سەرهەڵدان و کەوتنی میرنشینە کوردییەکان (2)

لە ڕوانگەیەکی مێژوویی گشتییەوە، جێی سەرسوڕمان نییە کە بارودۆخی ناوچە کوردییەکان سەری کێشاوەتەوە بۆ دامەزراندنی میرنشینە نیمچە سەربەخۆکان، بە دیاریکراوی لە ماوەی نێوانگیریی "intermezzo" ئێرانیدا.
PM:10:16:03/01/2022
دۆسیە: نەتەوەسازی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


بۆریس جەیمس

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق


"سەردەمی ئەیوبی و مەملووکییەکان؛  پێش مێژوویەکی کوردستانی عوسمانی"


بە هەر شێوەیەک بێت و لە دید و ڕوانگەیەکی کوردیی تەواوەوە، داستان و دیاردەی ئەیوبی (نیوەی یەکەمی سەدەی سیانزە) بەرهەمی ئەو نەخشە و پلانە خێڵەکییانەی کوردن کە لە سەرەوە باس کران. بەهەرحاڵ، ئەم ڕاستییە ڕەنگە لەسەرەتاوە باش ڕوون نەبووبێتەوە. ڕاستییەکەی هاوپەیمانیی گرووپە کوردییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١١٣٠ لە ناوچەی مووسڵی دوورەدەست و شوێنانی تر - کە بنەماڵەی سەڵاحەدینیش لە ناویاندایە - بە مەبەستی دابینکردن و بەهێزکردنی دەسەڵاتی حوکمڕانە تورکەکان (واتە زەنگییەکان) و بەکاردەهاتن بۆ جێبەجێ کردنی داگیرکردنی سووریا و میسر لە بەرژەوەندیی زەنگییەکان لە کۆنفێدراڵییەتێکی گەورەتری غەیرە کوردیدا. مەسەلەکە نزیکەی چل ساڵی خایاند بۆ کوردە ئەیوبییەکان - واتە بنەماڵەی سەڵاحەدین -  بۆ دەسەڵات گرتنەدەست لە میسر و سووریا، دوور لە خاک و قەڵەمڕەوی خێڵە کوردەکانی خۆیان.

بەم پێیە، سەڵاحەدین لە ساڵی 1171دا چووە سەر تەختی سەڵتەنەت و سترۆکتووری دەسەڵات لە سەردەمی حوکمی جێگرەوەکانیدا بە شێوەیەکی نکووڵی لێنەکراو بوو بە مۆدێلێکی بان مێژووی خێڵەکیی کوردی. بنەماکەی ئەیوبی بەدیاریکراوی وەک بنەماڵەیەکی کوردی ڕەفتاری دەکرد و وەک هاندەرێکی خێڵەکی کاریدەکرد و بە شێوەیەک لە شێوەکان، ڕەنگدانەوەی ئەو کۆنفێدراسیۆنانە بوو کە پێشتر و لەمێژە سەری هەڵدابوو لە ماوەی سەدەی دەیەمدا و سەریانکێشایەوە بۆ دروستبوونی بنەماڵە بچووکەکانی کورد لە بەشی سەرەوەی میسۆپۆتامیادا. لە لایەکەوە، ئەم تێکەڵبوونە تازەیە دەبوو مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕانکاییانەدا بکات کە لە پێکهاتەی ناوچەکەدا بەرپا بووە (خاچدارەکان و باڵادەستیی ئیتنۆ - سەربازیی تورکیا).

لە لایەکی ترەوە، ئەم قۆناخە مێژووییە بۆ کورد بەگشتی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسیی گرنگ و یەکلاکەرەوەی لێکەوتەوە و بنەماڵەی ئەیوبی پەیوەندیی نێوان کورد و دەوڵەتی بەهێز کرد لەگەڵ پاراستنی یەکگرتوویی و گیانی خێڵەکێتیی کورد و پەیوەستبوون بە خاک و قەڵەمڕەوی "ڕەگ و بنەچەوە". سەردەمی ئەییوبی لووتکەی تێکەڵبوونی کورد بەرجەستە دەکات لە میسر و سووریادا تا ئەو ڕادەیەی کە وا بنەماڵەی سەڵاحەدین تێیدا کاریگەریی بۆ دواوە گەڕانەوەی بە ئیمتیازەوە تۆمار کردووە. لێرە کوردی سەر بە پاشخانی خێڵەکی و کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆر گەلێ پێگەی زۆر بەرزیان داگیر کردبوو لە ناو دەستەبژێرانی سەربازی و ئاینیدا بۆ ماوەی زیاد لە نیو سەدە لەم خاکە داگیرکراوانەدا. ئەم دۆخە هاوکاریی پتەوبوونی شکۆی سەربازی و سیاسیی یەکگرتنی ناوخۆیی کوردی دا و بە هەمان شێوە شارەزایی و ئاگاداربوونیان لە دام و دەزگاکانی دەوڵەتیش.

بەپێچەوانەوە، کاتێ کە مەملووکەکان هاتنە سەر دەسەڵات لە میسردا لە پاش ئەیوبییەکان (لە دەوروبەری ساڵی ١٢٥٠دا)، چیتر کوردەکان بە هێزێکی سەربازیی ناوەندی لە ناو سووپای میسر و بە گرووپێکی سیاسیی گەورە نەمانەوە لە ناو دەزگاکانی دەوڵەتدا. بەهەرحاڵ، شووناسی کورد یان، بە     تێرم و دەستەواژە خەلدوونییەکە بڵێین، عەسەبییەتی کورد (یەکگرتوویی چەسپیو) بە شێوەیەکی جیاواز ڕێکخرایەوە لەلایەن دەوڵەتی مەملووکییەکان و سەرکردە کوردەکانەوە. لێرە بەدواوە مەسەلەکە بوو بە ئامرازێک بۆ بەرەوڕووبوونەوەی کاریگەریی مەغۆلە ئێلخانییەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە و چاوخشاندنەوە بە سیستەمە کوردییەکەی وڵاتی میسۆپۆتامیای سەرەوەدا (جەیمس، ٢٠١٦). بۆ نموونە، حوکمڕانی مەملووکی ئەلمەلیک ئەلزاهیر بەیبەرس (الملک الڤاهر بیبرس، کە لە ١٢٥٩ تا ١٢٧٧ حوکمی کردووە)، هەرچی کارگێڕان و سەربازان و دەرباری پاشایەتیی هەیە خستیە ژێر دەسەڵاتی سەیفەدین مەنقەلانی سەرۆکی جولەمێرکییەی کوردەوە بۆ گێڕانەوەی میرنشینەکەی کە لە سەردەمی ئەسەدەدینی باپیریدا مەغۆلە ئێلخانییەکان لەدەستیان دەرهێنابوو (ئیبن عەبدولزاهیر، ١٩٧٦: ٨٧). لە ماوەی نیوەی یەکەمی سەدەی چواردەدا، پەنجا میری کورد لە ناوچە و قەڵەمڕەوی کورددا هەبوون بە پێی نامە و نووسراوی فەرمی لەگەڵ دەرباری ڕاوێژکاریی مەملووکیدا (دیوانی ئینشا)  و مەناشیریان (ئاگاداریی ماڵ و مڵک) وەرگرتووە (ئیبن نەزیر ئەلجەیش، ١٩٨٧: ٧٤ - ٨١؛ ئەلقەلقەشەندی، ١٩١٢ - ١٩١٣: ٧/ ٢٨٥ - ٢٨٩). بارودۆخەکە هەردوو ڕووی پراکتیک و سیمبۆڵیی گرتبووەوە. هەندێ گرووپی تایبەتی کورد لەلایەن مەملووکەکانەوە پاڵپشتی سەربازی دەکران و لە هەمان کاتیشدا سیمبۆڵیزمی دامەزراندن لەلایەن دەوڵەتێکی ئیمپراتۆرییەوە و بەخشینی مۆرکی دەستووری و دامەزراوەیی بە سەرکردە لۆکاڵەکان کە وادەردەکەوتن کەمتر و کەمتر "خێڵەکی" بن  و کوردەکان وا دەردەکەوتن کە هاوپەیمانی سرووشتیی مەملووکەکانن.

بەڵام لە لایەنەکەی بەرانبەرەوە، لەکاتێکدا کە دەسەڵاتی مەغۆلەکان خێڵە کوردەکان و سەرۆکەکانیان تێکدەشکاند و لەناودەبرد، لە هەمان کاتیشدا هەوڵیان دەدا هەندێک لە سەرکردە کوردەکان تێکەڵ بە سیستەمە سیاسییەکەیان بکەن لەسەر بنەمایەکی تاکەکەس. زیاتر پێدەچێت ئەمە لە پێناوی کەمکردنەوەی دەسەڵات و کاریگەریی پیاوانی خێڵەکاندا بووبێت و بۆ ئەوەی لە ئەگەری هاوپەیمانی لەگەڵ مەملووکەکان دووریان بخەنەوە. هەندێ لە سەرۆک خێڵەکانی تر کەوتبوونە ئەوەی وەک وەک ئەڵقەلەگوێ و بریکاری ئێلخانییەکان کار بکەن چونکە مەغۆلەکان نەیاندەتوانی بەتەواوەتی خواستی خۆیان بەسەریاندا بسەپێنن بۆ جێبەجێ کردنی هەندێ سیاسەتیان، بۆ نموونە چەشنی باج کۆکردنەوە. حوکمڕانە کوردەکانی هەردوو میرنشینی (مازەنجانییە - حومەیدییە و جوولەمێرکییە – هەککارییە) پلە و پایەی فەرمیی بەرزیان هەبوو لە ناو دام و دەزگاکانی دەوڵەتی ئێلخانیدا. بۆ نموونە؛ پاش ئەوەی مەغۆلەکان کۆڵیاندا لە هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی "موباریزەددین کاک" کە  سەرۆک و ڕابەری باڵای مازەنجانی - حومەیدی بوو، پایزەیەکی pâ‌iza (بەڵگەنامەی دامەزراندن)  پێدرا (پێدەچێت بەیاز بێت - و)، کە وا کراوە بە سەرۆکی ناوچەکانی هەولێر و ئاکرێ و ناچار کراوە بە کۆکردنەوەی باج لەبریی ئێلخانییەکان لە دەمی نیوەی دووەمی سەدەی سیانزەدا (ئەلعومەری 1988: 3/128). جێی بایەخە کە وا مەغۆلەکانیش پایزەیەکیان داوەتە  سەرۆکێکی لەو خوارتر، بە ناوی ئەلئەسەد بن مەتکاکین، کە بەرپرس بووە لە کۆکردنەوەی باج لە شارە سەرەکییەکانی ناوچەکە. وادیارە ئەمە هەوڵدانێک بووبێت بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی موباریزەدین کاک. بەهەرحاڵ، ئەگەرچی هەوڵی مەغۆلەکان بۆ پەیڕەوی کردنی سیاسەتێکی "پەرتکە و زاڵبە" بوو، ئەو و نەوەکانی دوای خۆیشی هەر بە گەورە و دەمڕاستی ناوچەکە مانەوە. سەبارەت بە جوولەمێرکییە و سەرۆکەکەی (ئەسەدەدین مووسا بن موجەللی بن مووسا بن مەنقەلان) کە قەڵا و قایمکاریی کەوتبووە لای پەڕی باکوور و ڕۆژاوای ناوچەی مازەنجانییە لە وڵاتی جوولەمێرگ - هەکاری لە باشووری گۆلی وانەوە، دواجار ئەمیش بەفەرمی لەلایەن ئێلخانییەکانەوە ناسێنرا (ئەلقەلقەشەندی، ١٩١٢- ١٩١٣: ٧/ ٢٨٣).

ئەو ستراتیجەی کە لێرە پەیڕەوی دەکرا هەڵبژاردنی هێزە ناوخۆییە لاسارەکان بوو لە ڕێگەی هاوکاری و هەماهەنگی کردنەوە، بە واتای پێشکەشکردنی یارمەتیی دارایی و سەربازی و بێجگە لە ناونیشان بۆ پشتگیری کردن لەو تاکانەی کە دەبوو نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی ناوەندیی ئێلخانی بکەن. سوودەکانی ئەم ستراتیجە بۆ مەغۆلەکان دوولایەنە بوو. لە لایەکەوە؛ خۆیان بە دوور دەگرت لە فەوتاندنی ئەو سەرچاوانەی باج زۆربەی خەرج و تێچوونی سەربازییان دابین دەکرد. لەولاشەوە؛  دڵنیا بوون لەوەی کە دەتوانن سەرچاوە ناوخۆییەکان دابین بکەن و جەخت لەسەر  داواکاریی دەسەڵاتیان بکەن بەسەر ناوچە کوردییەکاندا. بێگومان سیاسەتگەلێکی لەم چەشنە بێ کێشە و گرفت نەبوو، چونکە ئۆتۆنۆمیی خێڵەکان و میرنشینە کوردەکانی ئاسانتر دەکرد. ڕاستییەکەشی لە ترس لە تووندوتیژی و بێمتمانەیی گشتیدا بۆ پشتیوانی کردن لە پەیوەندیی نێوان خێڵە کوردەکان و دەسەڵاتی باڵای ئێلخانییەکاندا خۆی دەبینییەوە. هەرچەندە یەکەمجار وا دەردەکەوێت کە سیاسەتی ئێلخانی و مەملووکەکان  بەتەواوی لێکدەچن، بێجگە لە بواری وەرگرتنی باج، چونکە بژاردەی هاوبەشی تاکی خێڵەکان لە هەر ئیمپراتۆرییەتێکدا مانای زیمنیی جیاوازی هەبوو. بەتایبەتی و بە شێوەیەکی بەرچاو کە بژاردەی هاوبەشی مەملووکەکان بۆ گرووپە کوردییەکان بە پێی بنەمای تاکەکەس نەبوو وەک لە حاڵەتی سیاسەتەکانی مەغۆلدا، بەڵکو وەک کەسانی سەر بە گەلێک بوو. ئەم سیاسەتانە  لەوە زیاتر بوون کە تەنها کارپێکردنی هێزە ناوچەییەکان بێت، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی خواستی مەملووکەکان بوو بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی بەهێز دژ بە مەغۆلەکان بۆ بەهێزکردنی ئەو چەمک و بیرۆکەیەی کە وا کوردەکان گرووپ و تایفەیەکی جیاوازن و کەچی لە هەمان کاتدا مۆرکی ناوچەیشی پێدەدرێت. بەم مانایە، سیاسەتی مەملووکەکان تا ڕادەیەک شێوە دژوارییەکی تێدابوو، کە لە هەمان کاتدا تەواوکاری و جیاوازیشی تێدەکەوت. ئەم پارادۆکسە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی دەوڵەتمان بیردێنێتەوە و لە پێکهێنانی ڕووبەرێکی جوگرافیدا بەرهەڵستی کردن یان ناچار کردن بە سەپاندنی پێکهاتە سیاسییە ناوخۆییەکان. ڕاستتر ئەوەیە، کە دەوڵەت تەنها هەوڵ نادات بۆ دامەزراندنی سەرۆکە ناوخۆییەکان بۆ پێشاندانی کاریگەری و دەسەڵاتی خۆی، بەڵکوو دیاریکردنی ئەو خاک و هەرێمەشە کە هەوڵدەدات حوکمی خۆی بەسەردا بسەپێنێت. ڕاستییەکەی ئەم ناونان و دیاری کردنە لەخۆیدا کردارێکی سیاسیی ڕوون و ئاشکرایە. مەملووکەکان دەیانویست لە ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی خۆیاندا بکەن.  

ئێمە پێویستە ئەوەمان بیر نەچێت کە وا ناوچە کوردییەکان بە فەرمی لەژێر دەسەڵاتی مەغۆلدا بوون لەو سەردەمەدا. بەهەرحاڵ، دەوڵەتەکەی مەملووکیش بەنیاز بوو ناوەرۆکێکی کارگێڕی بداتێ، وەک بڵێی مۆرکێکی فەرمی بێت. "ئەلعومەری" کە بەڕێوەبەری دیوانی ئینشا بوو (دیوان الإنشا‌و) واتە دەزگای ڕاوێژکاری و کوڕی بەڕێوەبەرێکیش بوو، وەک ئیقلیمی جیبال (واتە چیاکان) خاک و وڵاتی کورد دیاریدەکات. ئەو لە ئینسکلۆپیدیا جوگرافییەکەیدا و لەو فەسڵەی کە لەسەر مەمالیکە و لە (سوبحول الئەعشا - صبح اڵ‌عشی)ی قەلقەشەندیدا، کورد لە بەشێکی جیاوازدا دەردەکەوەن و بەدیاریکراوی لەو بەشەدا کە پەیوەندیی بە ئیقلیمی جیبالەوە هەیە. بە هەمان شێوە، موحیەدین ئیبن عەبدولزاهیر (١٢٩٣ مردووە) چەند بڕگەیەک  لە ڕاسپاردەی سوڵتانی مەملووکی، "ئەلمەنسوور قەلاوون"، دێنێتەوە سەبارەت بە جێگرتنەوەی کوڕەکانی لە دەسەڵاتی دوای خۆیدا. لە نێو زۆرێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی  سوڵتاندا و کە بە میرات بۆ کوڕەکانی جێهێشتووە، "مەملەکەتی قایم و قۆڵی کوردان" بووە (المملکه‌ اڵ‌کرادیه‌ الحصینه‌ الجبلیه‌) کە پەیوەست بووە بە "ئەگەری داگیرکردنییەوە" یان فتوحاتها (ئیبن عەبدولزاهیر، ١٩٦١: ٢٠٢). لە واقیعدا، کاریگەریی ڕاستەقینەی مەملووک بە سەر ئەم ناوچەیەوە لەوپەڕی سنوورداریدا بووە. بەڵام ئەوەی جێی بایەخ و بەرچاوە کە وا مەملووکەکان هیوای خۆیان خستبووە سەر تێکرا کوردەکان، وەک تاقمێکی ئەبستراکت لە خەڵک، واتە خەڵکانێک کە نیشتەجێی خاک و ناوچەیەکی دیاریکراون و لەبریی مەملووکەکان کۆنترۆڵیان کردووە. مەملووکەکان چەند لەشکرکێشییەکی بێ ئەنجامیان کردبووە سەر ئەم ناوچانە. تێبینیی ئەوەش دەکرێت کە وا دیارە دەقە مەملووکییەکان بەپەرۆشەوە ئەوە پیشان دەدەن کە وا هەندێ لە میرە کوردەکانی ناویان لە لیستەکانی دیوانی ئینشادا هاتووە پلە و پایەیەکی بڵندیان هەبووە لە ئیمپراتۆرییەتی مەغۆلدا. بەو پێیە، ڕەنگە بپرسین کە ئەمان لە کام لا بوون؟ لەوانەیە وەڵامەکەی ئەوەبێت کە لە هەردوو لا بوون یان هیچ لایەک، بەڵام وەک قەوارەیەکی سەربەخۆی کورد نەبووە. ئەلعومەری لە تەعریفەکەیدا هۆکارەکانی ئەمە ڕوون دەکاتەوە، کە وا کوردەکان بێ ئەژمار زۆرن و ئەگەر شمشێری ناکۆکیی نێوانیان نەیانبڕێنێتەوە ئەوە بەردەوام سەرهەڵدەدەنەوە و دەڕژێنە سەر زەوی و هەموو شت و شوێنێک داگیر دەکەن. بەهەرحاڵ، ئەوان هەمیشە مەیلیان بە لای ناتەبایی و ناکۆکییەوەیە و بۆیە هەمیشە شمشێر و خوێنڕشتن لە نێوانیاندایە و ڕقیان لە یاسا و نیزامە، هەمیشە چاویان تەڕە و خوین سووری کردووە (ئەلعومەری، ١٩٩٢: ٤٧؛ ئەلقەلقەشەندی ، ١٩١٢ - ١٩١٣: ٧ / ٢٨٣). لەبەر ئەوە هیچ هۆکارێک نییە بۆ مەملووکەکان کە داوای دەسەڵاتداری ناکەن بەسەر ناوچە کوردییەکاندا. 

لە هەمان کاتیشدا؛ ئێمە لەم چەند وشە کەمە و نووسینەکانی تری "ئەلعومەری"دا، درک بە سیاسەتی مەملووکەکان دەکەین لە بەرانبەر   کوردەکاندا و بەدیاریکراوی ئارەزوو کردن لە بەکارهێنانی گیانی بەکۆمەڵدا (عەسەبییەت)، کە دەکرێ بەهێز بێت بەڵام خەوشدارە، وەک چەکێک بۆ فراوان کردنی مەملەکەتی مەملووکی دژ بە مەغۆلەکان. بەم پێیە؛ دەوڵەتی مەملووکەکان، بەپێچەوانەی ئەوەی کە ڕژێمە سیاسییەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لە سەدەکانی ناوەڕاستدا هەوڵیان بۆ داوە و بەپێچەوانەی سیاسەتی کۆدەنگیی مەغۆل، هەوڵی خولقاندن و پشتگیری کردنی دەمارگیریی (عەسەبییەتی) کوردیان داوە بۆ جەختکردن لە سەر دەسەڵاتیان بە سەر خاک و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتدا. ئەم پارادۆکسە لەو دژوارییە زارەکییە دەچێت؛ خاکی سەربەخۆی ئۆتۆنۆمیداری کورد. ئەمەش گونجاو نەبوو بێ هەل و مەرجی دیاریکراوی ناوچە کوردییەکان و بە دیاریکراوی بارودۆخی جەنگ لە نێوان دوو هێزی گەورەی هەرێمیدا، کە مەغۆل لێرەدا وەک هێزێکی زەبەلاحی باڵادەستی هەموار و هاوچەشن ڕەفتار دەکەن بەگوێرەی بەکارهێنانی کۆنی ئێرانی. 

لە ڕوانگەیەکی مێژوویی گشتییەوە، جێی سەرسوڕمان نییە کە بارودۆخی ناوچە کوردییەکان سەری کێشاوەتەوە بۆ دامەزراندنی میرنشینە نیمچە سەربەخۆکان، بە دیاریکراوی لە ماوەی نێوانگیریی "intermezzo"  ئێرانیدا  (لە سەدەکانی دە بۆ دوانزەدا).  بارودۆخی کولتووری سنوور و کەوتنە نێوان، کە لە بە شێوەیەک لە سەردەمی شەڕ و ململانێی مەملووک و مەغۆلەکاندا هاتووەتە ئاراوە و تا ڕادەیەک جیاوازە چونکە دەستێوەردانی پێشوەختی هەردوو دەوڵەتی میسر و ئێران دەگەیەنێت لە پێکهێنانی ئەم ناوچە سنوورییانەدا. ئەمەش پێکهاتەیەکی نوێی کۆمەڵایەتی - سیاسیی لێ بەرهەم هاتووە واتە (کوردی نێوان دوو لایەن و داڕشتنی ئیتنیکیی دەوڵەت)، کە ئەمەش پێدەچێت بناغەی ئەو ئۆتۆنۆمییەی داڕشتبێت کە لەلایەن عوسمانییەکانەوە دراوە بە میرنشینە کوردییەکان لە سەردەمی شەڕ و ناکۆکییان لەگەڵ سەفەوییەکان لە سەرەتای سەدەی شانزەدا. هەروەها بواری بینینی ئەو بارودۆخەشمان بۆ دەڕەخسێنێت کە وا سەرلەبەری ناوچەکە وردە وردە بە "کوردستان" ناسرا. هەرچەندە سیستەمی حوکمی مەملووکی گونجاوتر بوو بۆ قەوارەیەکی کوردی یان ناوچەیەکی دابڕاو لە خاک و قەڵەمڕەوی مەغۆلدا، کە وا کاریگەری و دەسەڵاتی لە دەرەوەی ئەو ناوچەیە نەبوو. لە دیدگایەکی میسرییەوە، سیاسەتێکی لەم چەشنە (واتە پشتگیری کردنی کورد) لە دڕکێک دەچوو کە چەقیبێتە کەلەکەی ئیمپراتۆرییەتی ئێرانی ڕکابەرەوە بەڵام ئاماژە نییە چەسپاندنی تەواوی قەوارە کوردییەکە لە ناو سەڵتەنەتی مەملووکەکاندا. دوو سەدە دواتر بۆ دواجار ماڵی عوسمان ئەم بازەیان دا و دەرفەتیان وەرگرت بۆ خولقاندنی کوردستانێکی عوسمانی بەتەواوی. هەڵبەت بە حوکمی ئەو بارودۆخەی کە تێیدا ئۆتۆنۆمی درا بە میرنشینە کوردییەکان و ئەمەش دانپیانان بوو بەوەی کە تەنها حوکمی عوسمانی فرەڕوو بووە. گەلێ فاکتەری تر سەنگی مەحەک بوون و ئەگەر کەمێکیان لێ وەربگرین، دەبینین ئەو دۆخە سیاسییە ئاڵۆزەی پێش تێکەڵ کردنەوەی کوردستان کەوتبوو و ئەو سەودا و مامەڵەیەی بیرۆکراتە عوسمانییەکان کردیان، کە تێیدا "ئیدریس بەدلیسیی" بەدناو و لایەنە ئاینییەکەی کوردەکان میرە کوردەکانیان هەڵفریواند و ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەی لێ کەوتەوە. 
 
"ئاژاوە و پشێویی پێش عوسمانی"

لەپاش ماوەیەکی کورت لە دەسەڵات شکانی تەیموورییەکان بەسەر "خاکی کورد"دا، کە دەکەوتە بەشی سەرەوەی میسۆپۆتامیا و بەشێکی زاگرۆسی ئێرانییەوە، سەدەی پانزەهەم ئەو خاسییەتەی هەبوو کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی دەسەڵاتی تێدا کەرت و پەرت بووبوو. هیچکام لە دەوڵەتە بچووکە ناوخۆییەکانی تورکمانەکان نەیاندەتوانی قەوارەکانیان کۆبکەنەوە و لەوە زیاتر بەهێز ببن. لە ناو ئەوانەدا، دوو ئەکتەری سەرەکی دەرکەوتن و خاک و ناوچەکانی کوردیان حوکم کرد تا کۆتایی سەدەی پانزەهەم و ئەوانیش (قەرەقۆینلوو و ئاق قۆینلوو) بوون. قەرەقۆینلوو؛ دەکەوتە دەورووبەری گۆلی   ورمێوە و حوکمی بەشی سەرەکیی ئازەربایجان و ناوچە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتیان کرد تا ساڵی ١٤٦٩. لە سەرەتای سەدەی پانزەدا بوون بە نوێنەرانی دەوڵەتی تەیمووری لە ڕۆژئاوا و کەوتنە تاقە فراوانخوازییەکەیان لە میسۆپۆتامیادا. لەگەڵ ئەوەشدا پێدەچێت زۆربەی مافەکانی حوکمڕانانی کوردیان سەپاندبێت بە سەر ئیمارەتەکانیاندا و تەنانەت وەک تەنها هاوپەیمانانی ئەم میرە کوردانە ڕەفتاریان دەکرد.

ئەمە بە شێوەیەکی تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ڕاست بوو، کە وا کاریگەری و دەسەڵاتی قەرەقۆینلوو دوور و نەبینراو بوو. بۆ نموونە "شەمسەدینی بەدلیس" سەرۆکێکی نیمچە سەربەخۆ بوو لە شارەکەیدا. ئەییوبییەکان، کە لە میسر و سووریادا نەمابوون، لە قەڵای حەسەنکێفی ناوجەرگەی کوردستاندا مابوونەوە و لەوێ وەک میرانی کورد تەماشا دەکران. ئەوان چیتر لە سەر ئاستێکی گەورە و بەرفراوان هاندەر نەبوون و مەسەلەکە وای دەگەیاند کە جارێکی تر دەمارگیری (تەعەسسوب یان عەسەبییەتیان) بەسەردا زاڵ بووبێت (ئیبنول مونشی، بێ مێژوو)، هەروەها  هێز و دەسەڵاتیان بە تەواوی دای لە کزی لەگەڵ لاوازبوونی قەرەقۆینلوو لە دەوروبەری ساڵی ١٤٦٢دا. لە لایەکی ترەوە، ئاق قۆینلوو؛ بە درەنگتر لە قەرەقۆینلووی ڕکابەریان نەشونمایان کرد لە نیوەی دووەمی سەدەدا. ئەوان هەر کە پێگەی کاریگەری و دەسەڵاتیان کەوتە ڕۆژاوای کوردستانەوە، هەستیان بە پێویستیی تێکشکاندنی میرە کوردەکان کرد کە هەڵوێستیان لایەنگریی قەرەقۆینلوو بوو. ئوزوون حەسەنی سەرکردەی ئاق قۆینلوو لە دەوروبەری ساڵی ١٤٧٠دا قەرەقۆینلووی بەزاند و زۆربەی خاک و ناوچەکانی کوردی گرت و پاشان بەتەمابوو حوکمی ڕاستەوخۆی ئەو ناوچانە بکات (ڤان بروونەسن، 1999: 137 ؛ ئۆزۆغڵوو، 1996: 11 ؛ مینۆرسكی، 1983: 457). بەڵام هەر زوو ئاق قۆینلوو بەرەوڕووی دوو ئالینگاریی نوێ بوونەوە و ئەمانیش لە ڕۆژئاواوە عوسمانییەکان و لە ناویشەوە سەفەوییەکان بوون. ئێمە تەنها سەرمان لەوە سوڕدەمێنێت کە ئاخۆ لاساری و سەرسەختیی ئاق قۆینلوو لە بەرانبەر کورددا چۆن جێی مەترسییان نەبووە بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم هەڕەشە و مەترسییە نوێیانەدا. هەروەها لەوانەیە خولیا و مەراقیان ئەو هێز و گوڕەی پێ دابێتن کە ببنە ئاڤاتارێکی نوێی ئیمپراتۆرییەتی ئێرانی بە دید و تێڕوانینی کۆدەنگییانەوە، کاتێ کە زۆربەی هەردە و دەشتاییەکانی ئێرانیان داگیر کرد. بەهەرحاڵ، هەوڵ و تەقەلایان بۆ دەستەبەر کردنی هەژموون بەسەر هەردوک ئێران و ئەنەدۆڵدا سەرکەوتوو نەبوو. لەپاش مردنی ئوزوون حەسەن گڵۆلەی بنەماڵەکە کەوتە لێژی و دای لە کزی.

لەم دۆخ و سیاقەدا، شاکانی سەفەوی وەک بەتواناترین هێز دەرکەوتن لە وڵاتی میسۆپۆتامیا و پێدەشتەکانی ئێراندا. ئەم قەوارە سیاسییە لە ڕێباز و تەریقەتێکی کلاسیکیی برایی ئیسلامییەوە سەری هەڵدا کە زۆر میللی بوو لە ناو خێڵە تورکمانەکاندا. تەریقەتەکە عەوداڵی شێخێکی نوورانی و خاوەن کاریزما بووبوو، بە ناوی سەفیەدین (١٢٥٢ - ١٣٣٤)، کە یەکەمجار لە ئازەربایجان و بەشی سەرەوەی میسۆپۆتامیادا گەشەی کرد لەژێر چەتری ئاق قۆینلوودا. هەر کە ڕوونبووەوە کە  ئەم ڕێباز و براییە بەئاشکرا ڕێکخراوێکی سیاسی و سەربازیی مەترسیدارە و توانای ڕکابەریی هەیە، پەیوەندیی نێوان شێخەکان و بنەماڵەی تورکمانەکان دایە کزی و لێژ بووەوە، هەروەها گۆڕینی تەریقەتەکەش بۆ ئیسلامی شیعی بە هەمان ئەندازە زیانبەخش بوو بە هاوپەیمانییەکەی پێشوو. لە سەرەتای سەدەی شانزەهەمەوە ڕێبازەکە دەستباڵایی پەیداکرد. پاسان لەژێر ڕێنمایی و سەرپەرشتیی شاه ئیسماعیلدا دواجار خاک و وڵاتێکی هێجگار پانوپۆڕی خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە کە لە هیندوکۆشەوە درێژ دەبووەوە تا ڕووباری فورات. بنەماڵە کوردەکان بە شێوەیەکی هەلپەرستانە ویستیان جارێکی تر وەک سەرکردەی ناوخۆیی دەربکەونەوە. بە پشتبەستن بە تورکمانەکان و هێزە شیعییەکان، سیاسەتی سەفەوییەکان بەرانبەر بە کوردەکان جیاوازتر نەبوو لەوەی ئاق قۆینلوو. ئەوان هەوڵی پیادە کردنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆیان دەدا بەسەر قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆرییەتەکەیاندا و بە شێوەیەکی لۆجیکی نیازی تێکشکاندن یان سەرکوت کردنی بنەماڵە گەورەکانی کوردیان هەبوو کە حوکمی میرنشینە بچووکەکانی سەرووی میسۆپۆتامیایان دەکرد و لە جێگەیان والی و حوکمڕانی شیعە مەزەب و کەسانی لەسەرکار لادراو یان کوردە لاوازەکانیان دادەنا کە سەر بە خۆیان بوون. لە ڕووداوێکیشدا دەگێڕنەوە کە وا زیاد لە دە دوانزە میری کورد خراونەتە زیندانەوە لەو کاتەدا کە سەردانی شا ئیسماعیلیان کردووە لە شاری خۆی بۆ بەیعەت کردن و پێشاندانی ملکەچییان لە ساڵی ١٥١٠دا و شا گۆڕیونی بە ئەفسەرانی شایستە و جێمتمانەی خۆی.

"ئیدریسی بەدلیسی و تێکەڵ کردنی کوردستان بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی"

لە لایەکی ترەوە، لە ناوەڕاستی سەدەی پانزەهەمدا، سەڵتەنەتی عوسمانی هێزێکی ڕۆژئاوا بوو، ئەگەر هێزێکی ئەورووپی نەبوایە، لەگەڵ جێگیر بوونێکی بەهێز لە بەڵکاندا. ئەمە و کاتێ کە دەستی کرد بە فراوانخوازی و پەلکوتان بەرەو ڕۆژهەڵات و سەرکەوتوو بوو لە دانەناوی (ئیحتیوا کردنی) دەسەڵات و کاریگەریی  ئاق قۆینلوو و بگرە خێرا هەڵوەشاندنەوەشیان. لەگەڵ ئەوەشدا، پەرەسەندنی سەرەتایی عوسمانییەکان لە ئەنەدۆڵدا خولیا و مەراقی سەفەوییەکانی پەکنەخست چونکە وایان دادەنا ئاق قۆینلوو هەڕەشەی سەرەکییە بۆیان. چونکە ئەمان (وایە ئاق قۆینلوو) خۆیان تووشی ڕووداوگەلێکی وا کرد کە عوسمانییەکان و سەفەوییەکان و بە ئاستێکی کەمتر مەملووکەکانی میسریشیان کردە دوژمنی خۆیان و هەموو بەجارێ گەلەکۆمەکییان لێکردن. تا سەرەتای سەدەی شانزەهەم، هەردوو زلهێزی تازە دەرکەوتوو (عوسمانییەکان و سەفەوییەکان) لەگەڵ یەکتر نەکەوتبوونە ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕی قورسەوە لەبەر هۆکاری جۆراوجۆر. بەهەرحاڵ، شەڕفرۆشی و پەلاماردانی عوسمانی لە تەرابزۆنەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سەفەوی زۆر زۆر بوون و لە هەمان کاتیشدا شۆڕش و یاخیبوونی شیعەکان لە ئەنەدۆڵی عوسمانیدا کە لە دوورەوە شا پشتیوانیی لێ دەکردن لە هەڵکشاندا بوو. ئەم گرژی و ئاڵۆزییە تا ڕادەیەک جڵەوکراوە سەری کێشایەوە بۆ شەڕوشۆڕێکی ئاشکرا کە سوودبەخش بوو بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوە و ڕێکخستنەوەی خاک و ناوچە کوردییەکان. بەپێچەوانەی ئەوەشەوە، ناوەندێتیی کوردستان لە بەرەوڕووبوونەوەی هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا کاریگەرییەکی بەهێزی هەبوو لە دیاریکردنی بنیاتی ئایدیۆلۆجی و سیاسییاندا. "سوڵتان سەلیمی" یەکەمی عوسمانی کە تازە چووبووە سەر تەخت لە ئەستەمبووڵ (١٥١٢) ئۆپەراسیۆنێکی هێجگار گەورەی سەربازیی دژ بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سەفەوی ئەنجامدا و بە ئاسانی سنوورەکانی سەفەویی بەزاند لە ساڵی ١٥١٥دا. بەمە هەر زوو شاری ئامەد (کە لە ئێستادا دیاربەکرە) کەوتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان. لەشکری عوسمانی، کە لەلایەن هەندێ هێزی کوردەوە یارمەتی دەدرا بەردەوام بوو لە پێشڕەوی   کردندا و لە چاڵدیران لەگەڵ سووپای سەفەویدا پێکیاندادا، کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی وان لە ئەرمینیا و شەڕێکی قورس بەرپا بوو  (بە پێی گێڕانەوەی زۆربەی سەرچاوە مێژووییەکان ئەم شەڕە لە ساڵی ١٥١٤دا بووە - وەرگێڕ). لەم شەڕەدا عوسمانییەکان بەتەواوی سەرکەوتن و شا ئیسماعیل تەنانەت لە تەبرێزی پایتەختەکەشی هەڵهات، کە بۆ ماوەیەک لە لایەن سەلیمی یەکەمەوە داگیر کرا. ئەم سەرکەوتنە تا ڕادەیەک وا تەماشا دەکرا کە ئەنجام و لێکەوتەی هاوکاری و یەکدەنگیی خێڵ و میرنشینە کوردەکان بێت یان ڕەنگە تەنها بە پاڵپشتی کردنی دواتریان مسۆگەر کرابێت. لە هەر حاڵەتێکدا بووبێت، ئەوەی تەواو ڕاستە ئەوەیە کە بە کشانەوەی سووپای عوسمانی لە سەنتەر و ناوچەکانی سەفەوی، "شا ئیسماعیلی سەفەوی" بە هیچ شێوەیەک سەرنەکەوت لە هێرشە بەرانبەرەکەیدا بۆ سەر ئەنەدۆڵ، چونکە هێزی ڕێکخراوی کورد بەرگرییان کرد و نەیانهێشت جارێکی تر سووپای شیعەکان بگەڕێنەوە ئەو ناوە. 

بەشێک لە توێژەران مەسەلەکە دەگێڕنەوە بۆ سیاسەتی پڕ تووندوتیژی و سەرسەختانەی شیعەکان لە بەرانبەر کورد، وەک نیشانەیەکی دەمارگرژیی ئاینی و مەزهەبی شیعەگەرایی دژ بە گرووپە سوننییەکان. سەرەڕای ئەوەش، سرووشت و هەڵسوکەوتی خودا ئاسای "شا ئیسماعیل" لە کایەی خۆیدا ڕێگەی بە دامەزراندنی هیچ جۆرە حوکمێکی ئۆتۆنۆمی یان نیمچە سەربەخۆیی نەدەدا وەک کوردە ئەریستۆکراتەکان داوایان دەکرد. دەکرێ ئەم لێکدانەوانە جێی باوەڕبن، بەڵام ئەگەر تێڕوانینی مێژوویی گشتیی ئاساییمان پێچەوانە کردەوە و بۆ دواوە چاو بگێڕین (لە سەردەمی عوسمانییەوە بۆ مەملووکی)، ڕەنگە بە شیکارییەکی ترەوە دەربچین. بەو پێیەییە، دۆخەکە زیاتر ئەوە دەگەیەنێت کە سرووشتی ئاینیی دەسەڵاتی سەفەوی سیاسەتیان بەرانبەر بە کورد ڕاڤە ناکات چونکە کولتووری سیاسیی فرەیی و سێکولار لەمێژە پەیوەست بووە بە ئیمپراتۆرییەتی ئێرانییەوە. وادیارە ناکۆکی و ململانێی عوسمانی - سەفەوی ئەو نەخشە و پلانە دوولایەنەی بووژاندووەتەوە کە بووبووە مۆرکی سیاسەتی ئیمپراتۆرییەتەکانی مەغۆل و مەملووکەکان لە بەرانبەر میرە کوردەکاندا، دوو سەدە لەوەوبەر. کۆک بوون لە سەر ئەو ئاڕاستە سیاسییەی لە لایەن سەفەوییەکانەوە جێبەجێ دەکرا و ئەو داڕشتنە ئیتنیکییەش سەبارەت بە کورد کە بووبووە هۆی گەڵاڵە بوونی سیاسەتگەلێکی لیبراڵی کە عوسمانییەکان جێبەجێیان دەکرد. یەکەمیان (واتە عوسمانییەکان) ڕێچکەی مەغۆلەکانیان گرتبوو لەم مەسەلەیەدا و دووەمیشیان (واتە سەفەوییەکان) ڕێچکەی مەملووکەکان.

چەندین هێرشی سەفەوییەکان بۆ سەر ئەنادۆڵ بەری پێگیرا بە هۆی کۆنفێدراڵییەتێکی سەربازییەوە کە لە سووپای نیزامیی عوسمانی و لەشکرە ناوخۆییەکانی کورد پێکهاتبوو. بە هاتنی ساڵی ١٥١٥ (ڕاستتر ١٥١٤ - و)  تێکەڵ کردنی کوردستان (لەگەڵ خاک و قەڵەمرەوی دەوڵەتی عوسمانیدا) ئەنجامدرا و بە پێی هەمان ڕێسا و بنەما بە بێ گۆڕان بۆ ماوەی زیاد لە سێسەد ساڵ بەردەوام بوو. لە ڕوانگە و بۆچوونی کورد و عوسمانییەوە سەرلەبەری مەسەلەی جۆشدان و ڕێکخستنی میرنشینە کوردییەکان لە دەوری کەسایەتیی "ئیدریسی بەدلیسی" کۆدەبێتەوە، کە بیرۆکراتییەکی کورد بووە و لە دەرباری حوکمرانانی ئاق قۆینلوودا کاری کردووە و لە شوێنێکی نزیک تەبرێزی پایتەختیانەوە لەدایکبووە، کە باوکی پلە و پایەیەکی باڵای هەبووە لە دەرباردا و  ئەمیش دەیتوانی هەمان ڕێی باوکی بگرێت بەڵام بڕیاری دابوو پێچەوانەی ئەو بجووڵێتەوە. ساڵی ١٥٠٠ بەدلیسی تەبرێز بەجێدێڵێت و وای دانابوو "سەفەری" میسر بکات بۆ ئەوەی بچێتە خزمەتی سوڵتانی مەملووکییەوە (سوێنمەز، ٢٠١٢: ٤١). لێرەدا دەکرێ وای لێکبدەیتەوە کە ڕەنگە  بیر و خەیاڵی بۆ سیاسەتی مەملووکەکان چووبێت سەبارەت بە کورد کە بەردەوامیی میرنشینە کوردەکانیان مسۆگەر کردبوو لە بەرەوڕووی حوکمی مەغۆلەکاندا. دواتر، لەگەڵ پەرەسەندنی ڕووداوەکاندا، بەئاشکرا دەردەکەوێت کە وا بەدلیسی بە دوای پشتیوانێکدا دەگەڕا نەک تەنها بۆ خۆی بەڵکو بۆ گرووپێکی بەرفراوان لە ناو ئەریستۆکراتییەتی کوردیدا کە وا گرفتار بووبوون بە دەست کەڵەگایی حوکمرانانی سەفەوی و ئاق قۆینلووەوە. "بەدلیسی" دواجار لە ئەستەمبوول گیرسایەوە و ڕوویکردە دەرباری سوڵتان و لەوێ بوو بە بیروکراتێکی سادە بەڵام لە هەمان کاتدا داکۆکیکارێکی بەرهەمدار لە دەسەڵاتی بایەزیدی دووەم و کەوتە نووسینی بابەت و مێژوو و چامە شیعری ستایش و پیاهەڵدان بە سوڵتاندا (سوێنمەز، ٢٠١٢: ٤٣). لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێ تەمومژی دەربڕی لە ملکەچی و دڵسۆزیی خۆی بۆ عوسمانییەکان کاتێ کە لە کۆتایی سەردەمی حوکمی بایەزیدی دووەمدا ئەوێی بەجێهێشت بۆ مەککە و لەوێ بۆ ماوەیەک لە ژێر پارێزگاریی مەملووکەکاندا مایەوە. دواجار، لە ساڵی ١٥١٢دا بانگهێشت کرایەوە بۆ ئەستەمبووڵ تا بچێتە خزمەتی سەلیمی یەکەمی سوڵتان - خەلیفەی نوێوە.

پاشان ڕێزێکی زۆری لێنرا بە هۆی ئاوەز و بیرتیژی و زانیاریی قووڵ و بەرفراوانی لەسەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و بنیات و پێکهاتەی مەملەکەتی سەفەوییەکان و بە شێوەیەکی دیاریکراوتر لە ناوچە کوردییەکاندا. بەو پێیە، بەدلیسی بوو بە دەرکەوتووترین دانوستانکار لە کاروباری کورددا و ئەندازیاری سەرەکی بۆ سیاسەتە ڕۆژهەڵاتییەکانی عوسمانی و هەروەها ڕاوێژکارێکی سەربازییش. لەڕاستیدا، بەرفراوانبوونی میسۆپۆتامیا و ئازەربایجانی ئیمپراتۆرییەتەکەی سەلیمی یەکەم بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە ڕێگەی سات و سەودا سیاسییەکان و ئەندازیاریی سیاسییەوە بوو، کە وا ڕۆڵی بەدلیسی تێیاندا کاریگەر بوو. لەپێناوی هەرەسهێنان بە بنەمای هێز و دەسەڵاتی سەفەوی و داگیر کردن و بڵاوبوونەوەی هەرێمیدا، ئەم گەلێ جار دەنێردرا بۆ ناوچە کوردنشینەکان. لەوێ بنەماڵەی میرزادەکانی کوردی دڵنیا دەکردەوە لە نیازپاکیی سوڵتان بەرانبەریان و پشتیوانی ئەوانی بەدەستهێنا بۆ لەشکرکێشییەکان و لە هەمووشی بایەخدارتر دابینکردنی بنەمایەکی سیاسیی درێژخایەن بۆ جێگیر بوونی عوسمانی لە دەڤەرەکەدا. ئەمە تا ڕادەیەک بەزوویی کرا و بەدلیسی ئەم ڕێککەوتننامە سەرکەوتووەی داڕشت بە جۆرێک کە لە سەروەختی شەڕی چاڵدیراندا زۆربەی بنەماڵە ناودار و دەسەڵاتدارەکانی کورد بەڵێنی بەیعەت و دڵسۆزییان دابوو بە عوسمانییەکان. ئەوجا ئەوانی تریشی بەدوادا هات لەپاش داگیرکردنی عوسمانییەکان بۆ ئازەربایجان و لە کاتی شکستی هێرشی پێچەوانەی سەفەوییەکاندا. هەندێ لە میرەکان ڕاستەوخۆ چاویان بە سوڵتان کەوت (ڤان بروونەسن، ١٩٩٩: ١٤٢ - ١٤٥). بێجگە لە سوود و قازانجی ڕاستەوخۆی سەربازییان، ئەم دانوستان و ملکەچی و دڵسۆزی دەربڕینانە زەمینەیان خۆشکرد بۆ دروستکردن و پێکهێنانی قەڵایەکی مەحکەم و ئاڵۆزی کوردیی - عوسمانی کە بۆ چەندین دەیە بەردەوام بوو. ئەم تێكەڵبوونەی میرنشینە کوردەکان لاپەڕەیەکی نوێی کردەوە لە مێژوویاندا و لە ئەستەمبووڵ وا تێی دەڕوانرا کە ئەوپەڕی بایەخدار و یەکلاکەرەوە بووە بۆ تێکڕا جیهانی عوسمانی. بەم جۆرە لەدواییدا کوردستان بوو بە پێکهاتەیەکی بنەڕەتیی عوسمانی. هەروەها ئەم بارودۆخە هۆکاری دواتر نوێکردنەوەی ڕێککەوتننامەکە  روون دەکاتەوە لەلایەن زۆربەی سوڵتانە عوسمانییەکانەوە.


ئه‌م بابه‌ته 141 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر