بەیت لە ئەدەبی فولکلۆری کوردیدا (2)

بەیتەکان لە هەر ناوچەیەک لە کوردستان بەپێی بارودۆخی شوێن و کات و هەروەها زاراوە جۆراوجۆرەکان گۆڕانکاریگەلێکیان بەسەرهاتووە.
PM:03:42:14/11/2021
دۆسیە: کلتوور و مرۆڤسازی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد



3- چەند نموونە لە جوانییەکانی بەیت.

لە نێو بەیتەکاندا هەندێکیان بەناوبانگترن و زۆربەی ده‌نگخۆش و دەنگبێژەکان لەبەریانە یان لەبەریان بووە؛ بەڵام نابێت لەم وتەیه‌ وا تێبگەین کە بایه‌خی ئەدەبی، مێژوویی و.... بەیتە بەناوبانگەکان زۆرتر لە بەیتەکانی دیکەیە چون تەنیا پاش کۆکردنەوە و چاپ و لێکدانەوەی هەموو بەیتەکانه‌ که‌ دەتوانین ئەم بگه‌ین به‌م ئه‌نجامه‌. پێویست بە وتن ناکات بۆ ناسینی بەیت و هێما و ڕه‌مزه‌ شیعرییەکان و جوانیی به‌یته‌کان له‌ ده‌ربڕیندا دەبێت لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و زیندوودا لە زمانی بەیتبێژه‌وه‌ بیبیستین یان لانیکەم دەقە نووسراوەکەی بخوێنینەوە بەڵام جگە لە کێشەی وەرگێڕان، بەهۆی بەرتەسکبوونی بارستایی و قه‌واره‌ی ئه‌م نووسینه‌ وەها کارێک ناتوانین بکەین، ده‌بێ بزانین که‌ دەقی یەکێک لە بەیتەکان خۆی به‌ ته‌نها ئەبێتە کتێبێکی تەواو و بەداخەوە مەجالی ئەوە نییە لە نووسراوەیەکی کورتی وەهادا تەنانەت کورتەیه‌کی یەکێک لەم شاکارانە بگوترێتەوە و باسی له‌سه‌ر بکرێت.

وێناکردنی ئەم وێنە کاریکی دژوار نییە (بەیتبێژ پیرەپیاوێکی ڕوومەتجوان و خەڵکی گوند، مێزەرەکەی تا خوار برۆی هێناوە، دەستێکی ناوە بە گوێیەوە و لە دەستی دیکەشیدا تەزبێحی سەد ده‌نکیی وه‌رده‌سووڕێنێت. دەنگ هەڵدێنێت و وەک کەوی کۆساران پڕ بە گەروو دەقاسپێنێت و بەردەوام دەخوێنێت. زۆر شارەزایانە وشەکان وەکوو ملوانکەیەک بۆ گەردنی یار پێکەوە هەڵدەبەستێت. لافاوی فرمێسک بەسەر کوڵمەکانییەوە بەخوڕ دێتە خوارێ و بە جۆش و خرۆشێکی تایبەت و شارەزاییەکی بێ وێنەوه‌، زۆڵم و ستەم، هێرش و تاڵان، بوێری دلێرەکان، ئه‌فسوونی دیمەن جوانەکان، لەخۆبوردوویی لەخۆبوردووان، سه‌ربه‌رزبوونی ئازادیخوازان، درەوشانەوەی زێڕوزیوه‌ر، وەفاداری لە عەشق، هەوڵ و ئیرادە لە ئیش، دەستی خوێناوی زاڵم، هەناوە بریندارەکان و تەنانەت گەرمی فرمێسک و سۆزی دەروون وەک وێنەیەکی ڕوون و دیار بۆ گوێگر وێنا دەکات. سواری باڵی خەیاڵی دەکات و بۆ چرکەساتێک دەیباتەوە بۆ ڕابردوو و ژیانی کوردەکانی بۆ وێنا دەکاته‌وه‌. لە ئاوات و هیواکان ئەڵێت؛ ڕووداوە خوێناوی و دڵتەزێنەکان زیندوو دەکاتەوە و ژیان و بەسەرهاتی باوکان دەکاتە سەرچاوەی هەرمانی مێژوو.(١٣)

محەمەدی قازی لە بەشێک لە "بیرەوەرییەکانی وەرگێڕێک" دا نووسیویه‌تی (ئەو ڕۆژە، چیرۆکی خه‌لیقه‌تی لاس لە سەر پشتی شێر کە بە بێ زێدەڕۆیی یەکێک لە شاکارە حه‌ماسییەکانی ئەدەبی جیهانە چریکاند، دوایی چەند کۆپلەشیعری لە وتووێژی دڵدارانەی لاس وخه‌زاڵ هەر بەو ئاهەنگ و چریکه‌یەوە خوێندەوە. دەنگخۆشیی دەنگبێژ و جوانی شیعرەکان لەو دۆخ و فه‌زا خۆش و ئاسوودەیه‌ و پاکی که‌ش و هەوا و دڵنشینیی دیمەنی شەخەڵ و مێرگ و ڕووبار ئەوەندە لەسه‌ر پیاوە ڕۆژئاواییه‌ی ئاشنا بە ڕۆحی کورد (ئۆسکارمان)کاریگەری هه‌بوو کە له‌خۆڕا و له‌پڕ ڕاپەڕی و دەستی کرد بە هەڵپەڕکێ و چەپڵەلێدان و سوێندی خوارد کە لەم حه‌ماسە عەشقییە جوانتری لە بەرهەمی هیچ کام لە گەورەنووسەرانی ئەدەبی ئه‌ورووپا  هەر لە دانتەوه‌ تا شیکسپییه‌ر و گۆتە نەبینیوە.) خاڵی سرنجڕاکێشی دیکە ئەوەیە پاڵه‌وان و قارەمانی بەیتەکان زۆرجار کەسانێکی نائاسایی نین و هێزێکی سەرسووڕهێنەریان نییە؛ کێوێک بە شوێنی خۆیاندا ناکێشن و نایده‌ن به‌ شانا، ناچنه‌ ناو قوڕگی ئەژدیهای حەوت سەرەوە، بە تەپوتۆز به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵناچن، ڕۆحیان لە ناو بوتڵدا نییە و لە هەمبەری دێوەکاندا ناوەستنەوە، سیحر و جادوو پووچەڵ ناکەنەوە بەڵکوو ئینسانگەلێکی ئاسایین  کە لە بەراورد لەگەڵ دەورووبەرییەکانی خۆیاندا، جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆیان نییە؛ وێنە نایابە شیعرییەکانیش لە بەیتەکاندا زۆرە. لە بڕێکیشدا وەک(شێخ مەند و شێخ ڕەش) توخمە ئوستوورەیی و عیرفانییەکان بە ڕوونی دیارە. لە به‌یتی "سوارۆ" کچێک ئەبینین کە پەشیمانە لە ناز و خۆهەڵکێشان له‌ هه‌مبه‌ر خۆشەویسته‌که‌ی، بەم شێوە لەبەرخۆیەوە دەیوتەوە:

ئه‌وڕۆکه‌ ئه‌وه‌ کیژ ده‌ڵێ سواره‌که‌م برینداره
‌ به‌ تیران، به‌ ڕمبی، وه‌ی با بمرم ده‌یبینم به‌ برینی ده‌خه‌نجه‌رێ
 تۆخوا که‌ی بڵێنه‌وه‌ به‌ حه‌کیمان، به‌ عه‌تاران
 ئه‌گه‌ر زه‌فه‌رێکی پێ نابه‌ن چتاقیان، ده‌ستی نه‌که‌نێ 
بۆ خۆم ئه‌وڕۆ ده‌رمانێکی بۆ ده‌گرمه‌وه‌ له‌ ‌هێلێ، له‌ دارچینێ، له‌ قه‌نه‌فڵێ،له‌ ژه‌نگی ده‌گوارێ، 
به‌ ده‌ستی به‌ده‌سنوێژ، به‌ بیسمیللای بیسمیللایی له‌ ده‌ستاڕی ده‌ده‌مه‌وه‌ به‌ ئاره‌قی قوڵکی به‌ر گه‌رده‌نێ ده‌یهاوێمه‌وه‌ سه‌ر برینی سواری 
نه‌بادا له‌ ڕۆژی جه‌نگێدا له‌ من ماڵوێران دێنێته‌وه‌ ته‌شه‌نێ...
بەیتبێژ بە زەوق و تەبعێکی ناسکەوە، ناسکخەیاڵیی گەیاندۆتە ترۆپکی خۆی؛
((هه‌ی سواره‌، ئه‌وڕۆ یاڕه‌بی به‌ دوور بی له‌ شه‌ڕی ده‌هه‌وه‌ڵێ و
 ناوه‌ڵا له‌ شه‌ڕی له‌ ئه‌سپی ئه‌جه‌لێ، له‌ برینی ده‌قه‌ره‌ بینایه‌ 
ئه‌وڕۆ ئه‌گه‌ر به‌ خێری، وه‌ره‌ سواره‌ 
بابم ئه‌گه‌ر ئه‌تۆ نازانی له‌ به‌ر قرچه‌ی ده‌روونم ماسی و نه‌هه‌نگان سه‌ریان ده‌ردێنن
 له‌ گۆمی له‌یل و په‌ڕێ ده‌چنه‌وه‌ شیده‌تی ده‌گه‌رمایه‌
 ئه‌گه‌ر به‌ خێر بێیه‌وه‌ له‌وێ سه‌فه‌رێ، 
ئه‌من سینگی خۆمت بۆ ده‌که‌مه‌وه‌ به‌ گه‌رمێنی گه‌رمه‌سێری،
به‌ باغی ده‌سه‌فایه‌، به‌ حوجره‌که‌ی خاسه‌ڕان وه‌ک مه‌لای دوازده‌ عیلم له‌وێدا بکه‌وه‌ موتاڵایه‌، 
هه‌ی سوار، وه‌ره‌ سوار له‌ من به‌ته‌نێ...)
سەرەڕای ئەمانەش، وێناسازیگه‌ل و تەوسیفگەلێکی زۆر جوان و سرنجڕاکێش لە ناو بەیتەکاندا هەیە و گوێگر یان خوێنەر دەچێتە ناو دونیایەکی ڕەنگاڵەیی خه‌یاڵئامێزه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ دەتوانین ئەم خاڵە بە مانا و پێناسه‌ی بەیت زیاد بکەین کە بەیت گێڕانەوەیەکی تێکەڵ بە وێنە شاز و دانسقە شیعرییەکانە.

4- سەرچاوە، پێشینە و بواری مێژوویی بەیت.
سەردەمی گوتنی بڕێک لە بەیتە لەبەردەستەکان زۆر کۆن نییە؛ هەر چەند هێندێکیان وەک "شێخ مەند و شێخ ڕەش" و "شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی" ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی ئێرانی که‌ونارا و سەردەمە ئوستوورەییەکان یان لە هێندێکیان توخمگەلێک لە ئایینەکانی جوولەکە، مەسیحییەت، بوودایی و ئیسلام و.... ئەبینرێت بەڵام ڕیشەی زۆربەیان لە ژێر کاریگەری ڕووداوە مێژووییەکانی کوردستان تێراو کراوه‌ و پەلوپۆی پێدراوە. له‌ پاش سەردەمی سەفەوی و عوسمانی، واتە سەردەمی گەشەسەندنی بەیت. بەیتگەلێکی زۆر بەجێ ماوە بەڵام دوور نییە کە پێش ئەوەش بەیتبێژی و بەیتخوێنی هەبووە و سەردەمی خۆی باو بووە. یەکێک لە شێوەکانی ڕوونکردنەوەی کۆن و دێرینبوونی بەیتەکان لێکدانەوەی ئوستوورەیی و کۆمەڵایەتی بەیتەکانە  ئەگینا تەنانەت سه‌رنج و تێبینی لە گۆڕانکاری وشە و دەستەواژە و ناوە تایبەتەکانیش کەمتر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ یارمه‌تیده‌ره‌.

بەداخەوە دەمارگرژیی ناسیۆنالیستی هەندێک لە توێژەر، مێژووناس و کەسە ناوشیاره‌کان، بووە بە هۆی ئەوەی لەباتی قووڵبوونەوە لە بابەتە زانستییەکان بۆ ئه‌وه‌ی هەوڵ بدەن مێژوو و ئەدەبێکی پڕ لە شانازی  بۆ کوردەکان دروست بکەن و بیخەنە بەرچاو، بەڵگە مێژووییەکانیان خستۆته‌ پشتگوێ، بێگومان به‌ هۆی تێگه‌یشتنی ڕادیاکاڵ و خۆخوازانه‌یان قبووڵ ناکەن کە پێشینەی کوردستان پڕە لە خاڵە تاریکە مێژووییەکان و ڕووداو و خه‌زێنه‌ نهێنی و تۆزلێنیشتوو و شاردراوه‌کان؛ لە نێوان زمان و کەلتووری ئەمڕۆی کوردی، بۆ نموونە زمان و کەلتووری مادی و ئەوستایی، ناتوانین بە ئاسانی پەیوەندییه‌ک بدۆزینه‌وه‌ و تەنانەت ئەنجامگیری مێژوونووسە گەورەکانی وەک "دیاکۆنۆف" نابێ وک بڕیارێکی ئەزەلی بێ سێودوو بزانین، هەر بەو جۆرەی کە ڕەتکردنەوەی لایەنگرانەی بیردۆزەکانی ئەوان دوورە لە درووستی و ئینساف؛ هەموو کات ئەبێت لەبەرچاومان بێت کە ڕێگەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە کراوه‌یه‌. لەبارەی بەیتەکانیشەوە ئایا وا باشتر نییە هەوڵ بدەین بە لێکدانەوەی فۆرم وپێکهات و وشە و دەیان لایەنی دیکەی بەیت، پیشان بدەین کە چ سەرمایەیەک لەبەر دەستمانە؟

5- ڕەسەنایەتی، وەرچەرخان و جیاوازیی گێڕانەوەکان،.

بەیتەکان لە هەر ناوچەیەک لە کوردستان بەپێی بارودۆخی شوێن و کات و هەروەها زاراوە جۆراوجۆرەکان گۆڕانکاریگەلێکیان بەسەرهاتووە. بنه‌مای ڕووداوەکان ڕەنگە ئاسایی بووبن، بەڵام بەسەرنجدان بە زەینییەتی بەیتبێژەکان یان بەپێی بارودۆخ، گێڕانەوەگەلێکی جۆراوجۆر لە یەک بەیت دروست بووە. ئەم گۆڕانکاری و جیاوازییانە لە گێڕانەوەی بەیتەکاندا لە بوارگەلێکی جۆرواجۆر ده‌رکه‌وتووه‌ وەک گۆڕانکاری وشە و دەستەواژەکان، دووپاتبوونەوەکان، تێکەڵکردن و لێکدانی بەشە بەیتییەکان لە گەڵ بەیتێکی تر و تەنانەت گۆڕانی ئاواز و نه‌وا. هێندێ جار جیاوازییەکان تا ڕادەیەکەن کە لە زۆربەی بۆنەکاندا دووبارە ناسینەوەی دەقی بەیتێک لە ناوچەیەک بە هەمان دەقەوە لە ناوچەیەکی دیکەدا دژوارە؛ بۆ نموونە  بەیتی (مەم و زین) لە ئێراق لە گەڵ ئەو مەم و زینەی کە لە ئێران ئەگێڕدرێتەوە و مەم و زین داڕێژراوه‌ی "ئەحمەدی خانی"، جیاوازیگەلێکی لە قەوارە، وشەکان، ژمارەکان، دەستەواژەکان، وێنە و شێوەی دەستپێکردن و تەواوکردندا هەیە بەڵام بە گشتی یەک ناوەرۆکیان هەیە.

دیارە هیچ بەیتێک بەو شێوەیه‌ی کە لە سەرەتاوە هەبووە نەگەیشتووە بە دەستی ئێمە. وادیارە گرنگترین هۆکاری ئه‌مه‌ش، سەرەڕای ئەوەی تایبەتمەندی ئەدەبی زارەکی هەر ئەمەیە "زەینییەت، حەز و هۆگری بەیتبێژەکان  ڕادەی کارامەیی و شارەزاییە لە ڕێکوپێککردنی گێڕانەوە و توانایی لەبەرکردنی بەیتەکانە". وا نەبووە کە ده‌نگبێژی دەنگخۆش ئەو شتەی کە بیستوویەتەوە بە تەواوی لەبەری کات و بێ کەم و زیاد بۆ بەیتبێژی دواتر بیڵێتەوە، بەڵکوو زۆرتر ناوەرۆکەکەی لەبەر کردووە و ئەگەر شارەزاییەکی لە ته‌کنیک و فەنی شیعردا هەبووبێ، تەنانەت سەرواکانیشی گۆڕیوە و هێندێ جار ڕاڤە و شرۆڤەی خۆیشی بە سەریا سەپاندووە و زیادی کردووە، بەشگەلێکی لێ سڕیوەتەوە و بەشێکی بە هەڵبەست و بەشێکی بە پەخشان گوتووەتەوە. خووخده‌ و ئاستی تێگەیشتن و ڕادەی شارەزایی و زانیاری بەیتبێژەکان بە تەواوی لە بەیتەکاندا دەرکەوتووە. بێ خەبەری هێندێ لە بەیتبێژەکان لە مێژوو، جوگرافیا و شوێنە جوگرافییه‌کان و ناوەکان و بابەتەکانی دیکەی ناو بەیتەکان، بووە بە هۆی ئەوەی هێندێ جار لە گێڕانەوەیان تووشی هەڵە ببن. هەر چەند ئەم هەڵەگەلە لە گێڕاوەکانیاندا به‌ ئاسانی شوێنپیی ده‌گیرێت بۆ نموونە ڕەحمان بەکر (گێڕەرەوەی بەیتەکان بۆ ئۆسکارمانی ئەڵمانی) لە بەیتی "دمدم"، شا عەباسی سەفەوی لە گەڵ فەتحعەلی  شای قاجار بەهەڵە گرتووە و تێکه‌ڵی کردوون. هێندێ جار تەنانەت لە بەیتە کۆنەکاندا ناوی ئامێر و ئامرازە نوێکان بەدیدەکرێت، بۆ نموونە بەیتبێژ لە خه‌ج و سیامەند، وشەی دووربین(کامێرا) بە کاردێنێت هەرچەند بە سرنجدان بە کاتی ڕوودانی چیرۆک، ناکرێت شتی ئاوه‌ها مۆدێڕن هه‌بووبێت و له‌ ڕووی لۆژیکی گێڕانه‌وه‌وه‌ گونجاو و پۆڕدراو نییه‌. هەروەها لە بڕێک لە بەیتەکاندا کە ڕەنگ و بۆنی ئایینەکانی پێش ئیسلامیان هەیە، بەیتبێژی موسڵمان بە داواکاریی گوێگر-کە ئەویش موسڵمانە- بڕێک لە توخمە ئیسلامییەکان دەخاتە نێو بەیت و بۆ کوردە موسڵمانەکان دەیڕازێنێتەوە.

هه‌ڵچوونی هه‌سته‌کان و جۆشوخرۆش و بە شوێن پاساوداگەڕانی بەیتبێژ بۆ ڕووداوێکی تایبەت و واقیعی لە ناو بەیتدا، هۆکارێکی دیکەی هه‌یە؛ لە بەیتی دمدمدا ئەو کاتەی کە خان و شۆڕەسوارەکانی خەریکی خەبات و شه‌ڕ و شۆڕن و قه‌ڵا دەکەوێتە دەست گەمارۆکاران (سه‌فه‌وییه‌کان)، بەیتبێژ ئاگاداری ژن و منداڵەکانی ناو قه‌ڵا ئەبێتەوە  و ئەو کاتەی ژن و منداڵەکان ئەبینێت خۆیان یەک لە دوای یەکدا لە قه‌ڵاکه‌ دەخەنە خوارەوە، ئاره‌زوو و خواستی خۆی و گوێگرەکانی لەم ڕووداوە مێژوویی و واقیعییەدا بەشدار دەکات و تێکەڵی ئەفسانەی دەکات. په‌لوپۆیان پێ ده‌دات، دەیان کاتە پەری تا بەرەو ناوچەیەکی دیکە بفڕن بە هیوای ئەوەی (خانۆی لەپ زێڕین) ێکی دیکە دیسانەوە قەڵاو و پاردێیەکی پتەوتریان بۆ دروست بکات؛ یان مە مەم و زین ئەو کاتەی (خاتوو زین) لە پێناو ( مەم) بە خاک دەسپێدرا، قەبرەکە شەق دەبات و عاشقە و ماشقە لە ناوقەد بەرەو ژوور بە یەک دەگەن و هەروەها پێکگەیشتن لە ناوقەد بەرەو ژوور لە بەیتی(( شێخ فەرخ و خاتوون ئەستێ))ش دا هاتووە. ئەم ڕووداوە بە خواستی گوێگران و نیشانەی بڕوایان بە عەشقی پاک و واقیعییە. ئەم خواستە دەتوانێت سەرچاوەکەی  ترس لە شکستی لێبڕاوانە بێت و بەم گۆڕانکارییه‌ ویستوویانە مەشخەڵی هیوا لە دڵیاندا ڕۆشن بهێڵنەوە تا لە ڕۆژ و ڕۆژگارێکی تردا، لە دەرفەتێکی گونجاو لە سەرزەمینێکی به‌پیت و پاراوتردا بگیرسێنه‌وه‌. جگە لەم خاڵەش، هونەر و ئەدەب، گۆڕەپانی هەڵاتن لە تاڵی و تراژیدییه‌ ڕاستییەکانی ژیانن و جێگەی تەڕاتێنی خەیاڵ و فانتازیایه‌. کەواتە لە ڕاستیدا ئەگەر جارجارێک لە ناو بەیتەکاندا وەها شتێکمان بینی، نابێت ئانوسات مۆرکی ئەفسانەی لێ بدەین و بڵێین خەیاڵییه‌ و دووره‌ لە ڕاستی.
     
وه‌رگێڕان: سپێده‌ ساڵحی

سه‌رچاوه‌؛

*میکائیلی، دکتر حسین، (بیت) در ادب فولکلور کردی، پژوهشنامه‌ی ادبیات کردی، سال اول، شماره‌ی 1، پائیز 1394 ص 57 تا 82     


ئه‌م بابه‌ته 121 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر