دەرکەوتنی شەپۆلی پێنجەمی تیرۆریزم (4)

جیاوازی لەگەڵ شەپۆلەکانی پێشوو کە داعیش بەتایبەتی کەڵکی لێوەردەگرێت؛ پڕۆپاگاندەی ئاوێتەی ترس و دڵەڕاوکێیە.
PM:01:17:12/08/2021
دۆسیە: تیرۆرناسی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


جیاوازییەکانی شەپۆلی نوێی تێرۆریسم بە پێی شیکاری ناوەرۆکی گۆڤاری "دابق"

یەکێک لەو باشترین سەرچاوانەی دەتوانێت توێژەران بۆ ناسینی لەبارتری ئەو ئایدۆلۆژیایە یارمەتی بدات، گۆڤاری ئینگلیزی زمانی داعیشە کە لە ژێر ناوی "دابق"ـدا بڵاو دەکرایەوە. یەکەمجار بە مەبەستی شەرعییەت بەخشین بە خەلافەت لەڕێگای دەقە ئیسلامییەکان و واتا ئایینییەکانەوە و بە جەخت لەسەر بابەتەکانی پێوەندیدار بە جیهاد و تەوحید، لە ساڵی 2014 دا ئەو گۆڤارە بڵاو کرایەوە. شیکاری ناوەرۆکی ئەو گۆڤارە زۆر خاڵی سەرنجراکێشمان دەخاتە بەرچاو. بۆ وێنە یەکێک لە بابەتە گرینگ و سەرنجڕاکیشەکانی ئەو گرووپە، باسی فەلسەفەی مێژوویی "ئاخر زەمان"ە. بە پێی شیکاری دابق و باقی بلاڤۆکەکانی لەو شێوەیە، روانگەی ئاخرزەمانی یەکێک لە هێزە بزوێنەرەکانی ئەو گرووپەیە. بە تایبەت بەپێی ناوەرۆکی ژمارە سێی ئەو گۆڤارە، شاری "دابق" کە لە نزیک "حەلەب" هەڵکەوتووە، بە شوێنیکی گرینگ بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خاچ ‌پەرستان دێتە ئەژمار و بە پێی هێندێک لە ریوایەتەکان شەڕی دابق یەکەم هەنگاو بۆ پێکهێنانی ئیمپڕاتوورییەتی ئیسلامی لە جیهان دایە. ئەو قسەیە لە رووبەرگی ژمارە چواری ئەو گۆڤارەدا بە باشی خۆ دەنوێنێ. ئەو وێنەیە نیشانەی دەوڵەتی ئیسلامییە بۆ پەرەپێدانی ئیمپڕاتووری خۆی لەسەراسەری جیهان و بە تایبەت شاری رۆم. ئەوەش جیاوازی ئایدۆلۆژیای داعیش لەگەڵ شەپۆلی نوێی تیرۆریسمی مەزهەبی؛ واتە ئەلقاعیدە وەدیار دەخا و بەرجەوەندی (perspective) شەپۆلێکی تازە لە پانتای نێودەوڵەتی زەق کاتەوە. بە واتایەکی ڕوونتر؛ پێداچوونەوەیەک بە کردەوەی ئەلقاعیدە ئەو خاڵە روون دەکاتەوە کە ئەوان بە شوێن وەدەست هێنانی دەسەڵات لە وڵاتانی وەک ئەفغانستان و پاکستان و هێنانە سەرکاری "ئیماڕەت" لە ناو جوگڕافیای ئەو دوو وڵاتەوە بوون؛ بەڵام بزووتنەوەی تێرۆریستی داعیش، ویستی پێکهێنانی "ئیماڕەت" لەناو چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوەدا نەبووە؛ بەڵکوو ئەو گرووپە ویستی دامەزراندنی سیستەمی خەلافەت لە چوارچێوەی سەرووتر لە وڵاتێک و بەڵکوو لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی دابوو. رەنگە بتوانین بڵێین؛ کە گرینگترین جیاوازی داعیش و ئەلقاعیدەش هەر ئەو بابەتەیە. لەهەمان کاتدا بە "قوڕەیشی" ناوبردن و هەڵبژاردنی "ئەمیرەلموئمنین" بۆ رێبەرانی ئەو گرووپە، شتێک بوو کە هەرگیز "بێن لادەن" نەیکرد و ئەوەش لە جیاوازییەکانی دیکەی داعیش لەگەڵ شەپۆلی چوارەمی تێرۆریسمە؛ بەتایبەت کە لە نێو زانایانی سوننە، هەبوونی رەچەڵەکی قوڕەیشی و بوون بە خەڵیفە شتێکی پێویست و حاشاهەڵنەگرە. لە کردەوەشدا؛ سەرەتا "ئەبوو عومەر" و دواتر "ئەبووبەکر ئەلبەغدادی" بە داوایەکی ئاواوە بە شوێن شەرعییەت وەرگرتنەوە بوون.

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکان کە ئایدۆلۆژیای داعیش لە گرووپەکانی دیکە جودا دەکاتەوە، جەخت کردن لەسەر "کۆچ" یان "هیجرەت"ە. ئەو گرووپە کاتێک لە هاوینی 2014 دا دەستیان بەسەر شاری مووسڵ داگرت، داوایان لە موسووڵمانانی تەواوی جیهان کرد بۆ، شارە کۆچ بکەن. چونکە وشەی کۆچ یان هیجرەت لە واتا ئیسلامییەکاندا گرینگایەتی تایبەتی هەیە و لە نەریتی ئیسلامیدا ئاماژەیە بۆ هیجرەت و کۆچی پێغەمبەر لە شاری "مەککە"وە بۆ شاری "مەدینە" کە بۆیەکەم جار بووە بەردی بناخەیەک بۆ دامەزراندنی حکوومەت لە ئیسلامدا. بەو پێیە ژمارە سێی "دابق" لە وتارێکدا لە ژێر سەردێڕێ "بانگەواز بۆ کۆچ" ئاماژە بە پێویستی کۆچ کردن بەرەو دەوڵەتی ئیسلامی دەکا. خاڵیكی جێی لێوەردبوونەوەی دیکە کە لەو بەشەدا داعیش لەگەڵ شەپۆلی تێرۆریسمی مەزهەبی جودا دەکاتەوە و دەتوانین وەک بەرجەوەندی شەپۆلی پێنجەم بهێنینە ئەژمار، جۆری رووبەڕووبوونەوە و خۆ رێکخستنیانە لەکاتی هێرش بۆسەر دوژمنەکانیان. لە کاتێکدا کە "ئەلقاعیدە" بەباشی دەزانی لە خاکی خۆیاندا هێرش بکەنە سەر دوژمنەکان، بەڵام داعیش دەیهەویست هێزە جیهادییەکان لە خاکی ئێڕاق و سووریا لەگەڵ دوژمنان رووبەڕوو ببنەوە. رووداوی یازدەی سێپتامبری ساڵی 2011، نموونەی بەرچاوی ئەو کردەوانە بوو کە "بێن لادەن" لە کردەوەکانی دیکەشدا رەچاوی کرد. ئەوە لە کاتێکدایە؛ داعیش پێیوایە دەبێ لەگەل کافرەکان شەڕی دەستەوئێخە بکەی. روانگەیەکی ئاوا، بووە هۆی ئەوەی ئەوان بە بەراورد لەگەڵ گرووپە تێرۆریستییەکانی دیکە ئاراستەیەکی هێرشکارانەتریان بی. بۆ وێنە لەیەک ژمارەی "دابق"دا لەسەر ئەو خاڵە جەخت کراوە کە ئەو جیهانە پڕ بووە لە کوفر و تاوان و موسووڵمانەکان دەبێ لە رێگای هەڵگیرساندنی شۆڕشەوە خۆ رزگار کەن و لە گوناە خۆ بپارێزن. لە ژمارەی دووەمی هەمان گۆڤاردا بە راشکاوی ئاماژە بەو خاڵە کراوە کە داعیش وەک "کەشتی نووح" وایە و هەرکەس نەبێتە هاوڕێی بە دەست تۆفان و سێڵاوەوە دەبێتە دیل و تێدادەچێ. لە لایەکی دیکەوە هەر وەک لەبەشی تیۆری ئەو نووسینەدا باسکرا، "بێڕژنێسکی" پێیوایە ئایدۆلۆژیا لە بزووتنەوە تووتالیتێرەکان شوناسێکی مەزهەبی بە خۆوە دەگرێ. لەو بارەوە توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە پێوەندی ئایدۆلۆژیکی سەلەفییە جیهادییەکان لەگەڵ بەعسییە سێکۆلارەکان، ئاوێتەیەکی لێکدژە، کە شوناسی ئاماڵ ‌مەزهەبی ئەوان وەدەردەخا. بۆ روونتر بوونەوەی ئەو بۆچوونەو دەکرێ ئاماژە بە یاد-داشتی یەکێک لە رێبەرانی داعیش بکەین و بیکەینە بەڵگە. "حاجی بەکر" وەک یەکێک لە بیرە بزوێنەرەکانی داعیش، پێیوایە "مەزهەب بە تاقی تەنیا زامنی سەرکەوتن نییە، بەڵام کەڵک وەرگرتن لە مەزهەب و بیروباوەڕی خەڵکی دیکە، دەتوانێ رێگا خۆشکەری گەیشتن بە ئاواتەکانمان بێت."

یەکێکی دیکە لە خاڵە گرینگەکانی جیاوازی لەگەڵ شەپۆلەکانی پێشوو کە داعیش بەتایبەتی کەڵکی لێوەردەگرێت؛ پڕۆپاگاندەی ئاوێتەی ترس و دڵەڕاوکێیە. هەر وەکی "هانا ئارێنت" ئاماژەی پێکردووە بزووتنەوە تووتالیتێرەکان چون لە جیهانێکی نا-تووتالیتێردا دەژین، ناچارن روو بکەنە پڕووپاگاندە و تۆقاندن. ئەوان لەو رێیەوە هەم دەتوانن ئاپۆرای خەڵکی رەشۆکی بۆ لای خۆیان رابکێشن و هەم تایبەتمەندی سەرەکی خۆیان؛ واتە ترساندن و تۆقاندن نیشان خەڵک بدەن. ئارێنت پڕۆپاگەندە و تۆقاندن بە دوو رووی سککەیەک دەزانێ و پێی وایە مەبەستی سەرەکی تۆقاندن و ترساندن لە رێژیمە تووتالیتێرەکاندا ئەوەیە کە ببێتە هۆی ئەوەی یاسا سروشتییەکان و مێژوو بتوانن بە خستنە ژێر پێی مرۆڤەکان، ئازادانە و بێ لەمپەر بەرەو پێش هەنگاو بنێن و بەو شێوەیە دەکرێ جووڵەی هێزەکانی سروشت و مێژوو خێراتر بکرێ. لەو روانگەیەشەوە داعیش سەرکەوتنێکی گرینگی لە پانتای پڕۆپاگەندە و ترساندن دەستەبەر کردووە. بە شێوەیەک کە کەڵک وەرگرتن لە کەرسە نوێیەکانی وەک تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی فەیسبووک، توویتەر، کتێبە دیجیتاڵییەکان، فیلم و فایلی دەنگی، کە لە لایەن داعیشەوە بڵاو کراونەتەوە لەبەراوەرد لەگەڵ ئەو کارانەی ئەلقاعیدە لەو بوارەدا کردوویەتی، سەرنجێکی زیاتری بۆ لای خۆی راکێشاوە. بە واتایەکی دیکە لە کاتیکدا کە رێبەرانی ئەلقاعیدە حەولیان دەدا لە رێگای شرۆڤە و دۆزینەوەی نالەبارییەکان و هۆکارەکانیان، بابەتەکان شرۆڤە و راڤە بکەن، بەڵام رێبەرانی داعیش بە باشتریان دەزانی وێنەی پڕ لە توندوتیژی بە خراپترین شێوە بڵاو بکەنەوە. چون ئەوە دەبووە هۆی ئەوەی لایەنگرانی "ناخەکی" یان (بالقوە) بە شێوەی کردەیی و "هێزەکی" یان (بالفعل) بێنە مەیدانەوە و لەگەڵیان کەون. بە دەربڕینێکی روونتر و بەگوتەی "بەختیار عەلی" جەختی هیستریک (Hysterical) لەسەر شووناسی رەها و "داخوازی جیاوازی" نیشاندەر و دەربڕی وەئەستۆ گرتنی ئەرکێکی مەترسیدارە لە لایەن داعیشەوە، کە خەجت لەسە قەبووڵ نەکردنی مافی جیاوازی لەگەڵ شوناسەکانی دیکە دەکا.

یەکێکی دیکە لە لایەنەکانی جیاوازی داعیش لەگەڵ شەپۆلەکانی پێشوو؛ ئوستوورە سازی بوو. "ئوستوورە" و دابوڕەسم و رێوشوێن رۆڵی سەرەکی لە پروپاگەندەی تووتالیتێردا هەیە. ئەو ئوستوورەسازییە دەتوانێ لە ریواتەکان، رووداوە مێژووییەکان، رووداوە سیاسییەکان، لە ناوچە مێژووییە ناسراو و نومادینەکاندا خۆ بنوێنێ. داعیش بە جەخت لەسەر حەدیس و دەقە دینییەکان و وەبیر هێنانەوە و پێکگرتنی رووداوە گرینگە مێژووییەکان، وەک شەڕ و توندوتیژی لەگەڵ رووداوەکانی هەنووکە، حەولی‌دەدا شەرعییەتی خۆی پتەوتر بکا. لە ژمارە حەوتی "دابق" ‌داو ئاماژە بەو بابەتە کراوە کە هەرکەس یان هەرشتێک ببێتە لەمپەری رێگای گەیشتن بە کۆمەڵگای ئایدیال، یان دەبێ بهێندرێتەوە سەر رێگای راست و هیدایەت بکرێ و یان دەبێ تەفروتوونا بکرێ. "کەسانی نەفام ئەگەر بکرێ دەبێ رێنوێنی بکرێن و ئەگەر نەشکرا دەبێ ملیان بپەڕێندرێ.!" ئەو گرووپە لە ژمارە هەشتی "دابق"دا وێنەیەکیان بە پشت‌بەستن بە چیرۆکی حەزرەتی ئیبڕاهیم بڵاو کردووەتەوە. لەو وێنەیەدا کەسێک خەریکی تێکشکاندن و رووخاندنی میراتی لەمێژین و پەیکەرەکانە. لە کۆتاییدا هەر وەک چۆن رێژیمە تووتالیتێرەکان بە شوێن پڕکردنەوەی بۆشایی بڕوای لەکیس‌ چوو، لە رێگای ئایینی سیاسییەوەن، رێبەرانی داعیشیش لە رێگای راڤەی خۆیانەوە لە دیین و کتێبی ئاسمانی، بە شوێن پڕکردنەوەی بۆشایی ئیمانی لە کیس‌چوون. خاڵی کۆتاییش ئەوەیە کە رێبەرانی داعیش وەک رێبەرانی رێژیمە تووتالیتێرەکان، جیهان بەسەر دوو ئۆردووگادا دابەش دەکەن. ئۆردووگای کوفر و ئۆردووگای موسووڵمان و موجاهیدەکان، ئۆردووگای کوفر؛ لە گوناە پێکهاتووە و ئوردووگای موسوڵمانان ئۆردووگای حەقیقەت و پاکی و راستییە. سەرەڕای ئەوەش وەکی ئاماژەی پێکرا، یەکێک لە میراتەکانی نیزامە تووتالیتێرەکان؛ سازکردنی نەفرەتە لەو کەسانەی کە بە رێگای ئەو نیزامە نالەبارەدا ناڕۆن و لە مەبەستەکانی نزیک نابنەوە، بە واتایەکی باشتر دەکرێ بڵێین؛ لە کاتێکدا کە مەبەستی سەرەکی ئەلقاعیدە لە پلەی یەکەمدا ئامریکا و چوونە دەرەوەی هێزی ئەو وڵاتە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، لەمەڕ شیعەکانیشەوە ئاراستەی رێبەرانی ئەلقاعیدە و یەک لەوان "ئەیمەن ئەلزەواهیری" وەلانانی توندوتیژی بە دژی ئەوان بە مەبەستی گوم نەکردنی دوژمنی سەرکی بوو، بەڵام داعیش لە سەرووی ریزبەندی ویستە جیهادییەکانی خۆیدا سووک‌وچرووک کردنی شیعەکان و لەناوبردنیانی دانابوو. بە شێوەیەک کە "ئەبوو موسعەب زەرقاوی" لە بەناو جیهادی خۆیاندا، سەرەتی دابوو بە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ شیعەکان، لایەنگرانی ئێران و هێزەکانی رۆژائاوایی. بە پێی نووسینی "دابق" ئەو بابەتە خراوەتە روو کە موسووڵمانەکان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری زنجیرەی سەفەوییەوە و رێگایان لێ ون بووە و زنجیرە پاشایەتی سەفەوی لە ئێراندا زۆرینەی موسوڵمانی ئەو وڵاتەی بە زۆر کردووەتە شیعە. فیرقەسازی شیعی و سوننە هەر لەو دەمەوە ساز بووە و هەر لەو کاتەشەوە ئوممەتی ئیسلامی بەرەو تێداچوون هەنگاوی ناوە.

لە لایەکی تروە لایەنێکی دیکەی ئایدۆلۆژیای داعیش لە هێزە بەعسییەکان پێکهاتبوو کە ساڵانی 2008 تا 2010 چوونە پاڵ داعیشەوە. بەعسییەکان بە شێوەی سرووشتی خاوەن بیری سێکۆلار و ناسیۆنالیستین. بە شوێن ژیاندنەوەی رەگەزی عەڕەبەوەن و هەڵکەتە خوازی و رەگەز پەرستی لە ماکە گرینگەکانی ئەو گرووپەیە. ئەگەرچی لە لایەنی ئایدۆلۆژیکەوە لە نێوان سەله‌فییەکان و حیزبی بەعس، نزیکایەتییەک لە ئارادا نییە، بەڵام هەر دوو گرووپەکە لە گەڕانەوە بۆ رابردوودا بەرجەوەندێکی نوێ بەدی دەکەن. هەردووکیان بزووتنەوەی "سەروو نەتەوەیی"ن و لەسەر ئەو بڕوایەن لە ژێر رووناکایی ئەو ئاراستە هاوبەشەدا دەتوانن دەسەڵات بە دەستەوە بگرن. لەو روانگەیەوە بۆمان روون دەبێتەوە کە هاتنی هێزەکانی بەعس بۆ ناو داعیش رۆڵێکی کاریگەری لەسەر بەهێز بوونی داعیش گێڕا. ئەو هێزانە بە پێی ئەزموونیان لە حکوومەتی بەعسدا رێکخستنی چەکداری و ئیداری داعیشیان بەهێز کرد و بە کەڵک وەگرتن لە هێزی مەعنەوییان لەسەر هۆزە عەڕەبەکان، ئەوانیان لە ژێر ئاڵای رێبەرایەتییەکی یەکگرتوو کۆ کردەوە. بەو شێوەیە دەبینین بە ئاوێتەبوونی دوو ئایدۆلۆژیای بەعسی و سەلەفی، شەپۆلێکی دیکە پێکهات کە لەگەڵ شەپۆلەکانی پێشووی تیرۆریسمی نێودەوڵەتی جیاواز بوو. بەگشتی دەکرێ بگوترێ مەبەستی ئەلقاعیدە زیاتر لایەنی کردەوەخوازنە بوو، کەچی مەبەستی داعیش جودا لە کاری کردەوەیی، لایەنی یۆتۆپیایی و وزەبەخش و ئاخرزەمانی بوو.

سه‌رچاوه‌؛ وه‌رزنامه‌ی زانستی ئه‌منییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی زانكۆی تاران. 

وه‌رگێڕانی/ سیامه‌ند موهته‌دی 



ئه‌م بابه‌ته 477 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر