ئایا كوردستان ده‌توانێ شه‌ڕی نه‌رم بكات؟

لەم سەردەمەدا؛ شۆڕشی تێکنۆلۆژیی زانیاری و پەیوەندی ڕۆڵێکی بەرچاو لە ڕێکخستنی ئۆپەراسیۆنەکاندا دەگێڕێ.
PM:02:58:25/08/2021
دۆسیە: نیشتمانسازی


کەیهان محەمەد نەژاد
ڕۆنامەنووس


لەم سەردەمەدا؛ شۆڕشی تێکنۆلۆژیی زانیاری و پەیوەندی ڕۆڵێکی بەرچاو لە ڕێکخستنی ئۆپەراسیۆنەکاندا دەگێڕێ. ئەو پرسانە کە لێرەدا دێنە گۆڕێ بریتییە؛ ئایا ئەم شۆڕشە چ باندۆڕێکی لەسەر شەڕی نەرم هەیە؟ شەڕەکانی شوێندانەر لە شۆڕشی تێکنۆلۆژیی زانیاری و پەیوەندی کامانەن؟ ئایا کوردستان دەتوانێ شەڕی تێکنۆلۆژیی زانیاری و شەڕی "نەرم" لە بەرانبەر دوژمن و نەیاری خۆی بکات؟. وه‌ڵامی ئەم پرسیارانە لە درێژەی بابەتەکەدا دەخرێتە بەر چاوی خوێنەران. تێکنۆلۆژیی زانیاری و پەیوەندی سەردەمی نوێ، سەرەڕای ئەوەی کە باندۆڕێکی زۆری هەیە و لە شەڕی نەرمدا جێی گرتووە و، هەروەها لە شەڕی سایبری، "network”ی و شەڕی ئێلێکترۆنیکیشدا بەکار دێت. شەڕی تێکنۆلۆژیی زانیاری و پەیوەندی توانای تاکتیکی ئەرتەشەکانی لە شەڕدا گۆڕیوە و ڕادەی سەرکەوتنیان لە مەیدانی شەڕدا دیاری دەکات. ئەمڕۆکە ئەرتەشی "ئه‌مریکا" لە ڕێگای سەتەلایتەوە ڕێنمایی دەکرێ و ئەم سەتەلایتە لەسەر ئەم ئەرتەشەدا زاڵە و مەیدانی شەڕی بۆیان دیاری دەکات. لەم سەردەمەدا؛ زۆربەی وڵاتانی جیهان لەگەڵ نەیارانی خۆی شەڕی مەیدانی ناکات، بەڵکوو ئەوان لە ڕێگای تێکنۆلۆژی سەردەمەوە شەڕی "نەرم" دەکەن و ئەوان تەسلیمی خۆیان دەکەن. کوردستانیش دەتوانێ هێزی مرۆیی خۆی پێش بخات و لە ڕێگای تێکنۆلۆژی-وە دۆژمن و نەیاری خۆی بکات بە ئامانج.

هەر وڵاتێ کاتێک هەوڵی پاراستنی خۆی دەدات، کەڵک لە ئامراز و تێکنۆلۆژیای نوێ وەردەگرێ و لە هەوڵدا دەبێ کە خۆی لەمەڕ تێکنۆلۆژیای نوێ پڕچەک بکات، تاکوو خۆی لە هەڕەشەکانی دوژمن بپارێزێ. نموونەی هەرە بەرچاو وڵاتی ئیسرائیلە. ئەم وڵاتە؛ خۆی لەباری تێکنۆلۆژی سەردەمدا پێش خستووە و لەهەمبەر دوژمن دەوێستێ و لە ڕێگای تێکنۆلۆژییەوە دوژمنی خۆی لاواز دەکات. کوردستان چۆن دەتوانێ خۆی بەهێز و پڕچەک بکات، تاکوو لە بەرانبەر نەیاری خۆی سەرکەوتوو بێت و دوژمنی خۆی لاواز بکات؟ کوردستان دەتوانێ لە شەڕی "نەرم" کەڵک وەرگرێ، بەڵام ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە ئاخۆ چۆن و لە کام ڕێگاوە شەڕی نەرم بکات؟ وه‌ڵام ئەمەیە؛ شەڕی "نەرم" پێکهاتووە لە شەڕی دەروونی، پڕوپاگەندە، میدیایی، سایبری، زانیاری، فەرهەنگی، سیاسی، کۆمەڵایەتیی و زانستی. چوار مێتۆدی سەرەکی شەڕی "نەرم" پێکهاتووە لە؛ شەڕی دەروونی، پڕوپاگەندە، میدیایی و سایبری. کوردستان لە ڕێگای ئەم چەند خاڵانەدا دەتوانێ کۆمەڵگا یان گرووپێک بکاتە ئامانج و بە بێ شەڕی نزامیی دژبەری خۆی تووشی دۆڕان بکات. لەم چەند نموونەدا ئەم شەڕانە باس دەکەین. کە پێکهاتوون لە؛

"شەڕی دەروونی"

شەڕی دەروونی؛ بە داڕشتنی پلان لە هەمبەر لەناوچوون یان لاواز کردنی ورەی دژبەر پێناسە دەکرێ. شەڕی دەروونی لە شەڕی جەبلخانەیی زیاتر لە لایەن دوژمنەوە گرینگی پێ دەدرێ. بە گشتی لە شەڕی دەروونیدا لە دوو پلان زیاتر بەکار دێت؛

1- لەناوبردنی هەندێ لە حاڵەتەکانی ورەی خەڵک و ڕای گشتیی، کە ئەوان لە بەرپرس و کاربەدەستانی وڵاتی خۆیان بی هیوا بن.

2- جێگیرکردنی هێژموونی خۆیان لەنێو بیر و هزری بەرانبەرەکەیاندا.

تومێس فوڵێر"Thomas Fuller” میژوونووسی بریتانیایی دەڵیت "لەوانەیە شەڕی دەروونی جێگای ئامرازەکان لە شەڕدا بگرێ، "شەڕی دەروونی" دەتوانێ میشکی مرۆڤ ئاڵۆز بکات و ژیانی مەعنەوی و ئەخلاقی نەتەوەیەک لەناو ببات". شەڕی دەروونیی ستراتیژیکی یەکێک لە شەڕەکانی دەروونییە کە کەڵکی لێ وەردەگیردرێ، بەڵام درێژخایەنە و دەتوانێ لەسەر خەڵکی نەتەوەی دژبەر، کۆمەڵگا، فەرهەنگ، مێژوو و لەهەموویان گرینگتر دەتوانێ لەسەر هێزە وەفادارەکان بە نزام کاریگەری هەبێت. نموونەی بەرچاوی شەڕی دەروونیی ستراتیژیکی وڵاتی ئیسرائیلە. وڵاتی ئیسرائیل بە هەموو شیوازێک شەڕی دەروونیی ستراتیژیکی درێژ خایەن دادەڕێژێ و لە ناوخۆی دوژمندا باندۆڕ لەسەر کۆمەڵگا و بەتایبەت هێزەکانی دژبەر دادەنێت. لەو ماوەیەدا ئیسرائیل چەندین جار بنکە لەشکەرییەکانی "کۆماری ئیسلامی ئێرانی" کردە ئامانج و ئەوەش لە ڕێگای خودی کەسانێکە لەناو سپای پاسداراندا کاریان دەکرد کەڵکی وەرگرت. ئەمە بووە جێگای شک و گومانی بەرپرسان و بە تایبەت نزامیی ئێران، ئاخۆ لە ناو بەرپرس و فەرماندە نیزامییەکانیاندا سیخۆڕی ئیسرائیلی هەیە؟ بە هەر کردەوەیەک کە بە مەبەستی دزەکردن لە نێو باوەڕ، هەڵسوکەوتی کەسی بەرانبەر، لاوازکردن و لەناوبردنی ورەی دژبەر، شەڕی دەروونی پێ دەوترێ.

کەسێک کە ئەو خاڵانەی باسمان کرد بکاتە ئامانج، دەبێ پێرسۆنێلی حکوومەتی بێ، دەبێ شارەزاییەکی باشی لەسەر خەڵک و کۆمەڵگای دوژمن و نەیاری وڵاتی خۆی هەبێ، زمانی ئەوان بە باشی بزانێ و لەگەڵ کێشە، دەرد و... کۆمەڵگای بەرانبەر زانیاری باشی هەبێ، تاکوو بتوانێ لەسەر دەروونی ڕای گشتیی بەرانبەر کار بکات و لە پاشەڕۆژدا لاوازیان بکات. لە ڕاستیدا شەڕی دەروونی، شەڕکردن لەگەڵ هزری دوژمنە. ئەگەر هزری دوژمن لاواز بوو، ئەوان تووشی شک و گومان لە خۆیان، خەڵک و کۆمەڵگایان دەکات. کەواتە شەڕی دەروونی باشترین ڕێگایە بۆ لاوازکردنی دوژمن. 

"شەڕی پڕوپاگەندە"

پڕوپاگەندە؛ یەکێک لە گرینگترین شەڕی تێکنۆلۆژیای نوێیە و یەکێک لە شەڕەکانی نەرم دێتە ئەژمار. دوای شەڕی جیهانی دووه‌ەم، وشەی پڕوپاگەندە زۆرجاران بە مەبەستی سیاسی، نەتەوەیی یان بۆ هاندانی چەند بیرۆکەیەکی دیاری کراو بەکار هاتووە. پڕوپاگەندە چەکێکی زۆر بەهێزە کە لە شەڕەکاند بەکار دێت. بۆچی دەوترێ پرۆپاگەندە چەکێکی بەهێزە؟ چونکا پڕوپاگەندە کردن بە ئامرازە پێشکەوتووەکانی شەڕ، یەکیک لە گرینگترین شەڕەکانی دەروونییە کە دەتوانێ ورەی دوژمن و لەشکەری دوژمن شوێندانەربێ. نیشاندانی چەکی پێشکەوتوو زۆر گرینگترە لە بەکارهێنانی. بۆ وێنە لە شەڕی (ئامریکا و ئێراق)دا لە ساڵی2003 دەنگۆیەک بڵاو بوو و بووە سەردێڕی ڕۆژنامەکان کە ئامریکا لە چەکی ناوەکی بۆ دەسبەسەرداگرتنی ئێراق بەکاری هێناوە. بەپێچەوانە، ئامریکا هیچکات ئەو چەکەی لە دژی ئێراق  بەکارنەهێناوە.

پڕوپاگەندەی چەکە پێشکەوتووەکان لە مەیدانی شەڕدا و مانۆڕدانیان هەم توانای ئەوان نیشان دەدات و هەمیش کاریگەری نەرێنی لەسەر دوژمن دەخۆلقێنێ و ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی ورەی لەشکەری دوژمن. ئادۆلف هیتلێر"Adolf Hitler” دەڵێت؛ "دەبێ هەموو پڕوپاگەندەیەک ئەوەندە خۆشەویست (popular) و لە ئاستی بیرکردنەوەیەکی بەرزدا بێت کە نەزانترین کەس بەرەوڕووی ئەم پڕوپاگەندەیە بڕوات و بەکارهێنانی پڕوپاگەندەی هوشیاری و بەردەوامی، خەڵک دەتوانێ جەهەنەم بە بەهەشت و بەهەشتیش وەک خراپترین ڕەوشی ژیان ببینێ". ئەمرۆکە هەموو جیهان بە پڕوپاگندە، شەڕی نەرم دەکات و ورەی نەیاری خۆی دادبەزێنی. لە شەڕی پڕوپاگەندەییدا زیاتر لە باوەڕ، ناسنامە و دەروونی لایەنی بەرانبەر دەکرێتە ئامانج. بە ئامانجکردنی ورەی لەشکەری دوژمن لە بەرەی شەڕدا یەکێک لە گرینگترینەکانی شەڕی پڕوپاگەندەیە. چونکا لەشکەری دوژمن لە بەرەی شەڕدا بە بیستنی هەواڵێکی نەرێنی ورەی دادەبەزێ. پڕوپاگەندە کردنی هەواڵی برسییەتی دوژمن، تۆپباران کردنی شوێنە هەستیار و گرینگەکانی و هەروەها شکەستی ئەوان لە بەرەی شەڕدا دەتوانێ ببێتە هۆی ئاڵۆزی و لاوازبوونیان. هەرچەندە گرووپی تێرۆریستی داعش بە ناوی ئیدۆلۆژی ئیسلام شەڕیکرد، بەڵام ئەم گرووپە تێرۆریستییە بە ناوی ئیدۆلۆژی ئیسلامی کەڵکی لە باوەڕی خەڵک وەرگرت. داعش لە دەسپێکدا بە بڵاوکردنی گرتە ڤیدیۆی تووندوتیژی لە نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا و بە ئەم شێوازە پڕوپاگەندەیە ترسی خستە نێو دڵی خەڵکەوە و هەر کات ناوی داعش دەهات لە نێو کۆمەڵانی خەڵک ترس و دڵەڕاوکی دروست دەبوو، ئایا ئەم گرووپە لە چ جۆرە کەسانێک پێکهاتووە؟.

یان بەپێچەوانەی پڕوپاگەندەی داعش، ‌هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە بیر و باوەڕێکی قووڵ بە نەتەوە، خاک و سەروەری وڵاتی خۆی شەڕی دەکرد و پڕوپاگەندەی میدیاکان لەمەڕ بوێری پێشمەرگەکان لە بەرەی شەڕی داعشدا، لەسەر ورەی دوژمن باندۆڕێکی نەرێنی هەبوو.  کاتێک ڕێزدار "مەسعوود بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەرەی شەڕدا سەردانی هێزی پێشمەرگەی کرد، میدیاکان پڕوپاگەندەیان پێ دەکرد، ئەمەش ڕاستەوخۆ لەسەر پێشمەرگەی بەرەی شەڕ و تەنانەت لە سەر خەڵکی کوردستان باندۆڕێکی ئەرێنی هەبوو و هەروەها بە پێچەوانە لەسەر دوژمنیش باندۆڕێکی نەرێنی هەبوو. وڵاتی بریتانیا لە شەڕی جیهانی یەکەمدا، ئۆفیسێکی بەناوی پڕوپاگەندەی شەڕ دامەزراند و هەر هەمان ئۆفیس لە ساڵی 1918دا گۆڕدرا بە وەزارتی زانیاری. وڵاتی ئاڵمان هۆکاری شکەست خواردنی خۆی لە شەڕی جیهانی یەکەمدا کەماسییەکانی لە باری پڕوپاگەندەدا لە قەڵەم داوە. ئامانج لە شەڕی پڕوپاگەندە ئەمەیە؛ پشتیوانی کردن لە هێزی لەشکەری، جێگیرکردنی ورە، باوەڕ بە هێزی لەشکەری، داکۆکی لە بیر و باوەڕەکانی نەتەوە و سەروەری تەواویەتی وڵات. هەر بۆیەش پێویستە کە کوردستان بە هەموو هەوڵ و تێکۆشانەوە لە ڕێگای ناڕاستەوخۆوە شەڕی پڕوپاگەندەیی لە دژی نەیاری خۆی بکات.

"شەڕی میدیایی"

شەڕی میدیایی؛ یەکێک لە مێتۆدە گرینگەکانی شەڕی نەرمە و هەروەها بەهرەمەندبوون لە توانای میدیا بە مەبەستی بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیی زۆر گرینگە. هەندێک لە ڕووناکبیران لەسەر ئەم باوەڕەن کە میدیا، دەسەڵات و هێزی دیاریکردنی چارەنووس لە مرۆڤەکان دەستێنێتەوە و دەیانخاتە بن خزمەتی خۆیاندا و لەسەر هزر، فام و هەستی تاکەکان زاڵە. لە ئێستادا؛ میدیا لە داڕێژەریی شەڕی دەروونیدا ڕۆڵێکی تایبەتی هەیە. لە شەڕی ئێستادا ستراتیژیی میدیایی ئەگەر لە ستراتیژییەکانی سەربازی گرینگیەکی زۆرتری نەبێ کەمتری نییە؛ لە ڕاستیدا دوای شەڕی سارد، واتە و ستراتیژییەکان گۆڕدرا و لە ئێستادا شەڕی سارد، دەروونی، پڕوپاگەندەیی و...، هەر هەموویان لە ژێر کاریگەریی شەڕی میدیاییدان و میدیا ڕۆڵێکی تایبەتی هەیە. کاتێک کە میدیا بتوانێ لەسەر بیروڕای گشتی شوێندانەر بێ، ئەوکات ئەم میدیایە سەرکەوتوو دەبێ؛ میدیاکانی ئەمڕۆیی دەتوانن لە چەندین ڕێگای جیاوازەوە شەڕ بکەن. لە تێلێڤیزیۆنەکاندا کاتێک چەند شرۆڤەکار بە زمانی دوژمن دەدوێن و پڕوپاگەندەی نەرێنی لە دژی سیاسەتەکانی دوژمن دەکەن، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەتوانن لەسەر خەڵکی نەیار کاریگەریان هەبێ. لە شەڕی میدیاییدا فەرهەنگ، کۆمەڵگا، ناسنامە و باوەڕی دوژمن دەبێتە ئامانج. بۆ وێنە لە شەڕی (ئامریکا و ئێراق) لە ساڵی 2003دا، میدیاکانی "ئامریکا" بەیەکەوە و بە شێوەیەکی خێرا ڕووداوەکانی شەڕیان دەگواستەوە و هەموو ڕووداوەکانیان لە بەرژەوەندی ئامریکادا بڵاو دەکردەوە و وایان کرد کە ورەی سەربازەکانی ئێراق بەخێرایی لاواز بێت و بنکە گرینگەکانی خۆیان بە جێ بێڵن.

یان بەپێچەوانەی شەڕی (ئامریکا و ئێراق)، لە شەڕی داعشدا میدیاکانی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی پێشڤەچوون  و توانای هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان نیشاندەدا کە ئەمەش ڕاستەوەخۆ باندۆڕێکی نەرێنی لەسەر ورەی چەکدارانی تێرۆریستی داعش هەبوو. لە شەڕی میدیاییدا، دەبێ بە کەڵک وەرگرتن لە شارەزایان، شەڕی نەرم لە میدیاکاندا بەڕێوە ببەن. لە ئێستادا شەڕی میدیایی لەسەر بیروڕای گشتی شوێندانەرە.

"شەڕی سایبری"

شەڕی سایبری پێکهاتووە لە پەلاماری سایبری کە لەلایەن وڵاتێک لە دژی بنکەکانی سایبری وڵاتێکی دیکە و بە چەند ئۆپەراسیۆن دەکرێ. ئێمە دەتوانین لە نموونەیەکدا شەڕی (ئامریکا و ئێراق) لە ساڵی 2003دا بێنین، کە شوێندانەرترین نموونەی شەڕی سایبرییە. لەو شەڕەدا؛ ئامریکا توانی بە هەککردنی سیستمە دژە مووشەکییەکانی ئێراق ڤایرۆسێک لە ڕێگای کامپیوتێرەوە بگوازێتەوە نێو سیستمی دژەمووشەکی ئێراق و لە کاری بخات. کاتێک کە فڕۆکەکانی ئامریکا لەسەر ئاسمانی ئێراق بوون سیستمە بەرگریییەکانی ئێراق کاری نەدەکرد و ئەوان توانییان زۆربەی سیستمە بەرگرییەکانی ئێراق لە ڕێگای دوورەوە هەک بکەن. لە نموونەیەکی دیکەدا؛ ئیسرائیل لە دەسپێکی ساڵی 2021دا چەندین سیستمی بەرگریی ئێرانی هەک کرد و فڕۆکە F35کانی چەند بنکەی کەرەستەی ناوەکی لە شاری کەرەجی ئێرانی کردە ئامانج. ڕۆژی 27ی ژوئێنی 2021، "جۆ بایدێن" سەرکۆماری "ئامریکا" هەڕەشەی لە "ڕووسیە" کرد کە هێرشە سایبرییەکانی خۆی لە سەر "ئامریکا" کۆتایی پێ بێنێت، ئەگەر هێرشە سایبرییەکان لەسەر "ئامریکا" بەردەوام بێت ئێمە تووشی شەڕێکی ڕاستەقینە دەکات. بەگشتی "شەڕی سایبری" لە جیهاندا بەرەو زیادبوون دەچێ و زۆرجار بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیی، فەرهەنگی و ئەمنییەتی نەتەوەیی وڵاتێک دەکرێتە ئامانج. کەوایە؛ پێویستە ئێمە کۆمەڵگا و وڵاتی خۆمان لە دژی شەڕی نەرم و تێکنۆلۆژیای نوێ ڤاکسینە و پڕچەک بکەین.

دەبێ ئێمەیش لە دژی نەیارانی خۆمان لە هەوڵ و تێکۆشاندا بین. ئەگەر نەیارانی ئێمە لە ڕێگایەکەوە لە بەرانبەر کۆمەڵگا و نەتەویی ئێمە شەڕی نەرم بکەن، دەبێ ئێمە بە وشیاریێکی تەواو دزە بکەینە نێو کۆمەڵگای ئەوان و لاوازیان بکەین. لە ڕاستیدا؛ دەبێ کوردستان بەشێکی زۆر لە داهاتی خۆی تەرخانی ئەم شەڕانە بکات و لە کەسە پسپۆڕەکان کەڵک وەرگرێ. حەشیمەتی کوردستان چەندقات لە حەشیمەتی ئیسرائیل زیاترە و لە باری ئیرادە و باوەڕەوە لە ئیسرائیل بە‌هێزترە. کەوایە؛ دەبێ کوردستان ئەو وڵاتە بۆخۆی بکاتە نموونە و خۆی لە هەموو بارێکەوە بپارێزێ و دۆست و نەیارانی خۆی لە یەک جیا بکات. ئەگەر کوردستان بتوانێ لە ڕێگای تێکنۆلۆژیای سەردەم و شەڕی نەرمەوە نەیارانی لاواز بکات، ئەوکات هەم نەیار هەمیش دۆست لەسەر کوردان حەسابێکی تایبەت دەکات.



ئه‌م بابه‌ته 544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر