ده‌ركه‌وتنی شه‌پۆلی پێنجه‌می تیرۆریزم (5)

ئەو شتەی تایبەتمەندییە پێکهاتەیی و سیاسییەکانی داعیش لە دەستەواژە باوەکانی شەپۆلی چوارەمی تێرۆریسم جیا دەکاتەوە، بناخەی کۆمەڵایەتی.
PM:02:40:16/08/2021
دۆسیە: تیرۆرناسی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


سەرچاوەکانی رەوایی بەخشین بە داعیش

ئەو شتەی تایبەتمەندییە پێکهاتەیی و سیاسییەکانی داعیش لە دەستەواژە باوەکانی شەپۆلی چوارەمی تێرۆریسم جیا دەکاتەوە، بناخەی کۆمەڵایەتی، شێوازەکانی رەوایی بەخشێن بە کردەی کۆمەڵایەتی، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئامانجە سیاسییەکانە. لەئاست سەرچاوەکانی رەوایی دەسەڵاتی سیاسی شەپۆلی پێنجەمی تێرۆریسم، پێدەچێ مەزهەب رۆڵێکی لاوەکی بگێڕێ و ماکە رەوایی بەخشەکان بە شێوەیەکی گشتی عەقڵانی بوون و وەک پێوەری هەڵسەنگاندنی کۆمەڵناسی سیاسی، کەوتوونەتە بەر سەرنجی. توێژینەوەکانی بەردەستمان  ئەوەمان پێدەڵێن؛ کە رێبەرانی مەزهەبی و سیاسی بزووتنەوەیەکی لەم چەشنە، بە پێچەوانەی رابردوو، لە رێگای گرتنەبەری هێندێک لایەنی نەریتییەوە هەوڵیانداوە بۆ گونجاندنی مەزهەبی نەریتی لەگەڵ راستییە تازە سەرهەڵداوەکانی (دەوڵەت-نەتەوە). ئەو لایەنانەی لەگەڵ مودێڕنیتە تەباتر بوون و باشتر رێکدەهاتن. هەر بەو هۆیە پێویستە سەرتر لە بزووتنەوەیەکی تێرۆریستی سەر بە شەپۆلی چوارەم، سەیری پڕۆژەی رێکخستنەکانی داعیش بکرێت. ئەو بزووتنەوەیە بەتەما بوو گۆڕانکاری گشتگیر و بنەڕەتی لە هەموو ئاستەکانی کولتووری و کۆمەڵایەتی دا بەدی بهێنێت. ئەوەش هاوشێوەییەکی زۆری لەگەڵ شۆڕشە ئیدئۆلۆژیکییەکانی وەک شۆڕشی کۆمۆنیستی سۆڤییەت هەبوو. ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرنجێکی ئەوتۆ نەدراوەتە رێکخستنەکان و پێکهاتەی حکومەتی ئەو گرووپە کە بێ هیچ شک و گومانێک لە گرینگترین لایەنەکانی گرووپێکی لەم چەشنەن. لە درێژەی ئەو نووسینەدا ئەوە دەردەکەوێ کە ئەو بزووتنەوەیە چۆن هەوڵیدەدا خۆی لەگەڵ گووشارەکانی مودێڕنیتە بۆ وەدەستهێنانی رەوایی رێکبخا. هەر لەو رووەوە تەشکیلاتی رێکخستنەکانی ئەو شەپۆلە نوێیە بە جوانی ئەوەمان بۆ وەدەردەخا؛ کە دەسەڵات لە ئاستێکی بەربڵاودا دابەشکراوە و پەرەی ستاندووە. بۆ وێنە پێکهاتەی رێکخراوەیی داعیش بە شێوەی هێڕەمی یان هیڕاڕشیک داڕێژراوە و خەڵیفە لە قۆچک و لووتکەی ئەو هێڕەمەیە و بە شێوەی راستەوخۆ چاوەدێری ئەنجومەنەکان دەکات. مەجلیسی ئەنجومەن، ئەنجومەنی پرس و ڕا و کردنەوەی گرێ کوێرکان (حل و عقد)، ئەنجومەنی چەکداری، ئەنجومەنی پاراستن و زانیاری، ئەنجومەنی شەرعی، دامەزراوەی راگەیاندن، دامەزراوەی بیتولماڵ، و دابەشکارییە ئیدارییەکان، لە گرینگترین بناخەکانی ئەو رێکخراوەیەن.

مەجلیسی ئەنجومەن؛ یەکێک لە گرینگترین دامەزراوەکانی پێوەندیدار بە پێکهاتەی رێکخستنەکانی داعیشە و پاش جێگە و پێگەی خەڵیفە وەک سەرترین دامەزراوەی راوێژکاری، جیا لەوەی فەرمانەکانی خەڵیفە بۆ پلەکانی خوارتر رادەگوێزێت، بەرپرسیارێتی پێشنیاز کردنی بەربژێری بۆ ویلایەت و ئەندامانی مەجلیسی دیکە و هەروەها چاودێری کردن بەسەر کردەی خەڵیفەشی لەئەستۆیە. بە گشتی دەتوانین پڕۆژەکانی حوکمڕانی داعیش بەسەر دوو دەستەدا دابەش بکەین؛ بەڕێوەبەرایەتی سیاسی-ئەمنییەتی و بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵایەتی-خزمەتگوازی.

"دەسەڵاتداری یاسا و بەڕێوەبەرایەتی سیاسی-ئەمنییەتی"

حکومەتی داعیش خاوەن بینایەکی یاسایی رێکخراو و تەکووز بوو کە لەگەڵ یاسامەندی حکومەتی تۆتالیتەر زۆر یەکی دەگرتەوە. یاسای داعیش وەک یاسامەندی تۆتالیتەر گوێی لەهەموو یاسایەکی باو دەئاخنی و داواکاری دامەزراندنی یەکسانی بوو لەسەر گۆی زەوی. کاتێک بەغدادی «خەلافەتی ئیسلامی» راگەیاند؛ زۆری جەخت لەسەر بەڕێوەچوونی یاسا و پتەوترکردنی کرد. ئەوان جودا لە سازکردنی دادگا ئیسلامییەکان، بەڵگەیەکی یاساییشیان لە ئاست تاوان و سزاکان بڵاو کردەوە. ئەو بەڵگە یاساییە هەڵگری 32 فتوا بوو. ئەو فتوایانە شەبەنگێکی بەربڵاوی لە کاروبارەکان دەگرتە خۆ. بۆ وێنە باج، رەفتار لەگەڵ بەندییەکان، جلوبەرگ و شێوەی خۆداپۆشین، چالاکییە بازرگانییەکان و تەنانەت چالاکییە گەشت و گوزارییەکان لەو خاڵانە بوون کە باسیان کرابوو و هەر هەموشیان، لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هەموو تاکەکانیان دەگرتەوە. ئەو گرووپە سەرتر لە پێکهاتەی یاسایی، بایخێکی زۆریشی بە خزمەتگوزاری ئەمنییەتی و زانیاری دابوو کە تایبەتمەندی دەوڵەتە مودێڕنەکانە. لە ژمارە شەشی «دابق»ـدا نیشان دراوە کە ئەو گرووپە لە کاروباری زانیاری و ئەمنییەتیدا تواناییەکی زۆری هەیە و سیستەمی ئەمنییەتی ئەوان توانیوێتی زۆر یەک لە هێرشی دوژمنانیان پووچەڵ بکاتەوە. هەروەها بۆ دابینکردنی هێمنایەتی زیاتر دوو تاقم لە هێزەکانی پۆلیس لەبەرچاو گیرابوون کە لە نێو ئەوانەدا پۆلیسی ناوچەیی بەرپرسیارێتی دابینکردنی هێمنایەتی لە ئەستۆ بوو و پۆلیسی مەزهەبی بەرپرسی بەڕێوەبردنی یاسا و رێسا مەزهەبییەکان بوو. بێ گومان ئەو بابەتە رەهەندیکی دیکەی هاوشێوەیی داعیش و رژێمە تۆتالیتەرەکانمان دەخاتە بەرچاو. هەر وەک چۆن ڕژێمە تۆتالیتەرەکان یاساکانی مێژوو و سرووشتیان بەسەر خەلکیدا دەسەپاند، داعیشیش بە مەبەستی سازکردنی چەشنێکی نوێ لە مرۆڤ، ئەو یاسایانەی کەوا بەرهەمی بیر و تێگەیشتنی خۆیان لە ئایین بوو، بەسەر خەڵکدا دەیانسەپاند. پۆلیسی داعیش کە بە «حەسبە» ناسرابوو لە باری کردەییەوە هاوشێوەییەکی زۆری لەگەڵ پۆلیسی شاراوە هەبوو کە لە ڕژێمە نەریتییە تۆتالیتەرەکاندا چالاک بوون. حەسبە گرینگترین و سەرەکیترین کەرەسە بوو بۆ نیشاندان و سەپاندنی ئەو چاوەدێری و کۆنتڕۆڵ کردنە. 

ئەو پۆلیسە بچووکترین چاوپۆشینی لە لادانی کەسانی بە واتای خۆیان سەربزێو نەبوو و بێ ناوبوێر کردن و بە وردبینییەوە هەموو کاروباری خەڵک لە تایبەتیترینییەوە بگرە تا کاروباری گشتی دەخستە ژێر چاوەدێرییەوە. پۆلیسی حەسبە وەک پۆلیسی شاراوە ی تۆتالیتەر لە ژێر سێبەری ئایدۆلۆژیای تایبەتدا فێرکاریان بۆ کرابوو و مەبەستی ئەوان پارێزگاری لە ئایدۆلۆژیای تۆتالیتەری حاکم بەسەر سیستەمی بیری داعیش بوو. بەو جیاوازییەوە کە پۆلیسی شاراوەی ڕژێمی تۆتالیتەر بۆ پاراستنی یاسا سرووشتی و مێژووییەکان دەستی بۆ تیرۆر و کردەوەی ترسێنەر و تۆقێنەر دەبرد و پۆلیسی حەسبە ئەو کردەوانەی بە تێگەیشتنی خۆی، بۆ پاراستنی یاساکانی خوداوەندی بەڕێوە دەبرد. لەو خشتەیەی ژێرەوەدا پێکهاتەی سیستەمی ئەمنییەتی داعیش نیشان دراوە، ئەو خشتەیە بۆ یەکەمجار ساڵی 2015 لە لایەن بڵاڤۆکی «ئیشپیگێل»ـەوە لە قاو درا و لە لایەن نووسەرانەوە وەرگێڕداروە و خراوەتە بەردەستتان؛

"بەڕێوەبەرایەتی خۆشگوزەرانی، کولتووری و کۆمەڵایەتی داعیش"

لە پاڵ بەڕێوەبەرایەتی سیاسی و چەکداری و جەختکردن لەسەر نەزم و ئەمنییەت، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان؛ تەوەرەی سەرەکی ستڕاتێژی داعیشی پێکدێنا. داعیش لە ناوچە گرینگ و ستڕاتیژیکەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، سەرمایەگوزاری زۆری بۆ کاری بنچینەیی و یارمەتییە مرۆڤییەکان کردووە. لە ناوچە شارنشینەکان کە ئەو دەوڵەتە زیاتریان بەسەردا زاڵ بوو، کاری بنەمایی وەک هێڵی کارەبا و ئاو و رێگاوبان و پێیانە رێیەکانی گرتە ئەستۆ و رایپەڕاندن. تەنانەت لە چەند شوێن پڕۆژەی پپیشەسازی وەک کارخانەی نانی پیشەسازی و دامەزراوەی بەرهەمهێنانی کارەباشی وەڕێخستووە. لە پاڵ ئەو خزمەتگوزارییانەوە تەنانەت خزمەتگوزای پۆستی و چاودێری لەشساغی بۆ منداڵ و بەساڵاچووان پێشکەش کردووە. ئەو گرووپە، هەروەها رێگای شۆڕشی کولتووری لە وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی خۆی گرتەبەر، تا وەک سیستمە تۆتالیتەرەکان پڕۆسەی شوشتنەوەی مێشکی منداڵان و مێرمنداڵان باشتر بەرێتە پیش و کەس لە دەرەوەی فێرکارییەکانی ئەو رانەهیندرێ. ئەو نیزامە فێرکارییەی داعیش بۆ کچان و کوڕانی ساز کردبوو لەو سیستەمە فێرکارییە بەهێزتر بوو کە دەوڵەتی ئێراق بۆی ساز کردبوون. تاوتوێ کردنی بڵاڤۆکەکانی ئەو گرووپە ئەوەمان بۆ دەردەخا کە ئەوان جەختێکی زۆریان لەسەر پەروەردە و فێرکاری هەبووە و بە ئامادەکردنی یاسا و رێسای نوێ لە چوارچێوەی بەیاننامەیەک بە ناوی «دیوانی زانست» خەریکی خستنە رووی نموونەیەکی زۆرەملی‌یەوە بوون لە شۆڕشی کولتووری رادیکاڵ لە سیستمی فێرکاری خۆیان دا. لەو سیستەمە دا ناوەرۆکە فێرکارییەکانی پێشوویان دەستکاری کردووە و شتی تازەیان لەجێ داناوە. رێبەرانی داعیش هەروەها بە دامەزاراندی قوتابخانە ئیسلامییەکان بۆ کوڕان و کچان؛ کولتوورێکی مەدەنی تایبەتیان خستە روو و هەوڵیان دا نەوەیەکی دیکەش بۆ داهاتوو پەروەردە بکەن. هەروەها کاروباری ئابووری هۆکارێکی گرینگ لە ستڕاتێژی دەوڵەت سازی ئەوانە. راپۆرتی دارایی سەر بە داعیش ئەوەمان نیشان دەدات کە ئەوان دەوڵەمەند بوون و بەشێکی بەرچاو لە سەرچاوە داراییەکانی خۆیان لەلایەن پشتیوانە دەرکییەکانەوە پێگەیشتووە و بەشێکیشیان لە رێگای فرۆشتنی نەوت و تاڵانکردن و باج وەرگرتنەوە وەدەست هێناوە.

بەوشێوەیە بە تاوتوێکردنی رەوتی روو لە پوختەیی و پێکهاتەی حکومەتی بۆ وێنە پێکهاتەی تاکەکەسی دەسەڵات، خستنە رووی خزمەتگوزارییەکان، بردنە سەری یاسا و رێسا، ئەو گرووپە توانییان لە رەوتی دەوڵەت سازیدا و لە ئیقلیمی دەسەڵاتی خۆیاندا سەرکەوتنێکی باش بەدەست بێنن و بە سەرنج دان بەوەی لە هێندێ لە وڵاتانی ناوچە، بۆشایی دەوڵەت سازی لە ئارادابوو، ئەو بابەتە بووە هۆی ئەوەی داعیش بتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا لایەنگرێکی زۆر لە دەوری خۆی کۆکاتەوە. ئەگەرچی لەسەر کاغەز تێرۆریسم ناتوانێت نە لەئاستی ناوچەیی و نە لە ئاستی نیودەوڵەتیدا شەرعییەت وەدەست بێنێ، بەڵام کەشی هاوسەنگی هێزە نێودەوەڵەتییەکان و تەنانەت هاوسەنگی لە نێوان هێزە مەزهەبییەکان و یاریکەرانی نا-دەوڵەتی و لە لایەکی دیکەوە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دنیای عەڕەب و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو هۆکارانە بوون کە رەوتی دەوڵەت‌سازی داعیشیان بە ئاکام گەیاند. بەو هۆیە بەپێی پێکهاتەی پتەو و ئیدئۆلۆژیکی داعیش، دەبێ یەکێکی دیکە لە پێناسەکانی "شەپۆلی پێنجەمی تیرۆریسم" بە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی تۆتالیتەر بزانین، کە کامڵترین شێوەی ئەو دیاردەیە تا ئێستا گرووپی تێرۆریستی داعیش بووە. ئەو گرووپە بە پێچەوانەی گرووپە تێرۆریستییەکانی دیکە بە لەبەردەست بوونی ئەزموونەکانی حیزبی بەعس و هەبوونی سیستەمێکی فیکری، خۆی بە دەوڵەت ناساند و هێزیکی زۆری لە نەتەوە جیاوازەکان خستە گەڕ. بەهۆیە دەتوانین ئەو سیستەمە بە «تێرۆریسمی خاوەن دەوڵەت» بناسێنین کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی لە کەرەسە مودێڕەکانی کەڵک وەردەگرت.


سه‌رچاوه‌؛ وه‌رزنامه‌ی زانستی ئه‌منییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی زانكۆی تاران. 

وه‌رگێڕانی/ سیامه‌ند موهته‌دی 



ئه‌م بابه‌ته 375 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر