ساڵە لە بیرکراوەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی (1)

"کۆماری کوردستان" کە لە ڕێکكەوتی دووی ڕێبەندانی ١٣٢٤(٢٢ ژانڤییەی ١٩٤٦) دامەزرا، لە مێژووی مودێڕنی کوردەکانی ڕۆژهەڵات خاڵێکی وەرچەرخانی گرینگە.
PM:03:31:12/09/2021
دۆسیە: نەتەوەسازی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


مودێڕنیتە و سەرهەڵدانی سیاسەتی جەماوەری لە ڕۆژهەڵات 

"کۆماری کوردستان" کە لە ڕێکكەوتی دووی ڕێبەندانی ١٣٢٤(٢٢ ژانڤییەی ١٩٤٦) دامەزرا، لە مێژووی مودێڕنی کوردەکانی ڕۆژهەڵات خاڵێکی وەرچەرخانی گرینگە. ئەگەرچی تەمەنی ئەم کۆمارە کورت بوو، لە ڕووی گرنگییەکەوە که‌ لە گۆڕانکاری کەلتووری سیاسی دیمۆکراتیک و گەشەسەندنی شکڵێکی تایبەت لە شووناسی نەتەوەیی لە نێو کوردەکانی ڕۆژهەڵات و بەشەکانی  دیکەی کۆمەڵگای کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هه‌یبووە، هەڵگری ده‌لالەتگەلی زۆر و به‌ربڵاوە. "کۆماری کوردستان" سەرەتای سیاسەتی جەماوەری لە کوردستانی ئێراندا بوو. سەرهەڵدانی ڕێکخراوە نوێنەرایەتییە جەماوەرییەکان، حیزبە سیاسییەکان، ڕێکخراوە تاقمییه‌کان، ڕێکخراوە بەرگرییە مەدەنییەکان، (١) ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان و ئۆرگانەکانی دیکە و ڕێکخراوەکانی مەدەنی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ نیشان لە بوونی کۆمەڵگایەکی مەدەنی بزۆز و فەزایەکی گشتی چالاک بوو، بەڵکوو هەروەها دەربڕی هاتنەناوەوەی خەڵک بۆ گۆڕەپانی سیاسی کورد بوو(وەلی ٢٠١١). خەڵک (سووژە)ی سیاسەتی جەماوەری لە کوردستان بوو، سیاسەتێک کە لە ڕێگای شکڵپێدانی ئیرادەی گشتی بۆ وەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکان  و ئازادییە دیمۆکراتیک و مەدەنییەکان لە گۆڕەپانێکی سیاسیی نوێباودا، کە زۆرکات لە ڕێگەی بەرگەری لەبەرامبەر دەسەڵاتی زاڵ (٢) پێناسە دەکرا، خۆی دەردەبڕی و مانیفێست ده‌کرد. ستراتیژییەکانی دەسەڵاتی زاڵ لە کوردستان له‌خۆگری حاشا لە شووناسی نەتەوەیی کوردی و سەرکوتکردنی نواندنەوەی دیسکۆرس و گوتارەکەی بوو. ئەم ستراتیژییانە لە کردەوە بنەماییەکانی دەوڵەتدا بەدیاردەکەوت و لە یاسا بنەڕەتییەکەیدا تیۆریزه‌ ده‌کرا. ئەم دووانە بە دەربڕینی "درێدا" بە ڕیز (تووندوتیژی پراکتیکی یان کردەکی)(٣) و ((گوتاری))(٤) دەوڵەتن. (دریدا ١٩٩٢).  یاسا، گەرەنتیکەر و پاڵپشتی تووندوتیژی بەرامبەر کۆمەڵگای کورد بوو و ئەمە نیشانەی ئەوە بوو کە کوردەکان کەوتوونەتە نێو هەرێمی دەرەوەی یاسا و فڕێ درابوونه‌ ناو هەرێمێکی تاریک و لێڵ ((لێڵی یاسایی/ ماف))(٥) کە تێیدا هێزی زاڵ ڕۆڵێکی بەته‌واوی قووڵی توندوتیژانەی هەیە. (ێ‌گامبن٢٠٠٥).

کۆمەڵگای کورد، لە ژێر دەسەڵاتی ڕەهای پەهلەوی(٦)، شوێنگەی پێکهاتنی شووناسی نەتەوەیی کورد بوو کە لە کۆماری کوردستاندا گه‌شایه‌وه‌. زەقبوونەوەی ئیتنیک  و زمانی کوردی لە پێکهات و نواندنەوەی شووناسی کوردی لە گوتاری جەماوەریدا بەم مانایە بوو کە سنوورەکانی جەماوەر و نەتەوە بە شێوەیەکی دیار هاوسەنگ بوون. لە ڕاستیدا ئەم دووانە بە شێوەیەکی بەربڵاو هاوسنوور بوون و زۆرجار لە گوتاری جەماوەریی پانتای گشتی نوێباو و بە شێوەی گشتی لە ئاستی کۆمەڵگادا لەباتی یەک بە کار دەهێنران. تایبەتمەندیی نەتەوەیی سیاسەتی جەماوەری لە کوردستان لە مەودای ساڵەکانی ١٣٢٠ (1941) هەتاکوو ١٣٢٥ (1946)بە ڕوونی پیشاندەری ئەم یەکێتییەی (جەماوەری-نەتەوەییه)‌ بوو. لە ماوەی ئەم قۆناغەدا توخمە پێکهێنەرەکانی شووناسی کوردی، واتە؛ زۆرتر ئیتنیک و زمانی کوردی، سنوورەکانی گۆڕەپانێکی سیاسییان ناساند کە ڕوبەڕوبوونەوە لە گەڵ دەسەڵاتی زاڵ لە هەناویدا، ڕوویدا. کەوتنی "کۆماری" کوردستان بە مانای بزربوون و نەمانی جەماوەری کورد لە گۆڕەپانی سیاسی نەبوو، هەروەها سیاسەتی بونیاتنانەوەی دەسەڵاتی زاڵ، پاش کەوتنی کۆمار و شەپۆلی نوێی سەرکوت و تووندوتیژی مەبەستدار بە مانای کۆتایی  سیاسەتی جەماوەری لە کوردستاندا نەبوو، بە پێچەوانەوە، چەمکی جەماوەر لە گوتاری گشتی لە چوارچێوەیەکی ڕوونی ناسیۆنالیستیدا بونیات نرا و بوو بە سووژەی بەرگری نەتەوەیی لە هەمبەر دەسەلاتی زاڵدا.

هاوسانی (جەماوەر-نەتەوە) بە هەوڵ و گەڕانی بەردەوام و بێ پسانەوەی بۆ ناساندنەوەی مافی دیمۆکراتیک و مەدەنی لە ژێر (دەسەڵاتی ڕەهای دووبارەڕێکخراو) نۆژه‌نکراو (٨) لە سەردەمی پەهلەوی دووهەم لە دەیەی ١٩٥٠دا دووبارە دەردەکەوتەوە. سێ دەیە پاش ئەمە، یانی لە کوودەتای ٢٨ گەلاوێژی ساڵی ١٣٣٢ (1953)تا دابڕانی شۆڕشگێڕانەی ١٣٥٦ (1977)و ١٣٥٧(1978)، سەردەمی کزبوونی و هه‌ره‌سی سیاسەتی جەماوەری و سەرکوتکردن لە ئاستی ئێران بە شێوەی گشتی و لە کوردستان به‌ شێوه‌ی تایبه‌تی بوو. سەرەڕای سەردەمی کورتی پێش چاکسازی پاشایه‌تی، یان هه‌مان شۆڕشی سپی ساڵی ١٣٤١(1962) بە سەختی دەتوانین لە دەرکەوتنی سیاسەتی دیمۆکراتیکی جەماوەری لە "ئێران" قسە بکەین. تەنیا لە دوای دابڕانی شۆڕشگێڕانە و لەدوای شکڵگرتنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ساڵی ١٣٥٧(1978)بوو کە دیسانەوە جەماوەر لە گۆڕەپانی سیاسی نەتەوەییدا دەرکەوتن و خۆیان وەک هەڵگرانی مافە دیمۆکراتیک و مەدەنییەکان نیشان دا و داواکاری دانپێنان و ناسین  و یەکسانی بوون. ڕووداوەکانی داهاتوو لە شۆڕشی ١٣٥٧ شایەتی سەرهەڵدانی دووبارەی جەماوەر وەکوو سووژەی سیاسەتی دیمۆکراتیکی جەماوەری بوون. هەروەها لە کوردستاندا ڕاپەڕینی جەماوەر و دەرکەوتنی ڕۆڵی سەرەکیی جه‌ماوه‌ر لە گۆڕەپانی سیاسی پێڕەوی لە هەمان شێوه‌ی گشتی سەرتاسەری دەکرد کە لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتی ئێراندا ئەزموون دەکرا، هەرچەند تایبەت بوونی مێژوویی شووناسی نەتەوەیی کورد، ئەزموونی کوردستانی بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئەزموونی گشتی ناوچەکانی دیکەی ئێران جیا دەکردەوە. لێرەدا سنوورەکانی گۆڕەپانی سیاسی لە گەڵ ئیتنیک و زمانی کوردی، یانی ئۆبژەی حاشا و سەرکوتکردنی دەسەڵات، دەناسراو و ناڕه‌زایه‌تی دیمۆکراتیک و جەماوەری لە گەڵ دەسەڵاتی زاڵ لە چوارچێوەی داواکاریی گشتی جەماوەر بۆ دانپێنان و ناسینی شووناسی نەتەوەیی کوردی بیچمبەندی دەبوو. لە درێژەدا دەگەڕێمەوە سەر ئەم بابەتە. 

ئەم تێگەیشتنە کورتە هەڵگری توخمە بنەڕەتییەکانی ڕۆنراوه‌ی تیۆریکی چەمکی (جەماوەر-نەتەوە) وەکوو سووژەی سیاسەتی جەماوەری لە کوردستانە. ئەم چەمکە لە گەڵ کردەوە و گوتارگەلێک ڕۆ ده‌نرێت کە بارودۆخی ناڕەزایەتی و بەرگری دیمۆکراتیکی گشتی لە هەمبەر دەسەڵاتی زاڵ پێناسه‌ ده‌کات.( لاکلائۆ١٩٩٩، ڕانسیر٢٠٠٧). جەماوەر تا شوێنێک کە ئۆبژەی دەسەڵاتی زاڵن، سووژەی سیاسەتی جەماوەری دیمۆکراتیکیشن؛ کەواتە بوونی ئەوان وەکوو سووژەی سیاسەتی گشتی، قەرزارباری بەرخۆدان و به‌رگریی ئەوان لە هەمبەر دەسەڵاتی زاڵە. بە ده‌ربڕینی "نیگری" چەمکی خەڵک لەم ڕوانگەوەوە چەمکێکی دژ بە دەسەڵات و ئەویدییەکی زاڵ، واته‌؛ دەسەڵاتێکی ڕۆنه‌ر و درووستکەرە.( نگری ١٩٩٩، وەلی ٢٠١٧). ئەم بانگەشەیه‌ کە جەماوەر بەرهەمی سیاسەتی دیمۆکراتیکن، هاوکات دانپێدانان بە مۆدێڕنبوونی جه‌ماوه‌ر – وەکوو هێزێکی سیاسی کە لە ناوەوە به‌ پێوەندی ئابووری و کۆمەڵایەتییه‌وه‌ جیاوازی هەلدەگرێ، بەڵام لە پانتای سیاسیدا به‌ ناڕەزایەتی لە بەرامبەر دەسەڵاتی زاڵدا یه‌کده‌گرن‌. هه‌روه‌ها ئەم پێوەندییە مێژووییە لە گەڵ مودێڕنیتە، شووناسی دەسەڵاتی زاڵیش، کە شووناسی جەماوەر لەڕێگەی ناڕەزایەتی لە گەڵیدا پێناسه‌ ده‌کرێت، دەخاتە ڕوو. لێرەدا دەسەڵات، یانی ئۆبژەی ناڕەزایەتی و بەرگری جەماوەری، دەسەڵاتێکی یاساییە کە مێژووی لە گەڵ دامەزراندنی (دەوڵەت-نەتەوە) لە ئێران هه‌ڵپێکراوه‌. کەواتە، لەم ڕووەوە دەرکەوتن و چۆنایەتی گۆڕانی چەمکی جەماوەر لە کوردستان لە گەڵ پێوەندی زۆر ئاڵۆز لە نێوان کۆمەڵگای کورد و دەوڵەت – نەتەوەی ئێران،  کە سەرەتای دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٠٤ (1925)پێناسە ده‌کرێت و بە پێی دەسەڵاتی زاڵ و بەرگری کوردەکان دەنوێنرێتەوە. لە بیچمبەندی مێژوویی مودێڕنیتەی ئێرانیدا، ئەم پێوەندییە بەم شێوە بیچم ده‌به‌ستێت؛ کردەوە و گوتارەکانی مودێڕنیزاسیۆنی دەسەڵاتخوازانه‌.( وەلی ١٩٨٨)
دەرکەوتنی جەماوەر و شکڵگرتنی سیاسەتی دیمۆکراتیکی جەماوەری لە "کوردستانی ئێران" لە گەڵ تایبەتبوونی مێژوویی-کۆمەڵایەتی کورد و پێوەندی لە گەڵ کۆمەڵگای گەورەتری "ئێران" پێناسە دەکرێت. لەم ڕووەوە خاڵی یەکلاکەرەوە و خاڵی وەرچەرخانی ئەم پێوەندییە، دەرکەوتنی مودێڕنیتە لە ئێراندا بوو، کە لە شۆڕشی مەشرووتەدا گەیشتە ترۆپکی خۆی و پاش دوو دەیە سستی لە فۆرمی مودێڕنیزاسیۆنی دەسەڵاتخوازانه‌ی پەهلەوی، دیسانەوە دەرکەوت. تایبەتبوونی کۆمەڵگای کورد، کە بە قووڵی لە پێکهاتی چینایەتییەکەیدا ڕه‌گاژۆ ببوو، لە ژێر کاریگه‌ریی پێوەندییەکی پێچەڵپڵووچیشدا بوو که‌ لە گەڵ "ئێران هه‌یبوو". پێوەندییەکانی دەسەڵات، پێکهاتە کەلتووری و سیاسیییە بەربڵاوەکانی کۆمەڵگای کوردی لە سه‌رووی به‌ستێنه‌ ڕاسته‌وخۆکانی پێوەندییە چینایەتییەکان دەخستە ژێر کاریگەرییه‌وه‌ و سنوورەکانی گۆڕەپانی سیاسی و جومگەبەندیی هێزە سیاسییه‌کان و پێوەندی ناوه‌کییانی پێناسه‌ ده‌کرد. ئەم پێوەندییە دەسەڵاتخوازنه‌یه‌، زۆر جار پێوەندی بگۆڕ و لەگۆڕانی دەسەڵاتی زاڵی لە گەڵ کۆمەڵگای کورد دەنوانده‌وه‌. مێژووی مودێڕنی کورد لە ئێران، شایەتی ڕاستبوونی ئەم وته‌یه‌یه‌.( وەلی ٢٠١١). 

لە سەردەمی مەشرووتە لە کۆمەڵگای کوردیدا ژیانی گوندی بە سەر ژیانی شاری زاڵ بوو و ‌هێزە جەماوەرییەکان لە گۆڕەپانی سیاسی و کەلتووریدا تا ڕادەیەک  بەشێوەیەکی تەواو پێوار و غایب بوون. ژیانی شاری لە ژێردەسەڵاتی چینی موڵکداردا بوو. ئەم چینە به‌ هاوده‌ستی له‌گه‌ڵ بورژوازیی بازرگانی دواکەوتوو وابەستە، شێوە و تایبەتمەندی بەشداری کوردەکانی لە پرۆسە سیاسییە نوێکاندا کە لە ڕێگەی مەشرووتەوه‌ مەیسەر بووبوو، پێناسە و کونترۆڵ دەکرد. بەشداریی چالاکی زۆرینەی سەرۆک خێڵە کوردەکان لە ناڕەزایەتی لە گەڵ بزووتنەوەی مەشرووتە و هەروەها بەشدارییان لە هەوڵە سەرنەکەوتووەکان بۆ گەڕاندنەوەی حکوومەتی تۆتالیتاری قه‌جار، شتێکی سەرووتر لە ئامادەکارییە کۆنسێرڤاتیستی و پارێزەکانی ئەم چینە بۆ بەردەوامبوونی دەسەڵات و پێگەی سەرتری خۆیان لە کوردستان بوو. هەروەها ئەم بارودۆخە پیشاندەری نەبوونی هێزگەلێکی چالاک لە پێکهاتی کۆمەڵایەتی ناوچە کوردنشینه‌کان بوو؛ ئەو هێزانەی کە توانای به‌رهه‌مهێنان و بەردەوامیی سیاسەتی جەماوەرییان هەبێت. تا شوێنیک کە پێوەندی بە دەرکەوتنی سیاسەتی جەماوەری و بەشداری چالاکانه‌ی (جه‌ماوه‌ر) هەیە، کوردستان چەند دەیە لە پارێزگەکانی تورک زمان و فارس زمان له‌پاشتر بوو. لە ڕاستیدا؛ لەدوای هەڵوەشانەوەی حکومەتی "ڕەزا شا" لە ساڵی ١٣٢٠ (1941)بوو کە جه‌ماور و خەڵک هاتنە ناو گۆڕەپانی سیاسی کۆمەڵگای کورد و پرۆسە سیاسییە گشتییەکان لە زۆربەی ناوەندە شارییەکانی کوردستان دەرکەوتن. ئەم ڕەوتە لە بارودۆخی سیاسی و کەلتوورییەکدا کە بوو بە هۆی شکڵگرتنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان کۆمەڵەی ژ. ک. لە ساڵی ١٣٢١ (1942)و دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤(1945) بە ترۆپکی خۆی گەیشت. 
ئەمەی کە لە سەردەمی مەشرووتە کوردستان لە بواری سیاسی و کەلتوورییەوە دواکەوتووتر بوو، بە شتێکی زیاتر لە وه‌ستان و نه‌جووڵانێکی ڕووتی مێژوویی ئاماژە دەکات. ئەم قه‌ڵشته‌ ئاکامی جومگەبندی تایبەت بە هێزی دەسەڵاتدار و سیسته‌مە فیۆداڵییەکان لە ناوچەکەدا بوو. نادیاربوونی بارودۆخە سیاسیییەکان و گوتاری شکڵگیری سیاسەتی جەماوەری، هەروەها ئاماژە بە قه‌ڵشت لە ڕەوتی مێژوویی شکڵگیری مودێڕنیتە لە کوردستاندا بوو، کە لە بواری تایبەتمەندی و پوتانسییه‌لەکانییەوە لە ناوچەکانی دیکەی وڵات جیای ده‌کرده‌وه‌. هەروەها کە لە شوێنێکی دیکەشدا باسم کردووە، تایبەتمەندی مێژوویی مودێڕنیتە لە کوردستان بە قووڵی لە گەڵ ناوچەکانی دیکەی ئێران جیاواز بوو( وەلی ١٩٩٨). ئەم جیاوازییە تەنها بە هۆی دەسپێکردنێکی درەنگ نەبوو، بەڵکوو پرۆسەی تایبەتی شکڵگیری و سەقامگیری (دەوڵەت-نەتەوە)  و شووناسی نەتەوەیی لە ئێران و کاریگەرییە سیاسی و کەلتوورییەکانی لەسەر کۆمەڵگای کوردیشدا، هۆکار بوو. دەرکەوتنی مودێڕنیتە لە کوردستان، تا ئەو شوێنەی کە مودێڕنیتە هاوتای بەکارهێنانی ئەقڵی مودێڕن لە ڕێکخراوە کەلتووری، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای کورد دابنرێت، هاوکات بوو به‌ سەرکوتی شووناسی کوردی و ڕەتکردنەوەی زۆرەملی لە پانتای سیاسی و گوتاریدا. کەواتە لەم ڕوانگەیه‌وە، مودێڕنیتە بە ئاشکرایی لە گەڵ هێزی دەسەڵاتدار و کۆمەڵێک لە گوتار و کردەوەکان، کە بە مەبەستی گه‌رەنتیکردنی دەسەڵاتی زاڵ بەسەر کۆمەڵگای کورد بوو، دەناسرا. هەرچەند ئەم گوتار و کردەوانە تە ڕادەیەکی عەقڵانیتر، به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراوتر و ڕێکوپێکتر بوون. 

ئەم تێگه‌یشتنه‌ گشتییە لە مودێڕنیتە، واتە؛ ناسینی مودێڕنیتە وەک فۆرمگەلێک لە ئەقڵانییەتی ئامرازیانه‌ی گرێدراو بە مودێڕنیزمی دەسەڵاتخواز، کە سیاسەتی دەوڵەتی ڕەهای پەهلەوی یەکەم لە ساڵەکانی ١٣٠٤ تا ١٣٢٠ (1925-1941)بوو، تێگەیشتنێکی هاوبەش لە سەرتاسەری ئێراندا بوو. سەرەڕای ئەمانەش لە ئەزموونی کوردستاندا ئەم تێگەیشتنە سەرتاسەرییە هاوبەشە جیاوازیگەلێکی بەرچاوی بۆ درووست دەبوو. لە کوردستاندا سەپاندن و مانیفێستکردنی دەسەڵات و توندوتیژی دەسەڵات و فۆرمەکانی ئەقڵانییەتی ئامرازیانه‌ی مودێڕن، لە گوتار و کردەوەدا، پێویستی بە سەرکوتی شووناسی کوردی بوو. لە ڕاستیدا سەرکوتی سیستەماتیکی  شووناسی کوردی، گرێی دیالیکتیکی(٩)جومگەبەندیی دەسەڵاتی زاڵ و دیسپۆتیزم(سیسته‌می خانخانێتی) لە کوردستان بوو.

ساڵی ڕووداوه‌کان به‌ ڕیز به‌ پێی کۆچی و زاینین.

ئه‌م وتاره‌ پێشه‌کیی کتێبی ((ساڵه‌ له‌بیرکراوه‌کانی ناسیۆنالیزمی کوردی)) نووسینی پرۆفیسۆر عه‌باس وه‌لییه‌.


سه‌رچاوه‌: نقد اقتصاد سیاسی  30/08/2019


نووسینی/ پرۆفیسۆر عه‌باس وه‌لی

وه‌رگێڕان/ له‌ ئینگلیزییه‌وه‌ موراد ڕووحی

وه‌رگێڕان/ له‌ فارسییه‌وه‌؛ سپێده‌ ساڵحی



ئه‌م بابه‌ته 197 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر