ئۆریانتالیزم ،زانست یان هەژموون

بوونی ئاڕاستەی جیاواز لەناساندنی ئەم چەمکە، دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییەی کە پێویستە بە میتۆدێکی زانستی خوێندنەوە بۆ ئەم چەمکە بکەین، دوور لەلایەنگیری.
PM:10:34:22/09/2021
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - دەستەواژەو چەمک


ژیان جەلال
نوسەر و چالاكوان


دەربارەی زاراوەی "ئۆریانتالیزم" و کەسی "ئۆرینتالیست" و مێژووی سەرهەڵدانی ئەم چەمکە بیروڕای جیاواز هەیە. لەسادەترین دەربڕیندا "ئۆریانتالیزم" بریتیە لەزانستی توێژینەوە لەخۆرهەڵات، بەڵام بەپێی قۆناغە مێژووییەکان گۆڕانکاری بەسەر ناوەڕۆکی ئەم چەمکەدا هاتووە، ئۆریانتالیزم تەنها زانستێک نییە بۆ توێژینەوە لە خۆرهەڵات، بیرمەند و خۆرهەڵاتناس (ئیدوارد سەعید) لە کتێبە بەناوبانگەکەی بەناوی (ئۆریانتالیزم)کە لەساڵی ۱۹۷٨بڵاویکردەوە پێی وایە ‌"ئۆریانتالیزم گوتاری باڵادەستی و هەژموونی خۆرئاوایە بەسەر خۆرهەڵاتدا"

بوونی ئاڕاستەی جیاواز لەناساندنی ئەم چەمکە، دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییەی کە پێویستە بە میتۆدێکی زانستی خوێندنەوە بۆ ئەم چەمکە بکەین، دوور لەلایەنگیری، واتە ئۆرینتاڵیزم دەشێت هەر دووحاڵەتەکە بێت، لەلایەک زانستێک بێت بۆ لێکۆڵینەوە و بەدۆکیۆمێنتکردن،  ڕەنگە خۆرهەڵاتییەکان خۆیان ئەوەندە خزمەتیان بە مێژوو و کولتووری خۆیان نەکردبێت،ۆلەهەمانکاتدا هۆکارێک بووە بۆ بەریەککەوتنی شارستانییەتی نێوان خۆرئاواو خۆرهەڵات، ئەم جیاوازی بیروڕایە بۆ کەسی خۆرهەڵاتناسیش (ئۆریانتالیست)هەمان شێوەیە، ئەگەر بەتەنها بەو زانایانە بوترێت خۆرهەڵاتناس کە توێژینەوەی زانستییان لەم ناوچەیە کردووە، ئەوا مافی ئەو کەسانە پێشێل دەکەین، وەک بازرگان و گەڕیدە و گەشتیار و وێنەکێش و هەواڵگریی و خوێندکار، هاتوونەتە ئەم ناوچەیە و زانیارییان کۆکردۆتەوە، نمونەی (مارکۆپۆلو ،دێلاکروا... )، هەروەها کەسانی ئایینیش چوونەتە خۆرئاوا لەناوەندە مەعریفییەکانی ئەوێ خوێندویانە، زانیاری باشیان گەیاندۆتە خۆرئاوا.

(محەمەد ئارکۆن) ئەو بیرمەندەی دیدێکی مەعریفی و ڕەخنەگرانەی هەیە بۆ پەیوەندی نێوان خۆرئاوا و خۆرهەڵات. لەبارەی مێژووی سەرهەڵدانی خۆرهەڵاتناسی دەکەوینە بەردەم چەندین بیروڕای جیاواز، چونکە بابەتێکی پنت فراوان و فرەشوێنە، هەندێک مێژووەکەی دەگەڕێیننەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی یازدە، هەندێکی تر دەیگەڕێننەوە بۆ بڕیارێکی مه‌جمەعی کەنیسەی ڤییەننا لەساڵی ۱۳۱۲ ،هەندێکی تر دەیگەڕێننەوە بۆ سەدەی دوانزە، کە قورئان وەرگێڕدراوە بۆ لاتینی و یەکەم فەرهەنگی (لاتینی ـ عەرەبی)یش دەرکەوتووە، هەندێکی تر دەیگەڕێننەوە بۆ قۆناغی ڕیفۆرمی ئایینی لەئەوروپا. مەکسیم  ڕودنسون دەڵێت "وشەی خۆرهەڵاتناس لە ئینگلتەرا لەساڵی ۱۷۷۹دەرکەوتوون، هەروەها وشەی (ئۆریانتالیزم) لە فەرەنسا لە۱۷۹۹ دەرکەوت. هەڵسەنگاندن بۆ "ئۆریانتالیزم"،دوو ئاڕاستە لەخۆدەگرێت، ئاڕاستەیەک دیدێکی نێگەتیڤی هەیە بۆ ئەم چەمکە، پێی وایە "ئۆریانتالیزم هۆکارە بۆ تووندکردنی گرژی و بەریەککەوتنی  نێوان ئەم دوو جیهانە، ئاڕاستەی دووەم پێی وایە "خۆرهەڵاتناسی ڕۆڵی هەبووە لە پەیوەندی ئاشتییانەی خۆرئاوا و خۆرهەڵات. ئەو ئاڕاستەیەی دیدێکی نێگەتیڤی هەیە بۆ "ئۆریانتالیزم" پێی وایە  پلاندانانی خۆرئاوایە دژی خۆرهەڵات و بەتایبەتیش جیهانی ئیسلامی، شەڕی بەریەککەوتنی کولتوری دروستکردووە، هەروەها بە تەوژمی کۆلۆنیالیزمی خۆرئاوا دەزانرێت.

بەڵام لەهەمانکاتدا؛ ڕاستییەک هەیە  لەناو خۆرهەڵات و جیهانی ئیسلامیدا، ئایدۆلۆژیایەک بوونی هەیە پرۆژە و دەستکەوتەکانی خۆرئاوا ناشرین دەکات. گرفتێکی تری بەرەی ڕەخنەگران ئەوەیە؛ پێیان وایە  "گوتاری ئۆریانتالیزم گوتاری سێنترالیزمی خۆرئاوایە، بیریارێکی وەک "ژاک دێریدا" ڕەخنەی تووند لە سێنترالیزمی خۆرئاوایی دەگرێت کە پێی دەوترێت (ئێرۆسێنترالیزم) واتە سێنترالیزمی ئەورووپا. لەناو ئەم دوو ئاڕاستە جیاوازە، ئاڕاستەیەکی تر هەیە کە "فرید هالیدای" پێی وایە پێدانی ڕۆڵی ڕەهای پۆزەتیڤ  یان نێگەتیڤ بە ئۆریانتالیزم لەلایەن کەمینەیەکەوەیە، نەک هەمووان، لەبەرئەوەی ناکرێت سوودەکانی بۆ خۆرهەڵات و جیهانی ئیسلامی بەهەند وەرنەگیرێت، لەبارەی ساغکردنەوە و کۆکردنەوەی تێکست و دەقە ئیسلامییەکان، هەروەها تابلۆو کارە هونەرییەکانی هونەرمەند و گەڕیدەکان بایەخی گەورەی هەبووە لەناساندنی خۆرهەڵات. لەلایەکی تر؛ وەزیفەی "ئۆریانتالیزم" توێژینەوەیە لەسەر کولتوور و ناسینی کولتووری خۆرهەڵاتە لە هەموو پنتەکانی (ئایین، زمان، دابونەریت، ئەتنۆگرافیا... ).

بۆ ناساندنی چەمکی کولتوور، تا ئێستا نەتوانراوە پێناسەیەکی گشتگیر و هەمەلایەنی بۆ بکرێت، "ئیدوار تایلۆر"پێی وایە کولتوور"ئەو گشتە ئاڵۆزەیە، فرە ناوەندە، زانست و هونەر بیرۆکە و یاسا و دابونەریت و سووننەتەکان دەگرێتەوە".هەندێکی تر پێیان وایە؛ کۆمەڵێک ڕەفتار و ڕەوشی کۆمەڵایەتی ناوکۆمەڵگەیە، وەک زمان، جلوبەرگ، هونەر، زانست ڕێوڕەسم، ترادیسیۆن. ئایینیش وەک بەشێک لەکولتوورلەدیدی خۆرهەڵتناسانەوە خوێندنەوەی بۆ کراوە، ئایینی ئیسلام و خوێندنەوە بۆ فکری ئیسلامی زۆرترین بەریەککەوتنی لێ بەرهەم هاتووە لەنێوان خورئاوا و خۆرهەڵاتدا، دەکرێت بڵێین؛ زۆرترین سەرنج و ڕەخنەکان لەئۆریااتالیزم بنەماکەی ڕەگەکەی‌ ئایینی بووە. 



ئه‌م بابه‌ته 363 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر