بەیت لە ئەدەبی فولکلۆری کوردیدا (1)

لە نێو وتەزا جۆراوجۆرەکانی ئەدەبی فولکلۆری کوردیدا؛ بەیت جێگە و پێگەیەکی تایبەتی هەیە و سەرنجی زۆری ڕۆژهەڵاتناس و لێکۆڵەرەکانی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوە.
PM:07:51:03/11/2021
دۆسیە: کلتوور و مرۆڤسازی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


"پوختە"

لە نێو وتەزا جۆراوجۆرەکانی ئەدەبی فولکلۆری کوردیدا؛ بەیت جێگە و پێگەیەکی تایبەتی هەیە و سەرنجی زۆری ڕۆژهەڵاتناس و لێکۆڵەرەکانی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوە. بەیت، مەنزوومەیەکی( پەخشانە شیعر) گێڕانەوەییە بە ناوەرۆکێکی حەماسەیی و لیریکه‌وه‌ کە گێڕانەوە تێیدا لە چاوه‌ی نموونەکانی هاوشێوەی لە ئەدەبی کوردیدا زەقترە و هەروەها جیاوازیگەلێکی لە گەڵ بەرهەمەکانی دیکەی ئه‌م شێوازه‌ ئه‌ده‌بییه‌ لە ناو نەتەوەکانی دیکەدا هەیە. وەک؛ حیکایەتبێژی و سترانبێژی لە ئەدەبی فارسی، عاشقانه‌بێژی لە نێو تورکەکان، بالاد لە ئینگلیزیدا، وەیسەی دانیمارکی، ڕۆمانسی ئیسپانی و بیلنای ڕووسی. "بەیت" بەڵگەی شووناسی ڕابردوو و ئەڵقەی پێوەندی کوردەکانه‌ بە ڕابردوویانەوه‌. لە نێو توخم و چەمکەکانیدا مانایەک هەیە کە زیاتر لەوەی کە مادی بێت، مەعنەوییە و ئەگەر دروست و میتۆدیک شیکاری و لێکۆڵینەوە بکرێن بایه‌خ و به‌هاگەلێکی حاشاهەڵنەگر و نکووڵیلێنه‌کراومان ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌ست. بەیت ڕەهەندی زۆر جۆراوجۆر و بەربڵاوی هەیە وەکوو؛ فراوانی خەزێنەی وشەی کۆن و ڕەسەن، ڕیتم و مۆسیقا، هەڵبەست و کێش، چیرۆک و گێڕانەوە، دابونەریت و ڕەهەندە مێژوویی، جوگرافی و کۆمەڵایەتییەکان و...... لێکدانه‌وه‌ی  هەر یەک لەمانە پێویستی بە دانانی کات و تێچووی زۆر هه‌یە و هەر بەشێکی دەتوانێت ببێتە کتێبێکی سەربەخۆ بەڵام تا ئێستە بۆ  ئه‌م جیهانه‌ بەرفراوانه‌ ئیشێک نه‌کراوە. 

کلیل وشه‌کان؛ ئه‌ده‌بی کوردی، فولکلۆر، به‌یت، ئه‌ده‌بی زاره‌کی، چه‌شنه‌کانی ئه‌ده‌بی فولکلۆر

به‌ داوێنی به‌ردادا ده‌ڕۆیمه‌ خوارێ
ده‌مڕوانی تاقێ سیپانێ وێران بوو
خۆ من نه‌مده‌زانی کاکۆڵی کاکه‌ سه‌یده‌وانییه‌
ده‌گه‌ڵ گوڵی کوێستانێ، پشوێکه‌ بای شه‌ماڵ
لێی ده‌دا به‌ یه‌کیان ده‌داته‌وه‌ گه‌ره‌
ئه‌من تفه‌نگی خۆم داوێشته‌ سه‌ر به‌ردی و جاسووسم لێده‌گرت
بۆ که‌س نه‌بوو بڵێ چاوی جاسووست کوێر بێ
ته‌قه‌م له‌ تفه‌نگی ده‌هات
له‌وێ سه‌یده‌وانم وه‌سه‌ر یه‌ک ده‌گه‌ڕا

1-کەلتووری فولکلۆر. 
له‌ سه‌رده‌می ئێستادا "فولکلۆر" پانتایەکی فراوان لە کەلتوور لەخۆدەگرێت. لە پاشماوەکانی جلوبەرگی نەتەوەیی کەونارا و ئێستاکه‌وه‌ تاکوو شێوەی چێشتلێنان و دەفر و دۆڵە و تەنانەت نەقش و نیگارەکان و زۆر شتی دیکه‌ کە نیشان و مۆرکێکیان لە تایبەتمەندییە کۆنه‌کانی نەتەوەیەک لە ئامرازێکی دەستکرد یان هۆنراوەیەکی هزریدا هه‌یه‌، بەڵام به‌ گشتی ئەدەبناسەکانی جیهان بە هۆنراوە زارەکییەکانی نەتەوەیەک دەڵێن ئەدەبی فولکلۆر. ئەم هۆنراوانە کە پشتاوپشت و وەچەبەوەچە دەگوێزرێنەوە و ئه‌زبه‌ر ده‌کرێن، ئاکامی هەوڵ یان داهێنانی کەسێکی تایبەت نییە بەڵکوو وەک به‌رهه‌مێکی داهێنراو یان خوڵقێنراو له‌ لایه‌ن نه‌ته‌وه‌وه‌ ده‌ناسرێت و سیما و ڕوخساری سادەی (چ لە زمان چ لە شێوەی ده‌ربڕین)  مۆرک و نیشانی ئەو نەتەوە یان زمان و قۆناغه‌ مێژووییه‌ی خۆی هەیە. 

(کەلتووری گشتی) وەرگێڕاوی وشەی (folklore) ە کە وەک بابەتێکی توێژینەوەیی و زانستێکی نوێ لە سەدەی نۆزدەهەمی زایینی دەرکەوت و ئەوە کاتێک بوو کە ئاسه‌وارناسەکانی ئینگلیز و زمانناسەکانی ئەڵمانییا دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە لە سه‌ر دابونەریتی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا. هۆکاری ئه‌وه‌ی که‌  بیرمەندان بەرەو لای ئەم بابەتانە هان دران، کۆکردنه‌وه‌، چاپ و بڵاوکردنەوەی ( ئەفسانە گشتییەکان) و شیکاری و لێکدانه‌وه‌ی ئوستوورەکان لە لایەن دوو برای ئاڵمانییەوە بە نێوه‌کانی (ژاکووب و ویلهلێم گریم) لە ساڵی ١٨١٢ زایینی بوو. ناوێک کە ئه‌وان بۆ بابەتی لێکۆڵینەکەی خۆیان بە کاریان هێنا (VoLskunde) بوو کە بە مانای زانست و هونەری ڕەمەکیی و گشتییە. ساڵانی دواتر ویلیام جان تامز؛ دێرینەناسی ئینگلیزی، لە نامەیەکدا کە لە ڕێکكەوتی ٢٢ مانگی ئووتی ١٨٤٦ زایینی بە واژۆی خوازراوی (ئامبروز مێرتوون) بۆ بڵاڤۆکی کۆڕی ئەدەبیی لەندەن (ئاتنائۆم) نووسی، پێشنیاری کرد کە لەمەولا باشتر وایه‌ لەباتی دەستەواژەی لێکۆڵینەوەی ڕەمەکی یان گشتی وشەی (فولکلۆر) بەکاربهێنرێت. وەرگێڕەکان، لە به‌رامبه‌ر دەستەواژەکانی؛ کەلتووری خەڵک، کەلتووری جەماوەر، زانستی گشتی،  حیکمەتی گشتی، فەلسەفەی گشتی، مەعریفەی گشتی، زانیارییە گشتییه‌کان، کەلتووری گشتی، کەلتووری ئیتنیکی، دابونەریت و بڕوا گشتییه‌کان، ئەخلاقی جه‌ماوه‌ری، جەماوەرناسی و دەربڕینگەلێکی لەم چه‌شنانه‌یان هێناوە. لەبارەی پانتای فولکلۆرەوە هەروەها وەک وەرگێڕانی وشه‌که‌ی، هاوکۆکییەک نییە و هەر دەستەیەک لە توێژەرانی کەلتووری گشتی لە هەمبەر ئەم بابەتەدا هەڵوێستێکی تایبەتییان هەیە. 

بۆ دابەشکاری ئەم بوارە پان و بەرینە ئەبێت چی بکرێت؟ کام ڕوانگە درووستتره‌؟ دیارە دەبێت دابەشکاریگەلێکی جۆرواجۆری بۆ بکرێت کە هەریەک لە تەوەرە سەرەکییەکانیشی بریتی بێت لە سەدان بابەتی لاوەکی. بۆ وەرگرتنی زەمینە و پانتایی کەلتووری گشتی ڕەوایە ئاماژەیەکمان هەبێت بە تیۆره‌ی سی. ئێس. بێرن؛ ئەو بڕوای وایە ئەو بابەتانەی کە بە نێوی فولکلۆرەوە توێژینەوەیان لە سەر دەکرێت لە ژێرەوەی سێ سەروشه‌ دادەنرێن؛ ئه‌لف: بڕوا و خوو و خده‌کان ب؛ دابوونەریتەکان. ج؛ چیرۆک، ستران و پەندەکان. تەوەرەی سەرەکیی باسەکەمان لەم نووسراەویه‌دا لە سەر بنەمای بەشی سێهەم یانی هەمان بواری ئەدەبی گشتی یا فولکلۆرە. "فولکلۆر" کانگا و سەرچاوەی داهێنانەکانی شاعیر و نووسەرانە. ئەگەر سه‌رچاوه‌ی هەموو جۆر و ڕەوتە ئەدەبییەکان بە شێوه‌یه‌ک له‌ شیوه‌کان بە ئەدەبی "فولکلۆر" بزانین هەڵەمان نەکردووە، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ر به‌و جۆره‌ که‌ پراپ دەڵێت (تەواوی بەرهەمە جوانەکانی نەتەوەکان لە فولکلۆرەوە سەرچاوەیان گرتووە.) ئەو شتەی کە ئەمڕۆ وەک شاکارێکی ئەدەبی و هونەری لە بەردەستمانە ڕۆژگارێک بە شێوەی پەرتەوازە لە سەر زاری باوباپیرانمان بووە و هەبووە؛ به‌ بێ ئەوەی خۆیانیش بزانن ئەوانەی کە ئەم بەرهەمانەیان داڕشتووە کێ بوون.

کەلتووری گشتیی خەڵکی کوردستان سه‌ره‌ڕای ئەوەی که‌ دەوڵەمەند، به‌شکۆ و پڕبایه‌خ بووە، بەداخەوە کەمتر توێژینەوەی لە سەر کراوە. ئەو کەسانەش کە بایەخیان پێداوە زۆرتر بە شێوەیەکی بابەتییانە کۆیان کردۆتەوە و لە سەر خاڵه‌ لاواز و به‌هێزەکانی توێژینەوەیان نەکردووە. بۆ کۆکردنەوەی فولکلۆر و توێژینەوە لە سەری، بواری شەقڵنەشکاو و دەستلێنەدراوی زۆرمان هەیە. ئەرکی توێژەرەکانمان ئەوەیە کە بە خوێندنەوە و توێژینەوەی بەردەوام، سووچە تاریک و نەناسراوەکانی ڕوون کەنەوە، بیناسن و بیناسێنن و بەم جۆرە ڕەنگاوڕەنگی، فرەچەشنی، شکۆ و دەوڵەمەندی ئەم کەلتوورە ئاشکرا کەن. 

2-هۆنراوە فولکلۆرییە کوردییه‌کان.  
لە تێڕوانینێکی گشتیدا دەتوانین هۆنراوە زارەکییەکانی کوردی بە سه‌ر دوو بەشی چیرۆکانە و ناچیرۆکانە دابەش کەین. هۆنراوە چیرۆکانەکان کە ژمارەیان زۆرترە لە ناچیرۆکانەکان، بەپێی ڕووداوە مێژووییەکانی ناوچەکه‌، خەباتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، ڕوودانی شەڕ و کوشتوبڕه‌ خۆماڵییه‌کان، له‌ ڕێگه‌ی تێکه‌ڵاوییه‌ک له‌ گه‌ڵ خه‌یاڵ، دووبارە داڕژاوەتەوە و هەروەها سەربوردەی عەشقە ناکامەکان و دڵدارییە پڕهەست و سۆزەکانی خۆی و خەڵکی ترە،  کە نێوی گشتی (بەیت) یان لەخۆگرتووە.

هۆنراوە ناچیرۆکانەکان کە قاڵبی چیرۆکیان نییە بریتین لە چامه‌ درێژە ئەویندارانەکان، ئاوازە نەتەوەیی و ئایینیەکان، وەسفی جوانییەکانی سرووشت، نیشتمان و دڵداری جوان بووە و ناوگەلێکی جۆرواجۆر وەک حەیران، ئازیزە، پاییزە، بالۆرە، قەتار و شەو و نیوەشەویان ...هەیە. هەرکام لەمانە قاڵب و فۆرمی تایبەتی خۆیان هەیە و لە ئاستی چه‌شن و ژانێری لیریک  و، هەروەها ڕۆمانتیک لە قەڵەم ئەدرێن. بەمانە دەڵێین قاڵب بۆ ئەوەی هەرکام بێجگە لە هەبوونی ڕیتم و کێشی تایبەت، ناوەرۆکێکی جودا و جیاوازیشیان هەیە (بابەت لە ناوەرۆک یان کاکڵ گشتیترە؛ بابەتەکان بەرتەسکن بەڵام ناوەرۆکەکان زۆرن بۆ نموونە  دەکرێ بابەتی عەشق بە ناوەرۆکگەلی جۆرواجۆر دەرببڕین.) ئەم قاڵب و فۆرمانە هەڵگری بابه‌تگه‌لی "لیریکن" بەڵام ناوەرۆکگەلی جۆرواجۆر دەردەبڕن. لە کاتی خوێندنەوە و چڕین، ڕستەگەلێک لە سەرەتا و کۆتایی هەر بەندێکیاندا دووپات دەکرێنەوە و زۆرجار ناویان هەر لە ئەو ڕستانەی دەگیرێت کە لە سەرەتا و کۆتاییدا هاتووە، بۆ نموونە ئازیزە بە (وەرە ئازیز) دەست پێدەکات و لە سەرەتای هەر بەندێک دووپات دەبێتەوە. تازە هەمووی ئەم قاڵب و فۆرمانە ڕەهەندی باسکارانه‌ و وەسفییان هەیە و لەبارەی دەرخستنی سۆزی عاشقانە و هیجران و غوربەت و ناکامی و.....هتد. و بە شێوەی بەیت ڕەهەندی گێڕانەوەییان نییە. جیاوازیی دیکەیان لەگەڵ بەیت کورت و پوخت بوونیانە، بە پێچەوانەی بەیت کە ڕەنگە گێڕانەوەی چەندین کاتژمێر ببات. هەروەها ئەم قاڵب و فۆرمانە لە کاتی خوێندنەوە و چڕین لەلایەن ده‌نگبێژ و دەنگخۆشەکانەوە مۆسیقایان لەگەڵدا نییە.

3-بەیت.
وشەی (بەیت) لە هیچ کام لەو وشەدانانە فارسی بە فارسیانه‌ی کە لێکۆڵینەوەیان لە سەرکراوە بەو مانایه‌ی به‌رمه‌به‌ستی ئێمە نەهاتووە. لە وشه‌دانی (کوردی-فارسی) مامۆستا هەژار( هەنبانە بۆرینە) لە به‌رده‌م ئەم سەروشه‌یە دوو مانای( چیرۆکی پەخشانە شیعر) و ( ئاهەنگ، ڕیتم) هاتووە. وادیارە سەردێڕه‌ سەرەکییەکەی بەند بووە و بەرەبەرە بوووە بە بەیت، بەڵام ئێستاکە بەند بە شێوەی باو، پارچەیەکە کە بۆ دەربڕینی تاکەمەبەستێک لە درێژەی پارچەکانی دیکە وتراوە و هه‌ڵبه‌ستراوه‌ جا چ سه‌رواکانی پێکه‌وه‌ هاوته‌ریب بن یان دەتوانین وەک بەرامبەرێک بۆ بەند لە به‌ندی دووباره‌(ترجیع بند) و لێکدانه‌به‌ند(ترکیب بند) بیناسین. 

"پێناسه‌ی بەیت و تایبەتمەندییەکانی"

بەیتەکان مەنزوومە زارەکییەکان (فۆلکلۆرییه‌کان)ن بەناوەرۆکگەلێکی ئوستوورەیی، حەماسەیی، لیریک، مێژوویی، کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، عیرفانی و یان تێکەڵێک لە دوو یان چەند ناوەرۆکن کە بە شێوەی هەڵبەستە یا هەڵبەست و پەخشان ده‌گوورێت. توخم و ماکی گێڕانەوە لە نێویاندا زەقترە و لە دەستەی شیعرە گێڕانەوەییەکان لە قەڵەم دەدرێن. بڕێک لە کۆپلە شیعرەکان کێشی بڕگەیییان هەیە و بڕێکی دیکەش كێشێکی ناسراویان نییە، بەڵام شێوەیەک لە "دووسەروا"(سجع) و مۆسیقای دەروونی تێدایه‌. کورتی و درێژی نیوبه‌یته‌کان و هاوسانیی بڕگه‌کان پێوه‌ر و بنه‌ما نییه‌. سەروا ڕۆڵێکی گرینگی تێدا هەیە. پێکهاتە فۆرمی و ده‌ربڕینه‌که‌ی لە حاڵەتی نووسراوی(لە سەر کاغەز) بە شێوەی بڕگە بڕگەیە و ڕستە یا نیوبه‌یت یان خشتەگەلێک لە سەرەتا یا کۆتایی هەر بڕگەیەک دووپات دەبێتەوە و شێوازێک لە دووبه‌ند دروست دەکات. 

هەرکام لە بەیتەکان ڕیتم  و بە دەربڕینێکی تر حاڵ و هەوای تایبەتی خۆیان هەیە و زۆرتر به‌ بێ ساز  و مۆسیقا و لە لایەن بەیتبێژ یا دەنگبێژه‌کان لە کۆڕ و دانیشتنە گشتییەکاندا دەچڕدرێن. زۆرجار لە هەر بەیتێک گێڕانەوەگەلێکی جۆرواجۆر لە ناوچەیەک یا ناوچە جۆرواجۆرەکانی کوردستان لە سەر زارانە، بەڵام ناوەرۆکی زۆربەی گێڕانەوەکان یەکێکە و تا ڕادەیەکی زۆر هەر وەک ڕابردوو ماوەتەوە. کاریگەری ئەدەب و توخمە ئایینییە جۆرواجۆرەکان (ئیسلام، مەسیحییەت و جوولەکە و ...) لە بەیتەکاندا دیارە. بەیتە کوردییەکان پارێزەر و زیندووکه‌ره‌وه‌ی دابوونەریت، بڕواکان و پیشانده‌ری بارودۆخە مێژوویی، کۆمەڵایەتی، فیکری، کەلتووری و سیاسییه‌کانی کوردەکانن. به‌یته‌کان به‌ (ئاوێنەی تەواو نوێن)ی ژیانی کۆمەڵایەتی کورد دانراون کە لێوانلێون لە ئەزموونە بەهادارەکانی ژیانی ئاڵۆز و پڕپێچ وپڵووچی ڕابردووی خەڵکی کوردستان کە هەم لە ژیانی زەینی و هەم لە ژیانی کردەوەییدا بزوێنەر و هاندەرن. توخمه‌کانی بەربەرەکانێ دژی ستەم و دادخوازی و هەوڵ بۆ بە دەستهێنانی ژیانی باشتر لە ناو به‌یته‌کاندا بەهێز‌ و چالاکە و پاڵەوانە جەماوەرییەکانی، بەردەوام وه‌کوو سەرمەشق و نموونه‌ی بزووتنەوە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان چاویان لێکراوه‌. لە بەیتدا، ڕووی ڕاستەقینەی ژیان دەردەکەوێت و دابوونەریتی ژیان بە هەموو ڕەهەندە باش و خراپەکانییەوە پیشان دەدرێت و بۆ ئەوانەی وا کورد بە باشی ناناسن زۆر بەکەڵکە. هەر ڕووداوێکی گرینگی سیاسی و مێژوویی، هەر به‌سەرهاتێکی کۆمەڵایەتیی دیار، هەر چیرۆکێکی تاڵ و شیرینی لیریکی و هەر جەژن و چەمەرەیەکی گەورە کە لە ناوچەیەک لە کوردستان ڕووی داوە، دەنگخۆشە کەسنەناس و نەخوێندەوارەکان بە کێشە بڕگەیی یا نابڕگەییه‌ خۆماڵییه‌کان بە زمانێکی سادە بەڵام به‌ بێ کەمووکووڕی و به‌ شیوه‌ی ڕەسەن و پاڕاو هه‌ڵیان به‌ستووه‌ و ڕیتمێکی تایبەتیان بۆ لەبەرچاو گرتووە و (بەیت) یان (بەند) یان پێ وتووه‌. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پاراوتر و دەوڵەمەندتر بووه‌ و پشتاوپشت بە ئێمەیان سپاردووە و  لە ته‌پوتۆزی فه‌رامۆشی پارێزراوە. تێگەیشتن لە ژمارەی ڕێکی به‌یته‌کان ئەگەر ئەستەم نەبێت ئه‌وا کارێکی ئاسانیش نییە.  لە هەر بەیتێکیش کە تا ئێستە ناسراوە و لە فەوتان و فه‌رامۆشی پارێزراوە، گێڕانەوەگەلێکی جۆڕواجۆر هەیە کە دەقی چاپکراوه‌ یان چڕیاوو و وتراوه‌ یان ناوەکانیان لە نێو کتێبەکان، گۆڤارە کوردییەکان، شریتی کاسێت و سی دییەکان لەبەردەستن. لە ناو بەیتە بەناوبانگەکاندا دەتوانین ئاماژە به‌مانه‌ بکەین؛ دمدم، مەم و زین، زه‌نبیل فرۆش، خه‌ج و سیامەند، لاس و خه‌زاڵ، سه‌یدوان، ناسو ماڵمان، برایمۆک، کاکە میرۆ و کاکە شێخ، شێخ مه‌ند و شێخ ڕەش، له‌شکری، شوور مەحموود و مه‌رزینگان، سەعید و میر سەیفه‌دین، شێخی سەنعان، شێر و کەل، مه‌حمه‌ل و ئیبراهیمی دەشتییان، خۆرشید و خاوەر، میهر و وەفا، شیرین و فەرهاد، جولەندی، ئه‌حمه‌د شەنگ، بەهرام و گوڵەندام، شێخ فەرەح و خاتوو ئەستی.  

وه‌رگێڕان: سپێده‌ ساڵحی

سه‌رچاوه‌؛

*میکائیلی، دکتر حسین، (بیت) در ادب فولکلور کردی، پژوهشنامه‌ی ادبیات کردی، سال اول، شماره‌ی 1، پائیز 1394 ص 57 تا 82   


ئه‌م بابه‌ته 203 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر