکانیان نەهێشت، ئەگەرچی بە کردەوە دەستێوەردانی عوسمانی و ئاژاوە و پشێویی ناوخۆ هەرەسی پێهێنابوون. لە لایەکی تریشەوە، جێی سەرسوڕمان نییە کە وا هەندێ لەو بنەماڵە میرانەی دوورخرابوونەوە بوون بە کەسایەتیی بەهێز لە بواری چالاکییە نەتەوەییەکاندا لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە و لەنێویاندا میرەکانی بەدرخان، کە سەروەختێک حوکمی میرنشینی جەزیرەی بۆتانیان کردووە (جوەیدە، ٢٠٠٦: ٦٢ – ٧٤). خۆیبوون، ئەو ڕێکخراوەی ئەوان دروستیانکرد، وەک پێشەنگێکی نەتەوەیی کورد کاری دەکرد و ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردیی دەردەکرد لەژێر چەتری ماندێتی فەرەنسیدا لە بەیرووت و هەروەهابە گەرم و گوڕی سەرقاڵی جۆشدانی شۆڕش بوون دژ بە کەمالییەکان (تێجێڵ، ٢٠٠٧).

میرنشینە کوردییەکانی کە وا لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە ناوبانگیان پەیدا کردبوو هەر زوو پەیوەندییەکی تەمومژاوییان پەرەپێدا لەگەڵ دەوڵەتە ناوەندییەکاندا کە وا بواریان بۆ ڕەخساندن وەک قەوارەی ئۆتۆنۆمیدار بمێننەوە. ئەوان هەردوک خاسییەتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی خاک و ناوچەکانیان و دوولایەنەی دۆخی هێزە داگیرکەرەکانیان بەکارهێنابوو بۆ گەشەکردن و بووژانەوە. بێجگە لەوەش؛ شانۆی سیاسیی کوردی نەدەکرا هەر کەرت و پەرت بێت وەک ئەوەی کە پشتی بە کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای لە ئەژمار نەهاتووی خێڵەکی بەستبوو کە لێکترازان و جیاوازیی کوردی دووپات کردبووەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک هاندەری سیاسیی بەهێز (ڕێبازە سۆفیگەرییەکان و بنەماڵەکان) لە ناوەوە سەریان هەڵدابوو. بەپێچەوانەوە، دەوڵەتانی پێش مۆدێرن و دیاریکراوی هەردوو مەملەکەتی مەملووک و عوسمانی، بەرژەوەندییان لە ئاوێتە بوون و تێکەڵ بووندا بینیوە لەکاتێکدا کە هێشتنەوەی فەزایەکی کوردیی جیاواز دوور لە ناوجەرگەی ناوچە بنەڕەتییەکانیان وەک سەرچاوەیەکی سوودبەخش بوو دژ بە هێرشەکانی ئێران. بەهەرحاڵ، پرۆسەی تێکەڵ کردن یان خستنەسەری ناوچە کوردییەکان بۆ ناو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا دەستی پێکردەوە بە تێكشکاندنی ئەو چەکانەی ڕۆژگارێک سوودیان لێ بینیبوو دژ بە دەراوسێکانیان. سەرهەڵدانی دەوڵەتی مۆدێرن ناتوانێ چیتر نوێنەرایەتیی بەهێزی دەسەڵات بکات و لە ئێستا بەدواوە هۆکاری تەکنیکیی پێیە بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی پرۆسە نەریتییەکانی هاندەری کوردی.


Bibliography    بیبلۆگرافی


Alsancakli, S. (2018). Le Šarafnama de Šaraf Xan Bidlısı (CA 1005 / 1596 – 1597): Composition, transmission et réception d‌une chronique des dynasties kurdes entre les Safavides et les Ottomans. Unpublished PhD thesis, Université Sorbonne Nouvelle Paris 3.  شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی(١٥٩٦ - ١٥٩٧):   پێکهاتە و گواستنەوە و پێشوازی کردن لە مێژووی بنەماڵە کوردییەکان لە نێوان سەفەوی و عوسمانییەکاندا... 
-Ardalan, S. (2004). Les Kurdes Ardalan, entre la Perse et l‌Empire ottoman. Paris: Geuthner. کوردەکانی ئەردەڵان، لەنێوان وڵاتی فارس و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا ....                                                       
-Ate¸s, S. (2013). The Ottoman - Iranian Borderlands: Making a Boundary, 1843 – 1914. New York: Cambridge University Press.
ناوچە سنوورییەکانی عوسمانی و ئێران: نەخشەکێشانی سنوور ....
-Bajalan, Dj. R. (2012). ¸Seref Xan‌s Sharafnama: Kurdish ethno - politics in the early modern world, its meaning and its legacy. Iranian Studies, 45 (6), 795 – 818.
شەرەفنامەی شەرەفخان: ئیتنۆ – سیاسیی کورد لە سەرەتای جیهانی نوێدا، مانا و میراتی...
-Bidlîsî, S. (2005). Šaraf Nama, (Scheref Nameh ou histoire des Kourdes شەرەفنامە لەبارەی مێژووی کوردەوە), ed. Véliaminov- Zernov, St Petersburg, 1860; trad. fr., Chèref - Nâmeh ou fastes de la nation kurde شەرەفنامە یان داستانی مێژووی کورد, Charmoy, F.- B., Saint Petersbourg, 1870, 2 vols. ; trad. tur., ¸Serefname, Kürd tarihi, Bozarslan, M. E., ed. Deng, Istanbul, 2006, 364 p. ed. & trad. M. R. Izady. Costa Mesa, CA: Mazda Publishers.
-Eppel, M. (2008). The demise of the Kurdish emirates: The impact of Ottoman reforms and international relations on Kurdistan during the first half of the nineteenth century. Middle Eastern Studies, 44 (2), 237 – 58.
لەناوچوونی میرنشینەکانی کورد: کاریگەریی چاکسازیی عوسمانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر کوردستان لە ماوەی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا....
-Ibn ʿAbd al - Zâhir (1961). Tashrîf al - ayyâm wa – l - usûr fî sîrat al - Malik al - Mansûr, ed. Murâd Kâmil. Cairo: Wazârat al -Thaqâfa wa – l -Irshâd al - Qawmî.تشریف اڵ‌‌یام والعصور فی صراگ الملک المنصور...                
-Ibn ʿAbd al - Zâhir (1976). Al - Rawd al - zâhir fî sîrat al - Malik al - Zâhir, ed. ʿAbd al -ʿAzîz al - Khuwaytir. Riyadh: Muʾassasat Fuʾâd.
الروچ الزاهر فی صراه‌ الملک الڤاهر ....
-Ibn al - Athîr (1998). Al - Kâmil fî ‌l - târîkh. Beirut: Dâr al - Kutub al -ʿIlmiyya. "الکامل فی التأریخ" ، دار الکتب العلمیه‌   
-Ibn Hawqal (1939). Kitâb sûrat al - ard, ed. J. H. Kramers. Leiden.
       کتاب صوره‌ اڵ‌رچ .....
-Ibn al - Munshîʾ (n.d.). Nuzhat al - nazîr fî râhat al - hatîr. Vienna, Hofbibliotek, cod. mixt. 355.نزهه‌ الناڤر فی راحه‌ الخاگر....                       
-Ibn Nâzir al - Jaysh (1987). Kitâb tathqîf al - taʿrîf bi – l - mustalah al - sharîf, ed. Rudolf Vesely. Cairo: IFAO.
کتاب تپقیف التعریف بالمصگلح الشریف ....
-James, B. (2006). Saladin et les Kurdes; perception d‌un groupe au temps des croisades. Etudes Kurdes, Hors série ii. Paris: L‌Harmattan.
سەڵاحەدین و کورد: وێناکردنی گرووپێک لە ڕۆژگاری جەنگی خاچدارەکاندا"، گۆڤاری توێژینەوە کوردییەکان، چاپێکی تایبەت .... 

-James, B. (2011). Une ethnographie succincte de ‘l‌entre - deux kurde‌ au Moyen Âge. ÉtudesRurales; Ruralité, urbanité et violence au Kurdistan, Éditions EHESS, 186, 21– 43.
"کورتە ئیتنۆگرافیایەکی 'نێوان کوردەکان' لە سەدەکانی ناوەڕاستدا". توێژینەوەکانی دێهات، "ڕۆحییەتی فراوانبوونی شار و توندوتیژی لە کوردستاندا" ....

-James, B. (2016). Mamlûk and Mongol peripheral politics: Asserting sovereignty in the Middle East‌s ‘Kurdish Zone‌ (1260 – 1330). سیاسەتی ناوچە پەڕەکانی مەملووک و مەغۆل: تەئکید کردنی باڵادەستیی لە 'زۆنی کوردی' ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا  In B. De Nicola and C. Melville (eds), The Mongols and the Transformation of the Middle East  لە کتێبی: مەغۆلەکان و گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست...    (pp. 277 – 309). Leiden: Brill.
-James, B. (2019). Constructing the realm of the Kurds (al - mamlaka al -akrâdiyya): Kurdish ‘in - betweenness‌ and Mamlûk ethnic engineering (1130 – 1240 CE). In S. Tamari (ed.),
بنیاتنانی مەملەکەتی کوردان (المملکه‌ اڵ‌کرادیه‌): کوردی ناوبەین و ئەندازەکاریی ئیتنیکیی مەملووک ... 
Grounded Identities, Territory and Belonging in the Medieval and Early Modern Middle East and Mediterranean (pp. 17 - 45). Leiden: Brill.
لە کتێبی: شوناسە بنەڕەتییەکان و خاک و خاوەندارێتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەدەکانی ناوەڕاست و بەرایی مۆدێرن بووندا ....
-Jwaideh, W. (2006). The Kurdish Nationalist Movement: Its Origins and Developments. New York: Syracuse University Press.
بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد: بنەچە و پەرەسەندنەکانی ...
-Leezenberg, M. (2014). Eli Teremaxî and the vernacularization of medrese learning in Kurdistan. Iranian Studies, 47 (5), 713 – 33.
عەلی تەرەماخی و بە گشتی کردنی خوێندنی مەدرەسە 'حوجرە' لە کوردستاندا...
-Masson Smith, J. Jr. (1999). Mongol nomadism and Middle Eastern geography: Qîshlâqs and Tümens. In R. Amitai - Preiss and D. O. Morgan (eds), The Mongol Empire and Its Legacy (pp. 39 - 56). Leiden: Brill.
"ژیانی کۆچەریی مەغۆل و جوگرافیای ڕۆژگەلاتی ناوەڕاست: قشڵاخ و تومەن"،  لە کتێبی ....: "ئیمپراتۆرییەتی مەغۆل و میراتییەکەی" ....
-Al - Masʿûdî (1966). Murûj al - dhahab wa - maʿâdin al - jawhar, ed. C. Pellat. Beirut: Manshûrâtal - Jâmiʿa al - Lubnâniyya.
ئەلمەسعوودی، "مروج الژهب ومعادن الجوهر" .... 
-Minorsky, V. (1953). Studies in Caucasian History. Cambridge: Cambridge University Press. لێکۆڵینەوەی مێژووی قەوقاز ...                                             
-Minorsky, V. (1983). Kurds and Kurdistan. In Encyclopedia of Islam 2, 5, 449 - 64. "کورد و کوردستان". لە ئینسکلۆپیدیای ئیسلامدا .....                                                             
-Ozoglu, H. (1996). State – tribe relations: Kurdish tribalism in the 16th and 17th century Ottoman Empire. British Journal of Middle Eastern Studies, 23 (1), 5 – 26. 
پەیوەندییەکانی دەوڵەت و خێڵ: خێڵگەرایی کوردلە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی سەدەکانی شانزە و حەڤدەدا ....
Al - Qalqashandî (1912–1913). Subh al - aʿshâʾ fî taʿrîf dîwân al - inshâʾ.    Cairo.  ئەلقەلقەشەندی، "صبح اڵ‌عشی فی تعریف دیوان الإنشا" ....                
-Qazvînî (1915). The Geographical Part of the Nuzhat al - Qulûb, ed. and trans. G. Le Strange. Leiden: Brill. "بەشی جوگرافیا لە نزهه‌ القلوب"دا...   
-Ripper, Th. (2000). Die Marwâniden von Diyâr Bakr. Eine kurdische Dynastie im islamischen Mittelalter. Würzburg: Ergon Verlag.
مەروانییەکانی دیاربەکر، بنەماڵەیەکی کوردی چەرخەکانی ئیسلامیی ناوەڕاست ...
-Sönmez, E. (2012). Idrîs - i Bidlîs: Ottoman Kurdistan and Islamic Legitimacy. Istanbul: Libra Kitap.
ئیدریسی بەدلیسی: کوردستانی عوسمانی و شەرعییەتی ئیسلامی ...
-Tejel, J. (2007). Le mouvement kurde de Turquie en exil. Continuités et discontinuités du nationalisme kurde sous le mandat français en Syrie et au Liban (1925 – 1946). Brussels: Peter Lang.
بزووتنەوەی کوردی تورکیا لە دوورخراوەیی. بەردەوامی و بچڕبچڕ بوونی ناسیۆنالیزمی کوردی لە سایەی مادێتی فەرەنسیدا بۆ سووریا و لوبنان ....

-Al -ʿUmarî (1988). Masâlik al - absâr fî mamâlik al - amsâr, ed. F. Sezgin. Frankfurt: Institut für Geschichte der Arabisch - Islamischen Wissenschaften.                                  مسالک اڵ‌بصار فی ممالک اڵ‌مصار... (ئینستیتیوتی مێژووی زمانی عەرەبی و   زانستی ئیسلامی).                                                                               
 
-Al -ʿUmarî (1992). Al -Taʿrîf bi – l - mustalah al - sharîf, ed. D. S. al -Durûbî. Muʾta: Djâmiʿat Muʾta.التعریف بالمصگلح الشریف...               
-van Bruinessen, M. (1999). Agha, Shaykh and State: The Social and Political Structures of Kurdistan. New Jersey: Zed Books Ltd.
مارتن ڤان بروونەسن. "ئاغا و شێخ و دەوڵەت: پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان" ...                                                                               
-     Yâqût al - Hamawî (1866 – 1973). Muʿjam al - buldân, ed. F. Wüstenfeld.    
         Leipzig: F. A. Brockhaus.یاقوت الحموی، "مجمع البلدان"...                         

سەرچاوە: 

کتێبی "مێژووی کورد" لە لایەن کۆمەڵێك توێژەرەوە
ئامادە کردنی: حەمید بۆزئەرسەلان، جەنگیز گوینەش، وەلی یادیرگی
چاپ و بڵاوکردنەوەی زانکۆی کامبریج - لەندەن 
چاپی یەکەم: ساڵی ٢٠٢١
لاپەرە: ٢٥ - ٤٤
ناوی بابەت: سەرهەڵدان و کەوتنی میرنشینە کوردییەکان (لە سەدەی پانزەهەمەوە بۆ نۆزدەهەم)
ناوی نووسەر: بۆریس جەیمس


The Rise and Fall of the Kurdish Emirates
(Fifteenth to Nineteenth Centuries)
Boris James
THE CAMBRIDGE HISTORY OF THE KURDS
Edited by
HAMIT BOZARSLAN
Ecole des Hautes Etudes en Sciences Sociales
CENGIZ GUNES
The Open University
VELI YADIRGI
School of Oriental and African Studies, University of London.
pp. 25 - 44 1st . print:  2021

*  بۆریس جەیمس پرۆفیسۆرە لە زانکۆی مۆنتپیلێ UPV لە فەرەنسا و بڕوانامەی دوکتۆرای مێژووی هەیە لە زانکۆی نانتێڕی پاریس. پسپۆڕە لە مێژووی   ئیسلامی و کورددا و هاوکاری ئینستیتیوتی فەرەنسیی ڕۆژهەڵاتی نزیکە  IFPO (Institut Français du Proche Orient)  و سەرۆکی لقی هەولێری ئەو ئینستیتیووتە بووە لە کوردستانی ئێراق، لە ٢٠١٤ تا ٢٠١٨. نووسەری چەندین کتێب و بابەتە بە فەرەنسی و ئینگلیزی، لە نێویاندا "سەڵاحەدین و کورد: وێناکردنی گرووپێک لە ڕۆژگاری جەنگی خاچدارەکاندا" و "بنیاتنانی مەملەکەتی کوردان (المملکه‌ الاکرادیه‌): کوردی ناوبەین و ئەندازەکاریی ئیتنیکیی مەملووک   (١١٣٠ - ١٣٤٠ز)".


ئه‌م بابه‌ته 123 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر