سێبەری درێژخایەنی ١١ـی سێپتەمبەر

هێرشە تیرۆریستییەکانی کانی 11ـی سێپتەمبەر کاریگەریی گەورەیان بەسەر سیاسیەتی نێودەوڵەتیی جێهێشت، بەڵام بەپێچەوانەی ئەو شێوازەی زۆرینە بۆی دەچن.
PM:01:32:20/09/2021
دۆسیە: شیکار


فڕانسیس فۆکۆیاما
نووسەر و ڕووناکبیری ئەمریکی، بە ڕەگەز ژاپۆنییە. شارەزای سیاسەتی دەرەوە. مامۆستا لە زانکۆی ستانفۆرد.


هێرشە تیرۆریستییەکانی کانی 11ـی سێپتەمبەر کاریگەریی گەورەیان بەسەر سیاسیەتی نێودەوڵەتیی جێهێشت، بەڵام بەپێچەوانەی ئەو شێوازەی زۆرینە بۆی دەچن. هەروەها سەلمێنرا کە ئیسلامی ڕادیکاڵ ئەو بزووتنەوەیە سیاسییە نییە کە پشتیوانانی هیوای بۆ دەخوازن و ڕۆژئاواییەکان ترسیان لێی هەیە. دەرئەنجامی دیار و بەرچاوی هێرشەکان بریتی بوو لە کاردانەوەی لەڕادەبەدەری ئەمریکا کە بووە هۆی هێرش بۆ سەر دوو وڵات و، کۆمەڵە جەنگێکی درێژخایەنی دژی تیرۆر و، لەکۆتاییشدا شکست و دابەزینی هەژموون و پێگەی ئەمریکا لە جیهاندا. ئەو پاشەکشەیەی ئەمریکاش لەو دیمەنە پاشاگەردانییانەی فڕۆکەخانەی کابول بەرجەستە بوون کە بەر لە ماوەیەك کەوتنە بەرچاوی جیهان.

لە مانگەکانی دوای هێرشەکان، ویلایەتە یەکگرتووەکان کەوتە ململانێ لەگەڵ ئەو پرسەی کە پسپۆڕانی کاروباری نێودەوڵەتی بە کێشەیەکی تەواو نوێ پێناسەیان کرد. وا پێدەچوو کە ڕێکخراوی قاعیدە، بە ڕابەرایەتیی ئوسامە بن لادن، لەسەر کووشتنی ئەمریکییەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆی سوور بێت. بەپێچەوانەی توندئاژۆ فەڵەستینییەکان یاخود سوپای کۆماری ئێرلەندا لە ڕابردوودا، ڕێکخراوی قاعیدە هیچ داوایەکی دیاریکراوی نەبوو؛ بەڵکوو دڵخۆشی و ئامانجی بن لادن ئەوە بوو کە لەبری ئەو نزیکەی 3 هەزار هاووڵاتییەی کوژران، سێسەد هەزار یان سێ ملیۆن هاووڵاتیی ئەمریکی بکووشتایە. گەر بن لادن دەستی بە بۆمب یان چەکی ئەتۆم بگەیشتایە، ئەوا مەترسییەکان بەشێوەیەکی لەناکاو بەڕادەیەکی زۆر زیاد دەبوون و کاردانەوەگەلێکی تووندوتیژیان لەلایەن ئەمریکاوە بەدوای خۆیاندا دەهێنا. بەم شێوەیە هەر لە سەرەتاوە دەرکەوت کە بزووتنەوە ئیسلامییە تووندئاژۆیە جیهانییەکەی بن لادن ناکۆك و دژە لەگەڵ بەها بنەڕەتییەکانی ڕۆژئاوا.

بە ڕوانین لە ڕابردوو، دەبینین ئەو ترسانە لەڕادەبەدەر گەورە کراون. ئەوەیش ڕوون بووەوە کە دەستڕاگەیشتنی تیرۆرستان بە چەکێکی کۆمەڵکوژ ئەگەرێکی دوورە: تیرۆرستان بە بۆمب، چەك، چەقۆ و ئۆتۆمبێلەوە درێژە بە هێرشە خوێناوییەکانیان دەدەن، بەڵام لە ماوەی بیست ساڵدا هیچ دەستکەوتێکی دیار و بەرچاویان بەدەست نەهێنا، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئامانجەکانیان فێریان کردن چۆن باشتر خۆیان بپارێزن. گەورەترین کێشەیان بریتی بوو لەوەی کە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکان وەك جووڵانەوەیەکی سیاسیی جەماوەریی بڵاو نەبوونەوە. کردە تێکدەرانەکانیان لە شوێنەکانی وەك سۆماڵ، باکووری کینیا، ئەفغانستان، مالی، باکووری نەیجیریا و شوێنەکانی هاوشێوەیان بەردەوامییان هەبوو، بەڵام ئەو کردانە لە نێو هەژارنشینترین و لاوازترین ناوچەکانی سەر ئاستی جیهاندا گیرسابوونەوە. تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم لە کەسانی ناموسڵمان پێشوازییان لەو پرسە کرد، لە بەرانبەردا تەواوی وڵاتانی زۆرینە موسڵمان هەوڵ دەدەن لەژێر کۆنتڕۆڵدا بیانهێڵنەوە.

لە سەردەمی خۆیدا، شیوعییەت هێزێکی پەلکێشکردنی بەرفرەوانی هەبوو لەنێو خوێندەوار و ڕووناکبیرانی وڵاتانی پێشکەوتوو، ناسیۆنالیستە جەماوەرییەکاندا و ڕەگی خۆی لە وڵاتانی دیموکراتیی پتەوی وەك ویلایەتە یەکگرتووەکان داکوتابوو. بەپێچەوانەی ئەو جووڵانەوانە، ئیسلامیی ڕادیکاڵ شەپۆلێکی ئایدیۆلۆژی نییە کە هەڕەشە بخاتە سەر کڕۆکی سیستەمی جیهانی.
ئەوەی بووە هۆی ناسەقامگیری کاردانەوەی ئەمریکا بوو بۆ هێرشەکانی 11ـی سێپتەمبەر، بەتایبەتی هێرشی ئێراق. کە ئەمەیان جەنگێکی خۆپارێزی بوو لەسەر بنەمای ترسێکی درۆیین بەوەی کە سەدام حسێن پەرە بە چەکی ئەتۆمی دەدات و لەوانەیە ڕادەستی تیرۆریستانی بکات. دواتر ڕوون بووەوە کە هەڕەشەیەکی لەم چەشنە لەئارادا نەبووە، ئیدارەی جۆرج بۆشیش لە هێرشی دوو وڵاتی خاوەن زۆرینە موسڵمان لەیەك کاتدا هەڵسەنگاندنێکی زۆر خراپی لەڕووی تێچوون و سەخت و دژوارییەوە کرد.
ژمارەیەك لەو وانانەی لەو هێرشە درێژخایەنانەوە وەردەگیرێن پەیوەندییان بە سەختیی بوونیادنانی دامەزراوەی سیاسیی درێژخایەن و پتەوەوە هەیە، ئەو دامەزراوە سیاسییانەش بۆ ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی هەڕەشەی تیرۆر بە گرنگ لە قەڵەم دەدرێن. سێ ئامانجی ئەگەرلێکراو لەئارادا بوون: یەکەم، بوونیادنانی دەوڵەتێك کە بتوانێت دەسەڵاتی شەرعی و یاسایی لەسەر خاکی دەوڵەتەکەدا قۆرخ بکات. دووەم، دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەردەمیانە کە توانای فەراهەمکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی هەبێت لەسەر بنەمای یەکسانی. سێیەم، ئەو دەوڵەتە لەڕووی دیموکراتییەوە بەرپرس بێت بەرانبەر بە هاووڵاتییانی. 

هەر وەك ئەوەی دواتر ڕوون بووەوە، لەنێو سێ ئامانجەکەدا ئامانجی بوونیادنانی دیموکراسییەت ئاسانترین بوو لەڕووی بەدەستهێنانەوە. لە هەر یەك لە ئەفغانستان و ئێراق هەڵبژاردن، یاخود "پڕۆسەی نیمچە هەڵبژاردن" بەڕێوە چوون و لەسەر بنەمایەکی ڕکابەریی سیاسیی ڕاستەقینە سەرانی سیاسی هەڵبژێردران.

هەردوو وڵاتیش بەدەست بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و ساختەکارییەوە دەیانناڵاند، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردنەکان ئەنجامێکیان بەدەست هێنا کە تاڕادەیەك هاوشێوەی خواستی گەلانی سەرجەم وڵاتان بوو.

بەڵام ئەوەی بەدەستهێنانی سەخت بوو، بریتی بوو لە دوو ئامانجەکەی یەکەم. دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەردەمیانە کە خاوەن توانای زۆر بێت و گەندەڵیی تێدا کەم بێت، کە لە شوێنێکی تر بە "گەیشتەئاستی دانیمارك" وەسفم کردووە، دەرکەوت کە ئامانجێکە بەدەستهێنانی تەواو لەسەرووی توانای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەتی. سەرجەم ڕێکخراوەکانی گەشەپێدان لە جیهاندا شتێکی هاوشێوەی دانیمارکیان لە هزردا هەیە و پەیڕەوی پڕۆگرامەکانیان لە "حکومەتی نەبەز و دژە گەندەڵی" دەکەن. بەڵام دەوڵەتی ڕاستەقینە نزیکەی هەشت سەد ساڵی خایاندووە تا گەیشتۆتە ئەو پێگەیەی ئێستای، ناشبێت لە هیچ کاتێکی نزیك لە جیهانی ئەمڕۆدا پێشبینیی دەرەنجامی هاوشێوە بکەین لە هەژارترین شوێنەکان کە زۆرینەشیان لە دۆخێکی پاشاگەردانیدان.

ئەوەش زیاتر ئامانجە سادەکانی جێهێشت کە خۆی دەبینێتەوە لە دروستکردنی دەوڵەتێکی بچووك و پشتاوپشت دەبینێتەوە کە لەڕێی بەخشینەوەی پشتگیری (خزمخزمێنە) و داهات بە هاوپشکانی دەستوورەوە دەمێنێتەوە، ئەوەش لە حاڵەتی هەریەك لە ئێراق و ئەفغانستاندا خۆی لە چەندان گرووپی دیاریکراو لەڕێی نەژاد و تایەفەگەرییەوە دەبینێتەوە. بەشێك لە چاودێران ئەوە بە "هاوپەیمانییەتێکی پاداشت" ناو دەبەن، کە لەگەڵ ئەوەشدا هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی تووندووتیژی بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە لە ئێراق ئاسانترە وەك لە ئەفغانستان. هەرچەندە ئێراق لە سێ پارێزگای جیاوازی ئیمپڕاتۆڕییەتی عوسمانییەوە لێکدراوە، بەڵام مێژووێکی درێژتری دەسەڵاتی ناوەندیی دەوڵەتی هەیە بەراورد بە ئەفغانستان. حکومەتی هەنووکەی بەغداد دەسەڵات و سالارییەکی کەمی بەسەر پارێزگا کوردییەکانەوە هەیە، بنچینە کۆمەڵایەتییەکەشی لە کەمینەی سوننییەوە لە سەردەمی سەدام حسێن، بۆ زۆرینەی شیعی لە ئێستادا، ئەوەیش ڕەنگدانەوەی دانیشتووانی وڵاتەکەیە.

کێشەی بنەڕەتیی بوونیادنانی دەوڵەت لە ئەفغانستان لەکۆتاییدا لە کێشەی جوگرافیا و کەشوهەوادا کورت دەبێتەوە. وڵاتی دوو ڕووبار (ئێراق)ـیش نشینگە و شوێنی یەکێك لە سەرەتاترین دەوڵەتان بووە لە جیهاندا و، بەدرێژایی مێژووەکەی دەسەڵاتی جۆرێك لە جۆرەکانی دەوڵەتی لەسەر بووە. ناوچەکە (ئێراق) دەکەوێتە سەر دۆڵێکی بەپیتی لیتەیی کە خاکە تەختەکەی هاتوچۆی هێزە سەربازییەکان ئاسان دەکات، بەڵام هەرێمی کوردستان لەو یاسایەدا جیایە. لە بەرانبەردا، ئەفغانستان لە مێژووی لەمێژینەی خۆیدا هەرگیز دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێزی بەخۆیەوە نەبینیوە چونکە خاکەکەی زۆر شاخاوییە و لە سەرجەم لایەکانەوە بە کیانی بەهێز و هەژموونەوە دەور دراوە کە وەك ڕێڕەوێکی هێرش بۆ سەر شوێنەکانی تر بەکاریان هێناوە. ئیمپڕاتۆرییەتی مەغۆلەکان کە بۆ ماوەی چەندان سەدە لە دەلهییەوە حوکمی هیندستانیان کردووە لە ئەفغانستانەوە هاتن، بەڵام باکووری هیندستانیان زۆر بەلاوە گونجاوتر بۆ بوونیادنانی دەوڵەت و کیان. سەرەڕای پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا پەیوەندیی دوورمەودا و هێلیکۆپتەر، نە یەکێتیی سۆڤیەت و نە ئەمریکاش نەیانتوانیوە بەسەر ئاڵنگارییە دژوارەکانی جوگرافیای ئەفغانستاندا زاڵ بن.

شکستی بوونیادنانی دەوڵەت لە ئەفغانستان تەنیا بابەتی جوگرافی نییە. بەڵکوو وێڕای ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەو حکومەتەی ئەمریکا لە کابول دایمەزراند هەرگیز ئەو شەرعییەتەی بەدەست نەهێنا کە پێویستی بوو. گەر داهات بەشێوەیەك دابەش بکرایە کە هاووڵاتییان هەستیان بە ناسنامەی هاوبەش بکردایە، لەوانەیە سەرکەوتوو بووایە، بەڵام زۆرێك لە داهاتەکانی بۆ گیرفانی ئەو سیاسییانە چوو کە دوای ئەوە پارەکانیان بۆ هەژمارە بانکییەکانی دەوحە یان دوبەی گواستەوە. وەبەرهێنانی کەم لە پڕۆژەی بوونیادنانی دەوڵەتدا کرا، کە بریتین لە کۆمەڵێك هەست و هێمای هاوبەش کە هەستی ناسنامەی هاوبەش بە هاووڵاتییان دەبەخشێت.

شکستی ئەمریکا لە ئەفغانستان شکستێك نەبوو لە بوونیادنانی دیموکراتییەکی لیبراڵی هاوشێوەی ڕۆژئاوا. کێشەکە لەوە بنەڕەتیتر بوو، ئەویش شکست لە بوونیادنانی نزمترین ڕادە و سنوور لەو وڵاتەی دەتوانێت ڕادەیەکی دیاریکراوی دەسەڵات بەسەر لایەنی کەم بەشە شارستانییەکانی وڵاتەکە پراکتیزە بکات. 

لە ئێراقیشدا، هەڵەی گەورەکانی ئەمریکا بریتی بوو لەوەی سەرەتا هێرشی کردە سەر وڵاتەکە، هەڵوەشاندنەوەی سوپای ئێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریی گەورە لە بوونیادنانی وڵاتەکە. وتارەکەی بایدن لە 31 ـی ئاب ئاماژە بەوە دەکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وانەی لە هەڵەکان وەرگرتووە و بەنیاز نییە لە هیچ کارێکی زوودا لە هیچ شوێنێکی تر دەست بە پڕۆژەی هاوشێوەی بوونیادنانی دەوڵەت بکات.

ئەو پرسیاری دێتە پێشەوە بریتییە لەوەی: بۆچی ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرەتا ئەو هەڵانەی ئەنجام دا. وەڵامەکە بریتییە لە خۆبەزلزانی. هێرشەکانی 11 ـی سێپتەمبەر لە کاتێکدا بوون کە سەردەمی لووتکەی هەژموونی جیهانیی ئەمریکا بوو، ئەو هەژموونەی بە کەوتنی دیواری بەرلین دەستی پێ کرد و تا قەیرانە داراییەکەی ساڵی 2008 بەردەوام بوو. بەرپرسانی ئیدارەی جۆرج دەبلیو بۆشیش ناڕەزایەتییان دەربڕی بەوەی دەست بە جووڵە دەکەن بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکان لە تاران و دیمەشق و، پێکهاتە و هەیکەلی ناوچەکە بەو شێوەیەی لێدێتەوە کە ئەمریکا خوازیاریەتی. بەهۆی ئەوەی زلهێزەکانیش پشتیوانیی ئەفغانستان یان ئێرانیان نەدەکرد، بۆیە ئەمریکییەکان ئازادییەکی تەواویان هەبوو لە بینینی وەهمە پڕ مەترسییانە. سەرکەوتنی خێرای ئەمریکا لە ڕووخاندنی ڕژێمی تاڵیبان لە ساڵی 2010 ـدا ئەو وەهمەی دروست کرد کە ئەمریکا دەتوانێت لە سەرانسەری ناوچەکەدا کارێکی لەم شێوەیە ئەنجام بدات. 

هاوشانی ئەوەیش، سەرچاوەیەکی وردتری مەترسی وردتر بوو. زۆرینەی بەرپرسە کۆمارییەکانی ئیدارەی بۆش، وەك کۆندۆلیزا ڕایس و پۆڵ وڵفۆیتز، کۆتا جار لە حکومەتی ئیدارەی جۆرج بۆشی باوك خزمەتیان کردبوو لە کۆتایی جەنگی سارد. هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و کەوتنی زنجیرەیەك ڕژیمی شیوعییان لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بینیبوو، لەکاتێکدا ئەو ڕووداوانە بەبێ ئەوەی پێویست بکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یان ناتۆ جووڵە بە هێزەکانیان بکەن. وێنەی جەماوەری دڵخۆشکەر کە پێشوازییان لە ئازادبوونیان لە دیکتاتۆرییەت دەکرد لە شوێنەکانی وەك بەرلین و پڕاگ بەرچاو دەکەوت، هەروەها ڕژێمە دیموکراتییەکانی دواتر نەکەوتنە دۆخی پاشاگەردانی و ناکۆکییەوە، جگە لە یووگسلافیای پێشوو. دەشکرێت ئەو بەرپرسانەی سەرکردایەتیی هێرشی سەر ئەفغانستان و ئێراقیان دەکرد وێنەی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتیان لە هزردا دانابێت کاتێك بیریان لە ڕووداوەکانی دوای دەستتێوەردان لەو وڵاتانە کردۆتەوە. بەڵام دەبووایە سەرنجی زیاتریان بە یووگسلافیا و ئەو پاشاگەردانییە خوێناوییە بدایە کە هاوشێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەهۆی سیاسەتە بێناسنامەکان لە دوای کۆتاییهاتنی دیکتاتۆرییەت لە وڵاتەکە هاتە ئاراوە.

ئەزموونی ئەوروپای ڕۆژهەڵات ئاماژە بۆ ئەوە دەکات هەڵەیە گەر بڵێین لە شکستی وڵاتی ئەفغانستان ئەو وانەیە فێر بووین کە هەوڵە دەرەکییەکان بۆ بەهێزکردنی بوونیادی دەوڵەت هەمیشە و لە هەموو شوێنێکدا شکست دەهێنێت. وێڕای پاشەکشەی دواتر لە هەنگاریا و پۆڵەندا، بەڵام هەوڵەکانی ئەوروپا بۆ سەردەمیانەکردنی دامەزراوەکانی ئەندامە نوێکانی بەشێوەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بوون. پوختەی بابەتەکە بریتییە لەوەی بوونیادنانی دەوڵەت، بەتایبەت دەوڵەتێکی سەردەمیانە پرۆژەیەکی زۆر سەختە و تەنیا لە ژمارەیەکی کەم لە وڵاتانی جیهاندا سەرکەوتوو بووە. پڕۆژەیەکە بەر لە هەموو شتێك پێویستی بە دەستەبژێرێکی ناوخۆی کۆمەڵگە هەیە؛ دەکرێت لایەنەکان لەڕووی دەرامەت و ڕاوێژکارییەوە هاوکار بن، بەڵام لەکۆتاییدا یەکلاکەرەوە نابێت. بەڵام گەر پڕۆسەی بوونیادنانی دەوڵەت بەشێوەیەکی سەرکەوتوو ئەگەرێکی دوور بێت، ئەوا دەبێت سیاسەتی دەرەکیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وردتر بێت لە شێوازی دەستتێوەردان و بەکارهێنانی هێز لە دەرەوە. 

لێکەوتە درێژخایەنەکانی کاردانەوە بەرفرەوانەکەی ئەمریکا بەرانبەر بە هێرشەکانی 11 ـی سێپتەمبەر تەواو زیانبەخش بوون. ئەمریکا هەزاران سەربازی کوژرا و ترلیۆنان دۆلاری خەرج کرد لە بۆ هەوڵی خۆپاراستنی لە هەڕەشەگەلێك کە تاڕادەیەك هەڕەشەی سادە بوون. هەوڵەکانی پاساوهێنانەوە بۆ ڕەوایەتیدان بە جەنگی ئێراق وەك پرسێکی برەودان بە دیموکراتی خوودی بیری دیموکراتی لە چاوی زۆرێك لە سەرانسەری جیهاندا شێواند. سەرنجی ئەمریکا لەسەر هەڕەشە هەڵکشاوەکانی یاریکەرە گەورەکانی وەك ڕووسیا و چین و، ئەو کێشە نێوخۆییانەش نەما کە بەدرێژایی کات زیاتر دەبوون. ئەو جەنگە وێرانکەرانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاڵنەری سەرەکیی پۆپۆلیستی لە نێوخۆی ئەمریکا یان لە دەرەوە نەبوون، بەڵام ئەوە تەنێ یەك دانەیە لەنێو لیستی دوور و درێژی شکستەکانی ئەو دەستەبژێرەی کە بووە هۆی ئەو تێڕوانینەی کە چینی باڵا و دەسەڵاتداری گرنگی بە هاووڵاتییانی ئاسایی ئەمریکا نادات. لەکۆتاییدا لاوازبوونی هەژموونی ئەمریکا لە دەرەوە لە گەورەترین میراتی هێرشەکانی بەر لە بیست ساڵە.

وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا




ئه‌م بابه‌ته 345 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر