مافی ژنان لە بەڵگە نێودەوڵەتییەکاندا

گەرچی ژنان سەدان ساڵە بۆ دابین بوونی مافەکانیان خەبات دەکەن، بەڵام خەبات بۆ جێگیربوونی مافی مرۆڤی ژنان بە هۆی بزووتنەوەی نێودەوڵەتییەکەیان، خەباتێکی نوێیە.
PM:10:19:01/07/2021
دۆسیە: کلتوور و مرۆڤسازی


ئارمان ئەیوب ئەحمەد حسێنی
ڕۆژنامەنووس


گەرچی ژنان سەدان ساڵە بۆ دابین بوونی مافەکانیان خەبات دەکەن، بەڵام خەبات بۆ جێگیربوونی مافی مرۆڤی ژنان بە هۆی بزووتنەوەی نێودەوڵەتییەکەیان، خەباتێکی نوێیە. مادەکانی ١ و ٢ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ؛ وا باس دەکەن کە هەموو مرۆڤەکان بە ئازادی لەدایک دەبن، لە بواری ئابڕوو و مافەوە بەیەکەوە بەرابەرن و لە هەموو ماف و ئازادییە باس کراوەکان لە ڕاگەیەندراوی (جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ)دا دەبێت کەڵک وەربگرن. بەندی ١٥ی ڕاگەیەندراوی ساڵی ١٩٦٨ی کونفرانسی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ بە ڕاشکاوی ئاپارتایدی ڕەگەزی ڕەت دەکاتەوە و ڕادەگەیەنێ؛ ئەو هەڵاواردنەی کە لە سەرتاسەری جیهاندا ژنانی کردووەتە قوربانی دەبێت نەمێنێت. بە چاوی کەمتر و سووک سەیری ژن کردن بە پێچەوانەی جاڕنامەی دەوڵەتەیەکگرتووەکان و ڕاگەیەندراوەی جیهانی مافەکانی مرۆڤە. 

"مێژووی گەشەی مافەکانی مرۆڤی ژنان"

کاتێک چاو لە مێژووی گۆڕانی بەڵگە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە مافەکانی ژنان دەکەیت سێ قۆناغی جیاواز دەبینی کە هەرکامەیان تەعبیر لە زێهنییەت و تێگەیشتنی کۆمەڵگه‌ بە نیسبەت ژنان و بیروبۆچوونە جیاوازەکان بە نیسبەت ماف و پێگەی ژنانە لە نێو کۆمەڵگه‌دا دەکەن.

قۆناغی یەکەم؛ کە بە "سەردەمی پاڵپشتی" ناودێر کراوە و لەوێدا ژنان وەکوو گرووپێک کە نابێت یان ناتوانن کۆمەڵێک کار و ئەرکی تایبەت ئەنجام بدەن چاو لێکراوە و ژن وەکوو مرۆڤێکی گوێڕایەڵ چاوی لیکراوە. لەم قۆناغەدا کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای تایبەت بە ژنان دیاری کران کە دەبوو ژنان گوێڕایەڵیان بن و ژن وەک دایک و هاوسەر زۆرتر ئەرکەکانی لە نێوخۆی ماڵدا قەتیس کرابوو. لەوێدا هاتبوو بە هۆی ئەوەی کە ژنانیش وەکوو مناڵان ناتوانن پارێزگاری لە خۆیان بکەن، یاسا دەبوو دەوری پاڵپشت و پشتیوانیی گێڕابا بۆیان. بۆ نموونە کونوانسیۆنی پێوەندیدار بە ئیش و کاری شەوان بۆ ژنانی فەرمانبەر لە پیشە جیاوازەکاندا لە ساڵی ١٩٣٤ و ١٩٤٨ بە هۆی کونفڕانسی گشتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار گەڵاڵەکەی داڕێژرا و پەسەند کرا. هەروەها کە دەیبینین بەڵگەکانی ئەو سەردەمە بە بیانووی پشتیوانی لە ژن لە بەرامبەر هێندێک لە خەسارەکان، ژنیان لە کۆمەڵێک کار بێبەری و قەدەغە کرد، ئەمە بە مانایی ڕێزگرتن و دانی ماف بە ژن نەبوو بەڵکوو بیانوویەک بوو بۆ ئەوەی پیاوان ژنان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە.

قۆناغی دووەم؛ ژنان وەکوو "گرووپێکی جیاواز" کە پێویستییان بە هەڵسوکەوتی تایبەت و چاوەدێری هەبوو، چاو لێدەکرا. باوەڕەکە وابوو کە لە هێندێک حاڵەتی تایبەتدا لە تەک ژناندا هەڵسوکەوتی عادڵانە ناکرێت، بۆیە لەم قۆناغە وەکوو "قۆناغی گۆڕان وچاکسازی" ناو دەبرێت؛ بەم واتایە کە یاساکان دەبێت لە ڕاستەی چاوەدێرێیەکی تایبەت بە ژنان چاک بکرێن یان بگۆڕدرێن. لەم قۆناغەیشدا یاساکان ژنانیان وەکوو چینێکی جیاواز لە پیاوان چاو لێدەکرد؛ پیاوان وەکوو قوربانی هەڵاواردنی یاسایی حسێبیان بۆناکرێت. بۆ وێنە، قوربانیانی لەشفرۆشی نەک پیاوان، بەڵکوو ژنانن. 

قۆناغی سێیەم؛ بە "سەردەمی نەبوونی هەڵاواردن" ناودێر کرا. بەم شێوەیە کە لە بواری ڕەگەزییەوە ژن و پیاو وەک یەک چاو لێدەکران. نۆرمەکانی ئەم قۆناغە ئەو بڕوایەی کە ژنانی وەک گرووپێکی جیاواز دادەنا، رەت دەکردەوە و باوەڕمەند بە هەڵسوکەوتی بەرابەر بە نیسبەت ژن و پیاو بوو. هەڵبەت بەڵگە نێودەوڵەتییەکان کە ڕوون کەرەوەی ئەم بڕوایەن هێندێک پرسیان تایبەت بە ژنان داناوە، بەڵام هەڵاواردنی ڕەگەزی یان هەڵسوکەوت بە پێی ستانداردە جیاوازەکانیان لە سەر بنەمای ڕەگەزیان بە ڕوونی ڕەت کردووتەوە. جاڕنامەی ڕێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکان خۆی نموونەیەکی دیاریی ئەم چەشنە بەڵگانەیە کە بە ڕاشکاوی لە مادەکانی ٥٥ و ٥٦ دا پێداگرە لە سەر ئەم پرسە و لە مادەکانی ١٣، ٦٢ و ٧٦ی بنیاتە جیاوازەکان وەکوو، ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتییان بە ئامانجی پێوەست بوون بەم پرسە دروست کرد. 

بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین؛ بە هۆی ئەوەی کە نیگەرانی سەرەکی لە سەرتای سەدەی بیستەمەوە زۆرتر پێوەندی بە کڕین و فرۆشتن، بە کۆیلە کردن و خۆفرۆشی ژنان بوو و هەتا ئەوڕۆیش کۆمەڵگای جیهانی نەیتوانیووە بە تەواوی ئەم مەترسییانە ڕیشەکەن بکات و نابەرابەری مافی ژنان و پیاوان لە بابەت گەلێکی وەک تەڵاق، مافی لێخوڕینی سەیارە، مافی مارەبڕین ژن بە پیاو و بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسی و ....هتد. بە پرسی مافی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاری جیهانیدا کراون، بەڵام هێشتا لە زۆر شوێنی ئەم گۆیی زەویەدا ژنان مافەکانیان پێشێل دەکرێ و بە چاوی سووکەوە چاویان لێدەکرێت.

"جاڕنامەی نێودەوڵەتی (نێو نەتەوەیی) مافەکانی ژنان"

هه‌بوونی پێشەکیی و ٣٠ مادە لە کونوانسیۆن یان جارنامەی ساڵی ١٩٧٩ کە بە یەکێک لە دە بەڵگەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە پرسی مافی ژنان کە هەوڵ بۆ کەم کردن و لابردنی هەڵاواردنی نانەجێ و ناڕەوا دژ بە ژنانە لە ڕاستەی بنەما پەسەند کراوەکانی جاڕنامەی ڕێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکانە، ڕاگەیەندراوی مافەکانی مرۆڤ و ڕاگەیەندروای مافە مەدەنی و سیاسییەکان و هەروەها  ڕاگەیەندراوی مافە کولتووری، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، پێداگرن لە سەر بەرابەری مافەکانی ژن و پیاو لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کولتووری، ئابووری و کۆمەڵایەتی و بە فەرمی دەیانناسێت. بە پێی جاڕنامە تاکە ڕێگا بۆ دروست کردنی سیستەمێکی پێشکەوتووی نێودەوڵەتی، دابین بوونی بەرابەری و عەداڵەتە لە نێوان ژن و پیاودا. بە گشتی دەبێت بڵێین؛ کونوانسیۆن مرۆڤی وەکوو مرۆڤ و بە بێ جیاوازی دانانی ڕەگەزی بە خاوەن ماف دەزانێت. بە پێی پێناسەی ئەم کونوانسیۆنە هەڵاواردن بە مانای هەر چەشنە جیاوازیدانان، تێبینی یان سنووردانانێکە کە کاریگەریی نەرێنی لە سەر مافە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری و مەدەنییەکانی و .... ژنان دادەنێت. 

"هێندێک لەو بنەما و مافانەی کە بە فەرمی لە جاڕنامەدا ناسێندراون"

بەرابەری مافەکانی ژن و پیاو لە هەموو ڕەهەندەکانی کولتووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری، ڕەوا نەبوونی هەڵاواردنی دژ بە ژنان بە هەموو شێوەیەک و بە هۆی هەر کەس، ڕێکخراو و شەریکەیەکەو بێت، دابەش کردنی بەرپرسیاریەتی لە نێوان ژن و پیاو بە تایبەتی لە پرسی پەروەردەی مناڵان، هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی سزادانان کە دەبوونە هۆی هەڵاواردنی دژ بە ژنان، پاڵپشتی یاسایی لە ژنانی دووگیان و دایکان، سڕینەوەی بیری دواکەوتووی بە زەعیفە و کەم چاو لە ژن کردن، پێشگرتن لە کەڵک ئاژووتن لە ژنان و بە کۆیلە کردنیان، پێدانی مافی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و ڕاپرسییەکان، ئازاد بوون لە هەڵبژاردنی پیشە و سڕینەوەی بیری هەڵاواردنی پیشەیی و کاری دژ بە ژنان و دابین کردنی ئەمنییەتی کاری و ئازاد بوون لە دیاریکردنی شوێنی مانەوە و نیشتەجێ بوون، ئازاد بوونی ژن و پیاو لە هەڵبژاردنی شەریکی ژیانیان و دەیان خاڵی دیکە هەن کە لە جاڕنامەی گشتی مافەکانی مرۆڤدا پەسەند کراون و لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا تا ڕادەیەکی زۆر ئەم خاڵانە چەسپێندراو و کاریان پێ دەکریت. بەڵام دەبینین لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە داخەوە هێشتا ژن بە هۆی ئەوەی حازر نییە لە تەک کەسێک کە مەیلێکی بۆ نییە زەواج بکات، دەبێتە قوربانی. بە دەیان خاڵیی جێی ئاماژەی دیکە هەن کە هێشتا لەم کۆمەڵگای ئێمەدا مافی ژنان پێشێل دەکرێت و ڕۆژانە قوربانی بۆ دەدەن.

"کێشەکانی پێوەندیدار بە جاڕنامە"
 
بە لە بەر چاو گرتنی ئەوەی کە ئێستا سەرەوەی لەسەددا نەوەدی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکان ئەندامن لە جاڕنامەی جیهانی، ئەم جاڕنامەیە بە نیسبەت کونوانسیۆنەکانی دیکەیی مافەکانی مرۆڤ، گەرەنتی جێبەجێ بوونی لاوازترە. جیا لەوەی کە زۆرێک لە وڵاتان بە هۆی مەرج و پێش شەرتەکانیان بوون بە هۆی لاواز بوونی کونوانسیۆن، سێ هۆکاری سەرەکی هەن کە تا ئەوڕۆ ڕێگر بوون لە سەرکەوتوویی و گەیشتنی ئەم جاڕنامەیە بە ئارمانەکانی؛

یەکەم؛ لاواز بوونی سیستەمی چاوەدێریی کونوانسیۆن.

دووەم؛ رێکارە ئیجراییە ناکافییەکان.

سێیەم؛ ئەو کێشانەن کە بە هۆی داڕشتن و نووسینی دەقی کونوانسیۆنەوە سەریان هەڵدا، (کە زۆرتر بە مەبەستی ڕاکێشان و پەیوەست بوونی ژمارەیەکی زۆرتر وڵاتی ئەندام لە ڕێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووە بوو).

بە پێی مادەی ٢١ی کونوانسیۆن ئەرکێکی قورس کەوتووەتە سەر شانی کومیتەی لابردنی هەڵاواردنی دژ بە ژنان، مادەی ٢٠ دەڵێت؛ پێویستە ئەم کومیتەیە بە شێوەی ئاسایی لە ساڵدا زیاتر لە دوو هەفتە کۆبوونەوە بۆ پێداچوونە بەو ڕاپۆرتانەی کە لە وڵاتەنەوە گەیشتوون بکات بەڵام بە پێی مادەی ١٨ ناتوانێت و ئەمە خۆی کێشەسازە.

داڕێژەرانی یاسا بە مەبەستی کەم کردنەوەی تێچووەکان ئەم سنوورەیان داناوە لە کاتێکدا بە کردەوە کاتێکی زۆرتر پێویستە بۆ پێداچوونەوە بە دۆخی مافی ژنان و دانەوەی ڕاپۆرت بە کۆڕی گشتی دەوڵەتەیەکگرتووەکان. هەروەها ئەم کومیتەیە سەرچاوەی مادی و مەعنەوی پێویستی بۆ ئەنجامی ئەرکە قورسەکانی خۆی نییە.

کێشەی دووەم؛ ئەمەیە گەر چی لەم ساڵانەی دواییدا نەختێک باشتر بووە، بەڵام هێشتا پلانی پاڵپشتی لە مافەکانی ژن بە نیسبەت تەواو بەشەکانی دیکەی پشتیوانی مافەکانی مرۆڤ لە ڕێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکان کەم ڕەنگ و پەراوێز خراوە. یەکێکی دیکە لە کێشەکان ئەوەیە کە وڵاتان یان ڕاپۆرتەکانی خۆیان درەنگ دەنێرن یان پێچەوانەی یاساکە چەواشەکاری دەکەن و ڕاستییەکان دەشارنەوە و کومیتەش دەتوانێ دوایی پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتەکان، تەنیا پێشنیار بدات. 

هەروەها بە پێچەوانەی مادەی ١١ی کونوانسیۆنی نەهێشتنی ئەشکەنجە و ئازار کە لەوێدا ڕێکارەکانی سکاڵای دەوڵەتەکان دژ بە یەکتر پێشبینی کراوە، لەم کونوانسیۆنە ئیمکانی گەڵاڵەی سکاڵا لە لایەن دەوڵەتێک دژ بە دەوڵەتێکی دیکە بە هۆی هەڵاواردنی ڕەگەزی بە شێوەی سەربەخۆ و بە بێ لە بەرچاوگرتنی مافی نیشتەجێ بوونی قوربانیی هەڵاواردنی ماف، بوونی نییە. 

"هەوڵەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکان بۆ ریشەکەن کردنی کێشەکانی ژنان"

رێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکان گەر چی هەوڵی زۆری بۆ پەسەند کردن و ڕوون کردنەوەی بابەتەکانی پێوەندیدار بە پرسی ژنانی هەموو جیهان و هەروەها بزواندنی هەست و ئێحساسی کۆمەڵگای جیهانی و ڕاکێشانی سەرنج و دابینکردنی پێویستییەکان و جێگیرکردنی ئەو بیرەی کە پێشکەوتنی ژنان پێش شەرتی گەشەیە و توانا بوونی ژنان، توانا بوونی هەموو مرۆڤایەتییە و زۆر خاڵێ دیکەدا دەورێکی ئەساسی گێڕا. بە شێوەیەکی گشتی هەوڵەکانی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی لە بواری گەشە و باشتربوونی دۆخی ژنان و بە فەرمی ناسینی مافە مرۆڤییەکانی دەتوانین ئاوەها دابەش بکەین؛

1- دروست کردنی بونیاتە ئیجراییەکان: کومیسیۆنی جێگا و پێگەی ژن، کەرتی پێشکەوتنی ژنان، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی توێژینەوە و فێرکردن بۆ گەشەی ژنان (INSTRAW ) و سندوق گەشەی ڕیکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان (UNIFEM) ، ئۆرگانە بەڵێندەرەکانی چاوەدێر بە سەر جێبەجێ بوونی کونوانسیۆنە نێودەوڵەتییەکانی وەکوو، کومیتەی نەهێشتنی هەڵاواردنی دژ بە ژنان و کومیتەی مافی مناڵان و...هتد. 
 
2- گرتنە پێشی ڕێوشوێن و ڕێکارە تایبەتەکان؛  رۆژی جیهانی ژن ٨ی مارس و بەستنی چەندەها کونفڕانسی نێودەوڵەتی وەکوو، مەکزیکۆ لە ساڵی ١٩٧٥، کوپینهاک ساڵی ١٩٨٠، نایرونی ساڵی ١٩٨٥ و کونفڕانسی پکەن لە ساڵی ١٩٩٥ و هەروەها دانیشتنی تایبەتی کۆڕی گشتی لە ساڵی ٢٠٠٠ بە دروشمی بەرابەری ڕەگەزی، گەشە و ئاشتی بۆ سەدەی ٢١.

3- پەسەند کردنی بەڵگەکان لە چوارچێوەی ڕاگەیەندراو، کونوانسیۆن، جاڕنامە، پرۆتۆکۆل و ڕاسپاردەکان بە مەبەستی باشتر بوونی دۆخی ژنان لە هەموو جیهاندا.

بە گشتی لە نێوان ژن و پیاو جیاوازییەک نییە و هەر دوو ڕەگەز مرۆڤن. جیاوازی تەنیا لە بواری بیۆلۆژیکییەوە هەیە. کەواتە دەبێت لە ڕوانگەی مرۆڤایەتییەوە بڕوانینە ژن و پیاو و دەبێت هەموومان هەوڵ بدەین بۆ جێگیر بوونی ئەو ئەقڵیەتەی کە لە هەموو بوارەکاندا بەرابەرین و بەیەکەوە دەتوانین ژیانێکی ئازاد و بەختەوەرمان هەبێت. 


ئه‌م بابه‌ته 595 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر