ئیبراهیم ڕەئیسی

لەکاتێکدا ڕێژەی بەشداریی دەنگدانیش کەمێك لە خوار ڕێژەی 50%ـوە بوو، ڕەئیسی بە جیاوازییەکی زۆر هەڵبژاردنەکەی بردەوە و بووە سەرۆککۆماری نوێی ئێران.
AM:01:50:20/08/2021
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا- کەسایەتیەکان


محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا
نوسەر و وەرگێڕ


لە 18ـی مانگی تەمموزی ساڵی 2021ـدا، بە ڕێژەی بەشداریی 24 ملیۆن و 850 هەزار کەس، یان 48.48%ـی دەنگدەرانی ئێران، سیانزەیەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەدوای شۆڕشی ئیسلامیی ئەو وڵاتەوە ئەنجامدرا. لە هەڵبژاردنەکەدا، "ئیبراهیم ڕەئیسی" بە بەدەستهێنانی 18,021,945 دەنگ، یاخود 72.35%ـی دەنگەکان و بە جیاوازییەکی زۆر بە پێش هەریەك لە "موحسین ڕەزایی" و "عه‌بدولناصر هیممەتیی" ڕکابەرەکانی کەوتەوە و لە ڕۆژی 5ـی مانگی ئابی ساڵی 2021ـیشدا وەك سەرۆککۆماری نوێی "ئێران" سوێندی یاسایی خوارد. "ئیبراهیم ڕەئیسی" لە ڕۆژی 14ـی دیسەمبەری ساڵی 1960ـدا لە شاری مەشهەد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی "ئێران" لەدایكبووە، کە شارێکی گەورە و ناوەندێکی ئاینییە بۆ موسڵمانانی شیعە، چونکە مەزاری ئیمام ڕەزا، ئیمامی هەشتەمی لەخۆ گرتووە. ڕەئیسی لە تەمەنی 15 ساڵیدا و لە شاری قوم دەچێتە بەر خوێندنی ئایینی و لەوێدا لەژێر سەرپەرشتیی چەندان زانای دیار، لەوانە ڕوحوڵڵا خامنەیی، خوێندوویەتی.

ڕەئیسی؛ خاوەنی دوو کچە، هەروەها هاوسەری کچی "ئەحمەد عەللامولهودا"ـیە، کە سەرکردەیەکی وتاربێژی تووندڕەوی ڕۆژانی هەینیی شاری مەشهەدە، کە بە وتارە زۆر پارێزکارانە و لێدوان و بیرۆکە جێی مشتومڕەکانییەوە ناسراوە. لەکاتێکدا بەر لە چەند ساڵێکی کەم لە شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979ـدا لەدایك بووە، چووە نێو خوێندنگەی ئایینیی قومەوە، بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی "ئێران" ناڕازی بوون لە دەسەڵاتی موحەممەد ڕەزا شای پەهلەوی. لەمبارەیەوە دەگوترێت؛ کە ڕەئیسی لە بەشێك لەو ڕووداوانەدا بەشدار بوو کە بوونە هۆی دەرچوونی شا لە "ئێران" و دامەزرانی وڵاتێکی ئایینیی نوێ لەژێر ڕابەرایەتیی ئایەتوڵڵا ڕوحوڵڵا خومەینی. دوای شۆڕشی ئیسلامی ڕەئیسی دەچێتە فەرمانگەی داواکاری گشتی لە شاری مەسجد سلێمان. پێشهاتێکی بەرچاو کاتێك دێتە پێش کە ڕەئیسی لە ساڵی 1985 و دوای ئەوەی وەك جێگری داواکاری گشتی دەچێتە تارانی پایتەختی ئێران، ئەوەیش کاتێك ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن؛ دوای سێ ساڵ و دوای تەنیا چەند مانگێك لە کۆتاییهاتنی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و ئێراق، ڕەئیسی دەبێتە ئەندامی "لیژنەی مەرگ" کە بەرپرس بوو لە لەسێدارەدانی نهێنیی هەزاران زیندانیی سیاسی. لەلایەکی دیکەوە، ئیبراهیم ڕەئیسی دەبێتە یەکەمین سەرۆککۆماری ئێران کە لەلایەن سزاکانی ئەمریکاوە کرابێتە ئامانج، کە بەهۆی دەنگۆی هەبوونی ڕۆڵ لە کوشتنی بەکۆمەڵ و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانەوە لە ساڵی 2019ـدا بەسەری سەپێنرا.

دوای وەرگرتنی پۆستی ڕێبەری باڵا، لەلایەن خامنەیییەوە لە ساڵی 1989ـدا، پێگەی ڕەئیسی لەنێو سیستەمی دادوەریی ئێراندا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بوو. دواتر پۆستی داواکاری گشتیی تاران وەردەگرێت، پاشان دەکرێتە سەرۆکی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوەی گشتی و پاشان بۆ ماوەی دە ساڵ و تا 2014 وەك جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری خزمەت دەکات. لە ساڵی 2006ـدا و کاتێك جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بوو، بۆ یەکەمجار بە ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایان هەڵدەبژێرێت، ئەنجومەنێك کە ئەرکەکەی بریتی بوو لە هەڵبژاردنی جێگرێك بۆ ڕابەری باڵا لە ئەگەری مردنیدا و ڕەئیسی هێشتا لەو پۆستەدا ماوە.

لە ساڵی 2017ـدا، بۆ یەکەمجار "ئیبراهیم ڕەئیسی" خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ئێران بەربژێر دەکات و دەبێتە سەرەکیترین بەربژێر دژی ڕووحانی. ڕەئیسی و موحەممەد باقری هاوپەیمانی، کە ئەوەی دووەمیان لە ساڵی 2020ـدا بوویە سەرۆك پەرلەمان، هەڵبژاردنەکەیان بە ڕووحانی دۆڕاند. لێ لە کۆی هەڵبژاردنەکەدا کە ڕێژەی بەشداری تێیدا 73% بوو، نزیکەی 16 ملیۆن دەنگ یاخود 38%ـی دەنگەکانی بەدەست هێنا. هەرچی پەیوەستە بە ڕێککەوتننامەی پلانی کرداری گشتگیر و هاوبەش (ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی)ـیەوە، ئیبراهیم ڕەئیسی لە ڕابردوودا دژی ڕێککەوتننامەکە بووە، بەڵام ئێستا دەڵێت وەك هەر پابەندییەکی سەر وڵاتەکە پشتیوانیی دەکات، لێ حکومەتێکی "بەهێز"ـیش پێكدەهێنێت کە بتوانێت بە ئاڕاستەی گونجاودا بیبات. لەئێستادا؛ ئێران بەدەست ئاستێکی بەرزی هەڵاوسان و بێکارییەوە دەناڵێنێت لەکاتێکدا حکومەت ڕووبەڕووی کورتهێنانێکی زۆری بودجە و ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆتەوە و یەکێکە زیانلێکەوتووترین وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕەئیسیش بەڵێنی داوە هەڵاوسان نەهێڵێت، ساڵانە لایەنی کەم یەك ملیۆن هەلی کار بڕەخسێنێت، پڕۆژەی نیشتەجێبوونی نوێ بوونیاد بنێت و پێشینە و قەرز بدات بە تازە هاوسەران، ئەمەو جگە لە هێنانەکایەی سەردەمێکی نوێ لە شەفافییەتی دارایی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

کاتێك لە پۆستی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریدا بوو، "ڕەئیسی" بەردەوام خۆی وەك کارەکتەرێکی دیار و سەرەکیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی نیشان دەدا، کاتێکیش خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ساڵی 2021 بەربژێر کرد، بەردەوام بە خۆناساندن و نیشاندانی بەم شێوەیە. وێڕای ئەوەی پشتیوانیی خۆی ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی دەربڕیوە کە بەرژەوەندییەکانی ئێرانی تێدا ڕەچاو بکرێت، لێ ئەوە پێگەی باڵای خۆی کردی بە بەربژێری سەرەکیی سەر سندووقەکانی دەنگدان، سەرسەختترین ڕکابەرەکانیشی بەر لە چەند هەفتەی کەمی بەر هەڵبژاردن پاشەکشەیان کرد و ڕەت کرانەوە. لەکاتێکدا ڕێژەی بەشداریی دەنگدانیش کەمێك لە خوار ڕێژەی 50%ـوە بوو، ڕەئیسی بە جیاوازییەکی زۆر هەڵبژاردنەکەی بردەوە و بووە سەرۆککۆماری نوێی ئێران.



ئه‌م بابه‌ته 242 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر