زۆربوونی دانیشتووانی ئێراق بەراورد بە کوردستان

زۆربوونی خێرا لە ڕووی ژمارە لە هەر پێکهاتەیەکی زیندوو ڕووبدات مەترسیی ئەوەی لێدەکرێت نەتواندرێت سەرەدەریی زانستی لەگەڵ بکرێت.
PM:11:20:20/08/2021
دۆسیە: نەتەوەسازی


یادگار ئیسماعیل
مامۆستای زانکۆ



"زۆربوونی خێرای ژمارەی دانیشتووان وەکو پەتا زیانبەخشە"

زۆربوونی دانیشتووانی ئێراق زیانی بۆ کوردستان هەیە؟

بۆچی زۆربوونی خێرای دانیشتووانی ئێراق زیانی بۆ کوردستان هەیە؟

لە ڕووی زانستییەوە چۆن لێکدانەوە بۆ زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان دەکرێت؟

زۆربوونی خێرا لە ڕووی ژمارە لە هەر پێکهاتەیەکی زیندوو ڕووبدات مەترسیی ئەوەی لێدەکرێت نەتواندرێت سەرەدەریی زانستی لەگەڵ بکرێت. خراپتر لە هەموویان؛ زۆربوونی خێرای ژمارەی دانیشتووانە، بە راددەیەک نەتواندرێت پلان و بەرنامەیەکی زانستی بۆ مامەڵکردن لەگەڵ دیاردەکە دابڕێژرێت. لە ڕووی زانستەکانی "ئاماری دانیشتووان" یان "دانیشتووانناسی" و "ژینگەی دانیشتووان"، کە تایبەتمەندن بە ژمارەی دانیشتووان و و دووەمیش بە ژینگەی زیندەوەران، مامەڵە لەگەڵ ئەو دیاردە سرووشتیە دەکرێت. لە هەردووک لایەن، زۆربوون و کەمبوونی خێرای دانیشتووان زیانی بەرچاوی هەیە.

زۆربوونی دانیشتووان بە گشتی پەیوەستە بە پێشکەوتنی بەرچاوی لایەنی تەکنەلۆجیای پزیشکی، شێوازی ژیان و تەندروستی گشتی، بەڵام ئەو کارتێکارە گشتیانە بەسەر جوگرافیا سیاسییەکان گشتگیر ناکرێن و دەبێت بە وردی لێکۆڵینەوە بکرێت و بزاندرێت بۆ نمونە بۆ ئێراق وەها بە خێرایی دووچاری تەقینەوەی ژمارەی دانیشتووان بووە.

بۆچی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان کێشەیەکی پەتا ئاسایە؟

زۆربوونی خێرای ژمارەی دانیشتووان کێشەیە و لە گەشەی ئاسایی و سرووشتی زۆربوونی دانیشتووان دەرچووە. ئەم دیاردە نەرێنییە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە. یەکێک لە هۆکارەکان؛ بریتیە لە نەبوونی پلان بۆ دانیشتووان تا لەگەڵ توانستی دەوڵەت و بەردەستبوونی داهات و خزمەتگوزارییەکان بگونجێت. ئەمە لە وڵاتانی جیهانی سێیەم و وڵاتە دروستکراوەکانی دوای داگیرکاریی ئەوروپی دەوڵەتە شکستخواردووەکان بە زەقی درکی پێ دەکرێت. هۆکارێکی دیکە پەیوەستە بە لاوازیی ئاستی رۆشنبیری گشتی و درک نەکردن بە تێچوو و پێویستییە دەروونیی و پەروەردەیی و جەستەیی و ژیانییەکانی هەبوونی منداڵی زۆر. هۆکاری ئایینیش هەیە، شوێنکەوتووی ئاینیەکان سنووردارکردنی منداڵبوون بە دژە-ئایین لەقەڵەم دەدەن.

لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە زۆربوونی خێرای ژمارەی دانیشتووان زیانی بەرچاوی هەیە، لەوانە؛ زۆربوونی تاوان، زۆربوونی کێشە کەسییەکان، کێبڕکێ و ململانێی نایاسایی و نا ئاسایی، تەسک بوونەوەی ئازادییە کەسییەکان، کێشەی گەشە و پەروەردەیی نێو خێزانەکان لە پەروەردەکردنی وەچەکانیان، گومڕایی و لادانی گشتی لە شێوەی بێڕێزی و قسەی زبر و تووندوتیژیی، ئیرەیی پێگە و دەستکەوت. زۆربوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ناڕەزاییە گشتییەکان لە کۆمەڵگە راستەوخۆ پەیوەستن بە کێشە ئابوورییەکان، ئەمە بەهۆی بێ پلانی دامەزراوەکانی حکومەت و دامەزراوە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانە، کە بەرپرسن بۆ تەشەنەکردنی ژمارەی دانیشتووان. لە ڕووی زانستییەوە دەرئەنجامە خراپە ئابورییەکان پێکدێن لە؛ نایەکسانی دابەشبوونی داهات، سنووردارکردنی ڕادە و داهاتی گشتی لە ڕێگەی کەمکردنی پاشەکەوت و وەبەرهێنانی سەرمایە. بێجگە لەمە دەرئەنجامێکی تری زۆربوونی خێرای ژمارەی دانیشتووان دروستکردنی فشارە لەسەر زەوی و زاری کشتوکاڵی و زیادکردنی خواست بۆ بەرهەمی زیاتر، کە دیسان بەرهەمەکەش ناتەندروست دەبێت. دەرئەنجامێکی تریش بریتیە لە زۆربوونی لەڕادەبەدەری ژمارەی بێکار، کە ژمارەی رەهای ئەمانیش گەنجن و بە ئاسانی لەلایەن هێزە گەلپەروەر و بەرهەڵستکارەکان وەک کەرەستەی هەڵبژاردن و سیاسیی لە ململانێکانیان سوودیان لیوەردەگرن.

توێژینەوەی ناوەندە زانستییە جیهانییەکان چ هۆشدارییەکمان پێدەدەن؟

پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ساڵی ٢٠٥٠ زیاتر لە دوو ئەوەندە زیاد دەکات. ڕەنگە ئەمە لە وڵاتێکی وەکو "ئێراق" زیاتریش بێت لە سێ ئەوەندە. ڕاوێژکاری ئابووری سەرۆکوەزیرانی ئێستای ئێڕاقیش هۆشداریداوە لەوەی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان لە وڵاتەکە لە هەموو وڵاتانی هەرێمەکە زیاترە. ئەمە لە کاتێکدایە زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی خۆجێی لە هەرێمی کوردستان زۆر هێواشە و لە هەندێک شار و ناوەندی شاری وەکو "سلێمانی"، کە چڕی دانیشتووانیان زۆرە، رێژەی زۆربوون زۆر نزیکە لە زۆربوونی ئاسایی وڵاتانی پێشکەوتوو.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرێمێکی پڕکێشەیە و جوگرافیای دانیشتووانی بە درێژایی مێژوو گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەمە بە جۆرێکە ژمارەی دانیشتووانی پێکهاتە داگیرکارەکان و ئەوانەی کۆچیان بۆ ناوچەکە کردووە (ئێراق و سوریا و تورکیا)، زۆر زیاترە لە خۆجێیەکان و بوونەتە زۆرینە. بێگومان ئەو زۆربوونەش لە بارودۆخی ئاسایی روونادات، بە تایبەت لە سەردەمە زووەکان، بەڵام زۆرینەکان لە نەتەوە سەردەستەکانی ئەم پێکهاتە سیاسییانە بەردەوام ئایینیان وەک چەک بەکارهێناوە بۆ ئاوێتەکردن، سەرکوتکردن و لەناوبردن و ناچارکردن بە جێهیشتنی وڵاتەکان. ئەمە دوای فراوانخوازی موسڵمانی عەرەبی و کۆچی تورکی عوسمانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیان پێکردووە و ئێستاش هەوڵ هەن بۆ گۆڕینی جوگرافیای دانیشتووان، بە تایبەت لە کاتێک تێبینی دەکرێت کێبڕکێ لەسەر ژێرخان و داهات زەقتر بۆتەوە و پێکەوەژیان و لێبوردەیی ئایینیی و نەتەوەیی زیاتر کز دەبن. هاوکات، کێبڕکێی ئایینزایی و مەزهەبیش هۆکارن تا پێکهاتەیەک لە ڕێگەی هاندانی وەچەخستنەوە ژمارەی دانیشتووانی خۆی بەسەر سیاسەت و سەروەری و جوگرافیای دانیشتووانی وڵاتەکان زاڵ بکات.

جێگۆڕکێ ئاساییە، بەڵام دەبێت بە یاسا رێک بخرێت و کاریگەرییەکانی بەهەند وەربگیرێن.

ئاساییە مرۆڤ هەوڵی جێگۆڕکێ بدات و "نەتەوە یەکگرتووەکان" لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ ئەو مافەی پەناخوازان چەسپاندووە، بەڵام ئەوەی نائاساییە و دەکرێت بە کەمترین زیان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، رێکخستنی دیاردەی ئاوارەی نێوەخۆیی و پەنابەری دەرەکییە. بە داخەوە؛ بە هۆکاری مێژووی لە دروستکردنی ئێراقەوە تا شکستی یەک بە یەکی رژێمە دەسەڵاتدارەکانی "ئێراق" تا بە ئیمڕۆ دەگات، پێکهاتەکان لە ژێر دەسەڵاتی پێکهاتەی سەردەست و فەرمانڕەوا ژمارەیان کەم بووە و بەرەو نەمان چوون. بۆ نموونە لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوو زیاتر لە چواریەکی ژمارەی دانیشتووانی تەنیا ناوەڕاستی شاری "بەغداد" جوو بوون، ئەو پێکهاتەیەی مێژووی نیشتەجێبوونیان لە "ئێراق" زۆر لە عەرەب کۆنترە و بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان دەگەڕێتەوە، کەچی ئەوان بە تەواویی بە لەناوچوو هەژمار دەکرێن و لە ئێراق نەماون. دوای ئەوان فەرمانڕەواکانی ئێراق، زیانی بێشوماریان لە پێکهاتەی "کورد" بە تایبەت و پێکهاتەکانی کوردستان و ئێراقدا، ئەمەش بە سەپاندنی سیاسەتی شۆڤینی و نەژادپەرستی بە عەرەبکردن و راگواستن و کۆمەڵکوژی (ئەنفال). دوای رژێمەکەی سەدام و لاوازی حکومەتەکان و دەستێوەردانی هەرێمیی، مەسیحی و ئێزیدییەکان کرانە ئامانج و ژینگەی ژیانیان تێکدرا و هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە. لەو لا، لە هەرێمی کوردستان، ژمارەی پێکهاتە نا کوردستانییەکان لە هاوردە و پەنابەر و ئاوارەکان لە زۆر بوونێکی مەترسیدارە، ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە؛ یەکەمیان ترس و تۆقینی پێکهاتە بندەست و ژمارە کەمەکانە لە ئێراق، دووەمیش بۆ بوونی سرووشتی پێکەوەژیان و لێبوردەیی ئایینی و نەتەوەیی کوردستان دەگەڕێتەوە.

داهاتووی ئێراق چۆن دەبێت و چ کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت؟

زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی "ئێراق" لە کاتێکدایە گۆڕانکاریی ژینگەیی وەکو کەمبوونی ئاو گۆڕانکاری مرۆیی و گۆڕانکارییە نەرێنیە سیاسی و ئابورییەکان بە زەقیی درکیان پی دەکرێت و ترس لە نەبوونی ئاساییش زۆربوونی تیرۆر زیاتر دەبێت. بێجگە لەوەش، حکومەتی "ئێراق" بێ پلان و بەرنامە دەردەکەوێت لە ئاست کێشەی پێکهاتەکان و دانیشتووانی وڵاتەکە بە گشتی. لە لایەکی تر، بەهۆی تەسک بوونەوەی ئازادییەکان و زاڵبوونی دەمارگیری نەتەوەیی مەزهەبی لە عەرەبستانی "ئێراق"، بە تایبەت زۆربوونی هێزی سێبەری وڵاتە هەرێمییەکان، کۆچی زیاتری عەرەبی سووننە و پێکهاتە نا-عەرەبیەکانی عەرەبستانی ئێراقیش زیاد دەکات. دوور نییە پشتگوێ خستنی پارێزگە سوننەنشینەکانیش بە ئەنقەست بێت، تا گۆڕان لە جوگرافیای دانیشتووانی ناوچەکانیان ڕووبدات. ئەمەش بۆ "هەرێمی کوردستان" زیانی مەزنی ئابووری، ئارامیی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی و دواجار سیاسیشی لێ دەکەوێتەوە کاتێک بە هەڵبژاردن پرسەکان یەکلایی دەکرێنەوە، چونکە خواستی وەچە خستنەوە لای ئەوان زیاترە، نەگەڕانەوەی ئاوارەکان و دابەشبوونیان لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان، بێجگە لە هۆکاری پشتگوێ خستنیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا و رەتکردنەوەیان بەهۆکاری سیاسی.

چارەسەر چییە و دەبێت لە هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە بکرێت؟

هۆکارەکانی سەرەوە وادەکەن گۆڕانێکی خێرا لە جوگرافیای دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ڕووبدات، کە لە توانای کۆمەڵگە و حکومەت نەبێت سەرەدەرییان لەگەڵ بکات. ئەو گۆڕانکارییە ناسروشتیەش بە زیانێکی فەرهەنگی و سیاسی و کۆمەڵایەتی دەشکێتەوە، چونکە بە داخەوە، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سیاسەتێک یان یاسای تایبەت بە پاراستنی فەرهەنگ و زمانی نەچەسپاندووە تا بیانییەکان و پەنابەران هانبدات یان مەرجدار بکرێت، زمانی کوردی فێر ببن. لە لایەکی تریش لە ڕووی خاوەندارێتی موڵک و سامان باج و ڕێکار و یاسای پێویست بەردەست نین. ئەگەر سیاسەتی زمانپارێزی و پاراستنی بەرژه‌وەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەردەست نەبن و جێبەجێ نەکرێن لە خزمەتی دانیشتووانە خۆجێیەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا هەڕەشە لەسەر سەرلەبەری لایەنە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت و فشار و گلەیی و خۆپێشاندان و ناڕەزایی هاوڵاتیانی خۆجێییش زیاتر دەبن. بۆیە گرنگە حکومەت وەکو هەرێمێکی فیدراڵ یاسا و ڕێسای تایبەت بە خۆی دەربکات، کە خزمەت بە بوونی سیاسی و سەروەریی یاسایی خۆی وەک پێکهاتەیەکی یاسایی سیاسی و تەواوی دانیشتووانی خۆجێیی بکات، بۆ ئەمەش دەکرێت سوود لە ئەزموونی هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی "کوێبێک" وەربگیردرێت پێکهاتە پەنابەر و ئاوارەکان ئاوێتەی کۆمەڵگە ببن، ئەگەر ناشتواندرێت بگەڕێندرێنەوە شوێنەکانیان، تا لە بری ئەوەی کوردستان بگۆڕن، ئاویتەی کوردستان ببن و ببنە کوردستانی و سووود لە تواناکانیان وەربگیردرێت.



ئه‌م بابه‌ته 394 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر