ئەحمەدی خانی و نەتەویبوونی

پێویستە ژیانی ئەحمەدی خانی بەباشی بزانین و بیناسین.
AM:11:28:05/08/2021
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا- کەسایەتیەکان


کەیهان محەمەد نەژاد
ڕۆنامەنووس


ئەحمەدی خانی لە مێژووی کورد و کوردستاندا ناوبانگێکی تایبەت و جیاوازی هەیە. پێویستە کە ئێمە ژیانی بەباشی بزانین و بیناسین. ئەحمەدی خانی فێربوونی فەرهەنگ، هونەر، وێژە و زمانی کوردی لا گرینگ بووە و بایەخێکی زۆری پێ داوە و لەوبارەوە خەباتی کردووە. پێشەکی دەبێ ئێمە لە ژیان و بەسەرهاتی ئەحمەدی خانی بەباشی تێ بگەین. "ئەحمەدی خانی" کوڕی ڕۆستەم بەگە و لە هۆزی خانی‌-یە، ئەو لە دایکبووی ساڵی 1651ی زایینی لە شاری "بازید"‌ی کوردستانی باکوورە. ناوی "خانی"، ناوی دایکی "ئەحمەدی خانی"‌یە و هەمیش ناوی گوند و هۆزی ئەوە، لە پەیوەندی لەگەڵ ناوی "خانی"  کە لە کوێ هاتووە زانیاریێکی تەواو لەبەر دەستدا نییە. "ئەحمەدی خانی" گرینگیێکی زۆری بە پەروەردە و بارهێنانی خۆی داوە. ناوبراو بۆ منداڵانی کورد قوتابخانەی دروستکردووە و وانەی بۆ منداڵان وتووەتەوە. لەو قوتابخانەیەدا نە تەنیا وانەی مەزهەبی دەوترا، بەڵکوو وانەکانی فەلسەفە، مێژوویی، وێژە، جۆگرافییا و ئەستێرەناسیش دەوترا. سەبارەت بە دەستپێک و شوێنی خوێندنی "ئەحمەدی خانی" هیچ بەڵگەیەکی فەرمی لەبەر دەستدا نییە. بەڵام بە دەڤکی بەم شێوە باسییان کردووە؛ ئەحمەدی خانی لە قوتابخانەی مورادیا لە شاری بازید دەستی بە خوێندن کردووە، بۆ قۆناغی کۆتایی خوێندن چووەتە شارەکانی وەک ئەخلات، بدلیس، ڕووحا و جەزیرەی بۆتان و دواتر چووە سووریە، میسر و ئیستانبۆل و پاش کۆتاییهاتنی خوێندن گەڕاوەتەوە بۆ شاری بازید. "ئەحمەدی خانی" هەر لە شاری بازید-دا دەستی بە وانەوتنەوە و هەروەها نووسین کردووە. "ئەحمەدی خانی" بەرە و جەزیرەی بۆتان چووە و ماوەیەک لەوێ بووە، بەڵگەی ئەم ڕاستییەش پەرتووکی مەم و زینە. بۆیە "ئەحمەدی خانی" لە پەرتووکی مەم و زینی خۆیدا جۆگرافیا شاری جەزیرە، ناوی جێگا و شوێنەواری ئەم شارە بە شێوەیێکی ڕاست بەیان دەکات؛

وەستانی و نێرگیزی و سەقلان
دەروازە و ئۆمەری و مەیدان
وان سەیرانگەهان تۆ لێ دکی گەشت
ئەز مامە ژ بۆ مەرا دار و دەشت

"ئەفلاتوون" فه‌یله‌سووفی ناودار دەڵێ؛ "شێعر ڕەنگ و ڕەوشێکی وەحی و ئیلهامی ئیڵڵاهییە، لە سەرچاوەی ڕووحانی و سرووشتییە". شێعرەکانی ئەحمەدی خانیش، گەوهەرەکانی بێ وێنەی هونەری جوان و دەریای بێ بن و بەرینی ئەون، کە ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە؛ ئەحمەدی خانی فه‌یله‌سووفی نەتەوی وێژەیی کوردە. دەڵێن؛ لە جەننەتدا دارێکی پڕ خێر و بەرەکەت هەیە، کە ناوی ئەم دارە تووبایە. دەڵێن؛ ئەم دارە چەندین شاخەی داوە، و بە هەر شاخە و چڵەکانییەوە میوەی جۆر بەجۆر و تامخۆشی هەیە، کە هەر کەسێک جەننەتی بێ دەتوانێ میوەکانی بخوات. کاتێک مرۆڤ سەیری کەسایەتی "ئەحمەدی خانی" دەکات، دەتوانێ بڵێ کە "ئەحمەدی خانی" داری تووبای جەننەتی کوردستانە، پڕ شاخەی پیرۆزی هەیە و بەخێر و بەرەکەتە، کە نەتەنیا گەلی کورد، بەڵکوو گەلانی جیهانیش دەتوانن لەو میوە بەنرخە کەڵك وەرگرن. لە شاخەکانی چوار شاخی هەرە بەنرخ هەیە کە ئەمانیش بەم شێوەن؛

١- شاخەی شێعر و وێژەی ئەو.

٢- شاخەی نەتەوە و وڵاتپارێزیی ئەو.

٣- شاخەی تەسەووف و حورمەتی.

٤- شاخەی فەلسەفە و یەکرێزی ئەو.

"ئەحمەدی خانی" خزمەتێکی زۆری بە فەرهەنگ و زمانی کوردی کردووە. بەشێک لە مێژوونووسان دەڵێن؛ ئەحمەدی خانی لە تەمەنی 14 ساڵیدا دەستی بە نووسین کردووە. ناوبراو لە 14 ساڵی  بەرهەمی "مەم و زین"ی نووسیوە و لە 30 سالێدا کۆتای پێ هێناوە. کاتێ خانی  کۆتایی بە بەرهەمی مەم و زین هێناوە تەمەنی 44 ساڵ بووە. بەڵام بەپێچەوانەی ئەم مێژوونووس و لێکۆڵەرانە، مامۆستا "عەبدوڵرەحمان دوڕە" لە پەرتووکی "شەرحا دیوانا ئەحمەدی خانی، فەلسەفە و ژیانا وی"دا بە شێوەی شێعر و توێژینەوە، شرۆڤەی لە سەر ئەحمەدی خانی و بەرهەمی "مەم و زین" کردووە و نووسین و شرۆڤەی نووسەران رەتی دەکاتەوە؛

خەتێ تە‌‌یە سەرنوشت و سەرمەشق
سی ساڵە خەتێ خەتا دکە مەشق 
لەورا کو دەما ژ خەیبێ فەک بوو
تاریخێ هەزار و شێست و یەک بوو
ئیساڵی گهیشتە چل و چاران
وی پێشیرەوێ گوناحیکاران

"عەبدەووڵڕەحمان دوڕە" وتوویەتی بۆچی 30 ساڵ؟ ئەو دواتر وڵامی پرسیارەکەی دەدات و دەڵێ؛ "کاتێک کە ئەحمەدی خانی لەدایک بووە، ئەو کات تاریخی کۆچی 1061 بوو و لە بەرانبەر تاریخی زایینی دەکاتە 1651، ئەو کات خانی دەبێتە 44 ساڵ، 14 ساڵی منداڵیشی دەربێنی دەکاتە 30 ساڵ و لە سی ساڵیدا خەتی سەرنووشتی مەشق کردووە و لە 44 ساڵیدا کۆتایی بە پەرتووکی مەم و زین هێناوە". وەکوو هەموو زانایانی جیهان، "ئەحمەدی خانی" میراتێکی زانستی و وێژەیی گرینگ  بووە و بەرهەمە بەنرخەکانی بۆ گەلی خۆی بەجێ هێشتووە. بەرهەمی "نووبەهارا پچووکان" یەکێک لەو بەرهەمە هەرە گرینگانەی ئەحمەدی خانییە. ئەو بەرهەمە فەرهەنگی عەرەبی و کوردییە لە ساڵی 1683دا چاپی کردووە. ئەحمەدی خانی وتوویەتی؛ "من ئەم پەرتووکمە بۆ منداڵانی کورد نووسیوە تاکوو ئەوان لە خوێندندا تووشی هیچ گرفتێک نەبن". "نووباهارا پچووکان" لە مێژووی کورددا یەکەمین فەرهەنگی کوردییە. چونکا ناوبراو هیوایەکی زۆری بە داهاتووی منداڵان هەبووە. ئەو بەرهەمە هەتا ئێستاش لە قوتابخانە کوردییەکاندا دەخوێندرێ. بە هەبوونی ئەم بەرهەمە زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا دەوترێ و بەردەوامە. پەرتووکی "عەقیدەی ئیمان" لە ساڵی 1687دا چاپکراوە. ئەم پەرتووکە لە سەر مەرجەکانی ئیسلام نووسراوەتەوە. زانستەکانی ئیسلام بە زمانی زگماکی، واتە؛ زمانی کوردی شرۆڤە کراوە. خانی زمانی کوردی تا ئاستێک بردووە کە مرۆڤ دەتوانێ لە پەروەردەی مەزهەبیدا بە کاری بهێنێ. بە هەبوونی ئەم بەرهەمە وای کردووە کە زمانی کوردی لە بابەتە مەزهەبییەکاندا بەکار بهێندرێت. ئەم پەرتووکە تا ئێستاش لە قوتابخانە کوردییەکاندا دەخوێندرێ.

"مەم و زین" یەکێک لە بەرهەمە هەرە بەناوبانگەکانی ئەحمەدی خانییە. ئەم بەرهەمە چیرۆکی ئەڤینداری، نیشتمان پەروەری، وڵات پارێزی و خەزانەی وێژەیی، فەرهەنگ و کولتووری گەلی کوردە. ئەو بەرهەمە نە تەنیا بەرهەمێکی ئەڤیندارانەیە بەڵکوو بۆ گەلی کورد ژیان، بەرخۆدان، هیوا و مێژووە. "ئەحمەدی خانی" هۆکاری نووسینی ئەم پەرتووکە لە مەسنەوی خۆیدا هێناوە. ناوبراو ویستوویەتی نەتەوەی کورد لە نێوان نەتەوەکانی دیکەدا لە ئاستێکی بەرزدا بێت. هەروەها ویستوویەتی لە داهاتوودا نەتەوەی کورد لە باری وێژە، زانست، عۆرف، عەشق و ئەڤیندا کەمایەسی نەبێت. خانی بە ئامانج و هیوا ئەم پەرتووکە گرانبەهایەی بۆ ئێمە نووسیوە و بۆ پاشەڕۆژی نەتەوەی خۆی بە جێ هێشتووە. خانی لەم بەرهەمەدا بارودۆخی گەلی کورد دێنێتە بەرچاو. لە مەم و زیندا گەلێک نەسێحەتی لە کوردان کردووە و ڕێگای نیشانی ئەوان داوە. چیرۆکی "مەم و زین" مێژووی زیندووی کورد و کوردستانە. ئەم بەرهەمە خەزێنەی ئەحمەدی خانییە، ئەو وەک کوردستان دەوڵەمەند و ڕەنگینە. هەر بۆیەش ئەحمەدی خانی لەوبارەوە لە شێعرێکی خۆیدا دەڵێ؛

ساقی بدە من شەرابێ گوڵگوون
بێ دەنگێ دەف و سەدایێ قانوون
دا شەهنە و موهتەسیب نەبینین
شاهی ب جڤین چۆ خەم نەمینن
تەشبیهێ نەیێ بکم تەرەننوم
تووتی سفەت، ئەز دکم تەکەڵوم
شەرحا خەمێ دڵ بکم فەسانە
زینێ و مەمێ بکم بەهانە
نەخمێ وی ژ پەردەیێ دەرئینم
زینێ و مەمێ ژ نوو ڤە ژینم
دەرمان بکم ئەز، ئەوان دەواکم
وان بێ مەدەدان ژ نوو ڤە ڕاکم 
ئەو ڕەنگە ژ نوو سەرئەفراز
دا بێنە تەماشایێ نەزەرباز

"میر جەلادەت بەدرخان" وتوویەتی؛ ئەحمەدی خانی نە تەنیا پێغەمبەرە، بەڵکوو ئەو خاوەن پەرتووکە. ئەو پێغەمبەری مەزهەبیی نەتەوەی کوردە کە خاوەن پەرتووکی مەم و زین‌‌‌-ه‌. "ئەحمەدی خانی" گەلێک دیوانی نووسیوەتەوە، بەڵام دیوانەکانی کۆ نەکردووە. شێعرەکانی ناوبراو لە لایەن دۆست و قوتابییەکانییەوە کۆکراون و دواتریش چاپکراون. "ئەحمەدی خانی" هەمیشە لە سەر کێشەی لەتبوونی کۆمەڵگا و جوگرافییای کوردستان جەختی کردووە و لە شێعرەکانیدا بە شێوەیێکی مامۆستایانە باسی کردووە و هەروا باسی مێرخاسی کوردانی کردووە. خەم و پەژارەی دڵی ئەوە بووە کە گەلۆ بۆچی هەر نەتەوه‌یەک خاوەن دەوڵەت و سەڵتەنەتن، بەڵام گەلی کورد هێشتا ئازاد نییە و لە خەو دایە؟ لەو بارەوە "ئەحمەدی خانی" لە شێعرێکیدا دەیڵێ؛

ئەز مام ل حیکمەتا خوەدێدا 
کورمانج ل دەوڵەتا دنێ دا
ئایا ب چ وەجهی مانە مەحرووم؟
بل جومڵە ژ بۆ چ بوونە مەحکووم؟

واتەی ئەم شێعرە بەم شێوەیە؛ ئەو دەڵێ من لە حوکمی خوا سەرم سووڕماوە، کە گەلۆ هۆکار ئەمە چییە کە کورد لە دەوڵەت و سەڵتەنەتی دنیا بێ بەشە و دەوڵەتییان نییە، گەلۆ بۆ چی مەحکووم و ژێردەست ماوە؟ ئەحمەدی خانی لە شێعرێکی دیکەیدا دەڵێ؛

هەر میرەکی وان ب بەزلێ حەتەم
هەر مێرەکی وان ب رەمزێ رۆستەم
هندی ژ جەسارەتێ خەیوورن
ئەو چەندی ژ منەتتێ نەفوورن
ئەو خیرەت و ئەو ئوولووێ حیمەتت
بۆ مانعێ حەملێ بارێ مننەت
لەو پیکڤە هەمیشە بێ تفاقن
دائیم ب تەممەرود و شقاقن

واتەی ئەم شێعرەش بەم شێوەیە؛ هەر میر و خانێکی کوردان، لە مەردایەتی خۆیدا وەکوو "حاتەمی تاعی"‌ن، پیاو و مێرخاسێکی ئەوانیش لە مێرخاسیی خۆیدا، وەکوو "ڕۆستەمی کوری زاڵ"‌ن. بە ڕادەیەکی کە لە جەسارەت و مەردایەتیی خۆیاندا بە غیرەتن، ئەوقاسیش لە منەت نفرەت دەکه‌ن و خۆیان بۆ کەس ناچەمێنن، کە ئەم غیرەت و ئیرادە بەرزەیان بووە هۆکاری مشتومڕیان. "ئەحمەدی خانی" بۆ هوشیارکردن و ئازادی نەتەوەی خۆی زۆر خەباتی کرد و زۆر ماندوو بوو. ئەحمەدی خانی لە ساڵی 1707ی زایینی، لە شاری "بازید"ی کوردستانی باکوور کۆچی دوایی کرد. گۆڕی "ئەحمەدی خانی" بۆ گەلی کورد جێگای تەوافە. ئەحمەدی خانی ئەمڕۆکە بۆ زۆربەی هەرە زۆری مامۆستایانی مەزهەبی کوردیش بووەتە جێگای شانازی و ئەوانیش لە سەر ڕێبازی "ئەحمەدی خانی" بەردەوامن و گرینگیێکی زۆر بە خەباتی نەتەوایەتی دەدەن. 


ئه‌م بابه‌ته 848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر