بۆچی ئەمریکا ناتوانێت سووپای هاوپەیمانەکانی بوونیاد بنێت

ئەگەر ئەمریکا لە شکستە بەردەوامەکانی ئەرکە ڕاوێژکارییەکانییەوە فێر نەبێت، ئەوا نابێت پێشبینیی ئەنجامێکی جیاوازیش بکات لە هەوڵە بەردەوامەکانی.
PM:01:17:13/09/2021
دۆسیە: شیکار


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


ئەفغانستان تەنێ دوواین شکستە

هەوڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پتەوکردنی هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان تووشی کۆتاییەکی شەرمەزارکەر بوو. سووپای ئەمریکا 20 ساڵ و 83 ملیار دۆلاری خەرجکرد لە بوونیادنانی هێزێك کە لەماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا تووایەوە و لەو ماوەیەدا تەنیا چەند فیشەکێکی تەقاند و بۆ بەرژەوەندیی تاڵیبان دەستبەرداری وڵاتەکە بوو. داڕووخانی خێرای هێزە ئەمنییەکانی "ئەفغانستان" شتێکی نائاسایی نییە. لەڕاستیدا، بگرە نزیکە لە نەریتی ئەو هێزە ئەمنییە ناوخۆییانەی بە هاوکاریی سووپای ئەمریکا بوونیاد نراون. سێ گەورەترین هەوڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ بوونیادنانی سووپا هاوبەشەکان، لە ڤێتنام، ئێراق و ئێستایش ئەفغانستان، سەرجەمیان دووچاری شکستی سەرسووڕهێنەر هاتوونەتەوە. هۆکاری باش هەیە کە وێنەکانی "کابول سایگۆنی" ساڵی ١٩٧٥ و موسڵی ساڵی ٢٠١٤ دێننەوە یاد. ئەوەی سووپا پێیان دەڵێت "هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان"، "بوونیادنانی توانای (لایەنی) هاوبەش"، یاخود "چالاکییەکانی مەشق و پڕچەککردن" وەك پایەیەکی ستراتیژییەتی بەرگریی ئەمریکا دەمێنیتەوە. گەر (ئەفغانستان و ئێراق) بەتەواوی وەلا بنێین، ئەمریکا ساڵانە ملیارەها دۆلار خەرج دەکات و هەزاران سەرباز جێگیر دەکات بە مەبەستی ڕاهێنان و هاوکاریی سووپای وڵاتانی دەرەوە لە سەرانسەری جیهاندا. هەرچەندە مەبەستی هاوکاریی لەم شێوەیە دەگۆڕێت، بەڵام ئامانجە سەرەکییەکەی؛ بریتییە لە گەشەپێدانی توانای سووپا هاوبەشەکانی بۆ لەئەستۆگرتنی ئەرکی ئاسایشی ناوخۆ، ئەوەیش تا ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرچاوەکانی خۆی بکاتە ئەولەویەتی لەپێشتر. بەڵام، کێشەکە بریتییە لەوەی زۆرینەی کات هاوبەشەکانی "ئەمریکا" ئارەزووی بوونیادنانی سوپایەکیان نییە کە توانای شەڕکردنی هەبێت. وەك "کایتلین تالماج"، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی "جۆرج تاون" نیشانی دەدات، دروستکردنی هێزێکی کاریگەر، پێویستە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان هانی پەرەپێدانی ئەفسەری بەتوانا بدەن، زنجیرەیەك فەرمان بسەپێنن، هانی مەشق و ڕاهێنانی سەخت بدەن و چاوێکیشیان لەسەر گەندەڵی بێت. بەڵام لە وڵاتە لاواز یاخود شکستخواردووەکاندا کە تێیدا "ئەمریکا" هاوکاریی ئەمنیی تێدا چڕ دەکاتەوە، سەرانی ئەو وڵاتانە زۆرینەی کات مانەوەی کەسایەتی و سیاسیی خۆیان دەخەنە پێش پتەوکردنی سوپای وڵاتەکانیانەوە. ئەو سەرکردانە زۆرینەی کات دەیانەوێت سووپاکەیان وەك سەرچاوەیەکی پشتگیری، یاخود وەك کوتەکێك دژی نەیارە سیاسییە ناوخۆییەکانیان بەکار بهێنن. ئەو سەرکردانە لەوانەیە پێشوازی لە بەخشندەیی هاوکاریی سەربازیی "ئەمریکا" بکەن، بەڵام لەهەمان کاتدا ترسیشیان لە بوونیادنانی هێزی پڕۆفیشناڵ هەیە کە هەڕەشە بخاتە سەر دەسەڵاتی خۆیان. هەر بۆیە دادخوازییەکانی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی "ئەمریکا" پشتگوێ دەخەن و سیاسەتگەلێك پەیڕەو دەکەن کە سوپاکەیان بە لاوازی دەهێڵێتەوە.
ئەم ئاڵنگارییانە تەواو ڕوون بوون لە "ئەفغانستان".

بەدرێژایی ئەرکی ڕاوێژکاریی ئەمریکا، دەرکەوت ئەفسەرانی ئەفغانستان ئامادەییەکی کەمتریان هەیە لە جەنگان لە پێناو حکومەتە گەندەڵەکەی "کابول" بە بەراورد بە زامنکردنی دەوڵەمەندکردنی خۆیان، گواستنەوەی دۆلاری ئەمریکی بۆ تۆڕە چاودێرییەکانی خۆیان لەڕێی پڕۆسەی گرێبەست و تەکاندنی خەڵکی "ئەفغانستان" لە هەر بەرکەوتنێکدا. لەلای خۆیانەوە سەربازەکانیش، کە بە چاوی خۆیان گەندەڵیی ئەفسەرەکانی خۆیانیان دەبینی، ئامادەیی کەمیان هەبوو لەوەی خۆیان دووچاری مەترسیی مردن بکەنەوە لەژێر فەرماندەیی ئەو ئەفسەرانەدا. بەدڵنیاییەوە ئەوکاتەش یەکە سەربازییەکانی "ئەفغانستان" ڕێکخراو نەبوون و بە ماوەیەکی زۆر بەر لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەڕووی تاکتیکییەوە لاواز بوو - کاتێکیش هێزەکانی ئەمریکا کشانەوە، زۆرێك لەو یەکە سەربازییانە بڕیاریان دا دەروازەکان بەڕووی تاڵیباندا بکەنەوە. لە ئەفغانستان و ئەرکە ڕاوێژکارییەکانی سەرانسەری جیهاندا، "ئەمریکا" پشت بە چەند ستراتیژییەتێك دەبەستێت بۆ هاندانی ئەو هاوبەشانەی هەوڵ نادەن. سووپای "ئەمریکا" بوونیادنانی پەیوەندی لەگەڵ سووپای وڵاتانی دەرەوە دەخاتە پێش هەر جۆرە مەرجدانانێك بۆ هاوکارییە ئەمنییەکانی و، هاوکات بەرپرسانی مەدەنیی واشنتۆنیش پەیڕەوی ئەو ڕێبازە دەکەن. دواتر ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتی گەشبینانە بۆ گەلی "ئەمریکا" دەردەکات لەبارەی ئەو بەرەوپێشچوونەی لەلایەن هاوبەشە ناوخۆییەکەوە بەدی هاتووە، کە ئەوەیش تا ئەو ڕۆژە چارەنووسسازە درێژەی دەبێت کاتێك هێزەکە داوای لێ دەکرێت بە تەنیا کارەکانی ئەنجام بدات. دواتریش، سایگۆن، موسڵ، ئێستاش کابول بەم شێوەیەی لێدێت.

"ڕازیکردنی هیچ کەسێك"

سووپای "ئەمریکا" تاڕادەیەکی زۆر بەرپرسی یەکەمە لە داڕشتن و جێبەجێکردنی پڕۆگرامی هاوکارییە ئەمنییەکانی ئەمریکا. لقەکانی دیکەی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەشێوەیەکی ڕێك گوێڕایەڵی سووپای ئەمریکا دەبن لەم پرسەدا؛ لەکۆتاییدا، چ شتێك دەکرێ ڕاستەوخۆتر بکەوێتە نێو بوارەکەی وەك لە بوونیادنانی سوپاکانی دیکە؟ لەڕووی پڕاکتیکییەوە، ئەوە سووپای ئەمریکایە کە لەبارەی پرسەکانی پێوەندیدار بە بەرەوپێشبردنی هێزە ئەمنییەکانیان، مامەڵە لەگەڵ سەرانی سیاسی و سەربازی دەدات. هەروەها ئەوە سووپای ئەمریکایە کە ستراتیژییەتەکانی چارەسەرکردنی کێشەی هێزی هاوبەشەکانی دادەڕێژێت. ئەو ڕێبازەی ڕێنوێنیی ئەرکە ڕاوێژکارییەکانی سووپای ئەمریکا دەکات ڕێگریی لە ڕاوێژکاران دەکات لەوەی شێوازی پاداشت و سزا بەکار بهێنن بۆ ڕازیکردنی سەرانی ناوخۆیی بۆ جێبەجێکردنی پراکتیزەی سەربازان، پەیڕەوکردنی زنجیرەیەك فەرمان، مەشق و ڕاهێنانی سەخت و سنووردارکردنی گەندەڵی. بۆ نموونە، کەتەلۆگێکی سووپای ئەمریکا، بە ئاشکرا ڕێگریی لە ڕاوێژکاران دەکات لەوەی بەرتیل بدەن یاخود دەسەڵاتی زۆرەملێ بەکار بهێنن، چوونکە ئەو ئەنجامانەی لەم شێوازانە بەدەست هاتوون تەنیا ئەنجامی کاتی بوون. لەبری ئەوە، پەیڕەوەکە و مەشق و ڕاهێنان ستراتیژییەك دروست دەکەن لەسەر بنەمای ڕازیکردنی پشتئەستوور بە پەیوەندیی دۆستایەتی. ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئەمریکا وا فێر کراون پەیوەندییان لەگەڵ هاوتاکانیان لەپێش هەموو شتێکەوە دابنێن، چونکە "متمانە و بڕوا دەستنیشانی ئەوە دەکەن ڕاوێژکارەکە تا چ ڕادەیەك دەتوانێت ئەرێنییانە کار بکاتە سەر هێزە ئەمنییە دەرەکییەکە.

   بەشێك لە ڕاوێژکارە ئەمریکییەکان هاتوونەتە سەر ئەو باوەڕەی کە پەیوەندیی دۆستانەی کەسی لەگەڵ هاوبەشەکان (چوونکە ئامرازێکە هەژموون و کاریگەری زیاد دەکات و ڕەفتاری هاوبەشەکە شێوە دەکات) وەك ئامانجی سەرەکیی ڕاوێژکاری ببینن. لەکاتی شکستخواردنی شێوازی ڕازیکردندا، ڕێنمایی ڕاوێژکاران دەکرێت خۆیان لە هەر هەنگاوێك بەدوور بگرن کە ئەگەری هەبێت ئەو پەیوەندییە بخاتە مەترسییەوە. ئەم ستراتیژییەتەی ڕازیکردنی دۆستانە بەردەوام بووە وێڕای ئەو ڕاستییەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خاوەن ئامرازگەلێکە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر هێزە ئەمنییەکانی هاوبەشەکانی هەبێت. سەرانی وڵاتانی خانەخوێ زۆرینەی کات بۆ ئاسایشی ڕژێمەکانیان و، هەندێك کاتیش بۆ بەردەوامیی خۆیان، پشتئەستوورییەکی زۆریان بە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیە، خۆشیان ئاگاداری ئەوەن. هەریەکە لە "نگۆ دین دایم"، سەرۆکی ڤێتنامی باشوور و، نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئێراق کە وڵاتی هەردووکیان لە پڕۆگرامی بەرفراوانی هاوکاریی سەربازیی "ئەمریکا" سوودمەند بوون، بەردەوام نیگەرانییان دەربڕیوە لەوەی خەریك بووە "ئەمریکا" لەسەرکار لایان بدات. (نیگەرانییەکانیشیان لە شوێنی خۆی بوو؛ دایم لە ساڵی 1963ـدا لە کودەتایەکدا کوژرا کە ئیدارەی جۆن کەنەدی بەشێوەیەکی بێدەنگ گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرد، نوری مالیکیش لە ساڵی 2014 و دوای ئەوەی پشتیوانیی ئیدارەی ئۆبامای لەدەست دا، دەستی لەکار کێشایەوە.) گەر ترسی زۆر لەوەی لەوانەیە "واشنتۆن" لە هەر کاتێکدا بێت لە دەسەڵات بیانهێنێتە خوارەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ خاڵی بەهێز نەداتە "ئەمریکا"، سەختە وێنای ئەوە بکرێت چی ڕوودەدات.

"بیرۆکراتی کاری خۆی دەکات"

بۆچی سووپای "ئەمریکا" درێژە بە ستراتیژییەتێكی ڕاوێژکاری دەدات کە سوودی نییە؟ هاوشێوەی زۆرینەی وڵاتانی گەورەی بیرۆکراتی، ئەمریکا دەیەوێت ئەو شێوازانەی کارکردن بەدامەزراوەیی بکات کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی دەکەن  لە هەلومەرجی ئەمریکادا، ئۆتۆنۆمی، شکۆ و دەستگەیشتن بە سەرچاوەکان. سوپا ئەو مەرجانەی کارکردنی ستاندارد دادەڕێژێت کە خزمەت بە بەرژەوەندییە بیرۆکراتییەکانی دەکەن و، ئەو مەرجانەی کارکردنی ستانداردیش بەردەوام دەبن، مەگەر ئەوەی سەرکردە مەدەنییەکان بە ڕژدی هەوڵی گۆڕانکاری بدەن. لەوانەیە شێوازی ڕازیکردنی بەرانبەر لەڕێی پەیوەندیی دۆستانەوە کاریگەرییەکی کەمی لەسەر سەرانی نێوخۆیی وڵاتان هەبێت، تا سووپای باشتر بوونیاد بنێن، بەڵام خزمەت بە بەرژەوەندییە بیرۆکراتییەکانی سووپای ئەمریکا دەکات. ئەم شێوازە نەرمە درێژە بە ڕێزگرتن لە یەکدی دەدات لەگەڵ سەرکردە نێوخۆییەکان و شێوازێکی هاوبەشیی هاوئاهەنگ پەرە پێدەدات کە تەووای هەوڵە ڕاوێژکارییەکە دەکاتە یاسایی. لە بەرانبەردا، ئەو سەرکردە ناوخۆییانەی وڵاتان کە هەڕەشەی کەمکردنەوەی پشتیوانی دەکەن ئەگەری ئەوەیان لێ دەکرێت ببنە هۆی پچڕاندنی ڕێوشوێن و پەیوەندییەکانی خودی ویلایەتە یەکگرتووەکان.لەوانەیە ڕێگەیەکی خۆسەپێنەرانەتری ڕاوێژکارییش پشکۆی بڵێسەی گەورەی لێ بکەوێتەوە کە پێویست بەوە بکات "واشنتۆن" سەرنج بخاتە سەر هەوڵە ڕاوێژکارییەکە و، مەترسیی دەستتێوەردانی مەدەنی زیاد بکات. 

گەر بە چاوی تیۆری ڕێکخراوەیی لێی بڕوانین؛ قوتابخانەیەکی هزرە تیشك دەخاتە سەر ئەوەی دوژمنایەتیی نێوان بیرۆکراتەکان و پرۆسە بیرۆکراتییەکان بە چ شێوازێك دەبێتە هۆی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە هاوشێوەی هەمان نەخۆشی، ژمارەیەك کێشە لەگەڵ هاوکاریی ئەمنی دێنە ئاراوە. بۆ نموونە، بەشێك لە ڕەخنەگران گەشتە کورتخایەنەکانی ڕاوێژکارە سەربازییەکان وەك هۆکارێکی شکستی ئەرکەکانی مەشق و پڕچەککردن دەهێننەوە. ڕەخنەگران ڕاست دەکەن کە ئاماژە بەوە دەکەن گەشتی کورتخایەن بەهیچ شێوەیەك یەك ناگرێتەوە لەگەڵ تیۆری ڕاوێژکاریی کاریگەری خودی سوپادا، کە دەوەستێتە سەر پەیوەندیی کەسی لەسەر ئاستی جیهاندا. بەڵام گەشتە کورتخایەنەکان بە باشترین بەرهەمی لۆژیکێکی ڕێکخراوەیی دادەنرێن؛ لەڕێی هێشتنەوەی هێزەکان بۆ ماوەیەکی کەم، سووپا خۆی لە بەرپەرچدانەوەی نەرێنی بەدوور دەگرێت، کە لەڕێی گەشتی درێژخایەنەوە بەشێوەیەکی حەتمی دووچاریان دێتەوە. ئامانجی سوپا کەمکردنەوەی سەرئێشەی بیرۆکراتی و جێبەجێکردنی ئەو ڕێوشوێنە ستانداردانەی کارکردنە کە دەتوانێت درێژەیان پێبدات، تەنانەت گەر ئەو ڕێوشوێنانە لە خودی تیۆری سەرکەوتنی سوپاشدا جیابووبێتنەوە.

"وڵاتانی هاوبەشی ئەمریکا زۆرینەی کات نیازی بوونیادنانی سووپایەکیان نییە کە بەڕاستی توانای شەڕکردنی هەبێت"

خواستی سووپای "ئەمریکا" لە ڕاگەیاندنی بەردەوامی پێشوەچوون لە ئەرکە ڕاوێژکارییەکاندا، وێڕای کەموکوڕیی ئاشکرا، خزمەت بە ئامانجە بیرۆکراتییە هاوشێوەکان دەکات. لەمیانەی ڕاگەیاندنی پێشوەچوونێکی خاو، بەڵام جێگیر، سووپای ئەمریکا خۆی لە دژی ڕەخنە، دەستتێوەردان و پچڕان دەپارێزێت. جۆن سۆپکۆ، پشکێنەری گشتیی تایبەتی ئەمریکا بۆ بوونیادنانەوەی ئەفغانستان پێیوایە کە سوپای ئەمریکا "دەیزانی کە سوپای ئەفغانستان چەند لاوازە، بەڵام بەردەوام "لیستی ئامانجەکانی دەگۆڕی" لەبارەی ڕاگەیاندنی بەرەوپێشچوونەکانی بە مەبەستی نیشاندانی سەرکەوتن، تەنانەت گەر ئەوەیش شکستی بهێنایە، ئامرازی خەمڵاندنەکەی پۆڵێن دەکرد. جۆن دەڵێت؛ " گەر بەرەوپێشچوونێکت بەدەست بهێنایە، دەتتوانی (لەبارەی دۆخی خراپی سوپای ئەفغانستانەوە) بزانیت، بەڵام هاووڵاتییەکی ئاسایی ئەمریکی، باجدەرێکی ئاسایی، ئەندامێکی ئاسایی کۆنگرێس، کەسێکی ئاسایی کارمەندی باڵیۆزخانە نازانێت سووپای ئەفغانستان تا چ ڕادەیەك لاواز بووە ".هەڵسەنگاندنە خراپەکانی ئەرکی ڕاوێژکاری لە "ئەفغانستان" حاڵەتێکی جیا و بواردوو نین، بەڵکوو یاسایەکی گشتیی ئەرکە ڕاوێژکارییەکانی ئەمریکان. لە وڵاتی ئێراق، هەڵسەنگاندنەکانی سووپای ئەمریکا تیشکیان خستبووە سەر چەند پێوەرێك، بۆ نموونە، ئایا هێزە ئەمنییەکان کەرەستە و سەربازی پێویستیان هەیە بۆ ئەو ئەرکەی دەسەڵاتیان پێدراوە یاخود نا. ئەم ڕاپۆرتانە سیستەمێکیان بەخشیە سوپاکە بۆ پشتیوانیکردنی بەرهەمهێنانی ڕۆتینی ڕاپۆرتە گەشبینەکانی بەرەوپێشچوون. بەڵام، بەشێك لە ڕاوێژکارەکانی "ئەمریکا" لە "ئێراق" پێیانوابوو کە هەڵسەنگاندنەکانیان دۆخی ڕاستەقینەی هێزە ئێراقییەکانی دەستنیشان کردووە. یەکێك لە ڕاوێژکارێکی پێشووی ئەمریکا لە ئێراق دەڵێت، "ئایا هێزە ئەمنییەکانی ئێراق بەتەواوی پڕچەکن؟ من دەڵێم، بەڵێ، بەتەواوی پڕچەکن، بەتەواوی پڕچەکن بە چەکدارەکانی میلیشیاکان".

هەلومەرجە هاوشێوەکان لە وڵاتی ڤێتنامیش سەرسامکەرن. جەنەڕاڵ "ویلیام وێستمۆرلاند"، فەرماندەی هێزەکانی "ئەمریکا" لە "ڤێتنام" بەردەوام گازاندەی لە بێتوانایی فیرقەی ڕاهێنانی ئەفسەران دەکرد، کەچی هەر پشتی بەو سیستەمی هەڵسەنگاندنە دەبەست کە چەند پێوەرێکی وەك گەیشتنی چەکی M16 وەك بەڵگەی بەرەوپێشچوون دەهێنایەوە. هاوکات بە ئاشکرا ڕێگری لە ڕاوێژکارە ئەمریکییەکان دەکرد لەوەی پەنا ببەنە بەر هەڕەشەی کشاندنەوەی تیمە ڕاوێژکارییەکانیان بە مەبەستی هاندانی ئەو ئەفسەرە ڤێتنامییانەی هاوکار نەبوون، ئەوەیش دوای ئەوەی هەوڵی لەو شێوەیە کاریگەری خراپی لە واشنتۆن لێکەوتەوە. سووپا خۆی لە ڕەخنەی دەرەکی پاراست و دواتر ڕۆبێرت کۆمەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا خستیە نێو ڕاپۆرتی 'توێژینەوە و بەرەوپێشچوون'ـی ساڵی 1972 لەبارەی جەنگەکەوە، بیرۆکراتی کاری خۆی کرد. لەکۆتاییدا؛ ئاڕاستەکردن و چاودێریکردنی داڕشتن و جێبەجێکردنی ستراتیژییەتی ڕاوێژکاریی سووپای ئەمریکا دەکەوێتە سەر سەرکردە مەدەنییەکان. بەڵام، نەریتە هەنووکەییەکان لە پەیوەندییە مەدەنی، سەربازییەکانی ئەمریکا بەو واتایە دێن کە ئەرکەکانی مەشق و پڕچەککردن پەیڕەوی لە شێوازێکی خەمناککەر و ناسراو دەکەن. سەرەتا، سەرکردە مەدەنییەکان ئەرکە سەختەکەی بوونیادنانی هێزە ئەمنییەکان لە نەتەوە بێ ڕەگەزنامەکان بە پێنتاگۆن (وەزارەتی بەرگریی ئامریکا) دەسپێرن، کە لەوانەیە لە هەندێ باردا کارێکی مەحاڵ بێت. دواتر، لە جێبەجێکردنی پڕۆگرامی هاوکارییەکەدا ملکەچی سووپای ئەمریکا دەبن. بە سەرهەڵدانی بەڵگە لەبارەی شکستی سووپای ناوخۆیی، سەرکردە مەدەنییەکان تا دێت زیاتر بەگومان و نائومێد دەبن، بەڵام زۆرینەی کاتیش دەست ناخەنە نێو وردەکارییەکانی سەربازییەوە. لەبری ئەوە، تاڕادەیەکی زۆر هەڵسەنگاندنە گەشبینە سەربازییەکانی ئەمریکا دووبارە دەکەنەوە لەبارەی گەشەسەندنی هێزی هاوبەشە ناوخۆییەکە تا ئەو بەتەواوی هەرەس دەهێنێت.

"ئەمریکا وانەی خۆی فێردەبێت؟"

لەوانەیە هەوڵی هاوکاریی سەربازی لە ئەفغانستان بە کۆتا هاتبێت، بەڵام هەوڵەکانی بوونیادنانی توانای هاوبەشە ئەمنییە ناوخۆییەکان وەك کۆڵەکەیەکی ستراتیژییەتی بەرگریی ئەمریکا دەمێنیتەوە. ئەگەر "ئەمریکا" لە شکستە بەردەوامەکانی ئەرکە ڕاوێژکارییەکانییەوە فێر نەبێت، ئەوا نابێت پێشبینیی ئەنجامێکی جیاوازیش بکات لە هەوڵە بەردەوامەکانی.

شارەزایان و ڕاهێنەران ژمارەیەك ڕێنماییان پێشنیاز کردووە کە بەشێوەیەکی تەواوەتی چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکانی هاوکاریی هێزی ئەمنی ناکات. تا ئەوکاتەی سەرکردە ناوخۆییەکان ئارەزوویان لە بوونیادنانی سووپای کاریگەر نەبێت، وەبەرهێنانی پارە و سەرچاوەی زیاتر لە ئەرکە ڕاوێژکارییەکان هیچ سوودێکی نابێت. هەوڵەکانی کەمکردنەوەی پشتبەستنی هاوبەشە ناوخۆییەکان بە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و هێزەکانی دیکە تەنها بەشێکی بچووکی کێشەکە چارەسەر دەکات، لەکاتێکدا چارەسەرکردنی پرسە ناوخۆییە بنەڕەتییەکە بە چارەسەرنەکراوی دەمێنێتەوە. درێژکردنەوەی ماوەی گەشتەکانی ڕاوێژکارەکان و ڕاکێشانی باڵاترین هێزەکان جیاوازییەکی کەم دروست دەکات گەر ئەو ڕاوێژکارانە بەردەوام بن لە تەنیا پشتبەستن بە هێزی قایلکەریان بۆ قایلکردنی سەرکردە ناوخۆییەکان بۆ بەهێزکردنی سوپاکانیان. لەبری ئەوە، پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ ئامانجی پڕۆگرامەکانی مەشق و ڕاهێنانی سوپاکەی بکات. بە لەبەرچاوگرتنی سرووشتی هەڕەشەکە و شێوازی گونجانی لەنێو سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەوانەیە بوونیادنانی سووپایەکی گەورە و پڕۆفیشناڵ کارێکی نە کردەیی و نە پێویستیش بێت. لە هەندێ حاڵەتدا، لەوانەیە ژیرانەتر بێت گەر ئەمریکا تیشك بخاتە سەر بوونیادنانی چەند یەکەیەکی کاریگەر بۆ مەبەستی کارکردن بە پشتیوانیی ئەمریکا. بۆ ئەو ئەرکە ڕاوێژکارییانەی "ئەمریکا" لە داهاتوودا بڕیاری ئەنجامدانیان دەدات، دەبێت دەستبەرداری سیاسەتە فرە سادە و ساکارەکەی بێت و لەبری ئەوە سیاسەتی قایلکردنەکەی بە بەکارهێنانێکی سیستەمبەندی هاندەرەوە هاوپێچ بکات. بۆ نموونە، بەرپرسان دەتوانن پەنا ببەنە بەر یەکێك لە باشترین نموونەکانی ئەم ڕێبازە؛ ئەرکەکانی سووپای هەشتی ئەمریکا بۆ مەشق و ڕاهێنانی سوپای ئەمریکا لە ساڵی 1948 بۆ ساڵی 1953.

"ئەگەر ئەمریکا لە شکستە بەردەوامەکانی ئەرکە ڕاوێژکارییەکانییەوە فێر نەبێت، ئەوا نابێت پێشبینیی ئەنجامێکی جیاوازیش بکات لە هەوڵە بەردەوامەکانی"

تەنانەت دوای هێرشی کۆریای باکووریش لە ساڵی 1950ـدا، سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی "کۆریای باشوور" بەشێوەیەك کەوتبوونە نێوان پاڵنەرە نەتەوەیی و تاکەکەسییەکان کە هێزە سەربازییەکانی لاواز کردن. بەڵام بەپێچەوانەی سووپای ئەمریکا لەمڕۆدا، جەنەراڵە ئەمریکییەکان و ڕاوێژکارە تاکتیکییەکان لەوکاتەدا شێوازێکی بەزەبریان گرتەبەر؛ جەنەراڵ جەیمس ڤان فلیت، فەرماندەی سوپای هەشتەمی ئەمریکا فەرماندەیی ڕاستەوخۆی سووپای کۆماری کۆریا-ی گرتە دەست و، وەك هەوڵێکیش بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەوەی ئەفسەرە بەتواناکان پلەیان بۆ فەرماندەییە باڵاکان بەرز ببێتەوە و سووپا لە بەسیاسیکردن بپارێزرێت، جەنەراڵ جەیمس هەڕەشەی کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی کرد. لەسەر ئاستی تاکتیکیش، ڕاوێژکارە سەربازییە ئەمریکییەکانی گرووپی ڕاوێژکاریی سوپای کۆریا بەهەمان شێوە هەوڵی هاندان و قایلکردنی هاوتا کۆرییەکانیان دا، بەڵام کاتێك هەوڵی قایلکردن شکستی هێنا، هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکانی ئەمریکایان کرد لە یەکەکانی کۆریای باشوور، ئەوەیش بە مەبەستی ناچارکردنی ئەفسەرەکان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانیان. تا ساڵی 1952، بە دەگمەن ئەفسەرانی سووپای کۆریای باشوور بەبێ ڕەزامەندیی سوپای هەشتەمی ئەمریکا پلەیان بەرز دەکرایەوە و، تا ناوەڕاستی ساڵی 1953ـش، هاوبەشە ناوخۆییەکە بووە هێزێکی شەڕکەری بەهێز. 

هەمیشە فاکتەر و سنووربەندیی ئاڵۆز هەن بۆ بەروارە جیاوازەکان. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کات و شوێنێکی جیاوازدا سووپای کۆریای باشووری بوونیاد نا و، مەبەست لێی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەیەکی جیاواز بوو وەك لەوەی ئەمریکا لە (ئەفغانستان و ئێراق) ڕووبەڕووی بووەوە. ڕێبازی بەزەبری سووپای ئەمریکا لە کۆریا لەوانەیە بەو ڕاستییە کێشرابێت کە تەواوی یەکەکانی ئەمریکا بە داتاشینی سووپای کۆریای باشوور ڕووبەڕووی هەرەسهێنان بوونەتەوە لە بەرەکانی بەرەکانی پێشەوە،  هەڕەشەیەکی دەستبەجێ و فیزیکی بۆ سەر ژیانی ئەمریکییەکان کە لە شەڕەکانی داهاتوو زیاد نەبێت. هەرچەندە لەوانەیە بژاردەی فەرماندەیی ڕاستەوخۆی تەواوی سووپای وڵاتە هاوبەشەکانی "ئەمریکا" شتێکی کردەیی نەبێت بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام شتانێکی زۆر هەن کە "ئەمریکا" دەتوانێت لە ئەزموونە ڕاوێژکارییەکەی لە کۆریا وانەی لێ وەربگرێت. بە دیاریکراوی، دەتوانێت ئەو وانەیە وەربگرێت کە ئەوە تەنیا ڕێبازی قایلکردنی دۆستانە نەبوو بووە هۆی شێوەگۆڕینی سووپای کۆماری کۆریای باشوور، بەڵکوو جێبەجێکردنی سیستەمبەندی هاندەریش بەشدار بوو لەو کردەیە.

دەکرێ ڕێبازێکی لەو چەشنە کاریگەریی بەشێك لە پڕۆژەکانی هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان زیاد بکات. لێ ویلایەتە یەکگرتووەکان بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدایە؛ دەتوانێت تێکڕای ئەرکەکانی مەشق و پڕچەککردن کەم بکاتەوە. لەبری بەکارهێنانی ئەرکە ڕاوێژکارییەکان وەك بژاردەی پەسەندی چارەسەرکردنی هەڕەشە ئەمنییەکانی ناوخۆی وڵاتانی هاوبەشی ئەمریکا، دەتوانێت ئەو چەشنە پڕۆگرامانە بۆ ئەو وڵاتانە گڵ بداتەوە کە دامەزراوەی نیشتیمانیی بەهێزیان هەیە و ئارەزوویان بۆ بوونیادنانی سووپای بەهێزتر نیشان داوە. ئەم ڕێڕەوە سەر دەکێشێت بۆ کۆتاییهێنان بە زۆرینەی پڕۆژە هاوکارییە ئەمنییەکانی ئەمریکا، لەنێویدا هەوڵە بەردەوامەکانی بوونیادنانی هێزە ئەمنییەکانی ئێراق.

بەگشتی، هەوڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی "ئەمریکا" بۆ مەشق و پڕچەککردنی سووپای وڵاتانی دەرەوە بەهۆی پاڵنەری لۆژیکی بیرۆکراتییەوە بووە نەك ستراتیژیەتێکی تێر و تەسەل. کەوتنی کابول شتانێکی زیاتر لە پووکانەوە و گەنینی دەرخست لەنێو سووپا دروستکراوەکانی دەستی "ئەمریکا". هاوکات پووکانەوە و گەنینی لەنێو شێوازی ئەمریکاش لە دروستکردنیاندا دەرخست.



نووسینی/ ڕاچێڵ تێکۆت: یاریدەدەری پڕۆفیسۆر لە زانکۆی بواری جەنگی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا






ئه‌م بابه‌ته 835 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر