دەرکەوتنی شەپۆلی پێنجەمی تیرۆریزم (1)

نیشانەکانی دەرکەوتنی شەپۆلی پێنجەمی تیرۆریزمی ناودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
PM:07:00:07/07/2021
دۆسیە: تیرۆرناسی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


نیشانەکانی دەرکەوتنی شەپۆلی پێنجەمی تیرۆریزمی ناودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

دەکرێ وەکوو ئەکتەرێکی ژیئۆپۆلیتیکی لێکدانەوەی بۆ تیرۆریزم بکرێت کە توانیویەتی هێدی هێدی پانتای کارتێکەری خۆی پەرە پێبدات و تەنانەت شوێنکەوتووی نوێش لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهان بەرەوخۆی رابکێشت. لە ماوەی ئەم ساڵانەی رابردوودا چالاکییەکانی گروپی تیرۆریستی داعش و ئەو رەوتانەی سەر بە داعشن، لە پرسە ئەمنییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بووەتە بابەتێکی یەکجار گرنگ. ئەم وتارە بە ئامانجی ناسینی تیرۆریزمی ناودەوڵەتی وەکوو یەکێک لەو هەڕەشانەی رووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە و بە کەڵکوەرگرتن لە وانەکانی چۆنایه‌تیانه‌ی شێوازی «لێکدانەوەی کاریگەریی رەوت» و کەڵکوەرگرتن لە وانەکانی تیۆریی «راپۆپۆرت» کە باس لە بوونی چوار شەپۆلی ناوەدەوڵەتیی تیرۆریزم دەکات، هەوڵ دەدات وڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە ئایا دەرکەوتنی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێ کۆتایی شەپۆلی چوارەم و پرێسپێکتیڤی هێنانەدی شەپۆلی پێنجەمی تیرۆریزمی ناودەوڵەتی بێت؟ ئەم وتارە لەگەڵ تاوتوێ‌کردنی رۆڵی هێژمۆنیکی زلهێزەکانی جیهان لەم پرسەدا، هەوڵدەدات بە کەڵکوەرگرتن لە داتا مەیدانییەکان لایەنە جیاوازەکانی تیرۆریزمی مۆدێلی «داعش» لەگەڵ شەپۆلەکانی دیکەی تیرۆریزم نیشان بدات. شێوەی کۆکردنەوەی داتاکان لەسەربنەمای؛ چاوەدێری رەوتەکان لە سەرچاوە سەرەکییەکان، توێژینەوە لەناو سەرچاوە ئینتەرنێتییەکان، کەڵوەرگرتن لە هەواڵی متمانەپێکراو و لەهەمانکاتدا تاوتوێی ئاماری هەندێک لە ناوەندە باوەڕپێکراوە ناوەدەوڵەتییەکان ئەنجام‌دراوە. وتارەکە ئەم گریمانەیە دەخاتە بەر تاقیکاری کە شەپۆلێکی نوێ لە تیرۆریزمی ناودەوڵەتی بە پێناسەیەکی وابەستە، مودێرن، ناخۆجێیی، فرەنەتەوەیی و مەیلەوئایینی و لەهەمانکاتدا جیاواز لە رادیکالیزمی ئیسلامی، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەریهەڵداوە کە وەدیهاتنەکەی، پرێسپێکتیڤێکی جیاواز لە ئاڵوگۆڕەکانی سیستمی ناودەوڵەتی و ئەمنیەتی رۆژهەڵاتی ناوەراست نیشان دەدات. 

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر لە کۆنەوە ناوەندی قەیرانە جۆراوجۆرەکان بووە کە جیهانی کردووە بە شانۆی تێکهەڵچوونە نەتەوەیی، ناوچەیی و ناودەوڵەتییەکان. لەم نێوەندەدا، تیرۆریزمی تەکفیری کە یەکێک لە دیاردە نوێیەکانی گۆڕەپانی ناودەوڵەتییە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەودای کارتێکەری خۆی بەربەڵاو کردووەتەوە و هاوکێشەی نوێی لە پانتایی سیاسی و ئەمنیی ئەم ناوچەیەدا هێناوەتە ئاراوە. بوونی کەلێنە قووڵە ئەتنیکی-ئایینییەکان، دەستێوەردانی زلهێزەکانی جیهان و لاوازیی رەوتی دەوڵەت-نەتەوەسازی بووەتە هۆی ئەوەی ئەم ناوچەیە شوێنێکی گونجاو بێت بۆ گەشە و چالاکیی گروپە تێرۆریستە تەکفرییەکانی وەکوو داعش و گروپەکانی دیکەی سەر بە ئەوان. بەهێزبوونی داعش لە عێڕاق و سوریا و زاڵبوونی بەسەر بەشێکی زۆر لەو وڵاتانە، جگە لەوەی عێڕاق و سوریای رووبەڕووی قەیرانی ئەمنی و هەڕەشەی هەرێمی جدی کردەوە، بەڵکوو مەترسی و هەڕەشەی گرنگی بۆ ئەمنیەتی ناوچەکە و جیهان هێنایە ئاراوە. ئەم گروپە خاوەنی کارەکتەر، هاندەر، ئامانج، تاکتیک و ئاکاری نوێ بوو کە لەگەڵ شێوە کۆنەکەی جیاوازیی بنەڕەیی هەیە و توانی سیستمی بەهایی، میکانیزم و شەرعیەت‌دان و جیهانبینی نوێ دروست بکات و بە وەڕێخستنی شەڕێکی نائاسایی، نانەریتی و پچڕ پچڕ، بەپێچەوانەی شەڕەکانی پێشوو، هەم دەوڵەتەکان و هەم نەتەوەکان بکاتە ئامانج. لەم رووەوە تێگەیشتن لە رەهەندە نوێیەکانی ئەم دیارەدەیە بابەتێکی پێویستە و دەبێ گۆشە جیاوازەکانی دیاری بکرێت.

بەربڵاویی ئەو خوێندنەوانەی سەبارەت بەم گروپانە ئەنجام دراون و ئەو وتارانەی لەسەر ئەم پرسە نووسراون، دەربڕی گرنگیی بەردەوامی هۆکارە ئیدئۆلۆژیک، ژیۆپۆلیتیک و بوروکراتیکەکانە بۆ شیکردنەوەی پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە. دەرکەوتن و هەوڵەکانی گروپە تیرۆریستی-تەکفیرییەکان لە چەندین رەهەندی نوێوە یەکێک لە گرنگترین ئاڵوگۆڕەکانی ئەم چەند ساڵەی دواییە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پێچاوپێچی ئەم گروپانە کە بە دەرخستنی خۆیان وەکوو کارەکتەرێکی ژیۆپۆلیتیکی نوێ، توانیویانە ببنە هۆی پێکهاتنی هاوکێشەی نوێ، تەنانەت لە پانتاییە ناودەوڵەتییەکان، لە ئاستێکدایە کە دەتوانێت وەکوو بگۆڕێکی سەربەخۆ بۆ گۆڕینی هەڵسوکەوتی سیاسیی هێزە ناوچەیی سەروناوچەییەکان بێتە ئەژمار. ئەم وتارە بە لەبەرچاوگرتنی روانگەیەکی بنچینەخواز و ئەوەی وا ویتگنشتاین بە «هاوشێوەییە بنەماڵەییەکان» ناویان دەبات، هەوڵ دەدات کۆنیشانەی دەرکەوتنی شەپۆلی نوێی تیرۆریزم تاوتوێ بکات. لەم چوارچێوەیەدا، یەکێک لە گرنگترین هەوڵەکان بۆ شرۆڤەی پێناسەی تیرۆریزم لە بەستێنی مێژوودا، لەلایەن «دەیڤید راپۆپۆرت»، مامۆستای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی کالیفۆرنیاوە هاتووەتە ئاراوە. ئەم توێژەرە پایەبەرزە و پسپۆڕ لە مێژووی تیرۆریزمدا، لە وتارێکدا بە ناونیشانی «چوار شەپۆلی تیرۆریزمی مۆدێرن» روانگەی خۆی سەبارەت بە چەشن‌ناسیی مێژوویی تیرۆریزمی ناودەوڵەتی و چۆنیەتی گۆڕانی ئەم بابەتەی لە چوارچێوەی پرۆسەیەکدا ئاراستە کردووە کە لە جۆری خۆیدا، کەم‌وێنەیە و دەتوانێت بەستێنێکی گونجاو بۆ تێگەیشتن لە مێژووی تیرۆریزم، لێکدانەوەی رەوتی ئێستا و پێشبینی سەبارەت بە داهاتوو بدات بە دەستەوە. راپۆپۆرت، گروپە تیرۆریستییەکانی بەسەر چوار دەستەدا دابەش کردووە کە وەکوو یک رەوت لەبەرچاویان دەگرێت. ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە یەکەمین شەپۆل کە بەناوبانگە بە شەپۆلی ئانارشیستی، لە دەیەی 1880ـدا دەست پێدەکات و ماوەی چل ساڵ درێژەی هەبوو. بەدوای ئەودا لە دەیەی 1920ـدا شەپۆلی کۆلۆنیالیزم دەستی پێکرد و بەگشتی لە 1960ـدا لەناو چوو. لە کۆتاییەکانی دەیەی 1960ـدا شەپۆلی چەپی نوێ لەدایک بوو و تا 1990 بەشێوەیەکی رەها درێژەی هەبوو. چوارەمین شەپۆل یان شەپۆلی ئایینی لە ساڵی 1980ـدا دەستی پێکرد و لە ئێستاشدا بەردەوامە (Rapoport, 2004: 2). کەوابوو بەپێی ئەم چەشن‌ناسییە دەکرێ ئەم پرسە بخرێتە روو کە چ جیاوازییەک لەنێوان گروپی تیرۆریستی تەکفیری داعش لەگەڵ چەشنەکانی پێشوودا بوونی هەیە و ئایا ئەم دیاردەیە دەتوانێت دەسپێکی جووڵەیەکی نوێ بێت لە مێژووی پڕ هەوراز و نشێوی تیرۆریزمی ناودەوڵەتیدا.
 
لەئێستادا ئەم دیاردەیە گرێدراوە بە هاوکێشە ناوچەیی و تەنانەت ناودەوڵەتییەکانەوە و تایبەتمەندیی نوێی لەخۆ گرتووە. لەم رووەوە، لێکدانەوەی هەوڵە تیرۆریستییەکان و تاوتوێی بەستێنەکانی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی شەپۆلی نوێی تیرۆریزم هەم لە رووی تیۆری و مێژوویی و هەم لە رووی سیاسی و پراتیکەوە، کارێکی بەسوودە؛ چونکە لەلایەکەوە، جیاوازییەکانی ئەم چەشنە لە تیرۆریزم لەگەل مۆدێلەکانی پێشوو دەردەخات و لە لایەکی دیکەوە، بەو هۆیەی کە شەپۆلەکانی تیرۆریزم تەنها روویان لە رابردوو نییە، و هێشتاش لایەن و دواهاتەکانی لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا چالاکە، پێشکەشکردنی تێگەیشتنێکی ورد لەم بابەتە دەتوانێت هەنگاوێکی کاریگەر بێت بۆ پەسەندکردنی رێکاری نوێی ئەمنیی کە لەگەڵ ئالۆزی ئەم دیاردەیە بگونجێت. ئامانجی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە بە پشت‌بەستن بەو روانگەیەوە نووسراوە کە تێگەیشتن و ناسینی هەر دیاردەیەک، پێشەکی و پێش‌مەرجی پەسەندکردنی هەر چەشنە رێکارێکی پراتیکی گونجاو لەگەڵ بابەتەکەیە و لەو رووەوە کە گروپی تیرۆریستی داعش و ئەو رەوتانەی وا سەر بە داعشن دەتوانن لەدایکبووی هۆکار و بگۆڕە نوێترەکانی ساحەی سیاسی و ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بن، ئەم توێژینەوەی ئێستا لە هەنگاوی یەکەمدا بە ئامانجی تێگەیشتنی وردتری ناورۆکی جیاوازیی ئەم دیاردەیە لەگەڵ شەپۆلە پێشووەکان و لە هەنگاوی دووەمدا بە ناسین و دۆزینەوەی بگۆڕە کاریگەرەکان لەسەر دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە، هەوڵ دەدات وڵامی ئەم پرسیارە سەرەکییە بداتەوە کە چۆناوچۆن دەکرێ ناوەرۆکی گروپی تیرۆریستی تەکفیری داعش خوێندنەوەی بۆ بکرت و ئایا ئەم دیاردەیە دەتوانێت کۆتایی شەپۆلی چوارەم و پرێسپێکتیڤی هاتنەدی شەپۆلی پێنجەمی تیرۆریزمی ناودەڵەتی بێت؟ 

لە وڵامی ئەم پرسیارە و بە پشت‌بەستن بە زانستەکانی تیۆریی تۆتالیتاریزم، وتارەکە ئەم سیناریۆیە دێنێتە ئاراوە کە گروپی تیرۆریستی داعش بکەرێکی سیاسییە کە ناوەرۆکێکی شێوەئایینی، تێکەڵاو و ئیدئۆلۆژیکی هەیە کە  لە جلوبەرگی وشە ئایینی و لەئاشتی‌ نەهاتووەکاندا، کردەوەی توندوتیژانەی تیرۆریستی ئەنجام دەدا و دەکرێ وەکوو شەپۆلی پێنجەمی تیرۆریزمی ناودەوڵەتی بناسێندرێت. جێی ئاماژەیە کە هێرشی هێزەکانی هاوپەیمانان بە رێبەرایەتی ئەمریکا بۆ عێراق و لە ئەنجامدا پەرەسەندنی رکەبەرایەتی هێزە ناوچەییەکان و هەروەها تەشەنە سەندی شەڕی بەوەکالەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە بەشێک لە هۆکارەکانی ژیانەوە و سەرهەڵدانی ئەم شەپۆلە دێتە ئەژمار. 

سەبارەت بە پێشینەی ئەم توێژینەوەیە و گرنگیی مۆدێلی شەپۆلەکانی تیرۆریزم دەکرێ ئاماژە بە دوو بەرهەمی گرنگ بکرێت. «جێفری کاپلان» توێژەری بەناوبانگی بواری تیرۆریزم لە ساڵی 2007 و لە وتارێکدا بە ناونیشانی «شەپۆلی پێنجەم؛ خێڵخوازی نوێ» بە بەهێماکردنی حکومەتی کمێرە سوورەکان لە کامبۆدیا، شەپۆلێکی پێنجەمی لێکدایەوە کە سەرنجدان بە هۆکارگەلێکی وەکوو رەگەزپەرەستی، جینۆساید، دزینی مناڵان و توندوتیژیی سێکسی بە گرنگترین رەهەندەکانی ئەم شەپۆلە دێنە ئەژمار؛ بەڵام گرنگترین کەموکووڕی ئەم توێژینەوەیە، نەپەرژان و دیاری نەکردنی دەسکەوتەکانە لە چوارچێوەی یەک شەپۆلدا و چاوپۆشی‌کردنە لە رەهەندە ناودەوڵەتییەکانی ئەو دیاردەیەیە. کاپلان لەم بەرهەمە کورتەدا دەستنیشانی ناکات کە چ هۆکارگەلێک شەپۆلی پێنجەمیان خستووەتە جووڵە، چ هۆکارگەلێک بوونە هۆی بەهێزبوونی و لە کۆتاییدا ناوەرۆک و پانتایی ئەو بزووتنەوەیە چییە وا لە ناوەندی ئەم شەپۆلەدا جێگیر بووە. جگە لەوە، «جێفری سیمۆن» نووسەری ناسراوی ناودەوڵەتیی بواری تیرۆریزم لە وتارێکدا بە ناونیشانی «پرێسپێکتیڤی شەپۆلی پێنجەمی تیرۆریزمی جیهانی» بەبێ پێشکەشکردنی نموونە و هێمایەک لە گروپ یان بزووتنەوەیەکی تایبەت، ئەم ئارگیۆمێنتە دەخاتەروو کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و گڵۆبالیزەیشن رێگەی بۆ پێکهاتنی شەپۆلی پێنجەمی تیرۆریزم خۆش کردووە کە پێدەچێت بەپێچەوانەی کاپلان، ئەو لەم بەرهەمەدا لەسەر مێژوو و ئەو هۆکارانەی لەسەر  پێکهاتنی شەپۆل کاریگەرن، چڕ بووەتەوە و کەوابوولاوازی بەرهەمەکانی ئەو تەنانەت لە هی کاپلانیش زیاترە.

سه‌رچاوه‌؛ وه‌رزنامه‌ی زانستی ئه‌منییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی زانكۆی تاران. 

وه‌رگێڕانی/ سیامه‌ند موهته‌دی 




ئه‌م بابه‌ته 414 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر