جەجۆ خان

سەرکردەیەکی کورد؛ ڕووسەکان بۆ دەستبەسەرکردنی خەڵاتیان دیاریی کرد.
AM:12:06:21/10/2021
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا- کەسایەتیەکان


کەیهان محەمەد نەژاد
ڕۆنامەنووس


شەڕی چاڵدێران کە بە شەڕی ئیمپراتۆری عوسمانی و سەفەوەی دەناسرێ، لە ساڵی 1514دا لە نێوان ئەم دوو دەوڵەتەدا ڕوویدا. پاش ئەم شەڕە ئاڵوگۆڕێکی زۆر بەسەر کوردستاندا هات و کوردستان دابەشکرا بەسەر دوو وڵاتی عوسمانی و سەفەوی. لەو کاتەدا ئاڵوگۆڕێکی دیکە پێکهات، ئەویش دوور خستنی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لە نێوان ساڵەکانی 1598_1602 "شا عەباس" فەرمانێکیدا کوردەکانی ئەو ناوچەیە بنێردرێن بۆ خوراسان. پاش ئیمپراتۆری سەفەوییەکان و هاتنە سەر دەسەڵاتی چەندین حکومەتداری دیکە لە ئێراندا، لە ئاکامدا بە هاتنی قاجاڕەکان بۆ سەر دەسەڵات، دیسانەوە دەستیان بە سەرکوتی کوردەکان و بە تایبەت کوردەکانی خوراسان کرد.

بنەماڵەیەک لە خوراساندا هەبوو دژی ئەو سەرکوتە وەستان، ئەویش بنەماڵەی "ئەڵڵاوێردی" بەگ باوکی "جەجۆ خان" بوو. ئەو بنەماڵەیە یەکێک لە مەزنترین و بوێرترین بنەماڵەی کوردەکانی خوراسان بوو. لەو بنەماڵەیە کەسێک لە دایک دەبێ ئەفسانەیێکی بە ناوی بنەماڵەی و نەتەوەی خۆی دەخۆڵقێنێ. ئەو کەسێک بوو بە ناوی "جەجۆ خان" و لە گوندی "هسار"ی سەر بە شاری "دەرەگەز"ی خوراسان هاتووەتە دنیا. باوکی جەجۆ خان بە ناوی "ئەڵڵاوێردی بەگ" کاتێک کە وەکوو حاکمی ناوچەی "میانکۆ‌هـ" دیاری دەکرێت، ئەوکات "جەجۆ خان" لەگەڵ باوکی دەچێتە ئەو ناوچەیە و لە گوندی "کەبکان" و لە ناوچەی "میانکۆهـ" دەمێنن. "جەجۆ خان" کەسێکی سیاسەتمەدار، ڕۆشنبیر و زانا بوو. هەر بۆیە باوکی ئەو وەک پاڵپشتی خۆی دەزانی و هەمووکات پێکەوە بوون و لە تەنیشت باوکی وەکوو چیایەک پشتیوانی لە دەسەڵاتەکەی دەکرد.کاتێک کە باوکی کۆچی دوایی دەکات، "جەجۆ خان" دەبێتە جێگری و بەڕێوەبەری ئەو ناوچەیە دەکات. ئەو؛ دوای کۆچی دوایی باوکی بەڕێوه‌بەرێکی باش بوو و خەڵکی ئەو ناوچەیە لێی ڕازی بوون. دەیهەویست هەموو ناوچە کوردنشینەکانی خوراسان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و کوردەکان لە بن دەستی داگیرکەران ڕزگار بکات. هەر بۆیە دەسەڵاتی قاجاڕ لە دژی ئەو بڕیارەی بوو و گوشاری دەخستە سەر دەسەڵاتی ئەو ناوچە و خەڵکی خوراسان.

ڕۆژێک لە ناوچەی خوراساندا دەنگی قیژەی منداڵان و ژنان لەو ناوچەیە دەبیسترێ، ئاخ و ناڵینی منداڵ و ژن لە چیاکاندا چەند جارێک دەنگ دەداتەوە. ئەو دەنگە هاواری هاوکارییە و بانگی "جەجۆ" دەکەن. ئەویش بە بیستنی قیژە و هاوار، تووڕە دەبێت و سواری ئەسپەکەی دەبێت و چەند چەکدارێک لەگەڵ خۆی دەبات. کاتێک کە لە دوورەوە سەیری گوندەکان دەکات، دووکەڵێک بەرز بووەتەوە و کادان و گالێش کە خەڵک بۆ ئاژەڵەکانیان ئەنباریان کردبوو هەمووی دەسووتان. کاتێک کە دەگاتە ئەو ناوچەیە تەنیا گوندی سووتاو دەبینێ. ئەو کۆمەڵکوژی و وێرانکارییەی دوژمنی هەمیشەیی گەلی کورد کردبووی، ئەو گوندانە لە لایەن لەشکەری قاجاڕەوە سووتێندرابوون. ئەو نەیدەتوانی ئەو کۆمەڵکوژییە قەبووڵ بکات.

لە لایەکی دیکەوە بەهەمان شێوە ڕووسەکان هێرشیان دەکردە سەر ئەو ناوچانە و سەرکوتیان دەکردن، ئەمە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە دوای خۆی هێنا. دژایەتی "جەجۆ خان" بە دژی قاجاڕ و ڕووسەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبوو و خۆی ئامادە دەکرد بۆ ئەوەی کە لە دژی ئەو سەرکوتکارییانە بوەستێت و خەڵکەکەی لە ژێر زوڵم و ستە م ڕزگار بکات. ئەو لە کاتێکی کەمدا هێزی خۆی ئامادە کرد. لەگەڵ براکانی (عیسوو خان، عەلووخان و مەمۆ خان) و هەروەها هەژمارێک لە شەڕکەری قارەمان سەرهەڵدانی خۆیان دەست پێکرد. ئەوان بە هێرش کردنە سەر دوژمن لەو ناوچەدا توانییان بە شێوەیەکی قارامانانە ئەم دەڤەرە تا شاری دەرەگەز ڕزگار بکەن و بە سەدان سەربازی دوژمن بکوژن. بەم شێوەیە ناوی "جەجۆ خان" دەکەوێتە سەر زاری خەڵکی دەرەگەز و گوندەکانی دەوروبەری ئەم شارە و خەڵکێکی یەکجار زۆر پەیوەست بە ‌هێزەکانی بوون.

"مەنسووروڵ موڵک" یەکێک لە فەرماندە کانی قاجاڕ بوو و لە لایەن هێزەکانی جەجۆ خانەوە دوور خرابوو و شکەستی خواردبوو، جارێکی دیکە بە هێزێکی چەند هەزار کەسییەوە هێرش دەکاتە سەر دەسەڵاتی. بەڵام هێزەکانی ناوبراو لە لایەن جەجۆ خان-ەوە دیسان تووشی شکەست دەبن. ئەو پەرەی بە دەسەڵاتی خۆیدا و تاکوو شاری "قووچان"ی خوراسانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی. ئەمە بۆ حکوومەتی ناوەندی جێگای قەبووڵکردن نەبوو و لە دژی ئەم دەسەڵاتدارییەی کوردەکان داوای یارمەتیان لە ڕووسەکان کرد. ڕووسەکان؛ چەند لەشکەر و هێزی سوار بۆ یارمەتی هێزەکانی قاجاڕ نارد و ئەو جار دەبوایە جەجۆ هاوکات لەگەڵ هێزەکانی ڕووس و قاجاڕ شەڕی کردبایە. ئامانجی ڕزگارکردنی ناوچە کوردنشینەکانی خوراسان لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەر بوو و دەیویست دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ دابمەزرێنێ و نەهێڵێ چیتر کوردەکانی خوراسان سەرکوت بکرێن. هێزەکانی قاجاڕ و ڕووس چەندین جار هێرشییان کردە سەر دەسەڵاتی، بەڵام ئەوان ئەو چەند جارە تووشی شکەست بوون. ئەو ببووە خەونێک بۆ دوژمن. ڕووسەکان بۆ دەستبەسەریی خەڵاتیان دیاری کردبوو.

هێزەکانی جەجۆ خان-یش ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبوون و هێزە پارتیزان و شەڕڤانەکانی لە چیا و دەشت، شار و گوند و ناوچەکانی خوراسان بەربڵاو بووبوون. خەڵکی ئەم ناوچانە بە هەبوونی هێزەکانی دڵخۆش و ڕازی بوون  و ڕۆژانە ڕۆڵە نیشتمانپەرەوەرەکان پەیوەست بە هێزەکانی دەبوون تاوەکوو بتوانن بەرگری لە خاک و نامووسی نەتەوەیی خۆیان بکەن. (ڕووس و قاجاڕ) خۆیان بەهێزتر کرد و بۆ جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر دەسەڵاتی "جەجۆ خان". ئەو جارە شەڕێکی گەورە لە ناوچەی دەرەگەزەدا ڕوویدا. هەندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن؛ ئەم شەڕە سێ مانگی خایاند. "جەجۆ خان" بۆ ئەوەی خەڵکی ئەم ناوچەیە ژیانێکی ئازاد و خۆشیان هەبێت ئەوەی کە پێویست بوو دەیکرد و لە دژی داگیرکەران دەوێستا. لەم شەڕە درێژخایەنەدا هێزێکی زۆری ناوبرا لە لایەن ڕووس و قاجاڕەکانەوە کوژران و ئەوان تووشی گەمارۆی هێزەکانی دوژمن بوون و هیچ ڕێگایەک بۆ دەربازبوونی خۆیان و خەڵکەکەیان نەمابوو. لە ئاکام و لە ناو شەڕدا کاتێک کە "جەجۆ خان" لە ناو گوندێکدا خەریکی شەڕکردن بوو لاقی ئەسپەکەی دەکەوێتە نێو زەلکاو و بە فیشەکی دوژمن شەهید دەکرێت. ئەو لە ساڵی 1911دا لە لایەن هێزەکانی ڕووس و قاجاڕەوە شەهید کرا.

ڕووسەکان تەرمی "جەجۆ خان" لە شاری قووچاندا پڕیان کرد لە بەفر و سەهۆڵ و بەرە و مۆسکۆیان برد تاکوو تەزاری ڕووسەکان ئەم سەرکردە کوردە ببینن. هەندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن تەزاری ڕووسەکان سەری جەجۆ خان بە مردوویی دەبڕێت و لە نێو کاسەی سەریدا شەراب دەخوات. "جەجۆ" لەگەڵ بنەماڵەکەی و خەڵکی کورد بە ساڵان لە نێو سڕ و سەقەم، باران و بەفر، دەشت و شاخەکانی خوراساندا بە ڕژاندنی خوێنی هەزاران ڕۆڵەی کورد لە بەرانبەر داگیرکەران ڕاوەستان و خەباتییان کرد. ئەمڕۆکە ناوی ئەم ناودارە لە ناوچەی خوراسان و بە تایبەت کوردستاندا نێوبانگی دەرکردووە. هەنووکە لە خوراسان ئاواز و گۆرانی و شێعرێکی زۆریان لە سەر قارەمانێتیی هۆنیوەتەوە.



ئه‌م بابه‌ته 273 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر