پرۆسه‌ی‌ چاكسازی‌ ئابووری‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان

ئابووری كوردستان به‌ده‌ست دواكه‌وتوویی كه‌رته‌ سه‌ره‌كییه‌كان ده‌ناڵێنێ، وه‌ك كه‌رتی پیشه‌سازی و كشتوكاڵی، سه‌ره‌ڕای لاوازی ژێرخانی ئابووری و ناهاوسه‌نگی به‌رهه‌م هێنان و ڕێژه‌ی به‌رزی بێكاری.
PM:04:55:29/12/2021
دۆسیە: ئابوری


دابان عبدالواحید حسن
ئابوریناس


حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتی ئێستادا؛ سه‌رقاڵی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی چاكسازییه‌ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و قه‌یرانانه‌ و دروستكردنی ئابووریه‌كی گه‌شه‌سه‌ند و له‌ داهاتوودا. ڕێكاره‌كانی به‌په‌له‌ی ده‌ست پێوه‌گرتن (ته‌قه‌شوف) و هه‌نارده‌كردنی ڕاسته‌وخۆی نه‌وت بۆ ده‌ره‌وه‌، بووه‌ هۆی كه‌ حكومه‌ت بتوانێت باڵانسی پاره‌ی نه‌ختینه‌ی باشتربێت، هاوكات چاكسازی كارگێڕی ده‌سپێكێك بوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌ درێژخایه‌نه‌كان، ئه‌ویش له‌ ڕێگای گۆڕانكاری له‌ كه‌رتی گشتی و هه‌وڵدان بۆ هه‌مه‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی ئابووری. مه‌ینه‌تییه‌كانی ئابووری كوردستان له‌ قووڵبوونه‌وه‌دان به‌هۆی پاشه‌كشه‌ی نرخی نه‌وت  له‌ سالاَنی‌ ڕابردوودا و ده‌سته‌وسان بوونی حكومه‌تی هه‌رێم له‌دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی پاره‌داركردنی نوێ بۆپاڵپشتی بوودجه‌ی هه‌رێم. هاوكات به‌رده‌وامی به‌ره‌نگاری و جه‌نگ له‌گه‌ڵ چه‌كداره‌ تووندڕه‌وه‌كانی داعش و ئه‌و زیانانه‌ی له‌ ئابووری كوردستانیانداوه‌، سه‌ره‌ڕای خه‌رجیه‌سه‌ربازییه‌كان و دۆسییه‌ی هاوكاری ئاواره‌كان. له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ دۆسییه‌ی گه‌نده‌ڵی كه‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌. ئه‌مانه‌ هه‌موویان گومان دروست ده‌كه‌ن كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بتوانێت زاڵ بێت به‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ئاڵۆزه‌ تێكهه‌ڵكێشه‌ ئابووری و سیاسییه‌.

پێویسته‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش بكه‌ین كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌؛ هه‌موویان سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ هێشتا چۆڵ نه‌كراون و توانای به‌رگری و بگره‌ پێشڕه‌ویشیان هه‌یه‌.كه‌له‌م چه‌ن هه‌فته‌ی‌ پێشوودا به‌ ده‌یان پێشمه‌رگه‌شه‌هیدبوون له‌پێناوو ئه‌م خاكه‌دا.

"ئابووری‌ كوردستان"

ئابووری كوردستان به‌ده‌ست دواكه‌وتوویی كه‌رته‌ سه‌ره‌كییه‌كان ده‌ناڵێنێ، وه‌ك كه‌رتی پیشه‌سازی و كشتوكاڵی، سه‌ره‌ڕای لاوازی ژێرخانی ئابووری و ناهاوسه‌نگی به‌رهه‌م هێنان و ڕێژه‌ی به‌رزی بێكاری، له‌ كاتێكدا هه‌رێم هێزێكی كاری گه‌وره‌ و سه‌رمایه‌ی ماددی ومرۆیی زۆری هه‌یه‌. به‌ڵام پێویستی به‌ ته‌كنیكێكی نوێ هه‌یه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنان. پشت به‌ستن ته‌نها به‌ داهاتی نه‌وت، كه‌لێنێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری هه‌رێم، بۆیه‌ پێویستمان به‌ ده‌رچه‌ی ڕزگاربوونه‌ بۆ ده‌ستكردن به‌ پرۆسه‌ی چاكسازی و بوونیادنانی په‌ره‌پێدانی ڕاسته‌قینه‌، وه‌ك وه‌به‌رهێنانی بیانی ڕاسته‌وخۆی ڕاسته‌قینه‌ بۆپه‌ره‌پێدانی كه‌رتی نه‌وتی و كه‌رته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ نه‌وته‌وه‌، وه‌ك پیشه‌سازی پتڕۆكیمیاوی له‌ قۆناغی یه‌كه‌م بۆدروستكردنی به‌های زێده‌گی له‌ نه‌وت له‌ جیاتی فرۆشتنی نه‌وت به‌شێوه‌ی خام، چونكه‌ توێژینه‌وه‌ ئابوورییه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن به‌های زێده‌گی پیشه‌سازی گۆڕینی كه‌رسته‌ی خاو بۆ به‌رهه‌می ته‌واو و نیمچه‌ ته‌واو به‌های زێده‌گی سه‌د ئه‌وه‌نده‌ی به‌های زێده‌گی پیشه‌سازی ده‌رهێنانه‌، تاكو ببێته‌ هۆی ڕاكێشانی ته‌كنیكێكی نوێ ی گونجاو بۆ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی و سوود وه‌رگرتن له‌ داهاته‌كه‌ی بۆ دۆزینه‌وه‌ی توانای به‌رهه‌مهێنانی تازه‌ی سه‌رچاوه‌ی داهات، هه‌نگاو به‌هه‌نگاو پیشه‌سازییه‌كان پشت به‌ستن به‌ كه‌رتی نه‌وتی كه‌م بكه‌نه‌وه‌، وه‌ هه‌ڵی كاری تازه‌ بڕه‌خسێنن كه‌ به‌رهه‌مداری زیاتر بێت بۆ به‌رده‌وامی په‌ره‌پێدان له‌ماوه‌ی درێژخایه‌ن، ئه‌وكات بناغه‌یه‌كی ئابووری پته‌ومان ده‌بێت بۆ چاكسازی ڕیشه‌یی. حكومه‌تی هه‌رێم له‌ماوه‌ی ڕابردوو چه‌ند هه‌نگاوێكی گرته‌به‌ر بۆ سوككردنی قه‌یرانی داریی سه‌ر حكومه‌ت له‌ڕێگای پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و زیادكردنی باجه‌ جۆراوجۆره‌كان(باجی داهاتی خانووبه‌ره‌، باجی گومرگی، سزای هاتوچۆ..هتد) و هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی لای وه‌به‌رهێنه‌ران و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی گشتی. سه‌ره‌ڕای به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وتی خاو بۆ سه‌رو حه‌فتا دۆلار، به‌ڵام كورتهێنان هه‌ر به‌رده‌وامه‌، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ندین هۆكار، له‌وهۆكارانه‌ فشاره‌كانی پێداویستییه‌كانی سه‌نگه‌ر و هاوكارییه‌ مرۆییه‌كانی ئاواره‌كان و دانه‌وه‌ی مافه‌داراییه‌كانی گرێبه‌سته‌كانی كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان.

بارودۆخی سیاسی و ئابووری كوردستان و گواسترانه‌وه‌ به‌ره‌و ئابووری ئازاد و قبوڵكردنی مه‌رجی دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئازادی كاری كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان، گۆڕینی كه‌رتی گشتی بۆ كه‌رتی تایبه‌ت كاریگه‌ری نه‌رێنی وخراپی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئابووری كوردستان، چونكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی كرده‌ به‌رخۆر (به‌كاربه‌ر) به‌هۆی ئازادی بازرگانی و لاوازی ئاستی به‌رهه‌می ناوه‌خۆ و ڕكابه‌ری ناهاوسه‌نگ له‌ نێوان به‌رهه‌می خۆماڵی و به‌رهه‌می هاورده‌كراو، ئه‌وه‌ش پێویستی به‌دانانی یاسا و ڕێسای تایبه‌ت هه‌یه‌ به‌ ئابووری ئازاد و گۆڕاوه‌كانی تاكو سووده‌كانی زیاتربكه‌ین له‌ زیانه‌كانی.

"ئاسته‌نگه‌كانی‌ به‌رده‌م پرۆسه‌ی‌ ریفۆرمی‌ ئابووری‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا"

1- نه‌بوونی‌ سیسته‌مێكی‌ ئابووری‌ سیما روون له‌ هه‌رێمدا كوردستاندا. 
                         
2- نه‌بوونی‌ ده‌زگایه‌كی‌ كارگێری‌ پێشكوتوو كه‌له‌سه‌ر هه‌رسێ‌ بنه‌مای‌ زانستی‌ و نه‌رمێتی‌(المرونه‌) و نوێبوونه‌وه‌دا دامه‌زرابێت.                                       
3- لاوازی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت و مه‌یدانه‌كانی‌ پێشبركێ و نه‌بونی‌ شه‌فافییه‌ت. نه‌بوونی‌ بنه‌مایه‌كی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ پێشكه‌وتوو.     
                             
4- نه‌بوونی‌ توانای‌ پێشبركێی‌ پێوه‌ره‌ جیهانییه‌كانی‌ به‌رهه‌مهێنان و نه‌بوونی‌ سه‌نته‌ر و ده‌زگاكانی‌ باس و توێژینه‌وه‌ی‌ ئابوری‌ و كارگێری‌.              
 
5- كلاسیكی‌ له‌ سیسته‌می‌ فێركردن و گرفتی‌ ده‌رهاویشته‌كانی‌ (مخرجات)  و په‌یوه‌ستنه‌بونی‌ پرۆسه‌ی‌ فێركردن به‌ واقیعی‌ ئابوری‌ و بازاری‌ كاره‌وه‌. 
     
6- نه‌بونی‌ ده‌زگایه‌كی‌ پلاندانان و ئاماری‌ كارا. له‌ گرفته‌ گه‌وره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ رابردوودا هه‌تا ئێستاش نه‌بوونی‌ سیسته‌مێكی‌ زانیاری‌ و ئامار بووه‌ له‌سه‌ر كۆی‌ ژیانی‌ كۆمه‌ڵگا...
                                           
7- نه‌بونی‌ عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و زۆری‌ بێكاری‌ و گرفتی‌ هه‌ژاری‌ له‌ ئێراق هه‌رێمی‌ كوردستاندا، ئاماره‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانی‌ ئێراق له‌ سه‌ر رێژه‌ی‌ هه‌ژاری‌ ئه‌وه‌یان ئاشكرا كرد كه‌ رێژه‌ی‌ خێزانه‌ داهات نزمه‌كان له‌ به‌غداد زیاتره‌ به‌راورد به‌ كوردستان، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانان ده‌ڵێت؛ "ئه‌گه‌ر هێڵی هه‌ژاری له‌سه‌ر ئاستی وڵات ده‌ستنیشان بكه‌ین، رێژه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كانی باشوور زیاتره‌ و ده‌گاته‌ 30٪ بۆ 35٪. له‌ پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست ده‌گاته‌ نزیك له‌ 20٪، له‌ به‌غدادی پایته‌خت رێژه‌كه‌ ده‌گاته‌ 13٪ و له‌ هه‌رێمی كوردستانیش و ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 12٪. 
                   
8- لاوازی‌ و كه‌موكورتی‌ له‌ پێشكه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانی‌ حكومه‌ت. 
                                                                                     
9- نه‌بوونی‌ ده‌زگایه‌كی‌ بانكی‌ ومه‌صره‌فی‌ پێشكه‌وتوو. كه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی‌ نوێی‌ ئابووریدا كه‌رتی‌ مه‌صره‌فی‌ دڵی‌ چالاكییه‌ ئابوورییه‌كانه‌ له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا.                                                                                         
10- گرفتی‌ لاوازی‌ كه‌رته‌كانی‌ پیشه‌سازی‌ و گه‌شتوگوزارو كوشتوكاڵ وكانزاكان.                                                                                      
11- نه‌بونی‌ روئیایه‌كی‌ دیار وروون له‌سه‌ر زانست و ته‌كنه‌لۆجیا له‌ كوردستاندا، په‌راوێزخستنی‌ توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ له‌ دروستكردنی‌ سیاسه‌ت و بریاره‌كانی‌ حكومه‌ت.                                                        
12- نه‌بوونی‌ راگه‌یاندنێكی‌ ئابووری‌ به‌هێز، تاكوو هه‌له‌كانی‌ وه‌به‌رهێنان پێشكه‌شی‌ جیهانی‌ ده‌ره‌وه‌ بكات، هه‌روه‌ها كار له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ رۆشنبیریی‌ ئابوری‌ خه‌ڵك بكات له‌ كوردستاندا.   
                                   
13- بوونی‌ گرفته‌ یاسایی‌ و ده‌ستوری‌ وسیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غداد چونكه‌ هه‌رێم ده‌وڵه‌ت نییه‌ تاكو سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تان بكات .    

"راسپارده‌كان بۆ چاكسازی‌ ئابووری‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا"

1- كاركردن له‌سه‌ر به‌هێزكردنی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت، چونكه‌ هه‌تا ئه‌م كه‌رته‌ به‌هێز وكارا نه‌بێ و رۆڵی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كردنی‌ ئابووری‌ نه‌گرێته‌ ئه‌ستۆ، دڵنیا نییه‌ هیچ پرۆسه‌یه‌كی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ ئابووری‌ وچاكسازی‌ ئابوری‌ سه‌ركه‌وتووبێت، ئه‌مه‌ش له‌رێگای‌ دروستكردنی‌ زه‌مینه‌كانی‌ پێشبركێ و هاندانی‌ ماددی‌ ومه‌عنه‌وی‌ حكومه‌ت بۆ خاوه‌ن پرۆژه‌ و خاوه‌نكاره‌كانی‌ ناوخۆ به‌بێ‌ جیاوازی‌. قه‌ده‌غه‌ی‌ قۆرخكاری‌ بكرێت بۆ سه‌رجه‌م چالاكی‌ و كه‌رته‌ ئابوورییه‌كان و دروستكردنی‌ بازاری‌ پێشبركێ‌ كه‌ ملكه‌چی‌ هیچ ئیحتیكارێك نه‌بێت وه‌له‌یه‌ك كاتدا مافی‌ به‌كاربه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان بكات و حكومه‌ت ئیداره‌ی‌ چاودێری‌ و یاسایی‌ بازاڕ و كۆنترۆڵی‌ جۆری‌ به‌رهه‌مه‌كان بگرێته‌ ئه‌ستۆ.  
                                                                                         
2- دانانی‌ پلانێكی‌ ستراتیجی‌ بۆ دروستكردنی‌ بنه‌مایه‌كی‌ پیشه‌سازی‌ و به‌رهه‌مهێنانی‌ به‌هێز. تاكوو بتوانێت هه‌م پێداویستییه‌كانی‌ ناوخۆ پربكاته‌وه‌، هه‌م كه‌رتی‌ هه‌نارده‌ كارا بكرێت و سه‌رچاوه‌ی‌ نوێی‌ داهات دروستبكرێت له‌ كوردستاندا . چونكه‌  ئێستا  باشترین ته‌وه‌ره‌ێك بۆ رێكخستنی‌ ژیان و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ داهاتی‌ تاك له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا  له‌سایه‌ی‌ ئه‌و ئاڵۆزیه‌ی‌ له‌ جیهانی‌ نوێدا هه‌یه‌؛ بریتییه‌ له‌ ته‌وه‌ری‌ ته‌كنه‌لۆجیا و پیشه‌سازی‌. بۆیه‌ ته‌وزیفكردنی‌ ته‌كنه‌لۆجیای‌ پێشكه‌وتوو له‌ پرۆسه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنانداو راكێشانی‌ سه‌رمایه‌ی‌ راسته‌وخۆو ناراسته‌وخۆ بۆ كه‌رته‌كانی‌ به‌رهه‌مهێنان باشترین سه‌ره‌تایه‌ ڕووه‌و دانانی‌ پیشه‌سازی‌ خۆماڵی‌ له‌ كوردستاندا. له‌به‌رئه‌وه‌ تاكه‌  یه‌ك رێگا له‌به‌رده‌مماندایه‌؛ ئه‌ویش باش مامه‌ڵه‌ كردنه‌ له‌گه‌ڵ پیشه‌سازی‌ و دروستكردنی‌ كه‌رتێكی‌ پیشه‌سازی‌ به‌هێزه‌ له‌ كوردستاندا له‌ رێگای‌ سیاسه‌تێكی‌ پیشه‌سازی‌ و كشتوكاڵی‌ و بازرگانی‌ وبانكی‌ و پێشخستنی‌ كه‌رته‌ ئابوورییه‌كانی‌ تره‌وه‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر پێشكه‌وتنی‌ پیشه‌سازی‌ پێشكه‌وتنی‌ كه‌رته‌ ئابوورییه‌كانی‌ تریشی‌ له‌گه‌ڵ نه‌بێت ئه‌وه‌ جۆرێكه‌  له‌ پێشكه‌وتنی‌ سه‌ره‌تانی‌ دروستده‌بێت كه‌ كه‌رتێك پێشكه‌وێت له‌ غیابی‌ كه‌رته‌كانی‌ تردا.  له‌و سۆنگه‌وه‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین كاره‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم دروستكردن وبه‌ره‌وپێشبردنی‌ ژێرخانی‌ ئابووری‌ و په‌یكه‌ری‌ دامه‌زراوه‌یی‌ و كۆمه‌لاَیه‌تییه‌ له‌پێناو په‌ره‌پێدانی‌ به‌رهه‌مهێنان و پیشه‌سازی‌ نیشتیمانی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا.  تاوه‌كوو بتوانرێت تێكرای‌ داهاتی‌ تاكی‌ كوردستانی‌ و ئاستی‌ خۆشگوزه‌رانی‌ به‌رزبكرێته‌وه‌.  
                               
3- گۆرینی‌ بنه‌ماكانی‌ هاورده‌كردن، به‌ومانایه‌ی‌ كه‌ ته‌ركیز له‌سه‌ر شمه‌كی‌ سه‌رمایه‌ و شمه‌كی‌ نیمچه‌ دروستكراوبكرێت و هاورده‌ی‌ شمه‌كی‌ به‌كاربه‌ره‌كی‌ كه‌مبكرێته‌وه‌، هاوكات یاسایه‌كی‌ تۆكمه‌ بۆ پارێزگاری‌ له‌ به‌رهه‌می‌ ناوخۆ ده‌ربچێت.                  
                                                                            
4- كاركردن له‌سه‌ر به‌هێزكردنی‌ سیاسه‌تی‌ كارپێدان(التوڤیف) له‌نێوان كه‌رتی‌ تایبه‌ت و حكومه‌تدا.                                                                         
پێویسته‌ بودجه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ كارپێدان ته‌رخانبكرێت، به‌لانی‌ كه‌م كوردستان سالاَنه‌ پێویستی‌ به‌ دروستكردنی‌ 50 هه‌زار هه‌لی‌ كاری‌ نوێ‌ هه‌یه‌.                                                                                 
5- كار له‌سه‌ر به‌ دیموكراتیزه‌كردنی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ و ئابووری‌ بكرێت و ده‌رگا له‌به‌رده‌م ئیمتیازاته‌ حیزبییه‌كانی‌ ناو حكومه‌ت و چالاكییه‌ ئابوورییه‌كان دابخرێت و ده‌رگا بكرێته‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م خاوه‌ن سه‌رمایه‌كان بۆ دانانی‌ پرۆژه‌و به‌ ده‌ستهێنانی‌ قازانج. 
                                                                    
6- گرینگیدان به‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان كه‌دڵی‌ پرۆسه‌ی‌ پلاندانانه‌و وه‌هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ كه‌ بزوێنه‌ری‌ گۆران وگه‌شه‌پێدانن له‌ دنیای‌ ئابوری‌ مه‌عریفیدا. 
                                      
7- به‌ سیسته‌مكردنی‌ ئابووری‌ و گرینگیدان به‌ بیری‌ سیسته‌می‌ له‌ دامه‌زراوه‌ كارگێریه‌كانی‌ حكومه‌تدا.                                                                   
8- فه‌راهه‌مكردنی‌ شه‌فافییه‌ت وده‌زگایه‌كی‌ ئامار و مه‌علوماتی‌ به‌هێز و نه‌شاردنه‌وه‌ی‌ هیچ جۆره‌ ئامار و مه‌علوملتێك له‌ ناوه‌نده‌كانی‌ زانكۆو رێكخراوو میدیاكان.  له‌ بواری‌ ئابووریشدا بوونی‌ سیسته‌مێكی‌ زانیاری‌ ته‌واوكار له‌سه‌ر داهات و خه‌رجی‌ و به‌رهه‌مهێنان و باجه‌كان گرینگترین پێداویستیه‌كانی‌ ئه‌م قۆناغه‌یه‌ له‌ پێناو زیادكردنی‌ وه‌به‌رهێنان و دانانی‌ پلانێكی‌ ستراتیجی‌ سه‌ركه‌وتوو له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا.    
                        
9- پێویسته‌ چه‌مكه‌كانی‌ ئابووری‌ هه‌مووه‌كی‌ دروستبكرێن، به‌ومانایه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ چاكسازی‌ ئابووری‌ له‌ كوردستاندا ژینگه‌یه‌كی‌ گونجاو بۆ ئابووری‌ هه‌مووه‌كی‌ دروستبكات و رزگاری بكات له‌ گرفته‌ په‌یكه‌رییه‌كانی‌، كه‌ كۆسپن له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی‌ په‌ره‌پێدانی‌ ئابووری‌ له‌ كوردستاندا. ئه‌م گۆرانه‌ش له‌ رێگای‌ گه‌شه‌دان به‌ ئه‌ده‌واته‌كانی‌ ئابووری‌ هه‌مووه‌كییه‌وه‌ ده‌بێت هه‌ر له‌سیاسه‌تی‌ داهات و خه‌رجی‌ گشتییه‌وه‌ تا سیاسه‌تی‌ بازرگانی‌ وكشتوكاڵی‌ له‌ هه‌رێمدا.  
  
10- ڕه‌واجدان به‌كاری‌ رێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان كه‌ له‌بواری‌ پارێزگاری‌ له‌ مافه‌ ئابوورییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ جیاوازه‌ كۆمه‌لاَیه‌تییه‌كاندا كارده‌كه‌ن. چاودێریكردنی‌ پلانه‌كانی‌ حكومه‌ت (ئه‌گه‌ر هه‌یبوو!) له‌چوارچێوه‌ی‌ شه‌فافییه‌ت و لێپرسینه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه‌.   
                                        
11-زیادكرنی‌ وه‌به‌رهێنان له‌ بواری‌ په‌ره‌پێدانی‌ توانا مرۆییه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ توانا و وزه‌ نیشتیمانییه‌كان له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ گه‌شه‌پێدانی‌ ئابووری‌ و زیادكردنی‌ به‌رهه‌م وبه‌رهه‌مداری‌. ئه‌مه‌ش پێویست ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ پته‌و هه‌بێت له‌ نێوان سیاسه‌تی‌ فێركردن له‌لایه‌ك وخواستی‌ بازاڕی‌ كار له‌ لایه‌كی‌ تره‌وه‌. 

12-دانانی‌ سیاسه‌تێكی‌ نیشتیمانی‌ بۆ راهێنانی‌ هێزی‌ كاری‌ نیشتیمانی‌ و  گرینگیدان به‌كردنه‌وه‌ی‌ خولی‌ راهێنان بۆ گه‌نجان له‌وه‌دا چۆن بتوانن پرۆژه‌ی‌ بچوك دابمه‌زرێنن. 

13- كاركردن له‌سه‌ر چاكسازیكردن له‌سه‌ر سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ فێركردن (خوێندكار، مامۆستا، پرۆگرام، تاقیكردنه‌وه‌كان، رێگاكانی‌ وانه‌وتنه‌وه‌، ته‌كنه‌لۆجیای‌ یاریده‌ده‌ر، ئیداره‌ی‌ فێركردن، په‌یكه‌ری‌ بینایه‌ی‌ قوتابخانه‌و خوێندنگاكان). كه‌ ئه‌م چاكسازییه‌ی‌ فێركردن هه‌م پێداویستیه‌ نوێیه‌ ئابوورییه‌كان هه‌م بابه‌تی‌ په‌ره‌پێدانی‌ ره‌فتاری‌ له‌به‌رچاوبگرێت.      
                                    
14-په‌یره‌وكردنی‌ سیاسه‌تێكی‌ دارایی‌ دادگه‌ر كه‌ هه‌م یارمه‌تیده‌ری‌ دووباره‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ی‌ داهات و سامان بدات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ داهات نزمه‌كان، هه‌م هانی‌ گه‌شه‌و تێكرای‌ پاشه‌كه‌وت بدات. كه‌ ده‌رئه‌نجام هۆكارێكی‌ تر بێت بۆ زیادكردنی‌ ده‌رامه‌ته‌كانی‌ حكومه‌ت.   
                                                  
15- گرینگیدان به‌ دانانی‌ سیسته‌مێكی‌ بانكی‌ فراوان له‌كوردستاندا،  وه‌هه‌روه‌ها دروستكردن و گێرانه‌وه‌ی‌ متمانه‌ی‌ خه‌ڵك به‌ بانكه‌كان و وه‌په‌یوه‌ستبونی‌ بانكه‌ ناوخۆییه‌كان به‌ بانكه‌ جیهانییه‌كان و چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ یاسای‌ بانكی‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی‌ باری‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و ئابووری‌ كوردستان. كاركردن له‌سه‌ر دامه‌زراندنی‌ بانكه‌كانی‌ كشتوكاڵ و پیشه‌سازی‌ و، وه‌به‌رهێنان و (بیوت الادخار) له‌ پێناو ئاراسته‌كردنی‌ داهات و سه‌رمایه‌ی‌ خه‌ڵك بۆ ناو پرۆسه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان.                                                        



ئه‌م بابه‌ته 633 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر