چوارچێوە و بنەما یاساییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی هەرێمی کوردستان (2)

دۆخی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان لە چەندین ڕووەوە جیاوازە لەگەڵ سیستەمە دیموکراتییەکان.
PM:10:43:20/10/2021
دۆسیە: ئاسایشی نەتەوەیی


ئازاد وەڵەد بەگی
نوسەر و توێژەر


"ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان"

دۆخی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان لە چەندین ڕووەوە جیاوازە لەگەڵ سیستەمە دیموکراتییەکان. یەکەمیان ئەوەیە؛  لەم سیستەمانە ئۆپۆزیسیۆن لە ڕووی یاساییەوە قەدەغەیە و چالاکوانەکانی ماف و ئازادییان نیە و زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین لەم سیستەمانەدا ئۆپۆزیسیۆن بە شتێکی نائەخلاقی دادەنرێت و کەسەکانی بە نیشتمانفرۆش، خیانەتکار، هەلپەرەست، فریودەر و  نۆکەری بێگانە پێناسە دەکرێن. دووەم ئەوەیە؛ دەسەڵات ئۆپۆزیسیۆن بە ڕووخێنەری دەسەڵات لە قەڵەم دەدات بۆ ئەوەی زەمینە خۆش بکات بۆ سەرکوتکردنی و بە هەڕەشەی جیدی بۆ یەکپارچەیی خاکی وڵات لە قەڵەمی دەدات. سێیەم ئەوەیە؛ کە لەم سیستەمانەدا هیچ دەرفەتێک بۆ سەرهەلدان و چالاکی کارای ئۆپۆزیسیۆن نییە، چونکە بوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە کۆمەڵگە لەسەر بنەمای گریمانەکردنی فرەیی کۆمەڵایەتی و سیاسی، سەروەری یاسا، دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەنێوان دەسەڵاتداران و لادان و دانان و ڕەخنەلێگرتنیان لە لایەن خەڵکەوە، لە ژێر سێبەری سیستەمێکی دیموکراتیدا بە دیدێت. چوارەم ئەوەیە؛ لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان یەک ئایدۆلۆژیا، یەک حزب و یەک کەس وەها لە ناو کۆمەڵگەدا ڕەگی داکوتاوە، کە هیچ ماف و ئازادی و چالاکییەک بە  ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی بە ڕەوا نابینێ. هەربۆیە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ناچار دەکات شێوازی چالاکی نهێنی و تەنانەت شێوازی چەکداری بگرێتەبەر. لە ڕاستیدا، ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دەتوانێ وەک دەرفەتێکی زێڕین بێت بۆ کەمکردنەوەی هەڵە و کەموکووڕییەکان و فراوانکردنی ڕەوایی دەسەڵات، بەڵام سیستەمی دیکتاتۆری بۆ خۆی دەبێتە هەڕەشەیەکی جیدی لەسەر دەسەڵات و وا دەکات کە هاووڵاتیان ڕووبەڕووی دەسەڵاتدارانی وڵات ببنەوە.

"بنەمای یاسایی مافی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی"

بە مەبەستی خستنەڕووی بنەمای یاسایی مافی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ئەم بابەتە لە چوارچیوەی هەر دوو بیرۆکەی یاسای سرووشتی و یاسای دانراو (القانون الوچعی) بەم جۆرەی خوارەوە دەخەینە بەرباس؛

١) بنەمای یاسایی مافی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە یاسای سرووشتی.
بەپێی تیۆریی یاسای سروشتی، مرۆڤ خاوەنی کۆمەڵێک مافی سروشتییە کە ئەم مافانە بەر لە سەرهەڵدانی دەوڵەت و یاساوە بوونیان هەبووە. پاساوی بوونی یاسا و دەوڵەت بۆ پاراستنی مافە سرووشتییەکانی مرۆڤ دەگەڕێتەوە. تیۆری یاسای سرووشتی لە خاڵێکی گریمانەییەوە دەست پێدەکات بەو سیفەتەی کە مرۆڤە و، دەوڵەت و یاسایش بۆ پاراستنی ئەم مافانە دەردەکەون. ئەو بابەتانەی کە لە یاسای سرووشتی بە بنەمای مافی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە قەڵەم دەدرێن بریتین لە: مافی مرۆڤ بۆ گۆڕینی ئاشتیانە و مافی بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاریی.

مەبەست لە مافی گۆڕینی ئاشتییانە، گواستنەوەیە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر بە ڕێگەی ئاشتییانەی پەتی. ئەوەی پەیوەندیی بە لایەنی سیاسییەوە هەیە واتە دوورخستنەوەی هەموو شێوازێکی تووندوتیژیی لە گۆڕینی سیستەمی سیاسی یا هێماکانی،  ئەمەیش بریتییە لەوەی کە دەسەڵات تووندوتیژیی بە کار نەهێنێت بەرامبەر بە هاووڵاتیان یا توێژە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و، هەروا هاووڵاتیان و توێژە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیش بە هەمان شێوە تووندوتیژیی بەرامبەر بە دەسەڵات بە کار نەهێنن. هەربۆیە، پێویستە پرۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە شێوازی ئاشتییانە و بە ڕێگەی یاسایی بێت. تاکەکانی کۆمەڵگە دەبێ ئازادیی تەواویان هەبێت لە دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسی و، دەبێ دەسەڵات بەپێی تیۆریی گرێبەستی کۆمەڵایەتی بگەڕێتەوە بۆ ویست و ئیرادەی ئەوان. هاووڵاتیان مافی گۆڕینی دەسەڵاتیان هەیە بە دەسەڵاتێکی تر، ئەگەر بێت و لە بەرپرسیارێتیی خۆی لا بدات. هەروا لە چوارچێوەی تیۆری گرێبەستی کۆمەڵایەتی، جۆن لۆک وایدەبینێ کە مەبەست لە دانانی دەسەڵات ئەوەیە کە ماف و ئازادییەکانی تاک بپارێزێت، کە بە گوێرەی ژیانی سروشتی خۆیان خاوەنی ئەم مافانەن، هەربۆیە ئەگەر دەسەڵات ئەم ئەرک و پابەندییەی خۆی بەجێ نەگەیاند و ڕێگەی ستەمکاریی گرتەبەر و مافی تاکەکانی پێشیلکرد، ئەوا تاکەکان ئەو مافەیان هەیە کە ملکەچی ئەم جۆرە دەسەڵاتە نەبن و مافی بەرەنگاربوونەوەی ستەمکارییان هەیە.

٢) بنەمای یاسایی مافی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە یاسا دانراوەکان.
ئاشکرایە کە مومارەسەکردنی هەر مافێک لە مافەکان و لەوانەیش مافی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی، پێویستی بە بوونی دەقێکی یاسایی هەیە کە ئەو مافە ببەخشێت و بیپارێزێت. هەربۆیە، مافی  ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ناکرێت بە بێ بوونی دەقیکی یاسایی مومارەسە بکرێت. یاسا ئەم مافە دروست دەکات و ئەمەیش واتای ئەوەیە بنەما خەیاڵییەکانی یاسای سرووشتی ڕەتدەکرێتەوە، کە باس لەوە دەکات کە مافی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی پشت بە یاسای سرووشتی دەبەستێت. هەروا لە ناو بەشەکانی یاسا، ئەم بابەتە پەیوەندیی بە یاسای گشتییەوە هەیە نەک یاسای تایبەت، چونکە یاسای تایبەت پەیوەندیی نێوان تاکەکان لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ تاکەکان و دەوڵەت ڕێکدەخات بەو پێیەی کە دەوڵەت کەسێکی ئاساییە نەک کەسێکی خاوەن دەسەڵات و سەروەریی. بەڵام یاسای گشتی پەیوەندیی نێوان تاکەکان و دەوڵەت ڕێکدەخات بەو پێیەی کە دەوڵەت خاوەن دەسەڵات  و سەروەرییە. هەروا بەدەر لەو دەقەی کە مافی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ڕیکدەخات، چ لە دەستوور بێت یا لە یاسایەکی تایبەت، ئەوا دەتوانین بڵێین؛ کە ئەم مافە خاوەن سروشتێکی دەستوورییە، چونکە لێرەدا سرووشتی دەقەکە گرنگە نەک پێگە یا لایەنی ڕواڵەتی دەقەکە. مافی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی پەیوەستە بە دەسەڵاتی سیاسی، کە لە چوارچێوەی ڕێسا ڕێکخەرەکانی دەسەڵاتی سیاسی جێی دەبیتەوە و ئەم ڕێسایانەیش بە سرووشتی خۆیان دەستوورین، جا چ لە ناو دەستووردا جێیان بۆ بکرێتەوە و چ لە دەرەوەی دەستووردا بن، بە وتەیەکی تر ڕێکخستنی مافی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی پێویستە بە ڕێسایەکی دەستووری ڕێکبخرێت.

هەروا مافی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی وەک یەکێک لە مافەکانی هاووڵاتیان دەبێ لە ناو دەقی دەستووردا جێی بۆ بکرێتەوە. هەربۆیە دەقێکی وەک (مافی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی پارێزراوە) یا (دەوڵەت گەرەنتیی مافی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دەکات) وەک بنەمایەکی دەستووریی گشتی گونجاوە بۆ ئەوەی کە ببێتە بنەمایەکی شایستە بۆ دانانی چارەسەرێکی یاسایی. هەروا لە ئەگەری بوونی دەقێکی لەو جۆرە لە دەستووردا، ئەوا پێویستە یاسایەکی تایبەتی بۆ دەربچێت کە هەموو وردەکارییەکانی پەیوەست بەم بابەتە لە خۆ بگرێت.

"گرنگیی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی"

ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی، گرنگییەکی زۆری هەیە لە پێشخستنی ژیانی سیاسی و دامەزراوەیی کۆمەڵگە لە ڕێگەی خستنەڕووی کێشە و قەیرانەکانی ناو کۆمەڵگە و دروستکردنی پردی پەیوەندیی لەنێوان خەڵک و دەسەڵات، هەربۆیە دەتوانین لەم خاڵانەی خوارەوە ئەم گرنگییە بەرجەستە بکەین؛

١) دامەزراندنی ژیانی فرەحزبی.
هەوڵ و چالاکی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان بۆ گوشار خسنتەسەر دەسەڵات و، هاندانیان بۆ داننان بە فرەحزبی بۆ خۆی وەرچەرخانێکی گەورەیە لە دامەزراندنی سیستەمی فرەحزبی و پەرەپێدانی دیموکراسی لە ناو کۆمەڵگەدا. چونکە دیموکراسی بە بێ ڕەخساندنی دەرفەتی فرەحزبی سەرکەوتوو نابێت، هەربۆیە پارتە سیاسییەکان دەتوانن ڕۆڵێکی گەورە و گرنگ بگێڕن لە پیادەکردنی سیستەمێکی سیاسی مۆدێرن و پێشکەوتوو لە کۆمەڵگەدا.

٢) هاوسەنگی هێزەکان و چەسپاندنی سەقامگیریی.
بوونی جیاوازییەکان بە بنەمایەکی سرووشتی ژیانی گشتی و کایەی سیاسی کۆمەڵگە دادەنرێت و بوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ڕەنگدانەوەی ئەم جیاوازییانەیە. ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە ناو کۆمەڵگەدا بوونی نەبوو، ئەوا زەمینە بۆ تاکڕەویی و دیکتاتۆریی خۆش دەبێت، کە هەوڵی سڕینەوەی جیاوازییەکان و چەسپاندنی ستەمکاریی دەدات، کە ئەمەیش دەتوانێ ببێتە هۆکاری دروستبوونی ناسەقامگیریی لە کۆمەڵگەدا. سەرهەڵدانی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە ڕەنگدەرەوەی جیاوازییەکانی ناو کۆمەڵگەیە، جگە لە بەهێزکردنی سیستەمی دیموکراسی و ڕاگرتنی هاوسەنگیی لەنێوان هێزە سیاسییەکان، لە هەمان کاتیشدا دەرفەتی چەسپاندنی سەقامگیریی زیاتر دەکات، چونکە هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی کۆمەڵگە هەست بە بوونی خۆیان دەکەن و دەنگیان دەبیسترێ، هەربۆیە لە توندوتیژیی دوور دەکەونە و کۆمەڵگە بەرەو ئارامیی و سەقامگیریی دەبەن.

٣) پەرەپێدانی بەشداریی سیاسی.
لاوازبوونی بەشداریی هاووڵاتیان لە کاروباری گشتی بە یەکێک لە ئاستەنگەکانی پەرەسەندنی سیاسی لەم ناوچەیە دادەنرێت، ئەمەیش پەیوەندیی بە سرووشتی سیستەمە سیاسییەکانەوە هەیە کە لەسەر بنەمای قۆرخکاریی و دەسەڵاتی تاکڕەهەندیی دامەزراوە. بوونی حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن و ڕەخنەگرتنیان لە دەسەڵات و گەرموگوڕکردنی ململانێی سیاسی، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی هاندانی هاووڵاتیان بۆ بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسی و کایە سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگە، کە لە درێژخایەندا ئەمەیش کاریگەریی لەسەر پەرەپێدانی سیستەمی سیاسی وڵات هەیە.

٤) دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات.
دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات بە بنەمایەکی گرنگ و بنەڕەتی لە پرۆسەی دیموکراسی دادەنرێت. پاوانکردنی دەسەڵات و نائامادەیی دەسەڵاتی سیاسی بۆ دەستاودەستکردن بە شێوازێکی ئاشتییانە، ڕەوایی ئەو دەسەڵاتە دەخاتە ژێر نیشانەی پرسیارەوە، هەربۆیە بوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی وەک ئالترناتیڤی ئامادە بۆ جێگرتنەوەی حزبی دەسەڵاتدار، جگە لەوەی سنووری ویستی دەسەڵاتداران بەرتەسک دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا ئەو ئومێد و دەرفەتە بە خەڵک دەبەخشێت کە لایەنێکی تر بە بەرنامەی جیاوازەوە هەڵبژێرن.

"ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان"

"هەرێمی کوردستان" وەک هەرێمێک لە چوارچێوەی ئێراق لە ساڵی ١٩٩٢ دامەزراوە و لە دەستووری عێراق ساڵی ٢٠٠٥ دانی پێدانراوە. هەر لە سەرەتاوە کۆمەڵگەی کوردستان بە هۆی دۆخی سیاسی تایبەتی خۆی و قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی کۆمەڵگەیەکی بە حزبیکراو بوو، هەربۆیە هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت حزب لە کوردستان لایەنی باڵادەست و بڕیاردەرە و دامودەزگە سیاسییەکانی دەوڵەت نەیانتوانیوە وەک پێویست گەشە بکەن و حزب بەردەوام وەک باوک و بڕیاربەدەستی حکومەت ڕۆڵ دەگێڕێت. بوونی سیستەمێکی فەرمانڕەوایی لەم جۆرە، کە پتر کۆپیکردنی سیستەمی وڵاتە کۆمۆنیستیەکانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتی جارانە، وەک یەکێک لە بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم پرۆسەی بەدامەزراوەییکردنی دامودەزگەکانی حوکمڕانی سەیر دەکرێت.

بیرۆکەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەوانەیش "هەرێمی کوردستان"، پەیوەندیی هەیە بە خەبات دژ بە ئیستعمار لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و پاشانیش هزری سەربەخۆییخوازیی و مافخوازیی بۆ گەلی کوردستان، کە لە شێوازی مافی بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری ڕەنگیدایەوە. هەربۆیە، دەبینین ئەم ئۆپۆزیسیۆنە بە هۆی ئاستەنگەکانی بەردەمی و نەبوونی ئازادیی کارکردنی سیاسی شێوازی چەکداریی و سەربازیی بە خۆیەوە دەگرێت. بۆ زیاتر تیشک خستنەسەر ئەم بابەتە قۆناغەکانی سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی گەشەکردنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەخەینە بەر باس؛

١) ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە ساڵی ١٩٩٢-١٩٩٦
ئەم قۆناغە لەگەڵ دروستکردنی ناوچەی نەوای ئارام (Provide Comfort) لە ساڵی ١٩٩١ دەستپێدەکات و لە ئەنجامدا لە ساڵی ١٩٩٢ یەکەمین دەسەڵاتی کوردی لە کوردستان باشوور دامەزرا، کە ناوی "حکومەتی هەرێمی کوردستان"ی لێنرا. کورد هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراق لە ساڵی ١٩٢١ هەمیشە لە پێگەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی بووە دژ بە سیستەمی فەرمانڕەوا، کە پاش دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٦١ دۆخی بە ئۆپۆزیسیۆنبوون شیوازی خەباتی چەکداریی بە خۆیەوە گرت هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، هەر دوو پارتی فەرمانڕەوا لە "هەرێمی کوردستان" وازیان لە سرووشتی چەکداریی خۆیان نەهێناوە. (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان) وەک دوو حزبی ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق لە ساڵی ١٩٩٢ کە دەرفەتی حکومڕانییان بۆ هاتە پێشەوە، بە حوکمی ململانێی مێژوویی نێوان هەر دوو حزب و نەبوونی متمانە لەنێوانیان و حەز و ویستیان بۆ تاقیکردنەوەی قۆناغی نوێی فەرمانڕەوایی لە هەرێمی کوردستان، هیچکامیان ئامادەیی ئەوەیان تێدا نەبوو ببنە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی. ئەوە بوو دواجار پاش هەڵبژاردنی ١٩/٥/١٩٩٢ هەر دوولا کورسییەکانی پەرلەمانییان لە ناو خۆیاندا بە شێوەی پەنجا-پەنجا دابەشکرد. تەنیا لایەنە ئاشوورییەکان بوون کە ٥ کورسییان هەبوو، بەڵام ئەوانیش پوتانشیلی ئەوەیان تێدا نەبوو کە بتوانن ببنە ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێزی دەسەڵات.

حزبە گرنگەکانی دیکەی ئەو کات بریتیبوون لە بزووتنەوەی ئیسلامی، پارتی سۆسیالیست، پارتی گەل و پاسۆک، کە هیچکامیان نەیانتوانی ڕێژەی ٧% بە دەست بهێنن بۆ ئەوەی بچنە ناو پەرلەمان، هەربۆیە ئۆپۆزیسیۆنێکی پەرلەمانی دروست نەبوو. سۆسیالیست، پارتی گەل و پاسۆک پاشان لە ساڵی ١٩٩٣ لەژێر ناوی حزبی یەکگرتن چوونە ناو ڕیزەکانی پارتی دیموکرات. بزووتنەوەی ئیسلامیش چوونە ناو حکومەتی ڕەتکردەوە، هەربۆیە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لەو قۆناغەدا لە دەرەوەی پەرلەمان بوو و پتر وەک ئۆپۆزیسیۆنی حزبی دەرکەوت. بە حوکمی سرووشتی چەکدارانە و حەزی جیهادیی لە ناو ڕیزەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی، ئەم حزبە چەندین قۆناغی جەنگی چەکداریی لەگەڵ لایەنەکانی ناو دەسەڵات بە تایبەت یەکێتیی نیشتمانی تاقیکردەوە. هەندێک کەس پێیانوایە، بزووتنەوەی ئیسلامی پتر لەوەی کە ئۆپۆزیسیۆنی سیستەمی حوکمڕانی بێت، ئۆپۆزیسیۆنێکی ئایدۆلۆژیی بووە.

٢) ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە ساڵی ١٩٩٦-٢٠٠٥
پاش سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆیی لە کوردستان لە ٤/٥/١٩٩٤ لەنێوان پدک و ینک، پەیکەر کارگێڕیی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر بە یەکگرتوویی مایەوە، بەڵام لە پاش ٣١/ئاب/١٩٩٦ حکومەتی هەرێم بە کردەوە لە ڕووی کارگێڕییەوە بەسەر دوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانیدا دابەشبوو. پدک کابینەیەکی نوێی بە سەرۆکایەتی د.ڕۆژ نووری شاوەیس پێکهێنا کە بزووتنەوەی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی، حزبی شیوعی، تورکمان و ئاشووری تێیدا بەشداربوون، بەڵام یەکێتیی تێیدا بەشدار نەبوو. لە بەرامبەردا، یەکێتییش هەستا بە دامەزراندنی کابینەی ئیدارەی سلێمانی بە سەرۆکایەتی کۆسرەت ڕەسوول عەلی، کە حزبی سۆسیالیست دیموکرات، حزبی زەحمەتکێشان و پارتی پارێزگاران تێیدا بەشداربوون. بەم جۆرە، دەبینین کە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەنێوان هەر دوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانیدا دابەش بوون و، زۆربەی حزبە خاوەن دەنگ و جەماوەرەکان چوونە ناو دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی پەرلەمانی یا حزبی بە کردەوە بوونی نەبوو.

لەم قۆناغەدا، خاکی هەرێمی کوردستان لەنێوان زۆنی زەرد و سەوزدا دابەشبوو. جێی ئاماژەیە کە لەم قۆناغەدا، ئۆپۆزیسیۆنێکی چەکداریی کە لە بزووتنەوەی ئیسلامی جیا ببووەوە و سەرەتا ناوی "جوندولئیسلام" و پاشان "ئەنسارولئیسلام"ی لە خۆی نا لە ناوچەی هەورامان بە سەرۆکایەتی "مەلا کرێکار" سەریهەڵدا. ئەم گرووپە، خاوەن بۆچوونێکی تووندڕەوانەی سەلەفیی جیهادیی بوون و خوازیاری چەسپاندنی شەریعەتی ئیسلامی بوون و دژ بە کۆی سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان بوون و دژی دەجەنگان. "ئەنسارولئیسلام" لە لایەن حکومەتی هەرێم وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناسێندرا و پاشان خرایە ناو لیستی تیرۆری دەوڵەتی ئەمەریکاش. ئەم گرووپە دواتر بە هاوکاریی هێزە ئەمەریکییەکان و حکومەتی هەرێم تەفروتوونا کران و دەست بەسەر هەموو حەشارگەکانیاندا گیرا و سەرکردەکانیشیان بەرەو ئێران و ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێراق هەڵهاتن.

٣) ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە ساڵی ٢٠٠٥-٢٠٠٩
لە دوای یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٩/٥/١٩٩٢ بە هۆی جەنگی ناوخۆیی و نەبوونی ویستێکی جیدی بۆ هەڵبژاردن لە لایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە، هیچ هەڵبژاردنیکی پەرلەمانی تر لە هەرێمی کوردستان ئەنجامنەدرا. پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٩/نیسانی/٢٠٠٣، سەرەنجام هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگەکانی ئێراق، دووەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش لە ٣٠/کانوونی دووەمی/٢٠٠٥ ئەنجامدرا. لە ترسی دووبارەنەبوونەوەی ململانێ و ناکۆکی نێوان (پدک و ینک) ئەمجارە هەموو حزبە کوردستانییەکان، جگە لە کۆمەڵی ئیسلامی، حزبی زەحمەتکێشان و پارتی چارەسەر بە یەک لیست بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کرد. پاشان لە ٧/ئایار/٢٠٠٥ حکومەتی یەکگرتووی هەرێم بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی پێکهات کە هەموو حزبەکانی ناو پەرلەمان بەشدارییان تێدا کرد، جگە لە بزووتنەوەی ئیسلامی کە بە هۆی کێشە ناوخۆییەکانییەوە نەیتوانی بەشدار بێت و پارتی چارەسەریش نەیتوانی هیچ کورسییەکی پەرلەمانی بە دەست بهێنیت. بەشداریی هەموو فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان لە حکومەت و نەبوونی هیچ هێزێکی کارا و کاریگەر لە دەرەوەی حکومەت، وایانکرد لەم قۆناغەشدا ئۆپۆزیسیۆنێکی سیاسی کارا لە هەرێمی کوردستاندا دروست نەبێت.

سەرەڕای ئەوەی لەم قۆناغەدا هیچ ئۆپۆزیسیۆنێکی کارای حزبی یا پەرلەمانی سەریهەڵنەدا، بەڵام ئەمەش ڕێگر نەبوون لەبەردەم دروستبوونی ناڕەزایی جەماوەریی، ئۆپۆزیسیۆنی مەدەنی، ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیی حزبەکان، پەرەسەندنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گەشەکردنی میدیای ئازاد. لەم قۆناغەدا، "گرووپی ڕەهەند" سەریهەڵدا کە خاوەن گوتارێکی رەخنەیی بوون، کە ئەم گوتارانە کاریگەرییان لەسەر نەوەی گەنج هەبوو و بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی حکومەت لە ناو خەڵک و توێژی خویندەوار و ڕۆشنبیراندا گەشەی کرد، کە ئەمەش ڕێخۆشکەر بوو بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆران لە قۆناغی دواتردا.
هەروا میدیای ئازاد لەم قۆناغەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە خستنەڕووی ڕای ڕۆشنبیران و ڕەخنەگرانی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان. پێشتر هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن سەر بە حزبە سیاسییەکانی کوردستان بوون، بەڵام لەم قۆناغەدا میدیای ئەهلی و ئازاد لە دایکبوو وەک ڕۆژنامەی هاوڵاتی و ڕادیۆ نەوا، کە پاشان کەناڵی میدیایی دیکەشی بەدوادا هات. جگە لەمەش، کرانەوە بە ڕووی جیهانی دەرەوە و دروستبوونی زیاتری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوە مەدەنییەکان ڕۆڵیان بینی لە وشیارکردنەوەی هاووڵاتیان و زەمینەسازیی بۆ سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان. لە ٥/ئایار/٢٠٠٥ بزووتنەوەی (هەتا کەی) ڕاگەیەنرا، کە لە یەکگرتنی چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژمارەیەک کەسایەتیی یاسایی و ئەکادیمی وسیاسی و میدیایی پێکهاتبوو. ئامانجی ئەم بزووتنەوەیە، دروستکردنی گوشار بوو لەسەر دەسەڵاتی سیاسی بۆ چەسپاندنی بنەماکانی ڕاستەقینەی دیموکراسی، ڕێزگرتن لە مافی هاووڵاتیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و دژایەتیکردنی گەندەڵی. ئەم بزووتنەوەیە، سەرەتایەکی گرنگ بوو بۆ گوشار خستنەسەر دەسەڵات و پاشان بەشێک لە کادیرانی ئەم بزووتنەوەیە بوونە کەسانی دیار لە حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی وەک بزووتنەوەی گۆڕان لەوانەیش یوسف محەممەد سادق، لەتیف مستەفا و هتد.

٤) ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە ساڵی ٢٠٠٩ تاکوو ئێستا.
هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٥/٧/٢٠٠٩ قەڵەمبازێکی گەورە بوو لە بواری سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان.  بە هۆی ئەو ناکۆکییە ناوخۆییانەی کە لە ناو یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا هەبوو، جێگری سکرتێری ئەو حزبە (نەوشیروان مستەفا) لە حزبەکەی جیابووەوە و سەرەتا کۆمپانیای میدیایی وشەی دامەزراند و، پاشان لە ٢٨/٤/٢٠٠٩ بزووتنەوەی گۆڕانی وەک قەوارەیەکی سیاسی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئێراق تۆمار کرد. ئەم بزووتنەوەیە، بەشداریی خولی سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد لە ٢٥/٧/٢٠٠٩ و توانی بۆ یەکەم جار بە هێنانی (٤٨٧١٨١) دەنگ واتە (٢٣،٧٢%) دەنگەکان (٢٥) کورسی پەرلەمانی بباتەوە. بزووتنەوەی گۆڕان هەر لە بانگەشەی هەڵبژاردن کۆمەڵێک دروشمی چاکسازیی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هتد، خستەڕوو و پاشان لە خولی سێیەم بووە ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهیزی پەرلەمانی کە توانی بە پاڵپشتی چەند حزبێکی تر وەک یەکگرتووی ئیسلامی (خاوەن ٦ کورسی) و کۆمەڵی ئیسلامی (خاوەن ٤ کورسی) و لیستی ڕافیدەینی ئاشووری (خاوەن ٢ کورسی) ئۆپۆزیسیۆنێکی پەرلەمانی و حزبی بەهێز لە کوردستاندا دروست بکەن. خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان بە زێڕینترین قۆناغی کاری ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دادەنرێ لە هەرێمی کوردستان، کە لە خولەکانی چوارەم و پێنجەم دووبارە نەبووەوە.

لە خولی چوارەم هەر سێ حزبی ئۆپۆزیسیۆن (گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو) هاتنە ناو حکومەت و بە فەرمی وەک ئۆپۆزیسیۆن کاریان نەدەکرد، هەرچەندە بە ڕواڵەت بەشێک لە دەسەڵات بوون، بەڵام بە کردار هەندێ جار بۆ ڕازییکردنی جەماوەر هەوڵیان دەدا وەک ئۆپۆزیسیۆن هەڵسوکەوت بکەن، کە ئەمەش وایکرد لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەم بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی بەشێکی زۆری جەماوەری خۆیان لە دەست بدەن، بە جۆرێک کە کورسییەکانیان بۆ نیوە دابەزی و بزووتنەوەی گۆڕان (١٢) کورسی و یەکگرتووی ئیسلامیش (٥) کورسییان بە دەستهێنا.

ئەزموونی ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی و حزبی لە هەرێمی کوردستان بێ کەموکورتی و ئاستەنگ نەبووە. لە لایەکەوە، حزبە دەسەڵاتدارەکان کەم ئەزموون بوون لە هەڵسوکەوت و قبووڵکردنی ئۆپۆزیسیۆن و پتر لەوەی کە ئەمە بە مافێکی ڕەوای هەر حزب و فراکسیۆنێکی پەرلەمانی بزانن، بە هەناسەیەکی تووند لەگەڵ بابەتەکەدا دەجووڵانەوە و گوشاریان لەسەریان دروست دەکرد. لە لایەکی ترەوە، حزبەکانی ئۆپۆزیسۆنیش ئەزموونی زۆریان لەو بوارەدا نەبوو و تێگەیشتنیان لە بە ئۆپۆزیسیۆنبوون ئەوە بوو، کە دەبێ بە هەموو توانایانەوە دژایەتی هەموو شتێکی دەسەڵات بکەن و لە ڕاستیدا بە هەناسەیەکی کورت لەگەڵ دەسەڵاتدا دەجووڵانەوە و، ئەمەش وایکرد کەلتوورێکی نادروست لەسەر ئەرک و ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن لە لای خەڵک وێنا بکەن و ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵک لە ئۆپۆزیسیۆن ئەوەندە بەرز بکەنەوە کە جێبەجیکردنیان ئەستەم بێت. ئەم دۆخە وایکرد کە خەڵک لە بەرامبەر بێتوانایی ئۆپۆزیسیۆن بۆ چاکسازیی و بەجێنگەیاندنی بەڵێنەکانیان، تووشی نائومیدییەکی زۆر ببن، کە سادەترین ئەنجامی ئەوە بوو خەڵک لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەم بە ڕێژەیەکی کەمتر بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کرد و ڕێژەی دەنگەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامیش بۆ نیوەی خولی پێشوو دابەزی.

لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠/٩/٢٠١٨، پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، یەکگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ خۆیان وەک ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵات ڕاگەیاند و، کۆمەڵی ئیسلامیش پاش ئەوەی نەیتوانی لە حکومەت بەشدار بێت ئەگەری چاوەڕوانکراو ئەوەیە کە ببێتە ئۆپۆزیسیۆن. بزووتنەوەی گۆڕان کە داینەمۆیەکی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆن بوو، لەم خولەدا بەشداری حکومەت بوو و ڕیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بەجێهێشت. هێشتا زووە بۆ ئەوەی بتوانین پێش بینی دۆخ و هەوڵەکانی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بکەین لەم خولەدا. بەڵام هەر لە ئێستاوە گەورەترین لایەنی ئۆپۆزیسیۆن کە نەوەی نوێیە و خاوەنی هەشت کورسییە لە پەرلەمانی کوردستان تووشی ناکۆکی ناوخۆیی بوون، کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر ڕۆڵ و پێگەی ئەو فراکسیۆنە دەبێت وەک گەورەترین فراکسیۆنی ئۆپۆزیسیۆن. بە سەرنجدان بەوەی کە بزووتنەوەی گۆڕان لەم خولەدا بەشدارە لە دەسەڵات، چاوەڕوان ناکرێت لایەنەکانی تری ئۆپۆزیسیۆن بتوانن ڕۆڵێکی کارا و کاریگەر بگێڕن و ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز لە هەرێمی کوردستاندا سەرهەڵبدات.

لە کاتی ئێستادا، کۆی گشتی کورسی لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات لەناو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەبێتە (٢١) کورسی بەمجۆرەی خوارەوە: نەوەی نوێ (٨) کورسی، کۆمەڵی ئیسلامی (٧) کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی (٥) کورسی و حزبی شیوعی (١) کورسی. هەرچەندە هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆن دروست بکرێ، بەڵام هێشتا ئاسۆی سەرکەوتن و سەرگرتنی بەرەیەکی لەو جۆرە ڕوون نیە.



ئه‌م بابه‌ته 358 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر