خوشکایەتی؛ یەکگرتوویی سیاسیی نێوان ژنان

"ژنان" گەورەترین قوربانیی ستەمی جێندەرین. ڕێک هاوشێوەی ستەمە بەکۆمەڵەکانی دیکە، سێکسیزمیش لە سەر دەستی بوونیاد و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان دامەزراوە و درێژە بە بوونی خۆی دەدات.
PM:08:20:26/12/2021
دۆسیە: کلتوور و مرۆڤسازی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


"بە بیانووی کۆچی دوایی "بێل هۆکس" نووسەری فێمینیست و ئەکتیڤستی ئەمریکی کە لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا ڕۆژی ١٦/١٢/ ٢٠٢١ ڕوویدا"

"ژنان" گەورەترین قوربانیی ستەمی جێندەرین. ڕێک هاوشێوەی ستەمە بەکۆمەڵەکانی دیکە، سێکسیزمیش لە سەر دەستی بوونیاد و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان دامەزراوە و درێژە بە بوونی خۆی دەدات؛ لە سەر دەستی کەسانێک کە دەسەڵات و زاڵێتیی دەنوێنن و ستەم دەکەن و هەروەها لە لایەن خودی ئەو قوربانییانەوە کە لە دۆخی هەبوودا بەکۆمەڵایەتی دەبن. ئایدۆلۆژیای لەبەرتربوونی پیاوانە، وا لە ژنان دەکات کە هەست بە بێ‌بەهابوون بکەن یاخود تەنها ئەو کاتەی لە پێوەندیی  لەگەڵ پیاواندا بن، هەست بە بەهاداریی بکەن. ئێمە بەم شێوە فێر دەکرێین، پێوەندیمان پێکەوە، لە باتیی ئەوەی ئەزموونەکانیمان زیاتر بکات، لاوازیان دەکات. فێریان کردوین کە ژنان بە شێوەی "زاتی" دوژمنی یەکدین و یەکگرتوویی نێوانیان هەرگیز نایەتە ڕوودان، چونکە ئێمە ناتوانین و نابێ یەکگرتوو بین و یەک بگرین. ئێمە بە باشی فێری ئەم وانە بووین، بەڵام گەر دەمانەوێ بزووتنەوەیەکی پەڕگیر و بە‌‌هێزمان هەبێت، دەبێ لە بیریان بکەین. دەبێ فێر بین کە چۆن یەکگرتوو بین و پێکەوە بژین و کار بکەین. دەبێ لە مانا و بەهای ڕاستەقینەی خوشکایەتیی تێبگەین. گەرچی بزووتنەوەی فێمینیستیی هاوچەرخ، پانتاییەکی بۆ پڕۆڤەی یەکگرتوویی سیاسیی نێوان ژنان دەستەبەر کردووە، بەڵام خوشکایەتیی، وەک دەستکەوتێکی شۆڕشگێڕانە کە ژنان دەبێ خەباتی بۆ بکەن و بە دەستی بێنن، پێناسە نەکردووە. کەسانی چالاک لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ژنان، خوشکایەتییان تا ئاستی ستەمی هاوبەش دابەزاندووە و بەم جۆرە ناساندوویانە.

 ئایدیای ستەمی هاوبەش ئایدیایەکی هەڵە و گەندەڵ بوو کە بوو بە هۆی تێگەیشتنی چەپە و لاڕێ لە واقیعی کۆمەڵایەتیی ئاڵۆز و فرەچەشنی ژنان. ئێمە بە هۆی ڕوانگەگەلی سێکسیستی، ڕەگەزپەرەستی، ئیمتیاز و جیاوەکی چینایەتی و گەلێک پێشگریمانەی دیکەوە پۆلێنبەندیی کراوین. پێوەندی و پەیوەستبوونی بەردەوام و بمێن لە نێوان ژناندا تەنها ئەو ساتەوەختە دێتە ئاراوە کە ئەم پۆلێنبەندییانە هەڵبوەشێنەوە و ڕیوشوێنی پێویست بۆ نەهێشتنیان بگیرێتە بەر. ئەم پۆلێنبەندییانە بە خەیاڵکردن و ئەندێشەی هیواخوازانە و ڕۆمانتیک بەرامبەر بە ستەمی هاوبەش، سەرباری بەها و بایەخی ئەو ئەزموونە هاوبەشانەی ژنان پێکەوە ئەزموونی دەکەن، هیچی پێناکرێت.

ساڵانی دوایی خوشکایەتی لە قاڵبی دروشم و تاقم و دەستەبەندی و هتد، چیدی دەسەڵاتەکان بۆ یەکگرتن هان نادات. بەرەیەک لە فێمینیستەکان ئەم ڕۆژانە لە سەر ئەو باوەڕەن کە ڕەخساندنی یەکگرتوویی لە نێوان ژناندا، بە هۆی جیاوازی و ناهاوشێوەییەکانیان، بابەتێکی نەکردە و نامومکینە. لە بەرچاو نەگرتنی خوشکایەتی وەک یەکگرتووییەکی سیاسیی نێوان ژنان، بزووتنەوەی ژنان لاواز دەکات و لە نێوی دەبات. ئەمە لە حاڵێکدایە کە یەکگرتن، خەبات و بەرخۆدان بەهێز دەکات. هیچ بزووتنەوەیەکی فێمینیستی ناتوانێ ستەمی ڕەگەزی بێ هەبوونی لایەن یان ڕەهەندێکی یەکگرتوویی لە نێو ببات، "ژنان" دەبێ وزەی داهێنانیان هەبێت و هێزی یەکگرتوویی بخەنە ڕوو. هەر ئەوەندەی کە بتوانین نیشانی بدەین دەکرێ بەربەستەکانی سەر ڕێگای ژنان هەڵبگیرێت، ئەوسا دەتوانین یەکگرتووییش بڕسکێنین. ناتوانین هیوامان بە گۆڕانی سەرپاکی گۆمەڵگا هەبێت. تێپەڕین لە جەختکردنەوە لە خوشکایەتی بۆیە ڕوویداوە چون زۆرێک لە ژنان بە پێداگریییەوە تووڕەیی خۆیان بە نیسبەت "سەرکوتی هاوبەش"، "شووناسی هاوبەش و یەکسانییەکان" دەردەبڕن و ڕەخنە ئاراستەی بزووتنەوەی فێمینیستی دەکەن یان لێی جیا دەبنەوە. جەختکردنەوە لە سەر خوشکایەتی، زۆربەی جاران وەک فاکتەرێکی سۆزدارانە، لە ڕەوتی شاردنەوەی ئۆپۆرتۆنیزمی ژنانی سپی‌پێستی بوورژوایی سەیر دەکرێت؛ وەک ماسکێک لە سەر ئەو ڕاستییە کە زۆرێک لە ژنان، ستەم لە ژنانی دیکە دەکەن. ژنان تەنها لە حاڵەتێکدا دەبنە خاوەنی هێز و دەسەڵات کە پێکەوە لە پێوەندیدا بن، بەڵام ئەم بابەتە بەو خوشکایەتییەی لای ژنانی بوورژوای ئازادیخواز (لیبڕاڵ) مەبەستە، نایەتە دی. ڕاڤە و شیکردنەوەی ئەوان لە سەر بنەمای قوربانیبوونی هاوبەش بونیاد نرابوو؛ هەر ئەو تەوەرەی لە مەڕ ستەمی هاوبەشیش هاتبووە ئاراوە. چەمکی پێوەندیی ڕاستەوخۆ دەتوانێ هۆکارگەلی باوەڕمەند بە لەپێشبوونی پیاوانە ناچاری ڕامان و تێفکرین بکات.

ئایدۆلۆژیا سێکسیستییەکان ژنان فێر دەکەن کە ژن بوون یەکسانە بە قوربانی‌بوون. جگە لە بەرپەرچدانەوەی ئەم هاوکێشەیە (کە دەبێتە هۆی بەدحاڵیبوون سەبارەت بە ئەزموونەکانی ژنان، زۆربەی هەرە زۆری ژنان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا قوربانیی بێکرد، تەنها و بێ‌دەسەڵات نین)، زۆرێک لە ژنان لە ئازادیخوازیدا بە گەرمی باوەشیان بۆ ئەم چەمکانە گرتەوە و قوربانیبوونیان وەک بناغە و بنەڕەتی بەدیهێنانی پێوەندیی لە نێوان ژناندا بە فەرمی وەرگرت. زۆربەی ژنان لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە دەبێ خۆیان وەک "قوربانی" وێنا بکەن بۆ ئەوەی بزووتنەوەی فێمینیستی پەیوەست بە ژیانی خۆیان بکەن. ڕسکاندنی پێوەندیی لە قاڵبی قوربانی، هەلومەرجێکی ڕەخساند کە تێیدا، ئەو ژنانەی خۆیان بە قوربانی نەدەزانی و داکۆکییان لە خۆیان دەکرد، لەم جۆرە بزوونتەوە فێمینیستییەدا جێگەیەکیان بۆ خۆیان نەدەبینییەوە. هەر بە پێی ئەم لۆژیکە بوو کە ژنانی سپی‌پێست (هاوڕێ لەگەڵ پیاوانی ڕەش) بەڵگاندنیان دەکرد کە گوایە ژنانی ڕەش‌پێست زۆر "بەهێز"ن و بە هیچ شێوەیەک پێویست ناکات لە بزووتنەوەی فێمینیستیدا ئامادەییەکی چالاکانەیان هەبێت. هەر ئەم بەڵگاندنەش بوو کە بوو بە هۆی ئەوەی کە ئەو ژنە سپی‌ پێستانەی چیدی هەستی قوربانی‌بوونیان نەبوو، لە بزووتنەوەی فێمینیستی جیا ببنەوە. ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە ئەو ژنانەی زیاتر لە ڕۆڵی قوربانیدا ڕۆدەچوون، زۆر زیاتر لە ژنانی دیکە لەم بزووتنەوەدا ئامادەییان هەبوو.ئەو ژنانەی کە ڕۆژانە تووشی ستەم و چەوساندن دەبن، بۆیان نییە بانگەشەی ئەوە بکەن کە لە ژێر کۆنتڕۆڵدا، تەنانەت گەر کەمیش بێت، نین. ئەوان وەکیتر ناتوانن خۆیان تەنها لە قاڵب و داڕێژگەی "قوربانی"دا ببینن، چونکە بەردەوامیی بەقا و مانەوەیان پشتی بە ئاستی نیازی دەسەڵاتی تاکەکەسیی بەستووە. ئەم بابەتە دەتوانێ لە ڕوانگەی دەرونناسییەوە ببێتە هۆی لاوازیی ڕۆحییەی ئەو ژنانەی کە بە هۆی شوناسی هاوبەشی "قوربانی"ی پێکەوە لە پێوەندیدا بوون. ژنان دەبێ بتوانن بە پێی خاڵی بەهێز و بوونەکانیان پێکەوە پێوەندیی بگرن؛ ئەمە هەمان پێوەندییە کە پێویستە بزووتنەوەی فێمینیستی هانی بدات؛ پێوەندییەک کە دەبێتە بنەڕەتی خوشکایەتی. بە بەستنی پێوەندیی لە پێگەی "قوربانی"دا، ژنانی سپی ‌پێست بە هیچ شێوه‌یەک هەستیان بە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئاڵۆزیی ئەزموونەکانیان نەکرد. ئەوان ڕووبەڕووی ئالنگاریی هەڵسەنگاندنی ڕوانگە سێکسیستییەکانی خۆیان بەرامبەر بەو ژنانەی لەوان نەدەچوون، نەبوونەوە. ئەم ژنانە بە دەسنیشانکردنی شووناسی خۆیان وەک "قوربانی"، خۆیان لە بەرپرسیارێتیی پاراستن و هێشتنەوەی سێکسیزم، ڕەگەزپەرەستی و چینایەتی بە پێداگریی لە سەر ئەوەی کە تەنها پیاوانن کە دوژمنی ژنانن، نەبان کرد. ئەوان بەرەو ڕووی دوژمنە ناوخۆییەکانیان نەبوونەوە و هیچ مەعریفەیەکیان سەبارەت بەوان بەدەست نەهێنا. لێرەوە خوشکایەتی گۆڕا بۆ بەربەستێک لە نێوان ئەوان و واقیع و سیستەمێکی پاراستنی دیکەی ئەم دۆخە. 

نوسخەی خوشکایەتیی ئەوان تێکەڵ بە گریمانە ڕەگەزپەرەستانە و چینایەتییەکانیان سەبارەت بە ژنانەیی سپی، بوو و بوو بە هۆی سەرهەڵدانی ئەو باوەڕە کە "خاتوونی سپی" (یان دەتوانین بڵێین ژنی بوورژوا)، دەبێ لە بەرامبەر هەر شتێک کە خەمین و دڵگرانی دەکات، یاخود هەر شتێكی نەرێنی، پشتگیری و پشتیوانیی بکرێت. نوسخەی سەپێنراوی ئەوان بۆ خوشکایەتی بە مانای هۆگریی نامەرجداری ئەوان بە ئەویدی بوو؛ بەو مانا کە ئەوان دەبێ لە دژوازیی نێوانیان دوور بکەونەوە و ڕێکنەکەوتن و ناکۆکییەکان بگەیەننە کەمترین ئاستی مومکین و هەروەها نابێ ڕەخنە ئاراستەی یەکدی، بەتایبەت لە شوێنە گشتییەکاندا، بکەن. ئەم نوسخە سەپێنراوە، بۆ ماوەیەک توانی وێنەیەکی وەهماوی لە یەکگرتووییان دژ بە ڕکابەرێتی، دوژمنایەتی، ناکۆکییە هەمیشەییەکان و ڕەخنە و سووکایەتی دەستەبەر بکات. ئەوڕۆکە زۆرێک لە گرووپە بچووکەکان کە لە هەندێ شوناسدا هاوبەشن، وەکیتر ئەم مۆدێلە لە خوشکایەتی بەکار دێنن، بەڵام ئەندامانی ئەم گرووپانە هاوکاتی هەوڵیان بۆ پشتیوانیی دیتران، دژوازی و دوژمنایەتیی خۆشیان بەزۆریی دژ بە ژنانی دەرەوەی ئاقار و چوارچێوەی خۆیان (لە ڕیگەی ڕەخنەی تێکدەرانەوە) ئاشکرا دەکەن. درووست‌کردنی پێوەندیی لە نێوان ئەڵقەیەک لە ژنان کە زنجیرەکانی نێوان خۆیان لە ڕێگەی بەرپەرچدانەوە و بە کەم‌بەها بینینی ژنانی دەرەوەی گرووپەکانی خۆیان، پتەوتر دەکەن، ڕێک بیرهێنەرەوەی پێوەندیی تاکەکەسیی نێوان ژنانی ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی پیاوسالارییە، جیاوازیی سەرەکیی؛ هۆگرییان بە فێمینیزمە.

بە مەبەستی پەرەدان بە یەکگرتوویی نێوان ژنان، ئەکتیڤیستەکانی فێمینیزم نابێ بە پێی ئەو ڕێساگەلەی پێشتر لە سەر دەستی ئایدۆلۆژیاکانی زاڵێتیی کولتوور پێناسە کراوە، پێوەندییەکانی خۆیان دیاری و دەسنیشان بکەن، بەڵکوو دەبێ ڕێسای خۆیان بەدی بێنن. لە باتیی درووستکردنی پێوەندیی لە سەر بنەمای قوربانیبوون یان هەستی هاوبەش بەرامبەر بە دوژمنێکی هاوبەش، دەتوانین بە پێی بەڵێن و پەیمانی سیاسیمان بەرامبەر بە بزووتنەوەیەکی فێمینیستی کە ئامانجی، کۆتایی هێنان بە زوڵم و ستەمی سێکسیستییە، یەک بگرین. وێڕای بوونی ئەم بەڵێن و بەرپرسیارێتییەیە کە هێز و تواناکانمان لە بابەتی پێوەندیدار بە یەکسانیی لەگەڵ پیاوان یان تەنها خۆڕاگریی بەرامبەر بە دەسەڵات و زاڵێتییاندا خەسار نابێت و بەم چەشنە چیدی بە هاوکێشەی کچی باش/ کوڕی خراپ لە بونیادی زوڵم و ستەمی سێکسیستی قایل نابین. بەر لەوەی لە بەرامبەر زاڵێتیی پیاواندا خۆڕاگریی بکەین، دەبێ بتوانین سەرجەم پێوەندییەکانمان لەگەڵ سێکسیزم بپچڕێنین و بە ئامانجی گواستنەوەی وشیاریی بۆ ژنان سەبارەت بە پرس و بابەتە جۆراوجۆرەکان، تێبکۆشین. ژنان بە هاوکاریی یەکدی و لە ڕەوتی پەچەداماڵین، لێکدانەوە و سڕینەوەی بەکۆمەڵایەتی‌کردنی سێکسیستیی ناخی خۆیان، دەتوانن یەکدیی قبووڵ و بەهێز بکەن و بنەمایەکی تۆکمە بۆ پەرە و گەشەی یەکگرتوویی سیاسیی بەدی بێنن.       
     

بێڵ هۆکس

وەرگێڕان: چنوور فەتحی

Sisterhood:  Political Solidarity between women – Bell Hooks 1986


ئه‌م بابه‌ته 294 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر