کڵاشی کوردی

چاوخشاندنێک بە سەر مێژووی کڵاش؛ پێڵاوی کۆن و کەونینەی خەڵکی هەورامان.
PM:02:25:04/07/2021
دۆسیە: نەتەوەسازی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


بەناوبانگترین چەشنی پێڵاوی دەستچن وا لە شوێنە جۆرواجۆرەکانی "ئێران" لایەنگری زۆری هەبووە و تەنانەت هێندێک لە خەڵکانی دانیشتوی شار بە تایبەتی لە ڕۆژانی گەرمی ساڵ بە نیسبەت پێڵاوەکانی دیکە بە باشتری دەزانن، بە (گیوە یان کڵاش) ناو دەبرێت. مرۆڤ هەر لەو ڕۆژانەدا کە لە سەر زەوی دەستیکرد بە ڕۆشتن، هەستی بەمە کرد؛ کە بە بێ پۆشاک یان داپۆشێکی تایبەت بۆ قاچەکانی ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت. بە هۆی ئەمەوە هەوڵیدا لە ڕێگەی جۆراجۆرەوە داپۆشێک بۆ قاچەکانی خۆی دروست بکات، تا بەم  شێوەیە ڕۆشتن بۆی ئاسانتر ببێت. ڕەنگە یەکەمین داپۆشێک کە بۆ ئەم مەبەستە کەڵکی لێگیرابێت هەر ئەو داپۆشە بووبێت کە بۆ داپۆشانی ئەندامەکانی خوارەوەی لەش بە کاری هێناوە. بە پێی بەڵگە بەردەستەکان؛ ئەم بارودۆخە تا کاتێک مرۆڤ لەگەڵ ڕاووشکاردا ناسیاوەتی پەیدا کردووە درێژەی  هەبووە و لق و گەڵا و توێکڵی دارەکان بە هەمان شێوە کە تەنها پۆشاک و جلوبەرگی ئەو بووە،  هەروەها تەنها پێڵاویشی لە قەڵەم دەدران. بەڵام  لە دوای ناسیاوەتی  مرۆڤی یەکەم لە گەڵ ڕاووشکاری ئاژەڵەکان بارودۆخ  گۆڕاو و مرۆڤی یەکەم بۆ پێڵاوی  خۆی لە توێکڵی ئاژەڵەکان کەڵکی گرت. 

دواتر مرۆڤی یەکەم تێگەیشت کە دەتوانێت بە گۆڕانکارییەک لە ئێسقانی ئاژەڵە لەش-زللەکان وەکوو پێڵاو کەڵک وەربگرێت، بەم  شێوە پیشەی  پێڵاودووری پەیدا بوو. لە دوای ئەم لە دایکبوونە ڕەوتی گەشەسەندنی پیشەی پێڵاودووری وەک گەشەسەندنی ژیانی مرۆڤ بە خێراییەکی زۆرەوە بەرەو پێشچوو تا شوێنێک ئێستە کارگە گەورەکان بە یەک شێواز و یەک ئەندازە هەزاران پێڵاو لە چەند کاتژمێردا بۆ کەڵک لێورگرتنی ئینسان دروست دەکەن. 

هەڵبەت هێشتا لە هێندێک  لە شوێنەکانی  جیهان تەنانەت ئێراندا پێڵاوە  دەسچنەکانی مرۆڤ لایەنگرانی تایبەتی خۆی هەیە و هێندێک لە خەڵک بە تایبەت لە ناوچە جیاوازەکانی دەرەوەی دەڤەری شار ئەم جۆرە  پێڵاوانە لە پێڵاوە یەک شێوازەکانی کارگە بە باشتر دەزانن. لە خواره‌وه‌ سەرەتا  چاوێک بە سەر مێژووی بەرهەمهێنان و دروستکردنی "کڵاش" لە کوردستاندا دەخشێنین و دواتر دەپەرژێنینە سەر تاوتۆێکردنی  قۆناغەکانی دروستبوونی کڵاش، کە جۆرە پێڵاوێکی  ناوچەی کوردەوارییە و هەروەها دەپەرژێنینە سەر  تایبەتمەندییەکانی ئەم  جۆرە پێڵاوە. 

"کورتەیەک لە مێژووی گیوه"
 لە بارەی  گەشەسەندنی پیشەی بچووکی نگیوچنین" زانیارییەکی کەم لە بەردەست دایە. گیوه‌ لە بنەڕەتدا پێڵاوێکی سووک، پتەو و شیاوە بۆ ڕێپێوانی درێژ لە ڕێگە لێژ و ناهه‌مواره‌کاندا و بە پێی ئەم تایبەتمەندییانەوە زۆربەی خەڵک پەیدابوونی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ سەردەمانی زۆر کۆنتر لە پەیدابوونی چەشنەکانی دیکەی پێڵاو و هەر ئەمە بووە بە هۆی ئەوەی کە له‌دایکبوونی گیوه‌ بە ئەفسانەکانەوە گرێ بدرێت. ئەگەرچی لە زۆربەی سەرچاوەکاندا بەرهەمهێنانی یەکەمین گیوە(کڵاش) دراوەتە پاڵ گیو، پاڵەوانی چیرۆکی ئێران ( کە بە قسەی فردۆسی کوڕی گوودەرز و زاوای ڕۆستم بووە). دانەری کتێبی "بەهاری عەجەم" بە پێی فەرهەنگی قوسی نووسیویە؛ گیوە دراوەتە پاڵ "گیوی گوودەرز" و گیو ئەوەی لە کاتی سەرلێشێواوی لە وڵاتی تووراندا دروستکرد و خەڵکانی تر بە پێی بەڵگەی شانامە و لە لێکدانەوەی ئەم تیۆرییە وتوویانە کە کاتێک گیو بۆ گەڕانەوەی سیاوەش نەوەی  کەیکاووس و دایکی؛ فەرەنگیس چوو بۆ تورکستان حەوت ساڵ لەو وڵاتە سەرگەردان بوو و بۆ ئەوەی بۆ ڕێپێوانی درێژی خۆی پێویستی بە پێڵاوێکی پتەو، سووک و فێنک بوو گیوەی درووست کرد و دواتر هەمووی ئەو کەسانەی کە چاوەڕوانی وەها تایبەتمەندییەک  لە پێڵاو بوون، گیوەیان هه‌ڵبژارد و لە ماوەی سەدەکان و چاخەکاندا گۆڕانکارییان تێیدا درووست کرد. هەرچەند نازانین یەکەمین گیوەکان لە چی درووست کراون و شێوازی چۆن بووە. کۆمەڵێک بەڵگەمان لە بەر دەستە نیشان دەدات؛ کە سەدەی هەشتی هێجری سەردەمی ترۆپکی قازانج لە گیوه‌ بووە و پارێزگای "فارس" لە به‌رهه‌مهێنانی گیوه‌دا  جێگە و پێگەیەکی بەرچاوی  بووە و ئەم  مانایە  لەوێوە  هەڵئەگۆزرێ  کە "ئەبولعەباس زەڕکووبی شیرازی"  لە کتێبی "شیرازنامە" کە لە ساڵانی پێش لە ٧٥٤ی مانگی نووسراوە لە بازاڕی  گیوه‌چنان لە شیرازدا ئاماژەی پێکردووە و لە نامەگۆڕینەوەکانی خواجە ڕه‌شیدودین فەزلوڵا، گیوه‌ وەکوو یەکێک لە بەرهەمە دیاره‌کانی شاری کازروون ئاماژەی  پێکراوە.

‌‌البلخی؛ مێژوونووسی  ناودار لە ساڵی ١١٠٥ زایینییە وە بیردەخاتەوە کە غوندیجان  فارس (جەمیلەی ئەمڕۆ ) لە پیشەی گیوه‌چنیندا ناودار بووە و هەروەها مستەوفی زان لە ساڵی ١٣٤٠ زایینی کە سەردانی ئەو شوێنەی کردووە، دەنووسێت کە پیشەی گیوچنین لە ترۆپکی گەشەسەندنی خۆیدا بووە. لەم بارەوە عۆبەیدی زاکانی و نیزامه‌دین قاری؛ نووسەری کتێبی بەنرخی دیوانی جلوبه‌رگه‌ هه‌ندێ خاڵیان وەبیرهێناوەته‌وه‌ کە لە نێوان ئەوانەدا بەهای گیوه‌ و ئەمەی کە لە ئەو زەمانەدا ئامادەکردنی چەشنەکانی دیکەی پێڵاو بۆ هەموو کەسێک مەیسەر نەبووە، ڕوون ئەبێتەوە لە سەردەمی سەفەوییه‌کان بەو لاوە هاوشانی  گۆرانکارییەکانی تر کە لە بواره‌ جیاجیاکانی ژیانی خەڵک دروست بوو پێڵاویش گۆڕانکاری بە سەردا هات. لە سەردەمی سەفەوییەوە چینەکانی سەرەوەی کۆمەڵگا زۆرتر لە پێڵاوی تەواوچەرم کەڵکیان وەردەگرت و خەڵکە ئاساییەکان گیوه‌یان لە پێدەکرد و دیسانەوە هەر لەم سەردەمه‌دا ئەیبینین؛ کە لە شکڵ و شێوازی گیوه‌ گۆڕانکاری دروست ده‌بێت و گیوه‌چنە کۆنەکان هەوڵ دەدەن هەتاکوو کارکرده‌کانی گیوه‌ لە گەڵ  هەڵکەوتەی هەرێمی ئەو ناوچانەی  کە ئەبێ ڵێی کەڵک وەربگرێت، هاوسه‌نگ بکەن. لەم سەرده‌مه‌دا بێجگە لە "شیراز" کە بازاڕی فرۆشیارانی گیوەی هەبوو لە ئیسفەهانیش بازاڕێک بۆ بەرهەمهێنان و فرۆشی گیوه‌ درووست بوو و بە قسەی گەشتیارەکان شوێنەکەی لە دەورووبەری بازاری "عه‌لی قولی" خان بووە. لە نێوان بەڵگەکانی سەردەمەکانی دواتردا زۆر جار لە گەڵ ناوی گیوه‌، کارکرد و تەنانەت ناوونیشانی کەسە ناودارەکان کە بە گیوه‌چنینه‌وه‌ سەرقاڵ بوون، ڕووبەڕوودەبین. جوانترین ڕووکاری گیوه‌ لە ئابادە لە نێوان ڕێگەی ئیسفەهان و شیراز ده‌چنرا. هەر ئێسە لە زۆربەی ناوچەکانی ئێراندا درووست دەبێت و بەشە جۆرواجۆرەکانی کرماشان، ناوچەی هەورامان، ئابادە، کازەروون، بەهبەهان و دزفوول، بەشێک لە ئیسفەهان، چوارمەهاڵی بەختییاری، دێهاتی وەفس و سنجان لە پارێزگای مەرکەزی سەربە ناوچەکانی سەرەکی بەرهەمهێنانی گیوه‌ لە ئێرانن.
 
"چەشنەکانی گیوه"
گیوه‌ چەشنی جۆرواجۆری هەیە. دابەشکاری چەشنەکانی "گیوه"‌ بە پێی جۆری چنینی ڕووکار، ماتریاڵی بەکار هێنراو لە ژێری گیوه‌ و هەروەها شێوەی پەیوەستکردنی دوو بەشی پێڵاو بەیەکەوەیه‌. ڕووکاری "گیوه"‌ به‌ شێوازی چنین لە په‌تی هەورێشم یان پەموویی ناسک درووست ده‌که‌ن و ژێرەکەشی هەندێجار لە چەرم یان لاستیک و زۆر جار لە پارچە چه‌سپکراو و تێکچڕژاوه‌کان درووست ده‌که‌ن

"گرینگترین جۆرەکانی گیوه‌"

گیوه‌ی مەلیکی؛ ئەم جۆرە گیوه‌یه‌ ڕووکارێکی بەنرخی هەیە، سەرێک (نووکێکی) درێژی هەیە. رووکارەکەی درێژترە لە گیوه‌کانی دیکە و بە بەشی پشته‌وه‌ی پارچه‌یه‌ک چەرم دەدوورێت. بەشی ژێرەوەی ئەم جۆرە گیوه‌یه‌ لە قوماشی درووسکراو لە دەزگ و جلە کۆنە کرواسییەکان ئامادە دەبوو کە ئەم سەردەمە بۆ درووستکردنی ئه‌م گیوه‌یه‌ له‌ شەڕواڵی کۆنەی جین که‌ڵک وه‌رده‌گیردرێت، بەم شێوەیە کە پۆکه‌ی لەم قوماشانە و بە شێوەی تاڵگه‌لێکی ناسک به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و تانه‌که‌ی لە پێسی گا درووست دەکێت و هەروەها نووک و پاژنەی ته‌ختیش لە پێسی گا درووس دەبێت و دوای پەیوەستکردنی تان و پۆ بەیەکەوە، دەور تا دەوری پەراوێز دادەنێن و زیاده‌کانی دەبڕن و "تەخت" دروستی دەکەن کە بە " تەختی کۆنەیی " دان " تەختی مه‌لیکی" ناسراوە. 

گیوه‌ی ئاجیدە یان ئاجدە؛ جیاوازی ئەم گیوه‌یه‌ لە گەڵ مه‌لیکی لەمەدایە که‌ ڕووکارەکەی بە تەقەڵی درشتە و ناوەکەی  تەختی چەرمی تەقەڵ دراوە. 

گیوه‌ی تەختی چەرمی؛ ئەم جۆرە زۆر لە پێڵاوی ئاسایی دەچێت و تەختەکەی لە چەرم درووست کراوە. ئەم جۆرە گیوه‌یه‌ زۆرتر لە شارەکاندا بە کاری دێنن و بەم بۆنەوە بە گیوه‌ی شاری ناسراوە. 

گیوه‌ی لەتەیی؛ جیاوازیی سه‌ره‌کی ئەم گیوه‌یه‌ ‌ لە گەڵ جۆرەکانی دیکە، لەمە دایە کە لە ژێرەکەیدا تەنیا لە تیکەی قوماشی کۆنە، پێی دەلێن؛ لەتەیی کەڵک وەردەگیرێ.  
گیوه‌ی تەختی لاستیکی؛ جۆرە گیوه‌یه‌کی تەقەڵ درشت و کەم نرخە کە ژێرەوه‌ی  له‌لاستیکە. 

گیوه‌ی هەورێشمی؛ جۆرە گیوه‌یه‌کی ڕازاوە و مەجلیسییە کە تەختەکەی چەرمی و لاستیکییە بەڵام چنینی ئەم تەختە زۆر ناسکە. هەروەها ڕووکاری ئەم جۆرە گیوه‌یە لە تاڵی هەورێشمی ڕەنگاوڕەنگ تەنراوە و هه‌ندێجار زه‌نگیانه‌ش پێوه‌ ده‌دوورن.

گیوەی کوردی یان کڵاش؛ ئەم جۆرە کڵاشە کە مژاری سەرەکی ئەم لێکۆڵینەوەیەیه‌ تایبەتی کوردستانه‌ و جێگەی سەرەکی بەرهەمهێنانی ناوچەی هه‌ورامانه‌. گرینگترین تایبەتمەندییەک  کە کڵاش لە چەشنەکانی دیکەی گیوه‌ جیا دەکاته‌وه‌ ئه‌و ماده‌ و ماتریاڵانه‌یه‌ کە تێیدا بەکار دەبردرێت. ڕووکاری ئەم جۆرە کڵاشە له‌ تاڵی پەمەیی چنراوە و ژێرەکەی لە قوماشی چه‌سپاو و تێکچڕژاو دروست ده‌کرێت و لە بەر ئەمە کڵاش پێڵاوێکی سووک و نەرمه‌ و توانایی چەمینەوەی هەیە و شیاوی  ناوچە کوێستانییەکانە. بۆ ناسینی ئەم جۆرە کڵاشە پێویستە لە سەرەتادا ناوچەی جوغرافیی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی بناسرێت. 

"هه‌ورامان"

بەرهەمهێنانی کڵاش کە پێشینەی ١٥٠٠ ساڵەی هەیە و ئاسەواری بەجێماو لە کڵاشەکانی پیری شالیار، بەڵگەن بۆ ئەم بابەتە. لە بنەڕەتدا تایبەتی ناوچەی "هەورامان" بووە، بەڵام ئێستە لە زۆربەی پارێزگاکانی کوردستان و کرماشان و هەروەها باشووری کوردستان درووست دەبێت. "هەورامان یان ئەورامان" بە ناوچەیەک لە ڕۆژهه‌ڵات یان باشووری کوردستان ئەڵێن؛ کە سرووشتێکی زۆر جوانی هەیە. ئەورامان یان هەررامان لە دوو بەشی ئەهوورا و مان بە مانای ماڵ، شوێنگە و سەرزەوی درووست بووە. کەواتە؛ ئەورامان بە مانای وڵاتی ئەهورایی هوور دێت. یەکێک لە دیمەنە ڕەسەنه‌کانی ناوچەی هەورامان، بوونی دەربەندە پێچەڵ پڵووچ و قووڵەکان و کانیاوەکان و ڕووبارە زۆروزه‌به‌نده‌کانه‌ کە لە ئاوەکانییان دوو ڕووباری سیروان و لێڵه‌ پێکدێت. ئەم دوو ڕووبارە لە شوێنێک بە ناوی دڕۆڵە لە نێزیکی سنووری (ئێران و ئێراق) بە یەک دەگەن و ڕووباری زاب دروست دەکەن. هەرچەند بەشێکی زۆر لە ناوچەی هەورامان لە شاخە سەرکەشەکان پێکهاتووە، بەڵام لە چیا نزمەکان و داوێنی ئەم چیایانەدا دارستانگه‌لی چڕوپڕی زۆروزه‌به‌ند هه‌یه‌. ئەم دارستانانە سووتەمەنی زستانی خەڵکی ناوچەکە مسۆگەر دەکەن. خەڵکی ئەم ناوچەیه‌ بە زاراوەی کوردیی هەورامی قسە دەکەن. "پاوە" لە پارێزگەی کرماشان، سەوڵاوا و مەریوان لە پارێزگای کوردستان، گرینگترین شارەکانی ئەم ناوچەیه‌ن کە سەرەکیترین و کۆنترین ناوەندەکانی چنینی کڵاشیان تێدایە. دێهاتەکانی هەجێج، نۆدشە و هه‌ورامانی تەخت لە ناوەندە کۆنە گرینگه‌کانی بەرهەمهێنانی کڵاش دێنه‌ ئه‌ژمار کە هەموویان لەڕووی دابەشکارییەکانی پارێزگاوه‌ به‌شێکن له‌ سه‌وڵاوا.

"پێشینەی مێژوویی هه‌ورامان"

هه‌ورامانی تەخت کە لە ڕووی مێژووییەوە به‌ ناوەندی ناوچەی هه‌ورامان لە قەڵەم دەدرێت لادێیەکە کە هەرچەند لە ڕووی دابەشکارییەکانی پارێزگاوه‌ ده‌چێته‌ ژێربه‌شی سه‌وڵاواوه،‌ بەڵام ڕێگەی سەرەکی په‌یوەندیی سه‌وڵاوا جاده‌یه‌کی حەفتاو پێنج میترییە کە  ده‌چێته‌وه‌ "مه‌ریوان". ئەم دێهاتە لە ڕووی بیناسازی و میعمارییەوە بە شێوازێکە کە ئەگەر پاراستنی ڕەسەنایەتی و کولتووری  ئەبیانەییەکان و بیناسازیی ماسوولە لە تەنیشت یەک دانێین و پەرەی پێبدەین ئەبێتە هەورامانی تەخت. بەم پێیە بە هەزار ماسولە ناوی دەبەن. بیناسازیی هه‌ورامان  و سەرسەوزی ئەم ناوچە کوێستانییه‌ خەونی سەرکەوتن بەرەو بەهەشت دەنەخشێنێت. ماڵەکانی ئەم دێهاتە له‌ بەرد و زۆرتر بە شێوەی پلە پلە درووسکراون.  

بێجگە لە بیناسازیی تایبەتی  گوند، بوونی گۆڕی پیری شالیار و ڕێوڕەسمی تایبەتی، بووە بە هۆی سەرێتی ئەم گوندە لە چاوەی گوندەکانی دیکەی دەورو و بەر. بەم پێیه‌ خەڵکی ناوچەکە کە هێشتا جل و بەرگی کوردی له‌به‌ر ده‌که‌ن له‌ سه‌ر ئەم باوەڕن؛ کە هه‌ورامانی تەخت سەردەمانێک شارێکی مەزن بووە و ناوەندێتی تایبەتی بووە و بە هۆی ئەمەوە بە تەخت یان ناوەندی  (حکوومەتی) ناوچەییی هەورامان ناویان هێناوه‌. دروستکردنی پێڵاوی کڵاش کە لە زمانی خه‌ڵکیدا کاڵیشی پێده‌ڵێن، یەکێک لە پیشە سەرەکییەکانی خەڵکی ئەم گوندەیە و ئەم دەستچنانە وەها وردبینی و ناسکییەکیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ڵگرتووه‌ کە کڵاشی هەورامی به‌ باشترین چەشنی کڵاش لە قەڵەم دەدرێت. 

"قۆناغه‌کانی دروستکردنی کڵاش"

"کڵاش" بەپێچەوانەی چەشنەکانی دیکەی "گیوە" کە بۆ دروستکردنی ئەبێت سێ قۆناغی دروستکردنی ژێرە، ڕووکار و پێکەوە چەسپاندنی ئه‌م دوو بەشه‌ ئەنجام بدرێت تەنها دوو قۆناغی دروستکردنی هەیە لە بەر ئەوەی کە قۆناغی چەسپاندنی دوو بەشی ڕووکار و ژێره‌ی کڵاش یەک جار لە گەڵ چنراوی ڕووکار ئەنجام ئەدرێت بە واتایەکی تر ڕووکاری کڵاش ئەدورێته‌ ژێرەکەیەوە. 

به‌م پێیه‌ ئەبێت بڵێین؛ کڵاش پێڵاوێکە کە لە دوو بەشی سەرەکی دروست بووە. 

١. ڕووکاری کڵاش کە بە دەستی ئافرەتە گوندنشینه‌کان لە دەزووی  تایبەت کە لە زمانی خه‌ڵک بە "بەن" ناسراوە و دەرزی  کە بە "تەون" ناونراوە، دەدوورێت.

٢. تەختی پێڵاو کە لە ناوچەدا بە ژێرەی کڵاش ناسراوە و لە قوماشی تیکە تیکەی متقاڵ کە پەڕۆی پێ دەڵێن، دروست ده‌بێت و ده‌رخه‌ری لێهاتوویی و داهێنه‌ریی درووستکه‌ره‌که‌یه‌تی. 

ژێرەی کڵاش کە لە زمانی خۆماڵیدا بە ژێرەی پێڵاو ناو نراوە لە قوماشی کەتان دروستی دەکەن کە شێدار کراوە  و بە ئامێرێکی ئاسنین کە "پڕ مشتە" و لە زمانی فارسیدا "مشتە" یان "چەرمکوت" و لە زمانی کوردیدا "چەرمەکۆ" دەڵێن، ده‌کوتن و پته‌ویان کردووه‌، دروست ده‌بێت. هەروەها بە "مشتە چەرم" و ژێرەی کەتانی "کڵاش" کە لە تیکە تیکەی  بڕاو و قه‌دکراو کە لە تەنیشت یەکدا دانراون، پێش ئەوەی بە شێوازی کتێوی لە تەنیشت یەکدا داینێن و لە ناوەوە تاڵه‌کانی چەرمی تایبەت بە ناوی تیرە کە لە کوردیدا کاشی بەنی پێدەڵێن، دابنێن جارێکی تر له‌سه‌ر سەکۆیه‌کی چێوین کە لە بەر دەستیان دایە دەکوتن تاکوو بە تەواوی پتەو ببێت و ئامادە بێت بۆ کەڵک لێوەرگرتن. دوای ئەوە نۆرەی ئافرەتان دەگات تا ڕووکاری "کڵاش" که‌ لە جۆرە تاڵێکه‌ بە ناوی فریت(Frit) بە دەوران دەوری کڵاشدا بچنن. هەڵبەت پێش ئەمە بە پارچە ئاسنێک کە پێی ئەڵێن؛ هەسان و سه‌رێکیان  به‌ بەرد تێژ و ڕۆنکاری کردووە، له‌ ئه‌ندازه‌ و قه‌باره‌گه‌لی جۆراوجۆر ده‌یبڕن. دوای ئەوە دەزگێکی قایم کە لە تووکی بزن دروس بووە لە ناوەوەی ژێره‌ دەور تا دەور ڕه‌تده‌که‌ن تا ڕووکاره‌کە بچنن. لە کۆتاییدا و دوای چنینی ڕووکاره‌که‌ بە تەواوی بۆ پتەوبوونی زۆرتر سرێش کە لکێنه‌رێکی سرووشتی و لە توخمه‌ گیایی یان زیندەوەرییه‌کان دەگیرێت، ڕووکاره‌که‌ دەچەسپێنە ژێرەدا و هاوکات پەتێک کە لە پێستی گا دروست بووە و لە زمانی کوردیدا بە "پێستە" ناسراوە بە شێوەی تەقەڵی گەورە لە سێ شوێنی ژێری کڵاش ڕەت دەکەن و دوای ئەوە توند گرێی دەدەن بۆ ئەوەی پێلاو بەر لەوەی لە پێ بکرێت، شێوازه‌که‌ی نەگۆڕێت. 

"تایبەتمەندییەکانی کڵاش"

"کڵاش" تایبەتمەندی خۆی هەیە کە بووە بە هۆی ئەوەی کە لەم سه‌رده‌مەدا کە بازاڕی ئێران پڕ بووە لە هەموو جۆرە پێڵاوی کارگه‌یی، هێشتا وەک پێلاوێکی گشتیی به‌که‌ڵک نه‌ک ته‌نها بۆ جوانی و ڕازاندنه‌وه‌، کەڵکی لێوەردەگیرێت. یەکێک لە تایبەتمەندییە بێ هاوتاکانی "کڵاش" ئەمەیە کە ئەم پێڵاوە چەپ و ڕاستی نییە و ئینسان دەتوانێت هەر تایەکی له‌ هەر پێیەکی بکات. ئەم تایبەتمەندییە ناوازە لەمە بەر لە هەموو چەشنەکانی گیوەدا بوو، بەڵام درێژەی زەمان و کەڵکوەرگرتن لە ژێرە ماشینییەکان بوو بە هۆی ئەوەی کە ئێستە ئەم تایبەتمەندییه‌ی کڵاشە ببێت بە تایبەتمەندییەکی دەگمەن. یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی ئەم پێڵاوە؛ فێنک بوونیەتی کە ئەبێتە هۆی ئەوە پێی ئینسان هەموو کات فێنک بێت و لە بۆنی پیس و عارەقی پێشگری بکات،. تایبەتمەندیی دیکەی کڵاش ئەوەیە کە ڕەنگ نابێت. ئەم چەشنە بە پێچەوانەی چەشنەکانی دیکە بە تەنها ڕەنگی سپی هەیە. هەروەها پێش له‌ لەپێکردنی ئەبێت ژێرەکەی بماڵێتە سه‌ر چیمه‌ن و سه‌وزاییندا که‌ لە زمانی باوی خەڵک پێی ئەڵێن؛ سەوزەخۆر کردن، هەتا ئەو تۆزه‌که‌لێنانه‌ وا ماوەته‌وه‌ پڕ ببێتەوە و ئاو له‌ ژێره‌وه‌ی پێڵاوه‌که‌وه‌ دزه‌ نه‌کاته‌ ناوه‌وه‌. لە دواجاردا "کڵاش" سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی کە زۆربەی قۆناغه‌کانی چنین و دروسبوونی بەدەستی ژنان ئەنجام ئەدرێت به‌ پێڵاوێکی پیاوانە لە قەڵەم دەدرێت کە هاوتا و چه‌شنێکی ژنانه‌ی نییه‌. 

وه‌گێڕان و کۆکردنه‌وه‌/ سپێده‌ ساڵحی




ئه‌م بابه‌ته 353 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر