ڕۆڵی توورکیا لە قەیرانی پەنابەرانی سەر سنووری بیلاڕووسیا و ئەوروپا

لە ئێستادا هەزاران کەس لە هەوڵدان لە بیلاڕووسیاوە و لەڕێی سنوورەکانی پۆڵەندا بچنە نێو یەکێتیی ئەوروپاوە.
PM:04:07:15/11/2021
دۆسیە: شیکار


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


لە ئێستادا هەزاران کەس لە هەوڵدان لە بیلاڕووسیاوە و لەڕێی سنوورەکانی پۆڵەندا بچنە نێو یەکێتیی ئەوروپاوە. زۆرێك لەو پەنابەرانە لە تورکیاوە بە فڕۆکە گەیشتوونەتە شاری مینسکی پایتەختی بیلاڕووسیا. کەوایە ڕۆڵی حکومەتی ئەنقەرە لە قەیرانی کۆچبەراندا چییە؟ هەزاران کۆچبەری وڵاتانی ئێراق، سووریا، سۆماڵ و ئەفغانستان لە هەوڵدان لە بیلاڕووسیاوە و لەڕێی سنوورەکانی پۆڵەندا بچنە نێو یەکێتیی ئەوروپاو؛ سەربازان و پاسەوانانی سنووری پۆڵەندی بە هەموو شێوەیەك ڕێگرییان لێ دەکەن لەوەی بچنە نێو خاکی وڵاتەکەوە. یەکێتیی ئەوروپاش بەدیاریکراوی، بەرپرسیارێتیی گرژبوونی دۆخەکە لەسەر سنووری نێوان بیلاڕووسیا و پۆڵەندا دەخاتە ئەستۆی "ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ"ی حاکمی بیلاڕووسیا. پۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپاش بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بە مەرامی بەرپەرچدانەوەی سزاکانی ئەم دواییانەی یەکێتییەکە بۆ سەر وڵاتەکە ئەو کۆچبەرانەی هەڵخەڵەتاندووە کە ئارەزوو دەکەن بچنە یەکێتیی ئەوروپا و ڕاپێچی سەر سنووری کردوون.
 
"گەشتە ئاسمانییەکانی ئەستەنبوڵ بۆ مینسك"

بەڵام وڵاتێکی لایەنی سێیەم (کە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا نییە) هاوشێوەی تورکیاش بەهەمان شێوە لە بازنەی سەرنج و گرنگیدایە. هۆکارەکەش ئەوەیە حکومەتی ئەنقەرە ڕێگری لە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ مینسکی پایتەختی بیلاڕووسیا ناکات. ڕۆژانەش لە فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵەوە چەندان گەشتی ئاسمانیی ڕاستەوخۆ بۆ شاری مینسك بەڕێوە دەبات، دەوترێت لەنێو ئەم سەرنشینانی ئەم گەشتانە کۆچبەرانن. لە شارەکانی بەرلین و برۆکسلیش (بارەگای کۆمیسیۆنی ئەوروپا) ترسی ئەوە هەیە "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان" سەرۆککۆماری تورکیا وەك کارتێکی فشاری سیاسی کەڵك لەو کەسانە ببینێت کە بەدوای پارێزبەندیدا دەگەڕێن. بەپێی لێدوانی مانفرێد وێبەر، سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی ئەوروپاش، گەر ئەردۆغان "هەوڵ بدات لەڕێی ژمارەیەك گەشتی کۆچبەرانەوە بۆ بیلاڕووسیا سەرانە لە یەکێتیی ئەوروپا بکێشێت"، ئەوە پێویستە "وەڵامێکی ڕوون و ڕاشکاو بدرێتەوە". 

لە پێشهاتێکی دیکەدا، بەرپرسێکی ئەورووپی ئاشکرای دەکات کە یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ تورکیا ڕێك کەوتووە کە تورکیا چاودێریی ئەو گەشتە ئاسمانییانە بکات کە بەرەو بیلاڕووسیا بەڕێ دەکەون. بەپێی ئەم ڕێککەوتنەش، ئەنقەرە چەند ڕێکارێك دەگرێتە بەر، وەك وەستاندنی فرۆشتنی ڤیزای گەشتکردن لە ناوچەکانی تورکیاوە بۆ شاری مینسکی پایتەختی بیلاڕووسیا. ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگیش لە زاری سەرچاوەیەکەوە، کە ناسنامەکەی ئاشکرا نەکردووە ڕایگەیاند، کۆمپانیاکانی هێڵە ئاسمانییە تورکییەکان ڕەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر پێنەدانی ڤیزا لە شاری ئەستەنبوڵەوە بۆ مینسك بە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە سەرەکییانەی کۆچبەرانی لێوە دێن، بەتایبەتی ئێراق، سووریا و یەمەن. سەرچاوەکە ئاشکراشی کردووە کە ئەنقەرە ڕێگە نادات تۆڕەکانی هێڵە ئاسمانییە تورکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن "بیلاڤیا"ـی کۆمپانیای نیشتیمانیی فڕۆکەوانیی بیلاڕووسیاوە بەکار بهێنرێن، ئەوەش تا کۆمپانیاکە نەتوانێت گەشتە کۆدە هاوتاکان بکڕێت بۆ گواستنەوەی گەشتیاران بۆ ئەستەنبوڵ و لەوێوە لەڕێی گەشتەکانی کۆمپانیای بیلاڤیاوە بگەنە مینسك.

"پەنابەران وەك یارییەکی سیاسی" 

بێمتمانەیی بە ئەنقەرە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئاداری ساڵی 2020، کە لەو کاتەدا دۆخێکی هاوشێوە هاتە ئاراوە؛ کاتێك "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان" ڕایگەیاند کە "دەروازە سنوورییەکان واڵا دەکات"، هەزاران کۆچبەر ڕێگەکانیان بەرەو سنوورەکانی تورکیا لەگەڵ یۆنان گۆڕی. ئاژاوە لەگەڵ پۆلسی سنووریی یۆنان دروست بوو، کە گازی فرمێسکڕێژ و ئاوپرژێنی دژی کۆچبەران بەکار هێنا. سەرۆککۆماری تورکیاش هەوڵی زیادکردنی فشاری لەسەر "برۆکسل" دا لەپێناو ناچارکردنی یەکێتیی ئەوروپا بۆ پێدانی ئەو بڕە پارەیەی بەڵێنی پێدانی درابوو کە دەگووترێت ئەو کاتە نەدرابوو لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی پەنابەران لەگەڵ تورکیا. موڕاد ئەردۆغان، پسپۆڕی کاروباری کۆچکردن لە زانکۆی تورکیی ئەڵمانی لە ئەستەنبوڵ دەڵێت، "دوای ئەوە تورکیا ڕێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ برۆکسل ئەنجامدا". لەم دواییانەشدا سەرۆك سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا گرنگیان داوە بە ڕێکەوتنێکی نوێی کۆچبەران لەگەڵ تورکیا و پێدانی بڕی 3.5 ملیار یۆرۆ بە تورکیا تا ساڵی 2024. ناوبراو دەشڵێت، "هاریکاریی دارایی لەنێوان برۆکسل و ئەنقەرە فراوان کراوە" و، ئەوەیش کاریگەریی لەسەر وڵاتانی دیکە دەبێت کە هەمان هەڵوێستی تورکیایان هەبێت. 

"نکۆڵیی لەلایەن ئەنقەرەوە"

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دووپاتی دەکاتەوە کە هیچ ڕێککەوتنێك لەگەڵ پەنابەران لە گەشتی ئاسمانی لە تورکیاوە بۆ بیلاڕووسیا لە ئارادا نییە. ئاماژە بۆ ئەوەیش دەکات کە تورکیا لە پرسی کۆچبەراندا پابەندە بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەسەڵاتی یەکێتیی ئەوروپا. هاوکات هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیاش بەهەمان شێوە لە بەیاننامەیەکی ڕەسمیدا ڕەتیان کردەوە کۆچبەریان بۆ بیلاڕووسیا گواستبێتەوە. "پاشاك یافگان"، توێژەر لە سەنتەری "مەرسەد هۆگۆ" بۆ توێژینەوەکانی سەبارەت بە کۆچکردن لە شاری لیج لە بەلجیکا، بەدیاریکراوی سیاسەتی پەنابەریی ئەوروپا بە بەرپرسیار دەزانێت لەو شانۆ مرۆییەی سەر سنووری پۆڵەندا و بیلاڕووسیا نەك ئەنقەرە. یافگان دەڵێت، "بیلاڕووسیا و تورکیا دوو وڵاتن کە لەبارەی پرسەکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ پێچەوانەی برۆکسلن. سەرەڕای ئەوەیش، یەکێتیی ئەوروپا لەپێناو باشترکردنی دۆخی پاراستنی سنوورەکانیدا، دانوستانی لەگەڵ هەردوو وڵاتدا کرد لەبارەی ڕێککەوتنی قەبووڵکردنەوەی پەنابەران". ناوبراو بڕواشی وایە کە ئەم سیاسەتە سەربەخۆیە تەنیا بەهێزبوونی ئەم دوو وڵاتە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

"توانای تورکیا لە وەرگرتنی ئاوارە"

دەتوانرێت بگوترێت هیچ وڵاتێك نییە لە تورکیا زیاتر پێشوازیی لە ئاوارەکان کردبێت، تەنیا ژمارەی ئاوارەکانی سووریا لەو وڵاتە دەگەنە چوار ملیۆن کەس. گرتنەدەستی دەسەڵاتی بزووتنەوەی تاڵیبانیش لە ئەفغانستان شەپۆلێکی دیکەی ئاوارەی بەدوای خۆیدا هێنا. بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانیش، تا ئێستا نزیکەی 30 هەزار هاووڵاتیی ئەفغانی چوونەتە تورکیا، وێڕای پاسەوانیی زۆری سنوورەکان، بەتایبەتی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکیا. حکومەتی تورکیاش بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە کە توانای وڵاتەکە لە وەرگرتنی پەنابەر و ئاوارەکان لە زووەوە کەم بۆتەوە. بۆیە کۆڕەوی ئاوارەکان لە تورکیاوە بۆ وڵاتانی دیکەی وەك بیلاڕووسیا شتێکی بێزارکەر نییە، لایەنی کەم بەلای حکومەتی تورکیاوە.

سەرچاوە: ماڵپەڕی، DW 
https://www.dw.com/ar/%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%88%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A-%D9%81%D9%8A-%D8%A3%D8%B2%D9%85%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%84%D8%A7%D8%AC%D8%A6%D9%8A%D9%86-%D8%B9%D9%84%D9%89-%D8%AD%D8%AF%D9%88%D8%AF-%D8%A8%D9%8A%D9%84%D8%A7%D8%B1%D9%88%D8%B3%D9%8A%D8%A7-%D9%85%D8%B9-%D8%A3%D9%88%D8%B1%D9%88%D8%A8%D8%A7/a-59792807?fbclid=IwAR0FwvVxhYDg0o1x6pG6xt6bQLpe6F521fg9vchIArkF_34lOsSvMqCKtwc

وەرگێڕان: موحەممەد ڕەحمان


ئه‌م بابه‌ته 207 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر