مافی کەمینە

مافی کەمینە – نەتەوەییەکان لە بەڵگە نێودەوڵەتییەکانی (نێونەتەوەیییەکانی) مافەکانی مرۆڤ و لەدایکبوونی هەرێمی کوردستان.
PM:07:17:05/06/2021
دۆسیە: کلتوور و مرۆڤسازی


ئارمان ئەیوب ئەحمەد حسێنی
ڕۆژنامەنووس


جاڕنامە و بەڵگە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام پێداگربوون لەسەر پێویستیی مافی بەرابەری مرۆڤەکان، یەک لەوان؛ ئەسڵی بەرابەرییە کە لە جاڕنامەی گشتیی دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، بە شێوەیەک کە خوازیاری لابردنی هەڵاواردنە لەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و، هەروەها پێداگریشە لەسەر ئەوەی کە دەبێ ئازادی، بەرابەری و مافی بەشداری لە دیاریکردنی چارەی خۆ-نووسین بۆ کەمینە نەتەوەییەکان (ئیتنیکییەکان) پارێزراو بێت و هەر چەشنە هەڵاواردنێک بەنیسبەت کەمینە نەتەوەییەکان ڕەت دەکاتەوە. پرسی مافی کەمینە نەتەوەییەکان دوا بە دوای شەڕی دووەمی جیهانی بوو بە بابەتی بەڵگەکانی مافی مرۆڤ و هەموو ئەو مافانەی کە بۆ نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان چەسپێندرابوو، بۆ کەمینە نەتەوەییە بێ دەوڵەتەکانیش بە ڕەوا زانرا.

مافی کەمینەکان بەردەوام یەکێک لە پرسە گرینگەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەروەها کەڵکەڵەیەکی جددی لە گوتاری عەداڵەتی یاسایی بووە، شەڕ و ماڵوێرانییەکانی مێژوو ئەوەمان پێ دەڵێن؛  سەقامگیری، ئاشتی و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی فاکتەرگەلێکی حەیاتین، کەواتە بێبەشکردن و هەڵاواردن بەنیسبەت ئەم کەمینانە کە ئەڵبەت لەوانەی لە چوارچێوەی وڵاتدا کەمینە بن، بەڵام لە جوگرافیا و نیشتمانی خۆیان زۆرینەن، بەردەوام سەقامگیریی ناوخۆیی و هەروەها ئاشتی و ئەمنییەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەرەوڕووی مەترسیی جددی و قەرەبوونەکراو دەکات.

ئەمە ئەسڵێکی گشتییە کە دەتوانین بڵێین؛ سەقامگیری و ئەمنییەتی وڵات بەبێ دابین بوونی مافی کەمینەکان، دەستەبەر نابێت. گەر دەوڵەت و دەسەڵات مافی کەمینەکان دابین بکەن، ئەوە دەکرێت هیوادار بین کەمینەکانیش ئارەزوومەندانە لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا بمێننەوە و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکە پارێزراو بێت، کەواتە سەقامگیری و خۆشبژێویی گشتیی وڵات بە قازانجی کەمینەکانیشە، بۆ وێنە گەر کوردەکانی باشوور لە چوارچێوەی ئێراقی فیدراڵدا مافە سیاسی، کولتووری و ئابووری و... هتد.

بەتەواوی دەستەبەر بێت بەبێ هیچ چەشنە هەڵاواردن و گوشار و زەختهێنانێکی پێکهاتەکانی ئێراق، لەوانەی کورد قەت هەوڵی جیابوونەوەی لە ئەم وڵاتەدا نەدایەت و وەکوو زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی کە چەندین نەتەوە بەیەکەوە ئازادانە و ئارەزوومەندانە لە چوارچێوەی وڵاتدا دەژین و کەمینەکانیش ناکەونە بەر شاڵاوی کوشتن و بڕین و ژینۆساید ناکرێن بەهۆی شوناسەکەیانەوە.

لە ئێستادا پرسی مافی کەمینەکان وەکوو بەشێک لە پرسی مافی مرۆڤی لە یاسای نێودەوڵەتیدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. لەم پێوەندییەدا، بەندی یەکەمی "کۆنوانسیۆن"ی پشتگیری لە کەمینە نەتەوەییەکانی ئەنجومەنی "ئەورووپا" بە ڕاشکاوی دانی بەم ڕاستییەدا ناوە کە؛ پاڵپشتی لە کەمینە نەتەوەیی و ماف و ئازادییە تاکەکەسییەکانی تاکەکانی ئەم نەتەوانە دەکات و ئەم کەمینانە بەشێکی جیا نەکراوەن لە پرسی پاڵپشتیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە مافەکانی مرۆڤ و لەسەر ئەم ئەسڵە، لە چوارچێوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکاندا جێ دەگرن.

دوابەدوای ئاڵوگۆڕەکانی دوای شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانی، سنووری زۆرێک لە وڵاتان گۆڕدرا و زۆرێک لە دەسەڵاتە ئیمپراتۆرەکان ڕووخان و گەلێک وڵاتی تازە دروست کرا کە لە چەندین نەتەوە پێکدەهات، بەبێ ئەوەی ڕێز بۆ ئیرادەی ئەو کەمینە نەتەوەییانە دابنرێت و پرسیان پێ بکرێت، لە ئاکامی ئەم ئاڵوگۆڕانە زۆرتر پرسی مافی "کەمینە نەتەوەییەکان" هاتە بەر باس و گرینگیی پێدرا و لەسەر هەمان ئەساس سیستەمی نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتی لە کەمینە نەتەوەییە بێ دەوڵەتەکان دامەزرا. ئەوە بوو کە لە ڕێکەوتنەکانی نێوان دەوڵەتان، بڕیار درا، ئەو دەوڵەتانەی کە پێکهاتەکەیان زیاتر لە یەک نەتەوەیە، مافەکانی نەتەوەی کەمینە بپارێزن و هیچ چەشنە هەڵاواردنێک لەهەمبەریان ڕوو نەدات و بەبێ جیاوازی بەشداری دەسەڵات بکرێن.

دوای شەڕی دووەمی جیهانی و دروستبوونی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەڵگە پەسەندکراوەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا بە ڕاشکاوی و بەتایبەتی بەڵگەیەکی تایبەت بە پرسی مافی کەمینە نەتەوەییەکان پەسەند نەکرا، بەڵام بە پەسەندکرانی ئەسڵی نەبوونی هەڵاواردن لە جاڕنامەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕاگەیەندراوی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و بەڵگەکانی دیکەی تایبەت بە مافی مرۆڤ، لە ڕاستیدا پرسی مافی کەمینە نەتەوەییە بێ دەوڵەتەکان دەکەوێتە خانەی یاسای نێودەوڵەتییەوە. تەنیا بەڵگەیەکی نێودەوڵەتی کە بە فەرمی دەپەرژێتە سەر پرسی مافی کەمینەکان، ڕاگەیەندراوی مافی تاکەکانی کەمینە نەتەوە بێ دەوڵەتەکانە. بەپێی بەندی یەکەمی ئەم ڕاگەیەندراوە، وڵاتان دەبێ پاڵپشتی مافی کەمینە نەتەوەییەکانی خۆیان بن و بۆ گەشەی شوناسی ئەم نەتەوانە بەستێنی لەبار ئامادە بکەن، لەوانە خوێندن بە زمانی دایکی.

"کەمینە"

دوو چەمکی کەمینە و زۆرینە لە یاسای نێودەوڵەتیدا پرسگەلێکی زۆر جددین، بەڵام کۆدەنگییەک بەنیسبەت پێناسەی ئەم دوو چەمکە بوونی نییە و بە شێوەگەلێکی جۆربەجۆر پێناسەیان بۆ دەکرێت. "فرانسیسکۆ کاپۆتورتی" لەمبارەوە دەڵێت؛ کەمینە گرووپێکە کە لە دەسەڵاتدا بەشدار نییە و لە بواری ژمارەشەوە کەمترە و ئەندامەکانی لە کاتێکدا کە دانیشتووی وڵاتەکەن، بەڵام لەتەک باقیی خەڵکی ئەو وڵاتە لە بوارەکانی کولتووری، زمانی، زۆر جاریش ئایینییەوە جیاوازییان هەیە و بۆ پاراستنی کولتوور و داب و نەریت و زمانەکەیان، جۆرە هەستێکی یەکگرتوویان بۆ بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان هەیە. کەمینەکان خاوەنی مۆرک و تایبەتمەندییە دیارەکانی خۆیانن، وەکوو؛ زمان و کولتوور و داب و نەریتن کە لەگەڵ گرووپی نێودەسەڵات جیاوازییان هەیە. لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی حەشیمەتێک وەکوو کەمینەیەک بناسرێت، پێویستە ئەم نیشانانەی خوارەوەیان هەبێت؛

١ – ڕێژەی حەشیمەتیان کەمتر بێت. کەمینەکان بەپێی ناوەکەیان دەبێ بە ژمارە لە ئەوانەی کە دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە، کەمتر بن.

٢ – دەسەڵاتیان بە دەستەوە نەبێت. گرووپی کەمینەیی بە واتای ئەوە دێت کە دەسەڵاتیان بە دەستەوە نییە. 

٣ – جیاوازیی ڕەگەزی، کولتووری، زمانی و هێندێک جاریش جیاوازیی ئایینییان هەبێت. کەمینە نەتەوەییە بێ دەوڵەتەکان بەهۆی زمان و داب و نەریتە جیاوازەکەیانەوە هیچ کات هەست بە یەکبوون لەگەڵ نەتەوەی باڵادەستدا ناکەن و بە هەموو توانایانەوە هەوڵ بۆ پاراستن و گەشەی زمان، کولتوور و داب و نەریتەکانیان دەکەن.

"پێناسەی کەمینەی ڕەگەزی یان نەتەوەیی"

کەمینە؛ بە واتای گرووپێک لە کۆمەڵگایەکی سیاسی یان دەوڵەتێک لە وڵاتێکدا دێت کە ژمارەیان کەمتر و بەهۆی جیاوازیی زمانی، کولتووری و ڕەگەزی و... هتد. خاوەن شووناسێکی جیاوازن بەنیسبەت خەڵکانی دیکەوە. ئەم خەڵکە لە بوارەکانی ئیدارەی کۆمەڵگا، وەکوو پێویست و بەرابەر بەشداری دەسەڵات نەکراون و لەو شوێنانەیش کە ڕێگەیان پێداون دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان نییە و لە ڕاستیدا لە پلە نیزامی و حکومەتییە هەستیارەکاندا جێیان نابێتەوە و گەر بە دەگمەن کەسێکیش هەبێت پۆستێکی باڵای هەبێت، دەبێ نوێنەرایەتیی گوتاری زاڵ، واتە؛ زۆرینە بکات. بۆیە کەمینەکان بەردەوام بەرەوڕووی هەڵاواردنی سیستماتیک دەبنەوە و مافیان پێشێل دەکرێت. 

"بەڵگە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و یاسای کەمینەکان"

یەکێک لە گرینگترین بەڵگە نێودەوڵەتییەکان و یاسای کەمینەکان، جاڕنامەی دەوڵەتە یەکگرتووەکانە کە لە ساڵی ١٩٤٥ پەسەند کرا و بە سەرەکیترین بەڵگەی دێتە ئەژمار کە بەبێ هەڵاواردن پاڵپشتی لە مافی کەمینە بێ دەوڵەتەکان دەکات. هاوکات لەگەڵ دروستبوونی ڕێکخراوی دەوڵەتە یەکگرتووەکان (نەتەوەیەکگرتووەکان)، تەنیا دوو بەندیان بۆ پرسی مافی کەمینە بێ‌دەوڵەتەکان پەسەند کرد، کە هەردووکیان زۆر بەگشتی لەسەر مافی کەمینە نەتەوەییەکان دەدوێن. بەندی ٣ی مادەی ١ و ٥٥ی جاڕنامەی جیهانی ئاماژەیان بەم بابەتە داوە بەڵام بەهۆی ناڕوونی و گشتی بوونی بەندی ٣ی مادەی ١، خاڵەکانی لە بەندی ١ی مادەی ٢ی ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٤٨دا دووپات بوونەتەوە.

ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٤٨ لە مادەی یەکەمی خۆیدا سێ ئەسڵی ئازادی، بەرابەری و بەرادەری باس کردووە، بەڵام بوونی ئەسڵی بەرابەری و نەبوونی هەڵاواردن لەم ڕاگەیەندراوەدا نیشان لە گرینگی نەدان بە مافی کەمینەکان نییە. زۆربەی پسپۆڕان پێیان وایە کە "کونوانسیۆن"ی پێشگیری و سزادانی جەنایەتی ژینۆساید کە لە ساڵی ١٩٤٨ وەکوو یەکەمین کونوانسیۆنی ئیجباری لە پێوەندی لەگەڵ مافی کەمینەکان پەسەند کرا، نیشان لە گرینگیدان بە کەمینەکانە. بە گەڕانەوە بۆ ئەم کونوانسیۆن-ە بوو کە (ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان) بڕیاری ژمارە ٦٨٨ی خۆی دەرکرد و دواتر (هەرێمی کوردستان) لەدایک بوو.
بەپێی بڕیارەکە ناوچەیەکی ئارام بۆ کورد دانرا، پاش ئەوەی بەهۆی هەڕەشە و بۆردومانەکانی ڕێژیمی بەعسەوە خەڵکێکی زۆر لە (هەرێمی کوردستان) شەهید بوون و بەشێکی بەرچاویشیان ڕوویان لە سنوورەکان کرد و چوونە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاوارە بوون.

ئەورووپییەکان بەتایبەت فەرەنسا، ڕۆڵی کاریگەریان هەبوو لە خستەڕووی ئەو قەیرانە مرۆییەی کە ڕێژیمی بەعس بەسەر کوردیدا هێنابوو، بەڵام دوای دەرکردنی بڕیارەکە خۆرێک لە ئاسمانەوە بۆ کورد هەڵات، سەرکردایەتیی کورد و خەڵکەکەی بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی توانییان خاوەنی دەسەڵاتی ناوچەیی خۆیان لەدوای دروستبوونی کۆماری کوردستان لە مهابادەوە بن. 

سەرۆکی (پارتی دێموکراتی کوردستان) لە سیهەمین ساڵیادی دەرکردنی بڕیاری ژمارە ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی دەوڵەتە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند؛ بڕیاری ٦٨٨ و نەوای ئارام ڕووداوێکی مێژوویی زۆر گرینگ و گەورەیە و دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ گەلی کوردستان کە لە سایەیدا کورد توانی دامودەزگای شەرعی دابمەزرێنێت، بەڵام تا ئێستاش گەلی کوردستان نەگەیشتووە بە هەموو ئامانجەکانی و قۆناغی کۆتایی، چوونکە لەم کاتەدا مەترسیی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە.

بڕیاری ژمارە ٦٨٨ چەندین گۆڕان و وەرچەرخانی بۆ پرسی کورد بەگشتی و بەتایبەتی بۆ باشووری کوردستان دروستکرد؛

١ - بەهۆی ئەم بڕیارەوە بۆ یەکەمجار "دۆزی کورد" لە پرسێکی لۆکاڵی و ناوچەییەوە بووە پرسێکی نێودەوڵەتی و جیهانی، واتە؛ ئەم بڕیارە هەنگاوێکی گەورە و گرینگ بوو بۆ بەرەوپێشبردن و ناساندنی دۆزی کورد لەسەر ئاستی جیهان.

٢ - بەهۆی ئەم بڕیارەوە بۆ یەکەمجار "چەتری پارێزبەندی" بۆ باشووری کوردستان هەڵکرا کە بە هێڵی ٣٦، یان دژەفڕین (No-fly zone)  ناسراوە، لەم ڕێگەیەوە توانرا خەڵکی هەرێمی کوردستان لە زوڵم و زۆرداریی ڕێژێمی بەعس پارێزراو بێت.

٣ - بەهۆی ئەم بڕیارەوە بەستێنێکی لەبار دروست بوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ڕێکەوتی (١٩٩٢/٥/١٩) و دواتریش  پێکهێنانی کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

دەتوانین بڵێین؛ بەهۆی ئەوەی کە کورد بەگشتی نەیتوانی لە سەردەمی دروستبوونی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها دواتریش دەستی بە مافە نەتەوەییەکانی بگات و ببێت بە خاوەن کیانێکی سەربەخۆ و چارەنووسی خۆی دیاری بکات. ئێستاکە دەتوانێت بە کەڵک وەرگرتن لە ئەو خاڵانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا هەوڵ بدات بە مافەکانی لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی کە بەسەریاندا دابەشیان کردووە، بگات. 

بڵام پرسیارێکی جددی هەیە؛ ئەویش ئەگەر کورد لە پارچەیەک بە بەشێک لە مافەکانی گەیشت بۆ وێنە باشووری کوردستان، ئایا مافی ئەوەی هەیە بە تەواوەتی بە سەربەخۆیی بگات؟

پێموایە بەهۆی ئەوەی کوردی باشوور لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی نه‌گریسی بەعس، بە هەموو توانایانەوە هەوڵیاندا بەشێک بن لە چارەسەریی کێشەکانی ئێراقی نوێ و نرخێکی زۆریشیان لەو پێناوەدا داوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی بەغداد بەداخەوە بە هەمان ئەقڵییەتی سەددام-ەوە چاو لە کورد و مافەکانی دەکەن و کوردیش بە دەیان بەڵگەی بەدەستەوەیە کە ئەوان نایانهەوێت بەپێی دەستوور لەگەڵیاندا هەڵسوکەوت بکەن، بە جددی هەوڵ بۆ دەربازبوون لەم دۆخە بدەن و بگەن بە ئامانجی کۆتایی کە سەربەخۆییە.


ئه‌م بابه‌ته 414 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر