تێڕامانێک له‌ سنووربه‌زێنییه‌کانی حه‌سه‌ن زیره‌ک

حەسەن زیرەک زیاتر ڕوخسارێکی شۆڕشگێرانە و سیاسیی وەردەگرێت تاکوو سیمایەکی زەقی فۆلکلۆر
PM:09:29:05/07/2021
دۆسیە: کلتوور و مرۆڤسازی


عادل قادری
نووسەرو ڕۆشنبیر


گۆرانی، زمان و نەریت

ڕەنگە "قاچاخ" یەکێک لەو دەلالەتانە بێت کە بوونی ئێمه‌ و به‌ تایبه‌تی که‌لتووری سیاسیی ئێمەی لە درێژایی مێژوودا بەرجەستە کردبێته‌وه،‌ واتە؛ ئەم چەمکە تەنها ڕەهەندێکی ئابووری نه‌بووه‌ و نییە و له‌ مێژه‌ باڵی بە سەر هەموو جومگەکانی بوونی کورددا کێشاوە. نیزام و چوارچێوه‌ی ده‌لاله‌تیی قاچاخ له‌ پله‌ی یه‌که‌م له‌ گه‌ڵ وشه‌ی "سنوور" و "په‌ڕینه‌وه"‌دا هاوپێوه‌ند و تێکه‌ڵه‌. واته‌؛ قاچاخ، سنوور و په‌ڕینه‌وه‌ له‌ ناو سیسته‌م و تۆڕێکی ده‌لاله‌تی و نیشانه‌ییدا ده‌رده‌که‌ون که‌ بوونیان پێکه‌وه‌ مانا وه‌رده‌گرێت. لێره‌دایه‌ قاچاخ ده‌بێت به‌ کرده‌یه‌کی دژه‌نۆرم و لادان له‌و سنوورانه‌ی که‌ ئه‌ویدیی زاڵ و زاڵم بۆی کێشاوه‌ و سنوور ده‌شکێنێت و په‌ڕینه‌وه‌ به‌ره‌و جۆرێک رزگاریی (ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر کاتیش بێت) هه‌ڵده‌بژێرێت. ئاخێزگه‌ی وشه‌ی قاچاخ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت؛ که‌ دەلالەتی سه‌ره‌کیی وشه‌که‌ کۆنکرێتتر و بەرهەستتره‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ وشه‌گه‌لی وه‌کوو یاساغ و قەدەغە، که‌ ئه‌م دوو وشه‌ هاوتایه‌ش به‌ جۆرێک دیاریکردنی ئاڕاسته‌ و ده‌لاله‌تی قاچاخ له‌ ناو سیسته‌مێکی یاسایی و دادوه‌رییانه‌ دایه‌.

قاچاخ کرده‌وه‌یه‌کی ئێمه‌ بووه‌ بۆ درێژه‌دان به‌ بوون، هه‌لومه‌رجێک که‌ "دۆخی ئاوارته‌(دانسقه‌)"ی ئێمه‌ پێ مانا ده‌کرێته‌وه‌. کرده‌ی قاچاخ ته‌نها یاسایه‌کی نووسراو یان نه‌نووسراوی ناو ئه‌م دۆخه‌ ئاواره‌ته‌یه‌ نه‌بووه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاته‌ فاشیستییه‌کانی سه‌ر جوگرافیای کوردستان دۆزی کوردیان پێ کپ و سڕ کردبێته‌وه‌ و بوونی کوردیان به‌ره‌و داڕمان و له‌ناوچوونێکی هێواش و نه‌رم بردبێت، به‌ڵکوو له‌م مێژووه‌ پڕ گێرمه‌ و کێشه‌یه‌دا قاچاخ بووه‌ به‌ ئه‌کتێک، ڕێگایه‌ک و بژارده‌یه‌ک که‌ گاڵته‌ به‌و یاسا و سیسته‌مه‌ ده‌کات که‌ دۆخ و دۆزی ئه‌وی به‌ باشی فام نه‌کردووه‌ یان له‌ ئاره‌زووی سڕینه‌وه‌ی ته‌واویی ئه‌و دایه‌. بۆیه‌ یه‌که‌م شتێک که‌ قاچاخ له‌ هه‌مبه‌ریدا ده‌وه‌ستێته‌وه‌ سیسته‌می پێناسه‌کردن و دیاریکردنی سنووری جوگرافیی و ماناییه‌، سنووری ده‌لاله‌تیی یاساغ و قه‌ده‌غه‌ ته‌نها ده‌بێت به‌ بڕگه‌یه‌کی یاسایی ناو داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت که‌ نه‌ک بۆ پێڕه‌وکردنی ئێمه‌ به‌ مه‌به‌ستی ژیانێکی ئاسووده‌ و ئینسانی داڕێژراوه‌ به‌ڵکوو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ لادان لێی و په‌ڕینه‌وه‌ی سنووره‌ به‌رهه‌ست و ده‌رهه‌سته‌که‌ی ئێمه‌ فۆرمووله‌ کراوه‌ که‌ ئامانجی فیشه‌که‌کانی ئه‌وان دیاریی بکات. بۆیه‌  قاچاخ به‌رده‌وام گرتن و تەقەکردن و کوشتنی بەدواوە بووە و یاساغ ئاره‌زووی که‌ویکردن و ڕامکردن و ملکه‌چکردن. بۆیه‌ "قاچاخ" ده‌بێت به‌ ئه‌کتێکی سیاسیی و شۆڕشگێڕێ ئه‌گه‌رچیی هه‌موو کاتیش هه‌ڵگری وشیاریی نه‌بێت.

 بە هۆی ئەو ژیۆپۆلەتیکەی کوردستان و بێ ئاکامبوونی زۆرێک لە شۆڕشە کوردییەکان و فاشیزمی ڕۆژهەڵاتی و زۆر هۆکاری دیکە ئێمە ئانوسات ڕووبەڕووی هەر دوو حاڵەتی قاچاغ و یاساغ بووینەتەوە. واتە هەم وەکوو قاچاخچی ڕاوەدوونراوین و پێکراو و کوژراوین و هەمیش وەکوو قه‌واره‌یه‌کی زمانیی، که‌لتووریی و ئینسانیی تایبه‌ت گومان لە سەر دەلالەتە ژێرەوانکێ و مەتەڵە خەوتووەکانی ناو زمانمان هەبووە و له‌ مێژه‌ زمانمان بابه‌تێکی یاساغ و په‌راوێزیی بووه‌، په‌راوێزیی به‌و واتایه‌ی که‌ ئه‌گه‌ر سه‌رده‌مانێک هه‌وڵێک دراوه‌ بۆ داننان به‌م زمانه‌دا هه‌وڵێک نه‌بووه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی به‌هادایین به‌ زمان و شوناسی نه‌ته‌وه‌ یان ئیتنیک یان قه‌واره‌یه‌کی جیا له‌ خۆیان به‌ڵکوو تاکتیک و فێڵێکی کورتماوه‌ بووه‌ بۆ دیاریکردنی ئه‌و سنوورانه‌ی که‌ یاساغیان کردووه‌ و ده‌ستنیشانکردنی خاڵه‌ قه‌ده‌غه‌کان و له‌ناوبردنی قاچاخ. له‌م حاڵه‌ته‌دا زمان ده‌بێت به‌ نیشانه‌ و مۆرکێکی سیاسیی، کرده‌وه‌ یان تایبه‌تمه‌ندییه‌کی (که‌لتووریی-ئینسانیی) که‌ له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پلان و پێناسه‌کانی ئه‌ویدیدا مانا وه‌رده‌گرێت.

لە سەردەمێکدا که‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کەلتووری نووسراوەیی و کتێبنووسی بواری وای پێ نەدەدرا و هیچ ژێرخان و بنه‌مایه‌ک بۆ چه‌که‌ره‌کردن و گه‌شه‌سه‌ندنی بونیاد نه‌ده‌نرا و قاچاغ و یاساغ بووه‌ ئەوە گۆرانی کوردیی و گۆرانیبێژە کوردەکان بوون کە بە چالاککرنەوەی نەریت و ئیستاتیکا و جیهانبینیی مرۆڤی کورد سنوورەکان و ئەو تەلبەندانەیان تێدەپەڕاند و زمانی کوردییان وەکوو ماڵ و ڕەشماڵێکی کۆچەریی زیندوو و یاخیی ڕادەگرت، "حەسەن زیرەک" نموونەی ئەو سووژەیەیە کە زمان و دۆخی کوردیی درووستی کردووە و ئه‌ویش زمانیی کوردیی گەشەونەشە پێداوە، وەکوو پێشتریش باسم کردووە؛ حه‌سه‌ن زیره‌ک وه‌کوو مرۆڤێکی سورریالی و بێ شوێن و ئاوارە دەتوانێت زیاترین پوتانسییەل و وزە بخاتە ناو زمانەوە و خودی ئەکتەکەشی بێت بە بابەتێکی تەواو سیاسیی، لێرەوە حەسەن زیرەک زیاتر ڕوخسارێکی شۆڕشگێرانە و سیاسیی وەردەگرێت تاکوو سیمایەکی زەقی فۆلکلۆر کە بێگومان ئەوەش لایەنێکی پته‌وکه‌ری ئەم دەرکەوتەیەیە.

"خاڵۆی ڕێبوار" و "خانمی ڕێبوار" دوو لە گۆرانیی و ده‌سته‌واژەکانی زیرەکن کە جیا لە ئامادەیی هاوکاتی ژن و پیاو لە ڕێگا و بەرجەوەنی ڕێبوارزەدەی زیرەکدا ئاماژەیەکی تەواوە بە سنووربەزێنی و سنوورشکێنیی زیرەک، قاوەخانەکان، دووکانەکان، ماڵەکانی سەر ڕێگا، مەزرا و بێستا، کانیاوەکان، په‌ناوپه‌سیوی کۆڵانان و ڕێگا و...هەموو ئەمانە لەگەڵ دەنگ و زمانی زیرەک بوون، ئەو داربەڕووی کەژەکان و شنه‌ی بای لەگەڵ بووە، ئەسپی سپیی خه‌یاڵی لەگەڵ بووە، هونەرمەند "میدیا حسێن" که‌ باس له‌ کۆڕێکی گۆرانیی زیره‌ک له‌ که‌رکووک و گه‌رمیان ده‌کات، دەڵێت؛ زیرەک لە هەر کوێ بایە گۆرانییەکەی بە زاراوە و شێوەزاریی ئەوێ دەوتەوە. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ پێمان ده‌ڵێت؛ لە کۆی گۆرانییەکانیدا یەکانگیریی و یەکگرتووییەک لە دەربڕین و گۆکردندا هەبووه‌ و ئاماژەیەکی دیارن بەو نەریتە قووڵ و ڕێشەییەی کە ئەو هەڵگریی بووە و شەڕی ڕەمزیی لەگەڵ سیستەمە قاچاخکەر و یاساغکەرەکان پێ کردووە و هیچ سنوورێکی نه‌ناسیوه‌ته‌وه‌، ئه‌و سنووره‌ ده‌سکردانه‌ی که‌ مۆدێڕنیته‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیی پاڕجه‌ یه‌کانگیره‌کانی هه‌للاهه‌للا و له‌توکوت کرد، له‌ جه‌وهه‌ردا ڕه‌نگه‌ ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ بۆ بوونناسی فۆلکۆر و شێوه‌ئاوازیی کوردی بگه‌ڕێنینه‌وه‌ که‌ لێره‌دا زیره‌ک ده‌بێت به‌ یه‌کێک له‌ زه‌قترین و ده‌ره‌وشاه‌ترین سیماکانی. ئه‌و سنوورشکێنییه‌ی ئه‌و له‌ نێوان پارچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و باشوور یه‌کگرتوویی و یه‌کانگیریی زمانیی لای خۆی کۆ کرده‌وه‌ و  ئێستەش وەکوو سەرمایەیەکی گەورەی مێژوویی لە بەردەستی ئێمەدایە، خەیاڵی زمانیی و ئیستاتیکای ئەدەبیی و رۆحیی ئێمە پێی ئاو دەدرێ و باڵا دەکات، ئەگەر بەرەیەک دوای زیرەک دەیەوێت لەم شێوازە هونەرییە تێپەڕێت و تەعبیر لە شێوەی ژیان و داڵغە ئێستاییەکانی خۆی و شارێتی و مۆدێرنبوونی خۆی بکات ئەوە ئازادە بێگومان، بەڵام وەکوو هەمیشە کە ئێمە شتەکان چەواشە دەکەین تێنەگەیشتن لە نەریت و فڕێدان و بازدان بە سەریدا بە تێپەڕین و سەرووترڕۆشتن لە سونەت و نەریت دخۆی خه‌مڵاندووه‌، نموونەی هەرە دیاری ئەم بشێوەیی و وەهمە گەورەیە ڕوانینێکە کە گۆرانیبێژە نوێکان زۆربەیان بۆ زمان هەیانە و ئەو ده‌ور و ڕۆڵەیە بۆ زمان و هەڵبژاردنی وشە و خەیاڵسازییدا بەکاری دێنن، لە بەندبێژیی ئێستەدا کە بووە بە فۆرمی زاڵی هونەری گۆرانیی کوردیی، بشێویی و پەرێشانییەکی تەواوی زمانیی بەرجەستە دەبێتەوە، بەیتبێژیی و شێعره‌کانی لە نزمترین ئاستی وشیاری دایه‌ و بێ هیچ فۆرمێکی ئیستاتیکایی و هونەریی و لە ئانوساتێکی لە ناکاودا کە هیچ پێوەندیی بە زەینی ناوشیار و فیچقە و فوارەکانیه‌وە نییە و تەنها لە ناو فەزایەکی موبتەزەڵ و سووکی گەعدەدا ڕوودەدات، دێتە ئاراوە.

زمان لێرەدا نە ئامرازی پێوەندییەکی ئیستاتیکاییە و نە ئامانجێکیشە لە خۆیدا بەڵکوو "زمان" تەنها ئامێرێکە بۆ شەڕ، "شەڕە بەند!" ڕەنگە لێرەدا قووڵایی داڕمان و هەرەسهێنانی ڕۆحی نەتەوەیەک زەق بێتەوە کە ئەو هەموو شەڕەی بەسەردا هات و کارەساتگەلێکی وەکوو ئەنفال و کیمیاباران و کۆڕەوی به‌ سه‌ردا تاقی کرایه‌وه‌. بەپێی تێڕوانینێکی زمانناسانە ئەگەر نەتەوەیەک زمانەکەی شێوا و جومگە نەریتییەکانی بنکۆڵ و له‌ق بوو ئەوا لە پلەی یەکەمدا ئەخلاقی ئەو نەتەوەیە تووشی داڕمان و هەرەسیهێنان بووە. ئەم دۆخەی کە ئێستە بە ئاسانی لە سەر سیماگەلی ڕەمزیی وەکوو زیرەک و ناسری ڕەزازی قسە دەکرێت لەم قەیرانە ئەخلاقییەوە سەرچاوە دەگرێت کە بێگومان پێی لە ناو قەیرانێکی گه‌ورەتر بە ناوی شوناس و ناسنامەدا داکوتاوە، شوناسێک کە فاشیزمی جۆراوجۆری ناوچەکه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌ زاڵه‌کان به‌ سه‌ر کوردستان شێواندوویانه‌ و ئێستە بووە بە یەکێک لە سێبەرە ڕەمزیی و مەعنەوییەکانی ئەوان بەڵام لە ئاستێکی تراژیک کۆمیکدا.

وەکوو "نیچە" دەڵێت؛ ئەگەر لە چاڵێک بڕوانی ئەویش لە تۆ دەڕوانێت، چەند سەد ساڵ شەڕی جۆراوجۆر و بەرخۆدان و خۆڕاگریی کورد لە هەمبەر چاڵ و سیاچاڵی فاشیزمی جۆراوجۆر وایکردووە بەر تیشک و ئەفسوونەکانی بکەوین، وێنه‌کانی له‌ سه‌رماندا بزرنگێته‌وه‌. ئەبێ بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە دۆزەخییە لە خۆمان بپرسین فاشیزم و شەڕە کوشندەکانی بۆ سڕینەوەی تەواوه‌تی ئێمە و میتۆدەکانی چی بەسەری "خود"ه‌مان هێناوە کە وەکوو سێبەرێکی ئەو هەر ماوەی جارێک نیشانەیەک لە داڕمان و هەرەسهێنان و سووک و چرووکی و گەندەڵییەکی بێ سنوور بەرهەمی دەهێنینه‌وه‌؟ هەڵهاتن لە ئەندێشەی فاشیزم و ڕزگاربوون لە بیرکردنەوە و میتۆدەکانی فاشێزم بە ئەندازەی چاوبڕینەچاوی قوربانیی لە جەللاد بۆ تێگه‌یشتن له‌ "بۆ؟" گه‌وره‌که‌ و هه‌روه‌ها قووڵبوونه‌وه‌ی جەللادی بچوک لە جەللادی گەورە بۆ فامیی مانا و پێگه‌ی خۆی گرینگ و چارەنووسسازە.

فاشیزم ئێمەی بێگانە کرد لە گەڵ زمان و نەریتمان، ئەنفال بە قووڵی و چڕێ لە سەر گوندەکان پیادەکرا، ئەو شوێنەی سەرچاوەی بزۆزیی و گەشە و ڕۆحی زمان بوو، فاشیزم لە پلەیەکی بەرز مانا و پێگەی ئەدەب و هونەر و زمانی کرد بە ئامێر و ئامراز بۆ ڕۆحی چڵێس و ڕامنەکراوی خۆی، ئێمەی لەخۆ نامۆ کرد، شارە گەورەکانی پەرەپێدا، نۆرمێکی ئەخلاقیی بێ ڕێشە و مێژووی پەرە پێدا و ئەم ڕوخسارانەی درووست کرد که‌ بە دەربڕینێکی زۆر پێکەنیناوەی و زمانپەشێوانەوه‌ پێیان دەڵێن؛ هونەرمەندی میلللی!


ئه‌م بابه‌ته 512 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر