هندستان؛ دۆڕاوی دەسەڵات گرتنی تاڵیبان

دەسەڵات گرتنی "تاڵیبان" لە "ئەفغانستان" بۆ هەموو ئەکتەرەکانی ناوچە و جیهان، یەک واتای نییە، بەتایبەت هندستان.
PM:11:16:16/09/2021
دۆسیە: شیکار


دکتۆر محەمەد حوسێن زادە
نوسەر


"پێشەکی"

دەسەڵات گرتنی "تاڵیبان" لە "ئەفغانستان" بۆ هەموو ئەکتەرەکانی ناوچە و جیهان، یەک واتای نییە. هەندێ لە وڵاتان خۆیان بە براوەی دەسەڵات گرتنی "تاڵیبان" دەزانن و خۆشحاڵی خۆیان لەو گۆڕانکاریانەی ناوخۆی "ئەفغانستان" دەردەبڕن. "پاکستان" نموونەی ئەو وڵاتانەیە. دەستەیەکی تر لە وڵاتان، کە هێشتا لە هۆکاری گۆڕانکارییەکان، بە تایبەت هۆکارەکانی چوونەدەرەوەی "ئەمریکا" لە "ئەفغانستان" و لێکەوتەکانی دەسەڵات گرتنی "تاڵیبان" دڵنیا نین، هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرا وەرناگرن. ئەمە تەنانەت هەندێ لە وڵاتانی زلهێزیش دەگرێتەوە. بۆ نموونە، هەڵوێستی ڕووسیا لەو چوارچێوەیەدا دەگونجێت. بەڵام دەستەیەکی تر لە وڵاتان هەن کە خۆیان بە شیوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە بەردەم هەڕەشەی تاڵیباندا دەبیننەوە و هەست بە زیاترین مەترسییەکان دەکەن. "هندستان" نموونەی بەرچاوی ئەو جۆرە وڵاتانەیە. بە حەقیقەت ئەو وڵاتە ئەکتەری دۆڕاو یان لانیکەم زیاندیدەی سەرەکی گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان و دەسەڵات گرتنی "تاڵیبان" بە هەژمار دێت. بەڵام بۆچی هندستان لایەنی دۆڕاوە و هۆکارەکانی ئەو ئیدیعایە و بەڵگەکانی پشتڕاستکەرەوەی ئەو بانگەشەیە چین و کامانەن؟ من لەم کۆرتە نووسراوەیەدا هەوڵ دەدەم، وەڵامی ئەو پرسیارە سەرەکییە بدەمەوە و باس لە زیانەکان و مەترسییەکانی تاڵیبان بۆ هندستان و نیگەرانییەکانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە بکەم. بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا زۆر بە کۆرتی تیشک دەخەمە سەر ناوەڕۆکی پەیوەندییەکانی "هندستان" و تاڵیبان و هندستان و حکومەتی پێشووی ئەفغانستان. 

"هندستان و تاڵیبان"

"تاڵیبان" ماوەیەک دوای چوونەدەرەوەی یەکێتی سۆڤییەت لە ئەفغانستان و لە ناخی ئاڵۆزی و پشێوی و ناسەقامگیرییەکانی ئەو سەردەمەدا سەری هەڵدا. دوای شکست و پاشەکشێی یەکێتی سۆڤییەت، نیودلهی بە لەبەرچاوگرتنی بەرژوەندییەکانی خۆی، پشتیوانی لە حکومەتی نەجیبوڵا کرد. بەڵام تەمەنی ئەو حکومەتە تەنیا چوار ساڵ بوو و لە نیسانی ١٩٩٢، لە لایەن موجاهدینی ئەفغانەوە داڕووخا. گەرچی "هند" لە دەسەڵات گرتنی حکومەتێکی ئیسلامی زۆر ڕازی نەبوو، بەو حاڵەش پشتیوانی لە دەسەڵاتی "بورهانەدین ڕەبانی" کرد. بەڵام دەرکەوت حکومەتی موجهاینیش کە لە چەندین گرووپ و دەستە پێکهاتبوو و کێشە و ناکۆکی لە نیوانیان بوو، توانای بەڕێوەبردنی وڵات و پێکهێنانی حکومەتێکی یەکدەست و بەدیهێنانی یەکڕیزی نیشتمانییان نییە، بۆیە هەمدیسان ناسەقامگیری و پشێوی لەو وڵاتە هاتە ئاراوە. لەو پاشاگەردانیەدا، تاڵیبان یەکەمین کردەی سەربازی خۆی لە ڕۆژی ١٢ی تەشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٤ لە ناوچەی "سپین بولدک" لە نزیک ویلایەتی قەندەهار و سنووری "پاکستان" لە دژی یەکێک لە فەرماندەکانی حزبی ئیسلامی "ئەفغانستان" بە ناوی "مەلا ئەختەر جان" ئەنجام دا و دوای تێکهەڵچوونێکی قورس، دەستیان گرت بەسەر ناوچەی "چەمەن" لە باشووری ویلایەتی قەندەهار. پاشان شارەکانی قەندەهار، "غەزنی" و "مەیدان شار"یان لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی حزبی ئیسلامی دەرهێنا. دوای گرتنی شاری "چەهارئاسیاب" کە ناوەندی فەرماندەیی گۆڵبەدین حیکمەتیار بوو، تا ناوەڕاستەکانی ١٩٩٤ بەشێکی زۆر لە ویلایەتەکانی نیمڕوز، هیلمەند و فەراه و دواجار شاری هەرات کە لەژێر کۆنتڕۆڵی "ئیسماعیل خان"، ئەمیری گشتی پارێزگاکانی ڕۆژئاوا بوو، کەوتنە دەستی تاڵیبان. لە کۆتاییدا، ڕۆژی ٤ی ئەیلولی ١٩٩٦، کابوڵیش کەوتە ژێر دەسەڵاتی "تاڵیبان". لە ئایاری ١٩٩٧دا، شارەکانی مەزارشەریف و بامیانیش لە لایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە کۆنتڕۆڵ کران. بەو چەشنە، تاڵیبان لەژێر ناوی "ئەمارەتی ئیسلامی ئەفغانستانی" دامەزراند و تا ساڵی ٢٠٠١ و هێرشی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەمارەتە، بەسەر نزیکەی سێ لە چواری خاکی ئەو وڵاتە حوکمی کرد. 

بەدرێژایی تەمەنی تاڵیبان، "هندستان" پەیوەندییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەیە نەبووە، تەنانەت دوای دامەراندنی ئەمارەتەکەیان. دەسەڵات گرتنی "تاڵیبان" هەر لە سەرەتاوە بە یارمەتی ئیسلام ئاباد بوو و پاکستان و سعوودیە خێرا بە فەرمی دانیان بە ئەمارەتەکەدا نا، بۆیە "هندستان" ئەوەی لە بەرژوەندی خۆیدا نەدەبینییەوە. دوابەدوای دامەزراندنی ئەمارەتی ئیسلامی، باڵوێزخانەی "هندستان" لە کابوڵ داخرا و پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوانیان پچڕان. دوو مانگ دواترش، "کومار گوجرال"، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی هندستان لە لێدوانێکدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، بە دەربڕینێکی تووند، نەفرەت و بێزاری هندستانی لە کوشتنی نەجیبوڵا سەرۆک کۆماری پێشووتری ئەفغانستان و براکەی، بە دەستی تاڵیبان دەربڕی. ئەوەش پەیوەنییەکانی ئاڵۆزتر کرد. سیاسەتی دژایەتی نیودەلهی لەگەڵ تاڵیبان دوای ڕفاندنی فڕۆکەیەکی هندی لە ساڵی ١٩٩٩دا بەرجەستەتر بووەوە. هندستان گرووپێکی ئیسلامگەرای بە ڕفاندنی ئەو فڕۆکە تاوانبار کرد کە لە خاکی ئەفغانستان جێگیر بوون. فڕۆکەکە لە ویلایەتی قەندەهاری ئەفغانستان نیشتەوە و خێرا چەکدارانی تاڵیبان گەمارۆیان دا. دوای ئەوە گفتوگۆکان دەستیان پێ کرد و دەرئەنجام، سەرنشینەکانی فڕۆکەکە گۆڕدرانەوە بە سێ چەکداری زیندانیکراو. هندستان کە دژی تاڵیبان بوو، بەردەوام پەیوەندی گەرموگۆڕی لەگەڵ هاوپەیمانێتی باکوور لە ئەفغانستاندا هەبوو و یارمەتی بۆ ڕەوانە دەکردن. هەر ئەو هاوپەیمانێتیە بوو کە لە ساڵی ٢٠٠١دا یارمەتی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆی دا بۆ ڕووخاندنی "ئەمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان". ئەو هێرشە بە تەواوەتی لە ئاراستەی بەرژوەندییەکانی هندستان بوو، بۆیە پەیوەندییەکانی نیودەلهی و دەسەڵاتە نوێکەی ئەفغانستان بە تەواوەتی گۆڕدران و ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هات. 

"هندستان و حکومەتی پێشووی ئەفغانستان"

داڕووخانی تاڵیبان لە ئاراستەی بەرژوەندییەکانی هندستان بوو. دەسڵاتدارانی ئەو وڵاتە بە پشتبەستن بە هەبوونی ئەمریکا لە ئەفغانستان بڕیاریان دا لەو هەل و دەرفەتە بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لە کابوڵ زیاترین کەڵک وەربگرن. بۆ ئەو مەبەستە لە ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠١ باڵوێزخانەکەیان لە کابوڵ کردەوە و دوای ماوەیەک کۆنسولخانەکانیشیان لە شارەکانی جەلال ئاباد، هەرات، قەندەهار و مەزار شەریف کرانەوە. هندستان بەوە ڕانەوەستا، بەڵکو هەوڵی دا بە یارمەتیدان بە حکومەتی نوێ و پەرەپێدان بە هاوکارییەکان لە بواری ئابووری، سیاسی، بازرگانی و تەکنۆلۆژیا دەسەڵاتی نویی ئەفغانستان جێگیر و پتەو بکاتەوە و بەو جۆرە ڕێگری لە هێزگرتن و پەرەسەندنی گرووپە توندڕۆکان بکات. هەڵبەت یەکێکی تر لە ئامانجەکانیشی ڕێگریکردن لە باڵادەستی پاکستان بوو. هندستان وەکو دەرفەتێک سەیری کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی کابوڵ و ئیسلام ئابادی دەکرد و هەوڵی دەدا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەفغانستان لە هەموو بوارەکاندا پەرە پێ بدات. نیودەلهی بۆ ئەو مەبەستە لە بوارە جیاجیاکاندا هەم یارمەتی ئەفغانستانی دا و هەم سەرمایەگوزارییەکی بەرفراوانی کرد. 

بەگوێرەی زانیارییەکان، "هندستان" لە ساڵی ٢٠٠١وە نزیکەی ٣ ملیار دۆلار لە ئەفغانستان سەرمایەگوزاری کردووە. نیودەلهی مانگی تەشرینی دووەمی ٢٠٢٠ ڕایگەیاند، پلانی هەیە بۆ جێبەجێکردنی نزیکەی ١٥٠ پرۆژەی نوێ لە ئەفغانستان بە بەهای ٨٠ ملیۆن دۆلار. ڕێژەی سەرمایەگوزاری "هندستان" بە ڕادەیەک بوو کە ساڵی ٢٠٢٠، سوبرامانیام جایشانکار، وەزیری دەرەوەی هیند لە میانەی کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی ئەفغانستان ڕایگەیاند، هیچ بەشێک لە ئەفغانستان نییە کە پلانی "٤٠٠ پرۆژە"ی هیند کە لە ٣٤ ویلایەتی ئەفغانستاندا جێبەجێ دەکرێت، نەیگرێتەوە. درووستکردنی ئۆتۆبانی زەرنج- دلارام، کردنەوەی نەخۆشخانەی "ئیندیرا گاندی" و قوتابخانەیەکی مودێرن لە کابوڵ کە ١٣٠٠ هەزار قوتابی لە خۆ دەگرت و چاککردنەوەی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا، نموونەی ئەو پرۆژە ژێرخانەییانەن کە هندستان لە ئەفغانستان ئەنجامی داون. هەروەها چەندین وێستگەی ڕادیۆیی و تەلەڤزیونی بۆ ئەو وڵاتە دامەزراند. بەشداری هەبوو لە درووستکردنی چەندین بەنداو لە "ئەفغانستان" بە مەبەستی پێشخستنی پلانە ئاوییەکانی ئەو وڵاتە، هەروەها لە هەوڵی درووستکردنی چەندین جادەدا بوو کە لە ڕێگای چابەهاری ئێرانەوە دەگەیشتنەوە ئاسیای ناوەڕاست. جگە لەوانە، هیند زیاتر لە ٢٥٠٠ دیپلۆمات و هیزی ئەمنی بۆ ئەفغانستان ڕاهێنا. ساڵانە بڕە پارەیەکی بۆ خوێندنی هەزار خوێندکاری ئەفغانستانی لە هیندستان تەرخان کردبوو. لانیکەم سێ فڕۆکەی (ئەیر-باس)ی بە کۆمپانیای ئاسمانی ئاریانای ئەفغانستان بەخشی و کاری ڕاهێنانی کارمەندەکان و چاککردنەوە و پاراستنی ئەو فڕۆکانەی لە ئەستۆ گرت. نزیکەی ٣٠٠ پاسی بە هەدیە بەخشی بە ئەفغانستان. نزیکەی ٩٠ ملیۆن دۆلار یارمەتی ئەو وڵاتەی کرد بۆ کردنەوەی بینای نوێی پەرلەمان. ئەمە جگە لە یارمەتییە مرۆییەکان کە ڕادەستی دەسەڵاتی کابوڵی دەکرد. وەکو تاقە نموونەیەک، هندستان کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ٥ هەزار پێکوتەی کۆرۆنای وەکو یارمەتی ڕادەستی ئەفغانستان کرد. نیودەلهی لە زۆربەی کۆبوونەوە جیاجیاکاندا کە بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوە و یارمەتیدانی ئەفغانستان بەڕێوەدەچوون، بەشداری دەکرد. 
بازرگانی نیوان دوو وڵاتیش لە ساڵانی ڕابروودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببووەوە و لە ساڵەکانی ٢٠١٩-٢٠٢٠دا گەیشتە ١.٥ ملیار دۆلار. ، هندستان لە ساڵی ٢٠٢١دا، جۆرە جیاوازەکانی دەرمان، کەلوپەلی پزیشکی، کۆمپیۆتەر، چیمەنتۆ، جلوبەرگ و شەکری هەناردەی ئەفغانستان کرد. ڕێژەی ئەو هەناردە تا ڕووخانی دەسەڵاتی کابوڵ دەگاتە ٨٢٥ ملیۆن دۆلار. هەناردەی ئەفغانستانیش بۆ هندستان لە ساڵی ٢٠٢١دا گەیشتووەتە ٥٠٩ ملیۆن دۆلار. میوە، چەرەزات و ڕۆنی گیا ئەو کاڵانە بوون کە زیاتر هەناردە دەکران.  

هەڵبەت مەیلی پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان تاکلایەنە و تەنیا لە لایەن "هندستان" نەبوو. ڕابەرانی ئەفغانستانیش تامەزرۆی پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ نیودەلهی بوون. حامید کەرزای لە "هندستان" خوێندبووی. عەبدوڵا عەبدوڵا و ژەنڕاڵ دۆستم لە ئەندامانی هاوپەیمانێتی باکوور بوون کە هەر لە کۆنەوە پەیوەندی باشیان لەگەڵ نیودەلهی هەبوو، بۆیە هەر دوای ڕووخانی دەسەڵاتی تاڵیبان، سەردانی بەرپرسانی دوو وڵات دەستی پێ کرد. حامید کەرزای سەرۆک کۆماری پێشووی ئەفغانستان لە تەشرینی دووەمی ٢٠٠١ تا نیسانی ٢٠٠٧ پێنج جار سەردانی نیودەلهی کرد. گەرچی ئەشەرف غەنی سەرەتا هەوڵی دا بە دوورکەوتنەوە لە "هندستان" و نزیکبوونەوە لە "ئەفغانستان" زەمینەی گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیبان و جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە وڵاتەکەی دابین بکات، بەڵام بەو ئاواتەی نەگەیشت، بۆیە تا دواڕۆژ کە ئەفغانستانی بەجێهێشت پەیوەندی گەرموگۆڕی لەگەڵ نیودەلهی هەبوو. سەرەڕای هەموو ئەوانە، لە کاتێکدا کە پێدەچوو هندستان لە هەموو ئامانجەکانی نزیک بووەتەوە، دەسەڵاتگرتنی لەناکاوی تاڵیبان دوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، هندستانی کردووەتە دۆڕاوی یەکەمی گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان و پێدەچێت دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان زیاترین زیانی بۆ نیودەلهی بەداوە بێت. بەڵام ئەو زیان و مەترسییانە بۆ هندستان کامانەن؟ 

"زیان و مەترسییەکانی دەسەڵات گرتنی تاڵیبان بۆ هندستان"

یەکەم؛ گورزی گەورە و یەکەمی دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان لە ئەفغانستان پەیوەندی بە سەرمایەگوزاری و ئەو هەوڵانەی هندستانەوە هەیە کە لە بیست ساڵی رابردوودا ئەنجامی داون، من بە کۆرتی لە بەشی پێشوودا ئاماژەم پێ کردن، بۆیە پیویست ناکات لێرەدا دووپاتی بکەمەوە. تەنیا ئاماژە بەو خاڵە دەکەم کە لە ئێستادا چارەنووسی سەرمایەگوزارییە بەرفراوانەکەی نیودەلهی لە ئەفغانستان دیار نییە. 

دووەم؛ پەرەسەندنی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی یەکێکی ترە لە مەترسییەکانی دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان بۆ هندستان. بە وردی نازانرێت ژمارەی مۆسڵمانانی "هندستان" چەندە، داتا و ئامارە جیاوازەکان باس لە هەبوونی ١٤٠ تا ٢٠٠ ملیۆن مۆسڵمان لەو وڵاتەدا دەکەن و زۆر جاریش باس لەوە دەکرێت کە مافەکانیان پێ نادرێت و دەچەوسێنرێنەوە، دەگوترێت لە سەردەمی سەرۆکایەتی ناریندرا مۆدی، ئەو گۆشارانە توندتر بوونەتەوە. دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لەوە نیگەرانن کە دوای دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان پێگەی گرووپە ئیسلامییەکان لە هەموو شوێنێکدا پتەوتر بێتەوە و ورە و وزە بگرنەوە و بە کردەییش پەرە بە چالاکییەکانیان بدەن. بە تایبەت پەرەسەندنی ئایدۆلۆژیای تاڵیبان بۆ ناوچەکانی کەشمیر و جامبۆ زۆر جێگای نیگەرانییە هندستانە. ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٨٧وە لەو ناوچانەدا ڕووبەڕووی ناسەقامگیری و ناڕەزایەتییەکان بووەتەوە و هەمیشە مەترسی ئەوەش هەبووە ئەو کێشانە تەشەنە بکەنە ناو خاکی هندستان. گرنگترینی ئەو گرووپانەی کە لە کەشمیر چالاکی دەکەن و بەرپرسانی "هندستان" لێیان نیگەرانن، بریتین لە حزبی موجاهدین کە بنکەی لە مزەفەر ئابادی کەشمیرە، ئەلئەمرۆلموجاهدین، بەرەی ئیسلامی (جامبۆ و کەشمیر)، موجاهدینی بەدر، و بزووتنەوەی کیژانی نیشتمان. جگە لە حزبی موجاهدین کە زۆرینەی ئەندامانی دانیشتووی کەشمیرن، باقیەکەیان، ئەندامانیان لە وڵاتانی تر و بە تایبەت لە پاکستانن. هەروەها "هندستان" لە لەشکەری تەیێبە، جەیشی محەمەد و ئەلقائیدە کە بنکەیان لە ئەفغانستانە نیگەرانە و ئەو گرووپانە بە تیرۆریزم دادەنێت. بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەکانی ئەو گرووپانە لەگەڵ تاڵیبان، دەزگا ئەمنییەکانی هندستان لەوە نیگەرانن کە دۆخێکی هاوشیوەی سەراتاکانی نەوەدەکان لە کەشمیر بێتە ئاراوە. لەو سەردەمەدا، سەدان چەکدار کە لە شەڕەکانی ئەفغانستان بەشدار بوون، لە سنوورەکانی کەشمیر پەڕینەوە و دەستیان کرد بە  خۆپیشاندان لە دژی هند و ئەوەش توندوتیژی لێ کەوتەوە. نیودەلهی ئەوە بە مەترسییەکی جدی دادەنێت، بۆیە هەر لە ئێستاوە ژمارەیەکی زیاتر هێزی ئەمنی ڕەوانەی کەشمیر کردووە. جێگای ئاماژەیە، گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان لە کاتێکدان کە ناڕەزاییەکانی کەشمیر بە سەبارەت بە داسەپاندنی دۆخی تایبەت بەسەر ئەو ناوجەیەدا بە پێی مادەی ٣٧٠ی دەستووری هندستان کە لە ئابی ٢٠١٩دا پەسەند کرا، پەرەیان سەندووە و ئەلقائیدە پێشتر لە ئازاری ٢٠٢٠ لە ڕاگەیێندراوێکدا، داوای پەرەپیدان بە چالاکییەکانی لە ناوچەکانی جامبۆ و کەشمیر کردوەو. 

سێیەم؛ باڵادەستی پاکستان و دزەکردنی چین بۆ ناو ئەفغانستان دوای گۆڕانکارییەکانی ئەو وڵاتە دەتوانێت گورزێکی کوشندە بێت لە بەرژوەندییەکانی هندستان. چین و پاکستان ڕکابەری جدی و سەرەکی هندستانن. لە ڕاستیدا نیودەلهی، چەکدارانی تاڵیبان بە نوێنەری پاکستان دەبینێت. ئێستا دوای گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان، ئیسلام ئاباد دەتوانێت هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ و پەکین مەترسییەکی ناڕاستەوخۆ لەسەر "هند" بن و لە دژی بەرژوەندییەکانی ئەو وڵاتە بجووڵینەوە و کێشە و گرفت بۆ هندستان بێننە ئاراوە. تەنانەت دیار چارەنووسی هەندێ لە پرۆژەکان چی بەسەر دێت. بۆ نموونە بەرپرسانی هندستان هیوادار بوون لە ڕێگای ئەفغانستانەوە دەستیان بگات بە سەرچاوەکانی نەوت و گازی وڵاتانی ئاسیای ناوەندی، تەنانەت لەو بارەوە لەگەڵ پاکستان پلانی هاوبەشیان هەبوو و هاوکارییان دەکرد، ئێستا دیار نییە چارەنووسی ئەو هاوکاریانە چی دەبێت. 

دەکرێت زیان و مەترسییەکانی دوای دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان بۆ هندستان لەو سێ خاڵەدا کۆرت بکرێنەوە کە هەڵبەت زۆربەی بوارەکانیش دەگرێتەوە. بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە کە نیودەلهی هیچ دەرفەتێکی نییە و بێکار دادەنیشێت، بەڵکو بۆ پاراستنی زیاترین ڕێژەی بەرژەوەندییەکانی هەوڵ دەدات. 

"دەرفەتەکانی هندستان بۆ پاراستنی بەرژوەندییەکانی لە ئەفغانستان"

هەلومەرجی ئەفغانستان و پێداویستییەکانی تاڵیبان لە لایەکەوە و بەرفراوانی و زۆروزەبەندی سەرمایەگوزاری هند لە ئەفغانستان لە لایەکی ترەوە، هۆکارن بۆ ئەوەی هندستان نەک هەر بە تەواوەتی بێ هیوا نەبێت، بەڵکو بۆ پاراستنی زۆرینەی بەرژوەندییەکانی هەوڵ بدات. بە کۆرتی دەکرێت لەو سێ خاڵەی خوارەوەدا، ئاماژە بە دەرەفەتەکانی بەردەم هندستان بکرێت. 

یەکەم؛ تاڵیبان هەم پیویستی بە درێژەدان بە سەرمایەگوزاری و یارمەتییەکانی "هندستان" هەیە و هەم پێویستی بە درێژەدان بە پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە بە مەبەستی بەدەستهێنانی رەوایی و شەرعیەت و ئاساییکردنەوەی خۆی وەکو ئەکتەرێکی سیاسی لە ئاستی جیهاندا، بۆیە هندستان جێگای سەرنجی تاڵیبانە و ئەوە گەورەترین دەرفەتە بۆ هندستان. بەگوێرەی زانیارییەکان، چەند کاتژمێر دوای چوونەدەرەوەی دوایین سەربازی "ئەمریکا" لە ئەفغانستان و کۆتاییهێنان بە دوایین شەڕی ئەو وڵاتە، هند گفتوگۆی دیپلۆماتیکی لەگەڵ تاڵیبان دەستپێکرد. دیپاک میتال، باڵوێزی "هیند" لە قەتەر ڕۆژی سێشەممە ٣١ی ئاب لەگەڵ شیرمحەمەد عەباس ستانیکزای، لە ڕابەرانی مەکتەبی سیاسی تاڵیبان، لە ده‌وحە دیداری کرد. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە وەزارەتی دەرەوەی هیند ڕایگەیاند، ئەو دیدارە لەسەر داوای تاڵیبان ئەنجام دراوە، هەروەها رایگەیاند گفتوگۆکان سەبارەت بە ئاسایش و گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتیانەی هند بوو کە لە ئەفغانستان مابوونەوە، وتیشی نابێت خاکی ئەفغانستان بە هیچ جۆرێک بۆ چالاکی دژە هیندی و چالاکی تیرۆریستی بەکار بهێنرێت. نوینەرانی تاڵیبانیش لەو بارەوە دڵنیاییان بە باڵوێزی هند داوە. ئەو دڵنیاکردنەوە لە کاتێکدا دێت کە سۆهەیل شاهین، وتەبێژی مەکتەبی سیاسی تاڵیبانیش سپاسی سەرمایەگوزاری و یارمەتییەکانی هندی کردووە لە ئەفغانستاندا. ئەمانە نیشانەی هیوابەخشن بۆ هندستان و دەری دەخەن ڕابەرایەتی تاڵیبان لەوە تێگەیشتوون کە پێویستییان بەوە هەیە کە پێگەیەک بۆ هیند لە ئەفغانستان تەرخان بکەن، رەنگە ئەوە بەشیکیش بێت لە هەوڵەکانی تاڵیبان بۆ نزیکبوونەوە و کارکردن لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا. هەڵبەت خودی هندیش کە ئێستا واقعییەتەکان دەبینێت و نایەوێت بە تەواوەتی لایەنی دۆراوی گۆرانکارییەکان بێت، نەک هەر بێ مەیل نییە بە پەیوەندیگرتن بە تاڵیبانەوە، بەڵکو هەوڵی پەرەپیدان بە پەیوەندییەکان لانیکەم لەگەڵ بەشێک لە تاڵیبان دەدات کە لەژێر کاریگەری ئێران و پاکستاندا نین و بە باڵی "نەتەوەگەرا" ناسراون. تەنانەت هەندێک لە میدیاکان باسیان لەوە کردووە کە هندستان پێش داڕووخانی حکومەتی پێشوویش لەو ئاراستەیەدا هەندێ هەوڵی داوە و لانیکەم، لە ٢٠ ئەیلولی ٢٠٢٠دا، سوپرامانیان جایشنکار، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە دوحەی پایتەختی قەتەر بەشداری گفتوگۆکانی ئاشتی ئەفغانستانی کردووە و خۆشحاڵی وڵاتەکەی لە درێژەدان بە گفتوگۆکان دەربڕیوە. ئامانجی نیودەلهی لەو دیدارە ئەوە بووە کە بە چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، سەرمایە و بەرژەوەندییەکانی لەو وڵاتە پارێزراو بن. جگە لەوە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەیانویست دڵنیا ببێتەوە کە گرووپە چەکدارەکانی کەشمیر، بۆ نموونە لەشکەری تەیبە و جەیشی محەمەد، لە ئەفغانستان وەکو بنکەیەک بۆ هێرشبردن بۆ سەر کەشمیر کەڵک وەرناگرن. بە گشتی مەبەستی بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەو گفتوگۆیانە ئەوە بوو کە دڵنیا بێتەوە، ئەفغانستان لە ساڵانی داهاتوودا نابێتە هەڕەشەیەکی ئەمنی گەورە بۆ هندستان. ئەو پەیوەندیانە بە واتای تێگەیشتنی هندستان لە واقعیەت و لادان لە سیاسەتە توندەکانی حزبی دەسەڵاتداری "بەهاراتیا جاناتا" (BJP) سەبارەت بە "گفتوگۆنەکردن لەگەڵ تیرۆریستەکان" دێت. ئەمە دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ هەوڵەکانی هندستان بە مەبەستی پاراستنی بەرژوەندییەکانی لە ئەفغانستان. 

دووەم؛ ڕەنگە ڕووداوەکانی ئەفغانستان زیاتر لە پێشوو ئەمریکا لە هندستان نزیک بکەنەوە، بە تایبەت کە ئەمریکا لەو ساڵانەی دواییدا لە لایەکەوە لە هەڵویستەکانی پاکستان سەبارەت بە لایەنگری لە تاڵیبان و گرووپە تیرۆریستەکان نیگەرانە و پاکستانیش زیاتر بەرەو ڕووسیا ڕۆیشتووە و لە لایەکی ترەوە واشنتۆن پلانی گوشارخستنە سەر پەکینی هەیە. هەم چین و هەم پاکستان ڕکابەری سەرەکی هندستانن، بۆیە نزیکبوونەوەی زیاتری ئەمریکا لەو وڵاتە دەتوانێت پێگەی نیودلهی لە بەرانبەر ئەو دوو ڕکابەرەدا بەرز بکاتەوە. تەنانەت ئەمریکا دەتوانێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و بەرتەسککردنەوەی چالاکی گرووپە توندڕۆکان گوشار بخاتە سەر تاڵیبان. بێ گومان نیودهلی ئەوە وەکو دەرفەتێک سەیر دەکات و هەوڵ دەدات سوودی لێ وەربگرێت. 

سێیەم؛ هیند لە بەرانبەر پاکستان و چیندا، وەکو دەرفەتێک چاو لە ڕووسیا و بەتایبەت کۆماری ئیسلامی دەکات. کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هندستان پەیوەندی دۆستانە و بەرفراوانی هەیە. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە لە داهاتوودا پاکستان و تاران بە مەبەستی باڵادەستی لە کابوڵ بکەونە ناو ململانێ و پێشبڕکێ، چونکە کۆماری ئیسلامی لەم ساڵانەی دواییدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاڵیبان ئاسایی کردوونەتەوە و بگرە لە ڕووی ماڵی و چەک و تەقەمەنییەوە یارمەتی زۆری چەکدارانی تاڵیبانی داوە و ڕۆڵی هەبوو لە دەسەڵاتگرتنی ئەو گرووپە لە ئەفغانستاندا. ئەوە دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ هندستان بۆ ئەوەی لە ڕێگای تارانەوە کاریگەری زیاتر لەسەر بڕیارەکانی تاڵیبان دابنێت و لانیکەم لە ئاستی مەترسییەکان بۆ سەر بەرژوەندییەکانی نیودهلی کەم بکاتەوە. 


"ئەنجام"

"هندستان" یەکێک بوو لەو وڵاتانەی لەگەڵ حکومەتی پێشووی "ئەفغانستان" زیاترین پەیوندی هەبوو و بە شێوەیەکی هەمەلایەنە لەو وڵاتەدا چالاک بوو و سەرمایەگوزاریەکی بەرفراوانی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئەنجام دابوو، بەو جۆرەش ڕێگری کردبوو لەوەی پاکستان وەکو ڕکابەرێکی سەرەکی، لە شانۆی سیاسەتی ئەفغناستاندا پێگەیەکی هەبێت. بەڵام ئێستا لە لایەکەوە چارەنووسی چەندین ساڵ سەرمایەگوزاری ئەو وڵاتە دیار نییە و لە لایەکی ترەوە لەگەڵ پاکستانی باڵادەستدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە، لەپاڵ ئەوەشدا دەبێ نیگەرانی پەرەسەندنی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی بێت. بۆیە ئێستا هندستان یەکێک لە گەورەترین دۆراوەکانی گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان و دەسەڵاتگرتنەوەی تاڵیبان بە هەژمار دێت. بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە کە نیودلهی بە تەواوەتی لە ئەفغانستان دەکرێتە دەرەوە یاخود هیچ دەرفەتێکی لەبەردەست نابێت، بەپێچەوانەوە پیویستی "تاڵیبان" بە پەیوەندی لەگەڵ "هندستان" بە مەبەستی بەدەستهێنانی شەرعییەتی نێودەوڵەتی و هەروەها ڕاکێشانی سەرمایە و یارمەتییەکانی ئەو وڵاتە، ئەگەری نزیکبوونەوەی ئەمریکا لە هندستان و هەروەها هەبوونی ئەکتەرێکی وەکو ئێران لە ئەفغانستان نموونەی ئەو دەرفەتانەن کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەتوانن بۆ پاراستنی بەرژوەەندییەکانی خۆیان سوودیان لێ وەربگرن. هێشتا زووە بزانین دەرئەنجامی هەوڵەکانی هندستان چی دەبێت، بۆیە دەبێ چاوەڕوان بین بزانین بەرپرسانی ئەو وڵاتە چەندە دەتوانن لە دەرفەتەکان کەڵک وەربگرن. 


ئه‌م بابه‌ته 512 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر