مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین

ئەسڵی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین؛ یەکێک لە بنەما نوێیەکانی یاسای نێودەوڵەتییە.
PM:11:24:17/06/2021
دۆسیە: نەتەوەسازی


ئارمان ئەیوب ئەحمەد حسێنی
ڕۆژنامەنووس


مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین لە چوارچێوەی دەوڵەتەیەکگرتووەکان (نەتەوەیەکگرتووەکان)


ئەسڵی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین؛ یەکێک لە بنەما نوێیەکانی یاسای نێودەوڵەتییە، ئەم ئەسڵە لە جاڕنامەیەک و وەکوو ئامانجەکانی دەوڵەتەیەکگرتووەکان دێتە ئەژمار، جاڕنامە پرسی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسینی وەکوو یەکێک لە بنەماکانی پێوەندییە دۆستانە و ئاشتیخوازانەکانی نێوان دەوڵەت و نەتەوەکان ناو بردووە. بەو حاڵەش ئەسڵی باسکراو ئەو قورسایی و جێگایەی نییە کە ئەسڵەکانی دیکە وەکوو ئەسڵی کەڵک وەرنەگرتن لە زۆر یان ئەسڵی بەرابەری دەسەڵاتەکان، یان ئەسڵی دەستێوەرنەدان لە کاروباری وڵاتانی دیکەدا هەیانە. جێگا و پێگەی ئەم ئەسڵە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ جێگای باس و گومان بوو. ئایا ئەسڵی  دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین ئەسڵێکی سیاسی بوو یان ئەسڵێکی یاسایی بوو؟ پەسەندکردنی کۆنوانسیۆن وڵامی ئەم پرسیارەی بە ڕوونی دایەوە.

مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین بە تایبەتی لە کاتی چەسپاندن و پەسەندکردنی کۆنوانسیۆن، وەکوو مافی خەڵک بۆ دیاریکردنی سیستەمی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی کە تێیدا ژیان دەکەن، پێناسە کراوە. بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ باس لەسەر ئەوە بوو کە "Self" لە چەمکی  "Determination-Self" بە چ کەسانێک دەوترێت؟ 

بە خەڵکی داگیرکراو (کۆلۆنیکراو)، ئەو خەڵکانەی کە نیشتمانەکەیان لەلایەن بێگانەکانەوە داگیر کراوە و گرووپە ڕەگەزییەکان کە لەژێر سەیتەرە و دەسەڵاتی ڕێژیمە ڕەگەزپەرستەکاندان دەوترێت.

هەروەها کە کۆتایی شەڕی سارد زۆرێک لە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیی خستە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە نوێیەکان کە لە ڕابردوودا ڕوویان نەدابوو، باندۆڕێکی بەرچاوی لەسەر پرسی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسینی دانا. بایەخدان بە پرسی دێموکراسی، بەنرخبوونی دەسەڵاتە دێموکراتەکان و مافی مرۆڤ لەلایەک و مافی کەمینەکانیش لەلاکەی دیکەوە، پانتایی ئەم ئەسڵەیان برینتر و پێگەکەشیانی قایمتر کرد. گەر پێشتر جیاوازییەک لەسەر واتای "سێڵف" هەبوو ئیتر جیاوازییەکی وای لەسەر "Self" نەما و ئەم پرسیارە هاتە ئاراوە کە "خەڵک" بەپێی ئەو ماناگەلەی کە لە هەلومەرجە جیاوازەکاندا هەیبوو بەپێی ئەسڵی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین تا چەندە و لە چ بیاڤگەلێکدا دەتوانێت بۆ خۆی ڕۆڵ بگێڕێت و دیاریکەر بێت؟ 

"مێژووی کامڵبوونی چەمکی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین"

پاش چوار سەدە خوێندنەوەی زانستی سەبارەت بە ئەسڵی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین، دەبێ بڵێین؛ کە ئەم ئیدەیە بە هیچ شێوەیەک نوێ نییە. لە ڕاستیدا مێژووی هاتنە بەر باسی ئەسڵی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین خەڵک بەو شێوەی کە ببێتە هۆی دروستبوونی دەوڵەت – نەتەوە (کە لە ڕاستیدا نەتەوە – دەوڵەتە) بۆ سەردەمی ئاشتیی "وستفانی" لە ساڵی ١٦٤٨ی زایینەوە دەگەڕێتەوە. لە سیستەمی دەوڵەتەیەکگرتووەکان پێداگری لەسەر ئەم خاڵە کراوەتەوە کە باس لەسەر پرسی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین وەکوو یەکێک لە بیاڤەکان دێتە ئەژمار کە دەسکەوتەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکان لەم بیاڤەدا، بەهایەکی مێژووی و بەرچاوی هەیە.

کۆی بۆچوون و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوە پسپۆڕییەکانی وەکوو "یونیسێف و فائۆ و..." سەر بە دەوڵەتەیەکگرتووەکان و خودی ڕێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکان، ڕاپۆرتەکان و شرۆڤەکان و... پێمان دەڵێن؛ کە تێگەیشتنی ڕای گشتی لە سیستەمی دەوڵەتەیەکگرتووەکان لەسەر ئەم بنەمایەیە کە دابینبوون و جێبەجێبوونی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسینی خەڵک یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیری لە پێوەندییە دۆستانەکان، هاوکاریی نێوان نەتەوە و دەوڵەتەکان، بەهێزبوونی گوتاری ئاشتیخوازی و پێکەوەژیان و لێکتێگەیشتنی نێودەوڵەتی.

لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، کەلێنێکی گەورە کەوتە نێوان چەمکی "دەوڵەتەکان" و "خەڵکەکان". لە کۆتاییەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی، دوو تێڕوانینی جیاواز لەسەر ئەم بنەمایە و بۆ پاڵپشتی لە مافی خەڵک چەسپێندران. گەرچی زۆرێک پێیان وایە سەرۆک "ویلسۆن" یەکەمین کەس بووە کە بناغەی چەمکی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسینی داناوە، بەڵام "بولشویـ"ـکەکانیش هاوکات ئەم بۆچوونەیان بە چەمکێکی جیاواز هێنایە بەر باس. لە کۆتاییدا ئەوەی کە لە کۆنوانسیۆنی کۆمەڵگا جێی گرت، سیستەمی "ماندا" بوو کە دەبێ بڵێین ڕۆح و ناوەڕۆکی سەرەکیی هەمان ئەسڵی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین بوو، گەرچی بە ڕوونی باسی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین نەکراوە. سیستەمی "ماندا" لەسەر دوو بنەمای گرینگ دامەزرابوو؛ یەکەم، ئەسڵی پەیوەست نەبوون و دووەم، ئەسڵی خۆشبژێوی و گەشەی خەڵکانێک کە دەوترا هێشتا توانای ئیدارەی خۆیانیان نییە و لە ڕاستیدا ئەمە هەر ئەو بەرپرسیاریەتییە پیرۆزەی مەدەنییەتە.

لە کاتی دانوستاندنەکان بۆ پەسەندکردنی جاڕنامەی "دەوڵەتەیەکگرتووەکان" مشتومڕێکی زۆری لەسەر ئەم پرسە بوو کە ئایا بەرژەوەندییە نافەرمییەکانی دەوڵەتێک دەتوانێت بیانوویەک بۆ ژێر پێ نانی مافی سرووشتی و ڕەوای خەڵکانی تر بێت؟ وا دێتە بەرچاو کە گەڵاڵەی سەرەتایی ئەم ئەسڵە لە دانوستاندنەکان بۆ پەسەندکرانی جاڕنامە – لە جاڕنامەی ئەتلانتیکەوە بگرە کە لە ساڵی ١٩٤١ پەسەند کرا تا دەگاتە دانوستاندنەکانی سەنفڕانسیسکۆ لە ساڵی ١٩٤٤ کە بە مەبەستی خستنە ژێر چەتری وڵات و ناوچەگەلێک بوو کە لەژێر دەسەڵاتی ئاڵمانییەکاندا بوون و پرسی دەسەڵات، خود-موختاری و ژیانی نەتەوەییان لە ئارادا بوو. لە کۆتاییدا ئەسڵی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین (لە چوارچێوەی ئەسڵێکی سیاسی نەک یاسایی) لە جاڕنامەی دەوڵەتەیەکگرتووەکان مادەی ١ (٢) وەکوو یەکێک لە ئامانجەکانی دەوڵەتەیەکگرتووەکان پەسەند کرا. ئەم مادەیە بە مەبەستی؛ گەشەی پێوەندییە دۆستانەکانی نێوان نەتەوەکان لەسەر بنەمای ڕێز بۆ ئەسڵی بەرابەری و مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین و کەڵک وەرگرتن لە هەموو کەرەستە پێویستەکان بۆ بەهێزکردنی ئاشتیی جیهانی پەسەند کرا. ئەمە یەکەمین جارە کە ئەم ئەسڵە لەنێوان گرێبەستێکی چەند لایەنانەدا دەگونجێت.

ئەو کات کە ڕێکخراوی "دەوڵەتەیەکگرتووەکان" دامەزرا، هەفتا ملیۆن کەس لە دانیشتووانی گۆی زەوی کە دەکاتە نزیک بە یەک لەسەر سێی ڕێژەی دانیشتووانی جیهان لەسەر زەوییە ناخودموختارەکاندا دەژیان. لەو سەردەمەدا هەشتاد کۆلۆنی سەربەخۆیی خۆیانیان بەدەست هێنا و بە مافەکانیان شاد بوونەوە و هەموو ئەو ١١ ناوچەیەی کە لەژێر سیستەمی سەرپەرستیکردندا (قیومیت) بوون، ئەوانیش بە سەربەخۆیی گەیشتن و یان تێکەڵ بە وڵاتانی دیکە کران.

دوابەدوای یەکەم هەنگاوەکان بۆ جێگیربوونی ئەسڵی مافی دیاریکردنی چارەی خۆ-نووسین بۆ خەڵک، پرسی شێوازەکان و کەرەستەکانی دابین بوون و جێگیربوونی ئەم مافە بۆ خەڵک زیاتر هاتە بەرباس و هەرچی کات تێدەپەڕی ئەم ئەسڵە لە بوارەکانی دژی کۆلۆنیالیستیدا زۆرتر ڕەنگی دایەوە.

لە هەفتاکاندا پرسی دژی داگیرکارییەکان بە مەبەستی دابینبوونی مافی چارەی خۆنووسین لە دەوڵەتەیەکگرتووەکاندا لە لووتکەی خۆیدا بوو. ڕاگەیەندراوی پێدانی سەربەخۆیی بە خەڵک و ناوچە داگیرکراوەکان بە هیوای خێراتربوونی ڕەوتی لابردنی داگیرکاری پەسەند کرا. لە ئەم ڕاگەیەندراوە کە بە ڕاگەیەندراوی دژە داگیرکاری ناوبانگی دەرکرد، بڕیار وابوو کە هەمووان مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسینیان هەیە و ڕایگەیاندبوو کە داگیرکاری دەبێ بەبێ هیچ پاساوهێنانەوەیەک لەنێو بچێت. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە کە لە بڕیارنامەی ١٥١٤ی کۆمەڵی گشتیی دەوڵەتەیەکگرتووەکان هاتبوو لە ساڵی ١٩٦٢ کۆڕی گشتی، کومیتەیی تایبەتی دژە داگیرکاری دامەزراند تاکوو چاوەدێریی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ڕاگەیەندراوەکە بکات و ڕاسپاردەگەلێکیشیان پێ بدات. 

لە ساڵی ١٩٦٦ کۆنوانسیۆنی نێودەوڵەتی یاسای مەدەنی و سیاسی و کۆنوانسیۆنی نێودەوڵەتیی یاسای ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری پەسەند کرا. بەپێی مادەی ١ هاوبەش لە کۆنوانسیۆن یان ڕێککەوتننامەدا هەموو خەڵک مافی دیاریکردنی چارەنووسیان هەیە. بەپێی ئەم ئەسڵە دەوڵەتەبێدەوڵەتەکان مافی ئەوەیان هەیە کە ئارەزوومەندانە و ئازادانە دۆخی سیاسیی خۆیان دیاری بکەن و ئازادانە بەدوای گەشەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانیان بکەون.

ئیتر مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین وەکوو ئەسڵێکی یاسایی لە  یاسای نێودەوڵەتیدا جێی گرت نە وەک ئەسڵێکی سیاسی، بۆ یەکەم جار بوو یاسای نێودەوڵەتی ڕابگەینێت کە دانیشتووانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ مافی ئەوەیان هەیە؛ بە ئازادانە دەسەڵاتدارانی خۆیان هەڵبژێرن و حکوومەتێکی دێموکراتیکیان هەبێت، لە هەمان کاتدا دەوڵەتانی ئەندام لە ڕێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکان پێبەند کران کە نابێ لە کاروباری نێوخۆیی دەوڵەتان و نیشتمانی داگیرکراوی نەتەوەبێدەوڵەتەکاندا دەستێوەردان بکەن و مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسینیان لێ زەوت بکەن و دەوڵەتانیش نابێ لە وڵاتانی دیکەدا دەستێوەردان بکەن و ڕێز لە سەروەرییان بگرن. جگە لەم باسە، ڕەهەندێکی دیکە بەم پرسە زیاد بوو ئەویش مافی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە سرووشتییەکان بوو. کەوابوو کاریگەرییەکانی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین تەنیا بواری سیاسیی نەدەگرتەوە بەڵکوو کەرتی ئابووریشی دەگرتەوە.

ساڵی ١٩٧٠ لووتکەی چالاکییەکانی ڕێکخراوی "دەوڵەتەیەکگرتووەکان" لە ڕاستەی باشتر جێگیربوونی ئەسڵی دیاریکردنی چارەی خۆ-نووسین، ناساندنی وەکوو ڕێکارێکی یاسای نێودەوڵەتی  و وەکوو سەرچاوەیەک بۆ پێبەندکردنی وڵاتان بە یاساکە بوو. لەم ساڵەدا کۆڕی گشتی ڕاگەیەندراوی ئەسڵەکانی یاسای نێودەوڵەتیی لە پێوەندی لەتەک پێوەندییە دۆستانەکان و هاوکاریی نێوان دەوڵەتان بەپێی جاڕنامەی گشتیی دەوڵەتەیەکگرتووەکانی پەسەند کرد کە یەکێک لە ٧ ئەسڵیی ڕێکخراو "ئەسڵی مافی بەرابەری و دیاریکردنی چارەی خۆنووسین بوو". بەپێی ئەم ئەسڵە هەموو خەڵکی گۆی زەوی مافیان هەیە ئازادانە و بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی دۆخی سیاسیی خۆیان دیاری بکەن و بەدوای گەشەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریی خۆیان بکەون و ئەرکی هەموو دەوڵەتانە کە ڕێز لە ئەم یاسایە بگرن و بەپێی جاڕنامەی گشتی هەڵسوکەوت بکەن. هەروەها ئەم ڕاگەیەندراوە دەوڵەتان ئەرکدار دەکات کە ڕێز لە ئیرادەی نەتەوەکان بگرن، هەروەها سەرکوتی نەتەوە-بێدەوڵەتەکان نەکەن و لە ئەگەری سەرکوت و زەبروزەنگی دەوڵەتان و بێبەشکردنی نەتەوە-بێدەوڵەتەکان لە مافەکانیان، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەتوانێت لە بەرامبەر داگیرکاردا پاڵپشتیی خەبات و بەرخۆدانی نەتەوە بندەستەکان بکات.

دیوانی "نێودەوڵەتی داد" لە دەنگی هاوبەشی "نامبیا" لە ساڵی ١٩٧١ پشتڕاستی کردەوە کە گەشەی دواتری یاسای نێودەوڵەتی لەمەڕ ناوچە ناخودموختارەکان، ئەسڵی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسینی بۆ هەموویانی ڕەوا و لەجێدا زانی. 

هەروا کە دیارە مافی یاسای دیاریکردنی چارەی خۆنووسین بۆ خەڵک تەنیا لە ئەگەری داگیرکراو و بێ‌دەسەڵات بوونیاندا ڕێگەپێدراوە. بەڕیز "کریستسکو" لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا دەپەرژێتە سەر پرسی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین و دەڵێت؛ مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین، مافێکە بنەڕەتی  کە بەبێ ئەو مافە باقی مافەکانی دیکە ناتوانرێت بە تەواوی دەستەبەر بکرێن؛ مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین تەنیا یەک ئەسڵ نییە، بەڵکوو گرینگترین مافە لەنێوان باقیی مافەکانی دیکەی مرۆڤدا و پێشمەرجە بۆ دابینبوونی هەموو ماف و ئازادییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگا.

دەبێ ئەوەشمان لەبیر بێت کە لەم سەردەمەدا دەوڵەتەکان بە گەڕانەوەیان بۆ ئەسڵی تەواوییەتی ئەرزی لە ڕاستای ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان، ئیمکانی دابینبوونی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسینیان بۆ نەتەوەبێدەوڵەتەکان تا ڕادەیەکی زۆر ئاڵۆز و لێڵ کردووە و بە شێوەیەک هەر چەشنە جووڵەیەکی ئازادیخوازیی نەتەوەبێدەوڵەتەکان بە تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی وڵات لەقەڵەم دەدەن و بەم بیانوویە هێرش دەکەنە سەر کەمینە نەتەوەییەکان و بە دڕندانەترین شێوە سەرکوتیان دەکەن.

یەکێک لەو کەمینە نەتەوەییانە لە چوارچێوەی وڵاتانی ئێران، ئێراق، تورکیە و سووریەدا کوردەکانن کە ڕاستە هەرکام لە پارچەکانی کوردستانی داگیرکراو لە ئاستی وڵاتی داگیرکەردا کەمینەن، بەڵام هەر پارچەیەکی ئەم نیشتمانە لە چوارچێوەی خۆیدا زۆرینەیە و بێگومان مافی ئەوەی هەیە کە بە گەڕانەوە بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەبوونی سیستەمێکی دیپلۆماسیی بەهێز کە نوێنەرایەتیی هەموو گەلی کورد بکات و کوردەکانیش بە مافە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی بگەن و لە بندەستی ڕزگاریان بێت. هەروەک چۆن جووەکان بۆ گەیشتن بە دەوڵەتی خۆیان لە سەراسەری دونیادا هەوڵیاندا و دەرفەتیان دروستکرد و یەکگرتووانە کاریان کرد تا بە ئارمانەکەیان کە گەیشتن بە سەروەری و بە دەوڵەت بوون بوو، گەیشتن.



ئه‌م بابه‌ته 1606 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر