خۆڕێكخستنەوەی داعش لە بیابانەکانی سووریا

داعش نیازی وایە لە بیابانەکانی سووریا و ئێراق خۆی دروست بکاتەوە بە مەبەستی فراوانکردنی دەسەڵاتی.
AM:01:12:27/08/2021
دۆسیە: تیرۆرناسی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


بە پشتبەستن بە سوودە جیۆستراتیژییەکان و نەبوونی بەرهەڵستییەکی بەرچاو، داعش نیازی وایە لە بیابانەکانی سووریا و ئێراق خۆی دروست بکاتەوە بە مەبەستی فراوانکردنی دەسەڵاتی. ڕۆژی 23ـی ئاداری ساڵی 2019، دوای ئازادکردنی ناوچەی "باهۆز" لە پارێزگای دێرەزوور و لەسەر سنووری (سووریا-ئێراق) هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی داعشی بەسەر دوایین پێگەیان لە پارچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆتایی پێ هێنا. لەگەڵ ئەوەشدا، لەوکاتەوە داعش دەستی بە خۆڕێکخستنەوە کردووە لە بیابانەکانی ناوەڕاستی سووریا. ئێستا، دوای دوو ساڵ لە تێکشکاندنی، داعش نیازی وایە هەیکەلی ئەمنی و سەربازیی خۆی دروست بکاتەوە و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی فراوان بکات. دەریشکەوتووە کە بوونیان لە بیابانەکان سوودێکی ستراتیژی بەو هەوڵانە دەگەیەنێت.

گەرچی ژمارەی وردی چەکدارانی داعش لە بیابانەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی سووریا هێشتا دیار نییە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکان نزیکەی 3 هەزار چەکدار لەم دوو شوێنەدا هەن. لەکاتێکدا ناوچەکە لەڕووی ئابوورییەوە داڕووخاوە، بەڵام داعش پشت بە چەند سەرچاوەیەکی دارایی دەبەستێت، دیارترینیان داهاتی باج و سەرانە کە لە دانیشتووان و بازرگانانی دەسەنێت، ئەو پێداویستییانەی لەکاتی بۆسەدانانەوە بۆ سەربازانی ڕژێمی سووریا دەستیان دەخات و، هەروەها پارە و چەکەکانی ساڵانی 2016-2017 کاتێك داعش لە چڵەپۆپەی دەسەڵاتدا بوو.

ناوچەی شاخاوی و سروشتی دوورەدەستی بیابانەکە وایکردووە داعش تاڕادەیەك بەبێ کێشە خۆی یەك بخاتەوە. لەنێو هێزە زەمینییەکانی تردا هێزێکی ڕاستەقینەی سەربازی نییە بتوانێ لەو شوێنە دوورە ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە. هەندێ لە شوێنەکان بەتەواوی خاڵین لە هەموو جۆرە هێزێکی سەربازی، لەکاتێکدا لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ڕژێمی سووریا و هاوپەیمانە ئێران و ڕووسییەکانیاندان، سەرنجی سەرەکیی ئەم هێزانە زامنکردنی کۆنترۆڵی ئەو ڕێگە سەرەکییانەیە کە چەندان شاری گەورە پێکەوە گرێ دەدەن، لەوانەیە دێرەزور، حمس و دیمەشق. جگە لەوەش، پێناچێ شەڕی دژی داعش کارێکی لەپێشینەی ئەم هێزانە بێت لە داهاتوویەکی نزیکدا. بیابانی ئاڵۆز و ناوچە شاخاوییەکان سوود بە هەوڵەکانی مەشق و ڕاهێنانی داعشیش دەگەیەنن، برەو بۆ ڕێکخراوەکە دەڕەخسێنێت خۆی بشارێتەوە و لەهەمانکاتدا کامپی مەشق و ڕاهێنانی چەکدار و تووندئاژۆکانی دابمەزرێنێت. هاوکات سوودێکی تری شوێنەکە ئەوەیە کە برەو دەداتە داعش بەردەوام پشتیوانیی دەرەکی بۆ بێت لە هێڵەکانی (ئێراق و تورکیا) لەڕێی چالاککردنی سەرچاوەکانی پشتیوانییە لۆجستییەکان لە ناوخۆی سووریا.

کراوەیی جوگرافیی لەنێوان بیابانەکانی ناوەڕاستی سووریا و ئێراق - بەدرێژایی چیاکانی حەمرین و ناوچەکانی مەخمور لە ئێراق - ئەو توانایە دەداتە داعش بە ئاسانی تۆڕی قاچاغ دروست چالاك بکات، کە پاڵپشتیی لۆجستی بۆ ڕێکخراوەکە لە سووریا دابین دەکەن. جگە لەوەش، پێکهاتنی تۆڕی گرووپی چەکداریی بەرفراوان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا توانای ئەوە بە سەرانی داعش دەبەخشێت بە ئاسانی ڕێکخراوەکە بجووڵێنن و بەڕێوە ببەن، چونکە زۆرینەی ئەو گرووپانە، لەنێویاندا داعش - هاوشێوەیی ئایدیۆلۆژییان هەیە، چونکە وەك پریشکی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە دروست بوون. بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەی داعش دەستەی ئەمنی دادەنێت کە لە بیابانەکانی سووریاوە هەڵدەقوڵێن و لە شێوەی شانەی ئەمنیدا بە ناوچە جیاجیاکانی سووریادا بڵاو دەبنەوە و، بەشێوەیەکی دیاریکراویش سەرنجیان لەسەر ناوچە لادێنشینەکانی (دێرەزوور، ڕەققە و ئەلسوەیدا)یە. مەبەستی داعش ئەوەیە ئەو شانانە بەکار بهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر سەرانی حکومەتە خۆجێییەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لەنێو هۆزە عەرەبەکانی ئەوێ بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەوەی ناچنە ناو ڕیزەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە. جگە لەوە، ئەو شانانە هاوکار دەبن لە زامنکردنی ئاسایشی تۆڕە قاچاغەکانی ڕێکخراوەکە، کە ئەندامی نوێ بۆ بیابانی سووریا دەگوازنەوە. بە لەبەرچاوگرتنی کەمیی دانیشتووانی بیابانی سووریا، داعش چاوی بڕیوەتە سەر کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە پڕ دانیشتووانەکان. لە مەودای مامناوەنددا، لەوانەیە داعش سەرنج بخاتە سەر دانیشتووانی گوندەکانی ئیدلیب، حەما و ئەلسوەیدا بە مەبەستی زیادکردنی ژمارەی چەکدار و سەرچاوەکانی ڕێکخراوەکە.

بە ڕوانین لە ئاسایش، سووپا و ژینگەی سیاسیی ئاڵۆزی سووریا، پێدەچێت ڕوون بووبێتەوە کە هەڕەشەی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و شام لە مەودای کورت و مامناوەنددا ناڕەوێتەوە. لێ هەمیشە ڕێگە هەیە لێیەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بتوانن ڕێگری بکەن لە سەرهەڵدانەوەی داعش. لەلایەکی دیکەشەوە لایەنە سەرەکییەکانی سووریا خەریکی کاری لەپێشینەی دیکەن، بەوەیش هێزەکانی سووریای دیموکرات وەك تاکە هێزی خاوەن شیان دەمێنێتەوە بۆ بەردەوامبوون لە شەڕی دژی داعش، تەنانەت وێڕای سەرقاڵیان بەو ناوچانەی باکووری سووریا کە لەلایەن تورکیاوە داگیر کراون. درێژەدان بە پاڵپشتیی چالاکانە و چڕی هێزەکانی سووریای دیموکرات و پتەوکردنی توانا سەربازییەکانی ئەرکێکی پێویست و گرنگە. هەروەها پێویستە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە ڕژدی بیر لە فەراهەمکردنی ئاسایشی زیاتر و پاڵپشتیی سەربازی بکاتەوە بۆ هاوکاریکردن لە پەرەپێدانی هەیکەلی ئەمنی لەنێو ڕیزەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات.

فشارخستنەسەر تورکیا بۆ ڕوونکردنەوەی وێنەی هەنووکەیی ئەو گرووپە تووندڕەوانەی لە ناوچەکانی سووریا لەژێر هەژموونی تورکیا کار دەکەن بەهەمان شێوە بوار دەداتە هێزەکانی سووریای دیموکرات کە سەرنجی زیاتر بخاتەوە سەر سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونەوەی داعش. ئەو کامپ و زیندانانەی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات کە هەزاران چەکداری داعش و خێزانەکانیانی تێدایە؛ وەك کامپی هۆڵ، کە زۆرترین ژمارەی خێزانەکانی داعشی تێدایە، ئامانجێکی سەرەکیی شانەکانی ڕێکخراوەکەن. بە دیاریکراوی، کامپەکە سەدان بەناو پڕۆگرامی بێچووەشێرەکانی خەلافەتی لەخۆ گرتووە، کە تێیدا منداڵانی نەتەوەی جیاواز بە ئایدۆلۆژیای تووندڕەوانەی داعش پەروەردە دەکرێن و مێشکیان دەشۆردرێتەوە، چونکە ڕێکخراوەکە وەك هیوایەکی گەورەی ڕێکخستنەوەی داعش لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهانی لێیان دەڕوانێت. بۆیە، ڕێگەگرتن لەو هەوڵە بەڕادیکاڵکردنانە هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ بەرگرتن لە سەرهەڵدانەوەی داعش.

بەهەمان شێوە، بۆ داعش ئاسانترە شوێنپێیەك لەو کۆمەڵگەیانەدا بەدەست بهێنێت کە لە شەڕی دەیان ساڵەی سووریادا وێران بوون. بۆیە گرنگە تیشك بخرێتە سەر بوونیادنانەوەی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش و ئاڕاستەکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان ڕووەو بوونیادنانەوەی ئابووریی ناوخۆیی، کە ڕێگری دەکات لەوەی خەڵکە ناوخۆییەکە ڕوو بکەنە تووندڕەوی. فەرمانڕەواییش گرنگە؛ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت جیاوازی دروست بکات لەڕێی دابینکردنی هاوکاریی ماددی بۆ حکومەتە خۆجێییەکان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا. ئەمەیش بەتایبەتی لەو ناوچانەدا گرنگە کە تێیدا حکومەت هەوڵی زامنکردنی ئاسایش و پاراستنی ئەو زیندان و کامپانە دەدات کە ئەندامانی داعش و خێزانەکانی تێدایە. شایەنی باسە کە لە ڕابردوودا، گرووپە تووندڕەوەکان بۆ خۆڕێکخستنەوە و بەرفراوانبوونیان سوودیان لە ماوەی دوای ڕاگەیاندنی شکستیان وەرگرتووە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت لەڕێی بەهێزکردنی حکومەتە ناوخۆییەکان، پاڵپشتیکردنی توانا سەربازییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات و، سوودوەرگرتن لە پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ تورکیا ڕێگە لە داعش بگرێت لەوەی خۆی ڕێك بخاتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سوودە جیۆستراتیژییانەی داعش هەیەتی و، ئەو لێکترازانەی ڕووبەڕووی لایەنە سەرەکییەکانی دیکەی ناوچەکە هاتۆتەوە، ئەم هەنگاوانە زۆر پێویستن بۆ سنووردارکردنی بواری هەوڵەکانی گرووپەکە بۆ دامەزراندنەوەی دەسەڵات.

شۆڕش خانی: تووێژەر و لێکۆڵەر لە سەنتەری کورد بۆ لێکۆڵینەوەکان

وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا



ئه‌م بابه‌ته 494 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر