دەربارەی چەمکی جیۆپۆلیتیک

جیۆپۆلیتیک؛ وشەیەکی لێکدراوە پێکدێت لە وشەی "جیۆ" واتە "زەوی"، وشەی "پۆلیتیک" واتە "سیاسەت".
PM:11:50:25/12/2021
دۆسیە: شیکار


م. تەحسین وسو عەبدوڵڵا
نووسەر، و مامۆستای زانکۆ


"پێناسەی چەمکی جیۆپۆلیتیک"

جیۆپۆلیتیک؛ وشەیەکی لێکدراوە پێکدێت لە وشەی "جیۆ" واتە "زەوی"، وشەی "پۆلیتیک" واتە "سیاسەت". زاراوەی جیۆ-پۆلەتیک بۆ یەکەمینجار لەسەر زاری مێژوونووسی بەریتانی ڕۆدۆلف کیلین(١٩٢٢-١٨٦٤) لە ساڵی(١٩١٦)ھاتە کایەوە، پاشان بنەماکانی ئەم زانستە لە لایەن ژەنەڕاڵی ئەڵمانی "کارل ھاوسھۆڤەر"  ەوە، داڕێژرا و پەرەی پێدرا. "جیۆپۆلەتیک" تایبەتە بە لێکۆڵینەوەی دەوڵەت لە تێڕوانینی سیاسەتەوە، بەڵام وەکو چەمکێکی جێگیر و نەگۆڕ تەماشای دەوڵەت ناکات، وەکوو زیندەوەرێکی زیندوو لێی دەڕوانێت. جیۆپۆلەتیک لە گۆشەنیگایەکی نەتەوەیی و زاتییەوە، پەیوەندییە ئاڵوگۆڕەکانی نێوان شوێن و ھەر یەکە لە دیمەنی سرووشتیی (زەوی) و دیمەنی مرۆیی (دانیشتووان) و دیمەنی شارستانیی (توانا و تەکنۆلۆجیا)، دەکۆڵێتەوە. گەوھەری جیۆپۆلەتیک لێکۆڵینەوەی پەیوەندی سیاسەتی نێودەوڵەتییە لە سایەی ھەلومەرج و پێکھاتە جوگرافییەکاندا. 

"تیۆرەکان لە بارەی جیۆپۆلیتیک"

لەسەرەتای دەستپێکی سەدەی بیستەمدا ئەو توێژەرانەی کە بنەماکانی دیسپلینی جیۆپۆلیتیکیان دۆزییەوە، ویستیان  بەستێن و پەیوەندی نێوان ئەو سیاسەتەی کە دەوڵەت پەیڕەوی دەکات لەسەر ئاستی دەرەوە لەگەڵ بابەتی جوگرافیا باس بکەن. بەتایبەتی کاریان کرد لە سیاسەتی دەرەوەی ولاتە زلهیزەکان کە خاوەنی  گرنگی ستراتیژی جوگرافیان، لەم چوارچێوەیەدا سێ تیۆر دەربارەی چەمکی جیۆپۆلیتیک باس دەکەین کە ڕۆلی سەرەکیان هەبوو لە تیۆریزەکردنی چەمکە:- 

بۆ یەکەم جار ئەلفرێد ماهان (Alfred Thayer Mahan) لە تێزی جیۆپۆلیتیکی خۆی لە چواچێوەی پەرتووکی "کاریگەری هێزی دەریایی لەسەر مێژوو" بەرهەمهێنا. ماهان لە پەرتووکەکەیدا گرنگی دەریاکانی خستەڕوو و بیرۆکەیەکی داهێنا، ئەویش ئەوەبوو کە "هەر دەوڵەتێک بتوانی سەروەری و دەسەڵاتی بەسەر دەریاکان بچەسپێنێت، ئەوا مانای وایە سەروەری دەبێ لەسەر هەموو جیهان".  ماهان ڕاستی ئەم بیرۆکەیەی بە کردەوە لەوە سەلماند کە بەریتانیای خاوەن هێزی دەریایی، سەروەری بەسەر هەموو جیهان هەبوو. بەگوێرەی ئەم بیرۆکەیەی ماهان لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەم بۆ گۆڕانکاری کردن لە نفوزی ئەمریکا و بەریتانیا لە جیهاندا، لە ڕووانگەی هێزی دەریاییەوە دەبوایە لە بەرژەوەندی بەریتانیا بوایە. هەروەک زانراوە لە سەدەی بیستەم ڕووداوەکانی دوای جەنگی دووەمی جیهانی ئەمریکا، لە ڕووانگەی هێزی دەریاییەوە زاڵ بوو بەسەر هێزی بەریتانیا. پووختەی بیرۆکەی "ماهان" لە بابەتی جیۆپۆلیتیک بریتییە لەوەی کە ئەو هێزانەی کۆنترۆڵی دەریاکانیان لە دەستە واتە کۆنترۆڵی تەواوی دونیایان کردووە بە تایبەت گرنگی ڕێگای بازرگانی دەریاکان کە ماهان جەختی لەسەر کردبووەوە. "ماهان" لە پەرتووکی "کێشەکانی ئاسیا" نەخشەی جیۆستراتیجی ڕوونکردۆتەوە، دەست بەسەرداگرتنی ناوچەکە لە باکوور و کۆنترۆڵکردنی دەریایی لە باشوور، قارەی ئۆراسیای دابەشکردووە، ناوچەکەش وەک ناوچەی بێلایەن وەسف دەکرێت. بەگوێرەی پێشبینیەکانی ماهان ئەمەش وەک ئالینگاری سەرەکی دەبێت بۆ ناوچەی بێلایەن. هەروەها "ماهان" لە بیردۆزی جیۆپۆلیتیکیدا گرنگی گەروەکانیشی ڕوونکردۆتەوە. لە ڕووانگەی ململانێی هێزە وشکانییەکان و هێزە دەریاییەکان بۆ بەدەستهێنانی سەروەری هەریەکە لە گەروەکانی چەنەکالا و ئیستەنبول، کەناڵی سوێس، گەروی جەبەڵ تاریق، گەروی دانیمارک و کەناڵی پەنەما خاوەنی گرنگیەکی ستراتیجین.

لەم پێنج سەد ساڵەی دوایدا گەڕانەوەی ئەورووپا و پاشانیش ئەمریکا وەک زلهێز لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، دەکرێت لە چوارچێوەی بیرۆکەی جیۆپۆلیتیکی "ماهان" ڕوونبکەینەوە. ئەوروپییەکان لە قاڕەی ئۆراسیا بە ئاراستەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای، جیگیربوونی ڕێگاکانی بازرگانی لەگەڵ ڕێگا دەریاییەکان باڵایی دەسەڵات و سەروەری ئەورووپییەکانی دەستەبەرکردووە. بە پێچەوانەی ئەمەش، لەبەرامبەر لە دەستدانی گرنگی ڕێگەی ئاوریشم بێهێزبوونی ئەو وڵاتانەی دەکەونە نێو قاڕەکە دەستیان پێکرد.  بەمانایەکی تر، لەگەڵ دۆزینەوەی ڕێگای دەریاییەکان کاتێک وڵاتانی ئەورووپا پێگەیان بەهێز بوو، ئەو وڵاتانەی دەکەونە نێوقاڕەکە بەتایبەتی وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا گرنگی شوێنەکەیان کەمتر بوویەوە.  

لەسەرەتایی سەدەی بیستەمدا لەلایەن هالفۆرد ماکیندەرە (Halford Mackinder) وە بیردۆزێک  خراویەڕوو لە بارەی جیۆپۆلیتیک؛ تەواو بە پێچەوانەی ئەو بیردۆزە بوو، "ماهان" بانگەشەی بۆ دەکرد. بەگوێرەی بیردۆزەکەی "ماکیندەر"، بەدرێژایی هەموو مێژووی مرۆڤایەتی، ئەو دەوڵەتانەی خاڵی مەرکەزییان کۆنترۆڵکردووە لە قارەی ئۆراسیا، دەستی بەسەر تەواوی ناوچەی نفوزی جیهاندا گرتووە. بەدرێژایی مێژوو ئەو هێزانەی کە لە ناوەڕاستی ئۆراسیا حاکمییەت و سەروەرییان دەستەبەرکردووە، بۆ نموونە لە ڕۆژهەڵات چین، لە باشووردا هیندستان، لە باشووری ڕۆژئاوا ئێران، لەڕۆژهەڵاتیشدا ڕۆما بەشێوەیەکی زۆر بەهێز کاریگەرییان هەبووە. نووسەر یەکەمجار ناوی "تەوەری جوگرافیای مێژووی"  بۆ ناوەڕاستی ئۆراسیا دانا، دواتر بە گەشەپێدانی بیرۆکەکەی ئەم ناوچە ستراتیجیە گرنگەی ناونا دڵی زەوی "Heartland". دەرئەنجامی بیرۆکەی ماکیندەر ئەوەیە، "کێ ئەورووپای ڕۆژهەڵات کۆنترۆڵ بکات، دڵی زەوی کە ناوچەی ئۆراسیا کۆنترۆڵ دەکات، ئەگەر یەکێک بتوانێ ناوچەی دڵی زەوی لە "ئۆراسیا" کۆنترۆڵ بکات ئەوا هەموو ناوچەی ئۆراسیا کۆنترۆڵ دەکات. ئەگەر یەکێکیش کۆنترۆڵی ناوچەی ئۆراسیای کرد، ئەوا دەتوانێت کۆنترۆڵی تەواوی جیهان بکات". ماکیندەر لە جیاتی ڕێگەی دەریایی بەهەڵسەنگاندنی ڕێگەی ئاسنین لە وشکانیدا، کە سەد ساڵ لەمەوبەر لە وتارێکدا پێشنیاری ئەوەی خستۆتەڕوو کە ئەگەر لەڕووانگەی هێزی وشکانییەوە لە تەواوی ناوچەی ئۆراسیادا ڕێگەی ئاسنین پێشبخرێت، لەبەرامبەر هێزی دەریای هێزی وشکانی دەبێتە خاوەنی دەسەڵات و سەروەری. لەم ڕووانگەوە لە سەدەی بیست ویەکەمدا بە سەرکردایەتی چین لەژێر ناوی پێشنیاری ڕێگەی کەمەری وڵاتانی ناوچەی ئۆراسیا، لەپێناو بوژانەوەی ڕێگەی ئاوریشمی  مێژوویی، ڕێگای بازرگانی نوێ  و بەتایبەتیش گەشەپێدانی ڕێگاکانی ئاسنین، لە ڕووانگەی ئەوەی کە دەوڵەتانی ناوچەکە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بگەڕێنەوە شوێن و پێگەی خۆیان لێکدانەوەی بۆ دەکرێت. 

لەماوەی کۆتای سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتایی سەدەی بیستەم بیردۆزەکانی جیۆپۆلیتیکی ماهان و ماکیندەر لە "یاری گەورە"ی نێوان ڕوسیا و بەریتانیا جێبەجێکراوە. لەبەرئەوە بەشێوەیەکی گشتی چەمکی "یاری گەورە" لەبەرامبەر چەمکی جیۆپۆلیتیک بەکاردەهێنرێت.

لەگەڵ هاتنی سەدەی بیستەمدا ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک زڵهێزێکی جیهانی دەرکەوت و کە لە سیاسەتی جیهانیدا بە شێوەیەکی ئایدیالی دەستی پێکرد.  بۆ گونجاندنی ئەم ڕۆڵە نوێیەی ئەمریکا پێویستی بە ستراتیجی سیاسەتی دەرەوە، واتە پێویستی بە دۆکتۆرینی جیۆپۆلیتیک و جیۆستراتیجی هەبوو. ئەم تیۆرە جیۆپۆلیتیکیەش گەشەی پێدرا لەلایەن نیکۆلاس سپایکمان (Nicholas J. Spykman) لە پەرتووکێکدا بە ناوی "ستراتیجیەتی ئەمریکا لە سیاسەتی جیهانیدا".تیۆری سپایکمان زیاتر گەشەی پێدرا و بەرەو پێش چوو لە تیۆری دڵی زەوی کە لەلایەن ماکیندەرەوە داهێنرابوو. ماکیندەر کاتێک تیۆرەکەی داهێنا ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیای کردبوو، چونکە ماکیندەر زانایەکی بەریتانی بوو. سپایکمانیش کاریکرد بۆ پێشخستنی تیۆری  بەناوەندیکردنی ئەمریکا.

سپایکمان، هەردوو چەمکی هیلالی ناوخۆی و هیلالی دەرەکی ماکیندەری گۆڕی بۆ چەمکی کەمەرەی پەراوێز. کەمەرەی پەراوێز؛ خاوەنی گرنگی جیۆپۆلیتیکی بوو بۆ سپایکمان.  وەک ئەوەی لە نەخشەی سەرەوە دیارە، کە ئەورووپا، باکوری ئەفریقا، ڕۆژئاوای ئاسیا، باشووری ئاسیا، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لەخۆدەگرێت. ئەمریکای خاوەن هێزی دەریای، بۆ ئەوەی سەربکەوێت بەسەر یەکێتی کۆمارەکانی سۆسیالیستی سۆڤییەتی جاران کە خاوەنی هێزی وشکانی بوو، پێویستی بەوە بوو کە لە ناوچەی کەمەرەی پەراوێز نفوزی خۆی زیاد بکردایە. سپایکمان گۆڕانکاری کرد لە بۆچوونەکانی ماکیندەر بەم شێوەیە؛ "ئەگەر یەکیک ناوچەی کەمەرەی پەراوێز کۆنترۆڵ بکات، ناوچەی ئۆراسیا کۆنترۆڵ دەکات. ئەگەر یەکێکیش کۆنترۆڵی ناوچەی ئۆراسیا بکات ئەوا ئەو هێزە کۆنترۆڵی جیهان دەکات." ئەگەر سەیری سیاسەتی دەورەدانی ئامریکا بکرێت کە لەبەرامبەر یەکێتی سۆڤییەتی جاران پەیڕەوی دەکرد، تێبینی دەکرێت کە تیۆری سپایکمان جێبەجێکراوە. پەردەی ئاسنین لە ئەورووپا، جەنگی کۆریا، جەنگی ڤێتنام و پلانی مارشاڵ وەک ڕەنگدانەوی تیۆری جیۆپۆلیتیکی سپایکمان پەسەند کراون. لە سەدەی نۆزدەهەمدا کاتێک ناکۆکی و ململانێی نێوان بەریتانیا و ڕووسیا بە "یاری گەورە" ناودەبرێت، ئەوا ناکۆکی و ململانێیەکانی نێوان ئەمریکا و ڕوسیاش لە سەدەی بیستەمدا بە "جەنگی سارد" ناونراوە. 

"ڕووانگەی ڕەخنەی بۆ چەمکی جیۆپۆلیتیک"

لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگی سارد و بنیاتنانەوەی پێکهاتەی سیستمی نێودەوڵەتی، دید و تێڕوانینی تیۆری پێکهاتەیی و جیۆپۆلیتیکی گواستەوە بۆ قۆناغی تا ڕادەی گومان بردن. بیرۆکەی جیۆپۆلیتیک کە خاڵی سەرەکی جەختکردنەوە بابەتی جوگرافییایە، دەستیکرد بە لەدەستدانی هەیمەنە و حاکمییەتی بیرۆکەکە جیۆپۆلیتیکی ڕەخنەی سەریهەڵدا. جیۆپۆلیتیکی کلاسیکی کە بڕوای بەوە بوو کە جوگرافیا سیاسەت بنیات دەنێت و شێوەی پێدەدات، بەڵام جیۆپۆلیتیکی ڕەخنەی لە بنەڕەتدا بڕوای وایە سیاسەت جوگرافیا وێنا دەکات، لەم ڕووانگەیەشەوە ئەم بیرۆکەیە خرایەڕوو. لەسەر ئەم بنەمایەش بەشێکی زۆری ئەو چەمکە جوگرافیانەی کە بەکادەهێندرێن لە بنەڕەتدا سیاسین، واتە چەمکی جیۆپۆلیتیکین. بۆ نموونە چەمکی ئەوروپا بەهیچ شێوەیەک لە بنەڕەتدا وەک چەمکێکی جوگرافی نابینرێت، هەرچەندە هەردووو گەرووی ئیستەنبول و چاناکالا کە ئەورووپا و ئاسیا لەیەک جیا دەکاتەوە بەڵام لە باکوری دەریای ڕەشدا هیچ سنوورێکی سرووشتی نییە کە هەردوو کیشوەرەکە لە یەکتر جیا بکاتەوە، لەبەر ئەوە ئەوروپا کیشوەرێکی جوگرافی نییە بەڵکو وەک یەکەیەکی سیاسی (جیۆپۆلیتیکی) ناودەبرێت. کاتێک دووترێت ئەورووپا مەبەست پێی سنورەکانی شارستانی مەسیحی ئەوروپیە، لەم ڕووانگەیەشەوە یەکێتی ئەوروپا کە سەرەڕایی ئەوەی خاکەکەی لە کیشوەری ئەوروپایە بەڵام ئەندام بوونی تورکیا لەو یەکێتی یە مەحال نییە. ئەم تێڕوانینە جیۆپۆلیتیکیەش بەتایبەت زیاتر لە چەمکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژهەلاتی دوور و جیهانی سێیەم بە دیاردەکەوێت. ئەم چەمکە سیاسییانەش لەلایەن دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی سیاسی خۆیان بنیاتنراون. چەمکی "پەردەی ئاسنین" و "جیهانی سێیەم"  وەک ئەو چەمکانەی کە ئاماژەمان پێیدا، پاشان چەمکەکانی "بەرەی خراپەکار" و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جۆرج دەبلیۆ بۆشی کوڕەوە بەکارهێنراون، چەمکی "وڵاتانی دەرەوەی نزیک" و "وڵاتانی دەرەوەی دوور" لەلایەن ڕووسیا بەکارهێنراون، هەروەها چەمکی ڕێگای نەوە کە لەلایەن چینەوە بەکارهاتووە. ئەمەش بۆ ئەوەی کە سیاسەتمەدارەکان بگەن بەبەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆیان چەمکی جوگرافیایان بەم شێوەیە دیزاین کردووە. کەواتە ئەوەی ئەمرۆش بەکاردێت لە نەخشەی جیهانی کە جەخت لەسەر ئەوروپا دەکاتەوە ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی جیۆپۆلیتیکیە. 

کاتێک لەم ڕووانگەیەوە سەیری جیۆپۆلیتیک دەکەین، ئەم دیسپلینە بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ سیاسەتی جیهانی پەیوەست دەکرێت. دیدی جیۆپۆلیتیک بە مانایەکی تر، سیاسەتی نێودەوڵەتی وەدەست دێت لە ڕووانگەی زڵهێزەکانەوە. کەموکورتی ئەم بیرۆکەیەش ئەوەیە کە کاتێک لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تەنها زڵهێزەکان وەک بکەری سەرەکی دیاریدەکات و دەوڵەتەکانی تر تەنها وەک کارتێکراو هەژماردەکرێن. لە تیۆرەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتییدا؛ ناوی بیرۆکەی جیۆپۆلیتیک پێکهاتەی واقیعگەرایییە.

لەبەرئەوەی هەم بیرۆکەی "جیۆپۆلیتیک" هەمیش بیرۆکەی پیکهاتەیی  جەخت لەسەر هێز دەکەنەوە، بۆیە گریمانەی ئەوە دەکرێت کە لە بەرامبەر تەنگژەکان دەوڵەتانی هەرێمی هەمان هەڵوێست نیشان بدەن، لەم تێڕوانین و بۆچوونانەشدا ناسنامەی دەوڵەتان لەبەرچاو ناگیرێت. بەشێوەیەکی گشتی لەم بیرۆکانەشدا ئەو لێکدانەوانەی بەکارهێنراون جەخت لەسەر دەوڵەتە زڵهێزەکان دەکەنەوە. نموونەش بۆ ئەم لێکدانەوانە، دەکرێت سیاسەتی چین لەبەرامبەر قیرقزستان وەک سامپلێک وەربگیرێت بەڵام بە پێچەوانەوە ناکرێت سیاسەتی قیرقزستان لەبەرامبەر چین بە نموونە وەربگیرێت. لەبەر ئەمە لە ڕووانگەی بیرۆکەی جیۆپۆلیتیک و پێکهاتەییدا، ناسنامەی دەوڵەتە هەرێمییەکان وهەڵوێستیان لەبەرامبەر دەوڵەتە زڵهێزەکان، بەشێوەیەکی گشتی باسی هەمان ئەو سیاسەتە دەکریت کە زڵهێزەکان لەبەرامبەر ناوچەیەک دەگرنەبەر. بۆ نموونە سیاسەتی ڕووسیا لە بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یاخود سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ئاسیای ناوەڕاست بۆ ئەمە وەک سامپل وەردەگیرێت. لێرەدا هەرچەند بە ئاشکرا بووترێت دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست خۆیان سیاسەتی دەرەوەیان بێ ناسنامەیە و خۆیان بەرهەم ناهێنن، بەڵکو تەنها بەرژەوەندی وڵاتە زڵهێزەکان ڕەچاودەکرێت و وڵاتانی ئەم ناوچانە تەنها وەک لایەنێکی کارتێکراو دەبینرێن.

بەکورتی، هەر دەوڵەتێک دەتوانێت بە جێگیرکردنی خۆی لە ناوەندی جوگرافیا بنیات بنێت، لە ڕاستیشدا ئەوەی لە واقیعدا ڕوودەدات هەر ئەمەیە. بۆ نموونە چەمکی ئەورووپا بۆ ئەلمانیا گرنگە چونکە ئەڵمانیا کەوتۆتە ناوەڕاستی ئەورووپا. چەمکی ڕۆژئاوایی ئەوروپا یان  ئەوروپای ڕۆژئاوا بۆ فەرەنسا گرنگە خاڵی ناوەندییە لە نێوان ئەلمانیا و بەریتانیا. بەڵام بۆ بەریتانیا چەمکی باکوری ئەتلەسی لە چەمکی ئەوروپا گرنگتر و گونجاوترە چونکە لەم ڕووانگەیەوە بەریتانیا وەک خاڵێک لە نێوان ئەوروپا و ئەمریکا دەوەستێت. نموونەیەکی لەم شێوەیەش چەمکی ئۆراسیایە کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ڕۆشنبیرە ڕوسەکان بۆ ئەوەی چارەسەری تەنگژەی ناسنامەی ڕوسیا بکەن و کە ڕووسیا ناوچەیەکی پەراوێزی ئەوروپا نییە، بەڵکو جوگرافیای بنیاتنراو بۆ ئەوەیە کە ڕووسیا وەک ناوچەیەکی مەرکەزی بناسرێت لە کیشوەری ئۆراسیا. 


پەراوێزەکان
1.د. کلاوز دۆدز، جیۆپۆلیتیک، (٢٠١٣)، وەرگێڕانی: ئیبراهیم عەلی موراد، خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، هەولێر.

2.د. دینموحەمەد ئامێدبەک، کۆدەکانی جیۆپۆلیتیکی سیاسەتی دەرەوەی ئێران، (٢٠٢٠)، وەرگێڕانی: تەحسین وسو عەبدوڵڵا، لە بڵاوکراوەکانی سەنتەری دیراسات و توێژینەوە و ئەکادیمیای پارتی دیموکراتی کوردستان، هەولێر.

3.ئەلێکساندەر دۆگین ، (٢٠١٧)، تیۆری چوارەمی سیاسەت، وەرگێڕان: وریا غەفوری، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای ئایدیا، سلێمانی.

4.Semra Rania Gokmen, (2010), Geopolitics and the Study of International Relations, Thesis of Master, Middle East Technical University.  


ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر