چی وا دەکات پەیوەندییەکانی هەرێمی کودستان و وڵاتانی کەنداو گەشە بکەن

تا دێت گرنگیدانی وڵاتانی کەنداو بە پتەوکردنی پەیوەندییەکان زیاد دەکات، بەتایبەتی وڵاتانی ئیمارات، سعودیە و قەتەڕ.
PM:10:49:15/10/2021
دۆسیە: شیکار


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


تا دێت گرنگیدانی وڵاتانی کەنداو بە پتەوکردنی پەیوەندییەکان زیاد دەکات، بەتایبەتی وڵاتانی ئیمارات، سعودیە و قەتەڕ، دوایین ئاماژەش دیداری "موحەممەد بن زاید ئەلنەهیان"، شازادەی جێنشینی ئیمارات بوو لەگەڵ "نێچیرڤان بارزانی"، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 18ـی سێپتەمبەری 2021 لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا و، دیدارەکەی پێشوویان لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ. هەرێمی کوردستان بەوە ناسراوە سیاسەتێکی میانڕەو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دەکات لە پەیوەندییەکانی دەرەوە پەیڕەو دەکات، بەڵگەش بۆ ئەمە بوونی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە فرەڕەگەزەکانە کە تەنیا لە شارەکانی هەرێمدا هەن و بەغدادی پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە لێی بێبەشن. هەرێمی کوردستان لە سێ پارێزگا پێکدێت کە بریتین لە پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆك و هەولێر، کە ئەوەی دواییان پایتەختی هەرێمەکەیە. هەرێمی کوردستان لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە حوکمی خۆبەڕیوەبەری (زاتی) بەدەست هێناوە. دوای سەپاندنی گەمارۆ بۆ سەر ئێراق لە ساڵی 1991 لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، کە تا ساڵی 2003 درێژەی هەبوو، هەروەها کشانەوەی وڵاتانی کەنداو لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراقدا، هەرێمی کوردستان کەوتە هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئێراق، ئەوەیش بە مەبەستی دروستکردنی متمانە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو.

"بووژانەوەی هەرێمی کوردستان"

لە دوای ساڵی 2003ـوە هەرێمی کوردستان بووژانەوەیەکی ئابووری بەخۆیەوە بینی، ئەوەیش بەهۆی ڕاکێشانی سەرمایەی نێوخۆیی لە تەواوی ئەو پارێزگایانەی کەوتبوونە ژێر ڕەحمی لێکەوتەکانی هێرشی سەر وڵاتەکە، هەروەها لە سایەی دەزگا ئەمنییەکانی کوردستانەوە ئاسایش لە هەرێمەکەدا بەرقەرار بوو. لێ ناکۆکیی هەرێم لەگەڵ حکومەتی ناوەند، گەندەڵیی ئیداری و ناکۆکییە نێوخۆییە سیاسییەکان، بوونە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی دارایی، کە شیعری بەشداریی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی ناوەندیی ئێراق، هێشتا لێکەوتەکانی درێژەیان هەیە. هۆکاری ناکۆکیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی پرسی ئیدارەدانی سامانی نەوت بوو، چونکە هەرێم خاوەندارێتیی ئەو سامانە نەوتییانە دەکات کە کەوتوونەتە چوارچێوەی سنوورە ئیدارییەکەیەوە. ئەوەیش بووە هۆی ئەوەی حکومەتی ناوەندی پەنا بباتە بەر بڕینی بودجەی هەرێمەکە بە مەبەستی فشارخستنەسەر هەرێمەکە تا داهاتە نەوتییەکانی ڕادەست بکات. چاودێران پێیانوایە ئەم ناکۆکییە هۆکاری هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بوونیادنان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرجەم وڵاتان، لەنێویشیاندا وڵاتانی کەنداو. ئەوەیش لەلایەن خۆیەوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی کیانی هەرێمەکە و پتەوکردنی ئەمن و ئاسایش لەڕێی ئەو پەیوەندییانەوە. "کیتاب میزان"، شرۆڤەکاری سیاسیی ئێراقی سەرسام نییە و لە لێدوانیدا بۆ ماڵپەڕی "الخلیج أونلاین"ـدا دەڵێت، بایەخدانی زۆری وڵاتانی کەنداو بە هەرێمی کوردستان، کە بوونی پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی پێشکەوتووی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ هەرێمەکە دەگرێتەوە، شتێکی ئاساییە. بەگووتەی ئەو شرۆڤەکارە، لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بۆتە هاوپەیمانێکی ستراتیژیی بەهێزی سیاسی و نێوخۆیی، مەبەست لە مامەڵەکردنی وڵاتانی کەنداویش لەگەڵیدا پتەوکردنی ئەم پەیوەندییانەیە، بەتایبەتیش کە "حکومەتی کوردستان دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆییەکەی بەهێز بووە".

ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە 25ـی سێپتەمبەری ساڵی 2017ـدا ئەنجام درا و بەپێی ئەنجامەکان زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان بەڕێژەی 92% بە بەڵێ دەنگیان دا و ڕێژەی بەشداری گەیشتە ٧٢٪. حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ڕیفراندۆمەکە پابەندەکییە، مەبەست لێی دەستپێکردنی بوونیادنانی دەوڵەت و دەسپێکی گفتوگۆیە لەگەڵ ئێراق نەك ڕاگەیاندنی دەستبەجێی سەربەخۆیی. بەڵام حکومەتی فیدراڵیی ئێراق و وڵاتانی دراوسێ شەرعیبوونی ڕیفراندۆمەکەیان ڕەت کردەوە. بەگشتی وڵاتانی کەنداو سەنگ و قوڕساییەکی سیاسی و ئابوورییان لە ناوچەکەدا هەیە، ژمارەیەك لە وڵاتانی جیهانیش هەوڵی سوودمەندبوون لەم سەنگ و قوڕساییە دەدەن، بەتایبەتی لە بواری وەبەرهێنان، ئەوەیش واتە هاتنەناوەوەی ئابووریی بەهێزی وڵاتانی کەنداو بۆ هەرێم نەك تەنیا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئێراقیش بەشێوەیەکی گشتی دەکات. بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە ژمارەیەك لەو سەرچاوانەی کە دەکرێت لەلایەک کۆمپانیا تایبەتمەندە بیانییەکان وەبەرهێنانیان تێدا بکرێت، وڵاتانی کەنداو دەتوانن لەم ڕووەوە ئامادەییان هەبێت. لەلایەکی دیکەوە "یوسف وەلید" لێکۆڵەری ئابووری دەڵێت، هەرێمی کوردستان خاوەن سروشتێکی جوانە کە سرووشتەکەی بە یەکێك لە دیارترین سەرچاوەکانی داهاتی دانیشتووانەکەی دادەنرێت، بەتایبەتی کە بۆتە هاوینەهەواری دانیشتووانی پارێزگاکانی دیکەی ئێراق. سرووشتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە پڕۆژەی گەشتیاریی جۆراوجۆر هەیە. یوسف وەلید دەڵێت، "ئابووریی کلیلی سەرکەوتنی پەیوەندییەکانی دەرەوەیە". دەشڵێت، "وڵاتانی کەنداو دەتوانن سوود لە پێویستیی بەپەلەی هەرێمی کوردستان بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان وەربگرن کە هەلی کار بۆ دانیشتووانەکەی دەڕەخسێنێت و سەرچاوە داراییەکانی زیاد دەکات، ئەوەیش بە مەبەستی پتەوکردنی ڕۆڵی کەنداوی عەرەبی لەو ناوچەیە کە ئێران ڕۆڵی تێدا هەیە. ئاشکراشە مەبەستی ئێران فراوانکردنی هەژموونی خۆیەتی لە نێو هەرێمەکە، پاشان سوودی ئابووری".

لەلایەن خۆشیەوە "کیتاب میزان"، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت؛ هەرێمی کوردستان پێویستی بە هاوپەیمانێکی بەهێز هەیە لە ناوچەکە کە "پشتیوانیی بیرۆکەی دەوڵەتی کوردی لە ئێراقدا بکات" ناوبراو دەڵێت، هەرێمی کوردستان پێویستی بە هاتنەناوەوەی وەبەرهێنان و کۆمپانیاکان هەیە، هەروەها گەڕان بەدوای هاوپەیمانێکی نوێ، بەتایبەتی دوای دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە هەرێمەکە لەدوای ڕیفراندۆمەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، "میزان" دان بەوەدا دەنێت کە وڵاتانی کەنداو لە ئێستادا پشتیوانیی ئاڕاستەی سەربەخۆیی هەرێم ناکەن، بەڵکوو پشتیوانیی یەکگرتوویی "ئێراق" دەکەن و کێشەیان نییە لەوەی پشتیوانیی کەسایەتییە شیعییەکان بکەن، وەك موقتەدا سەدر کە لە ماوەی دوواییدا بینیمان.

"دیبلۆماسییەتی کەنداو"

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی یەکێك لەو وڵاتانە بوو خێرا پشتیوانیی هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان تێیدا کرد، نزیکەی دە ساڵیشە کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە پایتەختی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە. لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا "موحەممەد ئەلعەسیری" کونسوڵی نوێی سعودیە لە کوردستان، جەختی لەسەر پێداگریی خۆی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکاندا کردەوە. لەلایەن خۆشیەوە نووسینگەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر پێشوازی لە کونسوڵی نوێی سعودیە لە هەرێم کردووە و دڵنیایی داوە لە پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پشتیوانییەكی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ سەرخستنی ئەرك و کارەکانی کونسوڵخانەی سعودیە لە هەرێمی کوردستان.

"بن زاید"

بەپێی بەیاننامەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری ڕابردوودا، "شێخ تەمیم بن حەمەدی دووەم"، ئەمیری وڵاتی قەتەڕ لەگەڵ "نێچیرڤان بارزانی" تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد، لەوانە پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و دوایین پێشهاتە هەرێمییەکان. هەر بەپێی بەیاننامەکە، هەردوولا ئامادەیی هاوبەشیان دەربڕی بۆ "زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوولا و پتەوکردنی وەبەرهێنان و، ڕێكکەوتن لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندیی بەهێز لەبارەی ئەو پرسانەی گرنگیی هاوبەشیان هەیە". لە 24ـی مانگی ئاداری ڕابردووشدا، "شێخ موحەممەد بن عەبدولڕەحمانی دووەم" گەیشتە بەغدا و پاشان سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێراق و هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە. لەمیانی کۆبوونەوەشی لەگەڵ وەزیرەکەی قەتەڕ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی بە کردنەوەی کونسوڵخانەی قەتەڕ لە هەولێر دەربڕی و بە دەرفەتێکی گونجاوی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان قەتەڕ و هەرێمی کوردستان لە قەڵەمدا.

"قەتەڕ"

بوونی ئێران، ناتوانرێت باس لە هاریکاریی کەنداو لەگەڵ ئێراقدا بکرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئێران کە لە تەواوی ئێراقدا بە پشتبەستن بە پارت و میلیشیا لایەنگرەکانی، خاوەن ڕۆڵێکی کاریگەرە. چاودێرانیش جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە میلیشیاکان لایەنگرییان بۆ ئێران هەیە و لە چەندان شاری ئێراق خاوەن هەژموونن، بۆیە دروستبوونی پەیوەندیی باش و ئەرێنی لەنێوان بەغدا و وڵاتانی کەنداو کارێکی زەحمەتە. ئێرانیش ترسی هەیە لەوەی دەستکەوتەکانی لە ئێراق لەدەست بدات، کە کردوویەتی بە ڕێڕەوێك بۆ وڵاتە عەرەبییەکانی دیکەی وەك سووریا و لوبنان، ئەوەیش وای لێ دەکات هەوڵی شکستپێهێنانی هەموو جۆرە پێشکەوتنێك لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی کەنداو لەگەڵ کوردستان و ئێراق بدەن.  لەمبارەیەوە "کیتاب میزان" دەڵێت؛ "نەبوونی هەژموونی ئێران لە کوردستان هۆکاری جووڵەی وڵاتانی کەنداوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کوردستان"، ئاماژە بەوەش دەکات کە لە ئێستادا کوردستان تاکە دەستتێوەردانی ئێران و دەستتێوەردانی دەرەکیی تێدا نییە، ئەوەیش یەکێکە لە هۆکارەکانی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

لەبارەی پەیوەندییەکانی ئێرانیش لەگەڵ کوردستان، "میزان" دەڵێت پەیوەندییەکان ناوە ناوە و لاوازن و ئاماژە بە جیاوازییەکانی نێوان هەردوولا دەکات، کە دیارترینیان بریتییە لە دژایەتیی هەژموونی "ئێران" لە کوردستان، کە بۆتە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکان گرژییان تێبکەوێت. بەر لەوەیش، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بووە هۆی دروستنەبوونی پەیوەندیی بەهێز. "میزان" بڕوای وایە کە مەترسی لە هەموو لایەکی ناوچەکەوە دەوری کەنداوی داوە، کە ڕووبەڕووی مەترسی و فراوانخوازیی ئێران دەبێتەوە بەهۆی بوونی میلیشیاکانی ئێران و، ئەو میلیشیایانەی ناوچەکە کار بۆ برەودانی بەرچاو بە هەژموونی ئێران دەکەن.

نووسین: کامل جمیل، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی هەواڵی خەلیج ئۆنڵاین

وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا



ئه‌م بابه‌ته 465 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر