پرسی تیرۆریزم لە بەڵگە نێودەوڵەتییەکاندا

تەشەنەسەندنی دیاردەی "تیرۆریزم" لەم ساڵانەی دواییدا و هاتنە بەر باسی وەکوو یەکێک لە هەڕەشە نێودەوڵەتییەکان.
PM:10:31:15/07/2021
دۆسیە: تیرۆرناسی


ئارمان ئەیوب ئەحمەد حسێنی
ڕۆژنامەنووس


تەشەنەسەندنی دیاردەی "تیرۆریزم" لەم ساڵانەی دواییدا و هاتنە بەر باسی وەکوو یەکێک لە هەڕەشە نێودەوڵەتییەکان، بیاڤی جۆراوجۆر و هەروەها ڕێکاری جیاوازی نێودەوڵەتیی بە خۆوە سەرقاڵکردووە؛ بۆ نموونە دەتوانین باسی یاسای نێودەوڵەتی بکەین. زۆربەی خاوەنڕایانی بواری یاسای نێودەوڵەتی ئەم پرسیارەیان هەیە کە ئایا یاسای نێودەوڵەتی دەتوانێت دەوری کاریگەر و ئەکتیڤی لە جیهانی بە تەواوی ئەمنییەتیکراودا بگێڕێت یان نە؟ ڕەوتی گۆڕان لە سازبوونی ڕێکارەکان و ئامادەکارییەکان و جێبەجێبوونیان و هەروەها دیاریکردنی سنوور و بەربەرەکانێ لەگەڵ "تیرۆریزمی نێودەوڵەتی" لە یاسای نێودەوڵەتیدا بەنیسبەت بیاڤەکانی دیکە جووڵە و گەشەیەکی خاو و لەسەرخۆی هەبووە، بۆ نموونە یەکێک لە هۆکارەکانی خاوبوونی ئەم گەشەیە، قەدەغەی کەڵکوەرگرتن لە زۆر بەپێی خاڵی ژمارەی چواری مادەی ٢ی جاڕنامەی گشتیی "دەوڵەتە یەکگرتووەکان" بووبێت کە لەوێدا هەر چەشنە کەڵکوەرگرتن لە زۆری لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا قەدەغە کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ "تیرۆریزم" بەهۆی زاتی ئەم دیاردەیە، بەتایبەتی دەوڵەتی نەبوونی، پێویستی بە زیادبوونی دەسەڵاتی ئەمنییەتیی دەوڵەتان و ئامادەکردنی ڕێکار و کارە بەرگری – ئەمنییەتییەکان زیاتر لەوەیە کە مادەی ٥١ی جاڕنامەی گشتی ڕیگەی پێداون. لە ڕاستیدا ئەسڵی قەدەغەی بەکار هێنانی زۆر لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان وەکوو ئەسڵێک کە زۆرێک لە بیرمەندانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان وەکوو "نۆرم و بنەمای ئەسڵی یاسای نێودەوڵەتی لە سەدەی بیست و یەکەم" ناو دەبەن.
 
                               "یاسای نێودەوڵەتی و پرسی تیرۆریزم"

دەتوانین کونوانسیۆنی پێشگیری و سزادانی تیرۆریزم (کونوانسیۆنی ساڵی ١٩٣٧ی ژنێو) بە یەکەم کونوانسیۆنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە "تیرۆریزم" لەقەڵەم بدەین. لەو کاتەوە تا ئێستا نەتەنیا چەمکی "تیرۆریزم" گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە، بەڵکوو ڕێکارە نێودەوڵەتییەکانیش بە هەمان شێوە بنیاتە سەربەخۆکان و لە هەمان کاتدا گشتگیرتری لە بیاڤ و بابەتەکانیان خستووەتە ژێر کاریگەری. گەر تا ساڵی ١٩٣٧ "تیرۆریزم" زۆرتر وەکوو دیاردەیەکی نێوخۆیی وڵاتان چاوی لێ دەکرا، ئەوڕۆکە کەمتر دەتوانین "تیرۆریزم" بەبێ پاشگری "نێودەوڵەتییەکەی" بەکاری ببەین. بە هەمان شێوە ڕێکكەوتننامە و ڕێکارەکانی پێوەندیدار بەم دیاردەیەش زۆرتر ڕەهەندی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بە خۆوە گرتووە. بۆ نموونە دەتوانین بە کونوانسیۆنی ئەورووپایی بەربەرەکانێ لەگەڵ تیرۆریزمی ساڵی ١٩٧٧ و پرۆتۆکۆلی لکێندراوی لە ١٥ی مەی ٢٠٠٣ ئاماژە بکەین. بێگومان هێندێک لە ڕێکارە دوو لایەنییەکانی وەکوو ڕێکەوتننامەی ١٩٧٣ی نێوان ئەمریکا و کوبا بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ هەموو کردەوە تیرۆریستییەکان هێشتا کاریان پێ‌ دەکرێت. بەڵام بەهەرحاڵ لە سیستەمی نێودەوڵەتیی هاوچەرخ تایبەتمەندیی سەرەکیی ڕێکارەکانی بەربەرەکانێی دژ بە "تیرۆریزم"، نێودەوڵەتی و گشتگیر بوونیەتی.

گشتگیربوون بەم واتایە دێت کە ئەسڵ لە وەرگرتن و بەڵێن بەنیسبەت ئەم ڕێکارانە، ڕازیبوون نییە، بەڵکوو نۆرمی نێودەوڵەتی دەبێتە هۆی ئەوەی کە دووری و نزیکیی وڵاتان لەم ڕێکارانە وەکوو کارێکی خاوەن پرستیژ و ڕەواییدەر چاوی لێ دەکرێت و لە دیاریکردنی پێگەی وڵاتان لە ڕێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکان دەتوانێت کاریگەر بێت.

خاڵێکی گرینگ کە بەردەوام لە کونوانسیۆن و ڕێکارە نێودەوڵەتییەکانی خەبات دژی "تیرۆریزم" جێی ناکۆکی و مشتومڕ بووە، ڕەهەندی ئەمنییەتی تاکەکەسی و ئەمنییەتی دەوڵەتییە. بەم واتایە کە کرداری تیرۆریستی هەم تەندروستی و گیانی کەسەکان دەکاتە ئامانج و هەمیش ئەمنییەت و بەرژەوەندیی حەیاتیی سیستەمی سیاسی. کەواتە؛ ڕوون نییە کە ئایا "تیرۆریزم" کردارێکی نێوخۆییە یان نێودەوڵەتی. بەڵام بە هەرحاڵ ئەوڕۆکە پاش تێپەڕبوونی ٧٠ ساڵ لە کونوانسیۆنی ژنێو، هێشتا "تیرۆریزم" وەکوو پرسێکی سەرەکی و بنگەهی لە ڕێکخراوی دەوڵەتە یەکگرتووەکان و بونیاتە نێودەوڵەتییەکانی خاوەن پێگە و کاریگەر لە نووسینەوەی یاسای نێودەوڵەتیدا جێگەی هەیە. کونوانسیۆنەکان و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی پێوەندیدار بە تیرۆریزم بەپێی زات یان بابەتەکانیان، جیاوازن. کەواتە؛ دەتوانین بە دوو گرووپی کونوانسیۆنە ناوچەیی و جیهانییەکان دابەشیان بکەین.

لە بەر ئەوەی کە ئەڕۆکە نزیک بە ٢٠ کونوانسیۆنی ناوچەیی و جیهانیمان لە پێوەندی لەگەڵ خەبات دژی تیرۆریزمی نێودەوڵەتیمان هەیە، دەتوانین ئەم چەمکە لە ڕەهەندە جیاجیاکاندا تاوتوێ بکەین. بۆ وێنە پێناسەیان لە تاوان، پانتایی تاوان، تێبینییەکان، کەرەستەکانی بەکاربراو لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە، مافی تاوانبار، داواکردنی تاوانباران و هاوکارییە یاساییەکان. تاوتوێی ئەم خاڵانە دەتوانێت ڕوونی بکاتەوە کە کامە ڕێکار لە خەبات دژی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی لە ئەوانی تر کاریگرترە. بابەتێکی گرینگی دیکە ئەمەیە کە پێوەندیی دوو لایەنەی نێوان کونوانسیۆنە گشتگیر و ناوچەیی هاوتەریبی ئەوانن

                             "پێناسەکانی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی"
 
هەروا کە باسکرا، یەکەمین پێناسەکان لە کردەوە تیرۆریستییەکان دەگەڕێتەوە بۆ کونوانسیۆنی ساڵی ١٩٣٧ی ژنێو. لەو کاتەوە تا ئێستا، دانی پێناسەیەکی گشتگیر و بەربڵاو لە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بەردەوام دژوار و ئەستەم بووە. لێڵبوون لە پێناسە، ڕێکارە یاساییە نێودەوڵەتییەکانیشی بەرەوڕووی دژواری کردووەتەوە. ئەزموونی ساڵەکانی دوای کونوانسیۆنی ساڵی ١٩٣٧ی ژنێو نیشاندەری ئەوەیە کونوانسیۆنە ناوچەییەکان، کارێکی ئاسانتریان لە پێناسەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتیدا لە پێشدایە، لەبەر ئەوەی وردتر پەرژاوەتە سەر کردەوە و جۆرەکانی تیرۆریزم. کونوانسیۆنی پێشگیری لە ڕفاندنی فڕۆکە (١٩٧٠) نموونەیەکە لەم کونوانسیۆنە ناوچەییانە کە لە مادەی یەکدا هاتووە، هەر چەشنە کردەوەیەک کە ببێتە هۆی ڕفاندنی فڕۆکەیەک، بە کردەوەیەکی تیرۆریستی دەزانن. مادەی ٢ی ئەم کونوانسیۆنە، هەموو دەوڵەتانی ئەندام ئەرکدارن ئاوەها کەس یان کەسانێک کە کردەوەیەکی لەم چەشنە دەکەن وەکوو "تیرۆریزم" بناسێنێت و بە توندترین شێوە سزایان بدات. ئەم پێناسەیە لە "تیرۆریزم" دواتر بوو بە بنەمای پێناسەی تاوان لە ڕێکارەکانی بەشی نێودەوڵەتی. چەند نموونەیەک لە کونوانسیۆنە ناوچەییەکان؛

کردەوەی نایاسایی دژ بە ئەمنییەتی فڕۆکە مەدەنییەکان (١٩٧١)، تاوان دژ بەو کەسانەی کە پارێزبەندیی نێودەوڵەتییان هەیە، وەکوو دیپلۆمات و نوێنەرە سیاسییەکان (١٩٧٣)، ڕفاندن (١٩٧٩)، دزی یان هەر چەشنە کەڵکوەرگرتنێکی نایاسایی لە مادە ناوکییەکان (١٩٧٩)، توندوتیژی نایاسایی لە فڕۆکەخانەکان (١٩٨٨)، دانانەوەی بومب (١٩٩٧)، دابینکردنی سەرچاوەی ماڵیی تیرۆریستەکان (١٩٩٩).

کەڵکوەرگرتن لەو نموونانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد بەڕوونی دەریدەخات کە پێناسەیەکی گشتگیر و تەواو لە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی ئاڵۆز و دژوارە. هەڵبەت هێندێک لە کونوانسیۆنەکانی ناوچەیی هەوڵیان داوە کە پێناسەیەکیان لە "تیرۆریزم" هەبێت. یەکێک لەوان، کونوانسیۆنی ڕێکخراوە دەوڵەتییەکانی ئەمریکایە لە ساڵی ١٩٧١ کە دەڵێت؛ کرداری تیرۆریستی، کردەوەیەکی تاوانبارانەیە دژی کەس، یان تاوانە هاوشێوەکانی دیکە کە گرینگیی نێودەوڵەتییان هەیە.

لە مادەی ٢ی پاراگرافەکانی ١ ئەلف، ١ ب، ١ ج ئاماژەی بەو کردەوانە کردووە کە دەبنە هۆی کوشتن یان برینداربوون و ئەستاندنەوەی ئازادییەکان، هەروەها پاراگرافی ٣ی مادەی ٢ ئاماژەی بەوە کردەوە خۆسەرانە کردووە کە دەبنە هۆی بەر مەترسی کەوتنی گیانی خەڵک، هەروەها لە مادەی ٢ی پاراگرافی ٥دا ئاماژە بە بەرهەمهێنان و دەستپێڕاگەیشتن بە چەک، تەقەمەنی و کەرەستەی تەقینەوە و خراپکاری کراوە. لە ساڵی ١٩٧٢ کومیتەی تایبەتی "تیرۆریزم" لە ڕێکخراوی "دەوڵەتە یەکگرتووەکان" دەستی بەکارکرد و دەوڵەتانی ئەندام هەوڵی زۆریان داوە بۆ ئەوەی بتوانن پێناسەیەکی شیاو بۆ تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بکەن، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە بە کردەوە پێناسەیەکی گونجاو لە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی نەکرا. باسی دووەم تیرۆریزمی دەوڵەتییە. ئەم پرسە بەتایبەتی دوای کردەوە تیرۆریستییەکانی وڵاتانی پێشێلکاری جاڕنامە و ڕاگەیەندراوەکانی دەوڵەتەیەکگرتووەکان و گەشە و تەشەنەی تیرۆری سەرکردە سیاسییەکانی دژبەری دەوڵەتان لە هەموو دونیادا، گرینگیی زۆرتری پێدرا. دەتوانین سەبارەت بەم باسە ئاماژە بە تیرۆری سەرکردە سیاسییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان بکەین کە بە دەستی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان تیرۆر کران.
دیسانەوە دەڵێم؛ بەهۆی نەبوونی پێناسەیەکی ڕوون و گشتگیر لە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی، ئەم پرسە هەروا جێی مشتومڕە و شرۆڤەی زۆر هەڵدەگرێت بەهۆی نەبوونی پێناسەیەک کە هەمووان لەسەری کۆک بن. هێندێک کونوانسیۆنی وەک مادەی ١ی کونوانسیۆنی ئەورووپایی خەبات دژی تیرۆریزمی ساڵی ١٩٧٧ و پرۆتۆکۆلی هاوپێچی لە ١٥ی مەی ٢٠٠٣ یان لە مادەی ٢ی کونوانسیۆنی وڵاتانی ئەمریکی دژ بە تیرۆریزم ٢٠٠٢ و هێندێک نموونەی دیکە، لە دەقەکانی خۆیاندا ئاماژەیان بە کۆمەڵێک لە کونوانسیۆنە ناوچەییەکان یان هێندێک تاوانیان کردووە. لەم کونوانسیۆنانە هەوڵدراوە تاکوو ڕەهەندە عەینی و زەینییەکانی کردەوە تاوانبارانەکان ڕوون بکرێنەوە.

"هەوڵەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکان دژ بە تیرۆریزم"

لەمبارەوە دەتوانین ئاماژە بە دوو بەڵگەی سەرەکی بکەین. بەڵگەی یەکەم "بەرەو دونیایەکی ئەمنتر" و دووەم وتەکانی سەرۆکی پێشووی دەوڵەتەیەکگرتووەکان "کۆفی عە‌نان" بوو لە ١٠ی مارسی ٢٠٠٥ لە شاری مادریدی وڵاتی ئیسپانیا، لەوێ "عەنان" تیرۆریزمی وەکوو سەرەکیترین هۆکاری هەڕەشە دژ بە بەها و ئەرزشە سەرەکییەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکانی وەک؛ مافەکانی مرۆڤ، سەروەریی یاسا، پاراستنی کەسانی مەدەنی، ڕێزگرتن لە ئایین و ئایینزاکان و کولتوورە جیاوازەکان و چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان بە شێوەی ئاشتییانە ناو برد. کەوابوو بەپێی وتەکانی "کۆفی عەنان" ڕێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکان دەبوایەت هەموو هەوڵەکانی خۆی دژ بە دیاردەی "تیرۆریزم" وەگەڕ خستبا کە بە سەرەکیترین مەترسیی سەدە بۆ سەر مرۆڤایەتی باسی لەسەر کردووە.

لە بەڵگەی یەکەمدا (بەرەو دونیایەکی ئەمنتر)، سکرتێری گشتیی دەوڵەتەیەکگرتووەکان وەک بەرپرسی ئامادەکردن و پێشبردنی ستراتیژیی ڕێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکان لە بەرامبەر تیرۆریزمدا دیاریکرا. لێرەدا ئاماژە بە خاڵە سەرەکییەکانی ئەم ستراتیژییە دەکەین؛

١- هەوڵدان بۆ پاشگەزبوونەوە لەو کردەوانەی کە بەستێنیان بۆ "تیرۆریزم" ئامادە یان ئاسان دەکرد. بۆ نموونە؛ هەوڵدان بۆ بردنە سەرەوەی مافی کۆمەڵایەتی و سیاسی، چەسپاندن و بە کردەوەکردنی سەروەریی یاسا و ڕیفۆرمی دێمۆکراتیک، بەرەنگاربوونەوەی تاوانە سازماندراوەکان، کەمکردنەوەی نرخی هەژاری و بێکاری و پێشگیری لە سەرکوتە سیاسییەکان.

٢- سازکردنی ڕێوشوێنی شیاو بۆ خەبات دژ بە تیرۆریزم، کە هەموویان چوارچێوەی یاساییان هەبوو و ڕێزیان لە ئازادیی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤیش دەگرت.

٣- بردنە سەرەوەی هێز و توانایی دەوڵەتان بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کردەوە تیرۆریستییەکان.

٤- کونترۆڵکردنی کەرەستە و مەوادی مەترسیدار کە تەندروستیی کۆمەڵگا دەکەنە ئامانج.

٥- ڕێکخستنی کۆمەڵە کردەوەیەک لە ڕاستای بەربەرەکانێ دژ بە تووندئاژۆیی. ئەڵبەت ئەم کردەوە زۆرتر ڕەهەندی فێرکاری و پەروەردەیی هەبوو.

لەم ڕاپۆرتەدا داوا لە وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی دەوڵەتە یەکگرتووەکان کراوە تاکوو ١٢ کونوانسیۆنی سەرەکی دژ بە تیرۆریزم واژۆ بکەن:

۱- کونوانسیۆنی تاوان و کردەوە تایبەتەکان لەنێو فڕۆکەدا (١٩٦٣).

٢- کونوانسیۆنی پێشگرتن لە ڕفاندن و بە بارمتە گرتنی نایاسایی فڕۆکە (١٩٧٠).

٣- کونوانسیۆنی پێشگرتن لە کردەوەی نایاسایی دژ بە ئەمنییەتی فڕۆکە غەیرەنیزامییەکان (١٩٧١).

٤- کونوانسیۆنی پێشگرتن و سزادانی تاوانەکان دژ بەو کەسانەی پارێزبەندیی نێودەوڵەتییان هەیە، بەتایبەتی نوێنەرە سیاسییەکان (١٩٧٣).

٥- کونوانسیۆنی نێودەوڵەتیی پێشگرتن لە بارمتە گرتن (١٩٧٩).

٦- کونوانسیۆنی پاراستن و پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی مەوادی ناوکی (١٩٨٠).

٧- پرۆتۆکۆلی پێشگرتن لە کردەوەی مەترسیداری نایاسایی لە فڕۆکەخانە نیزامییەکان (١٩٨٨).

٨- کونوانسیۆنی پێشگرتن لە کردەوەی نایاسایی دژ بە ئەمنییەتی دەریایی (١٩٨٨).

۹- پرۆتۆکۆلی پێشگیریکردن لە کردەوەی نایاسایی دژ بە ئەمنییەتی سەکۆی ڕاوەستاوی جێگیر لە بوڕگەی کیشوەری (Continental plateau) (١٩٨٨ ).

١٠- کونوانسیۆنی نیشانەدارکردنی مەوادی تەقەمەنیی "پەلاستیکی" بۆ مەبەستی شوێنهەڵگرتنەوە (١٩٩١).

١١- کونوانسیۆنی نێودەوڵەتیی پێشگرتن لە کردەوەی دانانەوەی بومب لەلایەن تیرۆریستییەکانەوە (١٩٩٧).

١٢- کونوانسیۆنی نێودەوڵەتیی پێشگرتن لە دابینکردنی ماڵی بۆ تیرۆریزم (١٩٩٩).



ئه‌م بابه‌ته 395 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر