ئیسرائیل؛ ئەستێرە گەشاوەکەی دێڤید

مێژووی هاوچەرخی "ئیسرائیل" لە ساڵانی ١٨٨٠وە دەست پێدەکات.
PM:02:28:23/08/2021
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا-دەوڵەتەکان


دكتۆر هیوا مەجید خەلیل
دکتۆرا لە گەشەسەندنیی سیاسیی، زانكۆی سەلاحەدین.


"پێشەکی"

مێژووی هاوچەرخی "ئیسرائیل" لە ساڵانی ١٨٨٠وە دەست پێدەکات. واتە؛ ئەو کاتەی کە یەکەمین شەپۆلی کۆچی ئیسرائیلییەکان (زایۆنیست) بەرەو فەلەستین، كه‌ ئەو کات لە ژێر فەرمانڕەوایی ئیمپراتۆری عوسمانیدا بوو دەستیپێکرد. ئەم شەپۆلە کۆچبەرە دەستیانکرد بە بەفەرمی ناساندنی "زمانی هیبرۆ"، کشتوکاڵکردن و دامەزراندنی دامەزراوە ئابووری و سیاسییەکان. بە هاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی ژمارەی ئیسرائیلییەکان، ٥٦ هەزار کەس بوو. لە دوای جەنگ، ئیسرائیل (فەلەستین) کەوتە ژێر مەندێتی بەریتانیا و تا ساڵی ١٩٤٨ خایاندنی. لە قۆناغی مەندێتدا، بەرهەمێنانی ناپوختەی نیشتیمانی جووەکان ساڵانە ٢.١٣٪ گەشەی دەکرد واتە؛ دوو قات و نیو زۆرتر بە بەراورد لەگەڵ عەرەبەکانی فەلەستین. لە سەردەمی مەندێتدا کۆچی جووەکان بەرەو ئیسرائیل و پارەی ئەم کۆچبەرانە دوو فاکتەری سەرەکی پێشکەوتنی ئابوری ئیسرائیل بوون. پێشکەوتنی کەرتی کشتوکاڵ، لەم قۆناغەدا، ئامانجێکی گەورەی ئابووری بوو کە ١٥٪ کۆی بەرهەمهێنانی جووەکانی پێکدێنا.

"گەشەی ئابووری و سیاسی ئیسرائیل"

ژمارەی دانیشتوانی ئیسرائیل کەمترە لە نۆ ملیۆن کەس. بە پێی پێوەرەکانی رێکخراوی شەفافییەتی جیهانی ئیسرائیل؛ لە رووی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و شەفافبوون لە پلەی سی و پێنجەمین وڵاتدایە لە نێوان ١٨٠ وڵاتدا و لە سەد نمرەی تایبەت بە پێوەرەکانی شەفافییەت، ٦٠ نمرەی وەرگرتووە. بە هۆی کۆڕۆناوە نزیکەی ٩٠٠ هەزار کەس لە ئیسرائیل بێکاربوون، واتە؛ یان کارەکانیان لەدەستدا یان ناجاربوون بە هۆی قەرەنتینەوە شوێنی کارەکانیان بۆ ماوەیەک دابخەن. بەڵام گشتیان لە یارمەتییەکانی حکومەت سوودمەندبوون. واتە رێژەی بێکاری لەسەردەمی پەندمێکی کۆڕۆنا لە ئیسرائیل گەیشتە ١٦٪، کە چاوەروان دەکرێت بۆ کۆتایی ئەم ساڵ رێژەکە دابەزێت بۆ ٥.٤٪. ساڵی ١٩٤٨ ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە دایکبوو. "ئیسرائیل" دووەم وڵاتی جیهانە (لە دوای پاکستان) کە لەسەر بنەمای ئایینی دامەزراوە.  وڵاتێک کە لەسەر تەپ و تۆزی کۆچبەرەکان دامەزرا، کە نە زمانێكی هاوبەش، نە کولتوور و نە نەریتی هاوبەش و تەنانەت جیهانبینییەکی هاوبەشیان نەبوو؛ تەنیا شتێک کە کۆیان کردبوو، یەهودی بوون و ستەمی وڵاتانی کۆمەڵێک وڵاتبوو لە دژی جووەکان. "بێن گوریون" یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتی دامەزراندنی ئیسرائیلدا لە نووسینێکدا ئاماژە بە دوو بابەتی گرنگ دەکات؛ یەکەمیان، سووپای ئیسرائیل ببێتە سووپایەک کە نەتەنیا ئەرکی سەربازیی، بەڵکو ئەرکی مەدەنیش لە ئەستۆ بگرێت، واتە؛ ببێتە بنەمای دامەزراندنی نەتەوەیەک. دووەم، تیشکی خستەسەر گرنگی چۆنییەتی پەروەردەکردنی منداڵ و دابینکردنی باشترین خۆراک بۆ منداڵ. چونکە منداڵەکان بە داهاتووی نەتەوەی ئیسرائیل هەژمار دەکات. لە خاڵی دووەمدا؛ بێن گوریون، ئاماژە بە گرنگی پەیوەندی نێوان خێزان، منداڵ، خواردن و ستراکتۆری کۆمەڵایەتی دەدات، کە چۆن گشتیان پێکەوە گرێدراون و لە ڕێگەی دابینکردنی خۆراکێکی باش دەبنە بناغەی دامەزراندنی نەتەوەیەکی بەهێز. بە واتایەکیتر، سەرۆک وەزیران بە ناڕاستەوخۆ بانگەسیی نەهێشتنی برسێتی لە ئیسرائیل دەکات.

ئیسرائیل خاوەن سیستەمێکی پەرلەمانی دیموکراسییە؛ کە پەرلەمانەکەی (کنێست) لە ١٢٠، پەرلەمانتار پێکدێت. سیستەمی هەڵبژاردن، سیستەمێکی ڕێژەیی، تاک بازنەی و لیستی داخراوە. هەر پارتێک توانی بەربەستی ٢٪ دەنگەکان بشکێنێت دەتوانیت بچێتە ناو پەرلەمان. حکومەت بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێت. پەرلەمان دەتوانێت متمانە لە حکومەت وەرگرێت و کەسێکیتر کاندیدا بکات بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەگەر پاڵێوراو نەیتوانی کابینە پێکبێنێت، حکومەت هەڵدەوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی ئەنجام دەدرێت. ئەم حاڵەتەش چەندین جار لە مێژووی ئیسرائیلدا ڕوویداوە. ئیسرائیل دەستووری نووسراوی نییە. هەر بۆیەش هەر دوو جۆرە یاسای سیکۆلار و ئایینی لەم وڵاتەدا بەرکارن، بەم پێیەش دوو جۆرە دادگا هەن؛ دادگاکانی سیکۆلار و دادگاکانی ئایینی. هەر بۆیەش "دادگای باڵای دادپەروەریی" زۆرترین دەستێوه‌ردان لە کاروباری دادوەریی و دادگاکاندا دەکات. هەر لە ساتەوەختی لە دایکبوونییەوە "ئیسرائیل" تووشی کۆمەلێک کێشە هات؛ جەنگی عەرەب-ئیسرائیل، کێشەی پارەدارکردنی جەنگ، کێشەی نیشتەجێکردنی جووە هاتووەکان بە تایبەتیش لە کەمپەکانی قوبرس و ئەوروپا و لە هەمووشیان گرنگتر چۆنییەتی دامەزراندنی حکومەتێکی بۆرۆکراتیک کە بتوانێت چارەسەری گشت ئەم کێشانە بکات. بە تایبەتیش کێشەی کۆچبەرەکان کە لە ساڵی ١٩٤٩دا گەیشتە نزیکەی هەفتسەد هەزار کەس. لە ماوەی پانزدە ساڵ (١٩٥٠-٦٥)، ئیسرائیل توانی بوژانەوەیەکی ئابووری بێ وێنە تۆمار بکات، بەرهەمی ناپوختەی نیشتیمانی ساڵانە ١١٪ و داهاتی تاکەکەسی ساڵانە ٦٪ بوژانەوەی بە خۆوە بینی. یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی ئەم بوژانەوەیەش یارمەتییە داراییەکانی ئەمریکا بوو، کە بە پلەی یەکەم لە کەرتی کشتوکاڵ و نیشتەجێبوون خەرجکرا. ئەم یارمەتییانە دەرفەتی بۆ حکومەتی ئیسرائیل ڕەخساند کە بتوانێت لە ژێرخانی ئابووری خۆیدا سەرمایەگوزاری بکات. هاوکات حکومەت دەستێوەردانێکی زۆر بە هێزی لە کەرتی ئابووری، بازار و دیارکردنی نرخی دراودا هەبوو. بوژانەوەی ئابووریی ئیسرائیل هاوکات بوو بە سەرهەڵدانی جەنگی عەرەب-ئیسرائیل؛ کە ئەمەش بارقورسییەکی زۆری بۆ بودجەی گشتی ئیسرائیل دروستکرد. نزیکەی ٢٢٪ تا ٣٠٪ بودجەی ئیسرائیل بۆ کەرتی بەرگریکردن تەرخان دەکرێت. بوژانەوەی ئابووریی ئەم وڵاتە لە ماوەی ٦٠ ساڵدا سەرسورهێنەر بووە، کە ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ سەرمایەگوزاریی لە کەرتی خوێندن و بە تایبەتیش خوێندنی باڵا دەگەڕێتەوە. داهاتی تاکەکەسی لە "ئیسرائیل" بە پێی توانایی هێزی کڕین، نزیکەی ٣١ هەزار دولارە کە نزیکە لە تاکێکی سەر بە یەکێتی ئەوروپا کە ٣٤ هەزار دۆلارە. سەرەڕای گشت ئەمانەش کۆمەڵێک خاڵی لاواز لە سیستەمی (ئابووری-سیاسی) ئیسرائیلدا بەدی دەکرێت. نزیکەی ٢٤٪ دانیشتوان  لە ژێر هێلی هەژاریدا دەژین. نادادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتدا زۆرە و نزیکەی ١٠٪ چینی سەروو، چوارێکی کۆی گشتی داهاتی ناپوختەی نیشتیمانیان (GDP) هەیە لە کاتێكدا کە ١٠٪ چێنی خوواروو یەک لەسەر دەی ئەم داهاتەیان هەیە. لە ساڵانی ٢٠٠دا، ئیسرائیل بە هۆی کۆمەڵێک گرفتی ئەمنییەوە وەک جەنگی لوبنان و جەنگ لەگەل گرووپە فەلەستیینییەکان و دواتر قەیرانی ئابووری جیهانی لە سالی ٢٠٠٨دا توووشی وەستانی ئابورییەوە هات، بەڵام توانی بە سەرکەوتوانە لەم قەیرانانە دەرباز بێت و بوژانەوەی ئابووری ئەم وڵاتە بگاتەوە سەرووی ٥٪ لە ساڵێکدا. سێ هۆکاری سەرەکی بوونە هۆی سەرکەوتنی ئیسرائیل بەسەر قەیرانی جیهانیدا کە بریتین لە؛ 

یەکەم؛ سیستەمی بانکی، حکومەتی ئیسرائیل چاودێرییەکی تووندی بەسەر بانکەکانی وڵاتدا هەیە، نرخی دراو و سوودی بانکی دیار دەکات و زۆر جاریش ڕێگە نادات بانکەکان لەهەر کەرتێكدا سەرمایەگوزاری بکەن. بۆیە بڕێکی باشی سەرمایە لە بانکەکانی ئیسرائیلدا خه‌زنکراوە.

دووەم؛ هۆکاری دووەم بریتییە لەوەی کە بازاری کاری ئیسرائیلی بازارێكی مونعەتفە و بە ئاسانی دەتوانێت خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئابووری ناوخۆیی و جیهانی بگونجێنێت. بۆ نموونە، فێدراسیۆنی کاری ئیسرائیل لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی ساڵی ٢٠٠٨دا، بەوە ڕازیبوو کە مووچەی کرێکاران بۆ ماوەیەک کەم بکرێتەوە. بەم جۆرەش هەم ڕێگریکرد لە بێکاربوونی ئامارەیەکی زۆری کرێکار و هەمیش ڕێگربوو لە داخستنی کارگەکان. بە دەربازبوونی قەیران لە سالێ ٢٠٠٩، حەقدەستی کرێکاران وەک پێشوو لێهاتەوە.


سێیەم؛ بە سەرهەڵدانی قەیران ئیسرائیل خەرجییەکانی لەسەر کاڵا دڕێژخایەنەکان (durable goods) کەم کردەوە و بەڵام بەردەوامبوو لەسەر بەکارهێنانی کاڵا نادرێژخایەنەکان (لە سێ ساڵ کەمتر) هەر وەک سەردەمی پێش قەیران. ئەمەش وایکرد کە لە بازاری ناوخۆدا سوڕانی دراو نەوەستێت و "ئیسرائیل" تووشی قەرزی دەرەکی نەبێت. دواجار لە ساڵی ٢٠١٠، ئیسرائیل توانی پلەی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەسەندنی ئابووری ( Organization for Economic Cooperation and Development) دەستەبەر بکات. ئەندامێتی لەم ڕێکخراوەدا بە مانانی دانپێدانانی نیودەوڵەتی بە پێشکەوتنی ئابوری ئیسرائیل دێت.

"ئیسرائیل" بە دوور نەبوو لە کاریگەرییەکانی شەپۆلی بەهاری عەرەبی. بۆ نموونە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٧، ئاستی بەرهەمی ناپوختەی نیشتیمانی لەم وڵاتەدا نزیکەی ٢.٨٪ دابەزی. ئەمەش بە واتایە دێت کە هەر جۆرە گۆڕانکارییەی هەرێمایەتی دەتوانێت کاریگەریی لەسەر گەشەی ئابووریی، سەقامگیریی سیاسیی، تێکچوونی ژینگە، ڕێژەی سەرمایەگوزاریی و هاوردەکردن و هەناردەکردن وڵاتێک دابنێت. لە لایەکیترەوە، ئیسرائیل بە دەست نایەکسانی لە داهاتی تاکەکەسی، نرخی بەرزی خانووبەرە دەناڵێنێت بە جۆرێک کە بەرزترین نرخی خانو و بەرەی لە نێوان ئەندامانی، ڕێكخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووریدا هەیە. ئەمەو سەرەڕای ئەوە کە چۆن ئیسرائیل لە ئابوورێکی خاوەن تەکنۆلۆژیای بەرزدا دەتوانێت هەلی کار بۆ هاوڵاتیانی خۆی بدۆزێتەوە، تەحەدایەکیتە کە گومان دەکرێت ڕووبەڕووی ئیسرائیل ببێتەوە. 

"پوختە"

نموونەی ئیسرائیل ئەوە دەخاتەڕوو کە؛

-دروستکردنی شوناسی هاوبەش دەبێتە یەکێک لە فاکتەرەکانی پێشکەوتنی هەر نەتەوەیەک.
-دابینکردنی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان بەردی بناغەی گەشەسەندنی ئابووری و سیاسین.
-نەتەوەکان دەتوانن بە ماوەیەکی کەم پێشبکەون ئەگەر بتوانن بە باشی سوود لە سەرچاوە ناوخۆیی و دەرەکییەکان وەرگرن.
-هەستکردن بە ڕوحی هاوڵاتیبوون، هانی تاک دەدات کە بەشداربێت لە پرۆسەی بونیاتنانی دەوڵەت-نەتەوە.

سەرچاوە؛

Orit Rozin (2006) Food, Identity, and Nation-Building in Israel's Formative Years, Israel Studies Forum, Vol. 21, No. 1 (Summer 2006), pp. 52-80 (29 pages)
Nadav Halevi (no date) A Brief Economic History of Modern Israel, https://eh.net/encyclopedia/a-brief-economic-history-of-modern-israel/
Mark Broude, Saadet Deger et Somnath Sen (2013) DEFENCE, INNOVATION AND DEVELOPMENT: THE CASE OF ISRAEL, Journal of Innovation Economics & Management, pp, 37-57.
ECONOMY of Israel, Embajada de Israel en Asuncion, https://embassies.gov.il/Asuncion/AboutIsrael/Economy/Pages/ECONOMY-Israel.aspx 
Israel Economy 2019, https://theodora.com/wfbcurrent/israel/israel_economy.html
Tuba center,  In the Wake of COVID-19 – Important Questions for Israel in 2021 and Beyond
16.03.2021  https://www.taubcenter.org.il/en/research/in-the-wake-of-the-covid-19-important-questions-for-israel-in-2021-and-beyond/



ئه‌م بابه‌ته 443 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر