کۆتایهاتنی هەژموونی ئەمریکا

وڵاتانی (چین، ڕووسیا، ئەوروپا و وڵاتانی تر...) هێزێکیان بەدەستهێناوە کە بە "ئەمریکا" بەراورد دەکرێت.
AM:01:27:02/09/2021
دۆسیە: شیکار


فڕانسیس فۆکۆیاما
نووسەر و ڕووناکبیری ئەمریکی، بە ڕەگەز ژاپۆنییە. شارەزای سیاسەتی دەرەوە. مامۆستا لە زانکۆی ستانفۆرد.


گۆڤاری "ئیکۆنۆمیست" وتارێکی فرانسیس فۆکۆیاما، شارەزای سیاسەتی دەرەوە و کەسایەتیی یەکەمی ئینستیتیوتی "فریمان سپۆجلی" بۆ توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی "ستانفۆرد" بڵاو کردووه‌تەوە، وتارەکە؛ باس لە کۆتاییهاتنی هەژموون و هەیمەنەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات دوای کشانەوەی لە ئەفغانستان. فۆکۆیاما پێیوایە؛ کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان بەواتای کۆتایهاتنی سەردەمی ئەمریکا نایەت، بەڵام ئەو ئاڵنگارییەی ڕووبەڕووی پێگەی نێودەوڵەتیی ئەمریکا دەبێتە بەڕادەیەکی زیاتر بریتییە لە جەمسەرگیریی سیاسیی لە نێوخۆی ئەو وڵاتەدا. وێنەی تۆقێنەری ئەو هاووڵاتییە ئەفغانییانەی دوای ڕووخانی حکومەتی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئەمریکاوە هەوڵی چوونەژوورەوەیان دەدا لە شاری کابول، بووە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی جیهاندا، چوونکە ئەمریکا لە جیهان دوورکەوتەوە و (پشتی تێکرد). ڕاستیی بابەتەکەش ئەوەیە؛ کە ماوەیەکی زۆر بەر لەو ڕووداوە هاتۆتە ئاراوە. بەڵام لەڕاستیدا هۆکارە درێژ مەوداکانی لاوازی و داڕووخانی ئەمریکا زیاتر ناوخۆیین وەك لەوەی نێودەوڵەتیی بن. هەرچەندە ویلایەتە یەکگرتووەکان تا چەند ساڵێکی تر وەك گەورەترین هێز دەمێنێتەوە، بەڵام مەودای کاریگەری و هەژموونی دەکەوێتە سەر توانای وڵاتەکە لە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی، وێڕای سیاسەتی دەرەوەشی. سەردەمی چڵەپۆپەی هەژموونی "ئەمریکا" کەمتر لە بیست ساڵی خایاند، ئەو سەردەمەش لەدوای کەوتنی دیواری بەرلین لە ساڵی 1989 دەستی پێکرد و تا قەیرانە داراییەکەی ساڵی 2007-2009 درێژەی هەبوو. چوونکە ئەوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیمەنەی بەسەر چەندان بواری هێزدا هەبوو؛ سەربازی، ئابووری، سیاسی و کولتووری. ئەوپەڕی لووتبەرزیی ئەمریکاش جەنگی ئازادکردنی "ئێراق" بوو لە ساڵی 2003ـدا، کاتێک هیواخواز بوو نەک تەنیا ئەفغانستان (کە بەر لە دوو ساڵ ئازادی کردبوو) و ئێراق، بەڵکو بتوانێت تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بوونیاد بنێتەوە.

"ئەمریکا" زیادەڕەوی کرد لە هەڵسەنگاندنی هێزە سەربازییەکەی لە هێنانەکایەی گۆڕانکاریی سیاسیی بنەڕەتی، هاوکات کاریگەریی مۆدێلی "ئابووریی بازاڕی ئازاد"ـەکەشی لەسەر پارەدارکردن (تەمویل)ـی جیهانی بە کەم هەڵسەنگاند. سەردەمەکەشی کۆتایی هات بە بەشداری و تێوەگلانی هێزەکانی لە دوو جەنگی دژی تیرۆریستان و، ئەو قەیرانە داراییە نێودەوڵەتییەش کە بوویە هۆی تەشەنەکردنی بەرچاوی ئەو نایەکسانی و جیاوازییەی کە بەهۆی جیهانگیری (عەولەمە)ـەوە هاتبووە ئاراوە، خودی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ڕابەرایەتیی ئەو جیهانگیرییەی دەکرد. ڕادەی جەمسەرگیریی تاکلایەنە لەم ماوەیەدا تاڕادەیەك دەگمەن بووە لە مێژوودا، جیهان بەڕێژەیەکی زیاتر لەوەی بەدرێژایی مێژووەکەی پێی ڕاهاتبوو، بە ئاڕاستەی دۆخێکی فرەجەمسەری هەنگاوی دەنا، چوونکە هەریەك لە وڵاتانی (چین، ڕووسیا، ئەوروپا و وڵاتانی تر...) هێزێکیان بەدەستهێناوە کە بە "ئەمریکا" بەراورد دەکرێت. ئەگەر هەیە کاریگەریی کۆتایی ئەفغانستان لەسەر جوگرافیای سیاسی کاریگەرییەکی لاواز بێت، چوونکە ئەمریکا لە ڕابردوودا کاریگەریی شکستی زەبوونکەر و شەرمهێنی تێپەڕاندووە کاتێك لە ساڵی 1975ـدا لە "ڤێتنام" کشایەوە، بەڵام بەخێرایی و بەماوەی نزیکەی دەیەیەك هەژموونی خۆی سەپاندەوە و ئەمڕۆش لە وڵاتی "ڤێتنام" هەوڵی ڕێگەگرتن لە بەرفراوانبوونی هەژموونی چین دەدات. لەهەمان کاتدا، هێشتا "ئەمریکا" خاوەن ژمارەیەك ئیمتیازی ئابووری و کولتوورییە کە زۆریك لە وڵاتانی دیکە لەو بوارەدا ناتوانن خۆیانی پێ بەروارد بکەن.

ئاڵنگاریی زۆر لەوە گەورەتری پێگەی نێودەوڵەتیی "ئەمریکا" بە پلەی یەکەم نێوخۆییە؛ چونکە کۆمەڵگەی ئەمریکی دووچاری جەمسەرگیرییەکی قووڵ هاتۆتەوە و گەیشتن بە کۆدەنگی لەبارەی سەرجەم شتەکانەوە بۆتە کارێکی سەخت. ئەگەرچی ئەم جەمسەرگیرییە سەرەتا لەبارەی سیاسەتە ئاساییەکانی وەك باج و لەباربردنی کۆرپەلە دەستی پێکرد، بەڵام لەدوای ئەو کاتەوە گۆڕا بۆ ناکۆکییەکی تووند لەسەر ناسنامەی کولتووری. داخوازیی دانپێدانان و ناساندن لەلایەن ئەو گرووپانەی وا هەست دەکەن لەلایەن دەستەبژێرەکانەوە پەراوێز خراون بابەتێکە کە بەر لە 30 ساڵ وەك خاڵی لاوازی دیموکراسییەتی مۆدێرن دەستنیشانم کردووە. بەگشتی، لەکاتی هاتنەئارای هەڕەشەیەکی دەرەکیی گەورەی هاوشێوەی کۆرۆنا، پێویستە ئەو هەڕەشەیە ببێتە دەرفەتێك بۆ هاووڵاتییان تا لەسەر بەرەنگاربوونەوەیەکی هاوبەشی هەڕەشەیەکی لەو جۆرە یەکدەنگ بن؛ کەچی لەسەر ئەرزی واقیع، پەتای کۆڤید-19 بۆتە هۆی دابەشبوونی قووڵ لەنێو کۆمەڵگەی ئەمریکیدا، لەبارەی خۆ-بەدوورگرتن لە بەرکەوتن و، بەستنی ماسك؛ ئێستاش بەشێوەیەك سەیری ڤاکسینەکانی دژی کۆرۆنا دەکرێت کە زیاتر لەوەی ڕێکار بن بۆ تەندروستیی گشتی، ئاماژەی سیاسین. ئەو ناکۆکییانە سەرجەم لایەنەکانی ژیانیان گرتۆتەوە، هەر لە وەرزشەوە تا بڕاندە بازرگانییەکانی ئەو بەرهەمە بەکاربەرییانەی هاووڵاتییانی "ئەمریکا" دەیکڕن. ئەو ناسنامە مەدەنییەی کە "ئەمریکا" شانازی پێوە دەکرد بەوەی دیموکراسییەتێکی فرەڕەگەزە لە ماوەی دوای مافە مەدەنییەکان لە ساڵی 1619 گۆڕدرا بۆ دانەی جێی مشتومڕ بەرانبەر بە ساڵی 1776، واتە، ئاخۆ وڵات لەسەر بنەمای بەندایەتی (1619) بوونیاد نراوە، یاخود لەسەر بنەمای خەبات لەپێناو ئازادی (1776). ئەم ناکۆکییە درێژە دەکێشێت بۆ ئەو ڕاستییانەی هەر لایەنێك بەجیا بڕوا بەوە دەکات کە دەیبینێت، ئەو ڕاستییانەی کە بە لەبەرچاوگرتنیان، هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی نۆڤەمبەری ساڵی 2020 یان ئەوەتا یەکێك بووە لە دادپەروەرانەترین هەڵبژاردنەکانی مێژووی ئەمریکا یانیش ساختەکارییەکی گەورە بووە کە بۆتە هۆی سەرۆکایەتییەکی ناشەرعی.

بەدرێژایی ماوەی جەنگی سارد تا سەرەتاکانی دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەك کۆدەنگییەکی بەهێز لەلایەن دەستەبژێرێکی ئەمریکییەکان هەبوو، لەبارەی گرنگیی پاراستنی پێگەی پێشڕەویی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا. بەڵام جەنگە وردوخاشکەرە بێ کۆتاکان لە (ئەفغانستان و ئێراق) بوونە هۆی چەندان پچڕان لە ڕیزی ئەمریکییەکان، نەك تەنیا لە ناوچە دژوارەکانی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکوو لە دەستتێوەردان لە کاروباری نێودەوڵەتیش بەشێوەیەکی گشتی. جەمسەرگیری کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردووه‌تە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. لەماوەی ساڵانی ئیدارەی "ئۆباما" کۆمارییەکان هەڵوێستێکی تووندیان هەبوو و هێرشیان کردە سەر دیموکراتەکان بەهۆی "ڕێکخستنەوە"ـی ڕووسیا و ساویلکەییان لە بەرانبەر "ڤلادیمێر پووتین"ی سەرۆکی ئەو وڵاتە. بەڵام دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە لەئامێزگرتنی "پووتین" بەشێوەیەکی ئاشکرا، مێزەکەی بەسەر ناوبراودا هەڵگێڕایەوە، لە ئێستاشدا نزیکەی نیوەی کۆمارییەکان پێیانوایە کە دیموکراتەکان لە ڕووسییەکان زیاتر هەڕەشەن بۆ سەر شێوازی ژیانی ئەمریکا. لەم چوارچێوەیەدا، ئامانجی "بێزارکردنی لیبڕاڵییەکان" (واتە، وەستانەوە دژی چەپڕەوی، وەك دروشمێك کە ڕاستڕەوی بەرزی دەکاتەوە) گرنگترە لە بەرگریکردن لە بەها دیموکراسییەکان، کاتێك تاکەر کارڵسۆن، بێژەری هەواڵە تەلەفزیۆنییەکان بەرەو بودابێست گەشتی کرد بۆ ئاهەنگگێڕان لەگەڵ ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی دیکتاتۆری هەنگاری. هاوکات کۆدەنگییەکی ڕاشکاوتر هەیە لەبارەی چینەوە؛ چوونکە هەریەك لە کۆمارییەکان و دیموکراتەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی هەڕەشەیە بۆ سەر بەها دیموکراسییەکان. تا ئێستا ئەوە تاکە شتە کە وا پێدەچێت ئەمریکییەکان کۆبکاتەوە، بەڵام لە بواری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، ئەو تاقیکردنەوەیەی زۆر لە ئەفغانستان گەورەتر دەبێت، وڵاتی تایوان دەبێت، ئەوەیش گەر ئەو وڵاتە تووشی هێرشی ڕاستەوخۆی چین بێتەوە. ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادە دەبێت بۆ سەربەخۆیی ئەو دوورگەیە قوربانی بە ڕۆڵەکانی بدات؟ یاخود لە واقیعی بابەتەکەدا زیاتر لەوە، لە ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ئایا ئەمریکا خۆی دەخاتە مەترسیی پێکدادانی سەربازی لەگەڵ ڕووسیا؟ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە کارێکی ئاسان نییە، بەڵام لەوانەیە گفتوگۆی لۆژیکی لەبارەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی "ئەمریکا" بکرێت، بەڵام سەرەتا لەو سۆنگەیەوە دەبێت کە بە چ شێوەیەك کار دەکاتە سەر ناکۆکیی حیزبی.
جەمسەرگیری بەشێوەیەکی بەرچاو زیانی بە کاریگەریی نێودەوڵەتیی "ئەمریکا" گەیاندووە، ئەوەش بەڕێژەیەکی زۆر کەمترە لە تاقیکردنەوەی لەو شێوەیە لە داهاتوودا. ئەو کاریگەرییە پشت بەوە دەبەستێت کە جۆزیف نای، توێژەری بواری سیاسەتی دەرەوە بە "هێزی نەرم" ناوی دەبات"، واتە هێزی کێشکردنی خەڵکی لەلایەن دامودەزگاکان و کۆمەڵگەی "ئەمریکی" لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم هێزی کێشکردنە بە ڕادەیەکی بەرچاو کاڵ بۆتەوە؛ زەحمەتە بۆ هەر کەسێك کە بڵێت دەزگا دیموکراسییەکانی ئەمریکا لە ساڵانی دواییدا بەشێوەیەکی باش کاریان کردووە، یاخود پێویستە هەموو وڵاتێك لاسایی حیزبایەتیی سیاسیی دیاری "ئەمریکا" یاخود لەکارکەوتنی وەزیفییەکەی بکاتەوە. یەکێك لە سیما تایبەتە تازە دەرکەوتووەکان؛ بریتییە لە توانای دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات لەدوای هەڵبژاردن، ئەم تاقیکردنەوەیەش بە ڕادەیەکی زۆر لە ڕۆژی 6ـی کانوونی دووەمی 2021ـدا شکستی هێنا. گەورەترین کارەسات کە ئیدارەی سەرۆك "جۆ بایدن" نابێتەوە لەماوەی ئەو حەوت مانگەی لە پۆستەکەی بەسەری بردووە؛ بریتییە لە شکستی ئیدارەکە لە داڕشتنی پلان بەشێوەیەکی گونجاو بۆ ئەو داڕمانە خێرایەی لە ئەفغانستان ڕوویدا. هەرچەندە ئەو وەسفە نەگونجاو بێت، بەڵام باس لە حوکمی بڕیاری سەرەکی بۆ کشانەوە لە ئەفغانستان ناکات، کە لەوانەیە لەکۆتاییدا دەربکەوێت بڕیارە ڕاستەکە بێت. چوونکە سەرۆك "بایدن" پێیوایە کە کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان پێویست بوو بۆ سەرنج خستنە سەر بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە گەورەترەکانی داهاتوو لە ڕووسیا و چین. هیواش هەیە لەو بابەتەدا ڕژد بێت. "باراك ئۆباما" هەرگیز لە پێکهێنانی "میحوەر"ـێك بۆ ئاسیا سەرکەوتوو نەبوو لەبەر ئەوەی "ئەمریکا" تیشکی خستبووە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە؛ ئیدارەی ئێستا پێویستی بە دابەشکردنەوەی سەرچاوەکان و بایەخی سیاسەتداڕێژەران هەیە لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی ڕکابەرە جیۆسیاسییەکان و گرێدانی پەیوەندیی زیاتر لەگەڵ هاوپەیمانان.

لەکۆتاییدا؛ ئەگەرێکی دوورە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێگەی خاوەن هەژموونی خۆی بگەڕێنێتەوە و، پێویستیش ناکات ئاواتی ئەوە بخوازێت. تاکە شت کە دەکرێ خۆزگەی بۆ بخوازرێت، شانبەشانی ئەو وڵاتانەی هاوبیری ئەمریکا بن، بریتییە لە دەستپێوەگرتن بە سیستەمێکی جیهانی کە دۆستی بەها دیموکراسییەکان بێت. مەودای تواناشی بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە هێندەی دەوەستێتە سەر گێڕانەوەی هەستی شوناس و ئامانجە نەتەوەییەکان لەسەر زەمینی نیشتیمان، هێندە ناوەستێتە سەر ڕێوشوێنە کورت مەوداکان لە کابول.

وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا




ئه‌م بابه‌ته 299 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر