دەسەڵات و فەرهەنگ (1)

تێڕوانینێک بۆ دۆخی پەرەسەندنی فەرهەنگی له کوردستان (پارێزگای سنه).
PM:04:28:28/10/2021
دۆسیە: نیشتمانسازی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


لەم راپۆرتەدا هەوڵ دەدەین به خستنە رووی ئامار، وێنەیێک له ئیندێکسەکانی پەرەسەندنی فەرهەنگی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی فەرهەنگ و هونەر لە "پارێزگای سنه" پێشان بدەین و پاشان لە بارەیەوە قسە بکەین. پێدەچێت لە بارودۆخی ئێستادا باسکردن لە فەرهەنگ و پەرەسەندنی فەرهەنگی به ناپێویست یان بە کارێکی لاوەکی بزانرێت، بەڵام تەنانەت له سەرەتاییترین کۆمەڵە مرۆییەکاندا و له دژوارترین دۆخه سرووشتی و کۆمەڵایەتییەکانیشدا؛ فەرهەنگ بە واتای میکانیزمی سۆبژەکتیڤ و هاوکات ئۆبژکەتیڤی سازان لەگەڵ جیهان و واتا بەخشین پێی بە شێوەی بە کۆمەڵ، بوونی هەبووە و گرنگە و پێوەندییەکی چڕ و پڕی لەگەڵ بابەتی پەرەسەندن به شێوەیێکی گشتی هەیە. هەر چەنده توانایێکی زۆری فەرهەنگی لە "پارێزگای سنه" بەدی دەکرێ، بەڵام ئەو پارێزگایه لە رووی بەدیهاتنی ئیندێکسەکانی پەرەسەندنی فەرهەنگییەوە لە دۆخێکی خوازراودا نییە و پێگەی شایستەی خۆی وەرنەگرتووە. وتەزای "فەرهەنگ" لە "پارێزگای سنە" بەردەوام لە ژێر هەژموونی فەرهەنگی فۆلکلۆردایه و پەرەسەندنی فەرهەنگی به واتا مۆدێرنەکەی رووینەداوە. ئەمە لە کاتێکدایە که کوردستان مایەی پەرەسەندنی فەرهەنگی لە رووی مێژوویی و بونیاتەکانی فەرهەنگی پەرەسەندنەوە تیادایه. به روانین بۆ چەندایەتی و چۆنایەتی جەوهەری مێژوویی – فەرهەنگی پارێزگای سنه، ئەم تایبەتمەندییه بەدی دەکەین. بە تایبەت "شاری سنه" لە رووی رابردووی مێژوویی و باڵەخانه مێژووییەکانەوە، پێگەیێکی تایبەتی هەیە.

لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین به خستنه رووی ئامار، وێنەیێک له ئیندێکسەکانی پەرەسەندنی فەرهەنگی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی فەرهەنگ و هونەر لە "پارێزگای سنه" پێشان بدەین و پاشان قسەیان له بارەوە بکەین. به لەبەرچاوگرتنی ئەوەی که زۆربەی ئامار و بەڵگەکان به شێوەی ئیندێکسی پارێزگاکان بڵاو دەکرێنەوە، لەم نووسینەیشدا ئەوانەمان کردووە به بنەما، چونکە ئاماری وردی هەموو شار و گونده کوردنشینەکانی پارێزگاکانی دیکە دەست ناکەوێت، بۆیە بە ناچاری تەنیا پشت به بەڵگەکانی پێوەندیدار به "پارێزگای سنه" بەستراوە و باسەکە لەو چوارچێوەدایە. بۆ تێگەیشتن له ئیندێکسە ئامارییەکان و دۆخی پێوەندیدار به پەرەسەندنی فەرهەنگی پارێزگای سنه، بوارە جۆراوجۆرەکانی؛ کتێبخانه، سینەما، باڵەخانە مێژوویی و فەرهەنگییەکان، رۆژنامە و گۆڤارە خۆجێییەکان، پیشەسازی دەستی، دۆخی خوێندەواری و مۆسیقامان دەستنیشان کردووە.

"میدیای خۆجێیی"

له دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ وە تا ئێستا، به پێی ئاماری فەرمی، لە "پارێزگای سنه" ١٥٨ میدیا مۆڵەتی کارکردنیان وەرگرتووه که ئێستا ١٠٢ دانەیان چالاکن و بریتین؛ له میدیای چاپی، ئاژانسی هەواڵ، پێگەی هەواڵی ئۆنلاین و نائۆنلاین. لە راستیدا "پارێزگای سنه" دەرفەتی زۆر لەوە زیاتری تیادایه بۆ چالاکی میدیایی. له ئامارەکەدا ناوی ئەو میدیایانه نەهاتووە که مۆڵەتی کارکردنیان هەڵوەشاوەتەوە. جگه لەوانەی مۆڵەتی کارکردنیان هەڵوەشاوەتەوە (که ژمارەیان دەگاته نزیک سەد دانه) پێویسته ئاماژه به میدیای ژێر زەمینیش بکەین که بەشێکی دانەبڕاون له میدیای ناوچەی ژێر دەسەڵاتی سیستەمی تاکڕەو. لە "پارێزگای سنه" به هۆکاری جۆراجۆری وەکوو نەبوونی پشتیوانی دارایی، بڵاوبوونەوەی بەردوام و رێکخراوی هەندێک لە بڵاوکراوە پڕخوێنەرەکان چەندین جار راگیراوە و سەر لە نوێ دەستی پێ کردووەتەوە، هەندێکیشیان به هۆکاری سیاسی راگیراون، بەڵام پێدەچێت لە ساڵانی داهاتوودا بڵاوبوونەوەیان دەست پێ بکاتەوە. گرنگترین بڵاوکراوە چاپییەکان کە لە "پارێزگای سنه" به شێوەی رۆژنامه، هەفتەنامه، مانگنامه و وەرزنامه بڵاو دەکرێنەوە، بریتین له؛

بڕوانە کڵێشەی (1)

ئەو بڵاوکراوانەی که ناویان هاتووە، لە ئاستی "پارێزگای سنه" و هەندێکیشیان لە چەند پارێزگایێکی کوردنشینی دیکه بڵاو دەکرێنەوە. ئەو بڵاوکراوانەیش که لە ئاستێکی سنووردار و لە ناو زانکۆ و رێکخراو و کۆڕ و کۆمەڵەکاندا بڵاو دەکرێنەوە، لەم پۆلێندبەندییەدا ناویان نەهاتووه.

"سینەما"

لە ئاستی ئێراندا به شێوەیێکی رێژەیی یەک سینەما بۆ٢٤٠ هەزار کەسە. بەڵام لە "پارێزگای سنە" بە شێوەی رێژەیی یەک سینەما بۆ ٥٠٠ هەزار کەسە. لە سەرتاسەری ئێراندا به پێی دوایین ئامار لە ٣١ پارێزگادا ٢٦٨ سینەما هەن، واته لە کۆی ١١٩٧ شاردا ١٥٠ سینەما هەن و ١٠٤٧ شار به بێ سینەمان. هەروەها به پێی ئاماره بڵاو کراوەکان لە ئەمساڵدا (١٣٩٩ی هەتاوی – ٢٠٢٠ی زایینی)، سینەماکانی ئێران ١٢٢ هەزار و ٧٦٠ کورسیان تیادایە که پشکی پارێزگای سنه لەم ژمارەیە هەزار و ٦٧٩ کورسییه. ساڵی رابردوو ٢ فیلمی درێژ لە پارێزگای سنه بەرهەم هێندراون. بۆ فیلمی کورتیش، بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی پارێزگای سنه جەمسەرێکی سینەمایه، بەڵام به هۆی ئەوەی کێشەی وەکوو کەمبوونی بوودجه لە ئارادایه، کارێکی وا که لە ئاستی بەهرەکانی پارێزگادا بێ بەرهەم نەهێندراوە. لە ئێستادا ئاماری سینەما چالاکەکانی پارێزگای سنه بە پێی ئەو راپۆرتانەی بەشی پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیا و خوێندنەوەی سینەمایی ئێران، بڵاوی کردوونەوە، به شێوەی خوارەوەیە؛

بڕوانە کڵێشەی (2)


"زانیاری لە بارەی سینەماکانی پارێزگای سنه"

سەرچاوەی ئەم راپۆرتە، بەشی پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیا و خوێندنەوەی سینەمایی ئێرانە (١٣٩٥.ه)، بە وتەی سەرۆکی دەزگای بەڕێوەبردن و پلاندانانی "پارێزگای سنه" لە ماوەی ئەمساڵدا ( ١٣٩٩. ه ٢٠٢٠ . ز) سینەمای شاری سەقز که دامەزراوەی "بەهمەنی سەوز" بەڕێوەی دەبات دەکەوێتە کار. به شێوەیێکی رێژەیی "پارێزگای سنه" لە رووی ژمارەی سینەماوە بەراورد به پارێزگاکانی دیکەی ئێران لە دۆخێکی باشدایه. لە دراوسێیەتی "پارێزگای سنه" و لە پارێزگای کرماشان تەنیا ٣ سینەما هەن. پارێزگاکانی مەرکەزیی و لورستان هەر یەکە و ٤ سینەمایان تیادایه. بەڵام به پێی ستاندارده فەرهەنگییەکانی جیهان و به لە بەرچاوگرتنی ئەو توانا بەرزە سینەماییەی لە "پارێزگای سنه" هەیە و پێویستی به گەشەپێدانه، هێشتا ژمارەی سینەماکان کەمن. بۆ نموونه "شاری سەقز" کە لە رووی ژماری دانیشتووانەوە دووەمین شاری پارێزگاکەیە و چەندین گرووپی شانۆیی و سینەمایی سەرکەوتوو تیایدا چالاکن، هۆڵێکی چالاکی تیادا نییە. لە رووی کوالێتیشەوە لە ٦ سینەمای چالاکی پارێزگاکە، تەنیا سینەما بەهمەنی سنە لە ئاستی نایابدایە. بە وتەی سەرۆکی دەزگای حەوزەی هونەریی پارێزگای سنه، هیچ هۆڵێک له پارێزگاکەدا نییە کە پلاتوی هەبێ. گەلەری و پێشانگا هونەرییەکانیشی هەر لە دۆخێکی هاوشێوەدان.

"باڵەخانه مێژوویی – فەرهەنگییەکان"

ئەو باڵەخانه مێژووییانەی که دەزگای شوێنەواری فەرهەنگی پارێزگای سنه تۆماری کردوون و زۆربەیان لە شاری سنەدان، به شێوەی خوارەوەن.

١- باڵەخانەی مێژوویی خەسرەو ئاوا – سنە.
٢- باڵەخانەی موشیر دیوان – سنه.
٣- گردی دێرینی زێویە – سەقز.
٤- نووسراوی دێرینی تەنگیوەر – کامیاران.
٥- حەمامی مێژوویی قسڵان – قوروە 
٦- سەرای ئەمیر توومان – تیمچه.
٧- باڵەخانەی ئەحمەدزاده – سنە.
٨- باڵەخانەی حاجی کەریم عەبباسی – سنه.
٩- باڵەخانەی باخی وەکیل/ باخی سپیدار – سنه.
١٠- باڵەخانەی ئاسف – سنه،
١١- ماڵی فەیزوڵڵا بەگی – سەقز.
١٢- سابات – سنە.
١٣- سەردەرگای قوتبی – سنه.
١٤- سەردەرگای مورادی – سنه.
١٥- مەلیکولتوجار – سنه.
١٦- باڵەخانەی میسری – سنه.
١٧- ماڵی سەرهەنگ ئازموودەی ئەردەڵان – سنه.
١٨- ماڵی رەحیمزاده – سنه.
١٩ - ماڵی سنجرخان، گوندی نران – سنه.
٢٠- ماڵی قەرەنی – سنه.
٢١- ماڵی ئایەتوڵڵا مەردووخ – سنه.
٢٢- ماڵی مەلایی – سنه.
٢٣- ماڵی مەزهەرپوور – سنه.
٢٤- ماڵی موتەوەسل – سنه.
٢٥- ماڵی نانەواباشی – سنه.
٢٦- ماڵی نزاری – سنه.
٢٧- ماڵی یوسف حوسەینی – سنه.
٢٨- نووسراوی دێرینی جووەکان – سنه.
٢٩- کلێسای سنه.
٣٠- حەمامی مێژوویی خان – سنه.

جگە لەم باڵەخانانه، کۆمەڵێک باڵەخانەی مێژوویی دیکەیش لە پارێزگای سنه هەن که دەکرێ وەک بنچینەی پەرەسەندنی فەرهەنگیی لە بەرچاو بگیرێن. وەکوو پرده کۆنەکانی بەنداوی گاڕان لە مەریوان، بازاڕی مێژوویی سنه، کاروانسەرا و بازاڕی کۆنی سەقز. هەروەها دوو بورجی گرنگ و کۆنی پارێزگاکه که بریتین له بورجی ئەستەقۆن بابا و بورجی ئوچ گومبەز لە بیجاڕ. ئارامگەی ژمارەیێک کەسایەتی ئایینیش لە پارێزگای سنەدان که بریتین له؛ پیرشالیار لە هەورامان، زیارەتگەی شێخ عەبباس کومایین و زیارەتگەی عکاشه لە کامیاران. هەموو ساڵێك سێ رێوڕەسمی گەوره لە پارێزگای سنه بەڕێوە دەچن که هەر یەکە و بنەمای مێژوویی تایبەت به خۆیان هەیە و بریتین له؛ ١. نەورۆزی گوندی تەنگسیر ٢. زەماوەندی پیرشالیار لە هەورامان ٣. رێوڕەسمی بولاو لە کامیاران.

"کتێبخانەکان"

کۆنترین کتێبخانه لە پارێزگای سنه، کتێبخانەی "فەیزوڵڵای کوڕی بەهبوود علی" خوراسانییه لە شاری سنه و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەفشارەکان و زەندەکان. فەیزوڵڵای کوڕی بەهبوودی عەڕاف، نووسەر و وەرگێڕ بووە و کتێبی عەواریفولمعاریفی شێخی سوهرەوەردی کردووە به فارسی. کتێبخانەیێکی کۆنی دیکەی پارێزگای سنه، کتێبخانەی ئەمانوڵڵاخانی دووەم، والی کوردستانه (١٢٦٥ – ١٢٨٤- مانگی) که دوو هەزار بەرگ کتێبی جۆراجۆری تیادا بووە.    
کتێبخانەی عەبدولمەجید بەدیعولزەمان (١٣٢٢ – ١٣٩٧ی مانگی) یەکێکی دیکە لە کتێبخانە کۆنەکانی شاری سنەیە. کتێبخانەیێکی مێژوویی دیکە لە شاری سنه، کتێبخانەی مەلا "لوتفوڵڵا شەیخولئیسلام" سنەییە (١٢٥١ – ١٣١٥ مانگیی) که لە بنەماڵەی دادوەرەکانی سنە بووه و شای ئەو سەردەمەی قاجار، دانان و لادانی کاربەدەسته خۆجێییەکانی پێ سپاردووه. ئەو کتێبخانەیە یەکێک بووە لە دوو کتێبخانە گرنگەکانی "پارێزگای سنە" لە سەردەمی قاجاردا کە زۆر کتێبی دەستنووسی تیادا بووە، بەڵام لەگەڵ بە سەرچوونی کات لە ناو چوون. کتێبخانەی کۆنی دیکەی "پارێزگای سنه" که کتێبی دەستنووسی سەردەمەکەی خۆیان تیادا راگیراوە بریتین له کتێبخانەی والییەکانی ئەردەڵان و کتێبخانەی مەلا مەحموودی موفتی کوردستانی.

به پێی راپۆرتی دەزگای شوێنەواری فەرهەنگی ئێران و بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانە گشتییەکانی پارێزگای سنه، ئاماری کتێبخانە گشتییەکانی "پارێزگای سنە" لە ساڵی (٩٨ی هەتاویی ٢٠١٩) دا،٨١ کتێبخانەی گشتییە کە ٣١یان کتێبخانەی بەشداریی و ٥٠یان کتێبخانەی دامەزراوەیین. ١١ کتێبخانەی بەشداریی لە گوندەکانن و ئەوەی دەمێنێتەوە لە شارەکاندا چالاکن. به پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانە گشتییەکانی "پارێزگای سنه"، ئەو پارێزگایە لە رووی ژمارەی کتێبخانەوە، لە ئاستی ئێراندا لە پلەی نۆیەمدایە، بەڵام لە رووی رووبەرەوە و بە پێی ئەو رووبەرەی لە ئاستی ئێراندا بۆ کتێبخانەکان تەرخان کراوە، وەکوو پێویست گرنگی پێ نەدراوە. رووبەری تەرخانکراو بۆ کتێبخانە گشتییەکان لە پارێزگای سنه ٢١ هەزار مەتر چوار گۆشەیە. شارەکانی سنە و سەقز و بیجار بە دوای یەکدا و لە ناو پارێزگاکەدا زۆرترین ژمارەی کتێبخانەیان تیادایە.

به پێی دوایین وتەی بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانه گشتییەکانی پارێزگای سنه، ژمارەی بەشداریکردووانی ئەکتیڤی کتێبخانەکانی پارێزگاکه ٥٠ هەزار کەس بووە که لە کۆی گشتیدا ٧٥٠ هەزار کتێبیان لە بواری جۆراوجۆردا وەرگرتووە. بەڵام به پێی دوایین ئاماری ساڵی (١٣٩٨. ه - ٢٠١٩. ز)، ٧٩٢ هەزار کتێب لە کتێبخانه گشتییەکانی "پارێزگای سنه" وەرگیراون، ئەمەش پێشان دەدات که بەراورد به (ساڵی ١٣٩٧ ه – ٢٠١٨ ز) ئاماری وەرگرتنی کتێب ٥% بەرز بووەتەوە. ژمارەی کتێبەکانی ئەو کتێبخانانەیش بۆ ٧٩٢٨٠٢ بەرگ بەرز بووەتەوە.

جگه لە کتێبخانه گشتییەکان، کۆمەڵێک کتێبخانەی تایبەتیش لە "پارێزگای سنە" هەن. کۆنترین کتێبخانەی تایبەتی "پارێزگای سنە"، کتێبخانەی نەسروڵڵاهی یانەی ئەفسەرانی شاری سنەیە که کۆمەڵێک کتێبی بە زمانەکانی فارسی، تورکی، عەرەبی، ئینگلیسی و فەڕەنسی تیادایە. کتێبخانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رێگاوبانی پارێزگای سنه و کتێبخانەی تەلەفزیۆنی فەرمی پارێزگای سنه، دوو کتێبخانەی تایبەتی دیکەن لە پارێزگاکەدا. به پێی دوایین ئاماری فەرمی، ٥ کتێبخانەی تایبەت لە پارێزگای سنەدا هەن که ٢٢١٣٦ بەرگ کتێبیان تیادایە. هەروەها ١٤ کتێبخانەی تایبەت به زانکۆکان هەن که ١٨٥،٢١٩ بەرگ کتێبیان تیادایە و ٢٠،٨٨٠ هاوبەشیان هەیە و لە ساڵێکدا ١٦٥،٥٢٠ سەردانکەریان هەبووە. کۆنترین کتێبخانەی تایبەت به زانکۆ، کتێبخانە زانکۆی مامۆستایانه که لە ساڵی ١٣٥٣.ه دامەزراوە.

"پیشەسازی دەستی"

پیشەسازی دەستی لە پارێزگای سنه، به تایبەت لە ژیانی گونددا پێگەیێکی تایبەتی هەیە. "خەسرەو قازی ‌زاده" جێگری بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازی دەستی پارێزگای سنه لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیسنا دەڵی؛ لە ئێستادا لە پارێزگای سنه ٤٥ بواری پیشەسازی دەستی چالاکن که ٢٥ بواریان لە ئاستی ئێراندا به ناونیشانی نەتەوەیی تۆمار کراون کە هەندێکیان بریتین لە؛ گلیم چنین، بەرهەمهێنانی کەل و پەلی دار، شاڵ چنین، نەخشاندنی تەختەوات، شووڵ چنین، پەستەکی بانه، جامخانەی ئورسی، رەنگڕێژکردنی گیایی، کڵاش چنین و گۆزه کردن. لە ناو ئەم بوارانەدا ١٠ بەرهەم مۆرکی رەسەنایەتی و ناونیشانی یۆنسکۆیان پێ بەخشراوە. لە سالی (١٣٩٩ – ٢٠٢٠) دا ١١ بەرهەمی دیکە بۆ وەرگرتنی ناونیشان به "یۆنسکۆ" ناسێندراون. لە ئاستی ئێرانیشدا تا ئێستا ١٣٩ بەرهەمی پیشەسازانی "پارێزگای سنه" مۆرکی رەسەنایەتی و ناونیشانی نەتەوەییان پێ بەخشراوە. به پێی دوایین ئامار لە بواری پیشە سازی دەستیدا ژمارەیێک هەلیکار لە پارێزگای سنه رەخساون کە بەمشێوەیەن؛
بۆ٦٥٠٠ کەس (ژن و پیاو) لە بواری بەرهەمهێنانی جلوبەرگی فۆلکلۆر لە شاری سنه. بۆ ٥٠٠ کەس لە بواری نەخش چنینی نەریتی لە شارەکانی بانە، مەریوان و سەوڵاواو. بۆ ٥٠٠ کەس لە بواری بەرهەمهێنانی ئامێری مۆسیقای عیرفانی لە شاری سنه. بۆ ٧٠٠ کەس لە بواری شاڵ چنین له شاری بانه، بۆ ٦٠ هەزار کەس لە بواری فەڕش چنین لە شارەکانی بیجاڕ و سنه. بۆ ٧ هەزار کەس لە بواری گلیم چنین لە شارەکانی بانه، مەریوان و سەوڵاوا. بۆ ٤٢٠٠ کەس لە بواری کڵاش چنین لە سەوڵاوا. بۆ ٢٩٠ کەس لە بواری هونەری دار لە سنە. بۆ ٢٦٠٠ کەس لە بواری نەخشکردنی تەختەوات و پیشە سازی دار و، بۆ ٣٠٠ کەس لە بواری رستن و چنینی نەریتی لە شارەکانی بانە و مەریوان.

لە بواری هونەری سۆمایی، چالاکیێکی ئەوتۆ له پارێزگای سنەدا نییە، تەنیا هونەرمەندی به ناوبانگی ئەم بوارە، پەیکەرسازی پڕکار و بەناوبانگی شاری سنە، "هادی زیائه‌دینی"یە که بەرهەمی پڕبایەخی ئافراندووە و هەندێکیان بریتین له؛ پەیکەری خۆڕاگری خەڵکی کوردستان کە لە پارکی ئاویەر دانراوە. پەیکەری غاندی، پەیکەری ٣ مەتریی شوان کە لە پارکی ئاویەر دانراوە، پەیکەری ٦ مەتریی ئازادی کە مەیدانی ئازادی سنه دانراوە، پەیکەری ٤ مەتریی دوو منداڵ کە لە پارکی ئاویەر دانراوە، پەیکەری مەولەوی کورد، پەیکەری ٤ مەتریی کرێکار کە لە مەیدانی کرێکاری سنه دانراوە. پەیکەری ٤ مەتریی مامۆستا هەژار و مامۆستا هێمن کە لە مەهاباد دانراون، پەیکەری محەممەدی قازی کە لە مەیدانی محەممەدی قازی لە مەهاباد دانراوە، پەیکەری عیمادی قەزوێنی کە لە شاری قەزوێن دانراوە، پەیکەری ٣ مەتریی (چێژی رزگاربوون) کە لە مەیدانی پارکی منداڵانی شاری ئەسفەهان دانراوە، پەیکەری ٨ مەتریی شێخ مەحموودی بەرزنجی کە لە سلێمانی دانراوە، پەیکەری ٤ مەتریی مەستوورەی ئەردەڵان کە له هەولێر دانراوە. تابلۆی بەردینی (سەربازی ماد) که لە مۆزەخانەی سنه دانراوە، تابلۆی بەردینی زێویە کە ١٠٠ مەتر چوار گۆشەیە و لە سەر رێگای پارکی ئاویەر لە سنە دانراوە. پەیکەری کەسایەتییە بەناوبانگەکانی کوردستان که لە مۆزەخانەی خەڵکناسینی ماڵی ئاسف لە سنه دانراوە. پەیکەری بێسارانی شاعیر کە لە مەریوان دانراوە. پەیکەری ئەنفال کە لە هەولێر دانراوە، مۆنۆمێنتی ٢٢ مەتریی ئێران، پەیکەری مامۆستا لە دێگولان و پەیکەری دایک له دیواندەرە.

بە وتەی جێگری بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازی دەستی پارێزگای سنه، تا ئێستا وەک پشتیوانیکردن لە هونەرمەندان و پیشەوەرانی بواری پیشەسازی دەستی و پەرەپێدانی چالاکییەکانی ئەو بوارە لە پارێزگای سنه، بەرهەمەکانی ٣٥ پیشەوەر و هونەرمەندی کورد لە ١٧ پێشانگەی پیشەسازی دەستی پارێزگاکانی دیکەی ئێران نمایش کراون. بەرهەمە نمایشکراوەکان بە زۆری لەم بوارانەدا بوون؛ نەخشاندنی تەختەوات، کڵاش چنین، بەردی گرانبەها، گلیم چنین، جلوبەرگی فۆلکلۆر، چەرم دوورینی نەریتی، چاپکردن لە سەر قوماش و نەخش هەڵکۆڵین لە سەر دار. هەروەها لە ئاستی پارێزگادا ١١ پێشانگە لە بواری پیشەسازی دەستی کراونەتەوە که ١٠٥ پیشەوەری پارێزگاکە بەشدارییان تیادا کردووە و بەرهەمەکانی خۆیان تیایاندا نمایش کردووە. به گشتی ٦ هەزار فەڕشچن، براندە ناسراوەکانی بیجاڕ و سنه، پیشەسازی دار، ئامێری مۆسیقا کە لە ئاستی ئێراندا دانپێدانراون، تۆمارکردنی کڵاش وەک کاڵایێکی جیهانی، زیاتر له ٤٠ گوندی گەشتیاری، ١٣ گوند که به نمونەی گەشتیاری ناسراون، تۆمار کردنی هەورامانی تەخت وەک شوێنەواری جیهانی، گرنگترین تایبەتمەندییەکانی بواری گەشتیاری و پیشەسازی پارێزگای سنەن.

پیشەسازی دەستی "پارێزگای سنه" هەرچەنده بواری جۆراوجۆر لە خۆ دەگرێ، بەڵام زۆربەی بەرهەمەکانی تەنیا لە بازاڕەکانی ناوخۆی پارێزگا و پارێزگا کوردنشینەکانی دراوسێ و هەندێکجار بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا ساغ دەکرێنەوە. دوو هۆکار رێگرن لەوەی ئاستی بەرهەمهێنانیان بەرز بکرێتەوە؛ یەکەم، بەکارهێنانی ئەم جۆرە کاڵایانە بە زۆری سنوورداره بە جوگرافیای فەرهەنگی کوردستان. دووەم، پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئەم کاڵایانە زۆر وردە و دابەشکردنی کاری بەکۆمەڵ تیایدا به شێوەیێکی ئۆرگانیک روو دەدات که لەگەڵ پرۆسەی بەرهەمهێنانی فرەیی کاڵای مۆدێرن که به شێوەی میکانیکی و به تەکنۆلۆژیای نوێ دەکرێ، ناگونجێت. گرنگی ئەم کاڵایانه لەوەدایە کە بە شێوەیێکی تایبەت بەرهەم دەهێندرێن و ئەگەر بێت و بە تەکنیکی نوێ بەرهەم بهێندرێن جەوهەری مێژوویی و فەرهەنگیی خۆیان لە دەست دەدەن و چیتر ناکرێت وەک باڵیۆزی فەرهەنگی کوردستان بناسێندرێن، لە ناو بەکارهێنەرانیشدا گرنگییە تایبەتییەکەیان لە دەست دەدەن.

سەرچاوە:زەمانه 


نووسینی: کەژاڵ

وەرگێرانی لە فارسییەوە: شهرام کوردستانی




ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر