لووتکەکانی ووزە بەبێ تورکیا

نۆیەمین لووتکەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست لە نێوان (میسر و قوبرس و یۆنان) سەبارەت بە پرسی ووزە و ئاسایش بە بێ تورکیا بەڕێوەچوو.
PM:03:16:24/10/2021
دۆسیە: شیکار


بەهرۆز جەعفەر
شارەزا لە بواری نەوت


ڕۆژی (١٨ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) نۆیەمین لووتکەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست لە نێوان (میسر و قوبرس و یۆنان) سەبارەت بە پرسی ووزەو ئاسایش (وەک هەموو جارەکانی پێشوتر) بە بێ تورکیا بەڕێوەچوو. ئەم لووتکەیە هەمیشە ئیسرائیلیشی تیادا بەشدارە، هەرچی قوبرس و یۆنان و میسرو ئیسرائیلە پەیوەندییەکی زۆر تووندتۆڵیان هەیە، بە پلەی ئیمتیاز گازی سرووشتی کۆی کردونەتەوە، ئەوە دە ساڵە گفتوگۆیان هەیە، حەوت ساڵیشە لەسەر ئاستی کەسی یەکەمی وڵاتەکانیان لە لووتکەی سیانی و چواریدا دەست ئەخەنە سەر دەستی یەکدی.  ئەنکارا-ش، هەموو ساڵێک دوای تەواوبونی کۆنفڕانسی سێ سەرۆکەکە هەر ئەڵێت "بە بێ تورکیا سەرکەوتوو نابێت" لە ساڵی (٢٠٠٩) دا، دوای هەوڵ و گەڕانێکی زۆری کۆمپانیای نۆبڵ ئینێرجی-Noble Energy ی ئەمریکی و کۆمپانیای ئینی-ENI ئیتاڵی و کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان لە ژێر ئاوەوە بروسکەیەک هات، گڕێک چوو بە ئاسماندا،  بۆ یەکەمین جار جاڕی دۆزینەوەی گازی سرووشتی لە ژێر ئاودا و لە کەناراوەکانی ئیسرائیل- قوبرس- لوبنان- میسر درا.

ساڵی (٢٠١٠) هاوکات بوو لەگەڵ یەکەمین تێکچونی  پچڕانی پەیوەندی سیاسیی و دیبلۆماسیی و سەربازیی  لەنێوان ئیسرائیل و تورکیادا بە هۆی سووربونی تورکیا لە هاوکاری حەماس و دەستبەسەراگرتنی کەشتی " مافی مەرمەڕە-Mavi Mar Mara Flotilla” و کوشتنی زیاتر لە دە کەسی تورک لەناو کەشتییەکەدا لەلایەن کۆماندۆی ئیسرائیلییەوە. سەرەتای ساڵی (٢٠١١) بەهاری عەرەبی ڕوویدا. ئیتر یەک-یەک هەموو ئەو ووڵاتانەی لە ئەورووپا و ئەفریکا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سنووریان ئەکەوێتە سەر دەریای سپی ناوەراست (مێدیتریانە) پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا تێک و پێک چوو، لیبیا بوو بە گێژاو بۆ تورکیا، میسر بەهۆی کودەتاکردن بەسەر ئیخوان و موحەمەد مورسی-دا و هاتنی "عەبدولفەتاح" سیسی بۆ سەر دەستەڵات بوو بە ڕکابەری تورکیا و لەهەر شوێنیکدا دژی پرۆژەکانی تورکیا ئەوەستنەوە لەناوچەکەدا. (سوریا و لوبنان) لە نزیکترین دۆستی تورکیاوە بوون بە گەورەترین گرفت بۆ تورکیا. کێشەی قوبرس وەک ڕەگی گرفتە قووڵەکەی تورکیا هەروا بەهەڵواسراوی ماوەتەوە. (قوبرس و یۆنان) وەک دوو دەوڵەتی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا لە هەموو شوێنێکدا دژی هەموو جوڵەیەکی تورکیا ئەوەستنەوە. لەگەڵ فەڕەنسا و ئیتاڵیا لە مانۆڕی دەریایی دژی جموجوڵە دەریاییەکانی تورکیا دەستەوەستان نەبوون و پەیوەندییەکانیان لەم دە ساڵەدا لەوپەری خراپیدا بووە. جگە لە حەوزەی دەریای سپی ناوەڕاست، ڕووسیاش لە  هەندێ لووتکە و کۆنفڕانسە گەورەکانی تایبەت بە ووزە "تورکیا" بانگهێشت ناکات.

"ئەنکارا" دە ساڵی ڕێکە هەموو ڕێگەیەک بۆ دەرهێنانی گازی سرووشیی لە کەناراوەکانی قوبرسی تورکی گرتەبەر، هیچی نەدۆزییەوە. ئەو یەدەگەی دۆزراوەتەوە لە کێڵگەکانی ئەفرۆدیت-Aphrodite (بلۆکی ژمارە ١٢ کە یەدەگی سرووشتی تیایدا لە نێوان ٣،٦ بۆ ٦ تریلیۆن پێ سێجایە) و کالیپسۆ-Calypso (بلۆکی ژمارە ١٥ یەدەگی سرووشتی تیایدا بە ٨ تریلیۆن پێ سێجا خەمڵێنراوە) و (١٣) بلۆکی گازیی لاوەکی تردا کە ئەکەونە سنووری ئاویی دەوڵەتی قوبرسە یۆنانییەکەوە. هەر لە ساڵی (٢٠١٤) ەوە، قوبرسی یۆنانی داوای لە هەرێمی قوبرسە تورکییەکە کرد، کە ئامادەیەو  هاوبەشییان لەگەڵ ئەکات و یەکبگرن و هاوکار بن، بەڵام "تورکیا" ڕێگەی نەدا ئەمە دروست بێت!. لە دواتردا کە سەرەتای ساڵی (٢٠٢٠) هێڵی بۆڕی گازی سرووشتی  بەناوی پرۆژەی ئێست مێد-East -Med بۆ گواستنەوەی گازی ئیسرائیل و قوبرس بە درێژایی (١٩٠٠) کیلۆمەتر بە ژێر ئاودا بەڕێکەوت بۆ ئەوروپا لە ڕێگەی دوورگەی کریت-Crite ی یۆنانەوە، ئینجا "موستەفا ئاکینجی" سەرۆکی قوبرسە تورکییەکە ڕایگەیاند؛ پەشیمانن داواکەی قوبرسی یۆنانیان بۆ هاوبەشی لە پرۆژەی گازی سروشتی دا ڕەت کردۆتەوە.

بۆ تورکیا؛ هەرچۆنێک ئەم هەموو گێژەنگە  لە گەڕان و پشکنین بە دوای گازی سرووشتیەوە تا هەناردەکردنی بەردەوامە، جگە لەوەی ووڵاتانی بەشدار لە دەرهێنان و هەناردەکردنی گازی سرووشتیدا ڕێگەیان بە "تورکیا" نەداوە بەشدارییان لەگەڵ بکات، ناو بەناو بەهۆی دەستوەردانەکانی تورکیا-وە لە ناوچە ئاوییەکانی (قوبرس- یۆنان) یەکێتی ئەوروپا سزای قورسی سەپاندووە بەسەر تورکیادا، ئەنجامەکەی ئەوەیە لیرەی "تورکی" لەماوەی ئەم (١٠) ساڵەدا (٦٥٠٪) بەهاکەی خۆی لە دەستداوە، لە هەموو مێژوودا بەهای لیرە ئاوها نەهاتۆتە خوارەوە (٩٥٠ لیرەی تورکی =١٠٠دۆلاری ئەمریکی). سەرۆک کۆماری تورکیا "ڕەجەب تەیب ئەردۆگان" لەماوەی (١) ساڵدا (٣) جار سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیای گۆڕیوە!. بۆ ئەو لەڕاستیدا پێویستە سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بگۆڕێت نەک سەرۆکی بانکی ناوەندی، چونکە گرفتەکە لەوێوە نایات کە ڕێژەی (سوود-فائده)ی بانکی زیادبووە، گرفتەکە لە کەمبوونەوەی یەدەگی بیانییەوە دێت لە بانکی ناوەندی تورکیاوە، چونکە سەرمایەدارە بیانییەکان هەم سەرمایەکانیان هەم پارەکانیان کە بە دۆلار و یۆرۆیە ئەکشێننەوە لە بانکە تورکییەکان.

جێی پرسیارە؛ تورکیا وڵاتێکی پیشەسازیی گرنگە، نزیکەی (٧٥٪) ووزەی پێویست لە نەوت و گازی سرووشتی لە دەرەوەی خۆی هاوردە ئەکات. ساڵانە تەنها بۆ کڕینی گازی سرووشتی لە نێوان (٤٣ بۆ ٥٦) ملیار دۆلار سەرف ئەکات، ئەمەش هەندێ جار ئەکاتە (١٩٪) بودجەی گشتی ساڵانەی وڵاتەکە، ناکرێت وڵاتەکە ووزە لە نەیجیریا و ڕوسیا هاوردە ئەکات، بەڵام لە باشوور و باکووری ڕۆژئاوای تورکیاوە لە بن دەستیدا شۆڕشێک لە بواری ووزەدا ڕوویداوە و ئەم هەر تەماشاکەر بێت و بەشداریی پێ ناکەن. ئێمەش لە "پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی" بەشداری و چاودێرییمان هەبووە و هەیە لەسەر کۆبوونەوەی سێ قۆڵی (قوبرس-یۆنان- میسر) کە زانکۆی نیکۆسیا و دەنگی قوبرس -Voice of Cyprus سەرپەرشتی ئەکەن. کوردیش چ لە سووریاو چ لە ئێراق لە ڕووی جوگرافی و جیۆپۆلەتیکی ووزەوە هەم زۆر نزیکە و هەم ڕاستەوخۆ سەری لەناو خوانی ئەم گۆڕانکارییانەدایە کە گازی سرووشتی هێناویەتییە پێشەوە.  هەموو کۆنفڕانسەکان، تەنانەت زۆربەی پەیپەرە ئاکادیمیەکان و پانێڵەکان بە بێ ئەوەی "کورد" خۆی ئامادە بێت باسی هەرێمی کوردستان و باکووری سوریا ئەکرێت. هەر جارێک وەک ئاماژەیەک بۆ ووتەکەی "دۆناڵد ترەمپ" پرۆفیسۆر "ئەندریاس سیۆفانۆس" وە "مونسیف کەددار- کە سەرپەرشتیاری تێزی دکتۆراکەشم بوو"  ئەڵێت "مستەر کورد" یش ئامادەیە، ڕوو ئەکاتە من و "پانزە خولەک کاتت هەیە مستەر کورد”". ئەو (ئەوان) وا تێگەیشتون سەرکردایەتی سیاسیی کورد تەواو هۆشیار و پاڵپشتن و بە ئاگان لەوەی ئێمە پەیمانگایەکمان بۆ دیراساتی ستراتیجی بەناوی مێدیتریانە داناوە، لەکاتێکدا ئەوە تەنها هەوڵ و ماندوبوون و گیرفانی خۆمانە. بەڵکو کورد خۆی دیارنییە لەناو ئەم ڕووداوانەدا، کە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە باری ئەمنی و ئابوریی و دیبلۆماسیی کوردستانەوە.

بەزمەکە لە دەریای سپی ناوەڕاست هەم خۆشە هەم زۆر ئاڵۆزە. ئیماراتیش هاتۆتە ناوەوە، لە هەر کوێ "تورکیا" پرۆژەیەکی هەبێت لەو ناوچەیە "ئیمارات" دژی "تورکیا" پرۆژەیەکی تری هەیە. لە کۆتایی (سێپتەمبەری ٢٠٢١) دا ئیمارات (٢٢٪) پشکەکانی کێڵگەی تیماری ئیسرائیلی بە نزیکەی (١) ملیار دۆلار کڕی. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ کردنەوەی باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە ئیمارات. لە سیاسەت و زانستی سیاسیدا؛ نۆرم و نەگۆڕی هەمیشەیی نییە،  واتە ناکرێت بڵێین؛ تا هەتایە تورکیا و ئیسرائیل یان تورکیا و میسر یاخود تورکیا و یۆنان پەیوەندییەکانیان ئاسایی نابێتەوە، بەڵام گرفتەکانی "تورکیا" زۆر زیادی خایاند لەگەڵ ووڵاتانی کە سنووری ئاویی هاوبەشیان لەگەڵی هەیە لە دەریای ناوەڕاست (میدیتریانه-Mediterranean). ئەردۆگان و دامەزراوە تورکییەکان زۆر گەشتی بێ ئاکام و زۆر هەوڵ و لێدوانی نەرمیدا، تا درزێک بدۆزێتەوە لەگەڵ هەرکامێک لەو ووڵاتانە پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە. ئەوەی من تێی گەیشتووم ئەو وڵاتانە "تورکیا" بە پێگەیەکی گرنگ و گەورە ئەزانن، بەڵام  بە بێ ئەردۆگان. متمانە بە ئەردۆگانێک ناکەن هەمیشە بیر لە نیۆ-ئیسلامیزم و ئیتنۆ-ئیسلامیزمی تورکیی ئەکاتەوە و، بە ئاشکرا پێشووتر هاواری کردووە "ئێوە تاپۆی خاکەکەتان لە ئەرشیفی ئێمەدایە" وەک ئاماژە کە میسر و ئیسرائیل و قوبرس بەدەست دەوڵەتی عوسمانییەوە بوون.



ئه‌م بابه‌ته 519 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر