گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت

کوردەکان گەورەترین گەل و نەتەوەن کە تا ئێستا وڵاتێکی سەربەخۆی خۆیانیان نییە.
PM:07:30:01/07/2021
دۆسیە: کورد لە چاوی ئەواندا


یۆهان فرانزن
مامۆستای باڵای مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانکۆی ڕۆژهەڵاتی بەریتانیا.


مێژووی کوردەکانی ئێراق؛ گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت"

دەگوترێت کوردەکان گەورەترین گەل و نەتەوەن کە تا ئێستا وڵاتێکی سەربەخۆی خۆیانیان نییە. لێ ئەو هزرەی کە قسەکەرانی چەندان شێوەزاری جیاوازی کوردی "بەسەر ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، باکووری ئێراق و ڕۆژئاوای ئێران و بەشێکی کەمی باکووری سووریا، ئەرمینیا و باکووری ڕۆژئاوای سووریا دابەش بوون" گەلێکی یەکگرتوو پێکدەهێنن.

زمانی کوردی لقێکە لە گرووپی زمانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران و لە بنەڕەتدا لەو گەلانە هاتووە کە لە کتێبی پیرۆزی ئینجیلدا بە میدیاییەکان، ئێرانی ئێستا ناسێندراون. تۆمارە سەرەتایییەکانی میزۆپۆتامیا باس لە هۆز و خێڵگەلێک دەکەن کە دەکرێ ناوەکانیان بە کورد-ه‌وە گرێ بدرێن، بەڵام کوردە مۆدێرنەکان ناکرێ تەنێ تاکە کەلەپوورێکی نەژادیی لەمێژینەیان هەبێت؛ بەدیاریکراوی، هۆزەکە بۆ ماوەیەکی زۆر ئاستی بنەڕەتیی ناسنامە و ڕێکخراو بووە.

ناوی "کورد" دەکرێ بەدیاریکراوی بۆ سەردەمی دوای هاتنەسەر ئایینی ئیسلامی هۆزەکان لە سەدەی حەوتەم بگەڕێتەوە. تەنانەت دوای ئەو سەردەمەیش، هەر بەشێوەیەکی بەرچاو لەشێوەی گرووپی کۆچەری بوونیان هەبووە نەک لەشێوەی نیشتەجێبوون لە نیشتیمانێکی دیاریکراو. لەگەڵ ئەوەشدا، کوردەکان کاریگەریی دیار و بەرچاوی سەربازیشیان هەبووە، ئەوەیش لە سەردەمی (سەڵاحەددین یوسفی کوڕی ئەیوب -1137-1193)، کە بە سەڵاحەددین ناسراوە گەیشتە چڵەپۆپە؛ سەڵاحەددینی ئەیوبی سەرکردەیەکی جەنگیی کورد بوو کە ئیمپڕاتۆرییەتەکەی بەشی زۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقای دەگرتەوە.

ئەو ناوچە بەرفراوانەی لەڕووی مێژووییەوە بە کوردستان ناسراوە، هەرگیز دیاریکراو نەبووە. بەر لە سەدەی بیستەم، کوردەکان بە زۆری لە سنووری دەرەوەی ئیمپڕاتۆرییەتەکان، لە شێوەی یەکێتیی هۆزەکیی نیمچە سەربەخۆکان لە دۆڵی شاخە دوورەدەستەکاندا دەژیان. هەرچەندە زۆرینەی کوردەکان لەسەر مەزهەبی سوننەن، بەڵام کەمینەیەکی زۆریش پەیڕەوی لە کۆمەڵێک لە ئایینە جیاجیاکانی دیکە دەکەن. ناسنامە هۆزەکییەکان جیا بوون و کوردێکی بەشی باکوور لە شاری دیاربەکر (ئامەد) بە زەحمەت لە کوردێکی بەشی باشووری خەڵکی شاری هەولێر تێدەگەیشت، چونکە زمانیان تاڕادەیەکی زۆر جیاواز بووە.

بەڵام لە کاتی شۆڕش و لە سەروبەندی جەنگی جیهانیی یەکەم و دوای جەنگیش، سەرجەم ئەمانە گۆڕانکارییان بەسەردا هات. دوای ئەوەی لەلایەن هاوپەیمانانەوە ڕووخێندرا، ئیمپڕاتۆڕییەتی عوسمانی بوو بە چەند وڵاتێکی نوێ. چارەنووسی کوردەکان بەشێکی ئەجێنداکە بوو لە گفتوگۆکانی قۆناغی دوای جەنگ کە بەدرێژایی ساڵی 1919 درێژەی هەبوو و بە دامەزراندنی کۆمەڵەی گەلان لە سەرەتای ساڵی 1920ـدا گەیشتە لوتکە. لیژنەیەکی سەربەخۆیی کورد وتاریان پێشکەشکرد لە کۆنگرەی ئاشتی لە شاری پاریس و، بۆ ماوەیەک، هزری دەوڵەتێکی کوردی پێشوازیی لێکرا و بووە باسوخواس. لە مانگی ئابی ساڵی 1920ـدا، پەیماننامەی ئاشتی لە سیڤەر لەگەڵ تورکیادا واژۆ کرا، کە یەکێک لە بەندەکانی بریتی بوو لە؛ "گەر لە ماوەی ساڵێکدا... گەلی کورد... دەبێت بەشێوەیەک خۆیان بۆ کۆمەڵەی گەلان بسەلمێنن تا نیشانی بدەن کە زۆرینەی دانیشتووان... خوازیاری وەرگرتنی سەربەخۆیین لە تورکیا و، گەر ئەنجومەنەکە بێتە سەر ئەو باوەڕەی کە گەلی کورد توانای سەربەخۆییان هەیە، ئەوا داوای پێدانی سەربەخۆیی بە کوردەکان دەکات، لێرەوە تورکیا ڕەزامەند دەبێت بە جێبەجێکردنی داوایەکی لەم چەشنە و، دەستبەرداربوون لە سەرجەم ماف و شایستەکانی بەسەر ئەم ناوچانەوە".

دوا بەدوای جەنگی جیهانیی دووەم، یەکەمین کۆرپەلەی بزووتنەوەیەکی نەتەوەپەرست (ناسیۆنالیزم)ـی کوردیی یەکگرتوو چەکەرەی کرد. بەڵام، بەر لەوەی بتوانرێت نەخشەیەکی لەم جۆرە جێبەجێ بکرێت، بزووتنەوەیەکی نەتەوەپەرستی تورک بە سەرکردایەتیی مستەفا کەمال ئەتاتورک شوێنی سوپای تێکشکاوی داگیرکاری گرتەوە و، لە جەنگێکی ئازادکردندا، هێزە داگیرکەرەکانی لە ئەنادۆڵ وەدەر نا. کاتێک کەشەکە ئارام بوویەوە، هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر پێداچوونەوە بە پەیمانی سیڤەر ڕێککەوتن. لە پەیمانە نوێکەی ئاشتیدا، کە لە ساڵی 1923ـدا لە لۆزان واژۆ کرا، ئەو بەندەی بەڵێنی سەربەخۆیی کوردی دا، نەمابوو. لەبری ئەوە، کوردەکان بەسەر هەریەک لە وڵاتانی تورکیا، ئێراق، سووریا و ئێران دابەش کران. 

بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیزمی کوردی بە هێواشی بوونیاد نرا و، گەرچی لەماوەی ئینتیدابی بەریتانیا بەسەر ئێراقدا ناڕەزایەتیی پچڕپچڕی کوردەکان هەبوون، لێ ئەم ناڕەزایەتییانە بە زۆری پرسی ناوخۆیی و هۆزەکی بوون. لەگەڵ ئەوەشدا بە سەردەمیانەبوونی دەوڵەتی نوێی ئێراق، ئاگایییەکی پلەبەندی 'نەتەوەیی' دەستی بە گەشەسەندن کرد. لەڕێی بەستانداردکردنی زمانی کوردییەوە، کە لە قوتابخانە کوردییەکانی باکووری ئێراق دەگووترایەوە کولتوورێکی سەرەتایی ئەدەبی کوردی هاتە بوون.

"کۆمارە کورتتەمەنەکە"

ماوەیەکی کەم دوای جەنگ، کۆمارێکی کوردی بە هاوکاریی یەکێتیی سۆڤییەتی پێشوو لە شاری مەهاباد لە ئێران لەدایک بوو. فەرماندە سەربازییەکەی "مەلا مستەفا بارزانی"، ناسیۆنالیستی نەبەزی کورد بوو و، لەوکاتە بەدواوە بنەماڵەی "بارزان" سەرقافڵەی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کورد بووە. "کۆماری مەهاباد" بە خێرایی لەلایەن ئێرانەوە ڕووخێندرا و، بارزانی پەنای بردە بەر یەکێتیی سۆڤییەت و لەوێ مایەوە تا ئەو کاتەی شۆڕشێک لە مانگی تەمموزی ساڵی 1958ـدا ڕژێمی پاشایەتیی ئێراقی ڕووخاند کە بەریتانیا دایمەزراندبوو. لەو کاتەدا، بارزانی گەڕایەوە و ڕابەرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد، کە کۆکراوەیەکی ناسیۆنالیستە چەپرەوەکان و ئاغا هۆزەکییە پارێزکارەکان بوو.

دڵنیاکردنەوە لەلایەن ڕژێمی سەربازیی نوێوە کە مافەکانی کورد لە دەستوورێکی نوێ جێگیر دەکرێن سەرەتا وەک ئاماژەی هەڵهاتنی خۆری دەسپێکێکی نوێ خۆی نوواند. بەڵام دانوستانەکانی نێوان (بارزانی و عه‌بدولکه‌ریم قاسم)، سەرۆکوەزیرانی نوێی ئێراق، نوشوستیان هێنا. داخوازییەکانی بارزانی بۆ ئۆتۆنۆمی زۆر دوور لە بەجێهێنان بوون و، لەنێو داخوازییەکاندا کردنی کەرکووکی دەوڵەمەند بە نەوت بوو بە "پایتەخت"ـی کوردستان. سەرەنجام، بنبەستەکە شەڕێکی بەرفراوانی لێ کەوتەوە لە نێوان حکومەت و کوردەکان، کە یەکەی سەربازییان بە ناوی پێشمەرگە پێک هێنابوو بۆ شوێنگرتنەوەی سوپای ئێراق.

ئەگەرچی ڕژێمی عه‌بدولکه‌ریم قاسم) لە ساڵی 1963ـدا لە دەسەڵات لادرا، بەڵام ڕژێمە سەربازییەکانی دواتر پەیڕەوی شێوازێکی هاوشێوەیان کرد؛ گەڕان بەدوای چارەسەر لەڕێی دانوستان، بەڵام سەرەنجام ئەنجامدانی کردەی سەربازی دژی کوردەکان. تا دەهات شای ئێران و ئیسرائیل هاوکاریی دارایی و لۆجستیی زیاتریان پێشکەش بە شۆڕشگێڕەکانی کورد دەکرد، ئەوەیش بە مەبەستی لاوازکردنی حکومەتی ئێراق.

"ڕووبەڕووبوونەوەی سەدام"
 
کاتێک حیزبی بەعس لە ساڵی 1968ـدا دەسەڵاتی گرتە دەست، سەدام حوسێن بەرپرسیارێتیی دانوستانەکانی گرتە دەست و توانی سەرکەوتووانە لە مانگی ئازاری ساڵی 1970ـدا لەگەڵ مەلا مستەفای بارزانیدا بگاتە ڕێککەوتن. هەرچەندە ڕێککەوتنەکە دانسقەترین ڕێککەوتن بوو کە لە مێژوودا لەلایەن حکومەتی ئێراقەوە ئیمزا کرابێت - بەڵێنی ئۆتۆنۆمیی درێژخایەن بە دەستەبەریکردنی زمانی کوردی، گەرەنتیی بەرپرسە کوردەکان لە ناوچە کوردییەکان و دامەزراوەیەکی جیای یاسادانانی دابوو - بەڵام زوو ئەوە ڕوون بوویەوە کە ئەوە بۆ کوردەکان بەس نییە. لە ساڵی 1974ـدا جارێکی دیکە شەڕ هەڵگیرسایەوە، بەڵام ئەمجارە بەشێوەیەکی پچڕپچڕ. ئەوکاتە، شای ئێران، هاوشانی سی ئای ئەی، ساڵانە ملیۆنەها دۆلار و، هاوکاریی ماوەدرێژی لۆجستییان بەنێو سنوورەکان بۆ کورد دابین دەکرد. تەنانەت بۆ هاوکاریی شۆڕش، ئێرانییەکان هێزی سەربازییان بە جلوبەرگی پێشمەرگەوە جێگیر کرد.

کاتێک شا بەشێوەیەکی کتوپڕ لە مانگی ئازاری ساڵی 1975ـدا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ سەدام حسێندا کرد، بەڵێنی بڕینی هاوکاریی کوردەکانی دا لە بەرانبەر سازشی "ئێراق" لە پرسی سنوور، هێزەکانی "ئێراق" بە خێرایی جووڵەیان کرد نوشوستیان بە شۆڕش هێنا و بوونە هۆی ئاوارەبوونی 200 هەزار هاووڵاتیی کورد بەرەو ئێران. دواتر، کوردەکان حکومەتیان بە پیادەکردنی سیاسەتی "بەعەرەبکردن" لە هەرێمەکە تۆمەتبار کرد. بۆیە هیچ جێی سەرسوڕمانێکی گەورە نەبوو کە، کاتێک ئێراق لە ساڵی 1980ـدا هێرشی کردە سەر ئێران، کە هەرچەندە لەوکاتەدا ئێران لەدوای لادانی ڕژێمی شا لە ساڵی 1978-1979ـدا ببوویە کۆمارێکی ئیسلامی، بەڵام سەرەنجام کوردەکان لایەنگریی ئێرانیان کرد. کوردەکان باجێکی قوڕسی بڕیارەکەیانیان دا؛ لەلایەن ڕژێمی سەدام حسێنەوە بە ناپاک لە قەڵەم دران و لە کۆتاییی جەنگەکەدا ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی (ئەنفال)ـی تەواو دڕندانە بوونەوە کە تێیدا هەزاران هاووڵاتیی مەدەنیی کورد شەهید کران، ئەوەیش کاتێک حکومەتی ئێراق ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵ کردەوە کە لەژێر دەسەڵاتی ئێران و کوردەکاندا بوون. 

ئاستەنگیی هاوشێوە دووچاری کوردەکان بوویەوە، کاتێک دوای داگیرکردنی کوێت لەلایەن ئێراقەوە و تێکشکاندنی لە سەرەتای ساڵی 1991ـدا لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە، هاوشانی دانیشتووانی شیعەی باشووری ئێراق سەر لەنوێ ڕاپەڕینیان بەرپا کردەوە. ڕاپەڕینەکە زوو سەرکوت کرا و، کاتێک ڕۆژئاوا سەیری کرد، ملیۆنان کورد لە ماڵەکانیان دوورخرابوونەوە. بەشێک لە هاووڵاتییانی کورد بۆ پارێزراوی ڕوویان لە ئەوروپا و وڵاتانی دیکە کرد. سەرەنجام، چەرمەسەریی کوردەکان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار بە هاتنەدەنگ کرد. خۆشبەختانە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا هێڵی دژەفڕینیان لە باکوور چەسپاند کە بەشێوەیەکی کاریگەر ڕێگای بە کوردەکان دا لەژێر پارێزگاریی ڕۆژئاوا کیانێکی نیمچە دەوڵەتی سەربەخۆ دابمەزرێنن. لەکاتێکدا ڕژێمی سەدام ڕووبەڕووی سزای نێودەوڵەتیی قوڕس دەبوویەوە تا ئەو کاتەی لەڕێی هێرشەکەی ساڵی 2003ـدا بە ناچاری لەسەر حوکم لادرا، کوردەکان بەردەوام بوون لە گەشەپێدانی دامودەزگاکانی حکومەتی خۆیان.
دوای جەنگەکە، هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ڕەسمی لە دەستووری نوێی ئێراقدا دانی پێدا نرا و، حکومەتێکی هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتیی مەسعود بارزانی، کوڕی مەلا مستەفا بارزانی دامەزرێنرا. لەگەڵ ئەوەشدا، وێڕای لەناوبرانی بەزۆری سەرجەم پاشماوەکانی ڕژێمی سەدام لەڕێی مەرسومێکی "پاککردنەوە لە بەعس"ـی ئەمریکا، بەڵام پەیوەندیی نێوان کوردەکان و سەرجەم حکومەتانی قۆناغی دوای هێرشی ساڵی 2003، کە لەلایەن پارتە سیاسییەکانی شیعەوە پێکهێنراوە، بەردەوام پڕ لە هەوراز و نشێو بووە. هەرچەندە خۆ جەنگی ڕاستەوخۆ بەدوور گیراوە، لێ ناکۆکی لەمەڕ بەشکردنی داهاتەکانی نەوت بەردەوام زیانی بە پەیوەندییەکان گەیاندووە. 

"دەنگدان بۆ سەربەخۆیی"

سەرکردایەتیی کورد، کە بۆ ماوەی زیاتر لە 70 ساڵ لەلایەن بارزانییەکانەوە (نێچیرڤان بارزانیی برازای مەسعود بارزانی و سەرۆکی ئێستا) ڕابەرایەتیی کراوە، بەردەوام لە هەوڵی سەربەخۆییدا بووە. لە ساڵی 2017ـدا، سەرۆک "مەسعود بارزانی" جاڕی ڕێفراندۆمێکی سەربەخۆیی دا و، لە مانگی سێپتەمبەری هەمان ساڵدا ڕێفراندۆمێک ئەنجام درا، نزیکەی 93%ـی هاووڵاتییان دەنگیان بە سەربەخۆیی دا. حکومەتی ئێراق یاساییبوونی ڕیفراندۆمەکەی ڕەت کردەوە و، هەرزوو گرژییەکان سەریان کێشا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە شاری کەرکووک، کە تێیدا هێزەکانی حکومەت دەسەڵاتیان چەسپاندەوە و ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵ کردەوە کە لە ساڵانی پێشتردا و لە شەڕی دژی داعشدا لەلایەن پێشمەرگەی کوردەوە کۆنترۆڵ کرابوون. بەشێوەیەکی بنچینەییش، ناوچەکان بریتی بوون لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک.

کوردەکان زوو بۆیان دەرکەوت کە تورکیا و ئێران سوور بوون لەسەر ڕێگەگرتن لە سەربەخۆیی کورد بە هەر نرخێک بێت و، تەنانەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش، کە سەرکردایەتیی کورد وەک هاوپەیمانێک لێی دەڕوانی، دەستتێوەردانی نەکرد کاتێک ئێراق خەونی سەربەخۆیی کوردەکانی هەڵگوشی. لەمڕۆدا، سەدەیەک دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار هزری دەوڵەتێکی کوردی سەری هەڵداوە، سەربەخۆیی کورد وەک هەمیشە کارێکی پڕ زەحمەت و سەختییە.

وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا



ئه‌م بابه‌ته 534 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر