خۆڕاگریی پەنجشیر یان دەنگی ناڕەزایەتیی ژنان

جەماوەری خەڵک بەتایبەت ژنان ڕژانە سەر شەقامەکان تاوەکوو ڕێگە لە دامەزراندنی ئەوەی تالیبان بە ناوی "ئەمارەتی ئیسلامی"ییەوە ناوی دەبات، بگرن.
PM:10:36:16/09/2021
دۆسیە: شیکار


چنور فەتحی
نووسەر


شۆڕشی ئەفغانستان دژ بە تالیبان لە چەندین بەرە و ڕووگەوە لە ئارادایە. لە لایەکەوە دۆڵی پەنجشیر و ئەو خۆڕاگرییەی لەوێدا بیچمـی گرتووە و چاوی دونیای لە سەرە، و لە لایەکی دیکەشەوە هاناهێنانی ژنانی ئەفغانستانی بۆ شەقامەکان و هەڵبڕینی دەنگی ناڕەزایەتییان لە زۆربەی زۆری شارە گەورەکانی ئەم وڵاتە دژ بە حکوومەتێک کە وا دیارە ژنان هیچ جێگە و پێگەیەکیان تتێیدا نابێت و بەم کارەشیان بوونەتە هۆی دڵگەرمی و گەلێک شڕۆڤەی هیوابەخش کە لە لایەن بیرمەندانی بواری ژنانەوە ئاراستە دەکرێت. جگە لەمانە لە دەرەوەی ئەفغانستانیش کۆمەڵێک چالاکی و هەوڵی پەڕگیر بۆ داماڵینی پەچە لە سەر داگیرکەران و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتیی جیهانیی لە سەریان خراوەتە گەڕ کە جێگەی ئاماژەن. لەم وتارەدا باسی دوو بەرەی خۆڕاگری و ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەم وڵاتە دەکەین؛ بەرەیەکیان کە لە پەنجشیر، وەک دەگوترێ بە سەرچاوە و هێمای خۆڕاگریی بەرامبەر بە تالیبان دادەنرێت، ئامادە نەبوون مل بە حکوومەتی دووبارەی تالیبان لەو وڵاتە بدەن و سەرباری شەڕ و کوشتاری چڕی ئەم ڕۆژانەی دوایی، هێشتاکە نەیانهێشتووە ئەو ناوچەیە بەتەواویی بکەوێتە ژێر ڕکێف و کۆنتڕۆڵی چەکدارانی داگیرکەری تالیبانەوە. بەرەیەکی دیکەش کە بە نیازین لێرەدا تاووتوێیەک بۆ کاردانەوەیان بەرامبەر بە داگیرکەران بکەین، ژنانی ئەم وڵاتەن.

هەروەک دەزانین دوای داگیربوونی بەشی هەرە زۆری خاکی ئەفغانستان لە لایەن تالیبانەوە، جەماوەری خەڵک بەتایبەت ژنان ڕژانە سەر شەقامەکان تاوەکوو ڕێگە لە دامەزراندنی ئەوەی تالیبان بە ناوی "ئەمارەتی ئیسلامی"ییەوە ناوی دەبات، بگرن. دیسانەوە ئەم ڕۆژانەی دواییش ژنان لە شارە گەورەکانی ئەفغانستان سەرباری هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر ڕێگایان، جارێی دی خۆپیشاندانی بەرین و پڕحەشیمەتیان لە شەقامەکانی کابۆڵ ڕێکخستەوە و دروشمی پاراستن و گەرەنتیی مافەکانی ژنان و ئازادییان لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا بەرز کردۆتەوە. ئەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شەیر دەکرێن نیشانی دەدەن کە تالیبان لە شاری کابۆل ئەم ڕۆژانە بە دار و تەسمە هێرش دەکەنە سەر خۆپیشاندانی هێمن و ئاشتی‌خوازانەی ژنان. 

ئەوەی کە یەکەم کۆبوونەوەکانی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان لە ئەفغانستان دژ بە سەرکوت و داگیرکارییەکانی تالیبان لە لایەن ژنانەوە بەڕێوە چووە و هەر بەو شێوەش بەردەوامە و لەم ڕۆژانەی دواییدا ئەکسیۆنێ گەورە لە کابۆلی پایتەختی ئەفغانستان دەنگداەنەوەیەکی جیهانیی هەبوو و زۆربەی هەرە زۆری میدیا پڕبینەرەکانی جیهان بە هەندەوە باسیان کردوە و شرۆڤە و لێکدانەوەیان لە سەر بڵاو کردۆتەوە، خۆی بە پلەی یەکەم نیشانەی گەشەی فیکری و ئازادخوازیی ژنانی ئەم وڵاتەیە. ئەم ژنانە دەیانهەوێ لەم ڕێگەوە دەنگی خۆیان بە هەموو جیهان بگەیەنن و ڕایبگەیەنن کە یەکەم توێژ کە لە لە ژێر دەسەڵات و زاڵێتیی حکوومەتی تالیباندا بەرەو ڕووی زوڵم و چەواساندنەوە دەبێتەوە، ژنانن. ئەزموونی بیست ساڵ پێشتریان بە نیسبەت دەسەڵاتداریی تالیبانەوە و یەخسیربوونی هەمەلایەنەیان لە لایەن ئەوانەوە، بۆ ئەم ناڕەزایەتی و هەست بە مەترسی‌کردنە هانیان دەدات. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەوان بۆ ماوەی بیست ساڵە کەم تا زۆر بە باشی لەم بابەتە گەیشتوون و هەستیان بە مەترسییەکانی مانەوە لە ژێر حوکمڕانیی تالیباندا کردووە. ژنانی بەناوبانگ و ناسراوی ئەفغان کاتژمێرە سەرەتاییەکانی داگیرکردنی وڵاتەکەیان لە لایەن تالیبانەوە پەنایان بردە بەر تۆڕ کۆمەڵایەتییەکان و ویستیان لەم ڕێگەوە باسی شێوازی ژیانی هەنووکەیی خۆیان لە وڵاتی ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی تالیباندا بە گوێی هەمووان بگەیەنن. ژنانی ئەفغان هەر لە  یەکەم ساتەکانەوە ڕایانگەیاند کە لەو داگیرکارییە تۆقیو و هەراسانن. لەوانەیە زیاتر لە هەر چین و توێژێکی دیکە لەم وڵاتەدا. 

تالیبانی ئێستا دەڵی گۆڕاوە و وەک ڕابردوو هەڵس و کەوت لەگەڵ ژناندا ناکات. بەڵام ئەم وتانە هیچ دڵنیاییەک بە ژنان نابەخشێت و ئەوان لە داهاتووی نادیاری خۆیان لەم وڵاتە دڵنیگەرانن. هەروەک بەدواداچوونەکانی ئەم چەند حەفتەش پێمان دەڵێن تالیبان سەرەتاکانی گەڕانەوەیان هەوڵیان دابوو وێنەیەکی هێورتر لە خۆ بخەنە ڕوو و باسیان لەوە کردبوو کە ژنان دەتوانن بە ڕەچاوکردنی حیجابی کامڵی ئیسلامی بگەڕێنەوە سەر کار و پیشە و خوێندنی خۆیان. ئەمە لە حاڵێکدایە کە نەک ئەم بەڵێنە جێبەجێ نەکرا بەڵکوو لە زۆربەی هەرە زۆری لق و بوارەکاندا ڕێگریی لە ژنان کراوە و هەڕەشەکردنیان و ترساندنی ژنان لە زاری کەسایەتی و خاوەن پلەکانیانەوە بەردەوامە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕەنگ و ڕەوتی تازە لە خۆ دەگرێت. پەرژانە سەر ئەو وردەکارییانەی کە تالیبان دژ بە ژنانی ئەو وڵاتە مەبەستیەتی جێبەجێی بکات لەم دەرفەتەدا ناگونجێت و پێویستی بە وتارێکی سەربەخۆ هەیە. بەڵام ئەوەی جێگەی داخە تارمایی داهاتووی تەمومژاویی ژنانی ئەم وڵاتە، وەک پسپۆڕان ئاماژەی پێ دەکەن، بریتی دەبێت لە زەبر و زەنگ و توندوتیژیی زیاتر و زیاتر و هیچ ئاسۆیەکی گەش لە ژێ سێبەری تالیبان سەبارەت بە دۆخی ژنان بەدی ناکرێت.
     
هەموو ئەمانە لە حاڵێکدایە کە لە دۆڵی پەنجشیری ئەم وڵاتە خۆڕاگرییەکی بەسەقام دژ بە داگیرکردنی وڵات لە ئارادیە. گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانە لە ئەفغانستان و دەسەڵاتی دووبارەی تالیبان بە سەر ئەم وڵاتە داماو و ڕەنج‌دیتووەدا و خۆڕاگرییەک کە لە دۆڵی پەنجشیر، بە ڕێبەریی ئەحمەد مەسعوود، کوڕی گەورەی ئەحمەدشا مەسعوود، ڕێکخراوە، دیسانەوە زەین و ڕای گشتیی بەرەو کۆمەڵیک پرسیاری بنەڕەتی دەباتەوە بریتی لەوەی کە ئاخۆ ئەم بەرە دەتوانن نوێنەرایەتیی سەرجەم خەڵکی ئەفغانستان بکەن و یاخود پرسیار سەبارەت بەوەی کە ئایا پشتیوانیی لەو چالاکییانەی لەم دۆڵەدا ئەنجام دەدرێت، بە مانای پشتیوانیی لە جەمارەوی ئەفغانستانە یان نا؟ و هەروەها چەندین پرسیاری بنچینەیی دیکەی وەک ئەوەی کە ئەو فاکتەرانە چین کە بەرەیەکی شەڕکەر بە ناوی بەرەیەکی ڕزگاریخواز دەناسێنن و ئایا شەڕی پەنجشیر و خۆڕاگرییەک کە لەوێدا دەکرێت هەڵگری ئەو فاکتەرانەیە؟ یانیش چۆن بتوانین جەنگێکی ئەتنی- ئایینی لە جەگێکی ڕزگاریخوازنە جیا بکەینەوە و ئاخۆ ئەم شەڕەی لە پەنجشیر لە ئارادایە تا چەند دەتوانێ دوور بێت لەو تایبەتمندییانە؟ ئەمانە و گەلێک پرسیار و خاڵی گومانی دیکە وامان  لێدەکات کە لە چەندین ڕوانگەوە لەم بابەتە بڕوانین. وەڵامی ئەم پرسیارانە بە شێوەی ئێپیزۆدک لە چەند خاڵێکدا دەخەینە ڕوو؛

-هەر لە یەکەم ساتەکانی دامەزراندنی تالیبانەوە، ژنانی ئەفغانستان لە گرووپ و تاقمی فرەچەشندا تا ئەو ئاستەی توانیویانە دەستیان داوەتە ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانیان و دژ بە تالیبان بەرهەڵستییان نواندووە. کەواتە دەبێ بڵێین لە ئەفغانستان بەدەر لە ڕێبەرایەتیی ئەحمەد مەسعوود، هێزی جەماوەریی دیکەش هەن کە گەرچی چەکدار نین و کەمتر ڕێکخراون و کەواتە هێزیان کەمترە، بەڵام لە ئەفغانستاندا بوون و ئامادەییان هەیە. 

-پەنجشیر وەک پێگەی جوغڕافیایی و سەربازیی خۆی دەتوانێ خۆڕاگرییەکە تا ئاستی جەنگێکی ناوخۆیی درێژخایەن ببات. بەڵام گەر لە دۆڵەکە دەربچێت، ئەگەری زۆری هەیە شکست بێنێت. کەواتە خۆڕاگریی پەنجشیر ناتوانێ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم ناوچەیە بەردەوام بکات. لە لایەکی دیکەشەوە بێ پشتیوانیی دەرەکیی لە بواری سەربازی و لۆجستیکیدا ئەم بەرخۆدانە زۆر ناخایەنێت و وەک ئاگادارین ئەمڕۆ ئەو وڵاتە دەرەکییانەی دەتوانن یارمەتیی سەربازیی بە پەنجشیر بگەیەنن، لە بەرەی تالیباندان. هەموو ئەمانە وا لە تالیبان و پەنجشیر دەکات بچنە سەر مێزی دانووستان و لۆژیکییە کە بەشێک لەم شەڕ و پێکدادانە هەنووکەییانەش بۆ دەستەبەرکردنی پلەیەکی باشتر لە دانووستاندنەکاندایە. هەروەک ئەحمەد مەسعوود خۆی چەندین جار ڕایگەیاندووە کە خوازیاری گفتوگۆیە و لێرەوە دەزانین دابەشکاریی دەسەڵاتیش دێتە پێشەوە. 

-گرنگیدانی لە ڕادە بەدەر بە ڕێبەران و سیما ناودارەکان، بەتایبەت گەر خۆشیان ڕۆژانێک لە بەرەی بونیادی حاکمدا بووبێتن، لە باتیی ڕێکخستنی جەماوەری و حەشیمەتی شۆڕشگێڕ، تەوەرێکی گوماناوییە. گومان هەڵناگرێت کە هاوپەیمانییەکی پەڕگیر کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بگرێتەوە و دیاریکردنی کار و چالاکییەکان لە ڕیگەیەکی شیاوەوە بۆ ئەوەی ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو دۆخە بگیریەت، ئێجگار بەسوودتر دەبێت و ئەمەش تەنها و تەنها بە بەهێزکردنی بزووتنەوە جەماوەرییەکان مسۆگەر دەبێت.

ئەوەی لەم ڕۆژانەدا لە ئەفغانستان و پەنجشیر ڕوو دەدات، پێویستی بە پشتیوانی و پشتگیریی خەڵکانێکی ئازادیخواز هەیە تاوەکوو کۆمەڵگای جیهانی بەرامبەر بە ویژدانی خەوتوویان، بە ئاگا بێنێتەوە و ئەم کۆمەڵگا جیهانییە بێکردە، بێ‌دەنگیی کوشندەی خۆی بشکێنێت؛ بەڵکوو ئازادیخوازی و شەرافەتی مرۆیی گیانێکی تازەی بەر بەردا بێتەوە و حەق وحەقیقەت لە بەرامبەر تالیباندا سەر بکەوێت.  



ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر