میر بەدرخان

دوای ئەوەی "بەدرخان" لە ساڵی 1835دا بارودۆخی لەشکەری، سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەهێز دەکات، هێدی هێدی خۆی بۆ دەوڵەتێکی کوردی ڕێکدەخات.
AM:12:33:19/09/2021
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا- کەسایەتیەکان


کەیهان محەمەد نەژاد
ڕۆنامەنووس


لە نێو مێژووی نەتەوەی کورد، زۆر کەسایەتی و بنەماڵەی کورد پەروەر هەڵکەوتوون، خزمەتییان بە نەتەوە و نیشتمانی خۆیان کردووە و بوونەتە گیانفیدای ئارمانجە ڕەواکانی نەتەوەی خۆیان،  خۆشی و دەوڵەمەندی لەلایان گرینگ نەبووە، هەموو هەوڵیان سەرکەوتنی نەتەوەکەیان بووە. یەکێک لەوان؛ بنەماڵەی بەدرخانییەکان بووە و لەنێو ئەم بنەماڵەیەدا گەلێک کەسانی ڕێبەر و ناودار هەڵکەوتوونە. "ڕوودیارد کیپ لینگ" (Rudyard Kipling) نووسەری به‌ریتانیایی دەڵێت؛  "ئەگەر مێژوو وەکوو چیرۆک گوترابا و دەرسیان دابا، هیچکات لە بیر نەدەکرا". ئەم وتەیەی "ڕوودیارد کیپ لینگ" ڕاستە، چونکە مێژووی ئێمەی کورد هەمیشە لە لایەن داگیرکەری  کوردستانەوە بە شێوەیەکی چەوت نووسراوە، ئێستا؛ ئەوەی بۆ ئێمە ماوە لە لایەن چیرۆکبێژ و دەنگبێژەوە، سینگ بە سینگ وتراوە و کەسانی نیشتمانپەروەر و نووسەر لێیان وەرگرن و بیانکەنە کتێب.

"بەدرخان ئەودال" یان بەدرخان بەگی کوڕی "عەبدوڵڵا بەگ"، لە ساڵی 1803 دا لە شاری جەزیرەی بۆتان سەر بە باکووری کوردستان لەدایک بووە. بەڵام سەبارەت بە ڕێکكەوتی لە دایکبوونی، بۆچوونی جیاواز هەن. هەندێک لە میژوونووسان دەڵێن "بەدرخان" لە نێوان ساڵانی 1803 هەتا 1806 لەدایک بووە. له‌ بنەماڵەی "عەزیزان" بوو. "شەرەفخان بەدلیسی" لە شەرەفنامەی خۆیدا نووسیویە؛ "بنەماڵەی عەزیزان پێشتر ئێزیدی بوون، دواتر بوونە بە موسڵمان". لێرەدا پێویستە بزانین میر "بەدرخان" لە کاتی دەسەڵاتداری خۆیدا چی کردووە و ئایا بۆ سەربەخۆی نەتەوەی کوردی خەباتی دەکرد یان تەنیا بۆ بنەماڵەی خۆی؟ میر بەدرخان هەر زوو دەگات بە دەسەڵات و لە ساڵی 1830دا ئیدارەی بۆتان بەدەستەوە دەگرێ. ئەو هەر زوو لەگەڵ "میری سۆران" میر محەممەد هاوپەیمانی دروست دەکات. پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەرمەنییەکان هەبوو، بڕیاری دابوو هەر کەسێک ژیانی هاوبەش لەگەڵ کچی ئەرمەنی پێکبهێنێت، هاوکاری دەکات. تەنانەت گەنجانی ئەرمەنیش لە ناو هێزە سەربازییەکانیدا بەشدار بوون و هێزێکی باشیان پێکهێنا بوو. چەندین ڕاوێژکاری ئەرمەنی وەک "دومیستیهان مانکۆلییان، ئوجانسی شاڵکترین و میرمارتۆ"  لە ناو هێزەکانیدا و دەوروبەری خۆیدا هەبوون. بۆ خۆپێگەیاندنی منداڵانی کورد هەوڵێکی زۆری دەدا، دەوترێ جارێک "میر بەدرخان" سەردانی یەکێک لە قوتابخانەکان دەکات و بە مامۆستاکەیان دەڵێت؛ "هەر مناڵیک لاپەڕەیەکی بە بێ هەڵە بخوێنێتەوە، پاشایەتی پێ دەبەخشم". لێرەدا دەردەکەوێ مەبەستی میر ئەوە بووە هانیان بدا باشتر بیخوێنن و بۆ داهاتووی کوردستان باندۆڕدار بن. هەوڵێکی زۆری داوە کەسانی خوێنەر بۆ ئەوەی ببنە پسپۆر و فێری زانیاری مۆدێڕن ببن، بەرەو ئورووپای دەناردن. خزمەتێکی گەورەی بە نەتەوەی خۆی کرد، لە کاتی دەسەڵاتی میر بەدرخاندا نە تەنیا دادپەروەری و بەرانبەرییەکی باش هەبوو، بەڵکوو کەسانی دز و گەندەڵیش نەبوون. ئەو لە کاتی دەسەڵاتداری خۆیدا بۆ ئەوەی نەتەوەکەی سەربەخۆ بێت و پێویستی بە یارمەتی هیچ لایەنێک نەبێت، دوو کارگەی بەرهەمهێنانی چەک و بارووت لە شاری جەزیرە دروست کرد. بێجگە کارگەی چەک و بارووت، دراویشی بە ناوی خۆی دروست کردبوو، لە لایەکی ئەم دراوە نووسیبووی "میری بۆتان بەدرخان" و لە لای دیکە نووسیبووی "1258ی کۆچی".

"میر" توانیبووی کەسانێکی زۆر بۆ لای خۆی ڕابکێشێ، هەر کەسێکیش تووشی تاوانێک ببوایە بە تووندی سزای دەدا و هەر کەسیش دزی کردایە دەستی دەبڕی، زەوی بە نرخێکی هەرزان دەدا بە جووتیاران، بە ڕێژەی سێ لە سەدی داهاتەکەی دەیاندا بە میر بەدرخان،  ئاستی ئەم داهاتە لە داهاتێک، دەوڵەتی عوسمانی لە جووتیارانی وەردەگرت زۆر کەمتر بوو. هاوکاری ماددی ئەو بنەماڵانەی دەکرد کە دەسکورت و کەم داهات بوون. هەر بۆیەش خەڵکی کوردستان میر بەدرخانیان خۆشدەویست. شێوازی فەرمانڕەوایی ئەوندە تووند بووە؛ تەنانەت کەسێک وەکوو دز و گەندەڵ لە سنووری دەسەڵاتیدا دیار نەبووە و ئەم ناوچەیە ئاسایشێکی گشتگیری بە خۆیەوە بینیبوو. لە کتێبە میژوویەکاندا باسیان کردووە؛ لەو کاتەدا دوو گەشتیاری ئامریکایی سەردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی میر بەدرخانیان کردووە و بۆ ماوەی چوار حەوتوو لەوێ مابوون و تووشی هیچ گرفتێک نەبووبوون، بینیبوویان خەڵکی ئەم دەڤەرە و سەرۆک عەشیرەکان چەندە میریان خۆشدەوێت و دیاریان بۆ میر دەبرد. هەوڵی دابوو هەموو ناوچەکانی کوردستان بە دەستەوە بگرێ، ئەو بۆ سەربەخۆیی کوردسان خەباتی دەکرد. کاتێک کە سووپای عوسمانی سەرقاڵی شەڕکردن لەگەڵ دەوڵەتی میسر بوو، میر ئەم هەلەی بە دەرفەتێکی باش زانی و پەرەی بە ڕزگارکردنی ناوچەکانی کوردستاندا، لە مووکریانەوە تاکوو بۆتانی ڕزگار کرد. دادپەروەری "میر بەدرخان" لە نێو مەزهەبیشدا بووە، لە باری یەکسانی و دادپەروەری میر بەدرخان، میر "جەلادەت بەدرخان"ی کوڕی دەڵێت؛ "لە جەزیرەی بۆتان  ڕووبارێک هەبوو ناوی "چەم جەهوو" یان ڕووباری "جەهوو" لە نزیک "ئبن عومەر" بووە. یەههوودییەکان بۆ ڕێوڕەسمی مەزهەبی خۆیان و بۆ بە جێهێنانی واجباتەکانی خۆیان دەچوونە سەر ئەم ڕووبارە، کوردەکانیش دەچوون ڕێیان لێ دەگرتن و دژایەتییان دەکرد. ڕۆژێک  "خا خام"ی یەهوودییەکان  دەچێتە لای "میر بەدرخان" سکاڵا دەکات و بە دەست ئیشارە دەکات بۆ شوێنەکە، بەڵام ناوی ئەم شوێنە ناهێنێ. میر پرسیار دەکات ئەو شوێنە کوێیە؟ بەڵام "خا خامی" یەهوودییەکان دیسان بە دەست ئیشارە دەکات، لەو کاتەدا "میر" پێ دەکەنێ و پێی دەڵێت؛ ناوی ئەم شوێنە "چەم جەهوو" واتە ڕووباری یەهوودییەکان یان جێگای پێکدادان. ئیدی "میر بەدرخان" بڕیار دەدات ئەم شوێنە تایبەتە بە یەهوودییەکان و نابێ هیچ کوردێکی موسڵمان بچێتە ئەم شوێنە و دەستێوەردان لەم شوێنە بکات".

دوای ئەوەی "بەدرخان" لە ساڵی 1835دا بارودۆخی لەشکەری، سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەهێز دەکات، هێدی هێدی خۆی بۆ دەوڵەتێکی کوردی ڕێکدەخات. جەزیرەی بۆتان وەکو پێتەختی کوردستان ڕادەگەیێنێت. لە ساڵی 1838، بۆ تێکشکاندنی دەسەڵاتی "سەعید بەگ" هاوکاری عوسمانییەکان دەکات. بە پێی نووسراوە مێژووییەکان، "سەعید بەگ" بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی هاوکاری میر بەدرخانی نەکردبوو. هەر دوای ئەم هێرشە لە ساڵی 1839، داوا لە میرەکانی کوردستان دەکات یەک بگرن، لە هەرێمی وان "مەحموود خان"، لە هەرێمی هەکاری "نووڕوڵڵا و فەتاح بەگ"، "خالید بەگ" سەرۆکی "هیزان"، لە هەرێمی مووش "شەریف بەگ"، لە قەرس و ئاجار "حوسەین بەگی کوێر"، میری هەرێمی ئەردەڵان، شێخ محەممەدی مووسڵی و شێخ یووسف زاخۆیی، وەکو زانا بەشداریان لە هاوپەیمانێتی میرەکان کرد. ئەوان دەستیان کرد بەهێزکردنی قەڵاکانی کوردستان و بۆ پاراستنی دەوڵەتی کوردی پێکەوە سوێندیان خوارد. زۆرێک لە مێژوونووسان و لێکۆڵەرەکان "میر بەدرخان" وەک "باوکی بزووتنەوەی کورد" و هەندێکیش بە "سەرکردەیی مەزنی لەشکەری" پێناسە دەکەن. کریس کۆچێرا دەڵێت؛ لە سەدەی نۆزدەهەمدا میر بەدرخان قارەمانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان بوو. لە 26-07-1847دا دەوڵەتی عوسمانی بە مەبەستی لەناوبردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، بە ئامادەکردنی هێزێکی گەورە کە "سوڵتان" ئامادەی کردبوو،  پێکهاتبوو لە 30 هه‌زار لەشکەر، 15 هه‌زار کرێگیراو و ٤٠ تۆپ"، هێرشی کردە سەر سووپای کوردان لە دەڤەری ورمێ و شەڕێکی گەورە ڕوویدا. بەڵام سووپای عوسمانی سەر نەکەوت و لە چەندین لایەوە تووشی شکست هات. چەندین تۆپ و چەکی سووپای عوسمانیش کەوتە دەستی سووپای کوردان. دوایی ئەم شەڕە میر "بەدرخان" بڕیارێکی گرینگیدا و سەربەخۆیی کوردستانی ڕاگەیاند، لە بۆتانەوە هەتا وان، مهاباد، ڕەواندوز، مووسل، وێرانشار، سۆرەک، ئامەد، شنۆ، سێرت، سینجار، ئاشنا و ئورمییەی خستە بن دەسەڵاتی دەوڵەتی کوردی.

بەم شێوە؛ دەسەڵاتدارانی عوسمانییەکان بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی کوردی چەندین ڕێگایان هەڵبژارد؛ یەکه‌م ڕێگا، ویستیان بە فێڵ دانوستاندن بکەن، ئەوان لە ڕێگای "مەلا مەحموود بایەزید"وە لە شاری "ئەرزڕووم" دانوستاندنیان لەگەڵ "میر بەدرخان" کرد، بەڵام هەر زوو دوای دانوستاندن هێرشیان کردە سەر جەزیرەی بۆتان و دەرکەوت کە ئەم دانوستاندنە تەنیا بۆ خۆ بەهێزکردنە، بەڵام لەم هێرشەشدا سەرکەوتوو نەبوو. بە هەر نرخێک بوو دەوڵەتی عوسمانی توانی هەندێ لە سەرکردەکانی کورد لەوان "یەزدان شێر" ئامۆزای میر بەدرخان و سەرکردەی هێزێکی سەربازی دەوڵەتی کوردی لە لای خۆیەوە ڕابکێشێ و "یەزدان شێر"یش بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ عوسمانییەکان شاری جەزیرە بۆتان پێتەختی کوردستان تەسلیمی عوسمانییەکان بکات، ئەم خیانەتەش بوو بە هۆی دابەزینی ورەی لەشکەری کورد لە جەزیرە بۆتان کارگەی چەک و تەقەمەنی لێ بوو. ‌‌‌‌‌‌‌بەم شێوە دوای بەرگریێکی کەم شاری جەزیرە کەوتە دەستی هێزەکانی عوسمانی و "میر بەدرخان" بە هێزیکی گەورە بەرەو قەڵای "کارۆخ"‌‌‌‌‌‌‌‌ چوو و لەوێش دوای ماوەیێکی زۆر شەڕ و پێکدادان، بەداخەوە لە 12-8-1847دا میر تەسلیمی عوسمانییان بوو. "میر بەدرخان" سەرکردەی قارمانی کورد دوای  ئەوەی چەندین جار لە شاری ئه‌سته‌نبوڵ دادگاییان کرد لە لایەن عوسمانییەکانەوە بۆ دوورگەی "کریت"ی یوونان دوور خرایه‌وه‌، بەڵام هۆکار چی بوو کە ئامۆزاكه‌ی میر بەدرخان خیانەتی لە دەسەڵاتی کوردی و دەوڵەتی کوردی کرد؟ هۆکاری خیانەتی "یەزدان شێر" ئەمە بوو؛ "کاتێک کە عوسمانییەکان هێرشیان کردە سەر قەڵای "کۆرنیل"ی سەعید بەگ، ئەو کات میر بەدرخان پشتیوانی عوسمانییەکان کردبوو. چونکه‌ "سەعید بەگ" خالۆی "یەزدان شێر" بوو. چەندین هۆکاری دیکەش هەبوون یەزدان شێر خیانەتی بە میر بەدرخان کرد.

دوای داگیرکردن و لە ناوبردنی دەوڵەتی کوردی بە سەرکردایەتیی "میر بەدرخان" لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە، هێزی عوسمانییەکان کاولکارییەکی زۆریان لە کوردستان بە دوای خۆیاندا بە جێهێشت، سەدان کەسی کوشت و زۆربەی خەڵکی کوردستانی لە زێدی خۆی دوور خسته‌وه‌ و، هەروەها دەستی بەسەر زەوی خەڵکدا گرت و ئەو زەوییانەی بە نرخێکی هەرزان بە بیانییەکان دەفرۆشت. میر بەدرخان ماوەیەکی زۆر لە دوورگەی "کریت"ی یوونان بوو. لە ساڵی 1858، سوڵتانی عوسمانی بڕیاری عەفووکردنی بەدرخانیدا. میر بەدرخان دوای ماوەیەک لە ئه‌سته‌نبوڵ ژیا، دواتر بەرەو "شام" ڕۆیشت و هەتا کۆتایی ژیانی خۆی، واتە لە ساڵی 1869 دا لەوێ مایەوە، میر بەدرخان کۆچی دوایی کرد، بەڵام نەوەیەکی بە پەروەردەی باش بە دوای خۆیدا بە جێهێشت. ناوی ناوچەی بۆتان وەکوو ناوچەیەکی نیشتمان پەروەر و کورد پەروەر لە ناو مێژووی کورد، تۆمار کرد. میر بەدرخان و بنەماڵەکەی هاوکاری و خزمەتێکی زۆریان لە بواری فەرهەنگ، مێژوو، وێژە و زمانی کوردیدا کردووە. کاریگەریی خزمه‌تی بنەماڵەی بەدرخانییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان دیارە. 



ئه‌م بابه‌ته 504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر