دەرکەوتنی شەپۆلی پێنجەمی تیرۆریزم (2)

ڕاڤەی تیۆریکی پەیوەندی نێوان تۆتالیتاریزم و تیرۆریزمی ناودەوڵەتی.
PM:02:44:18/07/2021
دۆسیە: تیرۆرناسی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


بنەما تیۆریکەکانی ئەم توێژینەوەیە لە دوو بەش پێکهاتووە، بەشی یەکەم؛ پشت‌بەستنە بە باسە مێژوویی و تیۆریکەکان کە "دەیڤید راپۆپۆرت" لە ژێر ناوی "شەپۆلەکانی تیرۆریزم"دا باسی دەکات و چوارچێوەیەکی گونجاو بۆ هەڵسەنگاندنی سەرهەڵدان و هەرەسهێنانی چەشنە جۆراوجۆرەکانی تیرۆریزمی ناودەوڵەتی دیاردەکات. ئەم توێژینەوەیە لەبەشی دووەمدا؛ لە وانە تیۆریکەکانی "توتالیتاریزم" کەڵک وەردەگرێت، کە پێدەچێت بۆ لێکدانەوەی ناوەرۆکی گرووپی تیرۆریستی داعش چوارچێوەیەکی گونجاوی لەبەردەست بێت و لەئاست ئافراندنی شەپۆلی نوێی تیرۆریزمی ناودەوڵەتی، تەواوکەری تیۆریی "دەیڤید راپۆپۆرت"ە. راپۆپۆرت بەرلەوەی بپەرژێتە سەر باسی تیرۆریزم، جەخت لەسەر بەکارهێنانی وشەی شەپۆل دەکاتەوە و وەکوو «زنجیرەیەک چالاکی لە سەردەمێکی زەمەنیی دیاریکراودا پێناسەی دەکات کە بەردەوام خەریکی خۆ وێکهێنان و خۆ بڵاوکردنەوەیە و لایەنی ناودەوڵەتی و چالاکیی هاوشێوە لە چەندین وڵات، بە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی دێنە ئەژمار» (Rapoport, 2004: 47). بەپێی تیۆرییەکەی ئەو، تیرۆریزمی ناودەوڵەتی لە جیهانی «پاش‌ وێستفالی» (Post Westfalia) کە لەودا ئەو جۆرەی «هێتنە» دەڵێت؛ نەزمی ناودەوڵەتی بەرەو نەزمی جیهانی هەنگاوی ناوە (Hettne, 1995: 12-13) تا ئێستا و لەدوای یەک، چوار شەپۆلی ئانارشیتی، نەتەوەخوازی (دژە داگیرکاری)، چەپ و ئایینی ئەزموون کردووە.

"راپۆپۆرت" لەسەر ئەو باوەڕەیە ؛کە شەپۆلی یەکەم، لە کاردانەوە بەرامبەر بە پرۆسەی هێوری دیموکراسی لە ڕووسیا سەری هەڵدا و ڕووخانی سیستمی سیاسی گرنگترین ئامانجی ئەم شەپۆلە بوو کە لەڕێگای تیرۆری کەسایەتییە سیاسییەکان و هێرشی بەردەوام لەناو کۆڕە گشتییەکاندا، پەیڕەو دەکرا. راپۆپۆرت لای وایە؛ گەشەی سەرچەشنەکانی پێوەندیگرتن و گواستنەوە، بەستێنی پەرەسەندن و بەهێزبوونی ئەم شەپۆلەی فەراهەم کرد و ڕواڵەتێکی جیهانی پێ بەخشی (Rapaport, 2004: 50-51). شەپۆلی دووەم؛ لەو بارودۆخەدا و لە مەودای نێوان شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانیدا و بە ئامانجی دەرکردنی داگیرکەران و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی سیاسی، لە وڵاتانی ژێردەستەی کۆلۆنیالیستەکاندا (Colonialism) شەپۆلێکی نوێ لە خەبات دەستی پێکرد. بە بڕوای راپۆپۆرت؛ ئەم شەپۆلە کە بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئامانجە نەتەوەییەکان پێشتێرێتی دابوو بە شەڕی پارتیزانی، بووە هۆی کەمبوونەوەی دەسەڵاتی وڵاتانی ئەوروپی لە زاڵبوون بەسەر ئیمپراتۆرییەتەکانی خۆیاندا و لەم ڕووەوە دەکرێت بەم شەپۆلە بڵێین شەپۆلی «نەتەوەخوازی» یان «دژەکۆلۆنیالیستی». شەپۆلی سێیەم؛ لە کۆتاییەکانی دەیەی 1960ـدا، شەپۆلی «چەپی نوێ» یان شەپۆلی مارکسیستیی تیرۆریزم سەری هەڵدا و تا کۆتاییەکانی 1980 سەرکەشانە درێژەی هەبوو. راپۆپۆرت دەڵێت؛ بەرفراوانی و دەسەڵاتی ئەم شەپۆلە بەهۆی پشتیوانی و یارمەتی وڵاتە کۆمۆنیستەکانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کرد. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، ڕووخانی سوۆڤییەت و کۆتایی ‌هاتنی بەرەبەرەی شەڕی سارد و خۆڕاگری کۆمەڵگەی ناودەوڵەتی، بووە هۆی لاوازبوونی ئەم شەپۆلە لە دەیەی 1980ـدا. شەپۆلی چوارەم؛ لە کۆتاییەکانی 1970ـەوە و دوابەدوای هێرشی سۆڤییەت بۆ سەر ئەفغانستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتە ئاراوە. هێرشی "سۆڤییەت" بۆ سەر "ئەفغانستان" شەپۆلێکی نوێی لە تێکهەڵچوونە ناوخۆییەکانی دروستکرد و بووە هۆکاری ڕوودانی جەنگی پیرۆز یان هەمان جیهاد لە دژی کافرەکان. ئەم شەپۆلە بەخێرایی ڕواڵەتێکی ئایینی بەخۆیەوە گرت و بوو بە ئیسلامی خەباتکار و بە کەڵکوەرگرتن لە تەکتیکەکانی بۆمبڕێژکردن و خۆتەقاندنەوە، دەستیکرد بە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی.

"راپۆپۆرت" لەسەر ئەو بڕوایەیە؛ کە کارتێکەری بەربڵاوی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ نموونە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەم شەپۆلەی بەهێزتر کرد، بە جۆرێک کە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم شەپۆلە (لە ڕواڵەتدا) زەخت خستنە سەر ئەمریکایە بۆ پاشەکشە کردن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە روانگەی راپۆپۆرتەوە، تایبەتمەندیی هاوبەشی سەرجەم شەپۆلەکان دەستەبەرکردنی ئامانجە سیاسیەکانە، بەڵام ئەم ئامانجانە بە شێوەی جۆراوجۆر خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت. ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لە شەپۆلی دژە داگیرکاریدا، تووندوتیژی تیرۆریستی لە چوارچێوەی مافی دیاریکردنی چارەنووسدا ڕەوایی وەردەگرێت، لە حاڵێکدا لە شەپۆلی "ئانارشیستی" و چەپی شۆڕشگێڕدا، تووندوتیژییەکان بە مەبەستی ئاڵوگوڕ لە سیستمی سیاسیدا ئەنجام دەدرێن و لە شەپۆلی چوارەمدا تووڕەیی بە مەبەستی ڕاڤەی دەقی پیرۆز هاتۆتەدی؛ یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکان لە چوارچێوەی لێکدانەوەی راپۆپۆرتدا ئەوەیە کە لە هەر شەپۆلێکدا گرووپە چالاکەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان، کەڵک لە تەکتیک گەلی تایبەت بە خەباتەکەیان وەردەگرن؛ بۆ نموونە تیرۆر لە ڕێگەی چاندنی بۆمب، بە داهێنانی شەپۆلی یەکەم و ئانارشیستەکان دێتە ئەژمار کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا خودی تیرۆریستەکە بەهۆی نزیکبوونی زۆر لە ئامانجی تیرۆرەوە دەکوژرا. لە شەپۆلی دووەم؛ یان هەمان شەپۆلی دژە داگیرکاریدا، بەکارهێانانی شەڕی پارتیزانی لەدژی هێزە چەکدارەکانی دوژمن بڕەوی زۆری پەیدا کرد و لە شەپۆلی سێهەم یا چەپدا، نیۆ-تیرۆریستەکان لە ڕێگای بەبارمتە گرتنی خەڵک لە چوارچێوەی ڕفاندنی فڕۆکە و ڕفاندنی خەڵکی سیڤیل، ئیمتیازیان وەردەگرت و بەرەو ئامانجەکانیان هەنگاویان دەنا و لە کۆتاییدا گرووپە تووندڕەوەکان لە شەپۆلی چوارەمدا بە شێوەیەکی کاریگەر سوودیان لە هێرشی خۆکوژی لە شوێنە جیاوازەکان وەردەگرت (Rapoport, 2004: 50-62). بە سەرنجدان بەوەی کە "راپۆپۆرت" تەمەنی هەر شەپۆلێک هاوشان لەگەڵ تەمەنی نەوەیەک یان 40 ساڵ دادەنێت، دەتوانین وێنیای ئەوە بکەین کە شەپۆلی چوارەم تا ساڵی 2020 درێژە بە ژیانی خۆی دەدات، کەوابوو بە پشت‌ بەستن بەم تیۆرییە ئەم پرسە دێتە ئاراوە کە ئایا گرووپی تیرۆریستی داعش لە چوارچێوەی شەپۆلی چوارەمدا لێکدانەوەی بۆ دەکرێت یان دەتوانێت نیشانەکانی شەپۆلی پێنجەمی تیرۆریزمی ناودوڵەتی بێت؟

لەهەمانکاتدا، تۆتالیتاریزم وشەیەکە بۆ پێناسەکردنی ئەو حکومەت، حیزب، گرووپ و ڕێبەرانەی کەوا خولیای گۆڕین و کۆنتڕۆڵی سەرجەم کۆمەڵگایان لە مێشکدایە. فۆرمی ڕێکخراوەی تۆتالیتێر بەپێچەوانەی ناوەرۆکە ئایدیۆلۆژیکەکەی و دروشمە رێکلامییەکانی، نوێیه. خاڵی ئەرێنی ئەم ڕێکخستنە ئەوەیە کە دەتوانێت بەردەوام خۆی دووبارە بکاتەوە و نەهێڵێت تووشی چەق بەستوویی بێت و لەکاتی پێویستدا لەناو بچێت و هەرەس بێنێت (ئارێنت، 1392: 147). بە باوەڕی "ئارێنت"، حکومەتی تۆتالیتێر، سەرەڕۆ و نایاساییە نییە، بەڵکوو یاسای تۆتالیتێر بانگەشەی ئەوە دەکات کە رێگەی چەسپاندی باڵادەستبوونی یەکسانی لەسەر زەوی دۆزیوەتەوە. سرووشتی یاسایی‌ ئەوان، بەبێ ئەوەی خۆی رووبەڕووی رەفتاری مرۆڤەکان بکاتەوە، لە رێگەی راڤەی ئەو رەفتارانەوە دەبێت بە یاسای بزوتنەوە (ئارنێت، 1392: 308).

"ئارێنت" جەختێکی تایبەت لەسەر سوودوەرگرتنی بزوتنەوە تۆتالیتێرەکان لە رێکلام دەکات. بەبۆچوونی ئارێنت لەو ڕووەوە کە ئەم بزوتنەوەیە لە جیهانێکی ناتۆتالیتێردا بوونی هەیە، بە ناچار دەستەوداوێنی رێکلام دەبێت بۆ ئەوەی لەم رێگایەوە کۆمەڵانی خەڵک بەرەو خۆی رابکێشێت (ئارێنت، 1392؛ 140). هەڵبەت دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە پێناسەکانی پێوەندیدار بە تۆتالیتاریزم «Totalitarianism» بەسەر دوو دەستەی دیاردەناسانە و زات‌خوازانەدا دابەش دەبێت. «کارل جی فرێدریش»، لەم بوارەدا بەناوبانگترین پێناسەی دیاردەناسانەی ئاراستە کردووە کە بەپێی ئەم پێناسەیە، دەسەڵاتی پۆلیسی لەسەر بنەمای تیرۆر و تۆقاندن، پاوانکردنی ئامێرەکانی پێوەندیگرتن و چەک و هەروەها ئابووری ئاراستە کراو، گرنگترین تایبەتمەندییەکانی وەها سیستمێکە. بەڵام «جی. ئێل. تالمۆن» بە گرتنەبەری روانگەیەکی زاتخوازانەوە بەڵگەدەهێنێتەوە کە "تۆتالیتاریزم" هەموو ژیان دەکات بە بابەتێکی سیاسی و لەسەر گریمانەی ڕاستییەکی تاقانە و تایبەت لە سیاسەت دامەزراوە کە دەکرێ پێی بگوترێت «ڕزگارگەرخوازی سیاسی» یان «Political Messianism ». هەروەها «هەری ئەکستین» و «دەیڤید ئاپتەر» دەڵێن جەوهەری سەرەکیی تۆتالیتاریزم، لەناوچوونی سنوورەکانی نێوان دەوڵەت و گرووپە جیاجیاکانی ناو کۆمەڵگایە (راش، 1391: 80-81). بڵاوکردنەوەی ترس بەمەبەستی دروستکردنی مرۆڤی نوێ، یەکێکی دیکەیە لە ئامانجەکانی رژێمە تۆتالیتێرەکان. بەشێوەی سروشتی دەکرێ دوو هەوڵی تایبەت بۆ تۆقاندن لەبەرچاوبگیرێت؛ تۆتالیتاریزم لە لایەکەوە دۆخی پێوەندیی نێوان مرۆڤەکان دەشێوێنێت و لەلایەکی دیکەوە پێوەندیی مرۆڤ لەگەڵ حەقیقەت دەپچڕێنێت (Griffin, 2006: 6) و (بەشیریە، 1378: 149). 

دواجار لەنێوان تیۆریسیەنەکانی دیکەی بواری تۆتالیتاریزمدا، دەکرێت ئاماژە بە بۆچوونەکانی «راینهارد کۆنل» بکەین کە لە ڕێگەی تاوتوێ کردنی ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانەوە، سەرکەوتنی هەندێک لە بزوتنەوە تۆتالیتێرەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ بوونی پێگەی کۆمەڵایەتی (لەم حاڵەتەدا ئەتنیکی و عەشیرەیی) و پشتیوانی کردنیان لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە (روریش، 1372: 295-296)، هەروەها پێویستە چاوێکیشمان لە بۆچوونەکانی «ئەرنێست نوتلە» بێت کە سەرهەڵدانی ئەم سیستمانە، بە دەرهاویشتەی قەیرانە قووڵە سیاسی و ئابوورییەکان لەدۆخی حوکمڕانی سیستمی لیبڕاڵ دەزانێت (روریش، 1372: 291-290). لەسەر بنەمای ئەوەی وا باسی لێکرا، ئەم وتارە لە درێژەدا بەدواداچوون بۆ توندوتیژییەکانی شەڕی عێڕاق و نیشانەکانی هاتنەدی شەپۆلی نوێی تیرۆریزم لەم روانگەیەوە دەکات.

ئەم توێژینەوەیە  هاوکات لەگەڵ سوودوەرگرتن لە شێوازی پێناسەیی-لێکدانەوەیی پاش ‌رووداویی «Post-event» و تاوتوێ کردنی پێشینە مێژووییەکان، لە وانەکانی چۆنایەتی شێوازی «لێکدانەوەی کاریگەریی ڕەوت» کەڵک وەردەگرێت. لێکدانەوەی کاریگەریی ڕەوت، شێوازێکە بۆ پێشبینی کردن لەڕێگەی لێکدانەوەی ناوەرۆک، هۆکارەکانی سەرهەڵدان و دواهاتە بەتواناکانی، کە لە ناوەڕاستەکانی 1990 لەلایەن «تیئۆدۆر جی گۆردۆن» و لە وتارێکدا بە ناوی «لێکدانەوەی کاریگەریی ڕەوت؛ شێوازێک بۆ توێژینەوەی داهاتوو» ئاراستە کرا (Gordon, 1994). لێکدانەوەی کاریگەریی ڕەوت یەکێکە لەو شێوازانەی کەوا بۆ توێژینەوەی داهاتوو یەکجار زۆر کەڵکی لێوەردەگیرێت و ئەم شێوازە دەکرێت بۆ پێشبینی، پلان داڕشتنی گریمانەیی، لێکدانەوەی بژاردە سیاسییەکان، پلان ‌داڕشتنی ستراتێژیکیانە بەکار بهێنرێت. لەم شێوازەدا ڕەوت دەچێتە ژێر کارتێکەریی پەیتایی رووداوەکانەوە و مەبەست لە رووداوەکانیش هەر ئەو بەسەرهاتە گرنگانەیە کەوا روودانیان، رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پێکهاتنی داهاتوودا. بەو پێیە، ڕەوتەکان، زنجیرەیەکی بەردەوامی رووداوەکانن کەوا هەم دۆخی هەنووکەیی دیاری دەکەن و هەم باس لە باردۆخی گریمانەیی داهاتوو دەکەن.

سه‌رچاوه‌؛ وه‌رزنامه‌ی زانستی ئه‌منییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی زانكۆی تاران. 

وه‌رگێڕانی/ سیامه‌ند موهته‌دی 



ئه‌م بابه‌ته 605 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر