دەوڵەتەکان چەندە هێزیان دەوێت؟

لە باوترین پێناسەکانی سیاسەت؛ هەوڵدان بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی هێز. ئەو هەوڵە دەتوانێت هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگە بگرێتەوە.
PM:03:04:01/01/2022
دۆسیە: شیکار


دکتۆر محەمەد حوسێن زادە
نوسەر


(دیبەیتێکی ڕیالیستیانە)

"پێشەکی"

یەکێک لە کۆنترین و باوترین پێناسەکانی سیاسەت؛ بریتییە لەوەی سیاسەت واتە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی هێز. ئەو هەوڵە دەتوانێت هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگە بگرێتەوە. لە چەمچەمەکیی نێوان بووک و خەسوو و پشبڕکێی ناو گرووپ و کۆمەڵگەوە بگرە تا ململانێکانی سیاسەتی نێونەتەوەیی. لە ئاستی سیاسەتی نێونەتەوەییدا کە من لێرەدا دەمەوێت باسی لێ بکەم، "مۆرگێنتا" کە بە باوک و داهێنەری "ڕیالیزمی سیاسی" ناسراوە، پێی وا بوو سیاسەتی نێونەتەوەیی بریتییە لە پێشبڕکێ و کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنان، پاراستن، کەڵەکەکردن و پەرەپێدان بە هێز. ڕەنگە کەسانێک هەبن، ئەوە بە ڕوانگەیەکی زێدەڕۆیانە دابنێن، بەڵام هەر ئێستاکەش لەناو بیرمەندانی زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا، کۆدەنگییەک لە ئارادایە سەبارەت بەوەی کە ئەگەر نە یەکەمین و سەرەکیترین، لانیکەم یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دەوڵەتەکان؛ بریتییە لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنان و پەرەپێدان بە هێزی خۆیان. ئەگەرچی ڕیالیستەکان بە چڕی جەخت لەو ڕوانگەیە دەکەنەوە و بە گشتی "ڕیالیزم" و "سیاسەتی هێز" پێکەوە گرێ دراون و هەر کات باس لە ڕیالیزم بکرێت، هێز وێنا دەکرێت، بەڵام باقی ڕوانگەکانیش نەک هەر خه‌سڵەتی هێزخوازیی و هێزویستی دەوڵەتەکانیان ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵکو زۆربەیان دان بەو گریمانەیەی ڕیالیستەکاندا دەنێن. 

سەرەڕای ئەو کۆدەنگییە دەربارەی هێزخوازیی دەوڵەتەکان، بەڵام تەنانەت ڕیالیستەکانیش سەبارەت بەوەی کە دەوڵەتەکان چەندە هێزیان دەوێت و تا چ ئاست و ڕادەیەک هەوڵی پەرەپێدان بە هێز و دەسەڵاتی خۆیان دەدەن، هاودەنگ و کۆدەنگ نین. لەو بارەوە بیروبۆچوونەکانیان جیاوازن و ئەوە باسێکە کە مشتومڕی لەسەرە. ئەو مشتومڕە بە تایبەت لە تیۆرە نوێکانی قوتابخانەی ڕیالیزمدا ڕەنگی داوەتەوە و بگرە وەڵامی ئەو پرسیارە ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە دابەشبوونی بیرمەندانی ڕیالیزم بەسەر تیۆرە جیاوازەکاندا. پێدەچێت کەمتر سەرنج بەو باسە گرنگە درابێت، بۆیە من لەم نووسراوەدا هەوڵدەدەم، بە کورتی باس لەو مشتومڕ و دیبەیتە بە تایبەت لە ناو ڕیالسیتەکاندا بکەم و ڕوونکردنەوەیەک بدەم سەبارەت بە وەڵامەکانیان بۆ ئەو پرسیارە کە دەوڵەتەکان چەندە هێزیان دەوێت. بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا هەوڵ دەدەم بە کورتی ئاماژە بە گرنگیی فاکتەری هێز لە ڕوانگەی بیرمەندانی لقە جیاجیاکانی ڕیالیزم بکەم.  

"ڕیالیزم و هێز"

هێز، ئاوەزمەندیی، بەرژوەندی، ترس، وڵاتانی زلهێز، هاوپەیمانێتی و شەڕ نموونەی ئەو چەمک و دەسەتەواژانەن کە لە تیۆرە جیاوازەکانی قوتابخانەی "ڕیالیزم" سەبارەت بە سیاسەت و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان گرنگییەکی بەرچاویان پێدراوە و ڕەنگیان داوەتەوە. دەکرێت بڵێین؛ تیۆری ڕیالیزم لەسەر ئەو چەمکانە دانراوە. من لێرەدا دەمەوێت سەرەتا باس لە گرنگی و پێگەی یەکێک لەو فاکتەرانە، واتە هێز، لە تیۆر و لە بیروبۆچوونەکانی بیرمەندانی ڕیالیزمدا بکەم و دواجار وەڵامی پرسیارە سەرەکییەی ئەم وتارە بدەمەوە سەبارەت بەوەی کە، دەوڵەتەکان چەندە هێزیان دەوێت. 

ڕیالیستەکانی سەردەمی کۆن کە بیروبۆچوونەکانییان بە ڕیالیزمی کۆن یان نەریتی (Traditional realism) ناسراوە، هەموویان هێز بە فاکتەرێکی گرنگ دادەنێن. توسیدید (Thucydides) کە لە کۆتاییەکانی سەدەی پێنجەمی پێش زایین، کتێبی "مێژووی شەڕەکانی پلۆپۆنزی"(History of the Peloponnes Wars)(١)نووسی، باس لە هۆکارەکانی دەستپێکردنی شەڕ لە نێوان ئاتێن و ئێسپارت دەکات و دەڵێت؛ ئاتێنییەکان خۆیان بە لایەنی ڕەوای شەڕەکە دادەنا و خۆیان پێ هەق بوو، چونکە لە بەراورد لەگەڵ ئێسپارتەکان هێزی زیاتریان بەدەستەوە بوو. "توسیدید" پێی وایە هەم ئاتێنییەکان و هەم ئێسپارتەکان گرنگییان بە لۆژیکی "سیاسەتی هێز"  دەدا و هێندە گوێیان بە بابەتە ئەخلاقی و ڕەوشتییەکان نەدەدا و بیریان لە هاریکاریی و هاوکاریی لەگەڵ یەکتری نەدەکردەوە.(٢)

توسیدید لەو بڕوایەدایە کە هۆکاری سەرەکی ڕوودانی ئەو شەڕە بریتی بوو لە پەرەسەندنی هێزی ئاتێن و ترسی ئێسپارت لەو بابەتە. لێرەدا توسیدید دەیەوێت بڵێت، سەرەکیترین بەرژوەندی ئێسپارتەکان (هاوشێوەی هەموو دەوڵەتەکان) بریتی بوو لە دڵنیابوونەوە لە ئاسایش و مانەوەی خۆیان، بۆیە تێکچوونی هاوسەنگی هێز و پەرەسەندنی هێزی ئاتێنیان وەکو هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر خۆیان سەیر دەکرد. کەوا بێت، ئێسپارت شەڕی دەستپێکرد بۆ ئەوەی ڕێگر بێت لەوەی کە ئاتین بە هێزە فراوانەکەی خۆی، بیر لە تێکشاندنی ئێسپارت بکاتەوە. توسیدید دەڵێت، هەڵبەت ئاتێنیش ناچار بوو بۆ پاراستنی ئیمپراتوریەکەی خۆی، پەرە بە هێزی خۆی بدات. بە کورتی، شەڕی نێوان ئاتێن و ئێسپارت، دەرخەری لۆژیکی سیاسەتی هێزە. ئاتێنییەکان بەهۆی ئەوەی کە لەڕووی هێزی سەربازییەوە سەرتر و باڵادەستتر بوون، دەیانەویست یان چۆک بە ئێسپارتییەکان دا بدەن یا بە تەواوەتی لەناویان بەرن.(٣) 

"ماکیاڤێللی" بیرمەندی سەدەی شانزدە، وەکو یەکێکی تر لە بیرمەندانی ڕیالیزمی نەریتی، بایەخی فراوان بە فاکتەری هێز لە سیاسەتدا دەدات. ماکیاڤێللی، بە گشتی هێزویستی یا هێزخوازیی بە یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی سرووشتی مرۆڤ دەزانێت و پێی وایە، مرۆڤ بوونەوەرێکی چاوبرسی، خۆخواز، ڕێوی سیفەت، خاوەن سرووشتێکی شەرئەنگێز، پەلاماردەر و بەرژوەندیخوازە. لە هزری مکیاڤێللیدا، هێز یەکێک لەو فاکتەرانەیە کە مرۆڤەکان بەردەوام هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن. جگە لەوە، بەشێکی زۆر لە نووسراوەکانی ماکیاڤێللی کە ئەمڕۆکە بۆ ئێمە بەجێ ماون، بریتییە لە ئامۆژگارییکردنی میرەکان سەبارەت بەوەی کە چۆن دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن و پەرە بە توانا و هێزی خۆیان بدەن. لە ڕوانگەی ماکیاڤێللیەوە، دەسەڵاتداری بەهێز تەنانەت پابەند بە بەڵێنەکانیشی نییە. ماکیاڤێللی یەکەمین بیرمەندی سیاسی بوو کە سیاسەتی لە ئەخلاق جودا کردەوە. ئەو دەڵیت کاتێک دەسەڵاتێکی بەهێز لە ئارادا نەبێت، ئەخلاقیش لە ئارادا نییە. واتە ئەخلاق بەرهەمی هێز و دەسەڵاتە.(٤)

"توماس هابز" بیرمەندی بەناوبانگی سەدەی حەفدەهەم (١٦٧٩-١٥٨٨) کە نووسراوەکانی کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر بیرمەندانی دواتری ڕیالیزم دانا، لە کتێبی لێڤیاتان (Leviathan)دا، بە شیوەیەکی میتۆدییانە سەبارەت بە ناوەڕۆکی دەسەڵات و هێز قسە دەکات و باس لەوە دەکات کە دەکرێت لە ناوخۆدا دەسەڵات و سیستەمی پلەوپایەیی دامەزرێت، بەڵام لە دەرەوەی سنوورەکاندا ئانارشی (فەوزا) لە ئارادایە. ئەو خاڵەی کە من دەمەوێت باسی لێ بکەم؛ ئەوەیە کە "توماس هابك" باس لە دۆخی سرووشتی ژیانی مرۆڤ لە قۆناغی پێش دامەزراندنی حکومەت و دەسەڵات دەکات. "هابز" پێی وایە لە دۆخی سرووشتیدا هەموو مرۆڤەکان بەرابەرن، واتە هیچ سنوورێکیان بۆ کردەوەکانیان نییە. بەڵام ئەوە دۆخێکی نەخوازراو و دوژمنکارانەیە، چونکە لەو دۆخەدا ناوەڕۆکی ژیانی سیاسی بریتییە لە شەڕی هەمووان لە دژی هەمووان. بە دەربڕینی هابز "مرۆڤ گورگی مرۆڤە". بۆیە، یەکسانی و بەرابەربوونی مرۆڤەکان لە دۆخی سرووشتیدا زیاتر لەوەدا ڕەنگ دەداتەوە کە هەر تاکێک ئەوەندە هێزی هەیە کە دەتوانێت یا بە تەنیایی و لە ڕێگەی فرتوفێڵەوە یا خود بە یارمەتی کەسانی تر و لە ڕێگەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەوە، "ئەوانی تر" بکوژێت.

هابز دەڵێت، سێ فاکتەر، واتە کێبڕکێ، بێ متمانەیی یا ترس و ناوبانگ دبنە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان پەلاماری یەکتری بدەن، چونکە مرۆڤەکان هەموویان بەرابەرن و هەر مرۆڤێک حەز دەکات هێزی زیاتری بەدەستەوە بێت. لەو دۆخەدا کە هیچ دەسەڵاتێک لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی ئاسایشی تاکەکان دابین بکات، متمانەکردن بە یەکتری زۆر ئاستەمە و تاکەکان بەردەوام لە یەکتری دەترسن و ئەو ترسەش هەمیشە لە ئارادایە. بۆیە پێویستە بەردەوام هەوڵی بەهێزکردنی خۆیان بدەن. لە ئاوا دۆخێکدا، بژاردەی پەنابردن بۆ بەکارهێنانی هێز هەمیشە لە بەردەستە. هابز دەڵیت؛ مرۆڤەکان بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە، دەرئەنجام پێکەوە هاوکاریی دەکەن و گرێبەستێک لە نێوان خۆیان واژۆ دەکەن بۆ ئەوەی بە دامەزراندنی دەسەڵاتێک لە سەرەوەی خۆیان، کاروباری دابینکردنی ئاسایشی هەمووانی پێ بسپێرن. ئەوەش دەبێتە بنەمای سەرهەڵدانی حکوومەت یان دەوڵەت [یا دەسەڵاتی باڵادەست] لە ناو کۆمەڵگەدا. بەڵام لە ڕوانگەی هابزەوە، لە دەرەوەی کۆمەڵگەکاندا [بە پێناسەی ئێستا: لە شانۆی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا] ئەوە ڕوو نادات و ئاستەمە هیچ جۆرە گرێبەستێک بێتە ئاراوە، بۆیە شانۆیە بۆ هەتاهەتایە ئانارشی بەسەریدا زاڵە، واتە دەسەڵاتێک لە سەرەوەی گەمەکەرەکان [دەوڵەتەکان] لە ئارادا نییە کە ئاسایشیان دابین بکات. ئەوەش وا دەکات ململانێ و شەڕ بەردەوام ڕوو بدات و هیچ چارەیەک بۆ دەربازبوون لەو دۆخە نییە.(٥)

بە زمانی بیرمەندانی ئێستای سیاسەتی نێونەتەوەیی، ئەوە بەو واتایە دێت کە دەوڵەتەکان بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆیان پیویستە بەردەوام هێز کەڵەکە بکەن.  
بەڵام پێویستە لەوە ئاگادار بین کە بیرمەندانی ڕیالیزمی نەریتی، بە تایبەت (ماکیاڤێللی و هابز)، زیاتر گرنگی و بایەخیان بە ئاسایش و دەسەڵات و هێز لە ناوخۆی سنوورەکانی یەکە سیاسییەکاندا دەدا و ڕاستەوخۆ باسی پەیوەندی نێوان گەمەکەرەکانی دەرەوەی سنوورەکانیان نەکردووە. سەرەڕای ئەوە، باسەکانیان سەبارەت بە سرووشتی هێزخواز و هێزویستی مرۆڤ دواتر لە لایەن بیرمەندانی ڕیالیستەوە پێشوازییان لێ کرا. دوای ڕیالیزمی نەریتی، ڕیالیزمی کلاسیک دێتە ئاراوە کە ئەویش، گرنگییەکی زۆر بە توخمی هێز هەم وەکو فاکتەرێک بۆ ڕوونکردنەوەی دیاردە و ڕووداوەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و هەم لە گوڕەپانی کردەیی سیاسەتی نێونەتەوەییدا دەدات. هەر وا کە لە پێشەکیدا ئاماژەم کرد، مۆرگێنتا (Hnas Joachim Morgenthau)، لە کتێبی "سیاسەتی نێوان نەتەوەکان"دا، سیاسەتی نێونەتەوەیی بە کێبڕکێی هەتاهەتایی و سرووشتی بۆ بەدەستهێنان، پاراستن و پەرەپێدان بە هێز پێناسە دەکات. خوێندنەوەی ئەو کتێبە خوێندکاران فێر دەکات کە سیاسەتی نێونەتەوەیی، بریتییە لە سیاسەتی هێز، لە دیدی مۆرگێنتا-وە ئەوە حەقیقەتێکی ئاشکرایە و نکۆڵی لێ ناکرێت.(٦)

لە ڕوانگەی مۆرگێنتاوە، سرووشتی مرۆڤ نەگوڕ و هێزخوازە. سەرچاوەی ڕەفتار و کردەوەکانی مرۆڤ، هێزە و هێزخوازیی دیاردەیەکی سرووشتیە و سرووشتیش نەگۆڕە. هەر بە شێوە، هێزویستی یا هێزخوازیی حەقیقەتی جیهانی سیاسەتە. دەوڵەتەکانیش [وەک مرۆڤەکان]، بەردەوام هەوڵی بەدەستهێنان، بەکارهێنان و پەرەپێدان بە هێز و بەرژوەندییەکانی خۆیان دەدەن.(٧)

لەڕاستیدا، مۆرگێنتا بایەخی فراوان بە دوو چەمکی بەرژوەندی و هێز دەدات، بۆیە دەکرێت لە ڕوانگەکەی وا تێبگەین کە شەڕ و ململانێی نێوان دەوڵەتەکان بابەتێکی بەتەواوەتی سرووشتییە و سیاسەتی نێونەتەوەیی شانۆی کێبڕکێی بەردەوامە بۆ بەدەستهێنانی هێز. لەو دیدەوە، ئاشتی و سەقامگیریی دیاردەیەکی کاتییە و لە ڕێگای هەندێ میکانیزم و بە تایبەت بە پێکهێنانی هاوسەنگی هێز دێتە ئاراوە. "مۆرگێنا" پێی وایە سیستەمی نێونەتەوەیی، سیستەمی ئانارشییە (فەوازیە) و دەسەڵاتێکی ناوەندی لەسەرەوەی دەوڵەتەکان لە ئارادا نییە، ئانارشی وا دەکات پەنابردنی وڵاتان بۆ بەکارهێنانی هێز ڕەوا بێت و شەڕ ببێتە خسڵەتێکی هەتاهەتایی سیستەمی نیونەتەوەیی. 
ئێدوارد هاڵێت کاڕ (Edward. Hallet. Carr)، یەکێکی تر لە بیرمەندانی ڕیالیزمی کلاسیک، هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هێز بە خواستێکی سرووشتی مرۆڤ دادەنێت. لە دیدی (کاڕ)ەوە، ناشێت جیهانێک وێنا بکرێت کە تیایدا مرۆڤەکان بەمەبەستی ململانێ لەگەڵ یەکتری بەسەر چەندین گرووپدا دابەش نەبووبێتن.(٨)

هەروەها رێنهۆڵد نەیبور (Reinhold Niebuhr) لە بیرمەندانی ڕیالیزمی کلاسیک، لەو بڕوایەدایە کە لە سرووشتی مرۆڤدا، ئیرادەی ژیان هەیە کە لە ئیرادەی هێزخوازیی سەرچاوە دەگرێت. "نەبوور" پێی وایە هەر کاتێک یاسا و ڕێسا ئەخلاقی و ڕەوشتییەکان بەمەبەستی سنووردارکردنی ڕەفتاری تاک وەکو ئەندامی گرووپێک دادەنرێن، ئەوە تووندوتیژی زیاتری لە ئاستی گرووپدا لێ دەکەوێتەوە. تاک ناسنامەی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە ئەندامی کۆمەڵگەیەکی بێ ناو و نیشان. بەو چەشنە بەرەو بەدەستهێنانی هێز ڕادەکێشرێت. لە ڕوانگەی نێبوورەوە، دەستە و گرووپەکان، هاوشێوەی مرۆڤەکان، هێزخوازن و سەرچاوەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ویستی ژیان (Will-to-live) لە ناخی مرۆڤەکاندا. بۆیە، ژیانخوازیی و مانەوەخوازیی لە هێزخوازیدا ڕەنگ دەداتەوە و خۆی دەنوێنێت. نەبوور پێی وابوو شەڕ هەتاهەتاییە و لەو بارەوە دەڵێت، کێبڕکێی دەرئەنجام براوە و دۆڕاوی لێ دەکەوێتەوە، بۆیە شەڕی نێوان دەوڵەتەکان وەکو بنەمایەکی سەرەکی درێژەی دەبێت. هەروەها نەیبوور دەڵێت، ئیرادەی زاڵبوون بەسەر مەرگدا لە ڕێگەی کەڵەکەکردنی هێزەوە، دەبێتە هۆی خۆخوازیی مرۆڤەکان.(٩) 

باقی بیرمەندانی سەر بە ڕیالیزمی کلاسیک، بۆ نموونە نیکۆلاس سپایکمەن (Nicholas Spykman)، ئارنۆڵد ولفێرز (Arnold Wolfers)، جۆن هێرز(John Herz)، ڕیمۆن ئارۆن (Raymond Aron)، نورمەن گرەیبنێر (Norman Graiebner)، جۆرج کێنان و فردریک شومان سەبارەت بە خسڵەتی هێزویستی و هێزخوازیی مرۆڤ و دەوڵەتەکان هاودەنگن. لێرەدا پێویست ناکات یەک بە یەک باس لە ڕوانگەی ئەو بیرمەندا بکەم. بە گشتی، لە ڕوانگەی ڕیالیستە کلاسیکەکانەوە، سرووشتی مرۆڤ هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا نەگۆڕدراوە. ئەو سرووشتە هێشتا خۆخواز و شەڕئەنگێزە. هێزخوازیی و خۆخوازیی مرۆڤ و دەوڵەتەکان لەگەڵ سیستەمی ئانارشی نیونەتەوەییدا تێکەڵ دەبن وا دەکەن کە شانۆی نیونەتەوەیی ببێتە گۆرەپانی هێز و بەرژوەندییەکان.(١٠)

بۆیە دەکرێت دەوڵەتەکان وەک ڕێکخراوەگەلێک بۆ رەفتاری هێرشبەرانە و بۆ پەلاماردانی یەکتری سەیر بکرێن.(١١)

بە گشتی، چەمکی هێز لە ڕوانگەی کلاسیکەکانیشەوە پێگە و ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە. هەروەها بیرمەندانی ڕیالیزمی نوێ، ئەگەر نەڵێین زیاتر، لانیکەم هێندەی پێشووەکانییان گرنگی و بایەخ بە فاکتەری هێز دەدەن. هەموو بیرمەندانی لقە جیاجیاکانی ڕیالیزمی نوێ، دان بە هەندێ لە گریمانەکانی ڕیالیزمی کلاسیکدا دەنێن، بە تایبەت ئەو گریمانانەی کە باس لە دەوڵەت-تەوەری سیستەمی نێونەتەوەیی، سرووشتی شەڕئەنگێزی مرۆڤ و گرنگی بەرژوەندییەکان و پێویستی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هێز بەمەبەستی دابینکردنی ئەو بەرژوەندیانە لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا دەکەن. بەڵام نکۆڵی لەوە ناکرێت کە هەندێ جیاوازیشیان لەگەڵ ڕیالیزمی کلاسیکدا هەیە. "کێنێت والتز" (Kenneth N. Waltz) کە بە داهێنەری ڕیالیزمی نوێ دادەنرێت و تیۆرەکەی بە "تیۆری ڕیالیزمی پێکهاتەیی" ناوبانگی دەرکردووە، بە پێچەوانەی ڕیالیستە سرووشتییەکان، بۆ شرۆڤە و ڕوونکردنەوەی دیاردە و ڕووداوەکانی سیاسەتی نێونەتەوەیی و ڕەفتاری وڵاتان، گرنگی بە پێکهاتەی (Structure) سیستەمی نێونەتەوەیی دەدات. "واڵتز" پێی وایە، سرووشت ناتوانێت بنەمایەک بێت بۆ خوێندنەوەی سیاسەتی نێونەتەوەیی، بۆیە باس لە گرنگی پێکهاتەی سیستەمی نێونەتەوەیی دەکات کە یارمەتیدەرە بۆ خوێندنەوە و شیکردنەوەی دیاردەکان و ڕوونکردنەوەی ڕەفتاری وڵاتان. ئەو پێکهاتە کە "والتز" باسی دەکات، هەندێ تایبەتمەندی هەیە؛ یەکەم، پێکهاتەیەکی ئانارشییە، واتە دەسەڵاتێکی ناوەندی لەسەرەوەی دەوڵەتەکان بوونی نییە و دەوڵەتەکان لانیکەم لە ڕووی یاساوە پێکەوە یەکسان و بەرابەرن، بەو واتایە کە خاوەن سەروەری یا سەربەخۆن. دووەم؛ بە لەبەرچاوگرتنی ئانارشی و نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندیی لە ئاستی نێونەتەوەییدا، ئەرکی سەرەکی دەوڵەتەکان یەکسانە و هەر هەموویان هەوڵی دابینکردنی ئاسایشی خۆیان دەدەن. سێیەم؛ شێوازی دابەشبوونی هێز لە نێوان دەوڵەتەکاندا جیاوازە و توانای دەوڵەتەکان پێکەوە بەرابەر و یەکسان نییە. ئەمەیان زیاترین ڕۆڵ دەگێڕێت لە تیۆرەکەی والتزدا(١٢)، چونکە ئەو تایبەتمەندییە دەرخەری ئەوەیە کە کە تاقە فاکتەرێک کە دەبیتە هۆی جیاوازی دەوڵەتەکان، ڕێژەی هێزی بەردەستیانە.، کەوا بێت شێوازی دابەشبوونی هێز ڕۆڵێکی سەرەکی لە تێگەیشتن لە سیاسەتی نێونەتەوەیی دەگێڕێت.(١٣).

"والتز" دەڵێت، پێویستە دەوڵەتەکان لە سیستەمی ئانارشی نیونەتەوەییدا، بۆ دابینکردنی ئاسایش و گەرەنگتیکردنی مانەوەی خۆیان، هەوڵی بەدەستهێنانی هێز بدەن. دابینکردنی هێز دەکرێت لە ڕێگەی گرتنەبەری ستراتیژی هاوسەنگی ناوخۆیی (Internal balancing) یان لە ڕێگای ستراتیژی هاوسەنگی دەرەکییەوە (External balancing) بێت. بەڵام لە هەردوو حاڵەتەکەدا، هێزی سەربازیی ڕۆڵی سەرەکی لە دابینکردنی ئاسایشدا دەگێڕێت.(١٤)

کەوا بێت، لە ڕیالیزمی پێکهاتەیی یان ڕیالیزمی نوێشدا، هێز هێندەی ڕیالیزمی کلاسیک بایەخدارە و گرنگترین توخم لە سیستەمی ئانارشیدا بە هەژمار دێت.(١٥) 
هەروەها بیرمەندانی ڕیالیزمی نوێ-کلاسیک (Neo-classic realism) کە خۆیان دابەش دەبەن بۆ دوو دەستە، واتە ڕێالیزمی بەرگریکارانە (Defensive realism) و ڕیالیزمی هێرشبەرانە(Offensive realism)، گرنگییەکی فراوان بە فاکتەری هێز لە سیاسەت و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا دەدەن.(١٦)

هەم ڕیالیزمی هێرشبەرانە و هەم ڕیالیزمی بەرگریکارانە، لەوەدا هاوڕان کە سەرەکیترین ئامانجی دەوڵەتەکان دابینکردنی ئاسایشی خۆیانە و پێشمەرجی دابینکردنی ئاسایش بریتییە لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هێز. بەڵام جیاوازی سەرەکی ئەو دوو روانگە لە شێواز و مکانیزمی دابینکردنی ئاسایشدایە. ئەوەش وا دەکات ڕوانگەیان سەبارەت بەوەی کە دەوڵەتەکان چەندە هێزیان دەوێت، لێک جیاواز بێت. گرنگترین جیاوازیی تیۆری ڕیالیزمی بەرگریکارانە و ڕیالیزمی هێرشبەرانە هەر لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەدا خۆی دەنوێنێت. بۆیە من لە درێژەدا، ڕاستەوخۆ دەچمە سەر گریمانە سەرەکییەکانی ئەو دوو جۆرە ڕیالیزمە و وەڵامەکانیان بۆ ئەو پرسیارە کە دەوڵەتەکان چەندە هێزیان پێویستە دەخەمە ڕوو. 

"ڕیالیزمی بەرگریکارانە"

لایەنگرانی ڕیالیزمی بەرگریکارانە لەو بڕوایەدان کە ئاسایش زۆر و بەرفراوانە و ئەو دەوڵەتانەی کە ئاسایی ڕەفتار دەکەن (Normal states) لەو ڕاستییە تێدەگەن یان بە تێپەڕینی کات ئەزموونی دەکەن. دەوڵەتە ئاقڵ و ئاوەزمەندەکان کە هەوڵی دابینکردنی ئاسایشی خۆیان دەدەن، دەتوانن بەو ئامانجەیان بگەن. لە ڕوانگەی ڕیالیستە بەرگریکارەکانەوە، پێویست ناکات دەوڵەتەکان وەڵامی هەموو هەڕەشەکان بدەنەوە، بەڵکو دەبێ تەنیا بەرەنگاری هەندێ هەڕەشەی دەرەکی ببنەوە. تەنانەت ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە بەر مەترسی و هەڕەشەی وڵاتێکی تر، ئەوە بە باشتر دەزانن کە لە ڕێگەی جێگیرکردنی هاوسەنگی هێزەوە بەرەنگاری ئەو هەڕەشە ببنەوە و خۆیان لە شەڕێکی ڕاستەقینە ببوێرن. بۆیە، لەم ڕوانگەوە، سیاسەتی دەرەوە؛ بریتییە لە ڕەفتاری ئەو دەوڵەتە ئاوەزمەندانە کە بە شێوەیەکی شارەزایانە و لەژێر کاریگەریی سیستەمی نێونەتەوەییدا پێکەوە لە پەیوەندیدان و تەنیا کاتێک شەڕ دەکەن کە مەتەڵۆکی ئاسایش (Security dilemma) بگاتە لووتکە.(١٧) 

هەڵبەت، بەرگریکارەکان دان بەوەدا دەنێن کە سیستەمی نیونەتەوەیی ئانارشییە و هەموو دەوڵەتەکان نیگەرانی مانەوەی خۆیانن، بەڵام دەڵێن، مانەوەی وڵاتان دوای بەدەستهێنانی ڕێژەیەکی بەرچاوی هێز کە بۆ جێگیرکردنی هاوسەنگی لە بەرانبەر ئەو وڵاتانەی کە دەیانوێت بەسەر سیستەمدا زاڵ بن و باڵادەستی بەدەست بهێنن، گەرەنتی و زەمانەت دەکرێت. ئەوە بەو واتایە دێت کە دەوڵەتەکان، کە بەردەوام نیگەرانی ئاسایشی خۆیانن، زیاتر لە بیری بەرگریدان و پێیان وایە لە ڕێگەی پاراستنی دۆخی هەنووکەییەوە ئاسایشیان دابین دەبێت، کەوا بێت هاوسەنگی هێز باشترین ستراتیژی و باشترین ڕێگەی جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیرییە لە سیستەمی نێونەتەوەییدا. دەوڵەتەکان لەوە ئاگادارن ئەگەر بە شێوەی زێدەڕۆیانە و زیاتر لە ڕادەی پێویست هەوڵی بەدەستهێنانی هێز بدەن، ئەو هەوڵەیان کاردانەوەی باقی وڵاتانی لێ دەکەویتەوە. بۆیە، هەوڵدان بۆ باڵادەستی و بەدەستهێنانی پێگەی هەژموونی بەمەبەستی دابینکردنی ئاسایش ستراتیژییەکی ژیرانە و ئاوەزمەندانە نییە، چونکە ئەو ستراتیژییە دەوڵەتەکان بەرەو شەڕ ڕادەکێشێت. بۆیە، دەوڵەتەکان و بەتایبەت زلهێزەکان لە بەرانبەر ڕکابەرێکی مەترسیداردا هەوڵی جێگیرکردنی هاوسەنگی و هەوڵی بەدەستهێنانی ئاستێکی گونجاو لە ئاسایش دەدەن، بۆیە پێویستیان بە کەڵەکەکردنی هێزی زیاتر لەو ڕادەیە نییە. بە واتایەکی تر، سیستەمی نێونەتەوەیی زیاتر دەوڵەتەکان بەرەو بەرگریکردن لە خۆیان ڕادەکێشێت، نەک ئەوەی هانیان بدات هێزی فراوانتر کۆ بکەنەوە و پەل بهاوێژن.(١٨) 

 بە پێی ئەو ڕوانگە، بەرژوەندی دەوڵەتەکان لەوەدایە کە لانیکەم تا کاتێک مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر مانەوەیان نییە، هاوسەنگی هێزی هەنووکەیی بپارێزن. هەڵبەت هەندێ لە بیرمەندانی ڕیالیزمی بەرگریکارانە، لەو بڕوایەدان کە فراوانی ئاسایش و نەبوونی شەڕ لە نێوان وڵاتان، تەنیا لەبەر ئەوە نییە کە دەوڵەتەکان حەز بە درووستکردنی مەترسی بۆ سەر یەکتری ناکەن، بەڵکو هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەو چەکانەی بۆ بەرگریکردن بەکار دێن لە بەراورد لەگەڵ ئەو چەکانەی بۆ هێرشبردن بەکار دێن، باشترن و ئەزموونە مێژووئیەکانیش دەرخەری ئەوەن کە بەرگریکردن لە هێرشبردن باشترە و تێچوویشی کەمترە.(١٩)

هەڵبەت، هەندێ لە ڕیالیستە بەرگریکارەکان دان بەوەدا دەنێن کە زلهێزەکان زۆر جار بەپێچەوانەی تیۆرەکەی ئەوان سیاسەت دەکەن و لە هەندێ هەلومەرجی تایبەتدا (Certain conditions) بیر لە پەرەپێدان بە هێز و دەسەڵاتی خۆیان دەکەنەوە، بەڵام دەڵێن، هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەو دەوڵەتانە ژیرانە و ئاوەزمەندانە ڕەفتار ناکەن. 

بەڵام ئەو پاساوە (ناژیریی و نائاوەزمەندیی دەوڵەتەکان) لە لایەن باقی ڕیالیستەکانەوە گرنگی پێ نادرێت. بە تایبەت بیرمەندانی ڕیالیزمی هێرشبەرانە تەحەدای ئەو پاساوە و هەندێکی تر لە گریمانە سەرەکییەکانی ڕیالیزمی بەرگریکارانە دەکەن. بۆ نموونە، ڕیالیستە هێرشبەرەكان دەڵێن، ئەوەی کە بەرگریکارەکان پێیان وایە لە هەندێ هەلومەرجی تایبەتدا دەوڵەتەکان پەل دەهاوێژن، پاساوێکی ئێجگار ناگونجاوە،(٢٠) چونکە پەلهاوێشتنی دەوڵەتەکان لە جیهانی واقیعدا هێندە دووپات بووەتەوە کە وەکو یاسا و قانوونی لێ هاتووە و هەلومەرجێکی دەگمەن و ناوازە نییە. هەروەها لەوێدا کە ڕیالیستە بەرگریکارەکان باس لەوە دەکەن دەوڵەتەکان هەوڵدەدەن ڕێژەیەکی گونجاو و دیاریکراو لە هێز بەمەبەستی دابینکردن ئاسایشی خۆیان بەدەست بهێنن، کەوتوونەتە بەر ڕەخنەی ڕیالیستە هێرشبەرەکان. لایەنگرانی ڕیالیزمی هێرشبەرانە دەڵین دیاریکردنی ئاست و ڕێژەی ئاسایش کارێکی ئاستەمە.(٢١) هەروەها دان بەو جیاوازەیەدا نانەن کە ڕیالیستە بەرگریکارەکان لە نێوان چەکی بەرگریی و چەکی هێرشبەرانەدا دایدەنێن.

کە وابێت تا ئێستا ڕوون بووەتەوە کە ڕیالیستە بەرگریکارەکان پێیان وایە کە دەوڵەتەکان تەنیا هەوڵی بەدەستهێنانی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە هێز دەدەن کە بۆ دابینکردنی ئاسایشیان پێویست بێت. بە تایبەت ئەگەر دەوڵەتەکان بتوانن هێندە هێز کۆ بکەنەوە کە لە بەرانبەر وڵاتانی هێرشبەر و پەلاماردەردا هاوسەنگی هێز پێکبهێنن، ئیتر کۆتایی بە هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی هێز دەدەن. بەڵام با بزانین بیرمەندانی ڕیالیزمی هێرشبەرانە چی دەڵێن و لە ڕوانگەی ئەوانەوە دەوڵەتەکان چەندە هێزیان دەوێت و تا چ ڕادەیەک هەوڵی کەڵەکەکردنی هێز دەدەن؟ 

"ڕیالیزمی هێرشبەرانە"

بیرمەندانی ڕیالیزمی هێرشبەرانەش، هاوشێوەی ڕیالیزمی بەرگریکارانە، هەوڵدەدەن وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە وڵاتان، بە تایبەت وڵاتانی زلهێز، بۆ دابینکردنی ئاسایش و گەرەنتیکردنی مانەوەی خۆیان، چۆن ڕەفتار دەکەن؟(٢٢) وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە ڕیالیزمی هێرشبەرانە و بەرگریکارانە لێک دادەبڕێت. بیرمەندانی ڕیالیزمی هێرشبەرانە لەو بڕوایەدان کە وڵاتانی زلهێز ئەگەر دەرفەتیان هەبێت هەوڵی کەڵەکەکردنی هێزی فراوانتر دەدەن و دەرئەنجام دەیانەوێت پێگەی هەژموونی لە سیستەمی نێونەتەوەییدا بۆ خۆیان تۆمار بکەن. ئەوە ڕاستەوخۆ تەحەداکردنی گریمانە سەرەکییەکەی ڕیالیستە بەرگریکارەکانە. لە ڕوانگەی ڕیالیزمی هێرشبەرانەوە، تەنانەت ئەو دەوڵەتانەی کە هەوڵی دابینکردنی ئاسایشی خۆیان دەدەن، ڕەفتاری هێرشبەرانەیان هەیە، چونکە ئاسایش نەک فراوان نییە، بەڵکو کەم و نایابە و سیستەمی ئانارشی نێونەتەوەیی وڵاتان ناچار دەکات ستراتیژی پەرەپێدان بە هێزی خۆیان بەمەبەستی دابینکردنی ئاسایش و دەرئەنجام بەمەبەستی بەدەستهێنانی پێگەی هەژموونی بگرنە بەر. لەو جیهانەدا کە ڕیالیستە هێرشبەرەکان وێنای دەکەن، دەوڵەتە ئاوەزمەندەکان کە هەوڵی دابینکردنی ئاسایشی خۆیان دەدەن، هەندێ سیاسەت دەگرنە بەر کە ڕەنگە لەگەڵ سیاسەتی باقی وڵاتان ناتەبا بێت. لەم ڕوانگەوە جیاوازییە ناوخۆییەکانی نێوان وڵاتان نابێتە هۆی جیاوازی ڕەفتارەکانیان لە ئاستی دەرەوەدا، چونکە گریمانە ئەوەیە کە گوشارەکانی سیستەمی نێونەتەوەیی هێندە قورسن کە ئەو دەوڵەتانەی کە لە دۆخێکی هاوشێوەدان [واتە هەموویان لە دۆخی ئاراشیدا دەژین] ناچار دەکات ڕەفتاری هاوشێوە بگرنە بەر.(٢٣) کەوا بێت، ڕیالیستە هێرشبەرەکان بە پێچەوانەی ڕیالیستە کلاسیکەکان پێیان وا نییە کە مەیلی دەوڵەتەکان بۆ بەدەستهێنانی هێز دیاردەیەکی سرووشتی بێت، بەڵکو لەو بڕوایەدان کە سیستەمی نێونەتەوەیی وڵاتانی زلهێز ناچار دەکات هێزی ڕێژەیی خۆیان بگەیێننە ئەوپەڕی خۆی، چونکە ئەوە گونجاوترین ڕێگایە بۆ دابینکردنی ئاسایش. بە دەربڕینێکی وردتر، مانەوە پێویستی بە ڕەفتاری هێرشبەرانە هەیە. ڕەفتاری هێرشبەرانە نە بەشێکە لە سرووشتی وڵاتانی زلهێز و نە وڵاتانی زلهێز حەزیان لە ڕەفتاری هێرشبەرانەیە، بەڵکو هۆکاری ئەو جۆرە ڕەفتارە ئەوەیە کە ئەگەر دەوڵەتەکان بیانەوێت مانەوەی خۆیان گەرەنتی بکەن، پێویستە هێزی زیاتر کەڵەکە بکەن.(٢٤) تیۆری ڕیالیزمی هێرشبەرانە دەڵێت؛ سیستەمی ئانارشی نێونەتەوەیی و شێوازی دابەشبوونی هێز، وەکو دەستێکی شاراوە (Invisible hind)، هەموو دەوڵەتەکان ناچار دەکات پەرە بە هێز و دەسەڵاتی خۆیان بدەن و لە هەموو دەرفەتەکان بۆ بەهێزکردنی خۆیان سوود وەربگرن.

لەو ڕوانگەوە، جێگیرکردن یان پاراستنی هاوسەنگی هێز، کە ڕیالیستە بەرگریکارەکان جەختی لەسەر دەکەنەوە، شێوازێکی گونجاو بۆ دابینکردنی ئاسایش نییە.(٢٥) مێرشایمێر وەکو یەکێک لە بەرجەستەترین بیرمەندانی ڕیالیزمی هێرشبەرانە، ئەگەرچی وەکو بیرمەندانی ڕیالیزمی بەرگریکارانە و هەروەها وەکو "کنێت والتز" پێی وایە دابینکردنی ئاسایش سەرەکیترین کەڵکەڵەی دەوڵەتەکانە، بەڵام دان بەوەدا نانێت کە ئاسایش لە ڕێگەی هاوسەنگی هێزەوە جێگیر بێت. هەروەها ڕەتی دەکاتەوە کە دەوڵەتەکان تەنیا بۆ بەدەستهێنانی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە هێز تێ دەکۆشن. بە پێچەوانەوە "مێرشایمێر" دەڵێت؛ دەوڵەتەکان بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆیان بەردەوام هەوڵی پەرەپێدان بە هێزی خۆیان دەدەن تا ئەوەی دەرئەنجام پێگەی هەژموونی بەدەست بهێنن و بەو جۆرە ئاسایشی خۆیان دابین بکەن، بەڵام چونکە هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت ببێتە هەژموون لە ئاستی هەموو جیهاندا، ململانێ بۆ بەدەستهێنانی هێزی زیاتر، دیاردەیەکی هەتاهەتاییە و هەگیز کۆتایی پێ نایەت.(٢٦)

"مێرشایمێر" لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە دەوڵەتەکان چەندە هێزیان دەوێت، بە نوێنەرایەتی لە ڕیالیستە هێرشبەرەکانەوە دەڵێت، تا ئەو شوێنەی کە هاوسەنگی تێکبدەن و ببنە هەژموون. لە دیدی مێرشایمێرەوە، ئەو وڵاتانەی کە خوازیاری پاراستنی دۆخی هەنووکەیین، ئێجگار دەگمەنن، چونکە پێکهاتەی سیستەمی نیونەتەوەیی هانیان دەدات پەرە بە هێزی خۆیان بدەن. ئامانجی کۆتایی هەر دەوڵەتێک ئەوەیە کە ببێتە هەژموونی سیستەمی نێونەتەوەیی و باڵاترین پێگە بۆ خۆی تەرخان بکات. مێرشایمێر دەڵێت، تەنیا دەوڵەتێکی نەزان، دەرفەتی خۆبەهێزکردن لەدەست دەدات، بەو بیانووەی کە گوایە هێزی پێویستی بۆ دابینکردنی ئاسایش لەبەردەستە. تەنانەت ئەگەر وڵاتێکیش نەتوانێت ببێتە هەژموون، هێشتا هەوڵی بەهێزکردنەوەی خۆی دەدات بۆ ئەوەی لە بەرانبەر ڕکابەرەکانیدا دەستی کراوەتر بێت. بۆیە جیهان ناچارە کە بەردەوام بینەری کێبڕکێ و ململانێی وڵاتانی زلهێز بێت.(٢٧) ئەمە پێچەوانەی ڕوانگەی بەرگریکارەکانە کە دەڵێن؛ دەوڵەتەکان تەنیا بۆ دابینکردنی ئاسایش هەوڵدەدەن و هەوڵی پاراستنی دەستکەوتەکانی خۆیان دەدەن و دەوڵەتەکان ڕازین و هەوڵی پاراستنی دۆخی هەنوکەیی و هاوسەنگی هێزی ئێستا دەدەن.(٢٨) "مێرشایمێر" دەڵێت تەنیا بەدەستهێنانی پێگەی هەژموونی دەوڵەتەکان تێر دەکات، بۆیە هەموو دەوڵەتەکان بەردەوام خوازیاری باڵادەستی خۆیان و گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیستەمی نێونەتەوەییدان. 

بەو چەشنە، مێرشایمێر ئەو ڕوانگەیەی بەریگریکارەکان و بە تایبەت والتز ڕەت دەکاتەوە کە گوایە وڵاتانی زلهێز دوای بەدەستهێنانی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە هێز، هەست بە ئاسایش دەکەن. ئەو ڕوانگەیە لانیکەم بە دوو هۆکار قەناعەت پێهێنەر نییە. یەکەم، بەهۆی ئەوەی کە "دیاریکردنی ڕێژەی هێزی پێویست" بۆ گەرەنتیکردنی ئاسایشی دەوڵەتێکی تایبەت ئاستەمە. هەندێجار وڵاتانی بچووکتر بە کەڵکوەرگرتن لە ستراتیژییەکی گونجاو، دەتوانن وڵاتانی بەهێزتر تووشی شکست بکەن. دووەم، دیاریکردنی ڕێژەی هێزی پێویست کاتێک دژواتر دەبێت کە وڵاتان سەبارەت بە شێوازی دابەشبوونی هێز لە داهاتوودا بیر دەکەنەوە. لە ڕوانگەی مێرشایمێرەوە، توانای دەوڵەتەکان بە تێپەڕینی کات دەگۆڕدرێت و زۆر جار پێشبینیکردنی ئاراستە و ناوەڕۆکی هاوسەنگی هێز لە داهاتوودا، ئاستەمە. بۆ نموونە پێشبینیکردنی هێزی داهاتووی چین و ڕووسیا ئێجگار دژوارە. بە کورتی، هێز و سامانی دەوڵەتەکان لە قۆناغە جیاوازەکاندا بە ڕێژەی جیاواز پەرە دەستێنێت و ئەو پەرەسەندنە هەموو کات یەکسان نییە.(٢٩)  

جگە لەوەی کە ئێجگار دژوارە دەوڵەتێک بتوانێت بە وردی هێزی ئابووری و سەربازیی لایەنی بەرانبەر بخەمڵێنێت، تێگەیشتن لەوەش کە ئایا ئەو دەوڵەتە لە داهاتوودا لە تواناکانی خۆی بۆ پەلهاوێشتن کەڵک وەردەگرێت یان نا، دژوارترە. گرنگتر لەوانەش، ئاستەمە دەوڵەتێک لەوە تێ بگات کە دەبێ چەندە هێزی لە لایەنی بەرانبەر زیاتر بێت تا هەست بە ئاسایش بکات، بە تایبەت ئەگەر بیەوێت پێشبینی بۆ داهاتوو بکات. کەوا بێت، بە هۆی کێشەی دژواربوونی دیاریکردنی ڕێژەی گونجاو و پێویستی هێز و هەروەها بەهۆی ئەوەی کە ڕەنگە ئەو ڕێژەی هێزە کە ئێستا گونجاو بێت لە داهاتودا گونجاو نەبێت و بەش نەکات، وڵاتان و بە تایبەت وڵاتانی زلهێز، بەردەوام هەوڵی پەرەپێدان بە هێزی خۆیان دەدەن، ئەوەش وەکو گونجاوترین ڕێگەی دابینکردنی ئاسایش. لەم ڕوانگەوە، پەرەپێدان بە هێز و تواناکان تەنیا کاتێک کۆتایی پێ دێت کە پێگەی هەژموونی بەدەست بێت. کەوا بێت، دەوڵەتێکی زلهێزیش تەنانەت ئەگەر لە بەراورد لەگەڵ ڕکابەرەکانی زیاترین هێزی بەدەستەوە بێت، هێشتا بەوە ڕازی نییە و بۆ بەدەستهێنانی هێزی زیتر و گەیشتن بە پێگەی هەژموونی هەوڵدەدات.(٣٠) دیارە هەوڵدان بۆ هەژموونی بە واتای ڕازینەبوون بە هاوسەنگی هێزە کە ڕیالیستە بەرگریکارەکان وەکو گونجاوترین میکانیزمی دابینکردنی ئاسایش سەیریان دەکرد. 


"ئەنجام"

دەربارەی ئەوەی کە یەکێک لە سەرەکیترین ئامانجەکانی دەوڵەتەکان؛ بریتییە لە بەدەستهێنان و پەرەپێدان بە هێزی خۆیان، کۆدەنگییەک لە ناو بیرمەندانی بواری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و بەتایبەت لەناو بیرمەندانی سەر بە قوتابخانەی ڕیالیزم و تیۆرە جیاوازەکانی ئەو قوتابخانەیە لە ئارادایە، بەڵام سەبارەت بەوەی کە دەوڵەتەکان چەندە هێزیان دەوێت، ئەو کۆدەنگییە لە ئارادا نییە، بگرە وەڵامی ئەو پرسیارە بووەتە هۆی دابەشبوونی بیرمەندان و هاتنەئارای تیۆرە جیاوازەکان. لەو نێوەدا ڕیالیزمی بەرگریکارانە و ڕیالیزمی هێرشبەرانە زیاترین مشتومڕیان سەبارەت بەو پرسە هەبووە. هەڵبەت هەردوو تیۆری ڕیالیزمی بەرگریکارانە و ڕیالیزمی هێرشبەرانە دان بەوەدا دەنێن کە پەرەپێدان بە توانا و هێز ئامانجی سەرەکی دەوڵەتەکانە و هەروەها بەدەستهێنانی هێز بە گونجاوترین هەنگاو بۆ دابینکردنی ئاسایش و گەرەنتیکردنی مانەوە دەزانن، بەڵام لە کاتێکدا کە بیرمەندانی سەر بە ڕیالیزمی بەرگریکارانە دەڵین دەوڵەتەکان تەنیا ڕێژەیەکی دیاریکراو لە هیزیان دەوێت و دوای ئەوەی هەستیان بەوە کرد کە ئەو هێزە دەتوانێت ئاسایشیان دابین بکات ئیتر هەوڵی زیاتر بۆ پەرەپێدانی نادەن، بیرمەندانی ڕیالیزمی هێرشبەرانە دەڵێن هیچ ڕێژەیەک لە هێز ناتوانێت دەوڵەتەکان دڵنیا بکاتەوە کە دەتوانن ئاسایشی خۆیان دابین بکەن و لە مانەوەیان ئەرخەیان و دڵنیا ببنەوە، بۆیە هەموو دەوڵەتەکان بەردەوام هەوڵی بەدەستهێنانی پێگەی هەژموونی دەدەن و بۆ ئەوەش پێویستە هێزی خۆیان بگەیێننە ئەوپەڕی خۆی، چونکە تەنیا دوای گەیشتن بە پێگەی هەژموونی دەتوانن لە ئاسایش و مانەوەی خۆیان دڵنیایان ببنەوە. واتە لە کاتێکدا کە بەرگریکارەکان جەخت لە جێگیرکردنی هاوسەنگی هێز وەکو گونجاوترین میکانیزمی ئاشتی و دابینکردنی ئاسایشی دەوڵەت دەکەنەوە، هێرشبەرەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەر دەوڵەتێک تەنیا دوای تێکدانی هاوسەنگی و بەدەستهێنانی باڵادەستی و پێگەی هەژموونی هەست بە ئاسایش دەکات، بۆیە هەر کات قازانجەکان لە تێچووەکان زیاتر بن، سیاسەتی پەلاماردەرانە و پەلهاوێژانە دەگرنە بەر. 

لە کۆتاییدا، پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە ئەو ڕوانگەیەی ڕیالیزمی هێرشبەرانە بەو واتایە نایەت کە دەوڵەتەکان هەمیشە سیاسەتی پەلهاوێشتن دەگرنە بەر، ڕاستە دەوڵەتەکان هیچ کات هەست بە ئاسایش ناکەن و بەردەوام هەوڵی پەرەپێدان بە هێزی خۆیان دەدەن، بەڵام کوێرانە سیاسەت ناکەن، بەڵکو دەوڵەتەکان ژیرن و دوای تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی تێچوو و قازانجەکان هەوڵی پەرەپێدان بە هیزی خۆیان دەدەن. بە واتایەک، دەوڵەتەکان تەنیا کاتێک هەوڵی پەرەپێدان بە هێزی خۆیان دەدەن کە زەمینە فەراهەم بێت و هەر کات بەربەست و کێشە لەبەردەمیان بێت، دەست لە پەلهاوێشتن هەڵ دەگرن و چاوەڕوانی دەرفەتی گۆنجاوتر دەمێننەوە. بۆیە بیرمەندانی ڕیالیزمی هێرشبەرانە شانۆی سیاسەتی نێونەتەوەیی بە شانۆی شەڕی بەردەوامی دەوڵەتەکان پێناسە ناکەن، بەڵکو بە شانۆی کێبڕکێ و پێشبڕکێی هەتاهەتایی وەسفی دەکەن. بەهەر حاڵ، بۆ تێگەیشتن لەوەی کە وڵاتان چەندە هێزیان دەوێت، ناچارین بە وردی گوێ لەو دەنگە جیاوازانە بگرین. 


سەرچاوەکان و یادداشتەکان

١.ئەو کتێبە بە گرنگترین دەقی مێژوویی سەبارەت بە ڕیالیزم دادەنرێت. بۆ خوێندنەوەی بە زمانی ئینگلیزی سەیری ئەو لینکە بکە: 
http://www.documentacatholicaomnia.eu/03d/-460_-400,_Thucydites,_History_Of_The_Peloponnesian_War,_EN.pdf

٢. لەو بارەوە  سەیری ئەو سەرچاوانە بکە: 
-Steven E. Lobell (2010). Structural Realism/Offensive and Defensive Realism, In:The International Studies Encyclopedia,Edited by Robert A. Denemark, VolumeX,Wiley-Blackwell,A john Wiley&Ltd,Publication, pp: 6663.
-Robert. B,ed. Strassler (1996). The Landmark Thucydides: A Comprehensive Guide to the Peloponnesian War, New York: Free Press, see p: 91. 

٣. بۆ ڕوانگەیەکی هاوشێوە سەیری ئەو سەرچاوە بکە:

تیم دان و برایان سی. اشمیت (١٣٨٣). "رئالیسم"، در: جهانی شدن سیاست: روابط بین الملل در عصر نوین (جلد اول)، جان بیلیس و استیو اسمیت، تهران: انتشارات موسسە فرهنگی مطالعات و تحقیقات بین المللی ابرار معاصر تهران، دی ماه، چاپ نخست. بنگرید بە: ص ٣٢٨

٤. لەو بارەوە سوودم لەو سەرچاوانە وەرگرتووە:
-نیکولو ماکیاولی (١٣٧٧).گفتارها، ترجمه محمد حسین لطفی، تهران: انتشارات خوارزمی، چاپ اول، فروردین، ص ٤٦.
-نیکولو ماکیاولی(١٣٧٤). شهریار، ترجمه داریوش ێ‌شوری، تهران: انتشارات سمت، چاپ یازدهم، تابستان، ص ١١٣. 

٥. لەو بارەوە  بە تایبەت سەیری لاپەڕەکانی ١٥٧ و ١٥٨ ئەو سەرچاوەی خوارەوە بکەن: 
توماس هابز (١٣٨٧). لویاتان، ترجمە حسین بشیریە، تهران: انتشارات نی، چاپ پنجم، 
هەروەها بۆ خوێندنەوەیەکی هاوچەشن سەیری لاپەرەکانی ١٣ تا ١٦ی ئەو سەرچاوە بکە:
-Jack. Donnelly (2000). Realism and international Relations, Published by the Press Syndicate of the University of Cambridge the Pitt Building, First Published,see:pp: 13-16, available at: https://ir101.co.uk/wp-content/uploads/2018/11/Donnelly-2000-Realism-and-International-Relations.pdf
هەروەها دەتوانن بۆ خوێندنەوەیەکی ورد سەبارەت بە هۆکارەکانی شەڕکردن لە دیدی هابزەوە سەیری ئەو سەرچاوە بکە: 
Kenneth. N Waltz (2003). Realist Thought and Neorealist Theory, journal of International Affairs, pp: 21-37, See pp: 21-37,available  at: http://lib.jnu.ac.in/sites/default/files/RefrenceFile/realist%20thought.pdf

٦. کتێبی سیاسەتی نێوان نەتەوەکان وەک یەکەمین سەرچاوەی ڕیالیزمی زانستیانە ناو دەبرێت و ئێستاکەش وەک دەقێکی بنەمایە بۆ خوێندکارانی سیاسەتی نێونەتوەیی. من لە وەرگێڕانی فارسی ئەو کتێبە بەو ناونیشانەی خوارەوە بۆ باسەکەم سوودم وەرگرتووە: 
هانس جی مورگێنا (١٣٨٤). سیاست میان ملتها، ترجمه حمیرا مشیرزاده، تهران: دفتر مگالعات سیاسی بین المللی، بهار، چاپ سوم)..

٧.بۆ خوێندنەوەیەکی هاوشێوە بڕوانە: 
حمیرا مشیرزادە(١٣٨٦). تحول در نڤریەهای روابگ بین الملل، تهران: انتشارات سمت، چاپ سوم، بهار، صص ١٠٠-٩٦.

٨.لەو بارەوە بڕوانە: 
-Jack. Donnelly, Ibid, p: 8

 ٩. سەیری ئەو سەرچاوانەی خوارەوە بکە:
-Nukhet. A Sandal and Patrick James .2011. Religion and International Relations Theory: Towards a Mutual Understanding, European Journal of International Relations,The online Version of this Article Can be Fond at: https://www.researchgate.net/publication/249690908_Religion_and_International_Relations_theory_Towards_a_mutual_understanding
-Busser,Mark.(2006). The Evolution of Security: Revisiting the Human Nature Debates In international Relations, Department of Political Science, York University,YCISS Working Paper Number 40, August, See p: 4. 

١٠بەراوردی بکە لەگەڵ ئەو سەرچاوە: 
-Jack. Donnelly, Ibid, p: 7

١١.بۆ خوێندنەوەی ڕوانگەیەکی هاوشیوە بڕوانە:
 - Steven E. Lobell,Ibid:6653

١٢. بۆ خوێندنەوەی زیاتر سەبارەت بەو بنەمایانە، سەیری ئەو سەرچاوانە بکە:
- Kenneth. N Waltz (2003) Realist Thought and Neorealist Theory, journal of International Affairs,pp:21-37,available) p:29-30
-Robert. O .Keohane (1986). "Theory of World Politics:Structural Realism and Beyond”,in: Neorealism and Its Critics Book ,Section Seven, New York, Columbia University Press, See p: 166. 
-Jack. Donnelly, Ibid, p: 17
- Ole. R Holsti,(2003). Theories of International Relation, available at: http://people. duke. edu/~pfeaver/holsti. Pdf   p: 8 

١٣.لەو بارەوە بڕوانە:
Kenneth. N Waltz,Ibid, See p: 14.

١٤.سەیری ئەو سەرچاوە بکە:
Nukhet. A. Sandal and Patrick James, Ibid, see p: 14

١٥. بەڵام جیاوازییەکی سەرەکی لە ئارادایە کە بریتیییە لەوەی کە ڕیالیستە کلاسیکەکان هێز وەکو ئامانج سەیر دەکەن، بەڵام ڕیالیستە نوێکان وەکو کەرەسەیەک بۆ دابینکردنی ئاسایش پێناسەی دەکەن. واتە هێز، لە خۆیدا، بایەخێکی نییە، بەڵکو کاتێک ببێتە هۆی دابینکردنی بەرژوەندییەکان و ئاسایش جێگای بایەخە. دەوڵەت لە ڕێگەی هێزەوە دەتوانێت ئاسایشی خۆی دابین بکات و مانەوەی خۆی گەرەنتی بکات. ئەوە خاڵێکی گرنگە و لە درێژەدا زیاتر باسم لێ کردووە. 

١٦. گیدئۆن ڕوس دەستەواژەی "ڕیالیزمی نوێ-کلاسیک"ی داهێناوە، وەکو ئاماژەیەک بۆ کۆمەڵێک لە نووسراوەکانی بواری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان کە لە شیکارییەکانیاندا سەبارەت بە سیاسەتی نێونەتەوەیی هەم گرنگی بە پێکهاتەی سیستەم و توانای گەمەکەرەکان و هەم گرنگی بە فاکتەرە ناوخۆییەکانی وڵاتان [بۆ نموونە، جۆری تێگەیشتنی سەرکردەکان، پێکهاتە ناوخۆییەکان و لەو جۆرە بابەتانە] دەدەن. گەرچی لە کۆتاییدا کاریگەریی فاکتەرە دەرەکییەکان، واتە پێکهاتە، لەسەر ڕەفتاری وڵاتان قورسایی زیاترە. بە گشتی هەم گریمانەکانی ڕیالیزمی کلاسیک و هەم گریمانەکانی ڕیالیزمی نوێ لە لێکۆڵینەوەکانیاندا رەنگ دەداتەوە، بۆیە بە ڕیالیزمی نوێ-کلاسیک ناوبانگیان دەرکردووە. لەو بارەوە سەیری ئەو دوو سەرچاوە بکە: 
-Gideon Rose, (1998). Neoclassical Realism and Theories of Foreign policy,World Plitics, Cambridge University Press VOL. 51,NO. 1 (October) ,pp:144-172.  P: 146
-مشیرزادە، همان، ص ١٢٩

١٧. لە بارەوە بڕوانە: Gideon Rose, Ibid: p:150

١٨. بەراوردی بکەن لەگەڵ ئەو قسەیەی فیشێر کە دەڵێت: دەوڵەتەکان ئەو کاتەی کە "بتوانن" پەل ناهاوێژن، بەڵکو کاتێک پەل دەهاوێژن کە "پێویست" بێت. سەیری ئەو سەرچاوەی خوارەوە بکە: 
Uri. J Fisher(2002). U. S. Post-Cold War Foreign Policy in Central Asia: Offensive and Defensive Realism Considered,Department of Political Science,University of Colorado. P:1

١٩.سەبارەت بەو بابەتە سەیری ئەو سەرچاوەی خوارەوە بکە:
Peter Toft (2003). John J. Mershaeimer: An Offensive Realist Between Geopolitics&Power, Institute for Statskundskab, Kobenhavns University,Rosenborggade 15,1130 Kobenhavn K. See p:13

20. Fisher,2012:See p: 8.

٢١. لێرەدا پێویستە ئاماژە بکەم کە کێنێت والتز داهێنەری ڕیالیزمی پێکهاتەییش بە جۆرێک دەکەوێتە خانەی ڕیالیستە بەرگریکارەکان، چونکە والتز دەڵێت، کاتێک کە دەوڵەت هەستی بەوە کرد کە هێندە هێزی هەیە کە دەتوانێت ئاسایشی خۆی دابین بکات، ئیتر هەوڵی بەدەستهێانی هێزی زیاتر نادات. دەشڵێت، ئەگەر دەوڵەتەکان هێزی زیاتر یان کەمتر لە ئاستی پێویست کۆ بکەنەوە، خۆیان دەخەنە مەترسییەوە. دەوڵەتەکان هەوڵی بەدەستهێنانی ڕێژەیەکی گونجاو لە هێز دەدەن، چونکە ئامانجی کۆتایی دەوڵەتەکان کەڵەکەکردنی هێز نییە، بەڵکو دابینکردنی ئاسایشە. ئەوە یەکێکە لە گەورەترین خاڵەکان کە والتز لە ڕیالیزمی کلاسیک لا دەدات. بۆ خوێندنەوەی زیاتر بڕوانە: 
Kenneth. N Waltz (1998). "The Origins of War in Neorealist Theory”,Journal of Interdisiplinary History,Vol. 18,NO4, The Origin and Prevent of Major Wars,Spiring, See: p: 616, Available at:  http://users.metu.edu.tr/utuba/Waltz.pdf

٢٢. جێگای ئاماژەیە هەم ڕیالیزمی بەرگریکارانە و هەم ڕیالیزمی هێرشبەرانە زیاتر سەبارەت بە ڕەفتاری وڵاتانی زلهێز باس دەکەن، چونکە پێیان وایە وڵاتانی زلهێزن کە زیاترین کاریگەریی لەسەر دیاردە و ڕووداوەکانی سیاسەتی نێونەتەوەیی دادەنێن و چارەنووسی هەموو وڵاتان بەستراوەی بڕیارەکانی وڵاتانی زلهێزە. 

٢٣. لێرەدا دەردەکەوێت کە بیرمەندانی ڕیالیزمی هێرشبەرانە لە بەراورد لەگەڵ بەرگریکارەکان، زیاتر گرنگی بە پێکهاتەی سیستەمی نێونەتەوەیی دەدەن تا بە فاکتەرە ناوخۆییەکان، ئەگەرچی هێرشبەرەکانیش بڕوایان بە سرووشتی شەڕئەنگێز و خۆخواز و پەلاماردەری مرۆڤ هەیە و بە ئاشکرا لە تیۆرەکانیاندا ڕەنگ دەداتەوە. بەڵام دان بە لۆژیکی پێکهاتەیی ڕیالیزمی نوێدا دەنێن و پێیان وایە پێکهاتە [لە بەراورد لەگەڵ فاکتەرە ناوخۆییەکان] لە دیاریکردنی ڕەفتاری دەوڵەتەکاندا ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت. ئەمە بەتایبەت لە تیۆری ڕیالیزمی هێرشبەرانەی مێرشایمێردا ڕەنگ دەداتەوە کە لە درێژەدا ئاماژەم بە بۆچوونەکانی کردووە. هەروەها لەو بارەوە سەیری ئەو سەرچاوە بکەن: مشیرزادە، همان، ١٣٠.

٢٤. مرشایمر، جی. جان. (١٣٩٠). تراژدی سیاست قدرت‌ها بزرگ، مترجم: غلامعلی چگنی زاده، تهران: موسسه چاپ و انتشارات وزارت امورخارجه، چاپ اول، ص ٢٥. 

٢٥. لەو بارەوە سەیری ئەو سەرچاوە بکەن: Steven E. Lobell, ibid: See p: 6653
 هەڵبەت پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە لە ڕوانگەی ڕیالیزمی هێرشبەرانەوە، تێکهەڵچوون و دەرگیری و شەڕ تاقە ڕێگای پەرەپێدان بە هێز نییە، تەنانەت هەندێ لە بیرمەندانی ڕیالیزمی هێرشبەرانە، بۆ نموونە ویلیام ولفۆرس (William Wohlfarth)لەو بڕوایەدان کە ڕەفتاری وڵاتانی زلهێز هەمیشە شەڕی لێ ناکەوێتەوە. بۆ خوێندنەوەی ڕوانگەی وۆلفۆرس کە ئاماژە بە شێوازە جیاوازەکانی ڕەفتاری دەوڵەتەکان بۆ دابینکردنی ئاسایش دەکات، بڕوانە: 
Marc Trachtenberg(2003). The Question of Realism,Security Studies,University of California,Los Angles,13: 1,pp:163

٢٦. مرشایمر، همان،1390: صص ٣٥٥، ٦٣، ٣٧، ٢٤ و ٣. هەروەها سەیری ئەو سەرچاوەی خوارەوە بکەن: 
غلامعلی چگنی زادە، مقدمە مترجم در کتاب: لیتل، ریچارد. (1389). تحول در نڤریه‌های موازنه قوا، مترجم: غلامعلی چگنی زاده، تهران: انتشارات موسسه فرهنگی مگالعات و تحقیقات بین‌المللی ابرار معاصر، چاپ نخست، ێ‌بان ماه. ص ٢٨

٢٧. مرشایمر، همان، صص ٤٠، ٢٦، ٣ و ٢.
 
 
٢٨. بەراوردی بکە لەگەڵ: لیتل، همان: ص ٦٥.

٢٩. لە بارەوە سەیری ئەو سەرچاوانە بکە:
- لیتیل، همان: صص ٢٣٤ و ١٩٤
 مرشیامر، همان، صص ٣٩-٤٠
-Peter Toft, Ibid, p: 14.
-Snyder, Glenn. H .2002. Mearshaimer‌s World-Offensive Realism and Struggle for Security, International Security,VOL1027,NO1, (Summer), See p: 155. 

٣٠. بەراوردی بکە لەگەڵ:  Steven E. Lobell, ibid: See p: 6653


ئه‌م بابه‌ته 235 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر