پرۆسەی بە جیهانیبوون لەبەردەم پێداچوونەوەدا

لە دوای رووخانی دیواری "بەرلین" کە هێمای لێکجیاکردنەوەی جیهانی سەرمایەداریی و جیهانی کۆمۆنیستی بوو، بووە هۆی باڵادەستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
AM:11:01:15/10/2021
دۆسیە: شیکار


دكتۆر هیوا مەجید خەلیل
دکتۆرا لە گەشەسەندنیی سیاسیی، زانكۆی سەلاحەدین.


"پێشەکی"

پرۆسەی بە جیهانیبوون، یەکێک لەو دیاردە جیهانییانەیە کە لە دوای ساڵانی ١٩٩٠ و تاکجەمسەربوونی جیهانی، توانی بەسەر زۆربەی رێکخراوە جیهانییە سیاسی و ئابوورییەکان زاڵبێت و یاساکانی پەیوەندیی بازرگانی لەسەر ئاستی جیهاندا دابڕێژێتەوە و وڵاتان ناچاربکات بەرەو بەتایبەتکردنی کەرتی ئابووری و کرانەوەی سنوورەکان بەڕووی ئاڵوگۆڕی کاڵاکاندا بکاتەوە و زۆرجار ملکەجی یاسا سەپێنراوەکانی وڵاتانی زلهێزی جیهان بن بە بیانۆی بازرگانیکردن و سەرهەڵدانی جیهانی ئازاد. بەڵام بەسەرهەڵدانی چین وەک زلهێزێکی ئابووری و دواتر هەوڵدانی رووسیا بۆ دووبارە بەدەستهێنانەوەی پێگەیەکی باڵاتر لە یەکلاکردنەوەی هاوکێشە سیاسیی و ئابوورییەکان و دواتریش سەرهەڵدانی پەتای کۆڕۆنا کە بە پێچەوانەی بانگەشەکانی بەجیهانیبوون کە داوای کرانەوەی سنوورەکان دەکات، کەچی پەتای کۆڕۆنا بووە هۆی داخستنی سنوورەکان، گشت ئەمانە هۆکارن کە لە حاڵی حازردا، زانایانی بوارەکانی سیاسەت، ئابووری و یاسای نێودەڵەتی پێداچوونەوە بە دەسکەوت و زیانەکانی پرۆسەی بە جیهانیبوون بکەن. لەم گوتارەدا تیشکدەخەینە سەر ئەم پرۆسەیە.

"پرۆسەی بەجیهانیبوون چییە؟"

لە دوای رووخانی دیواری "بەرلین" کە هێمای لێکجیاکردنەوەی جیهانی سەرمایەداریی و جیهانی کۆمۆنیستی بوو، بووە هۆی باڵادەستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەرفەتێک هەم بۆ سیاسەتمەدارە رۆژئاواییەکان وهەمیش بۆ زانایانی بواری سیاسی و ئابووری ئەم وڵاتە و وڵاتانیتری ئەورووپای رۆژئاوا رەخسا، سەر لە نوێ لە روانگەی خۆیان و بە پێی بەرژەوەندی وڵاتانی رۆژئاوا، پێناسەی جیهان بکەنەوە. بە تایبەتیش لە دوای راگەیاندنی پرۆسە چاکسازییەکانی "میخائیل گۆرباچۆف" سەرۆکی ئەو کاتی یەکێتی سۆڤییەت لە ناوەراستی ساڵانی ١٩٨٠ هەر دوو بیرۆکەی پرۆستۆریکا و گلاسنۆستی بۆ چاکسازیی سیاسی و ئابووری لە ناو حزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەت و وڵاتانی یەکێتی سۆڤییەت راگەیاند، دواجار بووە هۆی رووخانی ئەم یەکێتیە. زانایانی وەک فرانسیس فۆکۆیاما لە پەرتووکێکدا بە ناونیشانی ''کۆتایی مێژوو و دوایین مرۆڤ'' کە لە ساڵی ١٩٩٢ بڵاوکرایەوە، باس لەوە دەکات کە گشت ئایدیۆلۆژیا و جیهانبینییەکانی رکابەری سەرمایەداریی و لیبرالیزم، بە درێژایی مێژوو شکستیان هێناوە و باشترین سیستەم بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاکان و جیهان سەرمایەداریی پشتبەستراو بە لیبرالیزمە. ئەمەش یارمەتیدەری "جۆرج واکر بووش" سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایدا کە رووخانی یەکێتی سۆڤییەتی بە دەرفەت بزانێت و ''سیستەمی نۆیی جیهانیی'' (New World Order) راگەیاند بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. دەکرێ هێرشی ئەمریکا بۆ سەر "ئێراق" لە ساڵی ١٩٩٠ بە یەکەم تاقیکردنەوەی ئەم سیستەمە نوێیە هەژمار بکرێت. ئەگەرچی راگەیاندنی ئەم سیستەمە لە ساڵی ١٩٨٩دا بوو و مەبەستی سەرەکی لەم ستراتیژە پارێزگاریکردن بوو لە سەقامگیریی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ بەڵام دواتر سیاسەتی ئەمریکا گۆڕانی بەسەردا هاتوو و ئەم سیستەمەی بۆ بەرفراونبوونی هەژموونی ئەمریکا وەکارخست، هەر بۆیەش دەبینین کە لە سەردەمی "بیل کلینتۆن"، ئیدارەی ئەمریکا بۆ چواردە خالەکەی و "درۆ ویلسۆن" سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی دەگەڕێتەوە، کە بۆ بەرفراوانکردنی هەژموونی سیاسی و ئابووری ئەمریکا داوای پێدانی ماف بە گەلان و رێزگرتن لە دیموکراسی و لە رووی ئابووریشەوە دیموکراسی بە بێ بوونی سیستەمێکی کاپیتالیزم بە بوون نایێت. بە کورتی مێژووی سەدەی بیستەم و گۆڕانکارییە جیهانییەکان بە تایبەتیش لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی دەرفەتی بە ئەمریکا بەخشی تا هەژموونی خۆی بەرفراوانتر بکات و رێساکانی گەمەی سیاسی و ئابووری لەسەر ئاستی جیهان دابڕێژێتەوە و جاری پرۆسەی بە جیهانبوون لێبدات.

بۆ ئەم مەبەستەش، پێناسەیەکی زۆر سادەیان لە بارەی بەجیهانیبوونەوە داڕشت تا لەلایەن کۆمەڵگانەوە پەسەندکراو بێ. لەم پێناسە سادەیەدا بەجیهانیبوون بریتیی لە ''هاتووچۆی ئازادنەی کاڵا، ئایدیا و مرۆڤەکان''. پێناسەیەک کە لە یەکەم روانیندا، هەمە پەسەندە، بەڵام لە واقیعدا جێبەجێکردنی سەختە. چونکە دەکرێ پرسیارێک بوروژێنرێت کە بریتییە لەوەی کە ''وڵاتانی جیهانی سێیەم و دواکەتوو چ جۆرە کاڵایەک و ئایدیایەک هەناردەی وڵاتانی پێشکەوتوو دەکەن؟''. هەروەها ئەزموونی ئەم سی ساڵەی رابردوو سەلماندوویەتی هاتوچۆی ئازادانەی مرۆڤەکان بوونی نییە و دەوڵەت-نەتەوەکان رۆژبەرۆژ سنورەکانیان بەهێزتر دەکەن. هەر یەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تورکیا و ئیسرائیل دیواریان لە نێوان خۆیان و وڵاتانی دراوسێ لە سەر سنوورەکاندا دروستکردووە؛ ئەمەو سەرەڕای دیواری گەورەی چین. ئەگەرچی لە پێناسەی سەرەوە لە پرۆسەی بە جیهانیبووندا دەرفەت بە یەکسانی بۆ هەموو وڵاتان و کۆمەڵگەکان رەخساوە، بەڵام راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی قەرزەوە کە ٢٧ ساڵ دوای راگەیاندنی سیستەمی نوێی جیهانی دەرچووە ئاماژەی پێچەوانە لەخۆدەگرێت. 

بە پێی راپۆرتی رێکخراوی "کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان" بۆ بازرگانی و گەشەسەندن (unctad)، قەرزی وڵاتانی لە دۆخی گەشەسەندندا چ ئەوانەی کە زۆر هەژارن و چ ئەوانەی کە لە دۆخێکی دارایی باشتردا دەژین بە سێکتەرەکانی حکومی و ناحکومی و قەرزی ناوخۆیی و دەرەکییەوە، تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٨، دەگاتە ١٩٪ یاخود دوو قاتی، کۆی گشتی بەرهەمی ناپوختەی نیشتیمانی (GDP) ئەم وڵاتانە. بە گوێرەی راپۆرتەکە ئەم ئاستەی بەرزەی قەرزداریی تەنیا خراب بەڕێوبردنی کەرتی ئابوریی ناوخۆیی ناگەرێتەوە بەڵکو بۆ خراب بەڕێوەبردنی کەرتی دارایی لە ئاستی نێودەوڵەتیش دەگەڕێتەوە. ئەوەی جێگەی تێبینیکردنە بەڕێوەبردنی ئابووری جیهانی زۆرتر لە دەست وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندایە و هەر خودی ئەم وڵاتانەشبوون کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە رێکخراوەکانی بازرگانی و داراییان لەسەر ئاستی جیهان دامەزراند. لێرەشەوە لە بۆچوونەکانی قوتابخانەی وابەستەیی نزیک دەبینەوە کە لەو بڕوایەدان هۆکاری سەرەکی دواکەوتووی وڵاتانی هەژار و پاشکەوتوو بۆ نەزمی دارایی سیستەمی جیهانی کاپیتالیزم دەگەڕێتەوە. لە هەمان راپۆرتدا ئاماژە بەوە دەکات کە بڕیاری وڵاتانی G20 لە کۆبوونەوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٠، بۆ هەڵپەساردنی دانەوەی قەرزی دەرەکی وڵاتانی قەرزدار تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠،  ٧٣ لەو ولاتانە لە خۆ دەگرێت کە یان هەژارترین وڵاتن لە ئاستی جیهاندا یاخود لە رووی قانونییەوە ناتوان لە ئەنجوومەنی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDA) قەرز وەرگرن. بە پێی راپۆرتێکی بانکی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٠دا، بڕی ئەو پارەیەی کە کرێکارە بیانییەکان (کۆچکەر) بۆ خێزانەکانیان لە وڵاتانی هەژار و کەم دەرامەت دەناردەوە، نزیکەی ١٩.٧٪ کەم دەکاتەوە و بۆ ٤٤٥ میلیار دۆلار دادەبەزێت بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ کە ئەم بڕە بریتیی بوو لە ٥٥٤ میلیار دۆلار. ئەم بڕە پارەیەش سەرچاوەیەکی سەرەکی هاتنی دراوی بیانی بۆ وڵاتانی هەژار و کەم دەرامەت هەژماردەکرێت بە تایبەتیش دوای رەچاوکردنی ئەم مەترسییەی کە بە هۆی پەتای کۆرۆناوە نزیکەی ٣٥٪ سەرمایەگوزاریی راستەوخۆی دەرەکی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەم وڵاتانەدا وەستاوە.

هەڵبەت لە سەرەتای ئەم سەدەیە دۆخەکە بە بەراود بە سەردەمی کۆڕۆنا بۆ وڵاتە هەژارەکان باشتر نەبووە. بە پێی ڕاپۆرتی گەشەسەندنی مرۆیی لە ساڵی ٢٠٠٢دا، لە کۆی ٥٠ وڵاتی ئەفریقیا ٢٩ وڵات، لەبری تەرخان کردنی زۆرترین ڕێژەی داهاتەکەیان لە کەرتی تەندروستی، زۆرترین داهاتەکەیان بۆ دانەوەی قەرزەکانیان تەرخان کردووە. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندوستی جیهانی (٢٠١٣)، کە بە ڕاپۆرتی 'قەرز' ناو نراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە 'لە حاڵی حازردا، ٤١ وڵات بە وڵاتی هەژاری زۆر قەرزدار ناسراون،  ٣٣ لەم وڵاتانە لە ئەفریقیان، چوار لە ئەمریکای لاتین، سێ لە ئاسیا و یەک وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، کۆی گشتی قەرزی وڵاتانی لە دۆخی گەشەسەندندا لە ساڵی ١٩٩٥دا، ٤١٪ کۆی گشتی بەرهەمی ناپوختەی نیشتیمانی (GNP) ئەم ولاتانەی پێکدێنا. لە کاتێکدا، کە کۆی گشتی ئەو هاوکارییە داراییانەی کە وەریانگرتبوو کەمتر بوو لە ٠.٩٪ ی کۆی گشتی بەرهەمی ناپۆختەی نیشتیمانی ئەم وڵاتانە'٨. واتە پتر لە ٤٠٪ بریتی بوو لە سوودی قەرز کە بەسەر وڵاتە هەژارەکاندا سەپێنرابوو.

"پەتای کۆڕۆنا و بە جیهانیبوون"

بەسەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا کۆمەڵێک بۆچوون لە سەر ئاستی جیهانی و لۆکاڵی سەریانهەڵدا کە لەوبڕوایەدا بوون پرۆسەی بەجیهانیبوون یان دەوەستێت یاخود گۆڕانکارییەکی ریشەیی بەسەریدا دێت. پێش قبوڵکردن یاخود رەتکردنەوەی ئەم بۆچوونە پێویستە کۆمەڵێک بابەت باس بکرێن. لەم بارەوە هێنری کێسێنجەر لەو بڕوایەدایە کە لە جیهانی دوای کۆرۆنا، جیهان رووبەڕووی پەشێووی ئابووری و سیاسی دەبێتەوە، پەیمانە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئاستی لۆکاڵی و جیهانی هەڵدەوەشێنەوە و ئەم هەڵوەشاندنەوەیەش کاریگەریان لەوانەیە بۆ چەندین نەوە بەردەوام بن. "کێسێنجەر" بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لەو بڕوایەدایە کە هیچ وڵاتێک و تەنانەت ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ناواتوانێت بە تەنیا رووبەڕووی ئەم پەتایە ببێتەوە بەڵکو پێویستی بە هاوکاری جیهانییە. "جۆزێف نای" لەگەڵ "کێسێنجەر" هاوڕایە کە رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا پێویستی بە هاوکاریی جیهانی هەیە، بەڵام بە پێچەوانەی کێسێنجەر لەو بڕوایەدا نییە کە ئەم پەتایە گۆڕانکاریی بەسەر رەوتی بە جیهانیبووندا بهێنێت، چونکە هەندێ بابەتی ژینگەیی و سرووشتی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی مرۆڤن و هاتووچۆی زانیارییەکانیش هەر بەردەوامدەبن. ئەگەرچی بە بڕوای جۆزێڤ نای لەوانەیە ئیدارەی ئەمریکا هەڵە بکات و گورز لە پرۆسەی بە جیهانیبوون و نەزمی ئێستای جیهانی بوەشێنێت. لە پرۆسەی بەجیهانیبووندا، چ لەسەردەمی کۆرۆنا و چ لە پێش کۆڕۆنا کۆمەڵێک بابەت هەن کە گۆڕانکارییان بەسەردا ناێێت، وەک بەکارهێنانی بەرفراوانی ئینترنێت، سوودوەرگرتن لە کولتورەکانیتر، بەکارهێنانی دۆزینەوەکان لە ئاستی جیهانی، بەردەوامبوونی شەڕەکان، جەنگی بازرگانی و پەیوەندییە بازرگانییەکان، کێشەکانی پەیوەست بە ژینگە و دەیان بابەت و کێشەیتر.

سەرەڕای ئەم دوو بۆچوونەی سەرەوە، دەتوانین بڵێین کە لە سەردەمی کۆرۆنادا دوو پرۆسەی دژ بەیەک، بەڵام هاوکات هاوتەریبی یەکتر هاتنە ئاراوە؛ 
یەکەم؛ سۆلێدارێتی یاخود هاوسۆزی لەسەر ئاستی جیهانی و وەک یەک هەڵسوکەوتکردنی مرۆڤەکان بە رێزپەڕێکی چەند وڵاتێکی کەم نەبێت وەک به‌رازیل. بۆ نموونە، ماسک گرێدان، دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتی، دەستشۆردن و نیگەرانبوون لە داهاتووی نادیاری ئەم پەتایە نیگەرانی هاوبەشی مرۆڤەکان بوو.

دووەم؛ داخستنی سنوورەکان و ململانێی مانەوە. بۆ نموونە، تەنانەت لەسەر ئاستی ئەوروپاش، وڵاتان دەستیانکرد بە دەستگرتن بەسەر ئەو پاپوڕانەی کە ماسک دەگوازنەوە؛ رێگەنەدان بە هاوڵاتی وڵاتانیتر کە بێنە ناو سنووری وڵاتێکیتر. تەنانەت لە دابەشکردنی ڤاکسینی دژە کۆڕۆناش، ئەولەوییەت بۆ وڵاتانی پێشکەتووی رۆژئاوا، ئیسرائیل و ژاپۆن بوو. 

لە ئاستی جیهاندا هاوسۆزییەک لەبارەی چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا هاتەکایەوە، ترس خەسڵەتی سەرەکی ئەم قۆناغەبوو کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بۆ هاوسۆزیی هاندەدا. بەڕێوەبردنی نمایشتە کولتووریی و هونەرییەکان لەسەر ئاستی جیهان ئەویش لە رێگەی ئینتەرنێت، بڵاوکردنەوەی ڕینماییەکانی تەندروستی، چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بەشێک لەم هاوسۆزی و سۆلیدارێتیە بوون. دەکرێ لەسەر ئاستی جیهانی بەڕێوەبردنی کۆنسێرتی ''یەک جیهان پێکەوە لە ماڵەوە'' (one world together at home)  بەرجەستەترین هێمای هاوکاریی هونەرمەندانی جیهان بوو بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ رێکخراوی تەندروستی جیهانی. هاوکات سنوورەکان داخران، شارەکان قەرەنتینەکران و خەڵک لە ماڵ مانەوە. واتە بە تەواوەتی لێکدابڕانێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی دروستکرا. ئەم لێکدابڕانە لە پێناو مانەوەبوو. هاوکات لەسەر ئاستی جیهانی ململانێی دەوڵەتان بۆ پاراستنی نەتەوەکانیان سەریهەڵدا، یەکتر تۆمەتبارکردن، دانی پارەی زۆرتر بە کۆمپانیاکان بۆ کڕینی پێداویستییە پزیشکییەکان، دزینی ماسکەکان خەسڵەتی سەردەمی کۆرۆنا بوون. لەم قۆناغەدا هەم رێکخستن (قەرەنتنیە ناوخۆییەکان) هەمیش پشێووی (داخستنی سنورەکان) تەحه‌کومی بە جیهان دەکرد. لەگەڵ ئەمەشدا خودی بە کارهێنانی چەمکی جیهانی پێش سەردەمی کۆرۆنا و جیهانی پاش سەردەمی کۆرۆنا، دابەشکردنێکی جیهانیی لە ئەدەبیاتی سیاسی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیدا بەبوون دێنێت و توێژینەوەکانی تایبەت بە ئاستی جیهانی و نێودەوڵەتی لەم چوارچێوەیەدا دەخولێنەوە. 

لەم پەشێوییەی سەردەمی کۆڕۆنادا، ئەوەی کە جێگەی سەرنجە راپۆرتەکەی حکومەتی بەریتانیاییە کە لە مانگی ٣ی ساڵی ٢٠٢١ بڵاوکردۆتەوە بە ناوی؛
Global Britain in a competitive age The Integrated Review of Security, Defence, Development and Foreign Policy.

لەم راپۆرتەدا کە دیدگا و سیاسەتی "بەریتانیا" تا ساڵی ٢٠٣٠ دەخاتەڕوو، بەریتانیا بە ئاشکرا دەڵێت؛ کە پێویستە سیستەمی ئێستای جیهانی بگۆڕدرێت. واتە بە بڕوای به‌ریتانیا ئەو یاساییەی کە ئێستا تەحەکوم بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکات و لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد ئەمریکا ئەم سیستەمەی بە ناوی ''سیستەمی نوێی جیهانی'' راگەیاند، چیتر بەرگەی ئەم دۆخە ناگرێت. بریتانیا باس لەوە ناکات کە ئەم سیستەمە خراپە و لە بنەماکانی لیبرالیزم و ئازادی هاتووچۆی کاڵاکان لادەدات، بەڵکو داوا دەکات کە دەسەڵاتی "به‌ریتانیا" لە ئاست رووداوە جیهانییەکان بەرفراوانتر بکرێت. مەترسی ئەم بۆچوونەی به‌ریتانیا لەوەدایە، کە رێک بە پێچەوانەی پرۆسەی بەجیهانیبوون دێت. لە ئەدەبیاتی بەجیهانیبووندا وەها پێناسە دەکرێت، کە بەجیهانبوون پرۆسەیەکە تەواوی خەڵک، کۆمەڵگاکان و کولتوورەکان بەشداریی لە داڕشتنیدا دەکەن. بەڵام بەپێی ئەم راپۆرتەی حکومەتی بەریتانیا، وەها دەردەکەوێت کە وەک پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆن و گەشەسەندن، بە جیهانیبوونیش دەبێتە پرۆسەیەکی راستە هێلی. واتە پرۆسەیەک کە وڵاتە پێشکەوتووە بەپیشەسازیبووەکان، بەسەر وڵاتانی دواکەوتوودا دەسەپێنن.


"پوختە"

جیهان لەسەردەمی بەجیهانیبووندا رووبەڕووی گرفتی جیددیی بووەتەوە واتە چیتر قەیرانە ئابوورییەکان، گرفتە ژینگەییەکان و نەخۆشییە گوازراوەکان و جەنگە ناوخۆییەکان بابەتی ناوخۆیی نین، بەڵکو بابەتی جیهانین. کشانەوەی هێزە هاوپەیمانەکان لە "ئەفغانستان" کە بووە هۆی کۆچی خەڵکی ئەم وڵاتە بۆ دەرەوە، چیتر ناکرێ وەک بابەتیکی ناوخۆیی "ئەفغانستان" هەژماربکرێت. سووتانی دارستانەکانی تورکیا، ئیتالیا، قبرس، ئەلجەزایر، رووسیا و ئەمریکا، وەک ئاماژەیەک بۆ گەرمبوونی گۆی زەوی هەژماردەکرێت کە مەترسی لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی و ژینگەی جیهانی دروستدەکات. لەم روانەگەیەوە مادەم ئەم رووداوانە کاریگەریی لەسەر کۆی گشتی مرۆڤەکان دروستدەکەن، کەواتە لە پرۆسەی بەجیهانیبوونی پاش سەردەمی کۆرۆنا پێویستە 'شوناسێکی گشتی مرۆڤایەتی'' بێتەکایەوە کە تێدا گشت مرۆڤەکانی جیهانی بە چاوی ''ئێمەی گشت'' سەیری یەکتربکەن. ئەگەرچی هاتنەدی ئەم رۆئیایە سەختە، بەڵام شتێک کە لە واقیعدا بوونی نەبێ مانای هەڵەبوونی شتەکە ناگەیێنێت.

1.WHO (2013a) Debt, [Online], available at: http://www.who.int/trade/glossary/story014/en/index.html 
2.UNCTAD, From the Great Lockdown to the Great Meltdown: Developing Country Debt in the Time of Covid-19, April 2020, https://unctad.org/en/PublicationsLibrary/gdsinf2020d3_en.pdf 
3.World Bank, World Bankd Predicts a Sharpest decline in remittances  in recent History, 22 April 2020, https://www.worldbank.org/en/news/press-release/2020/04/22/world-bank-predicts-sharpest-decline-of-remittances-in-recent-history
4.      العربیة، کیسنجر یدق ناقوس الخطر:العالم مابحد کورونا لیس کما ماقبلە، ٥/٤/٢٠٢٠

5.https://www.alarabiya.net/ar/arabandworld/americanelections2016/2020/04/05/%D9%83%D8%B3%D9%8A%D9%86%D8%BA%D8%B1%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%85%D8%A7%D8%A8%D8%B9%D8%AF%D9%83%D8%B1%D9%88%D9%86%D8%A7%D9%84%D9%8A%D8%B3%D9%83%D9%85%D8%A7%D9%82%D8%A8%D9%84%D9%87%D9%88%D9%86%D8%B8%D8%A7%D9%85%D8%AF%D9%88%D9%84%D9%8A%D8%AC%D8%AF%D9%8A%D8%AF-%D9%8A%D8%AA%D8%B4%D9%83%D9%84-#
6. JOSEPH S. NYE, No, the Coronavirus Will Not Change the Global Order, FP, APRIL 16, 2020, https://foreignpolicy.com/2020/04/16/coronavirus-pandemic-china-united-states-power-competition/


ئه‌م بابه‌ته 448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر