شاری ورمێ و گۆلی ورمێ

"ورمێ" یان "ئورمییە" یەکێکە لە گەورە شارەکانی"ڕۆژھەڵاتی کوردستان " و تەنانەت ئێرانیش؛
PM:05:20:09/06/2021
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان


بێهزاد قادری
ڕۆژنامەنووس


ناوەندی پارێزگای ورمێ و شارستانی ورمێیە؛ ١٣٣٢ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە؛ کەوتووەتە سەر چۆمی پردی سوور یان چەمی شار و دەشتی ورمێ. لە ڕۆژھەڵاتییەوە دەریاچەی ورمێیە و لە ڕۆژئاوایەوە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری دەستکردی باکووری کوردستانە؛ ھەوای ھاوینانی کەمێک گەرمە و زستانیشی ساردە. "ورمێ" لە ڕووی دانیشتووانەوە دەیەمین شاری ئێرانە. دانیشتووانی ئەم شارە لە (کورد، ئازەری، ئاشووری و ئەرمەنی) پێکھاتووە. ئەم شارە ناوەندێکی بازرگانیی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانە، بەتایبەتی "سێو و ترێ و..."، ھەروەھا توتنیش تێیدا دەچێنرێت. 

زۆرینەی دانیشتووانی پێڕەوی ئایینی ئیسلامن، ھەروەھا مەسیحی و یارسانیشی لێیە. لە سەدەی نۆزدەدا لە ڕووی ئایینەوە شارێکی گرینگ بووە. دانیشتووانی پێڕەوی ئایین و ئایینزاکانی (شیعە و سوننە، مەسیحی، یارسانی، جوولەکە، بەھایی و سۆفیگەری) بوون. لە ساڵی ١٩٠٠ی زایینیدا، مەسیحییەکان ٤٠ لەسەدی دانیشتووانی ورمێیان پێکدەھێنا، بەڵام لە ساڵی ١٩١٨دا ژمارەیان کەمی کرد. کاتێک ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی  لەگەڵ قاجاڕەکان لە شەڕدا بوو، ورمێ لەلایەن عوسمانییەکانەوە داگیرکرا و ئەرمەنی و ئاشوورییەکان کۆمەڵکوژ کران.

وشەی "ئورمییە) ‌لە دوو بەشی "ئور" بە واتای شار و "میە" بە واتای ئاو داتاشراوە کە بە زمانی ئاشووری؛ یانی شاری کەنار ئاو. ھەڵکەوتی شاری ورمێش لە کەنار دەریاچەی ورمێیە. بە بۆچوونی "ڕیچارد نیڵسۆن فری"، وشەی ئورمیە لە وشەی "ئورارتوو" ھاتووە کە ئەوکات لەژێر فەرمانڕەوای ئەواندا بووە. ناوی ئەم شارە لە سەردەمی پەھلەویدا گۆڕدرا بۆ "ڕەزایە"، بەھۆی ناوی ڕەزا شا کە کاتی خۆی لەو شارەدا فەرماندەی سوپا بووە.

"ورمێ" کەوتووەتە شوێنێکی جوگرافیایی شازەوە؛ بە دووریی ٢٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای دەریاچەی ورمێ ھەڵکەوتووە. ورمێ کەوتووەتە دەشتی ورمێوە و بە چیاکانی "سیر، پەنجە عەلی، ناوسەر، کەمەر زەرد، گردەسەر و مەلا عەلی" دەورە دراوە. لە ڕاستیدا "ورمێ" کەوتووەتە نێوان دەریاچەی ورمێ و ئەو زنجیرەچیاگەلەی کە وەک دیوارێک کەوتوونەتە ڕۆژاوایەوە. پردی سوور یان چەمی شار لە چیا سەختەکانی سنووری دەستکردی باکووری کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و بە نێو دۆڵەکاندا دێتە خوار و لە نزیک گوندی "نوشانا سەرێ" بەنداوی "بەند" لەسەری ساز کراوە و دواتر بە نێو شاری ورمێدا تێپەڕ دەبێت و شار دەکات بە دوو بەشەوە، پاشان دەچێتە دەشتی ورمێ و لەوێوە دەڕژێتە دەریاچەی ورمێوە. "ورمێ" لە کۆنەوە شوێنێکی ستراتیژی بووە و ھەشت دەرگای ھەبووە کە لەژێر دەستی سوپادا بوون، دەروازەکانی ئەم شارە بریتین لە "باڵو یان سەڵماس، تۆپراق قەڵا، سویق بوڵاق یان ھەزاران یان گازوران، بازاڕباش، ئارک، یوردشا و نۆچرینۆ".

زۆرینەی کەنیسەکانی ورمێ پەیوەستن بە ئاشوورییەکانەوە، ھەرچەندە کەنیسەی پەیوەست بە ئەرمەنییەکانیشی لێیە. "کەنیسەی نەنە مەریەم، کەنیسەی ماریوخەنە و کەنێسەی حەزرەتی مەریەم" لە گرینگترینی ئەو کەنێسانەن. هەروەها لە ورمێ چەندین تەلاری مێژوویی بوونی ھەیە؛ وەکوو" بینای پۆلیسی ورمێ، کۆشکی سێ گومەز، مۆزەخانەی ورمێ، یەخچاڵی نۆ پلە، پردی باراندوز، خانی ورمێ، بازاڕی کۆنی ورمێ، گەرماوی مەلا، تەلاری زانکۆی جیھاد و تەلاری شارەوانیی ورمێ و... هتد. 

"گۆلی ورمێ"

"گۆلی ورمێ" لە باکووری ڕۆژاوای ئێران هەڵکەوتووە و لەنێوان پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و پارێزگای ورمێی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدایە. گۆلێک کە بە درێژایی مێژووی گۆی زەوی پڕئاو بووە و تا چەند ساڵ لەمەوبەر پێشوازیی لە میوانان و گەشتیاران کردووە و وەکوو سمبولێکی دەڤەرەکە ناسراوە. گۆلی ورمێ کە دووەمین دەریاچەی گەورەی ئاوسوێری جیهانە، گەورەترین دەریاچەی نێوخۆی ئێرانە و گەورەترین دەریاچەی هەمیشەیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشە و تا پێش وشکبوونی، شوێنی ژیان و کۆچی وەرزیی دەیان و سەدان جۆری باڵندە و گیانلەبەر بووە. بەداخەوە چەند ساڵێکە ڕووی لە وشکبوون کردووە و بووە بە شۆرەکات و بیاوانێکی بێئاو و بووەتە مەترسییەکی گەورەی ژینگەیی کە گیانی مرۆڤ و گیانلەبەرەکانی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە. بەڵام چی وای کرد کە گۆلی ورمێ بەرەو وشکبوون بچێت؟ 

لەنێوان ساڵەکانی دەیەی هەشتای هەتاوی، ئەم گۆلە بەرەو وشکبوون چوو و تاکوو ئێستاش مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە، لە ساڵی ۲۰۱٥ی زایینییەوە بەپێی توێژینەویەکی ماهوارەیی، ۸۸ لەسەد لە پانتایی خۆی لەدەست دابوو و ڕێژەیەکی زۆر کەم ئاو تەنیا لە باکووری ئەم گۆلەدا وەبەرچاو دەکەوت. کارناسانی بواری ژینگە و ژینگەوانی، هۆکاری وشکبوونی گۆلی ورمێ بۆ ئەم خاڵانە دەگەڕێننەوە؛

۱-  هۆکاری وشکەساڵی کە بەپێی توێژینەوەکان تەنیا هۆکاری ٥ لەسەدی وشکبوون بووە.

۲-  هۆکاری مرۆیی کە ئەم خاڵانە لەخۆ دەگرێت؛
 
- لێدانی لەڕادەبەدەر و زیاتر لە ۷۰ بەنداوی گەورە و بچووک لەسەر دەمارە سەرەکییەکانی ئەو ئاوانەی کە دەڕژێنه نێو گۆلی ورمێوە، بە مەبەستی پەرەپێدان بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاوی خواردنەوەی شارکان و هەروەها پاساوی تێکەڵنەبوونی ئاوی شیرین و سوێر.

- لێدانی گەورەڕێگای نێوان ورمێ و تەورێز بە درێژایی ۱٥ کیلۆمەتر  و هێشتنەوەی ڕێگایەکی تەنیا یەک کیلۆمەتری بۆ هاتوچۆی ئاو لەنێوان ئەو دوو بەشەی سەر و خوار. 

- کەڵک وەرگرتنی لەڕادەبەدەر لە ئاوی ژێرزەوی و لێدانی چاڵی قووڵ بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر و بە درێژایی هێڵی کەنارەی گۆلی ورمێ لە باکوورەوە تاکوو باشووری ئەو گۆلە بە مەبەستی پەرەپێدان بە کەرتی کشتوکاڵ و لە کۆتاییدا وشکبوونی هەموو سەرچاوە ئاوییەکانی ژێرزەوی یان کەمبوونیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو. 

وشکبوونی گۆلی ورمێ مەترسی و قەیرانگەلێکی زۆر لەسەر مرۆڤ و جوگرافیای ناوچەکە دەخولقێنێت کە دەتوانین ئاماژە بکەین بە؛

١- گۆڕانی کەشوهەوای ناوچەکە لە کەشوهەوایەکی مامناوەندی بۆ گەرمەسێری و سەرهەڵدانی با و باهۆز کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە دێموگرافیای ژینگەیی ناوچەکە بە پانتایی زیاتر لە ٥۰۰ کیلۆمەتر.

٢- زیادبوونی نەخۆشی بەتایبەت جۆرەکانی شێرپەنجە، نەخۆشیی پێست و سییەکان، بەهۆی بوونی هەوای پیس و ژهراوییەوە.

٣- چۆڵبوونی شار و گوندەکان و کۆچی بەناچاریی زیاتر لە ۱۳ ملیۆن خەڵکی دانیشتووی ئەو ناوچەیە بەهۆی بارینی خوێ و بارانی سوێرەوە.

"گۆلی ورمێ" کە ساڵانێک لە گەشتیارێکی زۆر، هەم بە مەبەستی گەشتوگوزار و هەم چارەسەریی پزیشکی و ده‌رمانی پێشوازیی دەکرد، ئێستا بەهۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی سیاسەتی گونجاوی ژینگەیی، بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر گیانی مرۆڤەکان و لە ئەگەری لەنێوچوونیدا، خەڵکانێکی زۆر دەمرن یان تووشی گرفت و کۆچی بەناچار دەبن و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی کێشەگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتی و... هتد. 

هەرچەند لە ماوەی چوار پێنج ساڵی ڕابردوو و لەژێر گوشاری ناوەند و ڕێکخراوە ژینگەییەکانی نێوخۆ و تەنانەت دەرەوەی ئێران و زەقبوونەوەی ئەو قەیرانە ژینگەییە بە شێوەیەکی جیهانی، حکوومەتی "ئێران" بە ناچار هەندێک هەنگاوی بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان و پێشگرتن لە وشکبوونی یەکجاری هەڵێناوە، بەڵام تەنیا پێش لە کەمبوونەوەی زیاتری ئاوی گۆلی ورمێ گیراوە و قەیرانی سەرەکی هەر لەجێی خۆیدا ماوەتەوە.


ئه‌م بابه‌ته 436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر