یاسا نێودەوڵەتییەکان و دروستکردنی بەنداوەکان

بۆشایی یاسا نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە دروستکردنی بەنداو لەلایەن وڵاتانەوە و دەرفەتەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان.
PM:09:57:14/08/2021
دۆسیە: ئابوری


ئارمان ئەیوب ئەحمەد حسێنی
ڕۆژنامەنووس


بۆشایی یاسا نێودەوڵەتییەکان (نێونەتەوەییەکان) سەبارەت بە دروستکردنی بەنداو لەلایەن وڵاتانەوە و دەرفەتەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان

لە کۆنەوە تا ئێستا دروستکردنی "بەنداو" بە یەکێک لە گەورەترین سازەکانی دەستی مرۆڤ دێتە ئەژمار. گەرچی بەنداوەکان؛ لە بواری دابینکردنی ئاوی خواردن، ئاودانی، کارەبا و گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە، بەڵام نابێت چاو لە ئاسەوارە زیانبارە ژینگەییەکانی ئەم دیاردەیە بنوقێنین. ئەوڕۆکە بەهۆی نەبوونی یاسا و ڕێسای نێودەوڵەتی لە پێوەندی لەگەڵ پێبەندبوونی نێودەوڵەتیی دەوڵەتان بە پرۆسەی دروستکردنی بەنداو بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە وڵاتان وەکوو تورکیە و ئێران بە گەڕانەوە بۆ دوکتورینی دەسەڵاتداریەتیی تەواو بەسەر ئاو و خاکدا، بەنداوگەلێکی زۆریان لە چوارچێوەی جوگرافیایی سیاسیی خۆیاندا دروست کردووە، بەبێ گرنگیدان بە ژینگە و ئەو کێشانەی کە بەرەوڕووی وڵاتانی جیرانیان دەبێتەوە، ئەم کردارەی وڵاتان دەبێتە هۆی کەمبوونەوی سەرچاوە ئاوییەکان، بەردەوامیی وشکەساڵی، کۆچی ناچاری، سەرهەڵدانی دیاردەی خۆڵبارین لە وڵاتانی جیران و لە کۆتاییدا دروستبوونی دژایەتی و ناکۆکی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. بەهۆی ڕۆڵی حەیاتیی ئاو لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا و زیادبوونی ڕێژەی دانیشتووانی سەر گۆی زەوی، قەیرانی کەم ئاوی پێشبینیکراو بوو و بەردەوام کارناسان بە دوای گەڵاڵە و شێوازێکەوە بوون تاکوو بتوانن ئاو کۆنترۆڵ بکەن. ساڵانێکە کە دروستکردنی بەنداو وەکوو ڕێکارێک لە بەرانبەر جووڵە و کۆکردن و ڕاگرتنی ئاوەوە کەڵکی لێوەردەگیردرێت. هەروەها بەنداوەکان بۆ بەدەستهێنانی کارەبا و کۆنترۆڵی سێڵاو و کشتوکاڵ دەورێکی گرنگیان لە ژیاری مرۆڤایەتیدا گێڕاوە. ڕێکخراوی بازرگانی یجیهانی لە ساڵی ١٩٩٧دا وەکوو کاردانەوەیەک بەنیسبەت گەشەی لەڕادەبەدەری دروستکردنی بەنداو "کومیسیۆنی بەنداوەکانـ"ـی دامەزراند. ئەم کومیسیۆنە لە ڕاپۆرتەکانی خۆیدا سەبارەت بە بەنداوەکان دەڵێت؛ "بەنداوەکان بە مەبەستی پێکەوەژیانی نێوان سێ توخمی ئاو، وزە و گەشەی ئابووریی مرۆڤ دروست دەکرێن". بەنداوەکان بێجگە لە ڕۆڵی بەرچاویان لە گەشەی ئابووریی مرۆڤ نابێت چاو لە کاریگەرییە نگێتیڤییەکانیان لەسەر ژینگەی دەوروبەری خۆیان وەکوو لەنێوچوونی ماسییەکان بنوقێنین. 

نەبوونی یاسا و ڕێسای نێودەوڵەتی لە پێوەندی لەگەڵ پێبەندکردنی وڵاتان بە پرسی ژینگە و هەروەها ئاسەواری ڕاگرتنی ئاوی ڕووبارەکان لە پشت بەنداوەکان و وشکبوونی ڕووبارەکان و سەرچاوەی ئاوی وڵاتانی جیران و گەڕانەوەی وڵاتان بۆ دوکتورینی دەسەڵاتداریەتیی ڕەها بەسەر ئاو و خاکی خۆیاندا. بەپێی دوکتورینی دەسەڵاتداریەتیی ڕەها بەسەر ئاو و خاک کە لەسەر بنەمایەکی کۆن و گشتگیردا دامەزراوە، هەر دەوڵەتێک بەبێ ڕەچاوی لێکەوتەکانی دروستکردنی بەنداو لەسەر وڵاتانی پێوەندیدار، دەسەڵاتداریەتییەکی ڕەها و بێسنوور بەسەر جوگرافیای خۆیدا دەسەپێنێت. ئەم دوکتورینە لە ڕاستیدا بە قازانجی وڵاتانی باڵادەستی ڕووبارەکانە. دەستێوەردانی یەکلایەنە و بێسنووری دەوڵەتە باڵادەستەکانی ڕووبارەکان لە ڕێگەی دروستکردنی بەنداوەکان، کاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر ژینگە بە تایبەتی وشکاندنی زەوییە کشتوکاڵییەکان، بێکاری و سەرهەڵدانی دیاردەی خۆڵبارین دادەنێت. بەردەوامبوونی هەوسارپچڕاوی دروستکردنی بەنداوەکان لەلایەک و دابەزینی ئاستی ئاوی سەرچاوەئاوییەکان دەتوانێت ئاشتیی نێودەوڵەتی و تەنانەت ئاشتی و سەقامگیریی نێوخۆیی وڵاتانیش تووشی داڕمان و نائەمنی بکات. بۆ وێنە کاتێک وڵاتێک کە چەندین نەتەوەی تێدا دەژی بە دروستکردنی بەنداو ئاوی ناوچەیەک دەگوازێتەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، بۆیە ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی نەتەوەی بندەست لە ئارادایە. لێرەدا وەکوو فاکت ئاماژە بە پرۆژەی دروستکردنی دەوڵەتی تورکیە لەسەر ڕووباری دیجلە و فورات دەکەین؛ 

"پرۆژەی دروستکردنی بەنداوی گاپ لە تورکیە"

ناوەندی دروستکردنی بەنداو لە وڵاتی "تورکیە" دەکەوێتە ئاراستەی ڕووباری دیجلە و فورات لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە، واتە کوردستانی تورکیە. تورکیە لە ساڵی ١٩٧٧ەوە لە چوارچێوەی پرۆژەی "گاپ" و لە ڕێڕەوی دیجلە و فوراتدا چەند بەنداوی دروستکرد. لەو پرۆژە زیادەخوازییەدا تورکیە هەوڵیدا بە گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوی دیجلە و فورات، ٢٢ بەنداو و ١٩ وزەخانەی ئاوی دروست بکات تا بەڵکوو ئاوی پێویستی ١.٧ هێکتار زەویی کشتوکاڵی بە بڕی ٣٢ میلیارد ئاوی کۆکراو لە پشتی بەنداوەکانەوە دابین بکات. ئەم کردەوەیەی تورکیە بوو بەهۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک کێشە بۆ وڵاتانی سووریە و ئێراق. هەرچەند لە ساڵی ١٩٨٠دا دەوڵەتی "تورکیە" بەپێی ڕێکكەوتنێک ڕازی بوو تا لانیکەم دبی (ڕێژەی دەرچوونی ئاو لە چرکەدا) ٥٠٠ مەتر چوارجا لە چرکەدا لە ئاوی ڕووباری فورات بەر باتەوە بۆ دوو جیرانی سووریە و عێراق، بەڵام ئەم بەڵێنەی تورکیە هیچکات جێبەجێ نەکرا. لە چوارچێوەی هەمان پرۆژەدا و لە ساڵی ١٩٩٢ "بەنداوی ئاتاتورک" بە دەفرایەتیی ٣٠ میلیارد مەتری چوارجا لەلایەن تورکیەوە دروست کرا کە بە گەورەترین بەنداوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نۆهەمین بەنداوی گەورەی دونیا دەناسرێت و توانستی ڕاگرتن و کۆکردنەوەی هەموو ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتی هەیە. لە یەکەمین ئاوگیریی ئەم بەنداوەدا و کاتێک تورکیە بە سووریە و ئێراقی ڕاگەیاند کە بە تەمایە بۆ ماوەی یەک مانگ بە تەواوی پێش بە ئاوی (دیجلە و فورات) بگرێت و ڕووبارەکان وشک بکات و هیچ ئاوێک نەچێتە ئەو دوو وڵاتە، ئەم کردارەی تورکیە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی تووندی سووریە و عێراقی لێکەوتەوە. کۆی ئەو بەنداوانەی لە چوارچێوەی پرۆژەی گاپدا دروست کران، بوون بەهۆی دابەزینی ئەو بڕە ئاوەی کە پێشتر دەڕژانە نێو وڵاتی سووریە و ئێراق و ئەمە خەسارێکی گەورەی بە کەرتی کشتوکاڵ، گەشتیاری، ژینگەیی و هەروەها بە ئاوی خواردنەوەی زۆرێک لە شار و گوندەکانی کوردستانی ئێراق و سووریەی گەیاندووە، بە شێوەیەک کە ئەم پرسە بووەتە هۆی مەترسییەکی جدی بۆ سەر ئاسایشی هەرێم و هەروەها کوردستانی سووریە. تورکیە بە ئاسانی بەهۆی بۆشایی یاسای نێودەوڵەتییەوە دەتوانێت پرسی ڕەوانەکردنەی ئاوی (دیجلە و فورات) بۆ جیرانەکانی وەکوو کارتێکی گوشار بەکار بێنێت و زەخت بخاتە سەر بەرپرسانی هەر دوو وڵات بۆ دابینکردنی خواست و ئەجنداکانی لەو وڵاتانەدا.
     
"ڕاگەیەندراوی ستۆکهۆڵم سەبارەت بە ڕێکاری کەڵکوەرگرتنی بێ خەسار لە ئاو و خاک"

لەنێو دڵی بەڵگە نێودەوڵەتییەکان، ڕێکاری کەڵکوەرگرتنی بێ خەسار لە ئاو و خاکی وڵاتان بۆ یەکەم جار لە ڕاگەیەندراوی ستۆکهۆڵمدا ئاماژەی پێکراوە. بەپێی ئەسڵی ٢١ی ئەم ڕاگەیەندراوە، دەوڵەتان بە گەڕانەوە بۆ جاڕنامەی گشتیی ڕێکخراوی دەوڵەتە یەکگرتووەکان و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، مافی ئەوەیان هەیە بەپێی سیاسەتە ژینگەپارێزییەکانی خۆیان لە سەرچاوەکانی خۆیان کەڵک وەربگرن، بە شێوەیەک کە هیچ خەسارێکی ژینگەیی لەسەر ژینگەی وڵاتانی جیران و دەوروبەر دانەنێن.  

"ڕێکاری گەشەی بەردەوام"

ئەم ڕێکارە بە مەبەستی ئاشتیی نێوان سێ توخمی لێکگرێدراوی گەشەی ئابووری، پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ڕێزدانان بۆ ژینگە گەڵاڵە کراوە. کومیسیۆنی جیهانیی گەشە و ژینگە لە ساڵی ١٩٧٨ گەشەی بەردەوامی ئاوەها پێناسە کرد کە بە واتای؛ دابینکردنی پێداویستییەکانی جیلی نوێ بەبێ لە مەترسی خستنی دەفرایەتیی جیلەکانی داهاتوو.
 
"دەرفەتەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دروستکردنی بەنداو"

کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیە؛ بەهۆی لێدانی بەنداوەوە پێشیان بە بەشێکی زۆر لەو سەرچاوە ئاوییانەی گرتووە کە دەڕژانە هەرێمی کوردستانەوە و ئەمە دەبێت ئیدارەی هەرێم وەکوو مەترسییەکی جدی چاوی لێ بکات و بە هەموو شێوە هەوڵی دروستکردنی بەنداو بدات تاکوو بتوانێت پێداویستییەکانی خۆی پێ دابین بکات و وەکوو کارتێکی گوشار لە بەرانبەر بەغداددا بەکاری بێنێت. 

هەرێم جگە لە پیشەی نەوت کە ئەویش شتێکی هەمیشەیی نییە و ڕۆژێک کۆتایی دێت، بەهۆی کەشوهەوا و خاکێکی بە پیتەوە خاوەنی ٦ ملیۆن و ٦١٩ هەزار و ١٩ دۆنم زەوییە و توانستی ئەوەی هەیە کە لە ئەگەری پلانێکی تۆکمە و شیاودا، ببێت بە یەکێک لە جەمسەرەکانی بەرهەمهێنەری بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و هەوڵی ئەوە بدات کە خەڵکەکە بەرەو کەرتی تایبەت بڕۆن و چیدی لاوانی کوردستان چاوەڕوانی دەستی حکوومەت نەبن کە ئیشی حکوومییان بۆ دابین بکات.

هەرێمی کوردستان ١٧ بەنداو هەیە کە ٣ بەنداویان لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو دروست کراون، ئەو ١٤ بەنداوەی حکوومەتی هەرێم دروستی کردوون توانای گلدانەوەی ٣١ ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە، بەوەش دەتواندرێت ١٤ هەزار دۆنم زەوی بەرئاو بکرێت، لە بەرامبەردا ٥٧ بەنداو کە ٢١ بەنداویان بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن تێیاندا وەستاوە و تەواوکردنی ٨ بەنداویان پێویستی بە تەنها ١٠ ملیار دینار هەیە ٢٠ بەنداویش تەنها دیزانیان تەواو بووە کاریان تێدا ناکرێت و ١٦ بەنداوەکەی تریان تەنانەت دیزانیشیان بۆ نەکراوە، بەڵام بەپێی کەشفی وەزارەتی کشتوکاڵ شوێنی گونجاون بۆ دروستکردنی بەنداو. ٣ بەنداوەکەی سەردەمی ڕژیمی پێشووش؛ بریتین لە بەنداوەکانی (دەربەندیخان و دووکان و دهۆک) کە توانای گلدانەوەی ١٠ ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە. سەرباری ئەوەش بە ڕای شارەزایان، هەرێمی کوردستان پێویستی بە گلدانەوەی ١٥ بۆ ٢٠ ملیار مەتر سێجا هەیە کە دەکرێت لە ڕێگەی ٣٥٠ بەنداوی بچووک و مامناوەند و گەورەوە ئەو بڕە ئاوە گل بدرێتەوە. هەرێم کێشەیەکی گەورەی دیکەی هەیە ئەویش کێشەی کارەبایە کە دەکرێت بە دروستکردنی بەنداو، کارەبا بەرهەم بێنێت و بەشێکی زۆری لە کێشەی بێ کارەبایی قەرەبوو بکاتەوە.

کەواتە؛ بەهۆی نەبوونی یاسایەکی ڕوونی نێودەوڵەتییەوە تاکوو بە ڕوونی ماف و دەسەڵاتی وڵاتانی بەسەر ئاوی ڕووبارەکاندا دیاری بکات و لە ئەگەری پێشێلکردنی یاسادا بەرەوڕووی سزای توند ببنەوە، وڵاتان دەستیان داوەتە دروستکردنی لەڕادەبەدەر و بەبێ توێژینەوەی زانستیی بەنداو و پێشیان بە ئاوی زۆر ڕووبار گرتووە کە بە چەند وڵاتدا تێدەپەڕین و ڕێڕەوی ئاوەکانیان گۆڕیوە و بۆ کەرتی کشتوکاڵ و کارەبا و هەروەها وەکوو کارتێکی گوشار لەهەمبەر وڵاتانی جیراندا کەڵکیان لێ وەردەگرن، هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە پلانێکی تۆکمەوە هەوڵی جدی بۆ دروستکردنی بەنداو بدات و هەم بتوانێت کارەبای لێ بەرهەم بێنێت و هەمیش کەرتی کشتوکاڵی پێ گەشە بدات و ئابوورییەکەی کە بە ئابووری نەوت ناسراوە و بەهۆی گوشارێکی بەغدا یان جیرانانەوە دەکەوێتە لەرزە، پێی پتەو بکات و هەمیش دەتوانێت وەکوو کارتێکی گوشار لەهەمبەر زیادەخوازییەکانی بەغدادا کەڵکی لێ وەربگرێت بۆ یەکلاکردنەوەی زۆرێک لە گرفتەکان کە بەغدا بەرەوڕووی هەرێمی دەکاتەوە و گەر ڕۆژێکیش دەرفەت ڕەخسا بۆ کورد لە باشوور کە بۆ یەکجاری بە هەموو مافەکانی شاد ببێتەوە و ببێت بە دەوڵەت، ئەوکات لە هەمبەری پێدانی ئاو بە بەغدا بتوانێت هێڵێکی تڕانزیت تا دەریایی عەمان وەرگرێت و کێشەی نەبستراوەبوون بە ئاوە ئازادەکانی چارەسەر بێت و چیدی مل بۆ خواستەکانی تورکیە و ئێران و ئێراق دانەنوێنێت.


ئه‌م بابه‌ته 851 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر