هاوسەرگیریی پێشوەخت؛ هۆکار و چارەسەرەکان

زوو بە شوودانی کچان پێش گەیشتنیان بە تەمەنی یاسایی بابەتێکە دەبێ وەک خەسارێکی کۆمەڵایەتی چاوی لێبکرێت و هەوڵی نەهێشتنی بدرێت.
PM:10:27:29/12/2021
دۆسیە: کلتوور و مرۆڤسازی


چنور فەتحی
نووسەر


Child brides یان "بووکە منداڵ" یاخود بە زمانیکی دی؛ زوو بە شوودانی کچان پێش گەیشتنیان بە تەمەنی یاسایی بابەتێکە دەبێ وەک خەسارێکی کۆمەڵایەتی چاوی لێبکرێت و هەوڵی نەهێشتنی بدرێت. بووکە منداڵ واتە ئەو کچانەی هێشتا بووکەشووشەکەیان بەدەستەوەیە و یاریی پێدەکەن، جلی بۆکێنییان لە بەر بکرێت. مەرج نییە زاواش لەم هاوسەرگیرییەدا هەر منداڵ یاخود مێرمندال و تەنانەت گەنج بێت، بەپێچەوانەوە زۆربەی ئەو کچانەی لە تەمەنی هەرە منداڵیدا بە شوو دەردێن، دەبنە نەسیبی پیاوانی بەتەمەن و بەساڵاچوو. هاوسەرگیریی پێشوەخت واتا بەشوودانی کچانی منداڵ و تەمەن بچووک، کە هەمیشە کاریگەریی خراپ و نەرێنیی لە سەر داهاتوویان دادەنێت. بەتایبەتی کە زۆربەیان دەستبەرداری خوێندن دەبن و ناتوانن لە داهاتوودا ببنە خاوەنی داهاتی سەربەخۆ بۆ خۆیان. لە کاتێکدا ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵ لە ڕێکەوتی ٢٠ی نۆڤەمبەری ١٩٥٩ دەرچووە، لە ماددەی ١٩دا باس لەوە دەکات کە زوو بە شوودانی کچان یان "بووکە منداڵ" بە هەموو شێوەیەک بە تووندوتیژی و پێشێلکردنی مافی منداڵ دێتە ئەژمار و لێرەوە داوای پاراستنی مافەکانی منداڵ دەکات و هۆشداریی دراوە لە ئەنجامدانی هەر جۆرە تووندوتیژییەک دەرحەق بە منداڵان بە هاوسەرگیریی پێشوەختیشەوە. هەروەها پەیماننامە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، هاوسەرگیری لە ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ قەدەغە دەکەن و بە پێی یاسای زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو بەشوودانی پێشوەختی کچان دەچێتە خانەی تووندوتیژی و دەستدرێژیی بۆ سەر منداڵێتیی کچ. لە ماددەی ١٦ی کۆنڤانسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا بەشوودانی کچ لە ژێر تەمەنی یاسایی (١٨ساڵ) ڕێگە پێنەدراوە و بە کاری نایاسایی و قەدەغەکراو لە قەڵەم دەدرێ. ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتیدا بە کوردستانیشەوە، هاوسەرگیریی پێشوەخت وەک دیاردەیەک بوونی هەیە. لە ئاستی جیهانیشدا ساڵانە ١٤ ملێۆن ژن لە تەمەنی ١٤ تا ١٩ ساڵ دەبن بە دایک و دایکانی تەمەن ١٥ ساڵیش زیاترین قوربانییاکانی ئەم دیاردەیەن کە لە کاتی مندالبووندا گیان لە دەست دەدەن. 
 
ئەگەرچی لە كوردستاندا رێكخراوە حكوومی و ناحكوومییەكان و رێكخراوەكانی پاراستنی مافەکانی منداڵ بە لۆكاڵی و نێودەوڵەتییەوە، ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا لە زیانەكانی بەشوودانی كچانی منداڵ و ڕێگریكردن لەو جۆرە هاوسەرگیرییە، بەڵام لێرە و لەوێ كچانی خوار تەمەنی یاسایی بە شوو دەدرێن.  لە هەرێمی كوردستان دوای دەرچوونی یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ كاركردن بە حوكمی ماددەی یاسا ئێراقییەكە ڕاگیراوە و بەم شێوازەی لێهاتووە؛ هەر كەسێك ١٦ ساڵ تەمەنی تەواو كرد و داوای هاوسەرگیری كرد، دادوەر بۆی هەیە ڕێگەی پی بدات، ئەگەر دەركەوت شایستەیی و توانای جەستەیی هەیە، ئەمەش دوای ڕەزامەندی سەرپەرشتیار (وەلی ئەمر). لە لایەكی دیكەوە یاسای سزادانی ئێراقی ژمارە ١١١ ساڵی ١٩٦٩ و لە مادەی ٣٢٩ بڕگەی ١و٢ هاتووە؛ هەر كەسێك هەڵسێت بە ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەری بۆ كچێكی (ناكام) لە دەرەوەی دادگا، ئەوە سزا دەدریت بە زیندانیكردن، یان غەرامەكردن. هەروەها بە پێی یاسای ژمارەی ١٨٨ ساڵی ١٩٥٩ی ئێراقی بە پشت بەستن بە ماددەی ٧ بڕگەی یەكەم، یەكێك لە مەرجەكانی هاوسەرگیری ئەوەیە؛ دەبێت ئەهلییەتی هاوسەرگیری لە ژن و پیاودا هەبێت، واتە تەمەنیان ١٨ ساڵی تەواو بێت. 

"هۆکارەکانی دیاردەی بووکە منداڵ  چییە؟"

دەتوانین بڵێین كۆمەڵێك هۆكاری وەك فاكتەرەكانی كولتووری، ئابووری، ئایینی و ناوشیاریی تاكەكەسی لەم بارەوە ڕۆڵ دەگێڕن. ئەم دیاردەیەش لە كوردستان بە شێوەی سەرەكی بۆ دواكەوتوویی كۆمەڵگا لە ڕووی كولتوور و پابەندبوون بە بنەمای ئایینی و دابونەریتی نادروستی خەڵكی دەگەڕێتەوە. بەڵام لە كۆمەڵگا پێشكەوتووەكاندا بنەمای هاوسەرگیری بۆ هەر تاكێك؛ بریتییە لە حەز و هەڵبژاردنی خودی كەسەكە. واتە هاوسەگیری هەڵبژاردنێكی تاكەكەسییە كە لە تەمەنی 18 ساڵی و تەمەنی گەورەتردا بڕیاری لە سەر دەدرێت و بە شێوەیەكی زۆرەملێ نییە و خانەوادەكان بڕیاری لە سەر نادەن. هۆكارەكانی هاوسەرگیریی پێشوەختەشی بەتایبەتی بۆ كچان لەم چەند خاڵەدا ده‌ستنیشان دەکرێن:-

- هۆكاری كولتووری؛ لە هەندێ كۆمەڵگا وەك كوردستان وا دەبیندرێت كە هاوسەرگیری لە تەمەنی بچووك شتێكی باشە و بەها و گرنگیی خۆی هەیە، بەتایبەتی بۆ كچان و گرنگی نادرێتە خوێندن، یان كاركردنی ژنان و بێگومان ئەم کچانە مافی هەڵبژاردنی شێوازی ژیانی خۆیان نییە.

- هۆكاری تاكەكەسی؛ هەندێ كەس كە بۆ جاری یەكەم دەكەونە داوی خۆشەویستی، بە شێوەیەكی زۆر قووڵ دەكەونە داوی خۆشەویستییەكەیان و بێ ئەوەی بیر لە داهاتوویان و بەرپرسیاریەتییەكانی ژیان بكەنەوە،  ئامانجیان تەنیا گەیشتنە بە خۆشەویستەكەیان و ئامادەن لە تەمەنی نایاسایی هاوسەرگیری بكەن.

- هۆكاری ئابووری؛ فشارە ئابوورییەكان بەتایبەتی لەو خێزانانەی كە هەژارن و منداڵی زۆریان هەیە، وا دەكات كە دایك و باوكەكان بیر لە زوو بەشوودانی كچەكانیان بكەنەوە بەتایبەتیش بە شوودانیان بەو پیاوانەی كە باری داراییان باشە، ئەگەرچی بەتەمەنیش بن.

بەگشتی هۆکارەکانی ئەم دیاردە بەها نەریتی و ئایینییەکانە، بە مەبەستی پاراستنی شەرەف و ئابڕووی خێزانی بە تووندی ڕەچاو و جێبەجێ دەکرێن و هەروەها لە بواری کولتوریدا سیستەمی باوک‌سالاری بە هۆکارەکانی ئەم دیاردە دێنە ئەژمار. وەکتر خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی خێزان لەوانە هەژاری، بێبەری‌ بوون لە خوێندن، ئاوارەیی و کۆچ و کۆچبەری لە بەر کەم کردنەوەی قورسایی ئابووری بە هۆکارە سەرەکییەکانی دیاردەی بووکە منداڵ لە قەڵەم دەدرێن. بەڵام پسپۆڕانی بواری کۆمەڵناسی گرنگترینی ئەم هۆکارانە بە هەژاری لە قەڵەم دەدەن. ئەوەی کە خێزانەکان بۆ هاوسەرگیریی کچەکانیان پارەیەک بۆ مارەیی و شیربایی و... وەردەگرن وادەکات کە وەک سەرچاوەیەکی داهاتی کاتی سەیری کچەکانیان بکەن و بەشوودانیان نەک هەر خەرجی خۆراک و پۆشاک و خوێندن و ڕاگرتنیان لە کۆڵ دەکاتەوە، بەڵکوو سوود و قازانجی ماددییش بۆ خیزانەکە دەستەبەر دەکات. 

"دواهاتەکانی دیاردەی بووکە منداڵ"

دەتوانین دواهاتەکانی ئەم دیاردە لە دوو بەشی کۆمەڵایەتی و جەستەییدا لێک‌بدەینەوە. دواهاتە کۆمەڵایەتییەکانی زوو بە شوودانی کچان یان "بووکە منداڵ" بریتین لە تۆمارنەبوونی هاوسەرگیرییەکان، نەبوونی هەویە و ناسنامەی یاسایی، تووندوتیژیی دژی ژنان، تووندوتیژیی خێزانی، لەشفرۆشی، هەڵاتن لە ماڵ، بێ ماڵ و حاڵی، بێبەریبوون لە خوێندن، خۆسووتاندن و خۆکووشتن، دووبارە بەرهەمهاتنەوەی هەژاری و... و دواهاتە جەستەییەکانیش لە زۆربوونی لە بارچوونی منداڵ، منداڵبوونی پێشوەخت، لەدایکبوونی ساوای نەبەکام و زۆر بچووک، گوشاری زۆر بۆ دووگیانی، نەخۆشینەکانی ماوەی دووگیانی و ئایدز و ... دا خۆ دەبیننەوە.

"دواهاتە جەستەییەکان"

ئەو كچانەی لەخوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوە هاوسەگیری دەكەن، گرفتی تەندروستی زۆریان ڕووبەڕوو دەبێتەوە. وەك: لەبارچوون و بوونی منداڵی نائاسایی وهەروەها ئەوەی کە لە كاتی منداڵبووندا لەبەر ئەوەی ئێسكی حەوزیان پێ نەگەیشتووە، تووشی فشاری خوێن و پەركەمی پاش منداڵبوون دەبن. دایكایەتی لە تەمەنێكی كەمدا، لە ڕووی دەروونییەوە كاریگەریی نەخوازراو لە سەر ئەو دایكانە بەجێ دەهێڵێت كە زوو بەشوو دراون و زۆربەیان تووڕە و بێ ئارام دەبن. لە لایەكی دیكەوە شووكردنی كچان لە تەمەنێكی زوو كاریگەریی لە سەر نەخۆشییەكانی ئافرەتان و منداڵبوون و نەزۆكی دەبێت. زوو شووكردنی كچ لە ڕووی جەستەییەوە زۆر مەترسیدارە چونكە بەهۆی بچووكی تەمەن، منداڵبوونی دوا دەكەوێت یان ئەگەر دووگیانیش بوو، منداڵدانی بە باشی گەشەی نەكردووە و ڕەنگە تووشی لەبارچوونی كۆرپەكەی بێت. هەروەها ئەو كچانەی كە بە تەمەنی منداڵی شوو دەكەن، زۆر جار لە كاتی منداڵبووندا بەرگەی ژانی منداڵبوون ناگرن و دوچاری نەشتەرگەری دەبنەوە، یانیش بەسەر منداڵەوە دەچن. بۆیە زانستی پزیشكی هاوسەرگیری و دووگیانی لە تەمەنی خواردا بۆ کچان بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر تەندروستی و سەلامەتییان لە داهاتوودا دەبینێت.
کچان لە تەمەنی منداڵیدا بە هۆی هەلومەرجی جەستەییان بە ئاسانی تووشی نەخۆشینەکانی وەک دەگوترێ "مقاربتی" دەبن. خانەکانی واژەن و دەرگای ڕەحمی کچان لە تەمەنی منداڵیدا، خانەی پارێزەی نییە و زوو تووشی خەسار و کێشە دەبێت. بە پێی ئامارەکان ئەگەری تووشبوونی کچان بە ڤایرۆسی HIV زۆر زیاترە لە کوڕان. هەروەها زیاترین ئاماری تووشبوونی کچان لە تەمەنی ١٥ بۆ ٢٤ ساڵە. لە حاڵێکدا کە زیاترین ئاماری کوڕان ١٠ ساڵ دوای ئەم تەمەنانەیە. گەر کچان لە تەمەنی کەمدا هاوسەرگیری بکەن و هاوسەریان هەڵگری ڤایرۆسی HIV بێت، ئەگەری تووشبوونیان زۆر زیاتر دەبێت.  چەندین جۆری ڤایرۆسی HPV یان پاپیلۆمای مرۆیی دەتوانێ کۆمەڵێک شێرپەنجە لەوانە شێرپەنجەی دەرگای ڕەحم درووست بکات. هۆکارە باوەکانی تووشبوون بە کەنسێری دەرگای ڕەحم بە "هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێک کە لە ڕابردوودا هاوبەشی سێکسیی زۆری بووە، هاوسەرگیریی بە منداڵی، ئاستی دۆخی ئابووریی-کۆمەڵایەتیی نزم و دەستڕاگەیشتنی کەم و لاواز بە خزمەتگوزاریی تەندرووستی" ناوزەد دەکرێن. 

کۆمەڵێک دواهاتی دیکەی وەک فشاری خوێنی بەرز لە دووگیانیدا، ئیلتیهابی خوێن لە ماوەی دووگیانی و خوێنبەربوون لە ژنانی گەنجی کەمتر لە ١٥ ساڵ تەمەن، زیاترە لەو ژنانەی کە لە بیست ساڵاندا هاوسەرگیرییان کردووە و ئەم دواهاتانە بەرەو ڕووی مەترسیی مردنیان دەکاتەوە. بە گشتی دایکانی دووگیانی خوار بیست ساڵ تەمەن، زیاتر لە ژنانی دی بەرەو ڕووی مەترسیی مەرگ دەبنەوە. جگە لەمانە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە مەترسیی لە دایکبوونی منداڵی ساوا بە کێشی زۆر کەم  یان ساوای نەبەکام و  ڕێژەی مردنی منداڵانی ساوای ژنانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ، زیاترە. تەنانەت گەر منداڵە ساواکان لە  یەکەم ساڵی ژیانیاندا بمێنن، ڕێژەی مردنی منداڵانی (خوار ٥ ساڵ)ی دایکانی کەم تەمەن زۆر زیاترە. بە گشتی دایکانی کەم تەمەن و منداڵ بە هۆی نەبوونی بلووغی سۆزداری و جەستەیی، خۆراکی ناتەندرووست، دەستڕانەگەیشتنیان بە خزمەتگوزاریی زاوزێ و کۆمەڵایەتی و هەروەها مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشینی ئیلتیهابی، زیاتر دەکەونە بەر مەترسیی  مردن و لەنێوچوونی منداڵ و ساواکانیان. وەکتر دایکانی کەم تەمەن توانایی بڕیاردان و لێهاتوویی دایکایەتیی تەواویان نییە. ژنانی گەنج ناتوانن خۆیان لە سەر پرس و بابەتی چاوەدێرییە تەندروستییەکانی خۆیان بڕیار بدەن و توانای ڕادەربڕینیان نییە و هاوسەر و ماڵی خەزوران لە جیاتیی خۆیان ئەو بابەتانە دیاریی دەکەن.

"دواهاتی دەروونی و سۆزداری"

ئاسەواری خراپی دەروونی و سۆزداری بە یەک لە دواهاتە نەرێنییەکانی هاوسەرگیریی پێشوەخت دێتە ئەژمار.لە ڕاستیدا لەم جۆرە هاوسەرگییرییەدا، منداڵ لە منداڵێتیی خۆی دوور دەکەوێتەوە و پێوەندیی بە بنەماڵە و هاوڕیکانییەوە دەپچڕێت و لە لایەکی دیکەشەوە بەرپرسیارێتیی ژیانی تازەی دەکەوێتە سەر و چالاکییەکانیشی هەر لە چوارچێوەی ماڵ و منداڵداریدا ئاستەنگ دەبێتەوە و هەر ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی نیشانەکانی خەمۆکی و سترێس تێێدا. هەروەها کەسی کەم تەمەن و منداڵ بە هۆی ناتوانیی لە دەرک و تەحەمولی هەلومەرجی نایەکسان و بێ‌دەسەڵاتیی لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکاندا، بە زۆریی کۆمەڵێک چارەسەری وەک هەڵهاتن لە ماڵ، خۆکوژی، خۆسووتاندن و یاخود کووشتنی هاوسەرەکەی هەڵدەبژێرێت کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ژنانی گیرۆدەی هەژاری و ئەوانەی توانستی گفتوگۆیان نییە، تووشی دەبن. لە لایەکی دیکەشەوە هاوسەرگیریی کچانی کەم تەمەن و منداڵ لەگەڵ کەسی باڵغ و بەتەمەندا دەبێت و هەر لە بەر ئەم هۆکارەش ناتوانن پێکەوە گفتوگۆ بکەن و بە لێک‌تێگەیشتن درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن، چونکە ڕوانگەکان جیاوازن و پێوەندیی ژن و مێردایەتی هاوشێوەی پپێوەندیی باوک و منداڵ دەبێت.  

"زۆربوونی تووندوتیژیی خێزانی دژ بە ژنان"

ئەو کچانەی زووتر لە تەمەنی یاسایی هاوسەرگیریی دەکەن، زیاتر دەکەونە بەر مەترسیی تووندوتیژیی خێزانی، کەڵك ‌ئاوەژۆیی و سێکسی زۆرەملی. بە جۆرێک کە تەمەن، نەبوونی پەروەردە، بەشداریی نەکردن و بڕیاردان لە کاروبارەکان دەبنە ئەو فاکتەرانەی کە تووندوتیژیی دێننە ئاراوە و ئەم تووندوتیژییە تا گەورەبوونیان بەردەوام دەبێت. ئەم منداڵانە زیاتر دەبنە هاوسەری پیاوانی بەتەمەن و ژندار کە بە هۆی جیاوازی و مەودای تەمەنیانەوە، کەمتر دەتوانن لەگەڵ مێردەکانیان بکەونە وتووێژ و لە سەر پرس و بابەتەکانی خێزانەکەیان بڕیار بدەن و پارێزگاریی لە سەلامەت و تەندرووستیی خۆیان بکەن. 

"بێبەری بوون لە خوێندن"

خوێندن و پەروەردە؛ دەورێکی گرنگی لە گەشە و بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاریی منداڵااندا هەیە، بەڵام بەداخەوە یەک لە دواهاتە نێگەتیڤەکانی دیاردەی "بووکە منداڵ" یان هاوسەرگیریی پێشوەخت، بێبەریبوون  لە خوێندن و  پەرەوەردەی تەواوە. گوومانی تیدا نییە کە خوێندنی باش، یارمەتیی گەشەی زانست و لێهاتووییەکان، بڕوا بەخۆبوون و هێزی بڕیاردان، چێژبینین لە پێوەندیی ئەرێنی و دڵخواز و لە کۆتاییدا هەڵبژاردنێکی وشیارانە سەبارەت بە تەندرووستی و خۆشگوزەرانی لە ژیاندا دەدات. توێژینەوەکان دەریان خستووە ئەو دایکانەی لە تەمەنی منداڵیدا بەشوو دراون، کەمتر گرنگیی بە پەروەردە و فێرکاریی منداڵەکانیان دەدەن چون ئاگادارییەکانی ئەوتۆیان لە بارەی سوودەکانی خوێندن نییە. هەروەها کەمتر دەتوانن پشتیوانیی لە منداڵەکانیان بکەن. هەر لە بەر ئەوەی کە خۆیان یان نەخوێندەوارن و یاخود زۆر زوو دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە، منداڵەکانیشیان زووتر لە تەمەنی ئاسایی هاوسەرگیری دەکەن و واز لە خوێندن دێنن. دیارە لە نێوان هاوسەرگیری پێشوەخت و ئاستی خوێندەواریی نزمدا پێوەندییەک لە ئارادایە، بە شێوەیەک کە دوای هاوسەرگیری، دەستڕاگەیشتنی ژنان بە پەروەردەی فەرمی و نافەرمی بە هۆی بەرپرسیارێتیی خێزانی و منداڵبوون و پێڕاگەیشتنی منداڵ و ... ئاستەنگ دەبێتەوە. لێرەوە بۆمان هەیە بڵێێن پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەک لە هەموو ڕەهەندێکەوە کۆمەڵایەتی، ئابووریی، کولتووریی و سیاسی، گرێدراوی بارهێنان و پەروەردەی تاکەکانی ئەو کۆمەلگایە بە تایبەت لە تەمەنی منداڵییەوە. بەڵام وازهێنانی منداڵان لە خوێندن، ئەویش گەر بە هۆی هاوسەرگیریی پێشوەختەوە بووبێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەو تایبەتمەندییە کەسییانەی بە هۆیەوە خۆیان و ئەنجام کۆمەڵگاکەشیان گەشە دەکەن، بێبەری بن. وەکیتر ئەم کەم و کوڕییانە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاست و چۆنێتیی ژیان.

"دواهاتەکانی هاوسەرگیری پێشوەخت بۆ کوڕان"

هاوسەرگیریی پێشوەخت بۆ کوڕانیش گەلێک دواهاتی قورس و گرانی دەبێت. هەروەک باوە و عورف بەو شێوە دیاریی دەکات کوڕان بەرپرسیارێتیی گشتیی ژیان لە ئەستۆ دەگرن و دەبێ بژیوی ژیانی بنەماڵە دابین بکەن. کوڕانیش لە تەمەنی کەمدا ئامادەیی هەڵگرتنی ئەم بار و بەرپرسیارێتییەیان  نییە و یەکەم دواهاتیشی بەجێهێشتنی ماڵ و ژن و مندالیانە.  
 
"بووکە منداڵ و پێشێلبوونی سێ مافی منداڵان لەم دیاردەدا"

هاوسەرگیریی منداڵان لە سەر سێ مافی بنەڕەتییان کاریگەریی دادەنێت؛ مافی هەڵبژاردنی منداڵان یەکەم مافێکە کە لە بووکە منداڵدا لێیان زەوت دەکرێت، چوون بنەماڵەکەیان  سەبارەت بە هاوسەرگیری و هەڵبژارندنی هاوسەر بڕیاریان بۆ دەدات. مافی پەروەردەش لەم هاوسەرگیرییەدا وەلا دەخرێت و زۆربەی زۆری ئەم کچ و کوڕانە دوای هاوسەرگیری ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن. مافی تەندرووستی و سەلامەتی وەک سێیەم مافی منداڵە کە لە هاوسەرگیریی تەمەنی خواردا هەڕەشەی دەکەوێتە سەر. بە شێوەیەک کە ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی باس لە زیاترین ئاماری مردنی دایکانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ دەکات. لێرەوە دەکرێ بڵێین؛ بە هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا سێ مافی هاووڵاتی پێشێل دەکرێت و لەم ڕووەوە دەبێ هاوسەرگیریی منداڵان یاساخ بکرێت و پێویستە لە یاسادا چاکسازی و ڕیفۆڕم ڕووبدات و بەتایبەت کە یەک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دیاردە هەژارییە دەبێ بۆ  کەمکردنەوەی ئەم کێشەش ڕێوشوێنی شیاو بگیرێتە بەر. دەبێ ئاستی ڕۆشنبیریی خێزانەکان بەرز بکرێتەوە چوونکە گەر وا نەبێت یاسا بە تەنها تانوانێ دەردی کۆمەڵگا چارەسەر بکات. هەروەها بە لەبەرچاو گرتنی گرنگیی یاسایی و فیقهی و نێونەتەوەیی ئەم پرسە، تا کاتێک کە لە نێوان ئەم سێ تەوەرەدا هاوسەنگی بەدی نەیەت، کێشەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.

"چارەسەرەکانی دیاردەی بووکەمنداڵ چین؟"

سەبارەت بە چارەسەرەکانی دیاردەی بووکە منداڵ دەتوانین بڵێین؛ باوەڕ و ڕای کۆمەڵگا سەبارەت بەم دیاردە دەبێ بگۆڕدرێت و ئەمەش پێویستی بە کاتە و بە تێپەڕبوونی زەمەن ئەم مەبەستە دەپێکرێت. بەڵام سەرەکیترین هەنگاو کە دەبێ لەم بوارەدا هەڵبگیرێت بەڕۆژ کردنەوەی یاسا کۆنەکان و دانانی یاسای نوێیە. یاساکان دەبێ پشتیوانیی لە منداڵان بکەن بە گۆڕینی یاساکان و یاساخکردنی هاوسەرگیریی منداڵانی خوار ١٨ ساڵ هێدی هێدی بیرو باوەڕی کۆمەڵگاش بگۆڕن. لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین؛ لەم دیاردەدا کەسانی تەمەندار و سەر بە کۆمەڵگا گەورەکان لایەکی دیکەی بابەتە پێک دێنن. تا ئەوکاتەی گەورەکان دەرکیان بە دواهاتە نەرێنییەکانی هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵێکی کەم تەمەن نەکردبێت، ئەم دیاردە هەر دەمێنێتەوە. 

پێنج ستراتیژی گرنگ کە بە پێی بەڵگەکان لە لایەن ICRW بۆ دواخستن یان پێشگرتن لە هاوسەرگیریی پێشوەخت (بووکە منداڵ) دیاریی کراون؛ 

١. بە زانیاری و لێهاتوویی و پشتیوانیی کچان توانا بکەن و هانیان بدەن.

٢. بۆ تاکەکان و خێزانەکانیان پشتیوانیی ئابووریی بڕەخسێنن.

٣. زانیاریی پێویست بە کۆمەڵگا و دایک و باوکان بدەن و وشیاریان بکەنەوە.

٤. دەستڕاگەیشتنی کچان بە پەروەردە و فێرکاریی باش و بەسوود زیاتر بکەن.

٥. یاسا وسیاسەتی پشتیوانی هان و پەرە پێبدەن.



ئه‌م بابه‌ته 691 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر