ڕۆشنبیری کورد و خولانەوە لە بازنەی ترادیسیۆندا (3) و کۆتا

رۆشنبیرێکمان هەیە بێ هیچ توێژینەوە و ئاناتۆمییەک بیرێکی سیاسیی یان فەلسەفیی پیرۆز دەکات و یەکێکی دیکە دەداتە بەر نەفرەت.
AM:12:16:11/07/2021
دۆسیە: توێژینەوەی میدیا


ستیڤان شەمزینانی
نووسەر


هزرمەندی ناسراوی عەرەب "هاشم ساڵح" لەیەکێک لە وتارەکانیدا دەربارەی ئەزموونی خۆی لەئەوروپا، نووسیبووی "زۆر بەراشکاویی و بێ هیچ فێڵکردنێک دەڵێم؛ ئەگەر بەر لە چارەگە سەدەیەک پێش ئێستا ئەو هەلەم بۆ هەڵنەکەوتبایە و سەردانی ئەوروپام نەکردبایە، ئەوا دەژیام و دواتریش دەمردم بەبێ ئەوەی لە هیچ شتێک گەیشتبم" پاشان "ئەگەر نەهاتمایەتە ئەوروپا نەمدەزانی رێگایەکی دی جگە لەو رێگا کۆنە بەجێماوە سەدان ساڵەیە، هەیە بۆ تێگەیشتن لەئاین". لەدۆخی کوردییدا بەشێک لەرۆشنبیرانی کورد دان دەنێن بەوەدا ئەزموونی ئەوروپا بۆ ئەوان بایەخێکی گرنگی هەبووە و ئەگەر لەیەکێک لەچرکەساتە مێژووییەکاندا نەچوونایەتە ئەوروپا ئەوە هەر وەک رۆشنبیرێکی تەقلیدیی دەمانەوە.  

"فەرهاد پیرباڵ" یەکێکە لەو رۆشنبیرانە و لە یەکێک لە دیمانەکانی خۆیدا کە لە ساڵی 2004 لەگەڵیدا سازدراوە، باسی ئەزموونی خۆی لەپاریس دەکات و لەوەڵامی پرسیارێکدا دەڵێت "پێش ئەوەی بچمە پاریس لێرە لە رێگەی زمانەکانی عەرەبی و فارسی، بەرهەمی سوریالیم خوێندبۆوە، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆیان بەسەر منەوە جێنەهێشت و لە ناوەڕۆکەکەی تێنەگەیشتم، بەڵام دوای چوونە پاریس، پێموایە لە ناوەڕۆکەکەی تێگەیشتم و وەک گوتم سوودێکی زۆرم لێبینی هەر لەوێش کەشفی کوردبوونی خۆم کرد، زانیم کورد و کوردبوون چییە، تۆ شوێنێکی تر دەبینی و دەخوێنییەوە، ئنجا دەزانی تۆ لە کوێی مەسەلەکانی و تۆ چیت و پێویستیت بەچییە؟".

خولاسە پیرباڵ زۆر لەوە زیاتر پێداگیریی دەکات و تەنانەت بوونی خۆی وەک کوردێک لە کوچە و کۆڵانەکانی پاریس و لەشەقامی شانزێ ئەلیزێ و قاوەخانەی مۆنتی کارلۆ دەدۆزێتەوە، ئەمە هەمان ئەزموونی پیرەمێردی شاعیرە کە پڕۆژە ناسیۆنالیستیێکی خۆی لەکوچە و کۆڵانەکانی ئەستەمبۆڵدا گەڵاڵە دەکات و دەیهێنێتەوە بۆ کوردستان، ئەوە لەهەمان ئەزموونی "مەولانا خالید" دەچێت لەمەنفا پڕۆژەیەکی ئاینی و میللی دەدۆزێتەوە و دەیهێنێتەوە بۆ وڵات. بۆیەکا بۆ تێگەیشتن لەخودی خۆت ئەوجا لەجوغز و بنج و بنەوانی رۆشنبیریی و فەرهەنگی چەندین سەدەی خۆرئاوایی، پێش هەر کارێک پێویستە لانیکەم چەند ساڵێک لە وڵاتانی رۆژئاوای ئەو کیشوەرە بژیت و توانات هەبێت بەسەر یەکێک لە زمانە گرنگەکانی ئەوروپادا.  

ئێرە شوێنی ئەوەیە بپرسین؛ ئایا رۆشنبیرانی کورد "ئەوانەی لە ئەوروپان" چەند کەڵکیان لە مانەوەیان لەو کیشوەرە و لەژیاری خۆرئاوا وەرگرتووە؟ ئایا جگە لە چەند تاکێک رەوەندێکی زۆری کورد لەرۆژئاوا توانیووێتی پەرە بەرۆشنبیریی خۆی بدات بەسوود وەرگرتن لەئەزموونی ئەوێ؟ ئایا مانەوەی چەندان ساڵەی سەدان قەڵەم بە دەستی کورد لەوڵاتانی خۆرئاوایی، هیچ پڕۆژەیەکی رۆشنبیریی نوێ و تازەگەری بەدوای خۆیدا هێناوە؟. لە راستیدا شیاوترین وەڵام بەو پرسیارانە، تەنێ نەخێرە.

رۆشنبیری کورد ئەگەرچی بەجەستە لەستۆکهۆڵم یان لە پاریس یاخۆ لەندەنە، کەچی وەک رۆح و وەک دنیابینی لە کوێرە گوندێکی تەریکی کوردستانە، رۆشنبیری کورد ئەگەرچی گەیشتۆتە ناو زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان، بەڵام وەک تێگەیشتن و بیرکردنەوە هێشتا ناتوانێت چێوە و بۆتەی خێڵەکیی تێپەڕێنێت و ببێتە خاوەنی دنیابینییەکی شارستانی و نوێ کە بەهەموو کلۆجێک پێچەوانەی ئەو نەریتە خێڵەکییە بێت هەژموونی بەسەر ئەقڵی تاک و کۆی کۆمەڵی کوردەوارییدا کردووە.  

رۆشنبیری کورد ئەگەرچی لە رشتەکانی فەلسەفە و سۆسیۆلۆجیا و زانستە مرۆییەکانی تردا دەخوێنێت، کەچی هێشتا بەهەمان زمان دەپەیڤێت کە زمانی کۆمەڵێکی رەوەند و کشتوکاڵییە. ئەمەش دەرخەری واقیعێکی تاڵە، ئەویش ئەوەیە رۆشنبیری کورد وەک هەزاران کرێکاری بیانیی رووی لەخۆرئاوا کردووە "لێرەدا مەبەست بێ نرخکردن و سووکایەتی نییە بە چینی کرێکار" تەنانەت کەمترین توانای تێکەڵبوون و کارلێککردنی هەیە لەگەڵ کولتووری وڵاتانی ئەوروپی یان خۆرئاواییدا.

لە کورتترین دەربڕیندا، رۆشنبیری کورد بەهەمان دنیابینی و عەقڵییەتەی گوند و شارەکانی کوردستانەوە لە ئەوروپا دەژی، کە نە توانای پڕۆژەی رۆشنبیریی نوێی هەیە بە پشبەستن بە ئاستی پێشکەوتنی ئەوێ، نە دەتوانێ وەک تاک خۆی تەیار بکات بە زانست و فەرهەنگی مودێرنی خۆرئاوایی. 
   
"وتەی کۆتایی"

ئەو ئیسلامییە توندڕۆیەی بەچەقۆ هێرشی کردە سەر "نەجیب مەحفوز"، بە هۆکاری نووسینی رۆمانی "اولاد حارتنا"، کاتێک لە دادگا پرسیاری لێکرا، ئایا رۆمانەکەت خوێندۆتەوە؟. زۆر بێباکانە لەوەڵامدا وتی: نەخێر، بەڵام ئەمیرەکەم خوێندویەتییەوە و ئەو باشتر دەزانێت چییە!. بەشێک لەرۆشنبیرانی ئێمە بەهەمان شێوەی ئەو ئیسلامییە توندڕۆیە بیر دەکەنەوە و رەفتار دەکەن، مارکس رەتدەکەنەوە و نەیانخوێندۆتەوە، نیتشە دەکەن بە پێغەمبەری نازییەکان و مەحکوومی دەکەن کەچی نەیانخوێندۆتەوە، جنێو بە لینین دەدەن و یەک کتێبی ئەویان بە بینین هەر نەبینیوە جا نەخاسمە خوێندبێتییانەوە. رۆشنبیریی کوردیی بەهۆی ئەو تەرزە رۆشنبیرەوە لە سەرگەردانی و بێناسنامەییەکی گەورەدا ژیان دەباتە سەر.  

رۆشنبیرێکمان هەیە بێ هیچ توێژینەوە و ئاناتۆمییەک بیرێکی سیاسیی یان فەلسەفیی پیرۆز دەکات و یەکێکی دیکە دەداتە بەر نەفرەت. تۆ سەیر بکە بێویژدانترین رۆشنبیری دونیا بەرامبەر بە"مارکس"، رۆشنبیری کوردە، چوونکە هەم وێنای "مارکس"ی هاوجووت کردووە لەگەڵ وێنای ئوسامەی کوڕی لادن و خوێنڕێژێکی وەک "جۆزیف ستالین"، هەم هەر باسی "مارکس" هاتە پێشەوە یەکسەر رەتیدەکاتەوە و بەپێغەمبەری مرۆڤکوژیی وەسپی دەکات، بەبێ ئەوەی بیری بکەوێتەوە، هەر ئەو فەیلەسووفە بوو، وتی "مرۆڤ گەورەترین سەرمایەیە"، بەبێ ئەوەی بیری بکەوێتەوە ئامانجی هەرە سەرەکیی مارکس تەنیا و تەنیا مرۆڤی رووت و گێڕانەوەی مرۆڤ بۆ دۆخی سروشتیی خۆی بوو، بەڵام ئەو هیچ نابینێ و کتێبی "کۆتایی مێژوو"ی کردووە بەتەلقینی بیری ئەو فەیلەسووفە مەزنەی کە هەمیشە وەک "تابۆیەک بەئاسمانی" جیهانەوە ئامادەیی هەیە. خولاسە ئەوەی پەیوەندیی بە ناوەڕۆکی ئەم باسەوە هەبێت ئەوەیە رۆشنبیری کورد بوونەوەرێکی بیرکەرەوە نییە، بوونەوەرێکی خەلاق و داهێنەر نییە، بوونەوەرێکی ناوازە و خاوەن دنیابینییەکی جودا نییە لە دنیابینی گشتیی. بەم هۆیەوە رۆشنبیری کورد هەم رۆشنبیرێکی ئەخلاقگەرایە و هەم ئامانجگەرا، بەپێچەوانەوەی ئەو وتەزایەی "سارتەر"ەوە کە ئێمە لەسەرەتای نووسینەکەوە بەتایتڵی گەورە هێمامان بۆ کردووە.  



ئه‌م بابه‌ته 773 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر