بەشداریی سیاسیی ژنان

بەشداریی سیاسیی "ژنان" بە مانای بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان و دەنگدان نییە، بەڵکوو بەو مانایە کە ژنان لە سەرجەم دامەزراوە دیمۆکراتیکەکاندا بڕیاردەریان هەبێت.
AM:10:46:30/08/2021
دۆسیە: کلتوور و مرۆڤسازی


چنور فەتحی
نووسەر


بەشداریی سیاسیی ژنان، فاکتەرە کاریگەرەکان، چەلێنجێکی نوێ

پەرەگرتن پڕۆسسێکی گشتییە کە لە چەندین ڕەهەندی وەک ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووریی پێكهاتووە. پەرەی سیاسی زیاتر لە چەمکەکانی دی هەڵگری بار، ئایدۆلۆژیکی و نەتەوایەتییە. یەک لە ڕەهەندەکانی پەرەی سیاسی، بەشداریی سیاسییە. لەو ڕووەوە لە پیاوان ناتوانن بە ڕادەی پێویست بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی ژنان بکەن، بەشداریی ژنان لە هەموو چالاکییە سیاسییەکاندا زەروورە بە شێوەیەک کە دەکرێ بڵێین؛ گەر ژنان لە ئاقاری سیاسیدا بە کەمیینە بێنە ئەژمار، دیمۆکراسی ناتەواوە. بەشداریی سیاسیی "ژنان" بە مانای بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان و دەنگدان نییە، بەڵکوو بەو مانایە کە ژنان لە سەرجەم دامەزراوە دیمۆکراتیکەکاندا دەوری دیاریکەر و بڕیاردەریان هەبێت. لە حاڵێکدا کە هێشتا ژمارەیەک لە ئەرکە سیاسی و کولتوورییەکان بە پێی ڕەگەز دیاریی دەکرێت. کۆمەڵێک میکانیزمی یەکسان، بەشداریی ژنان لە ژیانی سیاسی، ئابووری و زانستیدا دیاریی ده‌کەن. لەم وتارەدا سەرەتا پێناسەکانی سیاسەت دەخرێتە بەرباس و دواتر بە ڕەخنەگرتن لە پێناسەی نەریتیی سیاسەت بە پێی ڕوانگەی کۆمەڵناسیی ژن، بەشداریی سیاسیی دووبارە پێناسە دەکرێتەوە و فاکتەر و بەربەستەکانی بەردەم بەشداریی سیاسیی ژنان لێکدەدرێتەوە و لە کۆتاییدا ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی ئەم فاکتەر و بەربەستانە ئاراستە دەکرێن.
 
"پێناسە تیۆریکەکان"

وەک دەزانین؛ یەکەمجار "ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان "دەهەی ١٩٦٠ی بۆ پەرەگرتن تەرخان کردبوو و گەشەی ئابووریی وەک ئاستی فێرێکۆنسی گەشەی وڵاتان لە بەرچاو دەگیرا. هەروەها وڵاتانی جیهانی سێهەم ڕاسپێردرابوون هەوڵبدەن لە ڕوانگەی بەپیشەسازی ‌بوونەوە بە وڵاتانی پێشکەوتوو بگەنەوە. گەرچی ئەو تەوەرەش پەسەند کرابوو، ئەوەی بۆ پەرەگرتن باش و بەسوودە، بۆ هەمووان باش و بەقازانج دەبێت. دەهەی دووهەم، پاش هەڵسەنگاندنەکان دەرکەوت کە ئەو سیاسەتانەی گیراونەتە بەر لە ڕووی کۆمەڵایەتی و جوگرافیاییەوە تووشی شکست هاتوون. کەواتە باشترکردنی هەلومەرجی ژیانی هەژارترین کەسەکان کەوتە ئەجیندای کارییەوە و بۆ یەکە‌مجار گرنگیی بە ژنان و بەتایبەت ژنانی هەژار دەدرا. دەهەی سێهەم ئەم پرسیارانە گەڵاڵە کران؛ 

مەبەست لە پەرەگرتن چییە؟ پەرە بۆ چ کەسانێکە؟ پەرەگرتن لە سەر دەستی چ کەسانێک بەدی دێت و یان دەبێ ڕووبدات؟

"پەرەگرتن" پرۆسسێکە کە بێگومان هەڵگری کۆمەڵێک سوود و قازانجە و دەرەنجامە نەرێنییەکانی بە نەسیبی کەسانێک دەبێت کە بەشداریی تێدا ناکەن. بەشداریی کەرستەیەکە بۆ ئەوەی کە خەڵک بە ئامانجەکانیان بگەن. ئامانجی پەرەگرتن؛ بریتییە لە گەشەی هاوڕێی یەکسانی و بەشداری. 
ئێستاکە ئیدی لە دوای قۆناغێکی دوور و درێژ لە ئابووریگەرایی، ئەو ڕاستییە هاتۆتە پەسەندکردن، کە پەرەگرتن پڕۆسسێکی گشتی و گشتگرە بە ڕه‌هەندی ئابووریی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوورییەوە.
 
"پەرەی سیاسی"

زاراوەی پەرەی سیاسی زیاتر لە هەموو چەمکەکانی دی هەڵگری باری ئایدۆلۆژیکی و نەتەوەییە و زۆرێک لە توێژەران بە هاوسەنگی مۆدێڕنیزم، واتا لاسایی ‌کردنەوەی ڕەهای دامەزراوە سیاسییە ئەورووپییەکان، بە پێی بیروڕای گشتی، جیاکردنەوەی هێزەکان و پاڕلەمان دایدەنێن. 

"جیم. کۆڵمان" پەرەی سیاسیی لە سەر بنەمای پڕاکتیک بۆ سێ پڕەنسیپ یاخود سێ لایەن دابەش دەکات. جیاکار‌یکردن لە سیستەمی سیاسیدا ئاسەواری باشی دەبێت. ئاسەوارێک کە وشیارانە بەدواداچوونی بۆ بکرێت و لە ڕوانگەی چۆنێتییەوە مۆدێڕن و کامڵ‌ بێت و وەک دامەزراوەیەکی سەرکەوتوو بکەوێتە ڕوو؛ 

١. شێوازە نوێکانی یەکبوون؛ کە بە سەر ناکۆکی و هەژانەکانی بەرهەمی جیاکاریکردنە ڕوو لە زۆر بوونەکان زاڵ بێت و بیانخاتە ژێر ڕکێف و کۆنترۆڵی خۆیەوە.
 
٢. شێوازە نوێکانی بەشداری و دابەشکردنی ئەرکەکان کە وەڵامدەرەوەی داخوازییەکانی یەکسانیخوازیی بێت. (Colman, 1965)

تیۆریی دوایی، تیۆریی پی. ئێف. گونیدەک (P. F. Gonidec)ە کە پەرەی سیاسی بە پڕۆسسی خەباتێکی بێوچان دەزانێت، کە دەوڵەتانی جیهانی سێهەم هەوڵ دەدەن لە ڕێگەیەوە پرس و مەسەلەکانی پێشوویان بسڕنەوە و ئاسەوارەکانی دەسەڵات و زاڵێتیی دەرەکیی دوور بخەنەوە و هەموو ئەو بونیادانەی دەبنە لەمپەری سەر ڕێگای پێشکەوتن، تێکبشکێنن و خەڵکەکەیان لە کاروباری بونیادنانی نەتەوەییدا بەشدار بکەن. (Gonidec, 1980) لێرەدا جەخت لە ڕزگاربوون لە زاڵێتیی ناوخۆیی و دەرەکیی دەکرێتەوە و پێشکەوتن دەبێ بە سوودی خەڵەکە بێت. هەروەک دەبینین؛ بەشداریی سیاسی، یەک لە ڕەهەندەکانی پەرەی سیاسییە، لە ڕەوتی نوێژەنکردنەوەدا، پرس و بابەت و دژوازییە زاتییەکانی هەلومەرجی بەدیهاتنی "پەرە" گەڵاڵە کراوە و یەک لە قەیرانەکان، قەیرانی بەشدارییە کە چارەسەرکردنیشی دەستەبەرکردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ بەشداریی گشتی لە کاروباری حکوومەتیدایە. بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە پەرەی سیاسی پێویستی بە بەشداریی گشتی و پەڕگیری سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا هەیە و، لەو ڕووەوە کە ژنان نیوەی حەشیمەت پێکدێنن، پیاوان ناتوانن (یان نایانهەوێ) بە تەواویی بەرگریی لە مافەکانی ژنان بکەن. کەوابوو؛ ئامانجمان لەم توێژینەوەدا لێکدانەوەی ئەو چەلێنجانەیە کە دەکەونە سەر ڕێگەی بەشداریی ژنان. 

یەکەم؛ ڕەخنەی کۆمەڵناسانی ژن. سەبارەت بە میتۆد و تیۆریی کۆمەڵناسی دوو گریمانە لە خۆ دەگرێت؛

یەکەمیان؛ ئەوەیە کە جێندەر فاکتەرێکی دیاریکەری بنەڕەتیی پێوەندی و ڕەفتاری کۆمەڵایەتییە و دووهەم ئەوەی کە دابەشکارییە جێندەرییەکان لە کۆمەڵگا، ڕوانگە و ئەزموونی هەر دوو ڕەگەز بیچم دەدەن. ئەنجام؛ ئەزموونەکانی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازە لە ئەزموونەکانی پیاوان. 

ژمارەیەک لە بیرمەندانی "ژن" تەنانەت لەم بابەتەش تێپەڕیون و ئەو باسەیان هێناوەتە ئاراوە کە کۆمەڵگا بە شێوەیەکە، کە ژنان و پیاوان لە جیهانی (مرۆیی – کۆمەڵایەتی)دا جیاواز و ناهاوشێوە جێگیر بوون. (Turner, 1998) جێسی بێرنارد لە سەر بنەمای تیۆریی "زیمەل" کە دەڵێ؛ "ژنان، جیهانی تایبەتیی خۆیانیان هەیە، بە جیهانی پیاوان بەراورد ناکرێت"، ئەم باسە دەخاتە گەڕ کە کۆمەڵگا بۆ دوو جیهانی یەک ڕەگەزیی دابەشکراوە. کۆمەڵناسی و لقەکانی دیکەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان تا ئێستا بەزۆریی لەگەڵ جیهانی پیاوانەدا سەروکاریان هەبووە. جێسی بێرنارد بەنیازە ئەم ناهاوسەنگییە بە بەدواداچوون بۆ پەرەگرتنی مێژووی جیهانی ژنانە و تەنها و تەنها ئەزموون و ڕوانگە ژنانەکان ڕاست بکاتەوە. ئەو دەڵێ؛ "جیهانی ژنان بە شێوەی زەینی و عەینی جیاوازە لە جیهانی پیاوان و، دەبێ جیهانی ژنانە وەک گشتێک لێکبدرێتەوە و نەک بەرهەمی جیهانی پیاوانە (Bernard, Jessis. 1981) گرنگینەدان بە جیهانی ژنانە و ئەزموونەکانی ژنان بوو بە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵناسی و لقەکانی دیکە لەو مشتومڕ و ڕوانگانەی لەوانەیە ڕێگەچارەیەکی نوێ و ستراتیژێکی تازە بۆ پرسە هاوچەرخەکان دەستەبەر بکەن، بێبەری بێت.  "سیلتانن و ستان" لە سەر ئەو باوەڕەن کە "لەو نووسینانەدا کە بە سەرنج و ڕوانینی پیاوانەوە نووسراون، ژنان بە هەند وەرنەگیراون. توێژینەوە بە ڕوانگەی پیاوانە باس لەوە دەکات کە بەشداریی ژنان لە سیاسەتدا کەمترە لە پیاوان و خواست و هۆگرییەکانی ژنان، زایەڵەی بەڵێن و بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی و بنەماڵەییەکانی ئەوانە و نەک هەڵوێستی سیاسیی باشتر(ابوت، پ و والاس، کلر١٣٧٦).

توێژەران بە دیدی پیاوانەوە لە مەڕ ڕەفتاری ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا دەدوێن و دەڵێن؛ ژنان کەمتر لە پیاوان دەنگ دەدەن، "ژنان" لە پیاوان موحافیزکارترن، "ژنان" لە پیاوان حول‌حولیترن و ژنان زیاتر دەکەونە بەر کاریگەریی کەسایەتییەکان. هێشتا ئەو وێنا لە ئارادایە کە پیاوان (بەتایبەت هاوسەران) لە سەر بیر و ڕا و ڕەفتاری سیاسیی "ژنان" بەتایبەت لە هەڵبژاردندا کاریگەریی دادەنێن و ئەم گریمانەش هەیە کە بەرەو ڕوو بوونەوەکان، هەڵبژاردنەکان و شێوازی بەشداریی سیاسیی تایبەتیی پیاوان، ڕەفتاری سیاسیی گونجاو دیاریی دەکات. لەم ڕووەوە ڕەفتاری سیاسیی "ژنان" لە حاڵەتێکدا کە پێچەوانەی ئەم پێناسە بێت، بە نەگونجاو دادەنرێت. هەروەک "هابرماس" کە ئەقڵ و ئاوەز لە بەرامبەر هەستەکان دادەنێت و نالۆژیکی و هەستەوەری لەگەڵ سرووشت بە یەک دەگرێت، وەکچۆن بە درێژایی سەدەکان پیاوان هەستەکان، سرووشت و ژنیان بە یەکسان وەرگرتووە، ئەقل و ئاوەز بەتاڵە لە هەستەکان و هەستیش نا-ئەقڵانییە! (Wallace, 1929) 

لایەنگرانی مافی کۆمەڵایەتیی ژنان، دووبارە سیاسەت پێناسە دەکەنەوە. "کیت میلت" لە کتێبی "سیاسەتی ڕەگەزی"دا سیاسەت بە "پێوەندیی وەستاو لە سەر دەسەڵات و هێز، واتا ئەو دەستوور و ڕێکییەی بە هۆیەوە گرووپێک لە تاکەکان دەکەونە ژێر ڕکێف و کۆنتڕۆڵی گرووپ و بەرەیەکی دیکەوە" پێبناسە دەکات. (ابوت و والاس ١٩٧٦) بە بڕوای لایەنگرانی ئەم ڕوانگە هەر بابەتێکی تاکەکەسی، سیاسییە، بەو مانا کە چونکە سیاسەت دەپەرژێتە سەر جووڵە و بزووتنی پێوەندییەکانی دەسەڵات لە کۆمەڵگادا، کەواتە دەبێ پێوەندییەکانی دەسەڵاتی نێوان پیاوان و ژنانیش لێک ‌بداتەوە. دابەشكاریی نێوان ئاقاری گشتی و تاکەکەسی، باوەڕێکی پیاوسالارانەیە بۆ دوور ڕاگرتنی ژنان. بە بڕوای ئەوان ژنان بەم چەشنە لە بەشداریی کە ژیانی سیاسی و گشتیدا بێبەری کراون. کەوابوو لە باتیی ئەوەی کە بپرسین بۆچی ژمارەیەکی کەم لە ژنان لە کاروباری سیاسیدا بەشداریی دەکەن، دەبێ پرسیاری ئەوە بکەین کە پیاوان چۆن توانیویانە وەها سەرکەوتووانە ڕێگریی لە ژنان بکەن بۆ بەشدارییان لە کاروباری سیاسیدا؟

"بەشداریی سیاسیی ژنان"

دەکرێ بڵێین؛ لە نێو ئەو پرس و بابەتە گرنگانەی کۆتایی سەدەی بیستەم لەگەڵی بەرە ڕوو بوو، واتا خەبات بۆ دابینکردنی ئاشتی، ئازادی و دیمۆکراسی، نەهێشتنی هەژاری و نایەکسانییەکان، بەکارهێنانی دروست و لۆژیکی سەرچاوە سرووشتییەکان، پێگەی بندەستی ژنانیش لە بەرچاو گیراوە، کە خۆی دەبێتە هۆی پێوەندیی مرۆیی نایەکسان و زاڵێتیی لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگا و نەزمی جیهانی. 

بونیادە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکان، بەستێنی مێژوویی، بنەما ئایدۆلۆژیکییەکانی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری لە سەر شووناسی تایبەتی و ئاستە نزم و نەوییەکانی بابەتەکانی پێوەندیدار بە ژنانەوە دادەنێن، کە ئەمانیش خۆیان لە سەر شێوە، چۆنێتی و چەندێتیی بەشداریی ژنان ڕەنگدانەوەیان دەبێت. دوو بگۆڕی مێژوویی و جوگرافیایی کاریگەریی لەسەر بەشداریی سیاسیی ژنان دادەنێن. لێرەوە دەتوانین بڵێین؛ هەر توێژینەوەیەک سەبارەت بە بەشداری‌کردن دەبێ تایبەتمەندییە مێژوویی و جوگرافیاییەکانی لە خۆ گرتبێت. ئەوسا ئەم تەوەرە گەڵاڵە دەکرێت، کە ئامادەیی ژنان لە دامەزراوە سیاسییەکاندا تا چ ڕادەیەکە و ئەو کاتانەش کە ئامادەییان هەیە، ئاخۆ  گۆڕانکارییەک دەکەن کە بە سوودی ژنان بشکێتەوە؟ دەبێ ئەوەشمان لەبیر بێت کە "ژنان" بەرەیەکی کۆمەڵایەتیی یەک دەست نین، بە دەربڕینی دی؛ ژنان یەک چین یان توێژ، یاخود یەک نه‌ژاد یان یەک نەتەوە نین و، لە نێو ژنانیشدا بە نیسبەت داخوازی و بەرژەوەندییەکانییانەوە فرەچەشنی لە ئارادایە. تەنها ئامادەیی چەند ژنێک لە پلە بەڕێوەبەرایەتییە باڵاکاندا شتێک لە کێشەکان ناگۆڕێت. ئەوەی دەبێ بگۆڕدرێت بونیادی کۆمەڵایەتی و بە دەربڕینی دی پێوەندیی کۆمەڵایەتیی نێوان دوو ڕەگەزەکەیە، هەمان شت کە بە ناوی سیستەمی باوکسالارەوە دێتە ناسین. کەواتە؛ مەسەلەی ژنان و سیاسەت، مەسەلەی نایەکسانیی ژنان نییە، بەڵکوو مەسەلەی لەپێشبوونی پیاوانە کە هەوڵیان داوە بە جۆرێک نایەکسانییەکان دامەزراوەیی و ناڤۆکی بکەن. لە ڕاستیدا هەر کاتێک بمانهەوێ بەشداریی سیاسیی ژنان زیاتر بکەین، زیاترکردنی کورسییەکانی پاڕلەمان و بە زۆرەملێ کردنی ٥٠٪ی کورسییەکان، چ گەرەنتییکی بۆ باشترکردنی دۆخی ژنانی لەگەڵدا نییە. کاتێک کە نایەکسانییەکان بە دامەزراوەیی بووبێت، کاتێک کە جیهان بۆ دوو پانتایی گشتی و تاکەکەسی دابەش بووبێت، سەیر نییە کە "ژنان" خۆشیان زۆر خوازیاری بەشداریی نەبن. بەڵام لە سیستەمی پیاوسالاردا بەشداری‌ نەکردنی ژنان و خەمساردی و بێ‌لایەن‌ بوونیان، بەو شێوە پاساو دەدرێت کە ئەمە خه‌سڵەتی ژنانە، کۆنزرڤاتیڤ‌بوون تایبەتمەندیی ژنانە و لە بەر ئەوەی کە دەگەڕێتەوە بۆ سرووشتی ژنانە، کەواتر هیچمان لە دەست نایە. ئەم پاساوە خاو و سادەئەندێشە هەمووان ئەرخەیان دەکات!

لە حاڵێکدا دەبێ ئەوەمان لە بەرچاو بێت؛ جیهان سەبارەت بە ئەزموونی بەرهەستی ژنان و پیاوان وێکچوو نییە. کەواتە چیدی ناکرێ بەو سیستەمە هزرییەوە پیاوان و تایبەتمەندییەکانیان بە ئەسڵ و کۆڵەکە وەردەگرێت، دەست بدەینە لێکدانەوەی دۆخی ژنان و سیاسەت. کاتێک کە دەمانهەوێ بەشداریی سیاسیی ژنان زیاتر بکەین، دەبێ لە گشتێتیی سیستەمدا کاری بۆ بکەین و ئەوسا دەبینین تاوەکوو پێوەندییە بونیادییەکان نەگۆڕدرێن، زۆربوونی ژمارەی ژنان لە پۆستە کلیدییەکاندا هیچی پێناکرێت. مەگەر ئەوەی کە بەنیاز بین ئەم زیاترکردنی ژمارانە وەک کەرستەیەک بەکار بێنین بۆ سەقامدان بە سیستەمێک کە قووڵ و بە شێوەی جیدددیی خوازیاری پاراستنی پێوەندییە نایەکسانەکانە. دەکرێ بڵێین؛ سەرکەوتنی ژنان لە پانتایی سیاسەتدا مادام لە سیستەمێکدایە کە هەموو جیاوەکەکانی بۆ پیاوان دەوێ، هێندەش شادی‌ هێنەر نییە.

"پێناسەیەکی دووبارە بۆ بەشداریی سیاسی"

مەبەست لە "بەشداریی سیاسی" واتا؛ دەستێوەردان لە چالاکییەکی ڕێکخراو و گشتی، کە دەیهەوێ کاریگەریی لە سەر خه‌سڵەت، کارکرد، بونیاد و سیاسەتەکان، ڕەفتاری چەندین دامەزراوە و یاخود پڕۆسسی دەسەڵات لەم ئاقارانەدا دابنێت و بیانگۆڕێت. هەوڵدان بۆ سڕینەوەی لەمپەر و بەربەستەکان بە مەبەستی کارامەیی و کاریگەریی زیاتر و کردنەوەی کەناڵی نوێ. شێوازەکانی ئاڵته‌رناتیڤی دەسەڵات لە شوێنێکدا کە دەستڕاگەیشتن بە کەناڵە هەبووەکان ئاستەنگ کراوەتەوە و یان ناکارامەن دەبێ وەک "بەشداریی سیاسیی" لە بەرچاو بگیرێت.
 
"فاکتەرەکانی کاریگەر لە سەر بەشداریی سیاسیی ژنان"

دەستڕاگەیشتنی ژنان بە دەسەڵاتی سیاسی دەبێ لە ڕێگەی ئامادەییان لە هەموو ئاقارەکانی ژیانی گشتی، لەوانە پێوەندییە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکاندا بەدی‌ بێت. بەڵام پێدەچێت ئاقاری سیاسی بەرامبەر بە هاتنی ژنان خۆڕاگری دەکات. بوونی ڕێژیمی نادادپەروەر لە سەرتاسەری جیهان و نەبوونی چالاکیی بەردوامی دیمۆکراتیک یەک لە بەربەستە سەرەکییەکانی بەشداریی ئەکیڤی ژنانە، لە ئاقاری سیاسەتدا. ژنان زیاتر لە پیاوان خەسارەکانی زاڵێتیی سیاسی و نەبوونی دیمۆکراسییان بەردەکەوێت. چون ئەوان بەرپرسیارێتیی بەکۆمەڵایەتی‌ کردنی نەوەی داهاتوویان لە ئەستۆیە. ئوستوورەی بەشداری‌ نەکردن و پاسیڤ و بێکردبوونی "ژنان" پشکێکی لە ئایدۆلۆژیای سیاسیدا هەیە و خۆی هەوڵی بەرتەسک‌ کردنەوەی دەورەکان و ئاقارەکانی "ژنان" دەدات. ئەم وتەزا فرەچەشنی پێگەی ژنان، لە دەور و پێشە مییەکانیان هەم لە چینەکاندا و هەم لە سیستەمی ئابووری و کولتووریدا لە خۆ دەگرێت و خەبات و خەبتینەکان بۆ بەشداریی "ژنان" بە شێوە و شێوازە جۆراوجۆرەکان لە بەرچاو ناگرێت. سیاسەتی دەوڵەتەکان خۆیان سەبارەت بە پێگە و دەوری "ژنان" لە پڕۆسسی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا ئەنجامی کارکردی سیستەمی باوکسالارە، لە یاساکانی تایبەت بە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە و داهاتەکاندا ڕەنگدەداتەوە. هەلومەرجی ئابووریی؛ بۆ نموونە هەژاری، بێکاری، چەوساندنەوە و دەستراگەیشتنی نایەکسان بە کار و پیشە تازەکان لەو فاکتەرانەن کە بەشداریی ژنان لە سیاسەتدا ئاستەنگ دەکەنەوە. 

سەربەخۆیی ئابووری بۆ خۆڕاگریی ژنان بەرامبەر بە نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان پێویستە، هاوکات ژیانی ئابووریی ڕەوتێکی نوێی بەکۆمەلایەتیبوون دەڕەخسێنێت. جیاوازیی بەکۆمەڵایەتی بوونی نێوان دوو ڕەگەز کە ئەنجام جیاوازیی ڕەفتاریش بەدی دێنێت بۆ نموونە؛ ترسی ژنان لە قسەکردن لە کۆر و کۆبوونەوە گشتییەکاندا، نەبوونی بڕوا بەخۆبوون و ترس لەوەی کە بیر و ڕای خۆ بەیان بکەی. پێشداوەرییەکان، دژایەتی خێزان، وێنەی نەرێنیی ژنانێک کە بە سیاسەتەوە سەرقاڵن، کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتیی دەور و پشت کە بەشداریی "ژنان" لە پێگە لۆکاڵی و نتەوەییەکاندا ئەستەم دەکات. 

"پێشداوەرییەکان سەبارەت بە ئاقاری چالاکیی ژنان و پیاوان"

سیاسەت ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە کاری پیاوان دێتە ئەژمار. هاوکات ئەم وێناش لە ئارادایە؛ ژنان کاتێک کە لە بواری چالاکیی سیاسیدا کار دەکەن، بە حەتمی لە ئەرکە خیزانییەکانیان خافڵ دەبن. دەستڕاگەیشتنی ژنان بە دەسەڵاتی سیاسی پێویستی بەوەیە کە گۆڕانێکی جیددیی لە شێوە و فۆڕمی بنەڕەتیی ئەو ڕۆڵانەی دەدرێتە پاڵ هەریەک لە دوو ڕەگەزەکە و ئەو ئایدۆلۆژیایەی تێبینی و پاساوی بۆ دێنێتەوە، بێتە ئاراوە.  بە گشتی کۆی پڕۆسسی بەکۆمەڵایەتیکردنی دوو ڕەگەز دەبێ گۆڕانی بەسەردا بێت، تاوەکوو ژنان بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی تەیار و ئامادە بن و وێنەیەکی نوێ لە پێوەندیی نێوان دوو ڕەگەز بکێشنەوە. پێویستە ئەم وێنە لە پانتایی گشتی و پانتایی تاکەکەسیدا بنەخشینرێت.
   
"ستراتیژێک کە دەبێ بگیرێتە بەر"

ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکانی "ژنان" دەتوانن لە یەکگرتوویی "ژنان" و وشیارکردنەوەی چین و توێژە جیاجیاکانی ژناندا گەلێک کاریگەرییان هەبێت. ڕەنگە بکرێ دژواریی بەشداریی سیاسیی ژنان لەم وشانەدا کورت بکرێتەوە، واتا ئەوەی پێوەندیی بە ژنانەوە هەیە و ئەوەی پێوەندیی بە حەیاتی سیاسییانەوە هەیە.

لە پڕۆسسی کۆمەڵایەتیدا؛ پەرە بە پێوەندیی تەواوکەر یان یەکسانیخواز بدرێت. بەتایبەت لە بونیادە نافەرمییەکانی کۆمەڵگادا، لەوانە خێزان و، هەروەها پێوەندیی نێوان دوو ڕەگەز بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە بۆ هەریەک لە ژنان و پیاوان بڕەخسێت، تاکوو بڕوا بەخۆبوون و ئێنێرژیی خۆیان بۆ دەربڕینی بەسوود و کاریگەری بیر و بۆچوونەکانەکانیان لە پانتایی گشتیدا، زیاتر بکەن. دابەشکردنی سیستەمەکانی زانست و زانیاریی نوێ لە ڕێگەی هەموو دامەزراوە پەروەردەییەکان و ڕەوتە کۆمەڵایەتییە فەرمی و نافەرمییەکانەوە. بەکارهێنانی کاریگەری کەرستەکانی پێوەندیی گشتی بە مەبەستی پەرە و گەشەی ڕوانگەکانی "ژنان". گۆڕان و باشترکردن، سیاسەتی دەوڵەتی و ماف‌ تەوەر بە مەبەستی بەرینکردنی دەستڕاگەیشتنی ژنان بە دەسەڵات. چونکە هەروەک دەزانین بزووتنەوەکانی ژنان نیشانیان داوە؛  دەتوانن ئاڵته‌رناتیڤێکی دیکە بۆ فیکر و کردەوەی سیاسیی ژنان دەستەبەر بکەن.


سەرچاوەکان:

١.آبوت، پاملا؛ والاس، کلر. درآمدی بر جامعەشناسی نگرشهای فمینیستی. تهران، دنیای مادر، ١٣٧٦.

٢. بلوم، ویلیام تی. نظریەهای نظام سیاسی. ترجمە احمد تدین، تهران، نشر آران، ١٣٨٣.

٣.زنجانی زادە، هما. فرهنگ و توسعە. مجلە دانشکدە ادبیات و علوم انسانی دانشگاە فردوسی مشهد. ١٣٧٩.

٤. میشل، آندرە. فمینیسم، جنبش اجتماعی زنان، مشهد، نشر نیکا، چاپ دوم، ١٣٧٧.

An Introduction to Sociology, London, Routledge. Abbot, P., Wallace, C, 1997.

The Female World, New York, Free Press. Bernard, Jessie. 1981

Feminism and Political Theory, Sage Publication. Evans J. et al, 1986




ئه‌م بابه‌ته 301 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر