دەوڵەتی مۆدێڕن بە چ دەوڵەتێک دەوترێت

دەوڵەت خاوەن کۆمەڵێک پێوەرە و پێویستییە کە تیۆریی دەوڵەتی مۆدێڕن لە تیۆرییەکانی تری دەوڵەت، بۆ نمونە "دەوڵەتی ڕەها" جیا دەکاتەوە.
PM:04:45:27/05/2021
دۆسیە: نیشتمانسازی


بێهزاد قادری
ڕۆژنامەنووس


دەوڵەتی مۆدێڕن؛ دەوڵەتێکە کە خاوەن کۆمەڵێک گەوشین، پێوەر و پێویستییە کە تیۆریی دەوڵەتی مۆدێڕن لە تیۆرییەکانی تری دەوڵەت، بۆ نمونە "دەوڵەتی ڕەها" جیا دەکاتەوە. بەگشتی زۆربەی دەوڵەتەکانی جیهان هەوڵدەدە پێکهاتەی خۆیان بۆ دەوڵەتی مۆدێڕن بگۆڕن. "کریستوفێر پیرسۆن" لە کتێبی "دەوڵەتی مۆدێڕن"، ٩ گەوشینی بۆ دەوڵەتی مۆدێرن دیاریکردووە کە لە درێژەدا ئاماژەیەکی کورتیان پێ دەکەین.

"کۆنترۆڵکردنی پاوانکراوی گوشار یان تووندوتیژی"

چەمکی یەکەم؛ واتە "کۆنترۆڵکردنی پاوانکراوی گوشار یان تووندوتیژی لە دەوڵەتە مۆدێڕنەکان، چەمکێکە کە "ماکس وێبێر" لەسەری جەختی کردووەتەوە و دەڵێت؛ "دەوڵەتی مۆدێڕن تەنیا دەوڵەتێکە کە دەتوانێت گوشار بەکاربهێنێت و هێزێکی ڕووتی هەبێت. بۆ نمونە، دەوڵەت دەتوانێت وە دوای تاوانباران بکەوێت، دەوڵەت دەتوانێت سزا بدات، دەوڵەت دەتوانێت سیستەمی پۆلیسیی هەبێت و ئاسایش جێگیر بکات. پاوانکردنی ئەم کۆنترۆڵکردنە لە ئەستۆی دەوڵەتە و هیچ لایەنێکی دیکە لە کۆمەڵگادا مافی ئەوەی نییە کە وەها هێزێکی هەبێت. ئەگەر لە وڵاتێکدا بینەری بوونی هێزێکی دەرەکی لە چوارچێوەی دەسەڵاتدا بین کە بە شێوەیەکی خۆسەرانە هێز و گوشار بەکار بهێنێت، توخمی یەکەمی دەوڵەتی مۆدێڕن لەو وڵاتەدا بوونی نییە.

"مەڵبەندی جوگرافیایی"

چەمکی دووەم؛ جوگرافیایی بوونی چەمکی دەوڵەتە، لە ڕاستیدا لە دوای مەڵبەندی جوگرافیایی بەپێی پەیماننامەکان سنوورەکانی (دەوڵەت – نەتەوەکان) دیاریکراون. سنوور بەتەنیا چەمکێکی جوگرافیایی نییە، بەڵکوو سنوور بووەتە هۆی هاتنە ئارای چەمکێکی تر لەژێر ناوی "نەتەوە". بە جێگیربوونی چەمکی "نەتەوە" بوو کە چەمکی "دەوڵەتی نەتەوەیی (یان دەوڵەت- نەتەوە) فۆڕمی گرت. بەو واتایەی کە دەسەڵات یان دەسەڵاتی ناوەندیی حکوومەت دەتوانێت بەسەر نەتەوەدا ئۆتۆریتەی هەبێت. بۆ نمونە؛ کاتێک کە وڵاتێک یان دەسەڵاتێک باوەڕی بە "ئۆمەت" هەبێت، لە چەمکی نەتەوە کە یەکێک لە توخمەکانی دەوڵەتی مۆدێڕنە، دوورە. "نەشناڵێتی" Nationality لەگەڵ خۆی چەمکگەلێکی زۆری هەیە و لە دڵی ئەودا " دەسەڵاتی نەتەوەیی" پەیدا دەبێت و باس لەوە دەکات کە دەسەڵات هی نەتەوەیە.

"دەسەڵاتدارێتی"

چەمکی سێیەم؛ چەمکی دەسەڵاتدارێتییە. لە چەمکی دەسەڵاتدارێتیدا بەو شێوەیەی کە "ژان بودێن" دەڵێت؛ ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتێکی ناوەندی، پاوانکراو و بەرزتر ڕووبەڕووین و گرینگتر لە چەمکی دەسەڵاتدارەتی، ئێمە چەمکێک لەژێر ناوی دەسەڵاتی نەتەوەییمان هەیە، بەو واتایەی کە دەسەڵات هی نەتەوەیە و ئەوە خەڵکن کە هێزی دەسەڵاتدارێتییان هەیە. بۆ نمونە حکوومەتێکی وەک "کۆماری ئیسلامیی ئێران" لە یاسای بنەڕەتیی خۆیدا هێناویەتی (ماددەی ٥٦) "دەسەڵاتداریی ڕەها بەسەر جیهان و مرۆڤدا هی خودایە و ئەوە خودایە کە مرۆڤی بەسەر چارەنووسی کۆمەڵایەتیی خۆیدا بڕیاردەر کردووە" ئەمە بەو واتایەیە کە حکوومەتی ئێران باوەڕی بە "تیۆکراسی" واتە حکوومەتی خودا یان حکوومەتی ئایینی هەیە، بۆیە وەها حکوومەتێک لە دەوڵەتی مۆدێڕن بە دوورە.

"پێبەندی بە مەرجەکان"

پێوەری چوارەم؛ توخمێکی تر کە لە دەوڵەتی مۆدێڕندا باسی لێوە دەکرێت، پێبەندی بە مەرجەکانە، بەو واتایەی کە هەمووان بە سیستەمی یاسایی پێبەندن و هیچکەس ناتوانێت ئیددیعای ئەوە بکات کە لە سەرووی سیستەمی یاساییەوەیە و بڵێت کە من پێڕەوی لە سیستەمی یاسایی ناکەم. هەموو تاکێکی کۆمەڵگە دەبێ ماف و دەسەڵاتی خۆی لە سیستەمی یاسایی وەربگرێت، ئەمە بە واتای مەرجدارییەتی و پێبەندبوونی حکوومەت و بەرپرسانی حکوومەتییە. لەلایەکەوە دەوڵەت خاوەن کۆنترۆڵکردنی پاوانکراوی گوشار و تووندوتیژییە و لەهەمبەردا چەمکێک لەژێر ناوی مافی نەتەوەمان هەیە کە دەبێ دەوڵەت پێبەندی بێت؛ هەر بۆیە پێبەندی بە مەرجەکان لە پێناسەی مۆدێڕندا واتە پێبەندبوون بە مافی نەتەوە. دەوڵەتی مۆدێڕن خۆی بە پێبەندی مافی خەڵک دەزانێت و ئیزن بە دەستدرێژی بە ئەم مافانە نادات.

"هێزی غەیرە کەسی"

پێوەری پێنجەم؛ هێزی غەیرە کەسییە، بەو واتایەی کە هێز دەبێ لە چییەتیی کەسیی خۆی بێتە دەرەوە. تەنانەت کاتێک کە باس لە وەفاداری بە دەوڵەتێک دێتە ئاراوە، بە واتای وەفاداری بە کەسێکی تایبەت نییە؛ هێزی غەیرە کەسی لەگەڵ چەمکێک بە ناوی "حکوومەتی یاسا" بەستراوەیی هەیە. حکوومەتی یاسا واتە حکوومەتی غەیرەکەسی، واتە حکوومەتێک کە بەپێی یاسا بەسەر خەڵکدا حکوومەت دەکات و بەرژەوەندیی کەسی لەبەرچاو ناگیردرێت و دەسەڵاتداران بە یاساکان پێبەندن. خاڵی بەرامبەری حکوومەتی یاسا، ستەمکاری و خۆسەرییە. خۆسەری ئەو بەرپرسانە دەگرێتەوە کە خۆیان بە سیستەمی یاسایی لە پێش داڕێژراو پێبەند نازانن و دەسەڵاتی خۆیان بە سەرتر لە یاسا دەزانن.

"بیرۆکراسی"

پێوەری شەشەم؛ چەمکێكیتر؛ بیرۆکراسییە. ئەگەرچی بەگشتی لە پێوەندی لەگەڵ چەمکی بیرۆکراسی، پێناسەی نەرێنی لەو دەکەوێتە بەرچاو، بەڵام چەمکی "وێبێریـ"ـی بیرۆکراسی بەو واتایەیە کە ئێوە لەگەڵ پێکهاتەگەلێکی ئیداری ڕووبەڕوون کە لەودا بەرپرسان و پلە و پێگەکان خاوەن ئەرکی دیاریکراون و پێوەری بردنەسەر، دامەزراندن و جێبەجێکردنی تاکەکان لەم پلە و پێگانەدا و خزمەتگوزاری، بەپێی شیاویی تاکەکانە. تاکەکان بەپێی ڕێژەی توانا و شیاوییان دەتوانن لەم پلە و پێگانەدا دابنرێن و ببرێنەوە سەرترەوە. 

"ئۆتۆریتە و ڕەوایی"

پێوەری حەوتەم، چەمکی ئۆتۆریتە و ڕەواییە کە بە واتای هێزی ڕەوا و پەسەندکراو دێت و هێز بە تێکەڵاو لەگەڵ ڕەوایی دەزانێت؛ بەڵام کۆمەڵێک بۆ دەوڵەتەکان چەند شێوە لەبەرچاو دەگرن، شیوەیەک هێزی ڕووتە، شێوەیەکی تر خزمەتگوزاریی گشتییە، شێوەیەکی تر ڕەوایی و پەسەندکراوییە کەواتە خەڵک دەسەڵاتدارێتیی ئەوان قەبووڵ دەکات. کاتێک دەوڵەت ڕەوایی خۆی لەلای نەتەوەکەی لەدەست دەدات، تێدەکۆشێت لە دوو ڕێگاوە ئەم بابەتە قەرەبوو بکاتەوە؛ "یەکێک ئەوەی کە هەوڵ دەدات خۆی بە دەوڵەتێکی خزمەتگوزار پیشان بدات و بە شێوەی ڕواڵەتی دەیەوێت ڕەوایی و ئۆتۆریتەی خۆی بەدەست بێنێتەوە و ئەگەر نەتوانێت بەم شێوەیە قەیرانی ڕەوایی خۆی قەرەبوو بکاتەوە بەرەو سەرکوتکردن ئاڕاستە دەکرێت و ڕووخساری ناحەز و ڕووتی هێزی ناڕەوا دەخاتە بەرچاو. هەر بۆیە ئەو دەوڵەتانەی کە ڕەوایی خۆیان لەدەست دەدەن تا ئاستێکی زۆر بەرەو سەرکوتکردن دەڕۆن".

"شارۆمەندی"

پێوەری هەشتەم؛ چەمکێکی تر کە لە پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتی مۆدێڕندا دێتە ئاراوە، چەمکی شارۆمەندییە. چەمکی شارۆمەندی لە پانتایی مافی مۆدێڕندا واتا پەیدا دەکات. تێپەڕین لە چەمکەکانی "ڕەعیەت و پێڕەو" بەرەو چەمکی "شارۆمەند"، پێویستیی پێکهاتنی دەوڵەتی مۆدێڕنە. لە چەمکی ڕەعیەتدا، تەنیا لەگەڵ فەرمان و ئەرک بەرەوڕووین و خەڵک کەسانێکن کە لەهەمبەر حکوومەت، ئەرکگەلێکیان لەسەر شانە، تەنانەت کاتێک چەمکی "هاووڵاتی" لە دەوڵەتە نەتەوەییەکاندا دێتە ئاراوە، ئەگەرچی مافگەلێک بە تاکەکان دراوە، بەڵام ئەرک و فەرمان بابەتی باڵادەستە. لە  ڕاستیدا لەم ڕووەوە کە خەڵک لە دەسەڵاتی ناوەندی پێڕەوی دەکەن خاوەن مافن، بەڵام لە چەمکی "شارۆمەندی"، ماف لە پێش هەموو شتێکدایە و لەو ڕووەوە کە حکوومەتەکان مافی تاکەکان دابین دەکەن، دەتوانن ئەرکگەلێکیشیان پێ بسپێرن؛ لێرەدا دەستپێکی هەر جۆرە ئەرکێک، گەرەنتیکردنی مافەکانە.

"باجی دەوڵەت"

پێوەری نۆیەم؛ دوایین چەمک و تایبەتمەندیی دەوڵەتی مۆدێڕن کە "پیرسۆن" لەسەری جەخت دەکاتەوە، چەمکی باجی دەوڵەتە. پشکی باجی دەوڵەت لە کۆی داهاتی نەتەوەییە کە پیشان دەدات دەوڵەت تا چ ئاستێک گرێدراوی نەتەوەیە. دەوڵەتگەلێک کە داهاتیان لە سەرچاوە سرووشتییەکان دابین دەکرێت، پێویستیان بە نەتەوە نییە و، وه‌ڵامدەریشیان نییە؛ تەنیا دەوڵەتانێک کە داهاتی خۆیان لە خەڵک وەردەگرن، لەهەمبەر نەتەوەشدا وه‌ڵامدەرن.


ئه‌م بابه‌ته 589 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر